زمان، وەک دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیستەمێکی گرێدراو بە فەرهەنگی کۆمەڵگا، کاریگەری وەردەگرێ و لە بەرامبەر هۆکارە کۆمەڵایەتییەکاندا، پەرچەکردار دەنوێنی.
“ئەڵقەی زمانیی1946”
زمان، واقیعێکی کۆمەڵایەتییە. زمان، وەک دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیستەمێکی گرێدراو بە فەرهەنگی کۆمەڵگا، لە گۆڕانە کۆمەڵایەتییەکان کاریگەری وەردەگرێ و لە بەرامبەر هۆکارە کۆمەڵایەتییەکاندا، پەرچەکردار دەنوێنی. ئەم هۆکارانە کە بە هۆکارگەلی دەرەکی زمان دەناسرێن بریتین لە:-
ژینگە1، ستراکتۆریکۆمەڵایەتی، بەهاکان و روانگە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان.
“بنجامین لی ورف”2 بە پێی بیرۆکەیەکی «ساپیر»3 کە زمان بە سیستمێکی هێمایین و سەربەخۆ دەزانێ وا بەردەوام سنووری ئەزموونەکانمان دەستنیشان دەکات و لە قەوارە و چوارچێوەیەکی تایبەتدا دایدەڕێژێ؛ دەڵێ، زمان، چەشنێک لۆژیک و چوارچێوەی گشتیی گەڕاندنەوە سازدەکات و لەم رێگەوە شێوەی بیرکردنەوەش دائەسەپێنێ. ئەگەر فەرهەنگ بە شێوەیەکی گشتی بە سەرنموونەی رەفتاریی و شێوەی هەڵسوکەوت و پێوەندی کەسەکان لە کۆمەڵگەدا بزانین، بێگومان دەوری زمان لە چوارچێوە دارێژیی و بچیماندنی4 سەرنموونە رەفتارییەکان و هەروەها بیچم بەخشی بە شێوەی هەڵسوکەوت و پێوەندییەکان، دەورێکی چالاکە و هاوکات کاریگەری لەسەر لایەنەکانی فەرهەنگ دەنوێنی و، خۆیشی وەک سیستەمێکی هێمایین و سەربەخۆ کاریگەری وەردەگرێ و زۆرجار لە بەر بنەڕەتیبوونی کاریگەرییەکانی (چ پۆزەتیڤ و چ نیگەتیڤ) مەجبوورە کراش بخات و شێوەی هاتنە کایەی خۆی بگۆڕێت.
ئەگەر لەم روانگەوە و بە پێی پێوەندییەکانی زمان و کۆمەڵگا و فەرهەنگ بۆ ئەم دیاردانە بڕوانین، گومان لەوەدا نییە کە لەگەڵ «ورف» هاودەنگ دەبین کە جیا لەوەی زمان یەکەیەکی سەربەخۆیە، بەڵام کاریگەری وەرگرتنەکەی لە کۆمەڵگە و فەرهەنگ وای لێکردووە وەک توخمێکی بەرفرەی فەرهەنگی بیناسین کە لە سەر یەک بە یەکی تاکەکان تا ئاستی چوارچێوە بەخشین بە ئەزموونەکانمان کاریگەری دادەنێ. لێرەوەیە گرینگایەتی توخمی زمان لە لای سیاسییەکان تا ئاستێکی بەرز بەرجەستە دەبێتەوە.
بۆ نموونە: بەرنامەی (English only) ئەمریکاییەکان لە ناوچە سوورپێست نشینەکانی ئەمریکادا نموونەیەکی بەرچاوی گرینگیدان بە زمانە لە بەڕێوەبردنی پلانی فەرهەنگی و سیاسیدا5.
