لە ١٣ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ـدا، سێرجی ریابکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕەتی کردەوە ئەگەری بڵاوکردنەوەی ژێرخانی سەربازیی ڕووسیا لە وڵاتانی دەرەوەی ئەورووپا وەك کوبا یان ڤەنزوێلا پشتڕاست بکاتەوە یان بەدرۆی بخاتەوە. لەهەمان کاتدا، دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین (کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا) لە پێشانگایەکدا سەرنجی خۆی لەسەر ئەو لێدوانە پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند، ” ڕووسیا بیر لە چۆنییەتی زامنکردنی ئاسایشی خۆی لە چوارچێوەی دۆخی ئێستادا دەکاتەوە”. ئەم لێدوانە یەك لەدوای یەکانەی بەرپرسانی ڕووسیا بوونە هۆی وروژاندنی چەندان پرس لەبارەی پاڵنەرەکانی مۆسکۆ لە هەڵگرتنی ئەم هەنگاوە و، چەند فاکتەرێکی دیاریکراوی تواناکانی لەم کارە، ئەمە هاوشان لەگەڵ لێکەوتە ئەگەرلێکراوەکانی سەر هەژموونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئاسایشی نەتەوەییەکەی لەو نیوەیەی گۆی زەوی.
“چەند پاڵنەرێك”
هەڕەشەی ناڕاستەوخۆی ڕووسیا لە توانای بڵاوکردنەوەی هێزە سەربازییەکانی لە وڵاتانی ڤەنزوێلا و کوبا، لەسەر زاری بەرپرسە باڵاکانی و بەدیاریکراوی لەم کاتەدا، کە دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا و هاوتاکەی، نیکۆڵاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا هات لە 11ـی ئەم مانگە، بە مەبەستی پتەوکردنی هاوئاهەنگیی دوولایەنەی هەردوو وڵاتە لە بوارە ستراتیژییە جیاجیاکان، پاڵپشت بە چەند فاکتەرێك، لەوانە:
1.پتەوکردنی بەرپەرچدانەوەی هاوبەش
ناتوانرێت بەبێ بابەتی گرژییە هەڵکشاوەکانی نێوان ڕووسیا و ئەمریکا باس لە هەڕەشەی ڕووسیا بکرێت لە بڵاوکردنەوەی پێگە سەربازییەکانی لە ڤەنزوێلا و کوبا و بەدیاریکراویش لەم ئان و ساتەدا، ئەوەش بەهۆی ترسی ڕۆژئاوا لە هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا و کۆکردنەوەی هەزاران سەربازی هێزە چەکدارەکانی لەسەر سنووری ئۆکرانیا و، هەڕەشەکانی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکا بەوەی ئەم هەنگاوە، لە ئەگەری ڕوودانیدا، دەرئەنجامی “کارەساتبار”ـی دەبێت بۆ ڕووسیا. ئەوە لەکاتێکدایە کە مۆسکۆ داوای دەستەبەری زۆرەکیی یاسایی دەکات لە فراواننەکردنی ئەندامێتیی هاوپەیمانیی ناتۆ لە گرتنەخۆی ویلایەتەکانی سۆڤییەتی پێشووی، وەك ئۆکرانیا و جۆرجیا، لەسەر بنەمای ئەوەی ئەوە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ڕووسیا.
لەسەر ئەو بنەمایە، لێدوانەکانی ئەم دوواییەی بەرپرسانی ڕووسیا، چەند ئاماژەیەکی ڕەمزیی بەهێزیان هەڵگرتووە کە هەڵقوڵاوی هەوڵەکانی مۆسکۆن لە ناردنی پەیامێك بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە ناوەڕۆکەکەی بریتییە لەوەی؛ ڕووسیا دەتوانێت لەنێو جەرگەی ستراتیژیی ئەمریکا بەرپەرچی هەڕەشەی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر وڵاتەکەی بداتەوە، ئەوەیش لەڕێی پتەوکردنی بوونی سەربازی و ئەمنیی ڕووسیا لە دەروازەی پشتەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەوەیش بەواتای هەڕەشەکردن لە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا و تەحەدای هەژموونە مێژووییەکەی دێت لە ئەمریکای لاتین، کە ئەوەیش ڕەنگدانەوەی خواستی ڕووسیایە لە پێکهێنانی ئەوەی کە دەکرێ بە “کاریگەریی بەرپەرچدانەوەی دوولایەنە” بۆ سەر واشنتۆن وەسف بکرێت، کە مەبەست لێی ڕووبەڕووبوونەوەی دەستتێوەردانی ئەمریکایە لە دەروازەی پشتەوەی ڕووسیا، بەدیاریکراوی لە ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا و بەتایبەتیش بەهۆی جموجۆڵەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا لە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا.
