“پێشەکی”
مێژووی ژیانی مرۆڤایەتی دەرخەری ئەوەیە کە هەوڵدان بۆ خۆپاراستن و دابینکردنی ئاسایش یەکێک بووە لە کردە و ڕەفتارە سەرەکییەکانی مرۆڤ. گرووپەکانیش بە هەمان شێوەن. لە سەردەمی دەوڵەت-شارەکانی یۆنانەوە بگرە تا ئیمپراتورییەکان و تا سەردەمی دەوڵەت-نەتەوەکانی ئێستا، هەموویان هەوڵی دابینکردنی ئاسایشی خۆیان و ئەو تاکانەیان داوە کە لەناو سنوورەکانیاندا ژیاون. بە تایبەت دوای سەرهەڵدانی دەوڵەت-نەتەوە وپەرەسەندنی ئەرکەکانی، دابینکردنی ئاسایشی نیشتمانی وەک یەکێک لە سەرەکیترین و گرنگترین ئەرکەکانی دەوڵەت دەستنیشان کرا. لەو ئاراستەیەدا زۆربەی شارەزایان لەو بڕوایەدان کە هۆکاری سەرهەڵدانی دەوڵەتەکان دابینکردنی ئاسایشی ناوخۆیی و دەرەکییە. بە کردەوەش، لە جیهانی ئێستادا، ئاسایشی نیشتمانی یەکێک لە گرنگترین بابەتەکانە کە دەوڵەتەکانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە و بێگومان دابینردنی ئاسایش، بە ئامانجی سەرەکی دەوڵەت بەهەژمار دێت. دەکرێت بە شێوەیەکی گشتی، ئاسایش وەکو نەبوونی هەڕەشە لەسەر گیان و ماڵ پێناسە بکرێت. بەڵام لە ڕووی زانستییەوە پێناسەی ئاسایش و بە تایبەت ئاسایشی نیشتمانی لە قۆناغە جیاوازەکاندا گۆڕانکاری قووڵ و بەرچاوی بەسەردا هاتووە. بۆیە؛ ئێستا چەندین پێناسەی جۆراوجۆر لە ئاسایشی نیشتمانی خراونەتە ڕوو. ئەوەی کە ئێمە چۆن دەڕوانینە جیهان و تێڕوانینمان چۆنە و لەژێر کاریگەری کامە دیسکۆرس و تیۆریداین، کاریگەرە لەسەر جۆری پێناسەمان لە ئاسایش. بۆیە ناکرێت پێناسەیەکی پڕوپەرداخت لە ئاسایش بێتە ئاراوە. هەر بۆیە؛ بۆ تێگەیشتن لە مانای ئاسایشی نیشتمانیش پێویستە بگەڕێینەوە بۆ تیۆرە جیاوازەکانی سیاسەت و پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان.
ساڵانێکی زۆر “تیۆری ڕیالیزم” لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا زاڵ بوو و ڕەنگە ئێستاش هەر وا بێت. ئەو تیۆرە ئاسایشی نیشتمانی بە ئاسایشی دەوڵەت پێناسە دەکات و خاوەندارێتی هێز و بەتایبەت هێزی سەربازی بە مەرجی سەرەکی دابینکردنی ئاسایش دەوڵەت [ئاسایشی نیشتمانی] دادەنێت. ئەو خوێندنەوەیە تا ئێستاش بەسەر لێکۆڵینەوەکانی سیاسەتی نێونەتەوەییدا باڵی کێشاوە. بەڵام هاوکات “تیۆری لیبرالیزم” وەکو سەرەکیترین تەحەدا و بەدیلی “ڕیالیزم” بەردەوام لە ئارادا بووە و تەنانەت هەندێ لە دەوڵەتان و سیاسەتوانانیش، بەپێی ئامۆژگارییەکانی ئەو ڕوانگەیە هەڵسوکەوتیان کردووە. لێرەدا هەوڵدەدەم باس لەوە بکەم “لیبرالیزم” بە گشتی وەکو تیۆری بهدیلی “ڕیالیزم” ناو دەبرێت، چۆن پێناسەی ئاسایشی نیشتمانی دەکات و گریمانە سەرەکییەکانی ئەو تیۆرە، سەبارەت بەو پرسە کامانەن. بۆ ئەو مەبەستە، سەرەتا بە کورتی باس لە “تیۆری لیبرالیزم” و گریمانە سەرەکییەکانی لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا دەکەم.