هەر نەتەوە و دەوڵەتێک بێگومان بۆ بەڕێوەبردنی کار و درێژەدان بە ژیانی سیاسی و فەرهەنگیی خۆیان، پێویستیان بە ئاوڕدانەوەیەکی جیددی و بنەوەشییە لە پانتای فەرهەنگ. ئەم ئاوڕدانەوەیە چ بە شێوەی خوێندنەوەی رەخنەگرانەی لایەنێکی فەرهەنگ بێت یان بەشێوەی سڕینەوەی هەندێک دیاردە و لایەن، یان بەستێن خۆشکردن بێت بۆ هەندێک لایەن و دیاردەی نوێتر، بەگشتی لە ژێر پرۆسەی «فەرهەنگ سازی» دا دەخوێنرێنەوە. لە راستیدا فەرهەنگسازی پرۆسەیەکی چەند رەهەندە و لە رێکخراوە و دامەزراوە فەرهەنگی و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانەوە بگرە تا کەسایەتی و رۆشنبیر و نووسەر و هونەرمەند و دەوڵەتەکان لەم پرۆسەدا، هەر کام دەوری تایبەتی خۆیان دەگێرن. لەو رووەوە کە فەرهەنگ هەم خاوەن پێوەندییە و هەم بە زمانەوە گرێ دراوە، هەر چەشنە پلانێکی فەرهەنگی لە پرۆسەی گەورە و بەربڵاوی فەرهەنگ سازییدا ناتوانێ بێ ئاوڕدانەوە لە زمان وەک دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتی و سیستەمێکی هێمایین لە فەرهەنگ، کارێکی تەواو سەرکەوتوو بیت، چونکوو «ساپیر» گوتەنی ئەمە زمانە ئەزموونی فەرهەنگ سازی لە چوارچێوە و قەوارەیەکی دیاری کراودا دەستنیشان دەکات. کەوا بوو لەهەر چەشنە پرۆژە و پرۆسەیەکی فەرهەنگسازیدا ناسینی زمان و بەرنامەرێژی زمانیی6 یەکەمین پێویستی هەر چەشنە پرۆگرامێکی فەرهەنگی لەو چەشنەیە.
ئێستە پرسیارێک دێتە گوڕێ، بۆچی بە«پرس»کردنی زمان تا ئەو رادەیە دەبێ بایەخی پێبدری؟ بە باشی دەزانم بە خێرایی بۆ وڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوە پێنج بۆنە کە «کریستاڵ»7 لە کتێبی مەرگی زماندا8 دەستی خستوەتە سەری ئاماژەی پێ بدرێ.
1- بایەخدار بوونی فرە چەشنی زمانیی.
2- بایەخدار بوونی زمان وەک کەرەستەیەک بۆ دەربڕینی شوناس.
3- بایەخدار بوونی زمان وەک سەرچاوەیەکی زانیاری مێژوویی.
4- بایەخدار بوونی زمان وەک بابەتێک کە لە خۆیدا جێی سرنجە.
5- بایەخدار بوونی زمان وەک بەشێک لە زانستی مرۆیی.
ئەوەی لای سیستەمە سیاسییەکان زۆر گرینگە بۆنەی دووهەم و سێهەمە و کاردانەوەی ئەم دوو فاکتەرەیە ناچاریان دەکات توخمی زمان لە پرۆسەی نەتەوەسازی و فەرهەنگسازیدا تا رادەی پاراستنی نەتەوە و نیشتمان بەرجەستە بکەنەوە.
زمانی هەر تاک و نەتەوەیەک جگە لە کەرەستەی پێوەندی، کەرەستەیەکیشە بۆ دەربڕینی شوناس. هەر کوردێک ئەگەر چی لەگەڵ زمانانی دیدا ئاشناش بێ، بەڵام بەردەوام شوناسی تاک و کۆمەڵایەتی خۆی لە رێگەی زمانی دایکییەوە وەردەگرێ، زمانێک کە پڕە لە رەنگدانەوەی رووداوە مێژووییەکان و ئەو بەسەرهاتانەی بە درێژایی میژوو ئەو گەلە دیویەتی. روونە، پاراستن و پەرەپێدانی ئەو زمانە دەبێتە هۆی پاراستنی سنوورە فەرهەنگی و مێژووییەکانی و پاڵپشتێکی گران و قایمیشە بۆ کیان و شوناسی سیاسی.
بەرنامەڕێژی زمان، کۆمەڵێک گۆڕان و دەستێوەردانی هوشیارانەیە کە لە لایەن رێکخراوە و دامەزراوە بەرپرسەکانەوە لە بنەما و هەڵسوکەوتی زماندا دێتەڕوو. هەر چەشنە بەرنامەڕێژییەکی زمانیی پێویستی بەسەرچاوەی ماڵی و وزەی مرۆڤیی تایبەت هەیە، هەر بۆیە زۆربەی بەرنامەڕێژییەکان لە لایەن دەوڵەتەکانەوە دەکرێ. هەر وەها جگە لەو دوو خاڵەی کە ئاماژەی پێدرا، ناسینی پرس و بابەتە سەرەکییەکانی زمان (وەک خاڵی یەکێتی بەخشی چالاکییەکانی ئەم پانتایە) پێوستییەکی هەرە گرینگی بەرنامەڕێژی زمانییە. هاو کات بە لە بەرچاوگرتنی ئەو پێویستیانەی سەرەوە، بەرنامەڕێژی لە سەر چوار تەوەری کۆمەڵایەتی بوونی زمان، بە هێزی سوننەت و نەریتە زمانییەکان، بریاری بوونی زمان و ئافرێنەری زمان، ئیش دەکات و هەر چەشنە بەرنامەڕێژییەک بێلەبەرچاوگرتنی ئەم چوار تەوەرە بێشک کارێکی ناتەواو و بەرنامەیەکی خاو دەبێت و بۆی نییە ئامانجە کانی بپێکێ.