2. بەدیهێنانی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان
هەوڵەکانی مۆسکۆ لە پتەوکردنی بوونی سەربازیی لەو نیوەیەی ڕۆژئاوای گۆی زەوی پەیوەستە بە ڕەهەندی جیۆپۆلەتیکییەوە، ئەوەیش بەهۆی گرنگیی جیۆستراتیژیی ناوچەی ئەمریکای لاتینی بەهۆی نزیکییە جوگرافییەکەی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان. نەك تەنیا ئەوەندە، بەڵکوو بابەتەکە پەیوەندی بە گرنگیی هەڵکەوتەی ناوچەکەوە هەیە لە چوارچێوەی ئەجێندای سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا. بۆیە گرنگە لە چوارچێوەی دیدی فراوانی هەوڵەکانی مۆسکۆ لە بەدیهێنانی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی، لە هەڕەشە بەردەوامەکانی ڕووسیا بۆ بڵاوکردنەوەی هێز و بنەمای سەربازی لە ئەمریکای لاتینی بڕوانین؛ لەوانە کردنەوەی بازاڕی نوێ بۆ بەرهەم و کاڵاکانی و بەدەستهێنانی دەستکەوتی ئابووری لە فرۆشتنی چەك بە وڵاتانی ئەمریکای لاتینی.
لەم چوارچێوەیەدا، لەماوەی ساڵی 2006 بۆ 2016، ئاستی بازرگانیی ڕووسیا لەگەڵ ئەمریکای لاتین بەڕێژەی 44% و بۆ 12 ملیار دۆلار زیادی کردووە، نزیکەی نیوەی ڕێککەوتنە بازرگانییەکانی مۆسکۆش بۆ بەڕازیل و مەکسیك بووە و وەبەرهێنانەکانی ڕووسیا لە ئەمریکای لاتین بەڕوونی تیشکی خستۆتە سەر کەرتەکانی نەوت و گاز. لەهەمان کاتدا ڕووسیا کاری کردووە بۆ پتەوکردنی شەراکەتی ئەمنی و بوونی خۆی لە بازاڕەکانی چەکی ئەمریکای لاتین، ئەوەیش لەڕێی ئەو ڕێککەوتنانەی فرۆشتنی چەك کە زۆرینەیان بۆ ڤەنزوێلا نێردراون.
3. پێکهێنانی هاوپەیمانیی دژی ئەمریکا
لەماوەی دواییدا، هەوڵەکانی ڕووسیا بەو ئاڕاستەیەدا چوون کە سوود لەو گۆڕانکارییانەی سیاسەتی ئەمریکا ببینن کە بوونەتە هۆی گرژبوونی پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ بەشێك لە وڵاتانی ناوچەکە و، ڕووسیاش لەلایەن خۆیەوە لە هەڵبژاردنەکانی سەرانسەری ئەمریکای لاتین پشتیوانیی ئەو بەربژێرە چەپانەی کردووە کە دژی واشنتۆنن، هاوکات هەوڵی فراوانکردنی دەرفەتەکانی بازرگانی و وەبەرهێنانیش لەگەڵ ناوچەکە دەدات.
ئەگەری ئەوە لەئارادایە کە بڵاوبوونەوەی سەربازیی ئەگەرلێکراوی ڕووسیا لە بەشێك لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین، ببێتە هێزێکی پاڵنەری دیکە بۆ هەوڵەکانی بەشێك لە هێزە ڕکابەرەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە مەبەست لێی کەمکردنەوەی هەژموونی ئەو وڵاتەیە لە ئەمریکای لاتین، بەدیاریکراویش چین و ئێران؛ چونکە لەماوەی چەند ساڵی دواییدا هاوئاهەنگیی گەورە لەنێوان ئەو سێ وڵاتە (ڕووسیا، چین و ئێران) هاتۆتە ئاراوە لەبارەی قەیرانی ڤەنزوێلا و سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر حکومەتانی بەشێك لە وڵاتانی ناوچەکە و، ئەو وڵاتانە دەستێوەردانەکانی ئەمریکا لە کاروباری نێوخۆیی وڵاتانی ئەمریکای لاتین ڕەت دەکەنەوە.
