ڕه‌نگین دەڵێت من خه‌ریکی گێڕانه‌وه‌ی کاره‌سات و به‌سه‌رهاتێکم که له کۆتایی ساڵی 1987 له شاری سلێمانی به سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی ئێمه‌دا هاتووه.
شه‌هید “عه‌بدوڵڵا محه‌مه‌د ساڵح” له 29/9/1987 له گه‌ڵ هاوسه‌ری و پێنج کچ و کوڕی له هه‌یئه‌ی که‌رکووک سه‌ری له مل په‌ڕێنراوه، ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه نۆ که‌س بوون و حه‌وت که‌سیان ئه‌نفال بووه و به‌شێوی هه‌ڵکه‌وت و چانس دوو که‌سیان که منداڵ بوون(ڕه‌نگین و عومه‌ر) له هه‌ڵمه‌ته‌که ده‌ربازیان ده‌بێت و لێره‌دا وتووێژێک له گه‌ڵ ئه‌و منداڵه ڕزگارکراوه که ئێسته 38 ساڵ ته‌مه‌نێتی له‌باره‌ی ڕووداوه‌که و ورده‌کاریی و چییه‌تی و چۆنێتی ده‌خه‌ینه ڕوو له‌گه‌ڵ چه‌ند نامه‌ی ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌که‌ی که پێش کوشتنیان به‌شێوه‌ی نهێنی و له‌ڕێگه‌ی کڕینی پۆلیسه‌کانه‌وه له زیندانه‌وه نێردراونه‌ته ده‌ره‌وه.
1- وه‌کوو که‌سێکی رزگاربوو له شاڵاوه‌کانی “ئه‌نفال” و به‌جێماو له بنه‌ماڵه‌یه‌کی ئه‌نفالکراوی 9 که‌سی دیکه، که ته‌نها دوو که‌ستان لێماوه‌ته‌وه، چۆن چیرۆکه‌که ده‌گێڕنه‌وه؟
من خه‌ریکی گێڕانه‌وه‌ی کاره‌سات و به‌سه‌رهاتێکم که له کۆتایی ساڵی 1987 له شاری سلێمانی به سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی ئێمه‌دا هاتووه، ڕاسته ڕووداوی بنه‌ماڵه‌ی ئێمه له چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی ئه‌نفالدا ڕووی نه‌داوه به ده‌قیقی، به‌ڵام دواجار وه‌ک ئامانج و مه‌به‌ست هه‌مان تراژیدیایه. ئێمه خێزانێکی نۆ که‌سی بووین، باوکم مامۆستا و هه‌م مه‌لا بوو، بۆ ماوه‌ی سی(30) ساڵ وه‌ک مامۆستا وانه وتۆته‌وه، دایکم خانمێکی ڕووخۆشی میواندۆست، ئێمه حه‌وت خوشک و برا بووین. کاره‌ساتی ماڵی ئێمه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و هۆکاره‌ی که برای گه‌وره‌م(جه‌لال ناسراو به حاجی) بڕیاری وا ده‌رکرد له‌ناو ڕێکخستن و شانه نهێنییه‌کانی ناوشار کار بکات هه‌رچه‌ند لاوێکی تازه هه‌ڵکشاو بوو، به‌ڵام گه‌نجێکی چاونه‌ترس و بوێر بوو له‌م ئه‌رکه‌دا، دایکم پشتیوانی و پاڵپشتی سه‌ره‌کی خۆی و هه‌ڤاڵه‌کانی بوو، حاجی برام وه‌ک فه‌رمانده‌ی(مه‌فره‌زه‌ی