هەفتەی ڕابردوو “زەبیحوڵڵا موجاهید”ی، وتەبێژی تاڵیبان ڕایگەیاند؛ وڵاتی “چین” دەبێتە “گرنگترین هاوبەشی حکوومەتی نوێی ئەفغانستان و ئەو وڵاتە دەرفەتێکی بنچینەیی و ناوازەیە بۆ ئێمە… چین دەروازەی ئێمەیە بۆ سەرجەم بازاڕەکانی جیهان”.
لەکاتێکدا ماوەیەکی کەم بەسەر سەردانەکەی “مەلا عەبدولغەنیی برادەر” بۆ وڵاتی “چین” لە کۆتایی مانگی تەمموزدا تێپەڕ دەبێت، ئەم جۆرە لێدوانانە لەلایەن بەشێك لە چاودێرانەوە وەك دوپاتکەرەوەی ئەوە لێك دەدرێنەوە “چین” لایەنی براوەی ستراتیژیی ئاشکرای ڕووداوەکانی ئەم دواییانەیە. هاوپەیمانیی ڕاشکاوانەی “چین” لەگەڵ حکومەتی نوێی ئەفغانستان زامنی ئەوە دەکات کە وڵاتەکە دەتوانێت لەڕێی لکاندنی تەواوەتیی “ئەفغانستان” بە پڕۆژەی پشتێن و ڕێگەی وڵاتەکەیەوە، سالارییە ئابوورییەکەی پتەو بکات، خۆی وەك گەرەنتیکەرێکی ئاسایشی هەرێمایەتی جێگیر بکات دەست بە وەبەرهێنان لە سامانە کانزاییەکانی ئەفغانستان بکات کە بەهاکەی بە 1 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
“پرۆژەی پشتێن و ڕێگەی چین لەمێژە ئەفغانستانی وەك بەشێکی سەرەکیی دیدگە مەزنی ڕێگەیەکی نوێی ئاوریشم وێنا کردووە”
بەدڵنیاییەوە پێکهاتنی حکومەتێکی ئەفغانیی دۆستانە و کۆتاییهێنان بە نزیکەی نیو سەدە لە جەنگ، سوودێکی ئێجگار زۆری بۆ وڵاتی چین دەبێت. پرۆژەی پشتێن و ڕێگەی چین لەمێژە ئەفغانستانی وەك بەشێکی سەرەکیی دیدگە مەزنی ڕێگەیەکی نوێی ئاوریشم وێنا کردووە، ئەوەیش بە لەبەرچاوگرتنی گەیشتنی خێرا لە وڵاتەکەوە بەنێو تەواوی ڕووبەرە بەرفرەوانەکانی ئۆڕاسیا و ئەفریقا.
بە خەرجکردنی ملیاران دۆلار لە وەبەرهێنان لە ژێرخانی وڵاتانی هەژار، پڕۆژەکە پاوانخوازترین پڕۆژەی هاوئاهەنگیی جیهانیی ئابوورییە تا ئێستا وێنا کرابێت، لە باشوورەوە تا باشوور درێژ دەبێتەوە و ئەگەری ئەوەی لێ دەکرێت بە یەکجار و بۆ هەمیشە بەشی باشوور لە داگیرکارییە نوێکەی لە پشتبەستن بە بازاڕ، دارایی و تۆڕە دابەشکردنە ڕۆژئاواییەکان ئازاد بکات. بەلای چینیشەوە، پڕۆژەکە دیدگەی مەزنی کۆتاییهێنان بە پشتبەستنی وڵاتەکە بە بازرگانیی دەریایی لەخۆ دەگرێت (ئەو بازرگانییەی لە ژێر ڕەحمی کۆنترۆڵی دەریاوانیی ئەمریکادایە بەسەر گرنگترین خاڵە پشکنینەکانی جیهان) ئەوەیش بواری پێدەدات پێداویستییەکانی وجوه (وزەی هاوردە بکات و شمەکەکانی هەناردە بکات بەبێ ئەوەی کەشتییە بارهەڵگرەکانی لەبەرچاو بن، بەوەش لەوانەیە بە گورزێك دووایین خاڵی زاڵبوونی ئەمریکا تێکبشکێنێت.
“ئەفغانستان وەك دەروازە”
هەروەها ئەفغانستان (دەروازەی نێوان ئاسیای ناوەڕاست و ئەفریقای باشوور) بەشێکی گرنگ و دانەبڕاوی بەدەستهێنانی ئەو دیدگەیەیە. باڵیۆزی “چین” لە “ئەفغانستان” لە ساڵی 2016ـدا ڕایگەیاند، “بەبێ دەروازەی ئەفغانستان، هیچ ڕێگەیەك نییە چین بە تەواوی جیهان ببەستێتەوە”. بەڵام هۆکاری وردی کێشەکە ئەوەیە کە ئەفغانستانێکی سەقامگیر توانای پێکەوەبەستنی باشووری جیهانی هەبێت، لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە مایەی قەبووڵ نییە. “ئالاستایر کرۆك”، ئەفسەری پێشووی پەیوەندییەکانی موجاهیدین دەڵێت، “دەبێت پێشبینیی ئەوە بکەین کە سی ئای ئەی (دەزگای هەواڵگریی ناوەندی) هەوڵ دەدات هێزێکی یاخیی دژی حکومەتی نوێی ئەفغانستان دروست بکات”. ماڵپەڕی “Asia Times”ـیش ڕایدەگەیەنێت؛ “ئەفغانستانێکی ناسەقامگیر کە هەڕەشەی تیرۆر هەناردەی ڕکابەرە ستراتیژییەکانی وەك ڕووسیا، چین و ئێران بکات، خزمەت بە بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیکییەکانی ئەمریکا دەکات”.