بەرنامەڕێژیی زمانیی کارێکی یەک شەوە و پەرش و بڵاو و پاژەکی و لاوەکی نییە. کە وا بوو دەبێ ئاوڕ لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی بدرێتەوە. تایبەتمەندیگەلێک وەک:- پرۆسەیی بوون، میتۆدمەندی، ئاگادارێتی، وردبینی زانستیانە، فرەرەهەندیی و گرێدراوی بە هۆکارە دەرەکییەکانی زمان [وەک پێشتریش ئاماژەی پێدرا] کە دەبێ بە لێکۆڵینەوەی مێژوویی ـ بنەماکانی دەستنیشان و روونبکرێتەوە. ئەگەر بڕیار وایە دۆخێک بە شێوەیەکی هوشیارانە و لەژێر چاودێریدا بگۆڕدرێت، جا ئێستە ئەم دۆخە، قۆناغێک بێ لە گەشەی زانستی یان گەشەی کۆمەڵایەتی یان هەر چەشنە گۆڕانێک بێ لە بنەما و هەڵس وکەوتی زماندا، چاکترین شێوە بۆ سەرکەوتن، دەرک و ناسینی دۆخەکە و هێنانە ژێر رکێفی کەرەستەگەلی ئامادەیە بۆ گۆڕانی دۆخەکە.
هەر وڵاتێکی سەربەخۆ پێویستی بە زمانێکی نەتەوەیی هەیە، دەستنیشانکردنی وەها زمانێک بۆ ئەو نەتەوانەی تازە بە سەربەخۆیی دەگەن یان بانگەشەی سەربەخۆیی دەکەن کارێکی سانا و بێ گیروگرفت نییە. هەر چەشنە بیرکردەنەوەیەک لەم بارەوە دەبێ بە پێی بەرنامەڕێژییەکی تەواو هۆشیارانە بێت کە بتوانێت لە گەڵ دۆخە کۆمەڵایەتی و سیاسی و هاوکات خواستە فەرهەنگییەکانی هاووڵاتیان تەعامولێکی گونجاو بکات.
بەرنامەڕێژی زمان لەسەر سێ رەهەندی «هێشتنەوە»،«بەردەوامی»و «دروستکردنەوە»9 وەستاوە. گرینگی “هێشتنەوە” لەوەدایە ئەتوانێ گەرەنتیکەری چەمکی نەتەوە و نەتەوەخوازی بێ لای میللەت و، “بەردەوامی” ئەتوانێ پاڵپشتێکی هەرە گرینگ بێت بۆ دیسیپلینی کۆمەڵایەتی؛ ئەڵبەت ئەو هۆکارەی ئەتوانێ سیمایەکی جوان بۆ ئەو دوو رەهەندە بڕەخسێنێ “درووستکردنەوە”ی بەردەوامە لە پانتای زماندا. کەوابوو گرینگترین بەشی بەرنامەڕێژی زمان هەمان رەهەندی درووستکردنەوە و دەوڵەمەند کردنی زمانە، کە ئەمەش چەند لایەنی بۆ دەستنیشان کراوە، وەک: ئافراندنی وشە، رێنووس، پێوەر درووستکردن، کار لە سەر واریانسیی زمانی.
لە گەڵ هاتنە سەر کاری “رەزا خان” لە ساڵی 1304 ی هەتاویدا، سیستەمێکی سیاسی نوێ لە مێژووی ئێراندا دێتە سەرکار، کە ئەم سیستەمە بە پێچەوانەی سیستمە سیاسیەکانی بەر لە خۆی هەوڵی دامەزراندنی سیستمێکی مودێڕن دەدا. ئەم سیستەمە لە سەر بنچینەی ئایدیۆلۆژییەکی ناسیۆناڵیستی ئێرانی وەستاوە و بەشێوەیەک هەموو هەوڵێک ئەدات بۆ بەرتەسککردنەوەی بازنەی ئێرانی بوون و سڕینەوەی هەر چەشنە جیاوازییەکی ئەتنی و گشتییەتی ئەم هەوڵانەش لە پرۆسەی «هاو شێوەکردنی فەرهەنگی»10دا پاکانە و بانگەشەی بۆ دەکرا. پەیامی هاوشێوەکردنی فەرهەنگی، لە واقیعدا سڕینەوەی شوناسی ئەتنی و بەستێن خۆشکەرییەک بوو بۆ زاڵکردنی گوتاری فەرهەنگی سیستم و داسەپاندنی شوناسێکی کۆمەڵایەتی پێناسە کراو لە جەغزی ئایدیۆلۆژیای حکوومەتی ناوەندییەوە.