“سنوورە بنەڕەتییەکان”
چەند فاکتەرێك هەن کە توانای مۆسکۆ لە بڵاوکردنەوەی پێگە و بنەما سەربازییەکەی لە ڤەنزوێلا و کوبا دیاری دەکەن، دیارترینیان:-
1. لێکەوتەکانی قەیرانی ئۆکرانیا
ئەگەری شکستهێنانی ئەمریکا و ڕووسیا لە گەیشتن بە ڕێککەوتن بۆ چارەسەری ئاشتییانەی قەیرانی ئۆکرانیا و، هێرشی مۆسکۆ بۆ سەر ئۆکرانیا و سەپاندنی سزا بەسەریدا لەلایەن ئەمریکاوە، دەبێتە پاساوێکی بەهێز بۆ ڕووسیا تا لە هەڕەشەکانی بە بڵاوکردنەوەی بنەما و کەرەستە سەربازییەکانی لە بەشێك لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین هەنگاو بنێت. ئەوەی ئەم ئەگەرە بەهێز دەکات، ئەو پاشخانە زۆرە مێژووییەی مۆسکۆیە لە ناردنی کەرەستەی سەربازی بۆ ڤەنزوێلا، کاتێك لە ساڵەکانی 2008، 2013، 2018 و 2019ـدا چەند مووشەکێکی خاوەن توانای ناوەکیی جۆری Tu-160، کەشتی جەنگی و سەد سەرباز، هەندێك خانەنشینکراوی سەربازی و کۆمپانیای ئەمنیی تایبەتی ڕووسیی بۆ وڵاتی ڤەنزوێلا نارد.
تەواوی جموجۆڵەکانی پێشووتری ڕووسیا لەژێر ناوی بەهێزکردنی هاریکاریی سەربازی و ئەنجامدانی ڕاهێنانی هاوبەش بوون لەگەڵ ڤەنزوێلا، لێ لەڕاستیدا هەوڵی مۆسکۆ بوون بۆ هاوسەنگکردنەوەی فشارە نێودەوڵەتییەکانی دژی کردەکانی ڕووسیا لە وڵاتی جۆرجیا لە ساڵی 2008 و، لە وڵاتی ئۆکرانیا لە ساڵی 2013-2014. هاوکات هەندێك کاتیش وەك کاردانەوەیەك بووە بۆ ڕاگەیاندنی نیازی واشنتۆن لە کشانەوە لە پەیماننامەی مەودا مامناوەندی هێزە ناوەکییەکان لە ساڵی 2019ـدا. لەهەمان کاتدا، مەبەست لە جموجۆڵە سەربازییەکانی ڕووسیا لە ڤەنزوێلا بریتی بووە لە نیشاندانی پشتیوانی بۆ سیستەمی سۆشیالیستی فەرمانڕەوا لەو وڵاتە لە بەرەنگاربوونەوەی فشارە سەپێندراوەکانی سەری لەلایەن ئەمریکاوە. سەرەڕای ئەوانەش ڕووسیا چەند پێگەیەکی تایبەت بە چالاکییەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە شاری نیکاراگوا کردەوە، بەرپرسانی ڕووسیاش ناوە ناوە باس لە ئەگەری کردنەوەی دەزگای کۆکردنەوەی زانیاری هەواڵگری لە کوبا دەکەن، کە لە ساڵی 2001 داخرا، ئەوەیش دوای هەڵکشانی گرژییەکانی ڕووسیا لەگەڵ ئەمریکا لە ساڵی 2008 بەهۆی جۆرجیاوە.
