نزیکەی پێنج سەدەیە جیهان بە ئاڕاستەی خۆرئاوا (ئەوروپا و ئەمریکاو کەنەدا) وەرچەرخاوە، ئێمە ئێستا لە چرکەساتێکی مێژوویی، سیاسی و ئابوریی هەستیاردائەژین، چرکەساتێک کە ئاسیاییەکان لە چین و یابان و ڕووسیاو هیندستان و سەنگافورا توانیویانە نمونەیەکی گەورە لە شارستانیەتی سەردەم لە ڕووی بونیادنان و تەکنەلۆژیاو نمایشی ئابوریی و سەربازیی و دیبلۆماسیەوە نیشان بدەن، بێ ئەوەی ببنە پاشکۆی خۆرئاوا.
ئێمە ئەمانتوانی پێش ئەوەی کلیک لەسەر «ئۆراسیا» بکەین باسی «ئەماسیا» وەک ئاماژەیەک بۆ کیشوەری ئەمریکای باکور و ئاسیا بکەین. یاخود «ئەفاسیا» واتە لێکدانی ئەفریکا و ئاسیا وەک تێزێکی تری دیراساتی هەرێمایەتی.
ئۆراسیا!. ناوچەیەکی ئاڵۆز، بابەتێکی ئاڵۆزتر!!. هەر ئەوەندە باسی ئۆراسیا کرا، یەکسەر بابەتی جیۆپۆڵەتیک دێتە پێش چاومان و، لە کورتیەکەیدا تیۆری هارتلاند-Hartland Theory کە ناوچەی ئۆراسیا وەک دڵی جیهان وێنا ئەکات (ئەو ناوچانەی یٔەکەونە نێوان ئاسیا و ئەوروپا). یەکسەر بیرۆکەکەی جوگرافیناسی بەریتانی هالفۆرد جۆن ماکیندەر- Hlagord John Mackinder ئامادەیی هەیە کە لایوایە جیهان یەک یەکەی سیاسیەو ئەشێت حوکم بکرێت، بۆ ئەوەش هەر هێزێک دەستەڵاتی بەسەر ئۆراسیادا هەبێت دەستەڵاتی بەسەر جیهاندا هەیە!.
بەڵام ڕاستیەکەی، ئۆراسیا بە تەنها دەربڕین و دیسکرایبێکی جوگرافی نییە، بەڵکو لەوە گرنگتر بریتیە لە ناسنامە، هەروەها لایەنە مێژوویی و سیاسیەکەی کە تیایدا لەوێوە شەڕی بردنەوەو دۆڕاندنی بەهاکان ئەکرێت لە نێوان دوو بلۆکی خۆرئاواو خۆرهەڵاتدا.
بە بڕوای من ئۆراسیا چەمکێکە هێندەی ئاڵۆزییەکەی ناجێگیرە. ئەشێت ئۆراسیا شاخەکانی ئۆراڵ و کازاخستان و ناوچەی بەلتیق بێت. ئەشێت هەر لە نەرویج و فینلەنداوە تا دێتە خوارەوە بۆ ناوچەی دەریای ڕەش ئۆراسیا بێت. ئەشێت هەموو ئەو حەوزە گازی سروشتیەی کە لەدەریای ناوەڕاستدا لە خوارووی ئەوروپاو سنوری ئاسیادا دۆزراوەتەوە ئۆراسیا بێت. یان بە گشتی بە (٩٣) دەوڵەت ئەوترێت ئۆراسیا کە لە ئەوروپا و ئاسیان. لەوانەیە ئۆراسیا ئەوروپا بێت لەوانەیە ئەوروپا نەبێت. بەڵام هەرچی چۆنێک بێت بە بێ ڕووسیا ئۆراسیا نییە و نابێت. ڕووسەکان چەندین ناوەندی وەکۆڵین و پەخش و وەشاندنی قوڵیان خستۆتە ئیش کە تاو بە قوتابخانەی ئۆراسیای نوێ بدەن. ئێستا ئەکرێت ئۆراسیای سوریاش هەبێت کە تەنها (١٠٠) کیلۆمەتری ئاویی لە دەریای ناوەڕاستەوە لە ئەوروپاوە دوورن. هەروەک چۆن چین ئۆراسیای خۆی هەیە.