“رەزا خان” لە رێگەی قەدەغە کردنی هەر چەشنە هێما و نیشانە و زمانێکی قەومییەوە لە پرۆسەی هاوشێوەکردنی فەرهەنگی بە تەواوی بەرگری دەکرد؛ هەموو دەزگا و رێکخراوەکانی سیستەمەکەش وەک ئەرتەشی تازە دامەزراوی ئێران و سیستەمی بروکراتیکی رەزا خانی، خۆیان تەرخان کردبوو بۆ بەڕێوەبردنی ئەم پرۆسەیە و بەرچاو ترین شایەتحاڵیش قەدەغە کردنی قسەکردن بوو بە هەر زمانێکی دی جگە لە زمانی فارسی. بەڕێوەبردنی پلانی هاوشێوەکردنی فەرهەنگی لە کردەدا رووبەرووی هەندێک دیاردەی بەهێز لە کۆمەڵگەدا دەبووەوە، کە یەکێک لەو دیاردانە دیاردەی زمانیی بوو. ئامادەیی ئەم دیاردەیە لە واقیعە فەرهەنگیەکەدا بەربەستێکی زۆر بە هێز بوو کە دەوڵەتی رەزا خان و دواتریش دەوڵەتی کوڕەکەی بە سانایی نەیاندەتوانی بیسڕنەوە و وەک پاشکۆیەکی زمانی فارسی مامەڵەی لەگەڵ بکات. شێوەی هەڵس وکەوت و رووبەڕووبوونەوەی سیستەم لە گەڵ ئەم دیاردەدا تا دەهات کەش و دۆخەکەی هەستیارتر دەکرد و زمانی لای نەتەوەکانی تری ئێران کرد بە پرسێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی. بۆ دەربازبوون لەو مەترسیانەی هەڕەشەیان دەکردە سەر داسەپاندنی باڵا دەستی زمانی فارسی، ئەو دەوڵەتە بۆ چەند مەبەستی سەرەکی فەرهەنگستانی زمانی فارسی دادەمەزرێنێ لەوانە:-
A – جێگیرکردنی زمانی فارسی لە جوگرافیای سیاسی ئێراندا وەک زمانی باڵا دەست و زاڵی هەموو زمانە ئێرانییەکان.
B – تەشەنەدانی هەندێ چەمکی ئایدیۆلۆژیایەکی تاقانە و یەکە لە رێگەی زمانی یەکەوە.
C – پەراوێزکردنی زمانە ئێرانییەکانی دیکە و خێراکردنەوەی لەبارچوونی ئەو زمانانە لە بەردەم تەوژمی نوێبوونەوەی جێهان.
ئەم مەبەستە سەرەکیانە لە سەر گریمانەی سەرتاپا هەڵەی «یەک نیشتمان، یەک زمان» وەستابوو کەهەر ئەمەش بوو بە هۆی بەڕێوەچوونی سیاسەتی «فەقەت زمانی فارسی» لە سیستمی بروکراتیک و پەروەردە و سەرجەم جوگرافیای سیاسی ئەو کاتەی ئێراندا. لەم کەشوهەوا فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەدا زمانی کوردی زەبر و زەنگێکی یەکجار زۆری دێتەسەر تا ئەو رادەیە کە بە کۆمەڵگایی بوونیش لە نێو زمانی فارسییەوە کانالیزە دەکرێ و بە هەموو هێزەوە بە سەر کۆمەڵگادا ئەسەپێ.
