لەکاتێکدا نیگەرانییەکان لەبارەی بەهێزبوونەوەی تیرۆر لە “ئەفغانستان” پرسی سەرەکین، بەڵام پێویستە لەیادمان بێت کە هەزاران چەکداری دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێراق و شام (داعش) شەڕێکی تیرۆریی ئاست نزم دەکەن لە ئێراق و سووریا. دامرکاندنەوەی ئەم هەڕەشەیە کارێکی گرنگە، ئەنجامدانیشی لە ماوەی درێژخایەندا پێویستی بە گۆڕانکارییەکی نوێ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەیە؛ دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی. بە لەبەرچاوگرتنی هەوڵەکانی ڕابردوو، دروستکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی ئەگەرێکی نزیك نییە و هەریەك لە (ئێراق، ئێران، تورکیا، سووریا و ڕووسیا) دژایەتیی هەوڵێکی لەم چەشنە دەکەن. بەڵام بەرهەڵستیی ئەمری واقیع ناکرێت و جگە لەوەش، هیچ چارەسەرێکی دیکە هاوشێوەی چارەسەری دەوڵەتی کوردی کاریگەر و درێژخایەن نابێت لە دامرکاندنەوەی هەڕەشەی تیرۆریستی لە ناوچەکە.
لەئێستادا داعش لە باکووری ئێراق و ڕۆژهەڵاتی سووریادا گەمارۆ دراوە. بەردەوام لە ئێراق و سووریا هێرش ئەنجام دەدات و نیازی هەیە هانی هێرش و ئەنجامدانی لە ڕۆژئاوادا بدات. داعش لە ناوچە جێناکۆکەکانی “ئێراق” ناوچەیەکی بەرفراوان کە هەریەك لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی لە بەغداد بانگەشەی خاوەندارێتیی دەکەن، چالاکیی هەیە کە بۆشایی ئەمنییان تێدا هەیە. دروستکردنی کوردستانی سەربەخۆ ئەم کێشەیە چارەسەر دەکات، سنووری ڕەسمی دیاری دەکات و بواری جێگیرکردنی هێزە ئەمنییەکان دەدات لەو ناوچانەی کە لە پێشوودا ئیدارە نەدراون. لە سووریا، داعش تاڕادەیەکی زۆر لە ناوچەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە شکستی پێهێنراوە. هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئەمریکا، کە بەشی زۆری لە کوردەکان پێکدێت، هۆکاری سەرەکیی ئەوەن کە داعش بەشێوەی یاخیبوون و شاراوە چالاکی هەیە نەوەك کیانێکی دەسەڵات و ناوچەیەکی بەرفراوان.
ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەرێکی سیاسی لە سووریا بەردەوام شکست دەهێنن و هیچ جێگرەوەیەکی لەبار و درێژخایەنی بەشار ئەسەد بوونی نییە، کە پۆستی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی بەدەستەوەیە و بە تاوانەکانی جەنگ تۆمەتبار دەکرێت. ئەگەریش هەیە بە پشتیوانیی (ڕووسیا و ئێران)، ئەسەد دەست بەسەر ئەو ناوچانەدا بگرێتەوە کە لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە کۆنتڕۆڵ کراون، ئەوەش لە بەرژەوەندیی داعشدایە. بۆیە؛ لکاندنی ئەو بەشەی ڕۆژهەڵاتی سووریا کە لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتدایە وەك بەشێك لە دەوڵەتە نوێیە کوردییەکە دەبێتە مایەی پاراستنی سەقامگیریی ئەو ناوچەیە و بەردەوامبوونی فشارخستنەسەر داعش. ئەمەش ئەرکێکی سادە و ئاسان نییە؛ چونکە ئێران و تورکیا لەمێژە بەهۆی کاریگەریی سەر دانیشتووانە کەمینە کوردەکانیانەوە، دژایەتیی دروستکردنی دەوڵەتێکی کوردی دەکەن. بەڵام لەهەمان کاتدا پێچەوانەکەشی دەکرێت بەهەمان ڕادە دروست بێت؛ بۆی هەیە بوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی ئاستی داخوازییەکانی کوردەکانی ئێران و تورکیا لە ئۆتۆنۆمی یان تەنانەت سەربەخۆیی گەورەتر و زیاتر کەم بکاتەوە.