رۆبەرت کابلان (Robert D. Kaplan) پڕۆفیسۆرو نوسەرو جیۆسیاسیی ئەمریکی لە دوایین کتێبی دا، لە ساڵی (٢٠١٨) بە ناونیشانی «گەڕانەوەی مارکۆ پۆڵۆ؛ جەنگ و ستراتیج و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە سەدەی بیستو یەک) چرکەساتەکە بە چرکەساتێکی ڕاگوزەر دەست نیشان ئەکا، کە پێویستە لە دوو ئاستدا هەستی پێ بکرێت؛
یەکەم/ ئەمریکا پێویستە لە ئۆقیانوسی ئەتڵەسیدا بەر بە هەژمونی چین بگرێت، لە ئەوروپاش بەر بە ڕاسترەو پۆپۆلیزم.
دووەم/ بە بڕوای کاپڵان هەریەک لە جوگرافیا و تەکنەلۆژیا بەریەککەوتنیان هەیە. لێرەوەیە ڕووسیا هەمیشە هەژمونی بەسەر خۆرهەڵاتی ئەوروپادا هەیە، لە خۆرهەڵاتی یٔەوروپا ناڕەزایی دژی سیستەمەکان وایکردوە بزوتنەوە ڕاسترەو و شەعبەوییەکان دەستەڵات بگرنە دەست. ئەمەش بەرژەوەندی ڕووسیا مسۆگەر ئەکات.
ئەگەر ئۆراسیای نوێ ڕووسیا سەرکردە سیاسیەکەی بێت و چین بانک و داراییەکەی بێت، ئایا لە کوێوە بۆ کوێ دەست پێدەکات؟. زۆرکەس بە ئەبرۆکانیان ئاماژە بۆ سوریا ئەکەن، لە سوریا کورد دیفاکتۆیە، بەڵام ناسنامەکەی دیار نییە. تورکیا بێ گومان لە ناوەڕاستی پرۆژەکەدایە، لە تورکیاش هەرە گرفتە سەرەکیەکە پرسی کوردە.
لە ئێراق کوردەکان نزیکەی (٢٨) ساڵە ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمیان هەیەو لەساڵی (٢٠٠٦) یشەوە بە فەرمی کوردستانی عێراق زیاتر لە (٥٢) گرێبەستی نەوتی ئیمزاکردوە لەگەڵ کۆمپانیا جیهانیەکان و جگە لەوەی بڕێکی زۆر لە گازی سروشتی هەیە کە ئاماژە فەرمییەکان بە (٢٠٠) پێ سێجا (٥.٣ تریلیۆن م٣) دائەنێن. هەروەها کورد لە ئێران هیچ مافێکی ئەوتۆیان نییە.
ئایا پرۆژەی ئۆراسیا ستەمە مێژوییەکانی دوای جەنگی جیهانی یەکەم ڕاست ئەکاتەوە؟. لەم ڕووەوە سەت ساڵە کورد قوربانی دابەشکارییە جوگرافیەکانی دوای ڕێککەوتننامەی سایکس-پیکۆ-١٩١٦ یە.
دیدی کورد وەک ئەکتەرێکی نا- دەوڵەتی (بەتایبەتی کوردی عێراق کە ٢٨ ساڵە ناوچەیەکی ئۆتۆنۆمیان هەیە) ئەکرێت وابێت کە بەشداری هەر پرۆژەیەکی هەرێمایەتی یان تەواوکاریی ئابوریی هەرێمایەتی (Regional Economic Integration) بکات، بەڵام کوردستان پۆلیسی ئەوروپا نییە جەنگی دژە تیرۆر بکات و بە جێی بهێڵن!. پێویستە پرۆژەو یەکانگیرییەکە ڕەچاوی دەرفەتی یەکسان بکات، لەوەی کورد کۆنترین نەتەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەو گەورەترین نەتەوەیە لە گۆی زەوی کە دەوڵەتی نییە!..