2. سنووری تواناکانی ڕووسیا
ئاڵنگارییە ئابوورییەکان کە ڕووسیا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، کۆسپی سەرەکیی بەردەم تواناکانی ڕووسیان لە هێشتنەوەی بوونێکی سەربازیی دیار لە نیوەی ڕۆژئاوای گۆی زەوی؛ تێکڕای بەرهەمی نێوخۆیی دەگاتە 1.48 تریلیۆن دۆلار و، ئابوورییە نێوخۆییەکەی بەشێوەیەکی سەرەکی پشت بە داهاتی هەناردەی نەوت دەبەستێت، کە ڕووبەڕووی گۆڕانکاریی گەورە بۆتەوە لە خواست و خستنەڕوو. ئەوەیش واتە سنوورداریی توانای ڕووسیا لە دابینکردنی بڕێکی زۆری پێگە سەربازییەکان یان پارەدارکردن (تەمویل)ـی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لەڕێی متمانەدان بە کۆمپانیاکان لە ناوچەکە بۆ ماوەیەکی درێژ. جگە لەوەش، ئەگەر هەیە بڵاوبوونەوەی سەربازیی بەرفراوان ڕووسیا کاریگەریی پێچەوانەی هەبێت لەسەر توانا سەربازی، ئابووری و دیبلۆماسییەکانی ئەو وڵاتە لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی پڕۆسەی سەربازی لە ئەورووپادا، لە چوارچێوەی کۆکردنەوەی هێزەکانی رووسیا بەشێوەیەکی بەرفراوان لەسەر سنووری وڵاتەکەی لەگەڵ ئۆکرانیا و وڵاتانی تر، چونکە ئەوە ئەرکی سەربازی و دارایی سەر ئەو وڵاتە دوو هێندە زیاد دەکات.
3. شێوازی کاردانەوەی ئەمریکا
وێڕای ئەو ئاڵنگارییانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ناوچەکە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بەڵام پەیوەندییەکان مێژوویی، مرۆیی، جوگرافی، ئابووری و پڕ متمانەن، کە ئەوەیش هەندێ هەژموون و ئەزموون لە مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتەکانی دۆخی ئەمریکای لاتین دەداتە ئەمریکا. لەگەڵ هەستکردنی واشنتۆن بە مەترسیداریی دۆخەکە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەپەلە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ کارلۆس فرانس، هاوتا بەڕازیلییەکەی ئەنجامدا و باسی لە پێویستیی کاردانەوەی یەکدەنگ و بەهێز کرد دژی “دەستدرێژیی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا”. لەهەمان کاتدا، دەکرێت ئەمریکا لەڕێی بڵاوکردنەوەی هێز لە ناوچەکانی نزیك ڕووسیا، دابینکردنی سیستەمی بەرگری و تواناکانی دیکە بۆ وڵاتانی زیانلێکەوتووی هەڕەشەکانی ڕووسیا، وەڵامی پڕۆسەکانی بڵاوکردنەوەی سەربازیی ڕووسیا لە ناوچەکە بداتەوە.
لە حاڵەتی شکستی ئەمریکا لە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە سەربازییەکانی ڕووسیا لە ناوچەکە، سەخت دەبێت لە داهاتوودا بەرگری لە ئاسایشی خۆی و وڵاتانی دراوسێی لە ئەمریکای لاتین بکات، بەتایبەتی کە هەڕەشەکانی ڕووسیا لە بڵاوکردنەوەی هێزی سەربازی لە ڤەنزوێلا و کوبا، هاوکاتە لەگەڵ یادی شەست ساڵەی جێگیرکردنی مووشەکی بالیستیی سۆڤییەتی پێشوو لەو وڵاتە کە وەك کاردانەوەیەك بوو بەرانبەر بڵاوکردنەوەی مووشەکەکانی ئەمریکا لە تورکیا و ئیتاڵیا، ئەوەیش لە سەردەمی خۆیدا جیهانی خستە سەر لێواری جەنگێکی وێرانکاری ناوەکییەوە.
4. هاتنەسەرکاری چەپڕەوان
لەکاتێکدا گەیشتنی بەربژێرانی ڕاستڕەو بە دەسەڵات لە بەشێك لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بۆتە بەربەست لەبەردەم نزیکبوونەوەی ڕووسیا لەگەڵ ئەو وڵاتانە، بەتایبەتی بەڕازیل، کە لە ساڵی ٢٩١٧ـدا ئارەزووی خۆی بۆ سیستەمی بەرگریی مووشەکیی S-1ـی ڕووسی نیشاندا، بەڵام سەرکەوتنی گایەر بۆڵسۆنارۆ لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨ـی بەڕازیل بووە هۆی گۆڕانی بەهێزی سیاسەتی دەرەوەی بەڕازیل بە ئاڕاستەی ئەمریکا.
