گەڕانەوەی ڕووسیا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سووریا، شرۆڤەی ورد و پڕ لێکدانەوەی دەوێت، بەڵام لە ساتە وەختی دانووسانەکانی ڤیەننا و دووبارە ئەگەری ڕێککەوتنی ئەتۆمی نێوان (ئەمریکا و ئێران)، گۆرانکاری تازە بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بە تایبەت لەو کاتەی کە رووسیای سەردەمی “پۆتین” جووڵە و سیاسەتی جودا لە ستراتیژیەتی وڵاتەکەی بەراورد بە سەردەمی یەکێتی سۆڤییەت لە ناوچەکەدا پێڕەو دەکات و زۆر لە یاری شەترەنج جوانتر یاریە تژی بەرژەوەندیخوازەکەی دەکات. لەهەمانکاتدا ئەوەی جیهانی ڕۆژئاوا پێشبینی نەدەکرد لە سەدەی بیستویەکەم، جووڵە و ئامانج و سیاسەتە پڕ لە ئالۆزییەکانی “دۆناڵد ترەمپ” بوو بەرامبەر بە قەتیسکردنی دەستەڵاتەکانی “ئێران” و بەکارهێنانی خاکی سووریا بۆ ململانێیەکی پڕ لە گۆرانکاری وئاڵۆزی، کە لە ئەنجامدا بووە هۆی گۆڕینی هاوکێشەکانی ناوچەکە و زیانگەیاندن بە بەرژەوەندی هاوپەیمانەکانی بەتایبەت فەرەنسا لە سووریا و لوبنان. بە مانایەکی تر، ڕێککەوتنی 45 ساڵەی ڕووسیا لە بەندەری “تەرتوس”ــی سووریا لە 2015ــدا، بە یەکەم هەنگاوی پر ستراتیژی و بەهێزی حکوومەتی مۆسکۆ داندەرێت بۆ دووبارە گەڕانەوەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەو جووڵەیەدا، “پوتین” توانی دەرگاییەکانی بەردەم ئەمریکا و ئەورووپا لە سێگوشەی پڕ نەوت و گازی (ئێران، ئێراق،سووریا) دابخات و ڕێگری بکات لەهەر جوڵەیەک کە بێ “ڕووسیا” و بەرژەوەندییەکانی رووسیا ئەنجام بدرێت، ئەو جووڵانەی کە رووسیا سڕی کردن، تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبوون، بەڵکو “پوتین” توانی هەر هەوڵێکی ئەمریکا و ئەوروپا لە ئاسیای ناوەراست، ئۆکڕانیا، جۆرجیا و لیبیا سڕ بکات و، وەک یاریزانێکی جۆدۆ جوڵە بکات و سوود لە دەرفەت وەربگرێت بۆ بەریگریکردن لە هەر پرۆژەیەک دژی رووسیا و ئاسایشی وزەی ئەو وڵاتە ئەنجام دەدرێت و هەوڵی بۆ دەدرێت.
