“له كۆرۆناشدا كورد ئازار ده‌ده‌ن”
شه‌وی ده‌ی نیسان، دوای ئه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی تورکیا قه‌ده‌غه‌ی ته‌واوه‌تی هاتوچۆی بۆ ماوه‌ی (48) كاتژمێر له (31) پارێزگادا راگه‌یاند، دانیشتوانی شاره سه‌ره‌كییه‌كانی وڵات پڕیان دایه بازاڕ‌و نانه‌واخانه‌كان بۆ ئه‌مباركردنی پێداویستیه‌كانیان. به‌ڵام له شاری دیاربه‌كری باشوری رۆژهه‌ڵات كه زێدی له‌دایكبوونمه، ژماره‌یه‌كی كه‌می خه‌ڵكی په‌له‌یان له كڕینی كه‌لوپه‌له پێداویستیه‌كانی ساتی كۆتایی ده‌كرد. ئه‌مه‌ش به‌زۆری بۆ ئه‌و راستیه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه كورده‌كان له توركیادا له‌سه‌ر قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ راهاتوون، تاڕاده‌یه‌كیش له‌سه‌ر ژیان له‌و دۆخه‌دا راهاتووین. ئێمه‌ی كوردان ئه‌و شه‌وه‌مان له ماڵه‌كانماندا به‌سه‌ربردو ته‌ماشای ته‌له‌فزیۆنمان ده‌كرد، له‌كاتێكدا خه‌ڵكی له رۆژئاوای وڵات‌دا په‌لاماری بازاڕه‌كانیان ده‌دا.
سه‌رله‌به‌یانی رۆژی دواتر، كه‌ناڵه‌كانی ته‌له‌فزیۆن‌و رۆژنامه‌كانی توركیا له راپۆرته‌كانیاندا باسیان له زیانه‌كانی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له شاره‌كاندا ده‌كرد، تیشكیان ده‌خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه له‌دوای كوده‌تای سه‌ربازی (12/ئه‌یلول/1980)ه‌وه قه‌ده‌غه‌ی فراوانی له‌م جۆره جێبه‌جێ نه‌كراوه.
ئه‌وه روونه كه ته‌نها ده‌وڵه‌تی توركیا نا، به‌ڵكو میدیاكانی توركیاش ئێمه‌ی كورد وه‌كو هاوڵاتی‌و به‌شێك له‌م خاكه دانانێن. شاره‌كه‌م دیاربه‌كر، به‌تایبه‌تی ناوچه‌ی مێژوویی (سور) له (2/12/2015)ه‌وه قه‌ده‌غه‌یه‌كی به‌رده‌وامی به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه. ئه‌و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆیه كه بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ‌و نیو له شه‌ش گه‌ڕه‌كی گه‌وره‌ی ناوچه‌ی سوردا به‌رده‌وام بوو، له‌كاتێكدا هه‌وارگه‌ی نزیكه‌ی (35) هه‌زار كه‌س بوو، ئه‌مه‌ش درێژترین ماوه‌ی قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆیه له جیهاندا.
له‌ئێستادا هیچ كه‌سێك له‌و شه‌ش گه‌ڕه‌كه‌دا ناژێت، چونكه به‌هۆی پێكدادانه‌كانی نێوان هێزه ئه‌منییه‌كانی توركیا‌و چه‌كدارانی پارتی كرێكارانی كوردستانه‌وه له‌نێوان ساڵانی (2015 – 2016)دا خاپور بوون، به‌ڵام قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ هه‌ر به‌رده‌وامه.
هه‌موو شوێنه مێژوییه‌كانی ناوچه‌ی سور خاپوركران. چوارده‌وری ناوچه‌كه به دیواری به‌رز گیراوه. ئه‌و باڵه‌خانه نوێیانه‌ی كه حكومه‌ت له‌وێ دروستیان ده‌كات پێچه‌وانه‌ی كه‌لتوری كوردییه. دانیشتوانی ئه‌و شه‌ش گه‌ڕه‌كه دوای ئه‌وه‌ی به‌زۆر لێیان داگیركرا، بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ‌و نیو نه‌یانتوانی به شه‌قامه‌كاندا گوزه‌ر بكه‌ن‌و بچنه خانووه كۆنه‌كانیانه‌وه.
به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كانی ده‌زگای مافی مرۆڤی توركیا له ساڵی (2018)دا، له‌نێوان (16/ئاب/2015) تا (1/مارس/2018) له (11) پارێزگا‌و (49) شارۆچكه‌دا (299) بڕیاری قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ جێبه‌جێكراوه. به‌جۆرێك له: دیاربه‌كر (169) بڕیار، له ماردین (48)، له هه‌كاری (23)، له باتمان شه‌ش، دوو له ئیلازیگ، چوار له سیرت، ته‌واوی ئه‌و پارێزگایانه‌ش زۆرینه‌ی دانیشتوانی كوردن.
