ئێستا وەک دەبینین؛ بانکی ناوەندی ئێراق بە هاوکار وەزارەتی دارایی بڕیارێکی دەرکردووە بۆ پرکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی کە لە (بودجە)دا هەیەتی ، (١٠٠)دۆلاری داناوە لە بەرامبەر(١٤٥-١٤٦-١٤٧)هەزار دیناری ئێراقی، کە نزمترینی(١٤٥)هەزاردینارە و بەرزترینی (١٤٧)هەزاردینارە، سوود و دەستکەوتێکی ڕاستەوخۆی هەیە بۆ حکومەت، ئەویش ئەوەیە ئێستا حکومەت دەتوانێت بە نزیکەی (٨٠٠)دۆلار، هەمان بڕە مووچە بدات کە نزیکە لە (ملیۆنێک و دوو سەد هەزار دیناری ئێراقی) کە جاران داویەتی، چونکە وەک لای هەمووان ئاشکرایە حکومەتی ئێراق سەرچاوەی سەرەکی داهاتی (نەوت)ە. ئەو نەوتەش کە دەیفرۆشێت داهاتەکەی بە دۆلارە، واتە؛ حکومەت دۆلاری دەستدەکەوێت لە بەرامبەر فرۆشتنی هەر بەرمیل نەوتێکدا.
ئەو پارەیەی کە لە گیرفانی خەڵکی ئێراقدایە بە ڕێژەی (٢٠%) بەهاکەی دابەزیووە، چونکە (١)دۆلار بەرامبەربووە بە (١٢٠٠) دیناری ئێراقی لە (١١)مانگی ساڵی (٢٠٢٠)دا بەڵام ئێستا (١)بەرامبەرە بە (١٤٧٠)دیناری ئێراقی، ئەو پارەیهی خەڵک پێی بووە لەسەدا (یەک لەسەرپێنج)ی بەهاکەی لەدەست داوە، کە دەچێتە بازاڕ مانای ئەوە نیە نرخی شمەک گران ئەبێت (٢٠%) بەڵکو دوو هێندە گران دەبێت، زانستی ئابوری دەڵێت؛ ئەگەر دینار(٣٠%) بەهاکەی بێتە خوارەوە ئەوە توانای کڕین ڕێژەکەی لە سەدا (٦٠%)دادەبەزێت، چونکە یاریکردن بە نرخەکان و شڵەژانی بازار دێتەئاراوە، بۆ نمونە ئەگەر دووکانەکانی ئاڵوگۆڕی دراو وەربگرین دەبینین هەر دوکانێک (٥٠٠) دینار یاخود (١٠٠٠)دینار جیاوازی هەیە لە ئاڵوگۆڕکردنەکەدا. ئەگەر دووکانەکانی فرۆشتنی (کاڵا و شمەک) وەرگرین دەبینین دووکاندارەکان بیانووی ئەوەیان هەیە کە ئەو زەیتەی ئەوان کڕیویانە بە دۆلار بەرامبەر دیناری (١٤٠-١٤٥) هەزار دیناری کڕیویانە. بۆیە بە نرخێکی گرانتر کاڵاکان دەفرۆشن. کاتێک پارەکەی گیرفانت (دراوی وڵاتەکەت) بەهاکەی (٢٠%) دابەزێت ئەوە توانای کڕینی تاکەکانی کۆمەڵگا ڕێژە (٤٠%)بەهاکەی لەدەستدەدات، واتە؛ کاتێک مووچەی کەسێک لە پێشوتردا ملیۆنێک دینار بووبێت، ئەوا بە ڕەچاوکردنی دابەزینی ٪٢٠ی بەهای دراوی ئێراقی ،چاوەڕوان دەکرێت بە بەهای ٨٠٠ هەزار دیناری پێشوو بتوانێت کاڵای پێ بکڕێت، بەڵام لە ڕاستییدا ئەم چاوەڕوانییە هەڵەیە، چوونکە لە ڕاستیدا بەهۆی یاریکردنی نرخەکان و شێواوی بازاڕەوە تەنها دەتوانێت بە هێندەی بەهای ٦٠٠ هەزاری مانگەکانی پێشوو کاڵا بەو بڕە پارەیەی بکرێت کە وەریگرتووە.