لەلایەکی دیکەوە، ئەگەر هەیە گەیشتنی کەسانی سەر ڕەوتی چەپ بۆ سەر دەسەڵات لە ئەمریکای لاتین دەبێتە دەرفەتێکی بەنرخ بۆ ڕووسیا بۆ پتەوکردنی شەراکەتە ئەمنی و ئابوورییەکەی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، بەتایبەتی لە وڵاتانی هیندۆراس، شیلی و پیرۆ. نەك تەنیا ئەوە، بەڵکوو گۆڕانی ئێستای ئەمریکای لاتین ڕووەو چەپڕەوی ڕێگە لەبەردەم ڕووسیا خۆش دەکات بۆ دۆزینەوەی بنەمایەکی یەکگرتووتر بۆ هاوئاهەنگیی هەڵوێستە هاوبەشەکان لەگەڵ وڵاتانی هاوئاهەنگی لە ئەمریکای لاتین لەنێو سنوورە نێودەوڵەتییەکان و کۆبوونەوە فرەلایەنەکان، کە لە حاڵەتی داگیرکردنی خاکی ئۆکرانیا، ئەمریکا دەتوانێت بۆ فشارخستنەسەر ڕووسیا بەکاری بهێنێت.
“لێکەوتە ئەگەرلێکراوەکان”
وەك بەشێك لە ستراتیژییەتە جیهانییەکەی، ڕووسیا پەنای بردۆتە بەر نیشاندان و نمایشی هێزی چەکداری، ئەوەیش وەك هەوڵێك بۆ لێدان لە ڕابەرایەتیی ئەمریکا و ئاڵنگاریکردنی هەژموونی واشنتۆن لە نیوەی ڕۆژئاوای گۆی زەوی و، ئەگەر هەیە بڵاوبوونەوەی سەربازیی ڕووسیا لە ئەمریکای لاتین چەند لێکەوتەیەکی هەبێت، لەوانە:-
1. هەڕەشەی نیمچەیی بۆ سەر ئاسایشی ئەمریکا
پڕۆسەکانی بڵاوکردنەوەی هێز و بنەما سەربازییەکانی ڕووسیا لەدوای ساڵی 2008 و هەڕەشە هەنووکەییەکانی بۆ بڵاوکردنەوەی هێزی سەربازی لە کوبا یان ڤەنزوێلا، بە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ و ئەنقەست بۆ سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دادەنرێن، ئەوەیش بە تێڕوانین لەوەی ڕووسیا خاوەن دووەم بەهێزترین سوپایە لە جیهاندا و وڵاتێکی خاوەن چەکی ناوەکییە کە ئەگەر بەشێوەیەکی سنوورداریش بێت، دەتوانێت لەڕێی ناردنی پێگە و بنەما سەربازییەکانی بۆ ئەمریکای لاتین هەڕەشەی ستراتیژیی ڕاستەقینە بخاتە سەر ئەمریکا، چونکە لەوانەیە هەڕەشە سەربازییەکانی ڕووسیا لایەنی کەم لە کۆکردنەوەی سەرجەم زانیارییە هەواڵگرییەکان، پڕۆسەی سیخوڕیی ئەلیکترۆنی کورت بکرێنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، هەڕەشەی سەربازیی ڕووسیا بۆ سەر ئاسایشی ئەمریکا لە ئەمریکای لاتینەوە بەشێوەیەکی حەتمی دەبێتە ڕاستی، ئەوەیش ئەگەر لەنێو ئەو پێگە و بنەما سەربازییانەی مۆسکۆ نیازی بڵاوکردنەوەیانی هەیە، مووشەکەکانی کروز هەبن کە بە وزەی ناوەکی کار دەکەن، یان ئەگەر ڕووسیا لە دامەزراندنی بوونی سەربازیی هەمیشەیی لە ناوچەکە سەرکەوتوو بێت.