بە لەبەرچاوگرتنی دانپێدانانی تووندی ستراتیژییەتی بەرگریی نیشتیمانیی ئەمریکا کە “لە ئێستادا ئامانجی سەرەکیی ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا ڕکابەریی ستراتیژیی نێوخۆییە، نەك تیرۆر”، هاوشانی پابەندبوونی بە پاڵنانی ڕکابەرەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ململانێ و ناکۆکی لە هەلومەرجە دژوارەکاندا، وا پێدەچێت ئەم جۆرە نیگەرانییانە تووند ڕەگیان داکوتابێت.
بەڵام ئایت “ئەمریکا” کە لە ئێستادا هێزەکانی ناوچەکەیان چۆڵ کردووە، لەگەڵ “بەریتانیا”ی هاوپەیمانی نزیکی دەتوانن درێژە بە جەنگە دڵخوازەکەیان بدەن؟ بەشێوەیەکی گشتی، سێ هەڕەشەی سەرەکی هەن لەبەردەم ئەفغانستانێکی ئاشتیخواز و سەقامگیری داهاتوو، کە سەرجەمیان پەیوەندیی مێژووییان بە هێزە تایبەتەکانی ڕۆژئاواوە هەیە. دیارترین هەڕەشە بریتییە لە لقی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) لە ئەفغانستان هێرشەکەی 26ـی تەمموزی ئەم گرووپە بۆ سەر فڕۆکەخانەی “کابول” ئاماژەیەکی خستەڕوو لەبارەی داهاتوویەك هاوشێوەی ڕابردووە ترسناکەکەیان. “پیپی ئێسکۆبار” لە ماڵپەری “Asia Times”ـدا دەڵێت، “لە ناوەندە هەواڵگرییە سەربازییەکاندا لە ئۆراسیا ئەوە ئاشکرایە کە لەدوای ساڵی 2020 و بەهۆی هێڵی گواستنەوە پارێزگای ئیدلیبی سووریاوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان، داعش لە ئەفغانستان بەشێوەیەکی دیار و بەرچاو بەهێزتر بووە، کە بەم هۆیەوە مۆسکۆ و تاران، تەنانەت لە ئاستە هەرە باڵا دیبلۆماسییەکاندا، بەتووندی هاوپەیمانیی ئەمریکا-بەریتانیایان بە هۆکاری سەرەکی تۆمەتبار کردووە.
بەپێی هەواڵی گۆڤاری “New York Times”، لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا نزیکەی 10 هەزار چەکداری جیهادی چوونەتە نێو خاکی ئەفغانستانەوە، لەنێویاندا هێزە هاوپەیمانەکانی داعش لە ئەفغانستان، کە دەبنە ئاستەنگێکی سەخت لەبەردەم ئەو سەقامگیری و ئاسایشەی تاڵیبان بڕیاری داوە بۆ وڵاتەکە فەراهەمی بکات”.
“سەرکردە جەنگییەکان”
دووەم هەڕەشە؛ بریتییە لە سەرکردە جەنگییە بەدناوەکانی ئەفغانستان، بەشێکیان جەنگاوەرە کۆنەکانی جەنگی دژی سۆڤییەتن لە ساڵانی 1980ـکان. بەهێزترینیان بریتین لە (ئەحمەد مەسعود، کوڕی ئەحمەد شا مەسعود) تاوانباری جەنگ و (عەبدولڕەشید دۆستەمی) هاوپەیمانی سی ئای ئەی، هەروەها (عەتا موحەممەد نوور)، کە کوڕەکەی دەرچووی ئەم دواییانەی ئەکادیمیای ساندهۆستی سەربازییە. تا سەرەتای ئەمساڵیش، تەواوی ئەو کەسانە دەسەڵاتداری میلیشیا و ناوچە گرنگەکان بوون. بەڵام، تاڵیبان سەرجەمیانی ڕاماڵی و لە ئێستاشدا سەرجەمیان لە وڵاتەکە ڕایان کردووە. بەڵام لەوانەیە “گولبودین هێکماتیار”، ترسناکترین سەرکردەی جەنگیی پێشووی وڵاتەکە هێشتا کارتی بەدەستەوە مابێت. ناوبراو سوودمەندێکی پشتیوانیی (سی ئای ئەی) و بەریتانیایە لە ساڵانی 1980ـکان کە تێزابی بە ڕووخساری ئافرەتێکدا کرد و کاتێك ڕووبەڕووی مارگرێت تاچەر بووەوە، “بە داماڵینی پێستی کەسانی بێباوەڕ بە زیندوویی ناوی دەرکرد” و دوای دەرچوونیشی لە هێزە داگیرکەرەکانی “کابول”، لە ساڵی 1992ـدا بەردەوام بوو لە بۆمبارانکردنی بێڕەحمانەی شارەکە. ناوبراو لە دانوستانی قووڵدا بووە لەگەڵ تاڵیبان و، دەتوانێت هێشتا کێشە بنێتەوە گەر کارەکان بەدڵی ئەو بەڕێوە نەچن، بە تایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی پەیوەندییەکانی بەو کەسایەتییە بەهێزە سیاسییانەی دوای دانوستانەکان لە حکومەتەکەی تاڵیبان بەدەر نران، وەك حەمید کارزای و عەبدوڵڵا عەبدوڵڵا.