کاریگەری دابەزینی بەهای دینار لەسەرهەڵئاوسان و توانای کڕین
کاریگەری نەرێنی هەیە دەبێتە هۆی کەمبونەوەی توانای کڕین، سەبارەت بەو بەرهەمانەی کە لە دەرەوە هاوردە دەکرێت، لەم کاتەدا کە بەهای دینار دابەزیوە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی هاوردەکردن و زیادکردنی هەناردەکردن، وەک چۆن دەبینین؛ کە لە چین هەیە. ئەمە لە ناوخۆدا سودی راستەوخۆی هەیە بەو پێیەی کە ئێراق وڵاتێکی بەکاربەرە، وا دەکات کێبەڕکێ هەبێت لە ناوخۆدا بۆ وەبەرهێنان، وەک لای هەموان ئاشکرایە “ئێراق” هیچ پڕۆژەیەکی پیشەسازی بەرهەمداری نیە بۆ ناوخۆی وڵات تاکو وڵات ببوژێتەوە، ڕێژەی هەڵئاوسان وەک وەزارەتی پلاندانان بڵاوی کردۆتەوە (٠,٦%) ، کاتێک بەهای دیناری “ئێراق”ی دابەزێت ڕێژەی هەڵئاوسان بەرزدەبێتەوە، واتە پەیوەندییەکی پێچەوانەیان هەیە. ئەو دابەزینەی بەهای دیناری ئێراقی ئێستا هەیە دابەزینێکی پلان بۆ دانراوە لە نێوان وەزارەتی دارایی و بانکی مەرکەزی. وەبەرهێنانی بیانی و دراوی بیانی لە ئێراقدا جۆرێک لە هاوسەنگی تێدا کراوە لەلایەن بانکی ناوەندیەوە، چونکە پرۆسەی بەرزبونەوەی دۆلار بەم شێوازەی ئێستا هەیە ڕوونادات لە مانگەکانی داهاتودا. بەڵام گرفت و کێشە بۆ چینی مامناوەند و خواروو دروستدەکات وەک لە ئێراقدا ڕێژەی هەژاری دیاری کراوە بە (٣٣%). لە ئێراقدا وەک لای هەموومان ئاشكرایە (سەبەتەی خۆراک) هەیە کە لەلایەن نەتەوەیەکگرتوەکانەوە دانراوە کە سەبەتەی خۆراک پێکهاتووە لە (برنج – ئارد- زەیت-شەکر)…هتد. کە لەنێوان هاووڵاتیاندا بە بەشەخۆراک ناسراوە، زۆر گرنگە بۆ هاووڵاتیانی “ئێراق” ئەم سەبەتەی خۆراکە بەتایبەتتر چینی هەژار و کەمدەرامەت تاکو بتوانن بژێوی ژیانی خۆیان دابین کەن، بەشە خۆراکەکان لە ئێراقدا بە زۆری لە دەرەوە هاوردە دەکرێت.
لە ئێستادا؛ بەپێی ڕاپۆرتەکانی (بانکی نێودەوڵەتی) لە ماوەی کورتخایەندا کاریگەری زۆری نەبووە لەسەر سەبەتەی خۆراک کە نرخەکانیان زۆر بەرزبێتەوە، بەڵام ئەگەر کاربکاتە سەر ئەم سەبەتە خۆراکە، لە داهاتودا ئەوە ڕاستەوخۆ کاردەکات لەوەی کە ڕێژەی هەژاری زۆر زیاتر بێت لەو ڕێژەیەیی کە لە ئێراقدا دیاریکراوە لەلایەن وەزارەتی پلان دانانەوە. دابەزینی بەهای دیناری “ئێراق” و پشت بەستنی تاکەکانی “ئێراق” بە(دینار)، چونکە داهاتەکانیان بە دینارە، وادەکات توانای کڕین (٢٠%) دادەبەزێ. لەگەڵ ئەوەشدا نرخی بەرهەمەکان زیاد دەبێت چونکە شمەکەکان هاوردە دەکرێت، چونکە ئەو شمەکانە هاوردە دەکرێت بە دۆلار دەکڕدرێن، بۆیە (٤٠%)بەهاکەی ئەوەی دەیکڕێت بەرزدەبێتەوە، داهاتی هاووڵاتی و فەرمانبەری ئێراقی دابەزین به خۆیەوە دەبینیت، چونکە پشت بە کەلوپەل و کاڵای دەرەکی دەبەستێت. ئەگەر بازرگانێک کاڵایەکی کڕیبێت بە (ملیۆنێک دینار) ئەوە ئێستا ناتوانێت بە هەمان بڕە پارە ئەو کاڵایە بفرۆشێت، چونکە نرخەکەی بە دۆلارە و گرانبووە. ئەوەی گرنگە کە پارێزگاری لە خۆراکە سەرەکییەکان بکرێت تاکو چینی هەژار زەرەرمەندی زیاتر نەبن لە کۆمەڵگادا.