بەغدادیش لەلایەن خۆیەوە، بەهۆی چەند هۆکارێکەوە دژایەتیی سەربەخۆیی کوردستان دەکات. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کوردستانێکی دەبێتە هاندەرێك بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشە و ناکۆکیی خاك و سەرچاوەکان کە دەستووری ئێراق بێتوانا بووە لە ئاست چارەسەرکردنیاندا. جگە لەوەش، لادانی کوردەکان لە وێنە گشتییە سیاسییەکەی ئێراق، لەوانەیە ئیدارەدانی سیاسەتی ئێراق ئاسانتر بکات، بەڵام ئەوە ئەگەرێکی حەتمی نییە بەڵکوو شتێکی ڕێژەییە و تاڕادەیەکە. دیمەشقیش لەلایەن خۆیەوە ڕازی نابێت دەست لە بەشێکی خاکی سووریا هەڵبگرێت، بەتایبەتی ئەو بەشەی کە ڕێژەیەکی زۆر لە سەرچاوە نەوتییە بچووکەکانی وڵاتەکەی تێدا هەڵکەوتووە. بەڵام بەشار ئەسەد دەیەوێت لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە. هەروەها بەهەمان ئەو ڕادەیەی بەلای هاووڵاتییانی سووریا و پارێزەرانی مافی مرۆڤەوە مایەی نیگەرانییە، ئەو ئەرکەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەجێ دەگەیەنێت کە داوای دەستاودەستی سیاسی دەکات لە بەرانبەر سەقامگیریی و ئیدارەدانی پێشکەوتوو لەو ناوچانەی کوردەکان کە داعش چالاکییان تێدا ئەنجام دەدات. جگە لە خودی کوردەکان، هەمووان لە ناوچەکەدا دژایەتیی هەوڵی دروستکردنی کیانێکی کوردی دەکەن، جووڵانەوە سەربەخۆییەکانی کوردیش لە ڕابردوودا بەهۆی ئەو هەموو دژایەتییە زۆرەوە نەیانتوانیوە ئامانجەکە بەدی بهێنن. بەڵام داعش بەجۆرێك هاوکێشەکەی گۆڕی کە دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی چیتر تەنیا بە گفتوگۆیەکی مۆراڵی لە قەڵەم نادرێت، بەڵکوو پێویستی و گرنگییەکی ئاسایشی نێودەوڵەتییە.
سەرجەم فشارەکانی سەر دۆخی هەنووکەیی گۆڕانکارییەکانی تەکنیکی دەخەنە مەترسییەوە کە لەوانەیە ناسەقامگیری زیاد بکات و بواری بەهێزبوونەوەی داعش بدات. ئێراق حکومەتێکی نوێ پێکدەهێنێت کە بۆی هەیە ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکان. ئەگەریش کوردەکانی ئێراق دووبارە هەڵمەتێکی سەربەخۆیی دەست پێ بکەن. هەروەها لەوانەیە ئەسەدیش بە پشتیوانیی ئێران و ڕووسیا هێرشێك بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجام بدات. تا زیاتر هیچ چارەسەرێکی ڕێکخراو و دانوستان لەسەرکراو بۆ بزووتنی هەرێمی کوردستان نەبێت، ئەگەری گرژییەك زیاتر دەبێت کە داعش دەیقۆزێتەوە. ئەم پڕۆسەیە پێویستی بە پێکهێنانی لیژنەیەکە بە سەرپەرشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئەوەی دانوستانی هەمەلایەن بە ئەنجام بگەیەنێت. هاوکات پێویستی بە سازش و سازانی زۆر هەیە لەسەر سەرچاوە سروشتییەکان.
دووبارە شایەنی باسە، سەربەخۆیی کوردستان سەرکێشییەکە کە دەرئەنجامەکەی دیار و ڕوون نییە، بەڵام بژاردەی جێگرەوە چییە؟ شێوازی هەنووکەی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە ئێراق و سووریا پینەی کۆمەڵێك ڕێککەوتن و شەراکەتە کە بەردەوام لەسەر لێواری شلبوونەوە و داڕمانن. ئێستەیش کاتی ستراتیژییەتێکی نوێیە کە هەرێمی کوردستان دابڕێژێتەوە و سەقامگیرتر بکات و زامنی ئەوە بکات کە ئەو هێزە کوردییانەی پێشەنگی جەنگی دژی داعش بوون، دەتوانن ڕێگر بن لە بەهێزبوونەوەی داعش.
وەرگێڕان: محەمەد ڕەحمان فەیزوڵڵا