نەتەوەی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان نەورۆزیان وەکوو سەنگەرێک لێکردووە و هێما و ناسنامە نەتەوەییەکانیان لەو ڕۆژەدا بەرجەستە دەکەنەوە.
لە ساڵی ١٩٤٥ی زایینی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ڕاستیدا “دەوڵەتە یەکگرتووەکانە” بە ئارمانی پێشگیری لە شەڕ و پاراستنی ئاشتی و ئەمنییەتی نێودەوڵەتی دامەزرا. کە دەڵێم “دەوڵەتەیەکگرتووەکان” مەبەستم “نەتەوە یەکگرتووەکانە” چونکە لەڕاستیدا ئەوانەی وا لەوێ بەشدارن نوێنەری نەتەوەکان نین؛ بەڵکوو نوێنەری دەوڵەتەکانن، گەر نوێنەری نەتەوەکان بوایەن، دەبوایە ئێمەی کوردیش نوێنەرێکمان هەبوایە لەوێ، کەوا بوو ئێمە دەڵێین “دەوڵەتەیەکگرتووەکان”.
پاش دامەزراندنی ڕێکخراوی دەوڵەتەیەکگرتووەکان و پەسەند بوونی جاڕنامەی جیهانی، دواتر چەندین دامەزراوەی دیکەی سەر بەو ڕێکخراوە دروست کران کە یەک لەوان، دامەزراوەی زانستی، کەلتووری و پەروەردەیییە کە بە UNESCO)) یوونێسکۆ ناسرواوە.
یەکێک لە ئامانجە درێژخایەنی ئەم دامەزراوەی سەر بە ڕێکخراوی دەوڵەتەیەکگرتووەکان، پاراستن و پارێزگارییە لە فرەچەشنی کەلتووری و میراتە کۆنەکانی مرۆڤایەتییە.
لە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٣٠ی نوامبەری ساڵی ٢٠٠٩ و پاش هەوڵی ١٢ وڵات “نەورۆز” وەکوو یەکێک لە میراتە بەرین و کۆنەکانی مرۆڤایەتی لەلایەن دامەزراوەی “یونسکۆ”وە تۆمار کرا و دواتر لەلایەن کۆڕی گشتیی دەوڵەتەیەکگرتووەکانەوە ڕۆژی ٢١ ئادار (مارس) وەکوو ڕۆژی جیهانی “نەورۆز” بە دروشمی “تێپەڕینی کات دەرفەتێکە بۆ دروستکردنی پرد لە نێوان مرۆڤەکان”، دیاری کرا. گژر زمان فرصتی برای ساختن پل میان انسانهاست.
ئەو وڵاتانەی کە هەوڵیان دا تاکوو نەورۆز بە جیهانی بکرێت، بریتین لە: هێندوستان، پاکستان، قەزاقستان، ئوزبەکستان، قڕقیزستان، کۆماری ئازەربایجان، تاجیکستان، ئەفغانستان، تورکەمەنستان، ئێران، تورکیە و ئێراق.
نەورۆز یان نوێڕۆژ
وشەی “نەورۆز” نوێیە و بە پێی لێکۆڵینەوەی مێژوونووس توماس بۆیس کە لە کتێبی کوردەکان ( (the kurds نووسیویەتی وشەی دروست “نوێڕۆژ” بووە و ئەویش هەر بە نوێڕۆژ ناوی بردووە بەڵام دواتر بە هۆی دەسەڵاتی زاڵی ئێرانی و فارسەکان گۆڕدراوە بۆ نەورۆز.
نەورۆزی کوردەواری
هەر ساڵە و لە ڕۆژی ٢١ ئادار (مارس)، نەتەوەی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستانی داگیرکراودا جەژنی نەورۆزی کوردەواری بە ئاگرکردنەوە و پۆشینی جل و بەرگی نوێ وەک چۆن سرووشت خۆی نوێ دەکاتەوە، خۆیان نوێ دەکەنەوە و بە هەڵپەڕکێ و شایی لە داوێنی سرووشتی دڵڕفێنی نیشتمانەکەیان وەکوو پێشینیانیان، ئەو ڕۆژە جەژن دەگرن.
