لە دوای تێکڕووخانی سیستەمی دووجەمسەری و کۆتایی هاتنی شەڕی سارد، کۆمەڵێک تیۆری نوێ لە لایەن بیردۆزانی جیۆپۆلتیکەوە هاتنە ئارا، ئاکامەکەی بوو بە درووستبوونی گۆڕانێکی بنچینەیی لە ڕوانینە باو و دیارەکانی زانستی جیوپۆلتیک. لەدوای ئەم سەردەمەوە، بیردۆزانی ئەم زانستە بە بەرجەستە کردنەوەی چەند چەمکێکی وەک نەتەوە و ناسنامە و لەسەر بنەمای تایبەتمەندیییە فەرهەنگییەکان وەک لکێکی زانستی جیۆپۆلتیک، چەمکی جیۆکالچریزم-یان وەکوو ڕۆچنەیەکی نوێ کردە هەوێنێکی گرینگ بۆ تێروانینەکانیان. تیۆری بەریەککەوتنی شارستانییەکان لە نووسینی “ساموئێل هانتینگتۆن”، کۆتایی مێژوو لە نووسینی “فرانسیس فۆکۆیاما”، هێزی نەرم لە نووسینی “جۆزێف نای” و کتێبەکانی “ئالوین تافلێر” لە ژێر ناوەکانی جێگۆڕکێی هێز، ئەوپەڕی قەیران، شەپۆلی سێهەم و شەڕو دژە شەڕ بەشێک بوون لەو مەعریفە نوێیەی کە نیشاندەری دەوری فەرهەنگ بوون لە مامەڵە و پێوەندی نێوان مرۆڤەکان دەگەڵ یەکتری و یەکە سیاسییەکان بەهەمان شێوە.
بۆ یەکەمین جار گەورە ئابووریناسی ئەمریکایی “ئێمانۆئێل والرشتاین” لە کتێبە بەناوبانگەکەی خۆی ” سیاسەت و فەرهەنگ لە سیستەمی جیهانی”، دەستەواژەی جیۆکالچری دەکار هێناوە. دوا بەدوای والرشتاین، ئانتۆنیۆ گرامشی لە چوارچێوەی تیۆری بەناوبانگی “هەژمۆنی”دا و کاستلز لە کتێبی “کۆمەڵگەی زانیاری و تۆڕئاسا” و ژان گاتمەن بە داهێنانی بیرۆکەی “ئایکۆنۆگرافی و سیرکولیشن”، سرنجی زیاتریان خستە سەر کارئەکتەری فەرهەنگ لە خووڵقاندنی گۆڕانە نێودەوڵەتییەکاندا. ئەم بیرمەندانە لەو بڕوایەدابوون لە جیهانی دوای شەڕی ساردەوە، کۆمەڵە پێوەندییەکی ئاڵۆز لەسەر بنەمای هێز و فەرهەنگ بەدیهاتوون. هەر بۆیە لە لایەکەوە گرینگییەکی یەکجار زۆریان بەو مکانیزمانە دەدا کە کارتێکەریان لەسەر چەمکی فەرهەنگ و پێوەندی نێوان وڵاتان هەبوو و لە لایەکیترەوە کارتێکەریی جیۆکالچریزمیان لەسەر دوونیای پێوەندییە سیاسییەکان و هەروەها فەرهەنگی وڵاتان کردبوو بە چەقی گرینگترین پرسەکانیان بۆ تێگەیشتن لە گۆڕانکارییە هەنووکییەکان. “والرشتاین” لە شرۆڤەی سیستەمی جیهانیدا باوەڕی وابوو لە سەدەی شازدەیەم بەملاوە، سیستەمی جیهانی ناوەندێکی هەیە کە ئەم ناوەندە شوێنی بەرهەمهێنان و دابەشکردنی سامانە و پەراوێزێک هەیە کە شوێنی دابینکردنی پێداویستی و کەرەسەی خاوی ناوەندە. والرشتاین لەو بڕوایەدابوو کە ئەم سیستەمە تایبەتمەندییەکی فەرهەنگی هەیە و فەرهەنگی خۆی بۆ هەموو جیهان دەگوازێتەوە کە ئەمەش پێناسەیەکە بۆ جیۆپۆلتیکی فەرهەنگی یان جیۆکالچریزم. ڕوانینی “والرشتاین” چوارچێوەیەکی سێ ڕەهەندی سەبارەت بە هێز هەیە کە پێکدێن لە بەریەککەوتن، کێبەرکێ و هاوکاری.