لێکەوتە ئەرێنی و نەرێنییەکانی دابەزینی بەهای دیناری ئێراقی
ئەم بڕیارەی کە دراوە؛ ئامانجەکەی بۆ کەمکردنەوەی خەرجی بەکاربردنی دەوڵەتی ئێراقە، بەڵام ئێستا تۆپەکە لە گۆرەپانی حکومەتی ئێراقیدایە بۆ کەمکردنەوەی ئەو کاریگەرییە، بەتایبەتیش ڕۆڵەکانی چینی هەژار بەڵام چینەکانی دیکە دەتوانن خۆیان لەگەڵ ئەم بڕیارە بگونجێن، بۆیە هیچ چارەسەرێکی خێرا و بنەڕەتی نیە لە مەودای کورتدا. لە مەودای درێژدا چارەسەر ئەوەیە؛ گرنگیدان بە کەرتی (پیشەسازی و کشتوکاڵ)ی ئەویش کاتی زۆری دەوێت، چونکە پێویستی بە لەدایکبوونە لە ئێراقدا وەک لای هەموومان ئاشکرایە ئەو دووکەرتە چەند لاوازن. بۆیە زیاتر گرنگیدان بە دروستکراوی ئێراقی دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی هاوردەکردن و کاریگەری لەسەر بەهای دیناری ئێراقی و هێزی کڕین دەبێت، بەڵام هەڵئاوسان بەرز دەبێتەوە لە چەند مانگی داهاتوودا لە “ئێراق”، حکومەت ناتوانێت چارەسەری ئەو دۆخە بکات جگە لەوەی دەتوانێت پشتیوانی چینی (هەژار و کەم دەستهات) بکات لەڕێگای پسوڵەی خۆراک، یاخود سەبەتەی خۆراک، یاخود ڕێگهی دیکە لەلایەن (بانکی ناوەندی) بۆ کەمکردنەوەی ئەو بار قورسەی کە لەسەر چینی کەمدەرامەت هەیە، هەموو وڵاتێک (بانکی ناوەندی) هەیە و پارەی ئەو وڵاتە چاپ دەکات، توانای داوە بەو پارچە وەرەقەیە کە تاکەکانی کۆمەڵگا بەکاری دههێنن. چوارساڵ پێش ئێستا وڵاتی “یۆنان” هەمان دۆخی ئێراقی هەبوو (خەرجی زۆر بوو و داهاتی کەمبوو) داهاتەکەی بەشی خەرجیەکەی نەدەکرد بانکی ئەوروپی (٣٠٠) ملیار یۆرۆیان پێ دا تاکو چارەسەری ئەو دۆخەی پێ بکات کە وڵات توشی بووە، کە لە لێواری داڕمان نزیکتربوو، خۆش بەختانە ڕزگاری بوو. “ئێراق” گرفتەکەی زۆر گەورەیە بە بەراورد بە وڵاتانی دیکە، لە یەک ساڵدا واتە ساڵی ٢٠٢١ەدا (١٥-٢٥) ملیار دۆلار قەرزی کردووە، تەنها بۆ مووچەی چوار مانگ، جگە لەمەش بانکی ناوەندییەکەی (٩٠) ملیاردۆلاری تیابوو، (٦٠)ملیاری سەرفکردووە تەنها (٣٠)ملیاردۆلار تیایدا ماوەتەوە وەک یەدەگ (احتیاگ)، بەس ئەو پارەیەی لەناو وڵاتدایە واتە چاپیکردووە (٤٠)ملیارە. زەنگی مەترسیدار ئەوەیە؛ هەموو وڵاتێک چەند پارەی خۆی هەبوو، دەبێت لە بەرامبەر ئەو پارەیەدا ئەوەندە دراوی وڵاتێکی بەهێزی تری هەبێت، کە لەزۆربەری وڵاتاندا (دۆلار)ە، لە ئێراقدا دۆلار ڕوو لە کەمبوونە، بۆیە گەر بێت و دۆلاری نەمێنێت ئەوە بەهای پارەکەت کە (دینارە) یەکسان ئەبێت بەسفر.