“ئامانجی رووسیا لە سووریا و لوبنان”
بۆ تێگەیشتن لە ئامانجی رووسیا لە سووریا و لوبنان، لەهەمانکاتدا ئەگەر بێت و خوێندەوە بۆئاراستەی یاری شەترەنجی پوتین بکرێت، پێویست دەکات تیشک بخرێتە سەر سێ پرۆژەی سەرەکی وزە بە گشتی و گازی سرووشتی بەتایبەتی لە ناوچە پڕ کێشەکانی مەیدانی سیاسی و ئابووری ئەمریکا وڕووسیا، پرۆژەکانیش؛
– پرۆژەی کۆریدۆری گازی باشوور
– پرۆژەی هێڵی گازی ئێران -ئێراق -سووریا
– پرۆژەی East mid pep line
بە سەرنجدان لە نەخشەی ئەو سێ پرۆژەیە، دەردەکەوێت کە پشکی شێری ململانێیەکانی 30 ساڵەی خاکی سووریا، لوبنان، ئێراق لە نێوان بەرەی رووسیا لەلایەک و بەرەی ئەمریکا و ئەورووپایە لە لایەکی ترەوەیە، بەڵام لەسەر ئاستی هەرێمی ڕکابهرییەکانی ئێران و تورکیا-ن کە درێژە بە قووڵی و کۆتای نەهاتنی کێشەکان دەدەن، خاکی ئێراق و هەرێمی کوردستانیان کردووە بە چەقی ئەو ڕکابەرییە مێژوویەیی پرۆژەکانی گازی سرووشتی. دووبارە سەرهەڵدانەوەی ڕکابەرییەکان لە کاتی دانووستانەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و سەردانیکردنی سەرۆک کۆماری فەرەنسا بۆ ئێراق و هەرێمی کوردستان و هەوڵەکانی وڵاتانی ناوچەکە بۆ دووبارە دانووستان لەگەڵ سووریا، هەروەها کۆبوونەوە پڕ جوڵەکانی رووسیا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەت لە لوبنان، هاوکات یارییەکانی تورکیا لەگەڵ ئەمریکا و رووسیا، ئامانجەکانی رووسیا لە سووریا و لوبنان لهم خاڵانە چر دەکاتەوە؛
1- رووسیا، بۆ ڕیگریکردن لە دوورخستنەوەی مەترسییەکانی سەر ئاسایشی وزەکەی و مانەوەی وەک هەناردەکاری سەرەکی گازی سروشتی ئەورووپا، هەوڵی دروستکردنی کۆریدۆرێکی گاز دەدات لە نێوان ئێراق بۆ لوبنان لە رێگای سووریاوە، لەو کاتەدا بۆ تەواوکردنی ڕێڕوەکانی ئەو فۆرمەی گواستنەوەی گازی سرووشتی، رووسیا دەڕوانێتە ئەنجامی رێكکەوتنەکانی ئەتۆمی ئەمریکا و ئێران، بۆ ئەوەی بتوانێت “ئێران” یان “تورکیا” بۆ پێکانی ئامانجەکی بەکاربهێنێت.
2- ڕووسیا بۆ مانەوەی “بەشار ئەسەد” لە دەستەڵات و دووبارە بوژانەوەی ئابووری سووریا، ڕێگایەکانی لوبنان بەکاردەهێنێت بۆ ڕزگاربوون لە سزاییەکانی “ئەمریکا” بۆ سەر سووریا، لەمەش “پوتین” توانیویەتی سەرکەوتوو بێت لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی و ڕێککەوتنی لەگەڵ هەردوو بەرەی لوبنان (بەرەی سەر بەئێران، بەرەی سەر بە ئەمریکا و ئەورووپا) بۆ ئەوەی بتوانێت هاوسەنگی لەگەل تورکیا و ئێران ڕابگرێت.
3- ڕووسیا جوڵەکانی لە (سووریا و لوبنان) بەکاردەهێنێت بۆ ڕێگریکردن لە سیاسەتەکانی ئەمریکا و ئەورووپا لە لیبیا و ئۆکرانیا، بۆ هەر خواستێکی ڕۆژئاوا لەو دوو وڵاتە، ئەمریکا و ئەورووپا ناچار دەکات بە رێگەدان و رازیبوون بە داواکارییەکانی رووسیا.
4- بەهێزی و راگرتنی پەیوەندی دیپلۆماسی و ئابوورییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، یۆنان، میسر و سعوودیە و قەتەر و بەرەکانی فەلەستین و وڵاتانی ئەفریقیا(سوودان-لیبیا)، ڕووسیا ڕێگری لە کۆردیدۆری گازی East mid pep line دەکات، لەو ئاراستەیە “تورکیا” وەک هاوبەشی خۆی بەکاردەهێنێت، چونکە تورکیا لەو پرۆژەیە بێ بەشە.