لێرەوەیە زمانی کوردی لە کۆمەڵگەی کورد و ناوەندە فەرهەنگی و رۆشنبیری و ئایینیەکانی ئەو سەردەمە، بووەتە پرسێکی گەورەی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و سیاسی و بەشی زۆری هەموو چالاکییە سیاسی و فەرهەنگییەکانی بۆ تەرخان دەکرێ. هەرچەندە چالاکی و هەوڵەکانی ئەو سەردەمە ژێرزەمینی و ئارام و بەرتەسکن، بەڵام زەمینەیەکی پتەوی فیکری دادەمەزرێنن کە پێوەندی کورد لە گەڵ زمانی کوردی و پێوەندی خودی زمانی کوردیش لەگەڵ جیهانی دەور و بەری خۆی بەسەرجەم دیاردەکانییەوە، دەگۆڕێ و پرسە زمانییەکە لەترسی پاراستنەوە دەگوێزێتەوە بۆ پرسی درووستکردنەوە و نوێکردنەوە. لەگەڵ دامەزراندنی کۆمەڵەی ژیانەی کورد (ژێ کاف)، بزاڤە فەرهەنگییەکە چوارچێوەو قەوارەیەکی دیار بەخۆیەوە دەگرێ و سەرەکیترین داواکاریە فەرهەنگییەکانی لە دەور و بەری زماندا دەگەڕێ. لەگەڵ هاتنی خەلیلی فەهیمی (فهیم الملک) وەزیری فەرهەنگی حکوومەتی تاران بۆ کوردستان، کۆمەڵەی (ژ.ک) یادداشتێک دەدەنە دەستی کە کورتەیەک لە داوا کاریەکانیانە و لە شەش داواکاری دوانیان تەرخانکراوە بە ئاوڕدانەوە لە زمانی کوردی:11
1- لە لایەن حکوومەتی ناوەندییەوە زمانی کوردی وەک زمانی رەسمی ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بناسرێت.
2- زمانی کوردی ببێت بە زمانی خوێندنی رەسمی کاروباری ئیداری لە کوردستاندا.
ئەم داواکاریانە لە لایەن حکوومەتی ناوەندییەوە بەهیچ شێوەیەک وەرنەگیرا و تەنیا لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری کوردستاندایە ئەم داواکارییە فەرهەنگیانە وەردەگیرێن و زمانی کوردی دەبێتە زمانی رەسمی سیستمێکی سیاسی.
ساڵانی دەوروبەری 1946 جیا لەوەی خاڵی وەرچەرخانێکی سیاسییە لە مێژووی سیاسیی و کۆمەڵایەتی کوردستانی رۆژهەڵات، خاڵی وەرچەرخانێکی زمانیشە کە ئەڵقەیەکی گەورەی زمانناسانەی لێدەکەوێتەوە. لە رەهەند و لایەنەکانی ئەم بزاڤە فەرهەنگییە، وەستان و بەرخۆدان بوو لە بەرامبەر ئەو پاوانکردنە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییانە دا کە سیستمی سیاسیی زاڵی ئێران لە سەری سوور بوو و بە هەموو هێزییەوە دەیویست گەرەنتیکەری هێشتنەوەی بێت.
بنەمای بەرامبەری خوازی سیاسی و فەرهەنگی و زمانی کە کۆماری کوردستان وەک بنچینەی داڕشتنی سیاسەتەکانی چاوی لێدەکرد، خاڵی دەسپێکی ئەو وەستان و بەرگرییە بوو. لە هەمووش گرینگتر ئەم وەستان و بەرگریکردنە لە مافە رەوا فەرهەنگی و سیاسییەکان، بەرامبەرخوازیە کە بە پێی پرۆگرام و چوار چێوەییەکی بیر لێکراوە و گونجاو و لۆژیکیەوە لە کۆماری 1946 دێتە ئاراوە. بیر کردنەوەی پێشەوا “قازی محەمەد” لە بەرنامە داڕشتن بۆ زمان و دامەزراوەیی کردنی بەرنامە داڕشتن بۆ زمان و بیرکردنەوە لە دامەزراندنی فەرهەنگستانی زمانی کوردی لەو سەردەمەدا، شایەتحاڵێکی تەواون بۆ ئەوەی کۆمار بیری لە زمان وەک توخمێکی بەر فرەی فەرهەنگی لە کۆی سیستمی کۆمەڵایەتیدا کردۆتەوە. هەر چەندە لە کۆماری کوردستاندا رێکخراوەیەک بە ناوی فەرهەنگستانی زمانی کوردی دانەمەزرا (کە ئەمەش رەنگە بگەڕێتەوە بۆ تەمەن کورتی کۆمارەکە)، بەڵام ئەو ئەڵقە زمانییەی لە سەر دەستی کۆمار و بە پێشنیار و ئەمری پێشەوا دامەزرا و ئەو کارانەی کە کردیان تا ئێستەی زمانی کوردیش توانیوویانە بۆ ئەم زمانە هەناسە بەخش بن.