بە گوێرەی بیرکردنەوەی “والرشتاین” ئەم سێ ڕەهەندە بە سێ شێوە لە جوڵەدان کە بریتین لە:-
یەکەم:- کۆمەڵگە نەریتییەکان؛ چەشنی مامەڵەی ئەم کۆمەڵگایانە زیاتر بەریەککەوتنە.
دووهەم:- کۆمەڵگە پیشەسازییەکان؛ ئەم جۆرە کۆمەڵگەیانە، کێبەرکێ بەسەر چەشنی مامەڵەکردنیاندا زاڵە.
سێهەم:- کۆمەڵگە دیجیتاڵییەکان:؛ لەم جۆرە کۆمەڵگەیەندا هاوکاری و دیالۆگی بوونیاتنەر هەیە.
“جیۆکالچریزم و پیشەسازی فەرهەنگی”
بنەمای جیۆکالچریزم، پیشەسازی فەرهەنگیە. بە گووتەی “والرشتاین” وەک چۆن سامان لە ناوەندەوە درووست دەبێت و شۆڕ دەبێتەوە بۆ پەراوێزەکان، بەهەمان شێوە فەرهەنگ لە ناوەندەکانەوە درووست دەبێت و لەوێوە شۆڕ دەبێتەوە بۆ کۆمەڵگە پەراوێزەکان. بە واتایەکیتر بەرهەمی فەرهەنگی لە ڕێگەی پەیامی فەرهەنگی و لە ناخی پیشەسازی فەرهەنگیدا درووست دەکرێت و دواتر بڵاو دەکرێتەوە.
پیشەسای فەرهەنگی لێرەدا بریتیە لە بەرهەمی فەرهەنگی وەک میوزیک، سینەما، ڕۆژنامە و هەواڵدەرییەکان، کتێب، ڕۆمان و ئینتەرنێت. هەمووی ئەم بەرهەمانە لە ناوەندە مۆدێرنەکانەوە بەرهەم دێن و دەگوێزرێنەوە بۆ ناوچە پەراوێزەکان.
هێز یەکێک لە چەمکە گرینگەکانی جیهانی سیاسەتە و وەک زۆربەی چەمکە کۆمەڵناسییەکان پێناسەی فرەجۆری لەسەر کراوە. لە جیهانی ئەمڕۆدا هێز بەردی بناغەی بابەت وباسەکانی تایبەت بە سیاسەت و پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانە. هاوپەیمانیەتییە سیاسییەکان وەک یەکیەتی ئەوروپا، هاوپەیمانی سەربازی لە چەشنی پەیمانی ناتۆ هەتا دەگاتە وڵاتان یەک یەک و بەتەنیا وەکوو کێبەرکێی ئەمەریکا و چین لە پرسی ئابووری و کۆنترۆڵی بازاڕی جیهانیدا، ململانێی نێوان دەوڵەتان، بزووتنەوە سیاسییەکان لە بەرامبەر دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازەکان لە بەرامبەر وڵاتانی داگیرکەردا وەک خەباتی گەلی کورد لە بەرامبەر داگیرکەرانی کوردستان، هەموویان نیشانە و هێمای ململانێ لەسەر بەرزکردنەوەی پێگە و پچڕینی بەرژەوەندی بە قازانجی خۆیانن. “هێز درووستکردنی بەرهەم وئەنجامی دڵخوازە”، ئەمە تێگەیشتنی “بێرتێر ئەندراسێل” ە لەسەر پێناسەی هێز. بە گوێرەی بۆچوونی ئەندراسێل ئەلف هێزێکی زیاتری لە بهر هەیە ئەگەر بتوانێ بەرهەمێکی زیاتری ویستراو بەدەست بێنێت. هێز توانای سەپاندنی ئیرادەی کەسێکە بەسەر کرداری کەسانی دیکەدا.