“ڕووسیا چۆن یارییەکە دەکات”
جوڵەکانی ڕووسیا لە سووریا و لوبنان بۆ پرسی هێلەکانی وزە دەگەرێتەوە هەشتاییەکانی سەدەی رابردوو و لە هێڵی (کەرکوک – بانیاس) دەستپێدەکات و تا ئێستاش یاریەکە بەردەوامە، مێژووی یاریەکە بەم شێوەیە؛
1- بۆرییە نەوتییەکانی کێڵگەکانی کەرکوک، بای حەسەن، جامبور و عەین زالە، هەر لەسەرەتای دۆزینەوەی نەوت لەو کێڵگانە لە ساڵی (1924 تا 1972) کە بە نیشتیمانی کران، چەندین بۆری گواستنەوە، بۆ گواستنەوەی وزەی ئەو ناوچانە دروستکران، بەڵام ئاڵۆزی و گرژی بەردەوامی نێوان ئەو وڵاتانەی کە هێڵەکانیان تیادا تێپەڕ دەبن، (تورکیا و ئێران) هۆکار بوون لە وەستان و داخستنی ئەو پرۆژانە بە درێژایی مێژوو، تا ئاستێک لە ساڵی 1984ـدا ئەو پرۆژە هێڵی (کەرکوک -بانیاس- تەرابلوس)، کە وزەیان لە (ئێراق)ەوە، هەناردەی سووریا و دەریایی سپی ناوەڕاست دەکرد وەستان، هۆکاری وەستانی پاڵپشتی ئەمریکا، بۆ پرۆژەکانی ئێراق دژی بەرژەوەندییەکانی “یەکێتیی سۆڤییەت” لەو کاتەدا بووە هۆی فشار خستنە سەر سووریا لە لایان مۆسکۆ، بۆ ڕاگرتنی هەناردەکردنی وزەی ئێراق لە ڕێگەی (کەرکوك – بانیاس) و (کەرکوك – تەرابلوس)، دوای ئەوەی سووریا تێچووی گواستنەوەی لە گواستنەوەی وزەدا بە ڕێژەی %86 بەرزکردەوە، ئەم هەوڵەی ڕووسیا بە هاوبەشی لەگەڵ “ئێران” بوو. ئامانجی ئێراق لەو هێڵە، بەستنەوەی کێڵگەکانی باشووری ئێراقە بە کێڵگەکانی کەرکوك و گواستنەوەیانە، بۆ بەندەری جەیـهـان، لەهەر ئەگەرێک ئەگەر “ئێران” گەرووی هورمز بە ڕووی بەندەرەکانی ئێراق دابخات، لە لایەکی تر گواستنەوەی نەوتی کێڵگەکانی کەرکوکە بە کێڵگەکانی بەسڕە و، گواستنەوەیە بە دەریایی عەرەب، لە ئەگەری داخستنی بەندەرەکانی سووریا و تورکیا.
2- لەکاتی کۆتای هاتنی جەنگی ئێراق و ئێران، رووسیا پێگەی خۆی لە بەندەری ئومقەسری ئێراق بەهێز کرد، ئەمریکا بۆ ڕیگریکردن لە رووسیا و دورخستنەوەی لەو بەندەرە و گەیشتنی بە ڕێرەوەکانی وزەی کەنداو بوو بێ هاوبەشی ئێران، سیاسەتی خۆی لەگەڵ ڕووسیا گۆڕی و بە تایبەت دوای بەهێزبوونی پێوەندییەکانی رووسیا لەگەڵ سعوودیە و کوەیت و قەتەڕ، ئەمەیش کەوتنی یەکێتی سۆڤییەتی لێ کەوتەوە.
