یەکێک لە بنەماکانی مانەوە و بەھێزبوونی کەسایەتی، شکاندنی بەربەست و کۆسپەکانە، بە شێوەیەک، مرۆڤ لە تافی لاوییەوە، کە دەگاتە قۆناغی تێگەیشتن و پێگەیشتن، لەو کاتەی دیدگای بۆ گۆڕانکاریی ھەیە و ھەوڵ بۆ پڕکردنەوەی کەلێن و کەموکوڕییەکان دەدات، ئالنگاریی زۆری دێنە پێش.
کەسانی لێھاتوو، زیرەک و شارەزا، کاتێک دەیانەوێ ئەسپی خۆیان لە مەیداندا تاو بدەن، تەگەرەی زۆریان بۆ دروست دەکرێت، ئەو بەربەستانەش بەردەوام لەلایەن توێژێكی دواکەوتوو و چەقبەستووەوە دێنە پێش، کەسانێک کە خۆیان ھیچ جۆرە بەھرە و توانایەکیان لە ھەگبەدا نییە، ھەوڵی ساردکردنەوەی ئەوانی دیکە دەدەن.
ئەم ڕکەبەرییانە بەردەوام لەو شوێنانە دروست دەبن کە جووڵەکان زۆرن و گۆڕانکاری ھەن، ئەگەر ئەمە ببەستینەوە بە پرۆسەی حوکمڕانی و حوکمدارییش، بە ڕوونی و دروستی ئەم بەربەستانە دەبینین، كە تویژی گەندەڵکاران بەردەوام دژی چاکسازییە، ھیچ ھەنگاوێک کە دژی بەرژەوەندییەکانیانە، قبووڵ ناکەن، ئەگەر بەرژەوەندیی گشتییشی تێدابێت.
پیاکوژەکان دژی سەروەریی یاسان، بەردەوام ھەوڵ دەدەن ژەھری نوێ فڕێ بدەنە کۆمەڵگەوە، تا دەری بخەن کە دەتوانن ئامانجە نایاساییەکانیان تێپەڕێنن. ھەرێمی کوردستان بەدەر نییە لەم کێماسییانە، بەردەوام بەشێکی خەڵک، یان لایەنێک دژی چاکسازی و پرۆسەی ئیدارەدانی دروستە، ئەم بەشە ھەوڵی تەواوەتی دەدات، کە خەڵک سارد بکاتەوە لەوەی چاکسازی سەر ناگرێت و کاتییە، دەیان بوختان و تۆمەت دروست دەکەن، تەنیا بۆ ئەوەی بڕگەیەکی چاکسازی سەر نەگرێت.
دژایەتیکردنی یاسا و بنەماکانی دیموکراسی مێژووییەکی باشی نەبووە، مێژوو سەلماندوویەتی، ھەر حزبێک دژی سەروەریی یاسا و سزادانی تاوانباران وەستابێتەوە، ئەزموونەکەی زۆری نەخەیاندووە.
مەبەستمە بڵێم؛ بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە سەر ڕێچکەی ڕاست و دروستی خۆی، پێویستە بەربەستەکانی پێش چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێم بشکێنرێن، نەک لەناوەخۆ، بەڵکوو لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش ھەموان ئەوەیان لەم ھەرێمە دەوێ.
ئیدی ھەموو ئەوانەی کە دژی چاکسازیین، دژی یەکدەستی و یەکداھاتیین، دژی یەکگرتنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگەن، ڕۆژ دوای ڕۆژ متمانەی دەنگدەرانی خۆیان لەدەست دەدەن، جیا لەوەی دەبنە بارگرانی بەسەر خەڵکی خۆیانەوە، دەشبنە مایەی سەرئێشە بۆ خەڵکی کوردستان بەگشتی.
لایەنێک ئەگەر ترسی لە ھەڵبژاردن ھەبێت و تاوانباران داڵدە بدات و تەگەرەی ئیقلیمی لەپێش ھەرێمی کوردستان دروست بکات، ڕێک ئەو وتەیە دەیگرێتەوە: ”ئەگەر دۆستێکی وەک تۆم ھەبێت، دوژمنم بۆ چییە؟“