تۆڵه) کاره‌کانی به‌ڕێوه ده‌برد، دایکم ڕۆڵی سه‌ره‌کی هه‌بوو له گواستنه‌وه‌ی نامه‌ی نهێنی و چه‌ک له شاره‌وه بۆ شاخ و ماڵی ئێمه لانکه‌ی پلان و کۆبوونه‌وه‌ی حاجی و هه‌ڤاڵه‌کانی بوو هه‌ر له هه‌مان کاتدا مامۆستا نه‌سرین، خوشکی گه‌وره‌م که له ده‌ربه‌ندیخان مامۆستای ناوه‌ندی بوو، به هه‌مان شێوه له ڕیزه‌کانی ڕێکخستن له ڕێگه‌ی ڕێکخراوی “شه‌هید له‌یلا” کاری حیزبی به‌ڕێوه ده‌برد و چه‌ندین جار ماڵی پشکێنراوه و تاڵان کراوه له لایه‌ن هێزه‌کانی به‌عس، به گومانی کاری ڕێکخستن، براکه‌م، “عومه‌ر” که ئێستا ماوه ئه‌وکات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مناڵ بوو گومانی لێ نه‌ده‌کرا. به خۆی و پاسکیله‌که‌ی ئه‌رکی گواستنه‌وه‌ی ڕمانه و فیشه‌کی هه‌بوو، من که بچووکترین مناڵی خێزانه‌که‌م بووم ئه‌رکی بانگکردنی هه‌ڤاڵه‌کانی حاجیم هه‌بوو که له گه‌ڕه‌کی خۆمان بوون(گه‌ڕه‌کی خه‌بات) به شێوه‌یه‌کی گشتی خێزانی ئێمه به ته‌واوه‌تی کاری رێکخستنه‌کانیان به‌ڕێوه ده‌برد هه‌تا ئه‌و کاته‌ی به‌هۆی خه‌یانه‌تی یه‌کێک له هه‌ڤاڵه‌کانی حاجی به ناوی (فه‌ره‌یدوون) خه‌به‌ر له حاجی و هاوڕێکانی ده‌دا که سه‌رقاڵی ئه‌نجامدانی چالاکییه‌کی ناوشار بوون، له 23/8/ 1987 حاجی و چوار هاوڕێی تری ده‌سگیر ده‌کرێن، دوای ده‌سگیرکردنی ئه‌وان له 29/9/1987 له نیوه‌ی شه‌ودا هێزه‌کانی به‌عس هه‌ڵئه‌کوتنه سه‌ر ماڵی هه‌ر پێنج پێشمه‌رگه‌که، ماڵی ئێمه؛ دایک و باوکم و پێنج خوشک و برام ده‌سگیر ده‌کرێن. “عومه‌ر” له سه‌ربان هه‌ڵدێت، منیش ئه‌و شه‌وه به سه‌ردان له ماڵ مامم بووم دوای ئه‌وه ماڵه‌که‌مان به تاڵان ده‌برێت و به شۆڤڵ خانووه‌که‌مان ده‌ڕووخێنرێت، ئیتر ئه‌وه دواماڵئاوایی و دواڕۆشتن بوو، تا ئێستا که هیچ خه‌به‌رێک وه‌ک دڵنیایی بۆ ئێمه نه‌بووه له‌مه‌ڕ چاره‌نووسیان هه‌تا له زیندانی ئه‌منه سووره‌که‌ی سلێمانی بوون له ڕێگه‌ی کڕینی پۆلیس و به‌خشیشدان چه‌ند نامه‌یه‌کیان به ده‌ستمان گه‌یشتووه، دواجار دوای ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی ساڵی 1991 له ناو ئه‌منه سووره‌که‌دا و له ئه‌رشیڤی کتابه‌کاندا ئه‌و نووسراوه‌مان دۆزییه‌وه که تۆمار کراوه له 12/12/1987 له هه‌یئه‌ی که‌رکووک ئه‌م خێزانه به شێوه‌یه‌کی له‌سه‌رخۆ سه‌ربڕاون.