ئەو «ئیستالینیسمە زمانییە»12ی لە سەردەمی رەزاخان-ەوە درێژ کرابووەوە بەسەر کەشوهەوای سیاسی و فەرهەنگی و زانستی ئێراندا، رووبەرووبوونەوەیەکی توانا و زانستی دەویست تاکوو سێبەری سامناکی هێرشەکانی بخاتە بەر تیشکی رزگاری و لە پەراوێزەوە زمانی کوردی بێنێتەوە چەقی مەیدانەکە و جوابێکی گونجاوی بۆ پرسی توانایی و بەهرەی ئیمڕۆیی بوونی زمانەکە پێ بێ.
لە گەڵ دامەزراندنی کۆمار، زمانی کوردی دەبێتە زمانی رەسمی و زمانی سیستمی پەروەردە و سیستمی ئیداری هەرێمەکە. یەکەم هەنگاو کاریگەرییە نیگەتیڤەکانی ئیستالینیسمە زمانییەکەی دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندی لە کۆمەڵگەی کودەواری ـ کوردستانی ئیران ـ دا دەبێ بسڕێتەوە و ئەمەش لە سەر دەستی کۆمار لەرێی شەرعییەت بەخشیین بە رەوتی کۆمەڵایەتی بوون لە رێگەی ئەم زمانەوە و دامەزراندنی سیستەمێکی راگەیاندن بەم زمانە کرا. ئەم بزاڤەی کۆمار جیا لەوەی دامەزراوە و رێکخراوەکانی کۆماری گرتەوە ناوەندە ئایینی و مەدەنیەکانیشی گرتەوە، بە شێوەیەکی وەها کە خوتبەی نوێژی جومعە لە پاش دامەزراندنی کۆمارەوە بە زمانی کوردی دەخوێندرا. مامۆستا هێمن دەگێڕێتەوە: «ئەندامی لێژنەیی دانانی کتێب بە زمانی کوردی بووم بۆ وەزارەتی پەروەردە کە بە ئەمری پێشەوا قازی محەمەد پێکهاتبوو. تا ئەو جێگەی لە یادمە زەبێحی و هەژار و چەند کەسێکی تر ئەندامی ئەو لێژنەیە بوون و پێشەوا خۆی و چەند مامۆستای شارەزایش یارمەتی دەداین»13.
کارەکانی ئەم ئەڵقەیە لە بەر تەمەن کورتی کۆمار، هەلی بڵاو بوونەوەیان بۆ نەڕەخسا، بەڵام پێکهاتنی ئەو ئەڵقەیە لەو قۆناغە زەمەنییە کورتەدا بێ گومان ئەنجامی درکی ئەو پێداویستییە مێژووییە بوو بۆ تەیارکردن و نوێکردنەوەی زمانی کوردی کە توانی ئەم کەسایەتییە پسپۆڕ و کاریگەرانە بە خەمی زمانەوە لە دەوری یەک کۆ بکاتەوە. ئەم ئەڵقەیە وەک لێژنەیەکی باڵا و ئەندامەکانی وەک رۆشنبیرەکانی ئەو سەردەمە ئاوڕێکی جیددی داوەتەوە لە زمانی کوردی کە ئێستەی زمانی کوردیش بە شێوەیەک قەرزداری ئەو هەوڵانەن وەک:-
-دانانی زاراوە
-یەک لا کردنەوەی رینووس
-پێوەر سازی زمانی و هەوڵ بۆ ئافراندن و پەرەپێدانی چەندین واریانسی زمانی.
-زاراوەسازی لە زمانی کوردیدا لە سەر دەمی کۆمارەوە بەهایەکی زۆری پێ دراوە و ئەمەش بە دوو مەبەستی
– ئاوڕ دانەوە لە یەکە زمانییەکۆنەکانی زمانی کوردی بوون کە دەچوو تۆزی زەمەن لە بیرمانی بباتەوە
– پاک کردنەوەی زمان بوو لە یەکە زمانییە بیانییەکان.
گۆڕانی زاراوە سەربازییەکان لە فارسییەوە بۆ کوردی، یەکێک بوو لەم هەوڵانە کە لە پێناوی ئەو مەبەستانەدا لەسەر دەستی کۆمار دەکرێ و ئێستاش «سەرباز» هەر پێشمەرگەیە و «سپاە» هەر هێزە و «گروە» هەر قۆڵە.