له‌كاتێكدا ئه‌م وتاره ده‌نووسم فڕۆكه‌ی (ئێف 16) به‌رده‌وامن له سوڕانه‌وه به ئاسمانی ناوچه‌كه‌دا. شه‌ڕ به‌رده‌وامه، فڕۆكه جه‌نگییه‌كان ئامانجه‌كانیان له چیاكان بۆردومان ده‌كه‌ن‌و ده‌گه‌ڕێنه‌وه. ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه‌كانی ڤایرۆسی كوشنده‌ی كۆرۆناش شه‌ڕی ده‌وڵه‌تی توركیای له دژی كوردان رانه‌گرتوه.
گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌م ده‌وڵه‌ته هه‌رگیز ئێمه‌ی نه‌گرتۆته‌وه. ده‌كرێ به ئاسانی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئاسایشه‌وه له‌سه‌ر سنور یان به فیشه‌كی فڕۆكه‌یه‌كی بێ فڕۆكه‌وان بكوژرێین. ته‌واو وه‌كو فیدات ئیكیسن، ئه‌و لاوه ته‌مه‌ن چوارده ساڵه‌ی له‌لایه‌ن پاسه‌وانی سنوره‌وه له مانگی ئابی رابردوو له شارۆچكه‌ی دێریسیك له پارێزگای هه‌كاری له‌سه‌ر سنوری عێراق كوژرا. یان وه‌كو ئه‌و چوار كورده گوندنشینه‌ی كه سێ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، له‌كاتێكدا له ده‌شتاییه‌كدا سه‌رقاڵی ئاگر كردنه‌وه بوون، به فڕۆكه‌یه‌كی بێ فڕۆكه‌وان له گوندی ئاوگۆلی هه‌مان پارێزگا كوژران.
له‌كاتی ئه‌و رووداوه‌دا، سه‌ره‌تا وه‌زیری ناوخۆ وتی ئه‌سته‌مه جیاكاری له‌نێوان هاوڵاتیان‌و تیرۆریستان‌دا بكرێت، له‌كۆتاییدا وتی ئه‌و چوار گوندنشینه تیرۆریست بوون. له‌باره‌ی فیداتیشه‌وه به “هه‌ڵاتوو” پۆلێن كرا، میدیاكانی توركیاش هه‌رگیز نه‌یانپرسی چ هۆكارێك ئه‌و گه‌نجه‌ی ناچاركردوه بگلێیته ئه‌و چالاكییه‌وه، ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی هه‌ڵاتوو بووبێت.
به‌لای هه‌ندێك كه‌سه‌وه فیدات له‌سه‌ر سنور كوژرا، به‌ڵام به‌لای كورده‌كانه‌وه له ماڵی هاوسێكه‌یدا كوژرا. فیدات هه‌ڵاتبوو، چونكه شارۆچكه‌كه‌ی به‌هۆی جه‌نگ‌و دروستكردنی وێستگه‌یه‌كی وزه‌ی گه‌رمی‌و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆوه خاپور كرابوو. فیدات هیچ داهاتێكی دیكه‌ی نه‌بوو، بۆیه رۆیشتبوو بۆ ماڵی هاوسێكه‌ی تاوه‌كو دوو كیلۆگرام چای و چه‌ند پاكه‌تێك جگه‌ره‌یان لێ بخوازێت.
میدیاكانی توركیا كه فیداتیان به هه‌ڵاتوو ناوبرد، هه‌رگیز ئه‌م پرسیارانه‌یان نه‌خسته‌ڕوو:
بۆچی گه‌نجێكی چوارده ساڵ ناچاربووه له‌ڕێگه‌ی سنوره‌وه په‌نا بباته به‌ر هه‌ڵاتن؟ ئایا فیدات هه‌موو ئه‌و هه‌لانه‌ی له‌به‌رده‌میدا بووه ره‌تكردۆته‌وه، تاوه‌كو ئه‌م كاره بكات‌و له‌بریدا ژیانی خۆی له‌سه‌ر دابنێ؟ یاخود ته‌نها ده‌رفه‌ت بووه له‌به‌رده‌میدا؟
ئایا فیدات كاتێك ئه‌و كاره ترسناكه‌ی كردووه، زۆر به‌ساده‌یی بۆ ئه‌وه‌ی بووه هه‌ندێك پاره كۆبكاته‌وه تاوه‌كو له كۆتاییدا بتوانێت بچێته قوتابخانه، ته‌واو هه‌روه‌كو ئه‌و گه‌نجانه‌ی كه له بۆردومانه‌كه‌ی رۆبۆسكی-دا له‌نزیك سنوری توركیا-عێراق له ساڵی (2011)دا كوژران؟ ئایا كاتێك خه‌ڵكی ئه‌وێ ده‌ست به‌سه‌ر سه‌رچاوه‌ی داهاتیاندا گیرا، ده‌بێت چی بكه‌ن؟ بۆچی ده‌وڵه‌ت به‌خێوكردنی مه‌ڕوماڵات قه‌ده‌غه ده‌كات، كه ته‌نها بازرگانی دانیشتوانی ئه‌و ناوچه‌یه‌یه؟
دیاره له‌بری خستنه‌ڕووی ئه‌و پرسیارانه، به‌كارهێنانی ده‌سته‌واژه‌ی “هه‌ڵاتوو” زۆر ئاسانه. هه‌روه‌ك نه‌خستنه‌ڕووی ئه‌م پرسیارانه زیاتر یارمه‌تیده‌ره بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت دووچاری به‌ره‌نگاربوونه‌وه نه‌یه‌ت.