3- لە جەنگی تیرۆر بۆ ڕیگریکردن لە پرۆژەی نابۆکۆ، دیسان ڕووسیا ئێرانی بەکارهێنا دژی ئەمریکا و ئەورووپا و تورکیا لە هەمانکاتدا، دوای تیرۆرکردنی رەفیق حەریری و سەرهەڵدانی شۆڕشی برنجی لە لوبنان، بووە هۆی دەرکردنی هێزەکانی سووریا لە لوبنان ئەمەیش دژی رووسیا بوو. لەبەرامبەردا بۆ وەڵامدانەوە و دژایەتیکردنی ئەمریکا لەو هەوڵەی سووریا و لەپێناو کپکردنی شۆرشی پرتەقاڵی ئۆکرانیا، رووسیا هەناردەکردنی گازی لە 2006 و 2009 ڕاگرت و ئەورووپای تووشی قەیرانکرد. جگە لەوەی پێوەندیەکانی لەگەڵ حزبوڵای ئیرانی لە لوبنان بەهێزکرد و بانگهێشتی رووسیای کردن، ئەو ڕووداوە گرنگی لوبنانی بۆ رووسیا و سیاسەتی پۆتینی بە وردی خستەروو پێش ئەوەی دووبارە بگەرێتەوە ناو خاکی سووریا، هەروەک چۆن ڕووداوەکانی ئێراقی بۆ گرنگی سووریا بەکارهێنا لە 2003ــدا.
4- بەهاری عەرەبی، وێڕای ئەوەی بووەی هۆی ڕاگرتنی پرۆژەی گازی عەرەبی، بەڵام زیانێکی زۆر بە بەرژەوەندییەکانی رووسیا کەوت، بە تایبەت لە لیبیا، بەلام دوای ئەوەی بڕیاری دروستکردنی هێڵەکانی (ئێران -ئێراق- سووریا) و (قەتەر -تورکیا) دراو، هاوکێشەکانی ناوچەکە تەواو پێچەوانە بوونەوە، چونکە لەسەرەتادا، ئەمریکا خواستی هەبوو ئەو هێڵە بە خاکی سووریا تێپەر بکات و ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران واژووکرا، ئەمەیش بووە هۆی بێ بەشکردنی تورکیا لە بوون بە کۆریدۆر و سەنتەری گواستنەوەی گازی ناوچەکە. ئەمەیش بە واتای ئەوە دێت هەر کاتێک پەیوەندییەکانی (ئێران و ئەمریکا) بەهێز بێت، ئەوا “تورکیا” بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی جوڵەکانی لەگەڵ ڕووسیا دەستپێدەکاتەوە. نەکەوتنی سووریا و مانەوەی لە دەسەڵات، پلانی رووسیا بوو بۆ دووبارە گەڕانەوە گرتنەدەستی کلیلی هاوکێشەکان.
5- دوای ئەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی “ئێران” لەگەڵ ئەمریکا و ئەورووپا کەوتە ریسکەوە، قاسم سولەیمانی و حزبولای لوبنانی سەردانی مۆسکۆیان کردن و داوای پشتگریان لە رووسیا کرد و بە رێککەوتنی 45 ساڵی بەندەری تەرتوس گەڕایەوە، گەڕانەوەی رووسیا بۆ سوریا، دیدگای پرۆژەی سووریا -ئۆکرانیای خوڵقاند لە ڕیگەی سیاسەتی چواردەریایی خاکی سووریاوە، بۆ بەستنەوەی دەریای سپێ ناوەڕاست و بە دەریای رەش و ڕووسیا ئەگەر لەگەڵ تورکیا ڕێکبکەوێت، هەروەها “ڕووسیا” دەتوانێت لە ڕێگەی پرۆژەی (ئێران -ئێراق- سووریا) لەگەڵ ئێران ڕێکبکەوێت و وزەی ئێران و موسڵ و کەرکوک و هەناردەی بەندەری بانیاس بکات و لەوێشەوە بۆ لوبنان. رووسیا بەم جوڵەیە کەوتە سەر مێزی دانووستان بۆ هاوسەنگکردنی بەرژەوەندییەکانی لە ئۆکرانیا و لیبیا و سووریا.
