لە هەر بەشێکی کوردستان زۆر گرووپ هەن کە لە ژێر کاریگەری (سەلەفی – ئیخوان)دان کە لە رووی گەلی و نەتەوەییەوە تەواو ناپێوەندیدارن. ئەم گرووپانە هێشتا شوێنکەوتووی زۆریان دەست نەکەوتووە، بەڵام کاریگەری زۆریان لە سەر پەرەسەندنی سیاسی هەیە.
هەر دوو گرووپی ئیسلامی؛ کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی (Yekgirtû)ی کوردستان، کە لە رەوتە ئیسلامخوازە سەرەکی و لاوەکییەکان کەوتوونەوە، بە شوێن ئەوەوەن لەگەڵ سیستەمی سیاسی کوردستانی ئێراق رێک بکەون.
زۆرینەی خەڵکی کورد سوننە مەزهەبن، بەڵام ژمارەی حزبە سیاسییە سێکیولارەکان کەم نییە و ئەو حزبانە هەرگیز پێشوازییان لە رێوڕەسمە گشتییە ئایینییەکان نەکرد. مەلا مستەفای بارزانی پیاوێکی دیندارو نەریتخواز بوو. بەڵام لە پێگەی رابەرایەتی KDPدا سەرسەختانە پابەندی سێکیولاریزم بوو. پەکەکە لە سەرەتاوە دژی مەزهەب بوو، بەڵام بە هۆی گرنگبوونی لەناو خەڵکی کورددا، تا رادەیەک ئیسلامی قبوڵ کرد.
ژمارەیەک بزووتنەوە کە لە چەند دەیەی رابردوودا سەریان هەڵداوە، شانازی بە ناسنامەی ئیسلامی و کوردی خۆیانەوە دەکەن. من ئەم جۆرە ناسنامەیەم ناو ناوە نەتەوەخوازیی ئیسلامی، هەرچەند زۆربەیان لە بنەمادا دژی نەتەوەخوازین. لە کوردستانی تورکیا ئەو بزووتنەوانە بریتین لە گرووپێکی رابوونەکانی نوور، رابوونە گۆڕاوەکانی حزبوڵا و بەمدواییەیش حزبی پێشڕەوی ئازادی. لە ئێرانیش بزووتنەوەی قورئان کە لەلایەن ئەحمەد موفتیزادەوە دامەزراوە. لە کوردستانی ئێراق گرووپی عەلی باپیر (کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان)و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، بەشێکن لەو رابوونە ئیسلامییانە.
بە بڕوای من ئەم نەتەوە خوازییە ئیسلامییەی کوردستان، گرنگی جۆری سێیەمی نەتەوەخوازیی کورد پێشان دەدات کە لە دەیەکانی داهاتوودا گرنگی و پێگەی زیاتر دەبێ. پێکهاتەی کۆمەڵایەتی مسوڵمانان کە کوردانی دیندار بەشداری تیادا دەکەن، لە بنەمادا بەرەو ئەوە دەڕوات کە لە بەهای ناسنامە و گەل کەم بکاتەوە.
لە دەیەی ١٩٧٠دا نەجمەدین ئەربەکان، یەکەم رابوونی ئیسلامی مۆدێرنی لەژێر ناوی رابوونی نەتەوەیی لە تورکیا دامەزراند (کە پێکهاتبوو لە کۆمەڵێک حزبی سیاسی لەگەڵ حزبی نەتەوەیی و سەلامەت پارتیسی و میللی نیزام پارتیسی کە حزبی AK لەوەوە سەری هەڵدا)، زۆربەیان بازرگانی ئاسایی و مامناوەندی کورد بوون، بەڵام نە ئەربەکان و نە خەڵک گرنگییان بە بۆچوونی گشتی لەبارەی جۆری گەلەکەیانەوە نەدەدا. حزبە نەتەوەیی و ئیسلامییەکان هۆگرییەکی زۆریان بۆ زاراوەی (سەرمایەی ئاناتۆلی) پێشان دەدا، چونکە سەرمایە مامناوەندو بچووکەکان لە ئاناتۆلی رۆژهەڵات، رکابەرییەکی نایەکسانیان لەگەڵ سیستەمی ئابوری گەورەو زەبەلاحی رۆژئاوای تورکیادا هەبوو.