رێنووس، کە لایەنێکی هەرە گرینگە و گرێ دراوە بە مێژوو و فەرهەنگەوە و کارکردن لە سەر ئەم لایەنە بەردەوام لە گەڵ سنووری فەرهەنگی و مێژوویی نەتەوە روو بە روو دەبێتەوە و راستەوخۆ هەر چەشنە سیاسەتێکی زمانی لە کاناڵی رێنووسەوەیە پراکتیک دەکرێ. یەکەمین پلەی رێکخستنی زمان و نوێکردنەوەی زمان بێگومان لە رێنووسەوە دەست پێ دەکات وەک نموونەش سیاسەتە زمانییەکانی چین لە ساڵی 1955 و شۆرشە زمانییەکەی ئاتا تورکە لە ساڵی 1923 دا. کۆماری کوردستان و ئەڵقە زمانییەکەی لە سەر رێنووس تا ئەو جێگەی بۆم دەرکەوتبێت کارێکی ئەوتۆیان جگە لە پەرەپێدانی ئەو رێنووسەی لە سەرەتاوە تا ئەو سەردەمە بیچمێکی پەیدا کردبوو، نەکردووە. ئەمەش بلیێن گشتگیرکردنی خوێندن و نووسینی کوردی و ئەو شێوە رێنووسەی هاوڕاییەکی رێژەیی لە سەر بوو کارێکی یەکجار گرینگە. دەستنیشانکردن و پشتیوانیکردن یان درووستکردنی زمانێکی پێوەر لە هەموو لایەکدا و بۆ هەر نەتەوەیەک بابەتێکی بنەڕەتی و بنچینەییە و هەر سیستەمێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی پێویستیەکی هەرە زۆریان بەم زمانە پێوەرە هەیە.
«پارسۆنز»14 کاردانەوەی هەر سیستەمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی گرێدەداتەوە بە چەند فاکتەری پێویست وەک ئەم خاڵانەی خوارەوە:-
1- هەر سیستەمێک دەبێ پێداویستە گرینگەکانی کردە نوێنەکانی خۆی دابین بکات.
2- هەر سیستەمێک دەبێ بەشداری ئەندامانی خۆی ببزوێنێ.
3- هەر سیستەمێک بۆ مانەوەی خۆی پێویستی بە زمانێکی پێوەر هەیە.
ئەڵبەت لە یادی نەکەین پێوەر دروستکردن پێوەستە بە هەڵوێست بەرامبەر بە کۆمەڵەی زمانی، دوو زمانەیی بوون، دوو شێوەیی زمان و دیالێکت و سێ ئاستی گەورەی زمان واتە: رێزمان و وشە و زاراوە.
وەک پێشتریش وترا زمانی کوردی یەکێک لە داواکارییە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەلگەی کوردیی ئەو سەردەمانە بوو؛ بە پیرەوچوونی ئەو دواکارییە جیا لەوەی بەشداری ئەندامانی کۆمەڵگەی دەبزواند، پێویستییەکی هەر گرینگی سیستەمەکەش بوو بۆ بزواندنی بەشدارییەکە و دامەزراندنی تەعامولێکی گونجاویش بوو بۆ وهڵام دانەوە بە پێداویستییەکی فەرهەنگی گرینگی کۆمەڵگە. نموونەی ئەم هەڵسوکەوتە گونجاوەی کۆمار لە دامەزراندنی سیستمی پەروەردە و دەزگای ڕاگەیاندن بە زمانی پێوەری کوردی و بەهادان بە زمانی کەمینەکان و ئیزنی خوێندنی کەمینەکانی کۆماری کوردستان بوو بە زمانی دایکی خۆیان.
“مەنافی کەریمی” وەزیری فەرهەنگی کۆمار لە یادداشتەکانیدا، باسی چۆن دامەزراندنی قوتابخانە بۆ کەلیمیەکانی ئەو کات دەکات کە 60 بنەماڵە بوون و ئیزنی ئەوەیان درابوویێ بەزمانی عیبری بخوێنن و ئەرکی وەزارەتی پەروەردەش بوو هەموو ئاسانکاری و پشتیوانیەکیان لێ بکات.