ئێمە لە ناوەندەکانی خۆمان بە ئاگاین لە ڕێکخراوە حکومییە نێودەوڵەتیەکان و پرۆژە هەرێمایەتیەکان. بۆ نمونە لە دوای جەنگی ساردەوە لە ساڵی (١٩٩٥) ەوە لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی بەرشەلۆنە-Bercelona Diclaration ەوە پرۆژەی شەراکەت لە نێوان وڵاتانی ئەوروپاو یٔەو (١٦) دەوڵەتی تر ئیمزاکراوە کە ئەکەونە سەر دەریای ناوەڕاست لە کیشوەری ئەفریکاو ئاسیان، چونکە سنوری ئاویی هاوبەشیان هەیە، ڕێککەوتنەکە بە ئامانجی سەقامگیریی و خۆشگوزەرانی و هاریکاریی هاوبەش بو، هەروەها یٔەمە دواتر لە ساڵی (٢٠٠٨) ناوەکەی گۆڕدرا بۆ یەکێتی دەریای سپی ناوەڕاست (Union for Mediterranean ) بە ئامانجی هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی ئابوریی و مرۆیی و دابین کردنی ئاسایش و سەقامگیریی. بەڵام ئایا شەراکەت و ڕێککەوتنەکە لە دوای ١١ ی سێپتەمبەر کاری خۆی کرد؟!. لە دوای بەهاری عەرەبی (٢٠١١) ئەوروپا بە بەرپرسیارێتی خۆی هەستا بەرانبەر ئەو دۆخەی لە ئەفریقا و سوریا هەیە ؟. لە شەری دژە تیرۆرو کۆچبەراندا، وە ئێستاش لە بەرانبەر پەتای کۆرۆنادا بەرپرسیارێتیە هاوبەشەکانی ئەوروپا چین؟!.
بەهەمان شێوە لە (٢٩ ی ئایاری ٢٠١٤) ەدا یەکێتی ئابوریی ناوچەی ئۆراسیا (EAEU) پێکهینراوە. لە کاتێکدا کورد سەری لە ناو خوانی پرۆژەی ئۆراسیاو پرۆژە نوێیەکانی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاستدایە لە ڕووی جیۆ-ئابورییەوە.
لە سەدەیەکی نوێداین!. بەرەبەیانێکی نوێ هاتۆتە پێشەوە واقیعی (چین) ە کە بە دوای پشتێنەو هێڵی ئاوریشمەوەیە لە ناوچەکە پرۆژەکە دروشمەکەی بریتی یە لە (پشتێنەو ڕێگا). هەروەها ڕووسیا بە دوای گرنگی جیۆستراتیجی خۆیەوەیەتی لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا، ئامانجی ڕووسیا تێکشکاندن و نەهێشتنی سیستەمی تاک جەمسەرییە لە جیهاندا کە ئەمریکا لەدوای جەنگی ساردەوە ڕێبەرایەتی یٔەکات.
لە دەرەنجامدا، چین و ڕووسیا، بە هەردوکیان لە ڕووی (بەها) ییەوە پرۆژەی ئۆراسیایان هەیە. کوردستان ناوجەرگەی ڕێگەی ئاوریشمێکی نوێیە بەرەو دەریای سپی ناوەڕاست، هەروەها بەرەو ئۆراسیا بەگشتی. جگە لەوەی زیاتر لە (١) یەک ملیۆن کوردی دیاسپۆرا (دوور لە نیشتیمانی دایک) لە ئۆراسیا دەژین کە بەگشتی دابەشبون بەسەر وڵاتەکانی ڕووسیا، ئەرمینیا، ئازەربایجان، جۆرجیا، کازاخستان، تورکمانستان، قیرغستان و ئۆزباکستان. هەروەها ملیۆنەها کورد لە ئەوروپاو ئەمریکا دەژین.
ناکرێت، ڕووسەکان بە کورد بڵێن واز لە خۆرئاواو لیبراڵیزم بهێنن، هەروەک جوگرافی ناسی بەناوبانگ و ڕاوێژکاری پۆتین « ئەلیکساندەر دوگین» جاڕی کۆتایی کۆمۆنیزم، لیبراڵیزم و ناسیۆنالیزمی داوەو، سەرسەختانە تێزە جیۆپۆڵەتیکیەکەی خۆی ناوناوە «تیۆری چوارەمی سیاسەت»، دوگی و پرۆژە ئاسیاییەکە هێشتا نەیانتوانیوە ئێمە قەناعەت پێ بهێنن کە ئاخۆ لە نێوان ململانێی ئۆراسیاو خۆرئا واییەکاندا دۆزی کورد بەکوێ ئەگات!؟. ئەوان بە ئێمە ئەڵێن ئەوە مەکەن بەڵام ئەلتەرنالتیڤێکی لەوە باشتر ناخەنە بەردەستمان.