بۆ ئەوەی ئێراق-یش دراوەکەی وەک لیرەی(تورکی و، سوری و، تمەنی ئێرانی) لێ نەیەت، وەک ئاشکرایە کە دە هێندەی خۆی بەهاکەی دابەزیووە، ئەم بڕیارەی دراوە؛ گەر “ئێراق” وانەکات ئەوە دراوی عێراق-یش کە دینارە توشی هەمان گرفت ئەبێت، ئەوەی باجی ئەم دۆخە ئەدات لە ساڵی ٢٠٢١دا (کڕیار، فەرمانبەر و کاسبکار)ە هاوڵاتیەک-یش مووچەخۆری حکومەتیش نەبێت باج ئەدات، ئەم بڕیارەی کە دراوە لەماوەی درێژخایەندا سوودی هەیە، بەڵام لەماوەی کورت خایاندا گرفتە بۆ چینی هەژار، ئەگەر ئەمەی نەکردایە دەبوایە (٥٠-٦٠) ترلیۆن دینار قەرزی بکردایە بۆ پرکردنەوەی کورتهێنان. بەڵام بەمە بڕی (٣٥)ترلیۆن دیناری پڕکردۆتەوە.
دەرئەنجام
لەساڵی ٢٠٠٥ تاکو ئێستا؛ ئێراق بەهای دراوەکەی بەهێزە بە بەردەوامی، بەڵام بەرزی بەهای پارەکەی هیچ سوودێکی نەگەیاندووە بە تاکەکانی کۆمەڵگەی ئێراقی، بەڵکو زەرەرمەندیش بوون، وەک دەبینن چەندین کارگە و شوێنی دروستکردنی بەرهەمی ناوخۆیی داخراون، ئەویش بە هۆکاری هاوردەکردنی کاڵای بیانی بۆ ناوخۆی ئێراق، چونکە ئەو وڵاتانەی کە کاڵاکەی لێ هاوردە دەکرا بەهای پارەکەیان نزم بوو، بە نموونە؛ دروستکردنی “خشت” لە ناوچەکانی خوارو و ناوەراستدا کاتێک بەرهەمدەهێنرا ١دانە بە (١٠٠٠) دیناری ئێراقی دەفرۆشرا، بەڵام هەمان کاڵای وڵاتی “ئێران” بە نرخی (٥٠٠) دینار هاوردە دەکرا ئەمەش دەبووە هۆکاری ئەوەی کارگە و (کارخانەکانی) ئێراق لە کاربکەون و مایەپووچ بن. “ئێراق” دەتوانێت وەک وڵاتی ئەردەن بکات، دەبینین؛ زۆربەی خانووەکانیان بەیەک جۆر(بەرد) دروستدەکرێت سەرجەمیان، کە ڕەنگی سپییە چونکە حکومەتی ئەردەن ڕێگانادات بە وەبەرهێنەرەکانیان تاکو هاوردەی هیچ جۆرە بەردێکی تر بکرێت تاکو بەرهەمی ناوخۆی ساغ بێتەوە و کارخانەکان مایەپووچ نەبن، بەهێزی بەهای دینار لە ئێراقدا سوودی تەنها بە کۆمەڵێ دەستە و گروپ لە حکومەت و بانک گەیاندووە، کە نووسینگەی حەواڵەی پارەیان هەبووە، سوودمەند بوون لەو مەزادەی کە هەبووە لە بانکی ناوەندیدا لە ئێراق. یەکێک لەچارەسەرەکان کە (بانکی نێودەوڵەتی) دایناوە بۆ “ئێراق” بۆ ئەوەی ئابورییەکەی نەڕووخێت (تدمیر) نەبێت، وڵاتەکانی (تورکیا-ئێران) بەهای پارەکەیان لاوازە. ئەمە وایکردووە کە تاکەکانی کۆمەڵگەی ئێراقی کارنەکەن و بیر لە دروستکردنی کارگە و پێشخستنی کەرتی( پیشەسازی و کشتوکاڵ)ی نەکەنەوە، هەمووی چاوەڕێی دامەزراندن و کارکردنن لە کەرتە خزمەتگوزارییەکاندا هەر کاڵایەکیان ویست لە دەرەوەی وڵات هاوردەی دەکەن.