خوێندنەوەی زمان لە کۆمارێکی تەمەن کورتی یەکساڵەدا لەوانەیە کارێکی سانا نەبێت بەڵام بەرچاوبوون و دیاربوونی کاریگەرییەکانی ئەو کۆمارە لە سەر زمان تا رادەیەکە هیچ لێکۆڵەر و بینەرێکی تەنانەت بەر چاو تەنگیش ناتوانن حاشای لێ بکەن. لە هەموو گرینگتر کە بە پێویستی دەزانم لە کۆتاییدا ئاماژەی پێبکەم ئەم خاڵەیە کە هەر ئەڵقەو سیستەم و فەرهەنگستان و رێکخراوەیەک کە بەکاری بەرنامەڕێژی و سیاسەتی زمانییەوە هەڵدەستن لە جێبەجێکردنی بەرنامەکانیاندا رووبەرووی کێشەیەکی بە هێز کە لە ناخی نەریتە زمانییەکانەوە هەڵدەستن دەبنەوە. زمانناسان، بەرنامەڕێژی و دەستێوەردانی زمانی بە بابەتێکی دەرەکیی و نەریتە زمانییەکە بە بابەتێکی ناوەکی دەناسن و ئەزموونی بەرنامەڕێژی زمانیی لە زۆربەی شوێنەکاندا رووبەروی گرفتی دژایەتی ئەم بابەتە دەرەکی و ناوەکیە بووەتەوە. نموونەش رەوتی وشە سازی تاقمێک لە فەرهەنگستانەکان و ئاستی وەرگرتنی پێشنیارەکانیانە لە لایەن ئاخێوەرانی زمانەکەوە کە ئەمەش رەنگە بگەڕێتەوە بۆ نادەقاو دەقێتی رەوتەکە لە گەڵ نەریتە زمانیەکاندا.
بەڵام ئەوەی لە سەر دەستی کۆمار بۆ زمانی کوردی کرا وەک زاراوە سازی و وشە سازی و زمانی پێوەر و رێنووس، جگە لەوەی بە هیچ شێوەیەک لە گەڵ ئەم گرفتە رووبەروونەبوونەوە، بەڵکوو لە ماوەیەکی کورتیشدا وەک نەریتێکی زمانی لە زماندا رەگی داکوتا.
لە گەڵ رووخانی کۆمار هەر چەندە ئەڵقە زمانییەکە تێک ترازا و ئەندامەکانی هەر کام بەرەو لایەک ئاوارە بوون بەڵام ئەو کارانەش کە پاشتر لە سەر دەستی ئەو کەسایەتیانە بۆ زمانی کوردی کرا هەر کام لە بواری خۆیاندا خاڵێکی وەرچەرخانی خوێندنەوە زمانناسەکیەکانی کوردین وەک توحفەی موزەفەرییەی مامۆستا هێمن و وەرگێرانی قورئانی پیرۆز و هەنبانە بۆرینەکەی مامۆستا هەژار و قامووسەکەی زەبیحی.
پەراوێزەکان:
1. Environment
2. Benjamin worf
3. Sapir
4. Formation
5. بڕوانە بۆ : 1877 Atkins.” Report of commissioner of Indian affairs”.
6. planning .
7. Crystal
8. Language death
9. Reconstruction
10. Assimilation
11- بڕوانە بۆ : خوشحالی، بهزاد.” قاچی محمد و جمهوری کردستان در آینه اسناد”. همدان،1380.
12- بڕوانە بۆ : کالوه،ژان.” در آمدی بر زبانشناسی اجتماعی” . محمد جعفر پوینده، تهران، نقش نما 1379.
13- بڕوانە بۆ : خوشحالی، بهزاد.” قاچی محمد و جمهوری کردستان در آینه اسناد”. همدان،1380.
14ـ بڕوانە بۆ : ریتزر، جورج. “نڤریهی جامعهشناسی در دوران معاێر”. محسن پلاپی، تهران، انتشارات علمی، 1379، چاپ چهارم.
سهرچاوهکان
– خوشحالی، بهزاد.” قاچی محمد و جمهوری کردستان در آینه اسناد”. همدان،1380.
ـ ریتزر، جورج. “نڤریهی جامعهشناسی در دوران معاێر”. محسن پلاپی، تهران، انتشارات علمی، 1379، چاپ چهارم.
– سلیمی، هاشم.” پیشوای بیداری”. اربیل،ئاراس، 2004. «خاگرات سعید همایون»
– کالوه،ژان.” در آمدی بر زبانشناسی اجتماعی” . محمد جعفر پوینده، تهران، نقش نما 1379.
– مستەفا ،شکوور.” ئەندێشەو هونەر لە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی دا”. هەولێر ، 2003.
– مدرسی، یحیی.” مسائل زبانی و برنامه ریزی زبانی”. مجله فرهنگ ،کتاب سیزدهم1373،ێ130 -125.
– یول ،جورج.” نگاهی به زبان”. نسرین حیدری، تهران، انتشارات سمت، 1379.
*ناوی وتارەکە بە ئیلهام لە «ئەڵقەی پراگ»ەوە وەرگیراوە.