“لیبرالیزم لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا”
لیبرالیزم لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا وەکو باقی تیۆرەکانی زانستە مرۆییەکان، پێکهاتووە لە کۆمەڵێک بیروبۆچوونی جیاجیا. هەڵبەت لیبرالیزم وەکو ئایدۆلۆژیا، زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ شۆڕشی زانستیی سەدەکانی حەڤدە و هەژدە و سەردەمی ڕۆشنگەریی لە ئەورووپا و هەروەها شۆڕشەکانی فەرەنسا و ئەمریکا کە پەرەیان بە باسەکان سەبارەت بە مافە سرووشتییەکاندا. لە پاڵ ئەوانەدا؛ شۆڕشی پیشەسازیی پەرەی بە ئاوەزمەندیی یا ئەقڵانییەت وەکو توخمێکی گرنگی لیبرالیزم-دا. بە گشتی؛ ئایدۆلۆژیای لیبرالیزم تا ناوەڕاستەکانی سەدەی نۆزدەهەم، وەکو ئایدۆلۆژیای مرۆڤی بۆرژوا یان ئایدۆلۆژیای چینی ناوەڕاست جێگای خۆی گرت و جەخت لەسەر هەندێ بنەما و لەوانە، ئازادی دەربڕینی بیروڕا، ئازادی ئایین، ئازادی بازرگانی و بەشداری لە ژیانی سیاسیدا دەکاتەوە. بەڵام پێویستە ئاماژە بەو خاڵە بکەم “تیۆری لیبرالیزم” لە پەیوەندییە نێونەتەوەیییەکان کە من لێرەدا دەمەوێت باسی لێ بکەم، دەقاودەق وەکو ئەو لیبرالیزمە نییە، گەرچی ڕەچەڵەکی زۆرینەی گریمانەکانیشی هەر دەگەڕێنەوە بۆ ئەو ئایدۆلۆژیایە.
بە گشتی؛ ڕیشە و ڕەچەڵەکی گریمانەکانی تیۆری لیبرالیزمی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان دەگەڕێتەوە بۆ گەشبینییەکانی سەردەمی ڕۆشنگەریی لە سەدەی هەژدە، لیبرالیزمی ئابووری سەدەی نۆزدە و ئایدیالیزمی ویلسۆنی سەدەی بیستەم. بەڵام لیبرالیزم وەکو ڕوانگەیەکی ئاکادێمیک و زانستییانە لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا [کە ڕەخنەگرانی، واتە ڕیالیستەکان، بە ئایدیالیزمی خەیاڵی ناویان دەبرد و ئێستاکەش زۆر جار بە ئایدیالیزم دەناسرێتەوە]، لە ساڵانی دوای شەڕی یەکەمی جیهانی سەریهەڵدا، ئەگەرچی چەند دەیەی خایاند تا وەکو تیۆرێکی یەکپارچە خۆی بنوێنێت. بە هەر حاڵ؛ لیبرالیزم سەرەتا دوای شەڕی یەکەمی جیهانی باڵی بەسەر سیاسەتی نێونەتەوەییدا کێشا و زیاتر گرنگی بە چۆنییەتی جێگیرکردن و پەرەپێدان بە ئاشتی و سڕینەوەی شەڕ دەکرد. بەتایبەت لایەنگرانی “لیبرالیزم” بڕوایان وابوو کە لە ڕێگەی دامەزراندنی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانەوە، دەکرێت کۆتایی بە شەڕ و نەهامەتی و کارەساتەکان بهێنرێت، ئەو ڕوانگەیە بە تایبەت لە سەردەمی پاش شەڕی یەکەمی جیهانی و دەرکەوتنی نەهامهتی و مەینەتییەکانی ئەو شەڕە زۆر باو بوو. هەر ئەو ڕوانگەیە وایکرد لیبرالەکان لایەن ڕیالیستەکانەوە بە ئایدیالیزمی خەیاڵی ناو ببرێن. هەر جۆرێک بێت لە ژێر گوشاری لیبرالەکاندا کۆمەڵەی گەلان بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە شەڕ و جێگیرکردنی هەتاهەتایی ئاشتی دامەزرا، بەڵام دوای شکستی ئەو کۆمەڵگە و دەستپێکردنی شەڕی دووەمی جیهانی لە کۆتاییەکانی دەیەی ١٩٠٣٠ و سەرەتای دەیەی ١٩٤٠، (لیبرالیزم/ ئایدیالیزم) تەنگی پێ هەڵچنراو و ڕیالیزم بەسەریدا زاڵ بوو.
بەڵام لیبرالیزم هەرگیز لە سیاسەتی نێونەتەوەییدا پشتگوێ نەخراو. تەنانەت لە سەردەمی شەڕی سارد و بەتایبەت دوای شەڕی سارد و هەڵوەشانەوەی سۆڤییەت، هەمدیسان پەرەی سەندەوە و پێشوازییەکی بەرچاوی لێکرا. بەڵام بە هۆی بەربڵاوی باسەکان و سەرهەڵدانی دیاردە جیاوازەکان لە ئاستی جیهانیدا، قوتابخانەی لیبرالیزمیش وەک زۆربەی قوتابخانەکانی تر، هێدی هێدی چەندین لق و پۆی لێکەوتەوە. بۆ نموونە، لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا لانیکەم باس لە چوار تیۆری لەژێر ناوی لیبرالیزمی کۆماریخواز (Republican liberalism)، لیبرالیزمی دامەزراوەگەرا (Institutional liberalism)، لیبرالیزمی کۆمەڵگەگەرا (Sociological liberalism) و لیبرالیزمی پێکەوەبەستراوەیی (interdependence liberalism)، دەکرێت.(١) دیارە هەر یەک لەو ڕوانگانە وەڵامی جیاواز دەدەنەوە بە پرسیارە سەرەکییەکانی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان و هۆکاری دابەشبوونیشیان هەر ئەوەیە. بۆ نموونە، لیبرالیستەکان لە وڵامدانەوە بەو پرسیارانە کۆدەنگ نین؛ بۆچی شەڕەکان ڕوو دەدەن؟ ڕۆڵی ئیمپریالیزم، هاوسەنگی هێز یا حکوومەتە نادێموکراتەکان لە سەرهەڵدانی شەڕدا چۆنە؟ ئایا ئامانجی سیاسەتی نێونەتەوەیی ئاشتییە یا بەرابەریی؟ ئەو ئامانجە چۆن دابین دەکرێت و دوڵتە لیبراڵەکان دەبێ چۆن لەگەڵ دەوڵەتە نادیموکراتەکاندا ڕەفتار بکەن.(٢) بەڵام سەرەڕای ئەو جیاوازییە، تیۆرە جیاوازەکانی لیبرالیزم لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا، هەموویان لە چەند گریمانەی سەرەکیدا، هاوبەشن کە دەکرێت بەو شێوەی خوارەوە، ئاماژەیان پێ بکەم:-
۱. مرۆڤ، بوونەوەرێکی پاکسرووشت و چاکەخوازە. ئەگەر مرۆڤەکان لە ئێستادا خۆخواز، دەسەڵاتخواز و شەڕخوازن، ئەوە بە جۆرێک لادانە لە سرووشتی ڕاستەقینەی خۆیان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگە تاوانبارن و دەکرێت مرۆڤ بە گۆڕینی ڕێکخراوەکان و لە ڕێگەی پەروەردەوە، بگۆڕدرێت.
۲. دەوڵەتەکان دەتوانن لە ئاراستەی بەرژەوەندی مرۆڤایەتی و جیهانیدا هەڵسوکەوت بکەن و تەنیا بەرژوەندییەکانی خۆیان ڕەچاو نەکەن.
۳. دەوڵەتەکان “تاقە” گەمەکەریی سیاسەتی جیهانی نین. ڕەنگە ڕاست بێت کە دەوڵەت “سەرەکیترین” گەمەکەری سیستەمی نێونەتەوەییە، بەڵام باقی گەمەکەرەکان، بۆ نموونە تاکەکان و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان، کاریگەریی بەرچاو لەسەر سیاسەتی نێونەتەوەیی دادەنێن.
٤. کەڵەکەکردنی هێزی سەربازی، بەو جۆرەی ڕیالیستەکان دەڵێن، تاقە ڕێگای دابینکردنی ئاسایش نییە. دەوڵەتەکان ڕێگای گونجاوتریان بۆ دابینکردنی ئاسایش هەیە. هەموو فاکتەرەکانی هێز گرنگن و هێزی ئابووری بەرجەستەترین ڕۆڵ دەگێڕێت.
۵. بە پێچەوانەی ڕوانگەی ڕیالیستەکان، پێکهاتەی ئانارشی (Anarchic Structure)سیستەمی نێونەتەوەیی خۆی لە خۆیدا نابێتە هۆی شەڕ و ململانێی هەتاهەتایی نێوان دەوڵەتەکان، بەڵکو دەوڵەتەکان بۆ خۆپارێزی لە لێکەوتە نەرێنییەکانی ئانارشی [فەوزا] هەوڵدەدەن پێکەوە هاوکاریی بکەن.
٦. ڕەفتاری دەوڵەتەکان بە ڕادەیەکی زۆر [لانیکەم بە هۆی بەرژەوەندی خۆیان] لەژێر کاریگەریی یاسا و دامەزراوە و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکاندایە. تەنانەت ڕێکخراوەکان دەتوانن کۆتایی بە شەڕ بهێنن.(٣)
٧. دەوڵەتەکان گرنگی بە دەستکەوتی ڕەها دەدەن نەک دەستکەوتی ڕێژەیی، بۆیە، دەرفەت و ئەگەری هاوکاریکردن لە نێوان دەوڵەتەکاندا فراوانە.
٨. لەکاتێکدا کە ڕیالیستەکان سەبارەت بە پێشکەوتنی سیاسی ڕەشبینن، لە ڕوانگەی لیبرالیستەکانەوە ئەگەری پێشکەوتن لە بارودۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی مرۆڤایەتی و لە کۆمەڵگەکاندا هەیە.(٤)
٩. بەپێچەوانەی ڕیالیستەکان کە گرنگییەکی زۆر بە بەرژوەندییەکان دەدەن و دەڵێن سیاسەت واتە هێز و بەرژەوەندیی، لیبرالەکان پێیان وایە بابەتە ئەخلاقیەکان، ماڤەکانی مرۆڤ و نۆرمەکان [Norms] لە سیاسەتی جیهانیدا کاریگەریی بەرچاو دادەنێن.
ئەوانە، بنەما سەرەکییەکانی ڕوانگەی لیبرالزمن لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا و بەپێی ئەو بنەمایانە تێڕوانینێکی جیاوازیشیان بۆ پرسی ئاسایش هەیە. بۆیە پێویستە ئێمەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گریمانانە هەوڵ بدەین لە ناوەڕۆکی ڕوانگەیان سەبارەت بە پرسی ئاسایشی نیشتمانی تێبگەین.
“لیبرالیزم؛ پێکەوەبەستراوەیی ئاسایشی نیشتمانی و ئاسایشی نێونەتەوەیی”
لیبرالەکان ئاسایشی نیشتمانی بە ئاسایشی ئاسایشی نێونەتەوەییەوە گرێدەدەن، واتە بەبێ جێگیرکردنی ئاسایشی نێونەتەوەیی، ناشێت ئاسایشی نیشتمانی دابین بکرێت. لەو ڕوانگەوە، ئاسایش وڵاتان بەرهەمی ئاشتی نێونەتەوەییە. لیبرالەکان پێیان وایە شەڕ و تێکهەڵچوون لە شانۆی نێونەتەوەییدا، بەرجەستەترین دەرکەوتەی نەبوونی ئاسایشە، بۆ لەناوبردنی شەڕیش پێویستە هەوڵی داماڵینی وڵاتان لە چەک و کۆتاییهێنان بە پێشبڕکێ بۆ بەرهەمهێنان و کڕین و کەڵەکەکردنی چەکی جۆراوجۆر بدرێت و وڵاتان هان بدرێن پێکەوە هاوکاریی بکەن. هاوکاریی نێونەتەوەیی گونجاوترین ڕێگای جێگیرکردنی ئاشتییە. ئاشتی نێونەتەوەیش، سەرەکیترین مەرجی دابینکردنی ئاسایشی نیشتمانی هەموو وڵاتانە، ئەوەش ڕوو نادات مەگەر بە ڕازیبوونی هەموو لایەنەکان.(٥) دیارە سەبارەت بە مکانیزم و ڕێوشوێنی جێگیرکردنی ئاشتی لە ئاستی نێونەتەوەییدا، لیبرالەکان ڕوانگەی جیاوازیان هەیە. یەکێک لەو میکانیزمانەی کە زۆر باسی لێ دەکرێت، تایبەتە بە لیبرالیزمی کۆماریخواز کە دەڵێت؛ جێگیرکردنی دیموکراسی لەناو وڵاتان، یارمەتیدەرە بۆ جێگیرکردنی ئاشتی لە ئاستی جیهاندا. هەڵبەت، ڕەچەڵەک و ڕیشەی ئەو تیۆرە دەگەڕێتەوە بۆ هزر و بیرۆکەکانی “ئیمانۆئێل کانت”.(٦) بەڵام خوێندنەوەیەکی نوێی ئەو بیرۆکەیە لەژێر ناوی تیۆری “ئاشتی دیموکراتییانە” ناوبانگی دەرکردووە و ناوەڕۆکی سەرەکی ئەو تیۆرە ئەوەیە کە وڵاتانی دیموکرات هەرگیز پێکەوە شەڕ ناکەن، بۆیە بۆ جێگیرکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ئاستی جیهاندا، پێویستە پەرە بە دەسەڵاتە دیموکراتەکان بدرێت.(٧) بەڵام، سەبارەت بەوەی کە بۆچی دیموکراسییەکان پێکەوە شەڕ ناکەن، لانیکەم ئاماژە بە سێ خاڵ دەکرێت:-
یەکەم؛ بەهۆی کلتووری ناوخۆیی ئەو وڵاتانە کە لەسەر بنەمای چارەسەرکردنی ئاشتیخوازانەی گرژیی و ناکۆکییەکان دامەزراوە.
دووەم؛ بە هۆی بەها ئەخلاقییە هاوبەشەکانیانی نێوان وڵاتانی دێموکرات.
سێیەم؛ بەهۆی بەرژوەندی و سوودێک کە لە هاوکاریی ئابووری وەری دەگرن و پێکەوەیان دەبەستێتەوە.(٨) بە گشتی لە ڕوانگەی لیبرالیزمی کۆماریخوازەوە، دەسەڵاتە سەرەڕۆکان دەبنە هۆی سەرهەڵدانی شەڕ و پێکدادانەکان، بەڵام دەوڵەتە دێموکراتەکان مەیلی زیاتریان هەیە بۆ ئەوەی مافی هاووڵاتیانی خۆیان بپارێزن، بۆیە نایانەوێت، لەگەڵ باقی وڵاتانی دیموکرات شەڕ بکەن.
کەوا بێت، یەکێک لە سەرەکیترین ڕێگاکانی جێگیرکردنی ئاشتی لە سیستەمی نێونەتەوەییدا، بریتییە لە پەرەپێدان بە دیموکراسی و زیادبوونی ژمارەی وڵاتانی دیموکرات. لیبرالیستەکان وەکو ڕەخنە لە ڕوانگەی هێز-تەوەری ڕیالیستەکان، دەڵێن ئاشتی و سەقامگیری لە ڕێگای پەرەپێدان بە حکومەتە دێموکراتەکان لە جیهاندا دەستەبەر دەبێت، نەک لە ڕێگای هاوسەنگی هێز و خۆپڕچەککردنەوە. بیرمەندانی لیبرالیزمی دامەزراوەگەرا، دەڵین؛ گونجاوترین چارەی جێگیرکردنی ئاشتی لە ئاستی نێونەتەوەییدا، ئەوەیە کە دەوڵەتەکان دەسەڵاتی خۆیان دابەش بکەن و بەشێک لە دەسەڵاتی خۆیان بە دامەزراوەکان بدەن. بۆ نموونە یەکێتی ئەورووپا یەکێکە لەو دامەزراوانە کە بەمەبەستی پەرەپێدان بە هاوکارییە فرەچەشن و فرەلایەنەکان سەریهەڵدا و ئێستاش ئاشتی ئەورووپا بەرهەمی ئەو هەوڵەیە. لەم ڕوانگەوە؛ بۆ جێگیرکردن و پاراستنی ئاشتی و بەدیهێنانی ئاسایش پێویستە ڕەفتاری دەوڵەتەکان سنووردار بکرێت و بە واتایەک لەغاو بکرێن، ئەوەش لە ڕێگەی دامەزراندنی دامەزرواوە و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان دەکرێت.
دامەزراوە و ڕێکخراوەکان لانیکەم بە دوو شێواز لە بەدیهێنانی ئاسایشدا ڕۆڵ دەگێڕن؛ یەکەم، پەیوەندیی و کارلێکەکانی نێوان تاکەکان، گرووپەکان، دامەزراوەکان و کۆمپانیا تەکنیکی و پیشەییە ناحکوومییەکان، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەیان زۆر دەبێت و ئەو جۆرە پەیوەندیانە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە شانۆی نێونەتەوەییدا پەرە دەستێنن. دووەم ڕێکخراوە و دامەزراوەکان لە دەرەوەی ئیرادە و بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتەکان، واتە بە شێوەی سەربەخۆ، لە شانۆی نێونەتەوەییدا ڕۆڵ دەگێڕن. ئەو ڕێکخراوانە لە ڕێگەی دانانی یاسا و ڕێسا و نورمە گشتییەکان، فەراهەمکردنی زانیارییە پێویستەکان بۆ دەسەڵاتدارانی وڵاتانی جیاواز، ڕەخساندنی زەمینەی گفتوگۆ لە نێوان گەمەکەرە جیاوازەکانی شانۆی نێونەتەوەیی، درووستکردنی پێکهاتەی هاوچەشنەکان، شەفافسازی پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتەکان و هەروەها لە ڕێگەی چارەسەرکردنی مەتەڵۆکی ئاسایش (Security dilemma) لە شانۆی نێونەتەوەییدا، ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە جێگیرکردنی ئاشتی و سەقامگیری نێونەتەوەییدا، ئەوەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاسایشی نیشتمانی هەموو دەوڵەتەکان.هەروەها لیبرالیزمی کۆمەڵگەگەرا و لیبرالیزمی پێکەوەبەسترایی، زیاتر جەخت دەکەنەوە لەسەر پەیوەندییە بان-نیشتمانییەکان. بۆ نموونە، پەیوەندییەکانی نێوان تاکەکان و گرووپەکان. لەم چوارچێوەیەدا پێکەوەبەستراوەیی ڕۆڵی سەرەکی لە جێگیرکردنی ئاشتی نیونەتەوەیی دەبینێت.(٩) بە تایبەت، پێکەوەبەستراوەیی ئابووری ڕێگایەکی هەرەباشە بۆ قووڵکردنەوەی هاوکارییەکان و جێگیرکردنیی ئاشتی. گەرچی ئەو ڕوانگەیە تەنیا بۆ پەیوەندی ئابووری کورت ناکرێتەوە. بە هەر حاڵ؛ بۆچوونێکی سەرەکی ئەوەیە هەم پەیوەندیی تاکەکانی کۆمەڵگە جیاوازەکان لە ڕێگەی بازڕگانی و گەشتوگوزار و هەم پەیوەندییە ئابوورییەکانی دەوڵەتەکان، ئاسانکاریی بۆ جێگیرکردنی ئاشتی دەکات. واتە، تۆڕێکی پێکهاتوو لە تاک و گرووپ و دەوڵەتەکان، جیهان بەرەو فرەچەشنگەرایی دەبات، ئەوەش وا دەکات جیهانێکی ئاشتیخوازانەتر بەدی بێت. لەو جیهانەدا، هەر دەوڵەتێک بیەوێت تاکلایەنانە بڕیار بدات و سیاسەت بکات، تێچوویەکی زۆر دەدات. دیارە تێچووی شەڕکردنیش ئێجگار زۆر دەبێت و هیچ وڵاتێک ئامادە نابێت تێچووی دەستپێکردنی شەڕێکی گەورە بدات. دەرئەنجام، کۆمەڵگەیەکی ئاشتیخوازانە بەدی دێت.
“لیبرالیزم و ئاسایشی نیشتمانی کورد”
بە گشتی، ناوەڕۆکی تیۆرە سەرەکییەکانی سیاسەتی نێونەتەوەیی بە جۆرێکە کە زیاتر گرنگی بە گەمەکەرە فەرمییەکان، واتە دەوڵەتەکان، دەدەن. بۆیە ئەو تیۆرانە و بە تایبەت ڕیالیزم و نوسخە نوێکانی لیبرالیزم، شتێکی ئەوتۆیان بۆ ڕوونکردنەوەی ڕەفتاری گەمەکەرە نادەوڵەتییەکان نییە. کەوا بێت، دەبێ بەپارێزەوە باس لەو تیۆرانە و ڕێنوێنییەکانیان بۆ ئەو گەمەکەرانە بکرێت. هەڵبەت بە پێچەوانەی ڕیالیستەکان، لیبرالەکان لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا لە ڕووی تیۆرەوە پێیان وایە جگە لە دەوڵەتەکان، باقی گەمەکەرەکانیش لەسەر سیاسەتی نێونەتەوەیی کاریگەریی دادەنێن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوانیش، بەتایبەت لە پرسی ئاسایش و پێشنیارەکان بۆ دابینکردنی ئاسایش، زیاتر فۆکوس دەکەنە سەر دەوڵەتەکان. واتە، ئەگەرچی لیبرالەکان دەوڵەت بە تاقە مەرجەعی ئاسایش دانانێن، بەڵام لە کۆتاییدا هەر دەوڵەتەکانن کە لە چوارچێوەی ڕێکخراوە و دامەزراوە نێونەتەوەییەکاندا، بڕیاری کۆتایی و یەکلاکەرەوە سەبارەت بە سیاسەتی نێونەتەوەیی و پرسە جیاوازەکان دەدەن. لەم ڕوانگەوە، نەتەوەی کورد کە بە گشتی خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆ نییە لە خوێندنەوەی لیبرالیشدا جێگە و پێگەیەکی ئەوتۆی نابێتەوە و گرنگی پێ نادرێت، چونکە دەرفەت و ئیرادەی بڕیاردانی لە ئاستی نێونەتەوەییدا نییە.
ڕەنگە هەرێمی کوردستان [به بەراورد لەگەڵ باقی پارچەکانی کوردستان] خاوەن دەسەڵاتێکی نیمچە سەربەخۆیە و لە ڕووی کاریگەریدانان لەسەر بڕیارەکانی “”ئەوانی تر” و کەوتنە ژێر کاریگەریی بڕیارەکانیشیان، بە کردەوە گەمەکەرێکی ناوچەیی بە هەژمار دێت، تا ڕادەیەک بتوانێت سوود لە هەندێ لە ڕێنوێنییەکانی “لیبرالیزم” وەربگرێت. واتە، ئەگەرچی هەرێمی کوردستان ڕەنگە لە خوێندنەوەی لیبرالیزمی دامەزراوەگەرا جێگایەکی نەبێتەوە، بەڵام هەوڵەکانی لە ئاراستەی جێگیرکردنی دێموکراسی لە ناوخۆدا، دەتوانێت یارمەتیدەرە بێت بۆ پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی خاوەن سیستەمی دیموکراسی کە لە ئێستادا لە ڕیزی وڵاتانی زلهێزی جیهاندان و لانیکەم بە درووشم یان وەکو بنەمایەکی سیاسەتی دەرەوەی خۆیان، گرنگی بە فاکتەری دێموکراسی دەدەن و جەخت لەسەر پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ گەمەکەرە دیموکراتەکان دەکەنەوە. واتە هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان لە ئاراستەی پەرەپێدان بە دیموکراسی، دەتوانن ڕێگایەک بن بۆ پەرەپێدان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتانەی جیهان کە گرنگی بە دیموکراسی وەکو پێشمەرجێکی دابینکردنی ئاسایشی نیشتمانی خۆیان دەدەن. ئەوەش لەسەر ئاسایشی خۆدی هەرێم کاریگەریی دەبێت.
هەڵبەت نکۆڵی لەوە ناکرێت کە لە کاتێکدا کە زۆرینەی وڵاتانی دەوروبەری هەرێم بۆ دابینکردنی ئاسایشی خۆیان ڕوانگەی هێز-تەوەری ڕیالیستەکانیان گرتووەتە بەر و ئاسایشی خۆیان لە خۆپڕچەککردن و تەنانەت لاوازکردنی لایەنەکانی تر دەبیننەوە، هەرێمی کوردستانیش ناچارە پێش هەموو شتێک گرنگی بە فاکتەرە مادییەکانی هێز و کەڵەکەکردنی هێزی بەرچاو (عەینی) بە مەبەستی دابینکردنی ئاسایشی خۆی بدات. بەڵام ئەزموونی زۆرێک لە وڵاتانیش دەریدەخات کە خۆبەهێزکردن لە ڕووی توانای سەربازیی-ماددیەوە، ڕێگر نییە لەوەی لە ئاستی ناوخۆدا پەرە بە دیموکراسی بدرێت و مافی هاووڵاتیان لە بەرزترین ئاستدا ڕهچاو بکرێت. ئەمە خۆی هەنگاوێکە بۆ بەدەستهێنانی متمانەی زیاتری هاووڵاتییان و پشتببەستن بە لەخۆبردوویی و یارمەتییدانیان بە دەسەڵات لە کاتە هەستیارەکاندا. هەر ئەوە خۆی [متمانەی دەسەڵات و هاووڵاتیان بە یەکتری] یەکێکە لە پێشمەرجەکانی دابینکردنی ئاسایشی نیشتمانی. بەهەر حاڵ لە جیهانی فرەچەشنی ئێستادا، گەرەنتیکردنی ئاسایشی نیشتمانی، ئەویش بۆ نەتەوەی کورد کە هێشتا خاوەن دەوڵەتێکی سەربەخۆ لەسەر گۆی زەوی نییە، بە پشتبەستن بە گریمانەکانی تاقە تیۆرێک دابین ناکرێت. بۆیە، پێویستە بە گەڕانەوە بۆ ڕوانگە جیاوازەکان، ستراتیژییەکی توکمە بەمەبەستی دابینکردنی ئاسایشی نیشتمانی دابڕێژرێت. ئەوەش بابەتێکی جیاوازە و لەم باسەدا ناگونجێت.
“ئەنجام”
لێرەدا، بۆ خوێندنەوەی ڕوانگەی لیبرالەکان سەبارەت بە پرسی ئاسایشی نیشتمانی، چەندین جار ئاماژەم بە ڕیالیزم کردووە، ئەوە تا ڕادەیەک ناچارەکییە، چونکە زۆرینەی گریمانەکانی لیبرالیزم تەحەدای ڕیالیزم دەکەن. سەبارەت بە پرسی ئاسایش بە تایبەت تێگەیشتن لەو خاڵە گرنگە کە بەپێچەوانەی ڕیالیستەکان کە ئاسایشی نیشتمانی بە ئاسایشی دەوڵەت دەزان و هێزی سەربازی بە گرنگترین کەرەسەی دابینکردنی ئاسایش دادەنێن، لیبرالەکان ئاسایشی نیشتمانی گرێ دەدەنەوە بە ئاسایشی نێونەتەوەییەوە و پێیان وایە کەڵەکەکردنی چەک یان میکانیزمی هاوسەنگی هێز نەک هەر ئاسایش دابین ناکەن، بەڵکو زەمینە بۆ سەرهەڵدانی شەڕ فەراهەم دەکەن. لەم ڕوانگەوە، جێگیرکردنی ئاشتی و سەقامگیریی نێونەتەوەیی مەرجی دابینکردنی ئاسایشی نیشتمانییە. هەڵبەت بەو جۆرەی کە گوتمان، تیۆرە جیاوازەکانی “لیبرالیزم” پێشنیاری جیاواز بۆ جێگیرکردنی ئاشتی دەخەنە ڕوو. بۆ نموونە، پەرەپێدان بە دیموکراسی لە ئاستی جیهان، پێکەوەبەستراوەیی وڵاتان لە بوارە جیاوازەکان و بەتایبەت لە بواری ئابووری و دامەزراندن و پەرەپیدان بە ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی دەسەڵاتیان بەشێکن لەو پێشنیارانە.
بە گشتی، زۆرێک لە لایەنگرانی قوتابخانەی لیبرالیزم پێیان وایە؛ ئاسایش و تەنانەت دادپەروەریی لە ناوخۆ، بەبێ چاکسازیی لە دەرەوە نالوێت. واتە، ئەگەر شانۆی نێونەتەوەیی ناسەقامگیر بێت و دەوڵەتەکان بەردەوام لە ململانێ و شەڕدا بن، ئاشتی و پێشکەوتن لە ئاستی نیشتمانیدا بەدی نایەت. سەرەڕای هەموو ئەوانە، لیبرالیزمیش [بە تایبەت ڕوانگە نوێکانی] وەکو ڕیالیزم، زیاتر ڕوانگەی دەوڵەت-تەوەرن. ڕەنگە باقی گەمەکەرەکانی سیاسەتی جیهانی، خۆیان لە چوارچێوەی تیۆرەکانی تردا ببیننەوە. ئەوەش بابەتێکی جیاوازە و دەکرێت لە نووسراوەیەکی تردا بکەوێتە بەر باس.
سەرچاوەکان و یادداشتەکان:
١.بۆ خوێندنەوەی زیاتر دەربارەی تیۆرە جیاوازەکانی لیبرالیزم لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا، سەیری ئەو سەرچاوانەی خوارەوە بکە:
– رابرت جکسون و گئورگ سورنسون(١٣٨٥). درێمدی بر روابگ بین الملل، مترجمان: مهدی ژاکریان، احمد تقی زادە و حسن سعید کلای، تهران: نشر میزان، چاپ دوم، زمستان، بنگرید بە: ١٤٥ تا ١٧٤.
عبدالعلی قوام (١٣٨٩). سیاست شناسی: مبانی علم سیاست، تهران: انتشارات سمت، چاپ اول، زمستان، ص ٣١٢
Andrew Moravcsik, “Liberalism and International Relations Theory, Harvard University and University of Chicago, paper No,92-6, see pp: 16-29, Available at: https://www.princeton.edu/~amoravcs/library/liberalism_working.pdf
٢. بۆ خوێندنەوەی زیاتر لەم بارەوە، بڕوانە:
تیم دان (۱۳٨۳. “لیبرالیسم”، در: جهانی شدن سیاست: روابگ بین الملل در عصر نوین (جلد اول)، جان بیلیس و استیو اسمیت، تهران: انتشارات موسسە فرهنگی مگالعات و تحقیقات بین المللی ابرار معاصر تهران، دی ماه، چاپ نخست. بنگرید بە: ص ٣٧٠
٣. بۆ نموونە پێشتر ئاماژەم کرد کە کۆمەڵەی گەلان کە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی بە هەوڵی لیبراڵەکان دامەزرا، لەو ئاراستەیەدا و بۆ ئەو مەبەستە بوو، ئەگەرچی شەڕی دووەمی جیهانی سەلماندی ئەو بۆچوونە وەهم و خەیاڵە و خوێندنەوەی ڕیاڵیستەکان بۆ سیاسەتی جیهانی واقعیانەترە.
٤. لەو بارەوە، جۆن لاک، فەیلەسووفی سەدەی حەفدەهەم، لەو بڕوایەدا بوو کە زەمینەی پێشکەوتنی مرۆڤایەتی لە سرووشتی ئابووری سەرمایەداری و کۆمەڵگەی مودێرندایە، بۆیە گەشەکردنی ئابووریی سەرمایەداری و مودێرنیزم بەستراوەی ئەوەیە کە دەوڵەتەکان، لیبرالیزمی تاکەکەسی گەرەنتی بکەن. داڕشتنی پلان بۆ نوێبوونەوە و بەمەدێرنبوونکردنی ژیانی نوێ و ژیانی باشتر، دەبێتە هۆی ڕزگاربوون لە دەسەڵاتی دەوڵەت، ئەوەش دەبێتە هۆی بەدیهاتنی خۆشبژێوی فراوان. بە گێڕاانەوە لەو سەرچاوە: رابرت جکسون و گئورگ سورنسون، همان، ١٤٢.
٥. ئەمە دەری دەخات کە ئاشتی لە دیدی لیبراڵەکانەوە چی دیکە دیاردەیەکی سرووشتی نییە. هەروەها کە ئاماژەم کردووە، شەڕی یەکەمی جیهانی هزری لیبرالی بەرەو ئاراستەیەک برد کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ئاشتی دیاردەیەکی سرووشتیی نییە، بەڵکو هەلومەرجێکە کە پێویستە بەدی بهێنرێت یان ساز بکرێت. لئوناردۆ وولف (Leonard wolf)، ڕۆژنامەنووس و نووسەر، وەکو ڕەخنە لەو ڕوانگەیە کە گوایە ئاشتی و بەختەوەری بەشێکی نهێنی سرووشتە، ڕایگەیاند کە ئاشتی و بەختەوەری پێویستیان بە “ڕێکخراوێکە کە وشیارانە بۆ ئەو مەبەستە داڕێژرابێت”. بەڵام ڕەنگە ناسراوترین بەرگریکاریی دامەزراندنی ناوەندێکی نێونەتەوەیی بۆ بەڕێوەبردنی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان، وۆدرۆ ویلسۆن، سەرۆکی ئەمریکا لە سەردەمی شەڕی یەکەمی جیهانی بووبێت. بەپێی ڕوانگەی ویلسۆن، جێگیرکردنی ئاشتی تەنیا دوای دامەزراندنی ڕێکخراوێکی نێونەتەوەیی بەمەبەستی سڕینەوەی ئانارشی (فەوزا) مسۆگەر دەبێت. ئاسایش لە کاتێکدا کە دیپلۆماسی نهێنی لە نیوان دەوڵەتەکان باوە و سیستەمی هاوسەنگی هێز لە ئارادایە، بەدی نایەت. کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی وەکو کۆمەڵگەی ناوخۆیی پێویستە سیستەمێکی حوکمڕانی هەبێت کە سیستەمێکی دیموکراتیانە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی و گرژییەکان بەکار بهێنێت (بۆ خوێندنەوەی زیاتری ئەم باسە، بڕوانە: تیم دان، همان: صص ٣٧٨ و ٣٧٩).
٦. لە ڕوانگەی کانتەوە، بەدیهاتنی ئاشتی هەتاهەتایی، پێویستی بە گۆڕینی وشیاری تاکەکان، یاساگەرایی کۆماریخوازانە و گرێبەستی فیدرالیانە لە نێوان دەوڵەتەکاندا بە مەبەستی سڕینەوەی شەڕ هەیە. ئەو فیدراسیۆنە کە دادەمەزرێت، لە جیاتی ئەوەی ببێتە مەزنە-دەوڵەتێک یان دەوڵەتێکی جیهانی، دەتوانێت گرێبەستێکی ئاشتی هەتاهەتایی لێ بکەوێتەوە. بۆ خوێندنەوەی زیاتری ڕوانگەی کانت سەبارەت بە ئاشتی و گرنگیی دامەزراندنی فیدراسیۆنی دەوڵەتەکان سەیری ئەو سەرچاوەی خوارەوە بکە:
Benjamin O. Fordham (2005). “Kantian Liberalism, Regime Type, and Military Resource Allocation: Do Democracies Spend Less?”, International Studies Quarterly, pp: 141–157, available at: https://www.gvsu.edu/cms4/asset/54A33349-DDB5-9122-52D039391EF8BB6C/dem_mil_spending_isq_05.pdf
٧.بۆ خوێندنەوەیەکی کورت و پوخت سەبارەت بە تیۆری ئاشتی دێموکراتیک، سەیری ئەو سەرچاوە بکە:
Henrique Weil Afonso (2011). “Democratic Liberal Peace: from peace to war ”, Revista Ética e Filosofia Política – Nº 13 – Volume 1 – Janeiro de, available at: https://www.ufjf.br/eticaefilosofia/files/2011/01/13_1_henrique.pdf
٨.لەم بارەوە بڕوانە: جکسون، همان، ص ١٦٣.
٩. ئەمە بە جۆرێک ڕەنگدانەوەی گریمانەکانی لیبرالیزمی بازرگانییە (Commercial liberalism) کە پێی وایە بازڕگانی ئازاد و ئابووری بازار یا سەرمایەداری دەبنە هۆی پێشکەوتن و جێگیربوونی ئاشتی. ئەمڕۆکە ڕێکخراوە بازرگانییەکانی جیهان و کۆمپانیا فرەنەتەوەییەکان پشتیوانی لەو ڕوانگە دەکەن. بۆ خوێندنەوەی زیاتر بڕوانە: استوین، ال. لمی (١٣٨٣). رویکردهای معاصر و جدید: نئورئالیسم و نئولیبرالیسم”، در: جهانی شدن سیاست: همان، ص ٤٢٥.