زیادکردنی باج لەسەر هاوردەکردنی کاڵا و شمەکی هاوردەکراو، زیادکردنی یارمەتی و دەستگیرۆیی بۆ وە بەرهێنەرە (ناوخۆییەکان-جوتیارەکان)، تاکو بتوانن بەئاسانی وەبەرهێنان بکەن لە ناوخۆدا، بەبۆنەی ئەم بڕیارەی کە بانکی ناوەندی داویەتی، سوودی ئەم بڕیارە، وە کاریگەری بەسەر هەردوو کەرتی کشتوکاڵی و پیشەسازی دەردەکەوێت لە ماوەی درێژخایەندا لە ساڵەکانی (٢٠٢٣)بەدواوە، لە ئێستادا کاریگەری ئەوتۆی نابێت بۆ وەبەرهێنان لەناوخۆدا هەر بە سستی دەمێنێتەوە، لەدوای کەوتنی ڕژێمی “سەدام حسین” حکومەتی “ئێراق” چ بە مادی و، چ بە مەعنەوی، لە پشتیوانییەکی نێودەوڵەتی گەورە بەهرەمەند بوون، بەڵام ئاکامی هەموو ئەو پشتیوانییە سیستمێکی حوکمڕانی خراپ و دۆخێکی ئابوری شکستخواردووی لێ بەرهەمهات کە پێویستی بە چاکسازی ریشەیی هەیە، ئەوەی دیارە چاکسازیی لە ئێراقدا ساڵانە وەک دروشمێک دەوترێتەوە دوایەمین لێدوانی وتەبێژی حکومەتی “ئێراق” ئەوەیە کەساڵی (٢٠٢١) ساڵی چاکسازیە، ئەمە لە کاتێکدا هەر ئەو حکومەتە و، حکومەتەکانی پێشوتریش هەمان دروشمیان بۆ ساڵەکانی پێشوتریش هەبووە، بەڵام گرفتی چاکسازی ئەوەیە؛ بەدروشم ئاسانە و بەکردار تاڵ و قورسە، ئەویش؛ لەبەرئەوەی چاکسازی بە کردار لێدانە لە بەرژەوەندی دەستڕۆیشتوەکانی ئێراق.
سەڕەڕای هەموو بێ هیواییەکانی خەڵکی “ئێراق” لە نوخبەی دەسەڵاتداری سیاسی، بەڵام هێشتا گەلانی “ئێراق” چاوەڕێن چاکسازی لە دروشمێکەوە ببێت بەکردار و، نەهامەتییەکانی (٢٠٢٠) کە کۆرۆنا پەردەی لەسەریان هەڵماڵی وانەیەک بن لەمساڵدا، واتە؛ (٢٠٢١)چاکسازی بکەنە کردارێکی راستەقینە، دەنا کەشتیەکە بە هەمووانەوە، ژێر ئاو دەکەوێت، سەبارەت بە هەرێمی کوردستان-یش کە بەشێکە لە کۆی سیستمی ئابوری ئێراق، گرنگە بتوانێت جیاواز لەو سیاسەتە شکستخواردووەی کە لەئاستی ئێراقدا له ئارادایە، بتوانێت پلان و کارنامەیەکی نوێ کە پشتبەست بێت بە چاکسازی راستەقینە و بوژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ دابڕێژێت و، خۆی ئامادە بکات بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی هەر ئەگەرێک کە لە ئەنجامی سیاسەتی شکستخواردووی ئیدارەدانی ئابوری ئێراق بێتە ئاراوە.