2-له ڕوانگه‌ی که‌سێک که ئه‌و برینه‌ی به‌رکه‌وتووه، ئه‌نفال چۆن پێناسه ده‌که‌ن؟
ئه‌مه‌ی سه‌ره‌وه ته‌نها گێڕانه‌وه‌یه‌کی مێژوویی بوو وه‌ک چۆنێتی ڕوودانی ڕووداو یان کاره‌ساتێک، گێڕانه‌وه‌یه‌کی مادی، ئه‌گه‌ر بمه‌وێت وه‌ک کاره‌ساته‌که وه‌ک به‌رکه‌وتن به‌ر هه‌ستم بگێڕمه‌وه یان پێناسه بکه‌م، ده‌توانم بڵێم؛ ئه‌نفالی خێزانه‌که‌م وه‌رچه‌رخانێک بوو وه برووسکه‌یه‌ک بوو ته‌واوی پێنج ساڵی یه‌که‌می ژیانمی سووتاند وه‌ک که‌سێک که هیچ تێگه‌یشتنێکی نه‌بێت، ده‌ستوپێ سپی نه‌مده‌زانی چییه و و بۆچی ئه‌مه ڕوویداوه، پێناسه‌کردنی هه‌ستی مناڵێکی پێنج ساڵان له چوارچێوه‌ی وشه‌دا جێی نابێته‌وه، ڕاسته له‌و کاته‌دا ته‌نیا دایکم ئه‌ویست، به‌ڵام له ڕاستیدا بسکیت و نوقڵ و عانه‌ی باوکمم ئه‌ویست، یاری له‌گه‌ڵ شلێری خوشکم ئه‌ویست، باوه‌شی نه‌سرین و په‌روینی خوشکه گه‌وره‌م ئه‌ویست، چاوشارکێی کۆڵانم ئه‌ویست، به‌ڵام من بۆ دایکم ئه‌گریام، ئێستاش که ته‌مه‌نم 38 ساڵه به هه‌مان تاسه‌وه بیری مناڵییه‌کی دزراو، مناڵییه‌کی ناکامڵ ده‌که‌م، ئه‌م جۆره کاره‌ساتانه به تایبه‌ت له ته‌مه‌نێکی مناڵیدا هه‌ندێک جار مرۆڤ وه‌ک ته‌نێکی بێ گیان، هه‌ندێک جاریش ته‌واوی بوونت ده‌بێ به هه‌ست، من هیچ کات وه‌ک مرۆڤێکی ئاسایی ژیانم نه‌گوزه‌راندووه له ناخی خۆمدا، به‌ڵام بۆ هیچ ئاسته‌نگێکی ژیانیش نه‌چه‌ماومه‌ته‌وه. مرۆڤی دوای کاره‌ساته گه‌وره‌کان یان یه‌کجار ده‌ڕووخێت یان یه‌کجار به پێوه سه‌ربڵند ده‌وه‌ستێت.
3- به‌ڕای ئێوه پێوه‌ندی وشیاریی مێژوویی و سیاسی ئه‌وانه‌ی وا له شاڵاوه‌کاندا رزگارییان بووه، له‌گه‌ڵ “ئه‌نفال” له ئاستێکی وادا هه‌یه که ئه‌نفال وه‌کوو برینێکی قووڵی ئینسانیی و نه‌ته‌وه‌یی ببیننه‌وه و بیگێڕنه‌وه؟
به شێوه‌یه‌کی گشتی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی وشیارییه‌کی به‌رچاوی نییه بۆ ڕووداوه سیاسی و مێژووییه‌کان، جیاوازییه‌ک نییه له نێوان ئه‌وانه‌ی له ئه‌نفال ڕزگاریان بووه له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی بینیویانه، کۆمه‌ڵگای ئێمه جارێ خه‌ریکی ده‌سخستنی مافه سه‌ره‌تاییه‌کانی ژیانێتی. وه‌ک تاک ئه‌مه سه‌ره‌ڕای کێشه گه‌وره‌کانی تر وه‌ک کێشه‌ی سنوور و خاک و نه‌ته‌وه و ئه‌و ڕووداوانه‌ی دوای ڕووخانی ڕژێمی به‌عس ڕوویدا؛ وه‌ک شه‌ڕی ناوخۆ و ململانێی حیزبی و ناوخۆیی و جه‌نگی داعه‌ش واته؛ به‌رده‌وام تاکی ئێمه و کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه به‌ر ڕووداوی تازه که‌وتووین که نه‌مانتوانیوه وه‌کوو پێویست خه‌ریک بین ڕووداوه‌کانی پێشوو دۆکیۆمێنت بکه‌ین و کاری له سه‌ر بکه‌ین، به‌ڵام ئه‌م ڕووداوانه پاساو نین بۆ توێژی نوخبه و ڕۆشنبیران که ڕۆڵ بگێڕن له سه‌ر زیندوو هێشتنه‌وه‌ی ڕووداوه مێژووییه‌کانه‌وه و تاک ناچار بکه‌ن گرینگی به مێژوو و کاره‌سات بدات، ده‌مه‌وێت ئاماژه به‌وه بکه‌م ژیانکردن له‌گه‌ڵ ئازار له‌گه‌ڵ گێڕانه‌وه و نووسینه‌وه‌ی ئازار دوو شتی جیاوازن، ڕه‌نگ بێ زۆر جار پێوه‌ندی به ئاستی وشیارییه‌وه نه‌بێت، مه‌رج نییه ئه‌و که‌سه‌ی ئازار ده‌چێژێت بتوانێت ئه‌و ئازاره بنووسێته‌وه هه‌ندێک له ئازار په‌ل و پۆی مرۆڤ ده‌شکێنن بۆیه گێڕانه‌وه و نووسینه‌وه و دۆکیۆمێنتکردنی ئه‌رکێکی قورسه له به‌ر ئه‌م هۆکاره ئه‌م ڕۆڵه ده‌بێت چینی نوخبه و ڕۆشنبیران به ئه‌مانه‌تی سه‌رشانی خۆیانی بزانن.
4- له‌و نامانه‌ی که دوای ڕاپه‌ڕین و له ئه‌رشیڤه‌کانی ئه‌منه سووره‌که ده‌ستان که‌وت چ خوێندنه‌وه‌یه‌کتان هه‌یه؟ کام نامه گرینگه و کاری زیاتری کردۆته سه‌رتان؟
له ڕاستیدا ناتوانم وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بده‌مه‌وه، گشت نامه‌کان کاریگه‌رییان له سه‌ر من وه‌ک یه‌که، ئه‌کرێت بڵێم؛ هه‌ر یه‌که‌یان به جۆرێک، له ڕووی هه‌ست و سۆزه‌وه دڵم کونکونه بۆ نامه‌که‌ی شلێر، له هه‌مان کاتدا که وه‌ک مرۆڤێکی گه‌وره نامه‌که‌ی نه‌سرین که له کۆتاییه‌که‌یدا ده‌ڵێت؛ مامه‌گیان هه‌واڵی کتێبه‌کانی بابه‌م بنێره‌وه ئاخۆ ماون؟ چوونکه هه‌ندێکی ئه‌مانه‌ته، بابم زۆری خه‌مه بۆ ئه‌و کتێبانه. چه‌ندین جار نا به‌ڵکوو هه‌زاران جار له‌م چه‌ند دێڕه ڕاماوم، ئاخۆ جه‌نابی باوکم له‌و دۆخه‌یا چۆن توانیویه‌تی ئه‌وه‌نده مرۆڤێکی کتێبدۆست و ئه‌مانه‌تپارێز بێت!
5-داواکاریی بنه‌ماڵه‌ی ئه‌نفالکراوان چییه به گشتی و چه‌ندی جێبه‌جێ کراون؟
داواکاری بنه‌ماڵه‌ی ئه‌نفالکراوان له پێش هه‌موو شتێک پێزانینه به‌و قوربانییه گه‌وره‌یه‌ی که پێشکه‌شیان کردووه و ڕێزگرتنه له هه‌ست و سۆزی ئه‌وانه‌ی به‌جێ ماون، به‌کار نه‌هێنانی ئه‌و توێژه وه‌ک ئامراز و ئه‌داتێک بۆ مه‌به‌ستی سیاسی، سزادانی تێوه‌گلاوانی ئه‌م تاوانه‌یه.