لەکۆتاییشدا، ئەگەری سەرهەڵدانی دژایەتی و ناکۆکی لەنێو ڕیزەکانی خودی تاڵیبان لەئارادایە. چونکە سەرکردایەتیی تاڵیبان پێداگری کردەوە لەسەر ئەوەی وێنەیەکی ڕوون نیشانی جیهان بدات و، جەختی لەسەر پابەندبوونی بە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، خوێندنی کچ و ئافرەتان، حکومەتی گشتگیر و پەیوەندیی دۆستانە لەگەڵ وڵاتی چین کردۆتەوە.
“ئەگەری زۆرە ناڕەزایەتیی سەرهەڵبدات و تەشەنە بسەنێت، ئەوەیش بەهۆی خراپتربوونی هەلومەرج و باردۆخە کۆمەڵایەتییەکانەوە. هاوکات ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە کۆی گشتی 9.5 ملیار دۆلاری یەدەگی بانکە ناوەندییەکانی ئەفغانستانی بلۆك کردووە”
لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا دەسەڵات لەدەستی چەکدارەکاندایە، نەوەك وتەبێژە سیاسییەکان و، قەبووڵکردنی ئەم ئەجێندا نوێیەش جارێ ئەگەرێکی دوورە. ئاماژەکانی ناڕەزایەتی لە سەروبەندی دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتدا سەریانهەڵدا، کاتێك “مەلا موحەممەد یەعقوب”، کوڕی “مەلا عومەر”ی دامەزرێنەری تاڵیبان و سەرکردەی تۆڕێکی گەورەی فەرماندە زەمینییەکان، ڕایگەیاند، “با ڕوون بێت کە ئەوانەی لە ژیانێکی سەرمایەداری لە دەوحە دەژین ناتوانن فەرمان بۆ چەکدارەکان دەربکەن”. ئەگەری زۆرە ناڕەزایەتیی سەرهەڵبدات و تەشەنە بسەنێت، ئەوەیش بەهۆی خراپتربوونی هەلومەرج و باردۆخە کۆمەڵایەتییەکانەوە. هاوکات “ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا” بە کۆی گشتی 9.5 ملیار دۆلاری یەدەگی بانکە ناوەندییەکانی ئەفغانستانی بلۆك کردووە و سندووقی نێودەوڵەتیی دراویش ڕەتی کردۆتەوە قەرز بە وڵاتەکە بدات، ئەوەیش بۆتە هۆی ئەوەی حکومەتی نوێ نەتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی حکومی دابەش بکات یاخود پارەی کەلوپەلی هاوردەکراو بدات. هەروەها ئەگەری ئەوە هەیە هەر ئاماژەیەکی ملکەچبوونی کابولیش بۆ فشارەکانی ڕۆژئاوا بۆ سەپاندنی لیبراڵیزمێکی دەرەکی ببێتە هۆی بەرتەسککردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سەرکردایەتی و ئەفسەر و سەربازە پلەدارەکانی نێو ڕیزی سوپای وڵاتەکە.
دەکرێت سەرجەم ئەو هۆکارانە زەمینەیەکی لەبار بڕەخسێنن بۆ دووبارە بەسەربازکردنەوەی چەکدارەکان لەلایەن “داعش” لە “ئەفغانستان” یان هێنانەوە سەرکاری سەرکردەکانی میلیشیاکان. ئەو پرسیارەی لێرەدا دەمێنێتەوە بریتییە لەوەی؛ ئاخۆ بەخشندەیی چین دەتوانێت بەشێوەیەکی خێرا بۆشاییە داراییەکان پڕ بکاتەوە بۆ خۆلادان لە کارەساتێکی مرۆیی، بە سەرجەم لێکەوتە سیاسییەکانیشیەوە یاخود نا. ئەوەی تا ئێستا ڕوونە ئەوەیە وا دەردەکەوێت کە ئەو سیاسەتانەی ڕۆژئاوا بە ئەنقەست بن و مەبەست لێیان دروستکردنی دابەشکاری بێت.
نووسینی: دان گلازێبرووك، نووسەر و ڕۆژنامەنووسی سیاسی. نووسەر لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بەکارهێنانی تووندوتیژی لە سیاسیەتی نیوخۆیی و دەرەکیی بەریتانیا.
وەرگێڕان: محەمەد ڕەحمان فەیزوڵڵا