بە وتەی مێژووناسی کورد “سۆران حەممە ڕەش” نەورۆز بنەچەیەکی زۆر زۆر دێرینی هەیە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە پانزە هەزار ساڵ پێش، بەڵام وەکوو بەڵگەی مێژوویی تەنیا دەقێک لەبەر دەستە، کە مێژووەکەی دەگەڕیتەوە بۆ پێنج هەزار سال پێش و بە جوانی لە ئایینی میترا دا خۆی دەردەخات و لەلای ئێزیدییەکان و یارسانەکان تاڕادەیەکی زۆر ئەو داب و نەریتانەی نەورۆز وەکوو خۆیان ماونەتەوە کە تەعبیر لە تێگەیشتن و بیرکردنەوەی سەردەمی کۆنی کۆمەڵگای کوردەوارییە لە ژیان و بە گشتیی جیهان بینییان. پێشینیان کاتێک کە سەرما و بەستەڵەک نەماوە و سرووشت بووژاوەتە، بە شایی و خۆشی جەژنیان گرتووە، چوونکە مزگێنی ژیانەوەی لەگەڵ خۆی هێناوە.
نەورۆز تەنیا ڕۆژێک بۆ بەسەر بردنی کاتێکی خۆش و شایی نییە، بەڵکوو واتا و فەلسەفەی ژیانی کۆمەڵگای کوردەواری لە پشتە کە نەتەوەی کورد لە باقی ئەوانیتر جیا دەکاتەوە و بەو تایبەتمەندییانەی خۆی دەیهێڵێتەوە و لە تواندنەوەی و لەناوچوون دەیپارێزێت.
کەواتە نەورۆزی کوردەواری واتادارە و هەموو موسیقی و جل و بەرگ و خۆراک و داب و نەریتانەی کە لە نەورۆزی کوردەواریدا هەن، بەڵگەگەلێکن کە پێکهێنەری ناسنامەی نەتەوەییمانن و پاراستن و گەشەپێدانیان ئەرکی سەر شانی هەموومانە.
نەورۆز و کوردایەتی
سەرەتا پێویستە پرسی کورد بوون و کوردایەتی لەیەک جیا بکەینەوە، کورد بوون بە هەر کەسێک کە لە بنەماڵەیەکی کورد لەدایک دەبێت پێی دەڵێین کورد و لەوانە ئەو کەسە هیچ هەست و دەرکێکی لە پرسی نەتەوەیی خۆی نەبێت و تەنانەت لە بەرەی داگیرکەرانیشدا بێت، بەڵام کوردایەتی بریتییە لە خەبات و بەرخۆدانی نەتەوەی کورد کە لە بەرانبەر چەمکی “ناسیۆنالیزم” دانراوە بەو واتایە کە کوردایەتی ڕەوتێکی مێژوویییە کە تاکوو ئەوڕۆ هاتووە و پرسێکی ناسنامەیی و ئایدۆلۆژییە و هەموو کۆمەڵگای کوردەواریی گرتووەتەوە و لەڕاستیدا هەڵقوڵاوی کۆمەڵگای خۆیەتی کە قۆناغ بە قۆناغ گەشەی مەعریفی کردووە، هەرکاتێک باس لە کوردایەتی دەکرێت بێگومان لە تەنیشت دوو چەمکێکی دیکەدا کە تێک ئاڵاون بەکار دەبردرێت، ئەویش “دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئازادییە”، بۆیە کاتێک دەڵێین کوردایەتی لەگەڵ ناسیۆنالیزم جیاوازی هەیە ئەوەیە کە هەڵقوڵاوی کۆمەڵگای خۆیەتی و تێکەڵ بە ویستی ئازادی ودادپەروەری کۆمەڵایەتیش بووە.
کەواتە نەورۆز و کوردایەتی، لە بیری هەر تاکێکی کورد کە پرسی نەتەوەکەی لا گرینگە، بووەتە ڕەمزێکی هەرمان. کە چاو لە مێژووی خەباتی ڕزگاری خوازی نەتەوەی کورد دەکەین بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێت کە هەروەک چۆن لە کۆنەوە هاتووە، لە نەورۆزدا زۆرێک لە سەرهەڵدان و بەرخۆدانەکانی نەتەوەی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان سەریان هەڵداوە و جڵەوی خەباتی ڕزگاری خوازی نەتەوەی کوردیان کە بە کوردایەتی ناسراوە وەئەستۆ گرتووە.