“شێوازەکانی هێز و سەرچاوەکانی هێز لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا چین”
لە ڕوانگەی زۆرینەی بیرمەندانی زانستی سیاسی، چەمکی هێز خاوەنی سێ لایەنی سەخت، نەرم و زیرەکە.
هێزی سەخت:- بە کورتی بەکارهێنانی گووشاری ئابوری، هەڕەشە و بەکارهێنانی ئامرازی سەربازی دەکەونە خانەی هێزی سەخت.
هێزی نەرم:- لە ڕوانگەی “جۆزێف نای” کە خاوەنی تیۆری هیزی نەرمە، هێزی نەرم بریتیە لە درووستکردنی کاریگەری لە ڕێگەی فەرهەنگ، بەها و بایەخەکان و نیشاندانی پێشکەوتوویی و هەبوونی ئازادی و دێموکراسی لە وڵاتێکدا.
هێزی زیرەک:- لە پێوەندییە نێودەوڵەتیەکاندا، هێزی زیرەک پێکدێت لە بەکارهێنانی هەردوو هێزی نەرم و سەخت لە یەک کاتدا. سۆزان ناسل بەڕێوەبەری ڕێکخراوی قەڵەم لە ئەمریکا سەبارەت بە هێزی زیرەک دەڵێت؛ هێزی زیرەک بەمانای تێکەڵکردنێکی زیرەکانەی هەردوو هێزی نەرم وسەختە لە ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەو هەڕەشانەی لەسەر ئەمنیەتی نەتەوەیی وڵاتان هەیە.
بە گووتەی “نای”، لە چوارچێوەی تیۆری هێزی نەرمدا بۆ ئەوەی کاری دڵخوازی خۆمان بە لایەنی بەرامبەرمان بکەین پێویستە سێ ڕێگەی پاداش، قەناعەت پێکردن و ڕاکێشانی سرنج بگرینە بەر. هەروەها بۆ بەکارهێنانی هێزی نەرم، هەبوونی سێ جۆری توانایی زۆر بە پێویست دەزانێت. ئەم سێ جۆر تواناییە بریتین لە:
یەکەم؛ توانایی کۆنترۆڵکردنی هەستەکان و کەڵکوەرگرتن لێیان لە پێوەندی دەگەڵ خەڵکدا.
دووهەم؛ درووستکردنی دیمەنێک لە داهاتوو کە توانایی ئەوەی هەبێت سرنجی خەڵک ڕابکێشێت.
سێهەم؛ توانایی درووست کردنی پێوەندیی کە بریتیە لە کەڵکوەرگرتن لە توانایی دەربڕین و توانایی بەکارهێنانی ئەو بەشە لە ئامێرە پێوەندییەکان کە پێویستیان بە دەربڕین و قسەکردن نییە.
“جیۆکالچریزم وەک ڕووبەرێکی فراوانی هێزی نەرم”
جیۆکالچریزم وەک پاڕادیمێکی نوێی بەجیهانی بوون، بووە بە سەرچاوە و سەرەتای زۆربەی گۆڕانکارییەکانی جیهانی ئەمڕۆ و سەرەتایەک بۆ ئەوەی فەرهەنگ وەک ڕووبەرێکی فراوانی هێزی نەرم بۆ گەیشتن بە پێگەی هەژمۆن بوون دەربکەوێت. گوتارە ناسنامەسازەکان وێڕای ئەوەی ئێلێمان و نیشانە فەرهەنگییەکان هەڵدەبژێرن، لە هەمانکاتدا لە چوارچێوەی پێرست و نەزمێکی تایبەتیدا دایاندەرێژنەوە و لە بەرەو بردنی سیاسەتی وڵاتان وگەلاندا دەوری مێژوویی دەگێڕن. “ئانتۆنیۆ گرامشی” کە وەک پێشتر باسمان کرد لە یەکەمین کەسەکان بوو کە کەڵکی لە دەستەواژەی جیۆکالچریزم وەرگرت، بە سرنجدان بە تیۆری سوڵتەی فەرهەنگی ئەو ڕاستیەی دەرخست کە چینە دەسەڵاتدارەکان چۆن و بە کامە شێوازانە لە ڕێگەی کۆنترۆڵی فەرهەنگ و باوەڕەکانی خەڵک، درێژە بە تەمەنی دەسەڵاتدارێتی خۆیان دەدەن.