لە ئاناتۆلی رۆژهەڵات، لە دەیەی ١٩٧٠دا حزبی میانڕەو رێژەیەکی بەرزی دەنگەکانی بەدەستهێنا. رابوونی نەتەوەیی لەڕووی ئایدۆلۆژییەوە کەوتە ژێر کاریگەریی ئیخوان موسلمین، هەرچەند ئەربەکان ئەو بارودۆخەی بۆ تورکیا ئامادە کردبوو. واتای نەتەوەخوازیی، سێکیولاری گەلی و مەدەنی تورک نییە، بەڵکوو زیاتر مسوڵمانانی سوننەی ئیمپراتۆورییەتی عوسمانی دەگرێتەوە، بە تایبەت بەشی ئاناتۆلی.
نووسینەکانی عەلی شەریعەتی – ئێرانی، کاریگەری زۆریان لەسەر بیروبۆچوون و رێکخستنی ئیسلامخوازەکانی کوردی تورکیاو ئێراق هەبوو. دوای کودەتای دوازدەی دیسەمبەری ١٩٨٠ لە تورکیا و دوای شەڕی ئێران و ئێراق، بۆ ماوەی چەند مانگێک ئیسلامخوازەکانی کوردستانی ئێراق و تورکیا رایانکرد بۆ ئێران و لەوێوە چوون بۆ ئەفغانستان، بۆ ئەوەی لە جیهادی دژ بە رووسیای داگیرکەردا بەشدار بن.
لە کوردستانی تورکیا زۆر ئەنجومەنی ئیسلامی خۆجێیی پێک هاتن، بەڵام زۆر بەردەوام نەبوون و زۆرینەیان بە خێرایی لێک هەڵوەشان. گرنگترینیان بزووتنەوەی ئیسلامی حزبوڵا بوو کە لە دەیەی ١٩٩٠دا تێکگیرانی خوێناوی لەگەڵ پەکەکە هەبوو. حزبوڵا بەدرێژایی ئەو قۆناغەی هاوکاری نزیکی لەگەڵ هێزە دژە شۆڕشەکانی حکومەت هەبوو و دەستکایەی ئەو هێزانە بوو، ناسناوی (حزبی کۆنترا)ی لێ نرابوو.
حزبوڵا سەرەڕای ئەوەی نەتەوەخوازی کوردی بوو، گرووپە ئیسلامییەکانی دیکەی وەکو حزبی منزیل ئیسلامی و زەهرا نووری کوردی، دەکردە ئامانج و سەرۆکی زەهرا نوری واتە عیزەدین یێڵدرمیان رفاندو دوای ئەشکەنجەدانی کوشتیان. ساڵی ٢٠٠٠ کاتێک سەرۆکی حزبوڵا واتە حوسێن ویل ئۆغڵو، لە تێکگیرانێکی چەکداریدا لەگەڵ پۆلیس کوژرا، سەرکردەکانی دیکەی ئەو حزبە دەستگیرکران. ئەم رووداوە خاڵێکی گرنگە لە مێژووی ئەو رێکخراوەدا. دواتر هەوڵی دا بە سەرۆکایەتی نوێ و گەنجەوە ئاراستەی خۆی بگۆڕێ و شێوازی نهێنی و ناڕەوا بخاتە لاوە و ببێت بە رێکخراوێکی کۆمەڵایەتی و مەدەنی (بزووتنەوەی هەژاران) و بە شوێن پێکهێنانی بونیاتێکەوە بێ کە ئاپورەی خەڵک تیایدا ئامادە بن.
سوکایەتیکردنەکەی کاریکاتێریستی دانیمارکی لە ساڵی ٢٠٠٦دا، دەرفەتێک بوو بۆ ئەوەی بتوانن ناڕازییان لە خۆیان کۆبکەنەوەو گردبوونەوە سازبکەن. ئەوە یەکەم هەوڵی سەرکەوتوویان بوو بۆ کۆکردنەوەی خەڵک. وەک رکابەرییەک لەگەڵ حزبی سێکیولاری کورد کە نەورۆزی وەک بۆنەیەکی گەورە بەرپادەکرد، ئەم حزبەیش گردبوونەوەیەکی بەبۆنەی نەورۆزەوە بەرپا کرد (لە دیاربەکر و رێک لە هەمان شوێن دوای مانگێک) جێژنی مەولودی پێغەمبەری ئیسلامی بەڕێوە برد. ئەم کارانە پێشانی دا کە دەتوانێ ئاپوورەی خەڵک بۆ بۆنە ئایینییەکان کۆبکاتەوە، رەنگە ژمارەیان بەقەدەر ئەو کەسانە نەبێ بۆ جەژنی نەورۆز کۆدەبنەوە، بەڵام دەتوانێ پانتاییەکی کراوە پڕبکات لە خەڵک.