6- رووسیا یارییەکی کرد توانی (ئێران و تورکیا) بۆ دژایەتیکردنی (ئەمریکا و ئەورووپا) بەکاربهێنیت، بە تایبەت دوای کودەتای تورکیا و ڕێککەوتنەکانی ئەستانا و سوشی و پێگەی سووریای بۆ زلهێزەکان بەهێزتر کردو ڕێککەوتنی هێلی گازی تورک ستێرم و بلوسترێم واژووکران.
7- لە 2017 و ڕێککەوتنی رۆسنەفت لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هاوکات ڕێککەوتنی نۆڤاتیکی ڕووسیا لەگەڵ لوبنان، هاوکێشەی ئەمریکا وئەورووپای لاسەنگ کرد، بە تایبەت دوای ڕێککەوتنی تورکیا و هەرێمی کوردستان.
8- لە کۆتای 2017ــدا، “پوتین” سەردانی سووریای کرد، دواتر سەردانی “میسری” کرد، لەوێشەوە چوو بۆ قاهیرە و دواتر بۆ تورکیا، “پوتین” لەم سەردانەیدا بە جیهانی ووت، ئیدی رووسیا بەهێزەوە گەرایەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
9- لە 2018 و کۆنگرەی هێلسنکی، (ترەمپ و پوتین) کۆبوونەوە، پرسی سەرەکیان، لادانی سزا ئابوورییەکانی سەر رووسیا بوو لە ئۆکرانیا و لەبەرانبەردا هاوسەنگکردنی هاوکیشەکانی (سووریا -ئۆکرانیا) خڕانە روو. ئەم دیدارەی دوو سەرۆکی دژیەک لەبەرژەوندی، بە هاوئاهەنگی رووسیا و ئەمریکا پێناس کرا. دوای ئەو رووداوە؛ ئەمریکا لە بڕیاریدا هێزەکانی لە سووریا بکێشێنتەوە و گلۆپی سەوز بۆ تورکیا هەڵکرا و بەشێکی خاکی رۆژئاوای کوردستان داگیرکرا، ئەمە بووە هۆی نارەزایەتی ئەورووپا و فەرەنسا بە تایبەتی بە سیاسەتی American first ناونرا. هەروەها ئەو جوڵەی رووسیا و ئەمریکا و تورکیا، بە واتایی ئەگەری ڕێککەوتنی ڕووسیا دێت. لەگەڵ بەرەی دژ بە ئێران لە سووریا و لوبنان، لە ئەنجامدا بووە هۆی فراونبوونی هەژموونەکانی رووسیا لە تەواوی ناوچەکە تۆمەتبارکردنی “پوتین” لە دەستتێوەردان لە هەڵبژاردەکانی ئەمریکا.
10- لە ساڵی 2019 هەریەکە لە ئیسرائیل، میسر، یۆنان بۆ کێشانی هێڵی East mid pep line رێککەوتن بێ بەشدرای تورکیا، بۆ وەڵامدانەوەی ئەو دژایەتییە، تورکیا و لیبیا ڕێککەوتنی دەریاییان واژوو کرد و دووبارە تورکیا یارییەکی ستراتیژی لەهەمبەر رووسیا و ئەمریکا کرد.
11- لەسەردەمی ئیدارهی “بایدن” ڕێککەوتنی (ئێران و ئەمریکا) یان رێککنەوتنیان ئەنجامی هاوکێشەکان و داهاتووی سووریا و لوبنان دەخەنەڕوو.