جیۆکالچریزم لە ڕێگەی پێداگری لەسەر هێما وئولگوی هاوبەش، باوڕی هاوبەش، بەرژەوەندی هاوبەش، زمانی هاوبەش، دینی هاوبەش، تایبەتمەندی و بایەخی جوگرافیایی وەکوو یەک، مێژووی هاوبەش و شارستانیەت و ڕەچەڵەکی نەتەوەیی بەستێنی یەکیەتی و کۆدەنگی لە نێوان لایەنەکان درووست دەکات و بەمەش چوارچێوەیەکی گەورەتر لەو چوارچێوەی، سنوورە نێودەوڵەتییەکان دیاریان کردووە یاخود لە ڕێگەی دەوڵەتانی سەردەستەوە سەپێندراوە دەخوڵقێنێت.
جیۆکالچریزم بەستێنیکی بەهێزە بۆ ئالنگارسازی لە بەرامبەر سیاسەتی نێودەوڵەتی و دەوڵەتان .چەمکێکە توانایی دژەپێکهاتەبوونی لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا زۆرە و کارتێکی بەهێزی دەوڵەتان و بزووتنەوە سیاسی، مەدەنی و ژینگەپارێزییەکانە لە لە ململانییە ناوچەیی و جیهانییەکاندا. “ئێمانۆئێل والرشتاین” و “ڕابرتسۆن” لە خوێندنەوەکانیاندا بەتایبەت سەبارەت بە تەکووزی جیهانی دوای شەڕی سارد، لەو بڕایەدابوون تایبەتمەندییە فەرهەنگییەکان دەبنە ئەکتەرێکی گرینگ لە ململانێ سیاسییەکانی بەدەستخستنی هێزدا. جمیز روزنا ژئوکالچریزم بە سیاسەتی بشێوی لێدراو ناوزەد دەکات، بەو واتایەی دەتوانێ فۆڕماسیۆنەکانی پەرگاری جیهانی تووشی کێشە بکاتەوە.
“پاڕامێترەکانی هێزی نەرم”
1.زانست:- ئەگەر لە ڕابردوودا هێزی سەربازی، حەشیمەت یان پێگەی ستراتژیک هۆکاری سەرەکی دەسەڵاتی وڵاتێک بوون، ئیمڕۆکە بە بردنە سەری ئاستی مەعریفە و پەرەپێدان بە تەکنۆلۆژی پێشکەوتوو، دەتوانن بەسەر زۆرێک لە بەربەستەکانیان سەر ڕێگەی گەشەی وڵاتەکانیاندا زاڵ بن و هێزی نەتەوەیی خۆیان نیشانی گەلانی جیهان دەن. لە نێو هەموو پارامێترە بگۆڕ و نەگۆڕە ستراتژیکەکان، زانیاری و پەرەپێدان بە گەشەی مەعریفە یەکێک لە پارامێترە بەهێزەکانی بەدەستهێنانی هێز و بردنە سەری پێگەی وڵاتانە. هەر بۆیە وڵاتان لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا بە بەردەوامی هەوڵی نیشاندانی هێزی مەعریفە و زانستی خۆیان دەدەن.