گرنگی نەورۆز لە ڕەوتی کوردایەتیی ئێستای کورد
بێگومان نەتەوەی کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستان نەورۆزیان وەکوو سەنگەرێک لێکردووە و هێما و ناسنامە نەتەوەییەکانیان لەو ڕۆژەدا بەرجەستە دەکەنەوە. جامانە، هەوری، ئاڵای کوردستان و ئاگر و پۆشینی جل و بەرگی کوردی لەلایەن کچ و کوڕ، زن و پیاوی کوردەوە دەرخەری گرنگی ئەو ڕۆژەیە بۆ کورد و کوردستان تاکوو پێداگری لە بوون و مانەوەی خۆی بکات و بانگی ئازادی سەر بدات و دژ بە داگیرکەران بەرخۆدان بکەن.
لایەنێکی گرنگی دیکەی نەورۆز یەکخستنی گوتاری کوردایەتییە لە هەموو پارچەکانی کوردستان و کوردانی تاراوگەش، بێگومان کاتێک گۆرانییەک، شێعرێک و هەڵویستێک، کردەوەیەک و ڕێوڕەسمێک کە لە بەشێکی کوردستان ئەنجام دەدرێت، کاریگەری باشی لەسەر پارچەکانی دیکە و هەموو کورد دادەنێت و هەموو بە حەماسەتەوە لێی دەڕوانن و دەیبینن. کەواتە نەورۆز بووەتە هێمایەیەک بۆ یەکڕێزی کۆمەڵانی کوردستان و کۆکردنەوەیان لە دەوری گوتاری کوردایەتی و بێگومان لایەنەکانی کوردیش بە کاریگەری وەرگرتن لە ئەم یەکبوونە هەوڵی نزیک بوونی هەرچی پتەوتری پێوەندی نێوانیان لە هەموو پارچەکانی کوردستانی داگیرکراو دەدەن و بە یەکیەتییان دەتوانن کورد و کوردستان بە ئامانجی لەمێژینەی خۆی کە “دەوڵەتی” کوردییە گەر لە پارچەیەکی کوردستان بۆ نموونە باشووریش بێت، بدەن.
هەموومان دەزانین کە باشووری کوردستان دۆخی لە پارچەکانی دیکەی کوردستان جیاوازترە و بەشێک لە مافەکانی دابین و دەستەبەر بووە و شانسی بوون بە دەوڵەتی لە باقی پارچەکانی دیکە زیاتر، گەر چی هەڕەشەی نێوخۆیی و دەرەکیی زۆریشی لەسەرە. گەلی کورد بە کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتەکان وەکوو نەورۆز دەتوانن هێز و ئیرادەیان یەک بخەن و بە سەر دوژمناندا هەروەک چۆن سروشت بەسەر سەرمادا زاڵ دەبێت و خۆی نوێ دەکاتەوە، خۆیان یەک بخەن و بە باوەڕ بەخۆبوون و یەکیەتی و ڕێز لە خۆیان گرتن و پشتکردن بە دوژمنان، بە ئامانجەکانیان بگەن.
هێرشە مووشەکییەکەی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر هەولێری پایتەخت و هێرشەکانی پێشووتری میلیشیاکانی دژی هەرێمی کوردستان و داگیرکەرانی دیکەی کوردستان کە زۆرتر بە شاراوە و لەڕێگەی سیخووڕی و خراوکاری هەوڵی لەنێوبردنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و لەنێوبردنی دەدەن، دەرخەری ئەوەیە کە کورد و کوردستان تەنیا شانسی مانەوە و گەیشتنیان بە ئامانجی لە مێژینەیان کە دەوڵەتی کوردییە، لەسەر خۆ حسێبکردن و پشتکردنە بە داگیرکەرانە.
نەورۆزی کوردەواری کە بووەتە ڕەمزێک بۆ یەکیەتی و یەکبوونی نەتەوەی کورد لە هەموو کوردان، پیرۆز بێت.