“ئەنجام”
جوڵەی (ئەمریکا-ڕووسیا-تورکیا) لەسەردەمی “ترەمپ” بۆسەر خاکی سووریا، ئەگەری نوێ بۆ داهاتووی بارودۆخی سووریا و لوبنان لە ئاراستەی سیاسەتی رووسیا دەخەنەروو، بەجۆرێک؛
1- ئەگەر (ئەمریکا و ئێران)، ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئەنجام بدەن، ئەوا رووسیا پەنا دەباتە بەر جوڵەی ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ ئێراق و هەرێمی کوردستان و لوبنان، بۆ درێژکردنەوەی هێڵی وزەی ناوچەکە بۆ بەندەری بانیاس و تەرابلوسی لوبنان، لەو کاتەدا ئەگەری هەیە (رووسیا و تورکیا) پێوەندییەکانیان لەگەڵ بەرەی دژ بە ئێران لە لوبنان بەکاربهێنن بۆ رێککەوتنی بواری وزە و لە ڕێگای سووریاوە، رووسیا دەتوانێت گازی ئێراق و هەرێمی کوردستان لە ڕێگای سووریاوە هەناردەی “تورکیا” بکات و دواتر بگاتەوە بە هێلەکانی تورک؛ ستێرم و بلو سترێم، ئەگەری هەیە ڕووسیا هاوکار بێ کار بۆ گەیشتن بە پرۆژەی کۆریدۆری گازی باشوور، بەڵام بە هۆی ئێرانەوە تووشی گرفت دەبێت. لەهەمانکاتدا، ئەگەری هەیە لە ڕێگەی رێککەوتنی لەگەڵ بەرەی دژ بە ئێران لە لوبنان لە ڕیگای خاکی سووریا و بەسەرپەرشتی خۆی ڕێگە بە تەواوکردنی پرۆژەکانی تری ناوچەکە بدات، بە تایبەت هێڵی عەرەبی.
2- ئەگەر ئەمریکا و ئێران نەگەیشتنە ڕێککەوتن، ئەوا رووسیا دەتوانێت سوود لە گازی (ئێران و ئێراق و سووریا) وەربگڕێت و لە ڕێگەی پهیوەندییەکانی لەگەڵ “حزبولا” و بەندەری تەرتوسی سووریا ، بە هاوکاری ئێران کار بۆ هەناردەکردنی گازی (ئێران و ئێراق و سووریا و لوبنان) بکات. لەو کاتەدا؛ رووسیا ڕێگریە دەخاتە بەردەم پڕۆژەی گازی عەرەبی و پرۆژەی East mid pep line چونکە ئەو پرۆژەیە پێویستی بە “لوبنان” هەیە بۆ پێکەوە بەستنی پڕۆژەکانی کەنداو بۆ دەریای سپی ناوەراست، لەو کاتەدا ئەوەی یاری دوو لایەن دەکات لەسەر ئاستی هەرێمی تورکیاییە، چونکە دەتوانێت لە پرۆژەی گازی (ئێران و ئێراق و سووریا) و لوبنان بەشداری بکات و دژی بێ بەبشکردنی لە پرۆژەی گازی میسر و ئیسرائیل بە هاوکاری ئیمارات و فەرەنسا.
3- لەکاتی زیاتربوونی مەترسییەکانی سەر ئیسرائیل، ڕووسیا بۆ تەلئەبیب، پەرژینێکی ئەمنی بەهێزە بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی “ئێران” لەسەر ناوچەکە، لە هەمانکاتدا، رووسیای سەردەمی “پوتین” رووسیای “یەکێتی سۆڤییەت” نییە، چونکە “پوتین” وەک سەرکردەکانی پێشووتر تەنیا بە جوڵە و سیاسەتی هزری و بیروڕای چەپ، جوڵە ناکات بەڵکو لەیەک کاتدا، پهیوەندییەکانی لەگەڵ سونە و شیعە و کورد و ئیسرائیل ئەورووپا بە تایبەت ئەڵمانیا بە هێزە و بە یاریزانی جۆدۆی یاری شەترەنج دەکات و بێ رووسیا هیچ پرۆژەیەکی گازی ناوچەکە سەرناگرێت، داهاتووی لوبنان سووریا بەدەست جولەکانی رووسیایەوە، ئەمەیش لە ڕێگەی ڕێککەوتنە گرنەگانی بواری وزەوەیە.
4- ڕووسیای سەردەمی “پوتین” هاوبەشێکی سەرەکی “چین”ە، بە تایبەت لە کۆنترۆلکردنەوەی بازارەکانی وزەی ئاسیا بەهەمانشێوە لە ڕێگەی خاکی سووریا و لوبنانەوە.