ساڵی ٢٠١٠ حزبوڵا گردبوونەوەیەکی گەورەی بۆ رێزلێنان لە شێخ سەعید بەڕێوەبرد، کە وادێتە پێشچاو هەوڵێک بووبێ بۆ ناساندنی روو لە گەشەی ناسنامەی نەتەوەیی کوردی. حزبوڵا، سەرەتا ئینتەرناسیۆنالیزمی ئیسلامی پێ پەسەند بوو و بەتوندی نەتەوەخوازی رەت دەکردەوەو لە باسی جیاوازی نێوان و کورد و تورک، پارێزی دەکرد. بەمدواییە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی پێگەی جەماوەری وایکرد کە جەخت لە سەر ناسنامەی کورد بکاتەوە. شوێنکەوتووانیان لە ناو خەڵکدا بە شیوەیەکی ئاسایی لەگەڵ یەکتر بە زمانی کوردی قسەیان دەکرد، کە ئەمەیش ناسنامەی کوردی و ئیسلامی دەخوازێ.
بەشێکی زۆری دامەزرێنەران و بانگەشەکەرانیان، کوردانی خوێندەوار و خاوەن بڕوانامەن. حزبوڵا، کتێبێکی بڵاوکردەوەو بەئاشکرا رووی قسەی کردە ناسنامەی کوردی. نووسەر بەتوندی رەخنە لە نەتەوەخوازیی سێکیولار دەگرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەیش ئاماژە بە ئازادیخوازی کوردان دەکات و بانگەشەی ئەوە دەکات کە کارێکی وا لەدەست ناسیۆنالیزیمی سێکیولار نایەت. ئەم واتا لاوەکییە پێشان دەدات کە حزبوڵا ئازادکردنی کوردانی لە پلاندایە و یەکێک لە ئامانجەکانیەتی. لە بزووتنەوەی نور کورددا، ئاگاییەکی روو لە گەشە لە بارەی گرنگی ناسنامەی کوردەوە هەیە. بەڵام بە پێی پێداچوونەوەکان، لەگەڵ کوردان هەڵسوکەوتی دادپەروەرانە نەکراوە، هەم لە لایەن حکومەتەوە هەم لە لایەن سەرکردەکانی ئیستای بزووتنەوەی نوورەوە، کە نووسینەکانی سەعید نەورەسییان سانسۆر کردووە و ناوە سەرەکییەکەی (سەعید کوردی)یان لە هەموو سەرچاوەکان سڕیوەتەوە.
سەعید نەوڕەسی، لە ساڵانی تەمەنی گەنجیدا کە سەرقاڵی چالاکی سیاسی و کۆمەڵایەتی بوو، بۆ گرووپی زەهرا و مەد زەهرا(١) کەسایەتییەکی گەورە و حاشاهەڵنەگر بوو. هەر دوو گرووپیش جەختیان لە سەر ناسنامەی کوردی دەکرد. حزبی زەهرا هەوڵ بۆ پەرەپێدانی فەرهەنگ و زمانی کوردی دەدات. مەد زەهرایش هەڵوێستی ئیسلامخوازی کوردی دەردەبڕێ. لە تەنیشت شێخ سەعید نەوڕەسییەوە، شێخ سەعید پیرانیش وەک سیمبول دەناسێندرێ. زۆربەی کوردانی بزووتنەوەی نوور ئازادانە لە بارەی فیداکاری و قوربانیدان بۆ نەتەوەی کورد قسە دەکەن.
(نەتەوە واتایەکە کە قورسایی پۆزەتیڤی هەیە و لە لایەن سەعید نەوڕەسییەوە بەکار هێنراوە). بەڵام بزووتنەوەی نوور بیر و بۆچوونی نەتەوەخوازی رەت دەکەنەوە. بۆچوونەکانیان ئەو باس و خواسانە بیر دەهێنێتەوە کە لە گردبوونەوەی ئیستانبول لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا هاتنە ئارا. لەوێ باڵێک بە بیرۆکەی ناسیۆنالیستی سێکیولارەوە بۆ سەربەخۆیی کورد خەباتی دەکرد و باڵێکی دیکە کە کەسانی وەک عەبدوڵا جەودەت و سەعید کوردی دەموچاوە دیارەکانی بوون، نەهێشتنی ناوەندیان بە رێگەی گەیشتن بە سەربەخۆیی کورد دەزانی.
جۆرە زۆرەکانی ئەنجومەنەکان و کۆمیتەکانی حزبی ئیسلامی کوردی بە ئاشکرا نەتەوە خوازن، وەکوو حزبی پێشڕەوی ئازادی لە دیاربەکر کە ساