هەرێمی کوردستان، بە شێوەیەکی ئارام و لەسەرخۆ مامەڵەی لەگەڵ رووداوەکانی رۆژئاوای کوردستان و تورکیا کرد، لەو کاتەی رووسیا و ئەمەریکا بە هاوبەشی تورکیایان خستە نێو هاوکێشەی جەنگ، هەسەدە ئەگەر بە ناچاریش بێ بڕیارێکی دروستی دا کاتێ لەگەڵ رژێمی ئەسەد هاوپەیمانیی کرد. لێرە باسی ئەوە ناکەین کە هاوپەیمانێتییەکە چۆن کرا و کێ رۆڵێ هەبوو؟ ئەمە لە دەرفەتێکی دیکە بەتەواوی وردەکارییەکان کە لامان بەردەستە باسی دەکەین، بەڵام هەرێمی کوردستانیش بەو شێوەیەی کە خوێندنەوەی هەبوو لەو هاوکێشەیە دەتوانێ دەرفەت وەرگرێ و کارتێکی گوشاری سەر تورکیای کەوتە دەست. لێرەدا شیی دەکەینەوە چۆن؟
لە رێکەوتنی نێوان ئەمەریکا و رووسیادا، رووسیا بوو بە خاوەنی یەکەمی مەلەفی وزە، بەتایبەت غازی سرووشتی لە جیهان و بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی ناویندا، چونکە خۆی لە ریزبەندی یەکەمی ئەو کەرتەدایە و لە دوای ئەوانیش ئێران و لە دوای ئێرانیش هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە دێ، ئێراقیش ئیدی بە ئەمەریکا سپێردرا.
رووداوەکان و ئاماژەکان بەو ئاراستە دەچن کە جگە لە رێڕەوی وزە لە قەتەڕ بۆ تورکیا و لەوێ بۆ ئەورووپا، رێڕەوێکی دیکەی وزە بۆ غازی سرووشتی دروست دەبێ، کە هێڵی رووسەکانە لە ئێران تێپەڕدەبێ و دێتە هەرێمی کوردستان و لەوێشەوە بە سووریا دەڕوات و لەوێشەوە بۆ دەریای سپی وەک لە نەخشەکە روونە، ئەمەش وایکردووە کە تورکیا زۆر بە قووڵی رێ لەو رێرەوە بگرێ، ئەگەرچی بۆ ئێمەی کورد دوو رێگە هەبوو کە بتوانین بەدیلی تورکیامان هەبێ لە داهاتوو یان دەبوو کورد لە رۆژئاوای کوردستان ببێ بە دەوڵەت و بگاتە سەر دەریای سپی ناوەڕاست، یانیش دەبوو ئێمە رێککەوین لەگەڵ رژێمی ئەسەد، یانیش هەر هێزێک کە لە سنووری جیوگرافی کوردستانەوە لەگەڵ سووریا دەبێتە خاوەنی نفووز کە دەبێ هەر لە چوارچێوەی نفووزی رووسەکان بێ، وەک روون و ئاشکرایە کە رووسەکان بوون بە خاوەنی یەکەمی مەلەفی سووریا، لە هەرێمی کوردستانیش کە رۆسنەفت خاوەنی فرۆشتن و غازی سرووشتی ئێمە دەبێ، کارتێکی دەولی دێتە دەستی هەرێم کە رێڕەوی غازی سرووشتی خۆی لە تورکیا بۆ سووریا بگۆڕێ و لەوێشەوە بۆ دەریای سپی ناوەڕاست بەبێ ئەوەی تورکیا کەڵک لە غازی ئێمە وەربگرێ.
تورکیا حسێبی ئەو هاوکێشەی بە وردی کردووە، بۆیە نایەوێ بە هیچ شێوەیەک و هەنگاوێک هەڕەشەکانی لە دژی هەرێمی کوردستان بکاتە کردار، چونکە دەزانێ باجێکی گەورە دەدات کە پێویستی بە غازی سرووشتی هەرێم هەیە کە لانی کەم ئومێدی (٤٠%)ی تورکیا لەسەر ئەم غازە بۆ داهاتوو هەڵچنراوە، هاوکات تورکیا ئەوە دەزانێ کە ئەرزییەی ئەم ڕێرەوە لە سووریا تا دەریای سپی هەیە و بۆڕی وزە تەنیا نۆژەنکردنەوەی دەوێ، لە هەرێمی کوردستانیش رێرەوی ئەو هێڵە هەیە، بەڵام ئیدی خۆی جیوگرافیای ناوچەکە وایە لەگەڵ ئەوەی کە قەتەڕ لە کۆتاییدا دەچێتە سەر رێڕەوی وزەی ئەمەریکا، ئێرانیش غازەکەی دێتە سەر ڕێڕەوی رووسەکان و هەرێمیش لەو رێرەوە دەبێ کە بە سووریا تێپەڕدەبێ. بۆیە ئەمە کارتێکی گەورەیە کە دێتە دەستی هەرێم.
پێشووتریش ئەمەم بە وردی باسکردووە و ئەمڕۆیش جواگرافییەکە وامان پێدەڵێ، کە سووریا ئارامییەکی پێویستە بۆ ئەوەی تەقسیمی ئابووری ناوچەکە لەنێوان ئەمەریکا و رووسەکان دابەش بکرێ، بۆیە تورکیا بیر لە گۆشەگیرکردنی هەرێم بکاتەوە، ئەوا هەرێمیش بیر لەوە دەکاتەوە کە تورکیا لە داهاتوودا تووشی قەیرانی غازی سرووشتی دەبێ و ئیدی ئابوورییەکەی زۆر لاواز دەبێ، بەپێچەوانەوە هەر حوکمڕانییەک لە سووریا زۆر بە خۆشحاڵییەوە ئەو بیرۆکەیەی هەرێمی قبووڵ دەبێ، بەتایبەت کە رووسیایش ئەمەی مەبەستە.
هێرشی تورکیا بۆسەر رۆژئاوا کاتییە و کۆتایی دێ، لە زۆنی شەڕ، کۆبانی، مەنبەج کە دەکەونە سەرهێڵی ئێم فۆڕی بازرگانی، کە ئەمە رووسیا نایەوێ ئەم هێڵە بکەوێتە دەستی تورکیا، لەگەڵ سەرێ کانێ و گرێ سپی، کە ئەم دوو ناوچەیش زۆنەکەن و پێشووتر ئەمەریکا بەڵێنی ئەم ناوچانەی بە تورکیا داوە، بۆیە لەم چوار ناوچەیە زیاتر ئومێدێک بۆ تورکیا نییە کە ناوچەی ئارامی لێ دروست بکات و گفتوگۆکانیش بەو ئاراستەیە دەچن، کە زۆنێک بۆ ئۆپۆزسینی سووریا بهێڵدرێتەوە کە ئێستا لەژێر دەستی تورکەکانە، بەڵام لەم چوار ناوچەیە سنووری سوپای تورکیا زیاتر ناچێ و لە کۆتاییدا دەبێ سووریایش جێبێڵی و تەنیا (١٠) کم بۆی هەیە لە کاتی پێویستدا بێتە نێو سووریا، کە تا ئێستا هیچ لەو چوار ناوچەیەیی لە دەستی تورکیا نییە. ئەمە دەگەڕێتەوە سەر رێککەوتنی ئەمەریکا و رووسیا و سووریا و تورکیا، بەڵام ئەوەی لەو گەمەیەدا زیانبار دەبێ کە یەکەمیان ئۆردوگانە و -لە بابەتێکی تر باسی دەکەین بۆچی-، دووەمیش عێراقە، چونکە ئێستا گوشارێک هەیە بۆسەر عێراق کە دەبێ لە کۆتاییدا نزیکەی (٢٠) هەزار چەکداری تیرۆریستی داعش لە زیندانەکانی رابگرێ، کەوایە ئەگەر ئەمە بەسەر ئێراق ساغ بکەنەوە، ئەوا ئیراق دەبێتە گوانتانامۆیەکی ئەورووپایی و ئاسیایی، بەمەش لەجیاتی ئەوەی ئەورووپا و ئەمەریکا و رووسیا و وڵاتانی دونیا چەکدارانی داعش وەربگرنەوە، ئەم مەلەفە دەیانەوێ بخەنە ئەستۆی عێراق و ئیدی لەکاتی هەر مەوجێکی تەشویش بۆ ئەوەی گوشاربخەنە سەر ئێراق و وڵاتانی ناوچەکە، ئازادیان دەکەن و بەکاریان دەهێنن.