2.فەرهەنگ:- فەرهەنگ بەشی نەرم ئامێری شارستانیەتە کە پێکدێت لە کۆی باوەڕ، زانیاری، ڕێوڕەسمە کۆمەڵایەتییەکان، ئاکار و خوو خوودەی گەلێک. بە مەبەستی پەرەپێدان بە زمان و ئەدەبیات، پێکهێنانی ڕێوەرەسم و خوڵقاندنی مامەڵەی فەرهەنگی، نیشاندانی دیمەنێکی باش لە خۆ، کەڵکوەرگرتن لە فەرهەنگ بە مەبەستی ئامانجی دیپلۆماسی و دیاریکردنی ستراتژی و سیاسەتی پەسەند، سڕینەوەی دیمەنە نەرێنی و ناشیاوەکانی گەلێک لە زەینی گەلانیتردا، بەڕێکخراوکردنی خەڵک، ڕاگرتنی بیروڕای گشتی، بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی بەرهەمی میدیایی و چەندە کەڵک لە فەرهەنگ وەردەگیرێت.
لەم ڕەهەندەی شەڕی نەرمدا، سەرمایەگوزاری لەسەر زەینیەتی مرۆڤەکان دەکرێت و بە مەبەستی درووستکدنی بەها و بایەخی هاوبەش کەڵک لە لایەنی سرنجڕاکێشی ئەم زەینیەتانە وەردەگیرێت. لە ڕاستیدا هێزی نەرم کاتێک دەتوانێ هێزێکی گوتارساز بێت کە پێویستی بە هێزی سەخت نەبێت و بە ئاساتی بتوانێت پەیامەکانی خۆی بە خەڵک بگەیەنێت. وڵاتان بۆ ئەوەی هیزی فەرهەنگی خۆیان بەرز بکەنەوە کەڵک لە زۆر هۆکاری وەک پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری مرۆڤدۆستانە، پاراستنی ستانداردەکانی مافی مرۆڤ، پشتگیریکردنی بزووتنەوە ژینگەپارێزەکان، بەشداری لە بزووتنەوە ئاشتیخوازەکان و هێزەکانی پارێزەری ئاشتی، درووستکردنی ڕێکخراوەی تایبەت بە دۆستایەتی وڵاتان، ئامادەبوون لە کۆڕوکۆبوونەوە فەرهەنگییەکان وەردەگرن.
3.ئایدۆلۆژی:- ئایدۆلۆژی بریتیە لە فۆڕماسیۆنێکی هزری و باوەڕی کە بتوانرێ بەسەر ڕاستەقینەکانی ژیاندا دەکار بکرێت. وڵاتانی بەهێز هەموو کات دەهەوڵی ئەوەدان لە ڕێگەی ئامرازی ئاشتیخوازانەی شەڕی نەرم پەرە بە فۆڕماسیۆنە هزرییەکانی خۆیان بدەن و پێگەیان بۆ درووست بکەن. بۆ نمونە دەتوانین ئاماژە بە لیبڕالیزم بکەین لە ئەمریکا توانیویەتی لە ئاستی جیهانیدا بەکاری بێنێت وهەژمۆنێییەکی جیهانی بۆخۆی پێ دەستەبەر بکات.
“ئەنجام”
جیۆکالچریزم و هێزی نەرم و جەنگی نەرم، بەتایبەت بۆ ئەو نەتەوانەی کە بێ دەوڵەت و خاوەنی سەروەری سیاسی تەواو نین، دەرفەتێکی گرینگی خۆپارێزی و پاراستنی ستاتۆی سیاسی، نیشتیمانی و فەرهەنگی و تەنانەت سازکردنی هەژمۆنیە. ئەم بەستێنە گرینگەی سیاسەت و بەدواداچوون بۆ بەرژەوەندی، پێویستی بە پلانسازی وستراتژی ورد وتۆکمە هەیە بۆ ئەوەی بتوانین لە نەبوونی تەکنۆلۆژی مۆدێرنی شەڕ وجیۆپۆلتیکی داخراوی کوردستاندا، هەوڵی چەسپاندن وبەدیهێنانی بەرژەوەندییە نەتەوەییکانمان ومافە ئینسانییەکانمان بدەین.