6-حکوومه‌تی هه‌رێم یان ئێراق چه‌نده ئه‌نفالی لا گرینگه وه‌کوو کاره‌ساتێکی ئینسانی و تاکوو ئێستا چی‌یان کردووه له پێوه‌ندی به‌م بابه‌ته‌وه؟
بۆ ته‌واوی ڕووداوه‌کانی مێژووی کورد، حکوومه‌تی هه‌رێم و ئێراقیش که‌مته‌رخه‌من له خستنه‌ڕووی ئه‌م تاوانانه له دادگا نێوده‌وڵه‌تییه‌کاندا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کورد گه‌لێکی بێ ده‌وڵه‌ته ناتوانێت کاریگه‌ریی نێوده‌وڵه‌تیی بۆ ئه‌م تاوانانه هه‌بێت، قه‌یرانه سیاسی و ئابوورییه‌کان و خراپیی پێوه‌ندییه‌کانی (هه‌رێم و به‌غداد) جارێکی تر ئه‌م ڕووداوانه‌ی کردۆته‌وه به قوربانی، له ڕاستیدا به‌رژه‌وه‌ندییه سیاسی و حیزبییه‌کان بواری نه‌داوه ئه‌م که‌یسه گه‌ورانه بگه‌نه جێگه‌ی خۆیان به‌تایبه‌ت دۆسییه‌ی ئه‌نفال له‌به‌ر ئه‌وه‌ی چه‌ند که‌سایه‌تییه‌ک تێیدا به‌شدار بوون ئێستاکه داواکراون له لایه‌ن دادگاوه، هێشتا پشتیوانیان ده‌کرێت و کارئاسانی ده‌کرێت بۆ ڕزگاربوون و ده‌ربازبوونیان له به‌ر ئه‌م هۆکارانه. ئه‌م ڕووداوانه به‌ر غه‌دری گه‌وره که‌وتوون له لایه‌ن سیاسییه‌کانه‌وه.
7- کێن ئه‌وانه‌ی به‌ڕاستی ئه‌نفالیان به لاوه گرینگه؟
ده‌بێت ئه‌نفاڵ بۆ تاک به تاکی کۆمه‌ڵگه گرینگ بێت، به‌ڵام به داخه‌وه ئه‌وه‌ی هه‌یه ئێستا ته‌نیا بۆ بنه‌ماڵه‌کانیان و که‌س و کاریان گرینگه له‌گه‌ڵ چه‌ند ڕۆشنبیر و که‌سایه‌تییه‌ک که ئه‌م دۆسییه‌یان بۆ گرینگه و به ئه‌رکێکی نه‌ته‌وه‌یی و ویژدانیی خۆیانی ده‌زانن.
8- به‌ڕاتان ئه‌ده‌ب و هونه‌ر ده‌توانێ ئه‌نفال بگێڕێته‌وه و باسی بکات؟
ئه‌ده‌ب و هونه‌ر ده‌بێت ئاوێنه و زمانحاڵی نه‌ته‌وه‌که‌ی بێت، ئه‌داتێک بێت بۆ گوزارشتکردن له‌و ڕووداوانه‌ی ڕوویانداوه، گێڕانه‌وه‌یان به ئامانه‌ته‌وه جا له ڕێگه‌ی هه‌ر جۆرێک له ئه‌ده‌به‌وه بێت، ڕووداوی ته‌نیا خێزانێک ده‌توانێت سه‌رچاوه‌ی ده‌یان چیرۆک، شیعر، فیلم و رۆمان بێت، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی که ئێمه مێژووه‌که‌مان لێوانلێوه له ڕووداو که ده‌توانێت سه‌رچاوه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی ئه‌ده‌بی ئێمه بێت و زۆر جار ئه‌ده‌ب ده‌توانێت زووتر ڕووداو بگه‌یه‌نێته نێوه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌کان، ئێمه ده‌بوو وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی بێ ده‌وڵه‌ت ئه‌م ئه‌رکه‌مان به ئه‌ده‌ب بسپاردایه.