جگە لەوانەش، پەیوەندییە پتەوەکانی ڕووسیا لەگەڵ ئەمریکای لاتین، جا بوونیادنراوی سەر فرۆشتنی چەك بن یان بازرگانی، ڕێککەوتنی وزە، ڕێککەوتنی سیاسی یان بانگەشەی میدیایی، بە ئەگەری زۆرەوە ئاڵنگاری بۆ سەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دروست دەکات. لەهەمان کاتدا، گرژیی بەردەوام لە پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەمریکای لاتین دەبێتە هاندەرێکی دیکەی مۆسکۆ بۆ بەردەوامیدان بە بوونیادنانی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، ئەوەیش لەڕێی چڕکردنەوەی ئامرازەکانی ڕاگەیاندنی مۆسکۆ لەسەر جوڵاندنی هەستی دژە ئەمریکا لە ئەمریکای لاتین.
2. بەهێزکردنی هەژموونی ڕووسیا
ڕووسیا لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا دەستی بە ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوان کردووە بۆ نیشاندانی پێگەی خۆی وەك هێزێکی جیهانی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا و، برەودان بە چەند بەرژەوەندییەکی دیاریکراوی ئابووری، بازرگانی و سەربازیی ڕووسیا لە ئەمریکای لاتین. هاوکات لە پتەوکردنی پەیوەندیی شەراکەت و هاوئاهەنگیی ئەمنی و ئابووری لەگەڵ بەشێك لە وڵاتانی ئەمریکای لاتیندا سەرکەوتوو بووە. تواناکانی ڕووسیا لەو بوارانە هێز دەخەنە گەڕ بۆ پتەوکردنی بەشداریی بەرفراوانتر لە پڕۆسە سەربازی و سیاسییەکانی ڕووسیا لە ناوچەکە، ئەوەیش بە سوودوەرگرتن لە ئەزموون و شارەزایی پێشوو لە ناوچەی ئەمریکای لاتین لەماوەی جەنگی سارد. ئەمە بەشێك لە ئەفسەرانی گەورە و سەرانی سیاسیی لە ئەمریکای لاتین دەگرێتەوە کە لە ڕووسیا ڕاهێنانیان کردووە یان لە دامودەزگا ڕووسیەکان خوێندنیان تەواو کردووە. ئەوەیش ئەو دامودەزگا مێژووییانە دەگرێتەوە کە ڕووسیای کۆن پێگە سەربازییەکانی لەسەر بوونیاد ناوە لە وڵاتانی وەك کوبا، نیکاراگوا، پیرۆ و ڤەنزوێلا، کە دەتوانرێت بگوترێت کە دەبێتە بنکەیەك بۆ شەراکەتی سەربازیی ڕووسیا لەهەمان کاتدا، لەوانە گرێبەستەکانی چاککردنەوە و نوێکردنەوەی ئەو کەرەستە و چەکانە و فرۆشتنی چەکی نوێ بە وڵاتانی ناوچەکە.
سەرجەم ئەو فاکتەرانە ڕووسیایان هان دا لە ساڵی 2018ـدا سووربوونی خۆی لەسەر دانانی بنکەی ئاسمانی “لا ئۆرچێلا” دابمەزرێنێت کە یەکێکە لە دوورگەکانی سەر بە دەریای کاریبی لە ڤەنزوێلا، کە ئەوەیش ڕێگەی لەبەردەمدا خۆش دەکات لە دامەزراندنی بوونێکی سەربازیی هەمیشەیی لە ئەمریکای لاتین، ئەوەیش دەبێتە خاڵی جەوهەری لە بوونی ڕووسیا لە کیشوەری ئەمریکای لاتین و لاپەڕەی قۆناغێکی نوێ دەکاتەوە لە هاریکاریی سەربازیی لەگەڵ بەشێك لە وڵاتانی کیشوەرەکە، لەپێش هەموویانەوە کوبا، نیکاراگوا و ڤەنزوێلا. لێ تەنیا ئەو وڵاتانە بەرەیەکی پێویستی گرنگ فەراهەم ناکەن کە بوار بە مۆسکۆ بدەن ئاڕاستەی گشتیی پاڵپشتی سیاسەتەکانی لە ناوچەکە دروست بکات.