میدیاكانی توركیا‌و پارته ئۆپۆزسیۆنه‌كان‌و ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له چینه‌كانی كۆمه‌ڵگاش كه ره‌خنه له حكومه‌ت ده‌گرن، هه‌تا ئه‌مڕۆش چاوپۆشی له سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ت له هه‌مبه‌ر كوردان ده‌كه‌ن، بگره په‌سه‌ندیشی ده‌كه‌ن. ئه‌مڕۆ كه كابوسی كۆرۆنا ده‌ركه‌وتوه، كوردان ته‌واو فه‌رامۆشكراون.
ئێمه نازانین ئه‌و شارانه‌ی زۆرینه‌ی دانیشتوانی كوردن وه‌كو جزیرە، شیرناخ، باتمان، سیرت له‌م رۆژه دژورانه‌دا چی ده‌كه‌ن. ژماره‌ی پزیشكه‌كانیان نازانین، ئایا ده‌توانن كه‌لوپه‌لی تێستكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنایان ده‌ست بكه‌وێت یان نا، یاخود ناوه‌نده پزیشكیه‌كانیان توانای له‌خۆگرتنی ژماره‌ی پێویستی خێزانه‌كانیان هه‌یه؟
فشارێكی زۆری حكومه‌ت له‌سه‌ر ناوچه‌كه هه‌یه، به‌ڕاده‌یه‌ك ئه‌و پزیشكانه‌ی له سیزه‌رو شیرناخ په‌یوه‌ندیمان پێوه‌كردون، خۆیان له‌هه‌ر لێدوانێك به‌دوور ده‌گرن، من لێیان تێده‌گه‌م. چونكه كاتێك نه‌خۆشخانه‌كان جێده‌هێڵن، چه‌ك‌و تانك رووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه، به رێكه‌وت له هه‌ر گه‌ڕه‌كێكدا ژماره‌یه‌كی كه‌م تانكی سه‌ربازی هه‌ن.
كه‌س ناپرسێت بۆچی كوردان سه‌رباری هه‌ڕه‌شه‌كانی په‌تاكه، له شه‌قامه‌كان ده‌مێننه‌وه؟ ئه‌و دۆخه چییه كه ناچاری كردون وابكه‌ن؟ بۆچی رێكاری پێویستی خۆپارێزی له ڤایرۆسه كوشنده‌كه له ناوچه كوردییه‌كاندا ناگیرێته‌به‌ر؟ ئه‌و كوردانه‌ی وه‌كو من گومان ده‌خه‌نه سه‌ر رێكاره‌كان‌و له‌باره‌یه‌وه ده‌نووسن، ئه‌گه‌ر به‌خت یاوه‌رمان بێت له ده‌ستگیركردن رزگارمان ده‌بێت. ئه‌و كه‌سانه‌شی چانسێكی كه‌متریان هه‌یه، ئه‌وا یان له زیندانن یان له گۆڕه‌كاندا ئه‌سپه‌رده‌كراون.
ئێمه‌ی كوردان هیچ ئامرازێكمان نییه تاوه‌كو ده‌نگمان ببیسترێت، ته‌نانه‌ت له‌سه‌روه‌ختی ئه‌م په‌تا كوشنده‌یه‌شدا كه له‌ئێستادا تووشی جیهان بووه. به‌م شێوه‌یه، جیهان هاوشێوه‌ی توركیا له گوێگرتن له ئێمه شكستی هێناوه. جیهان ئێمه‌ی له‌یاد كردوه، چونكه ئه‌وانه‌ی ده‌نگیان سه‌ركوت ده‌كرێت فه‌رامۆش ده‌كرێن.
ڤایرۆسی كۆرۆنا جارێكی دیكه سه‌لماندی ئێمه وه‌كو مرۆڤ، هه‌موومان له هه‌مان كه‌شتیدا نین.
ژێدەر/ ahvalnews.com