9- ئه‌و کاره هونه‌ریی و ئه‌ده‌بییانه‌ی له‌مه‌ڕ ئه‌نفاله‌وه تاکوو ئێستا سه‌رنجی ڕاکێشاون، کامانه‌ن؟
وه‌ک خۆم هیچ کارێک وه‌ک نووسینه‌کانی (شێرکۆ بێکه‌س) ئازار و برینه‌کانی نه‌وه‌راندووم.
10- له نامه‌کاندا؛ چه‌ند جار له ڕێگه‌ی باوکتان یان نه‌سرینی خوشکتانه‌وه داوای بلووز و که‌واو و ماکسی و… واته؛ به گشتی جلوبه‌رگ وه‌کوو سه‌ره‌تاییترین مافی هه‌ر زیندانی و به‌ندکراوێک کراوه، بۆچی به‌عس جلوبه‌رگیشی پێ ڕه‌وا نه‌ده‌دین؟
شتێکی شاراوه نییه خودی به‌عس دڕنده‌یه‌یی له ئاستێک‌دا بووه که هیچ پێوه‌رێکی بێ ویژدانی نایخوێنێته‌وه، حیزبێک به ئاگر و ئاسن حوکم بکات چاوه‌ڕێی مامه‌ڵه‌ی ئینسانیی لێ ناکرێت، به تایبه‌ت به‌رامبه‌ر که‌سانێک که دژی حوکمڕانییه‌که‌ی کاریان کردووه، بۆیه نه‌ک جلوبه‌رگی شایسته به مرۆڤی نه‌داوه به زیندانییه‌کان به‌ڵکوو هیچ جۆرێک ڕێزی مرۆڤبوونی نه‌گرتوون، چه‌ندین جۆری ئه‌شکه‌نجه‌ی زیندانیانی داوه که دژ به مرۆڤ بوون.
11- ئێمه که ئه‌نفالمان وه‌کوو دۆکۆمێنت بینیوه و ته‌نها له وێنه و وشه و هه‌واڵدا به‌ر ده‌لاله‌تی ڕه‌نج و برینه‌کان ده‌که‌وین، ئه‌رکمان چییه؟
ئێمه هه‌موومان ئه‌مه‌گدارین به‌وه‌ی مێژووی خوێناوی و ئازاره گه‌وره‌کانمان وه‌ک ئه‌مانه‌تێک بگه‌یێنینه نه‌وه‌کانی داهاتوومان، ئه‌مه ئه‌رکێکی هه‌م پیرۆزه هه‌م مه‌زن چوونکه هه‌ر گه‌لێک قه‌دری مێژووی نه‌گرێ و زانیاری درووستی له‌باره‌ی مێژووی خۆی نه‌بێت گه‌یشتنه ئامانج کارێکی زه‌حمه‌ت ده‌بێت.
12- وه‌کوو دوا وته‌تان؛ هه‌رچییه‌ک به پێویستی ده‌زانن له‌م ڕۆژانه‌دا که دیسان گۆڕه‌به‌کۆمه‌ڵه‌کان هه‌ڵده‌درێنه‌وه(سه‌ماوه) و وێنه و یاده‌کان گیانی تازه ده‌گرنه‌وه، بیڵێن.
نه‌ک له سه‌ماوه به‌ڵکوو لێره له “سلێمانی” له هه‌ر جێگایه‌ک پێ ده‌نێمه سه‌ر زه‌وی هه‌ست ئه‌که‌م ئێسک و پرووسکی خێزانه‌که‌می له ژێردایه ئه‌مه هه‌ستی هه‌موو به‌جێماوێکی کاره‌ساتی ئه‌نفاله، هه‌ر گۆڕێک هه‌ڵده‌درێته‌وه دڵی که‌سوکاری ئه‌نفالکراوان داده‌خورپێ ئه‌مه هه‌ستێکه ته‌نها ئێمه ئه‌توانین بزانین چۆنه!