3. ڕەنگدانەوە دوولایەنەکانی سەر وڵاتانی ناوچەکە
ئێ ئەگەر هەیە ئاماژەی ڕووسیا لە بڵاوکردنەوەی چەك و بنەما سەربازییەکانی لە ڤەنزوێلا و کوبا هەڕەشە بخاتە سەر ئاسایشی بەشێك لە وڵاتانی تر، بەدیاریکراوی کۆڵۆمبیا کە پەیوەندیی هاوپەیمانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سنووری هاوبەشی لەگەڵ ڤەنزوێلا هەیە، چونکە ناوە ناوە پێکداچوون لەنێوان سووپای هەردوو وڵات ڕوودەدات و هەردوولا هێزی ئەمنیی زۆریان لەسەر سنووری نێوانیان کۆ کردۆتەوە بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی باندەکانی تاوانە ڕێکخراوەکان. هەڕەشەکانی ئەم دواییانەی ڕووسیا لەژێر ڕۆشنایی بەکارهێنانی توانای زانیاری و هەواڵگریی ڕووسیا دێت بۆ دروستکردنی ناسەقامگیری و کەمکردنەوەی هەژموونی ڕژێمە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە کیشوەری لاتین. لەم چوارچێوەیەدا، لەم چوارچێوەیەدا حکومەتانی کۆڵۆمبیا و چیلی چالاکوانانی ڕووسییان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان تۆمەتبار کرد بە بەشداری لە هاندانی خۆپیشاندان لە وڵاتەکانیاندا.
لەلایەکی دیکەوە، بەشێك لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین، ئەوانەی کە ئاڕاستەی دژ بە ئەمریکایان هەیە، وەك “پەنجەرەی دەرفەت” لە هەوڵەکانی ڕووسیا لە پتەوکردنی بواری سەربازیی خۆی لە ئەمریکای لاتین دەڕوانن، کە توانای فرەچەشنکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ زلهێزێکی جیهانیی پێدەبەخشیت، ئەوەیش لەلایەن خۆیەوە دەکرێت ببێتە “پەرچەکردار” لە بەرانبەر بوونی ئەمریکی لەو کیشوەرەدا. دەکرێت هاریکاریی زیاتری بواری سەربازی لەنێوان ڕووسیا، ڤەنزوێلا و کوبا هاوکار بێت لە سووککردنی فشارە سەپێندراوەکانی ئەمریکا لەسەر ئەو وڵاتانە. بەپێی ئەوەی گوترا، دەکرێ بگوترێت کە هەوڵی ڕووسیا بۆ هەنگاونان بەرەو ئەمریکای لاتین ڕەنگدانەوەی ستراتیژییەتێکە لەلایەن مۆسکۆوە. هەروەك ئاماژەی بڵاوکردنەوەی هێزی سەربازی لە کیشوەرەکە شتێکی نوێ نییە، بەڵکوو ئاماژەیەکی ڕوونی گەڕانەوەی تاکتیکەکانی جەنگی ساردە. لەهەمان کاتدا، ئەگەر هەیە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دووچاری ئاڵنگاریی سەربازی و هەواڵگری ببێتەوە ئەگەر مۆسکۆ بتوانێت بوونێکی سەربازیی ماددی گەورەتر لە واشنتۆن لە ناوچەکەدا بوونیاد بنێت.
بە بەردەوامبوونی هەوڵەکانی ڕووسیا لە بەهێزکردنی پێگەی سەربازی لە ئەمریکای لاتین، کە هاوکاتە لەگەڵ هەڵکشانی هەژموونی ئابووریی چین لە کیشوەرەکەدا، ڕابەرایەتی و هەژموونی ئەمریکا دەکەوێتە مەترسی لە بەرژەوەندیی هێزێکی ناڕۆژئاوایی. وە ئەگەر واشنتۆن خێرا نەبێت و هەنگاوی یەکلاییکەرەوە نەنێت لە دەرکەوتن وەك هاوبەشێکی متمانەپێکراو لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاڵنگارییە هاوبەشانەی وڵاتانی ناوچەکە دووچاری دێنەوە، ئەوا ئاسایشی خۆی و هاوپەیمانەکانی لە نیوەی ڕۆژئاوای گۆی زەوی لە داهاتوودا ڕووبەڕووی هەڕەشەی مەترسیدار دێنەوە.
سەرچاوە:
https://acpss.ahram.org.eg/News/17384.aspx?fbclid=IwAR1GFDDmQxJMFfWREseShuRc54745KFezNeUeBhuMRGfS8XGfJwFE49SLik
نووسین: د. صدفە محمد محمود تووێژەری پسپۆڕ لە کاروباری ئەمریکای لاتین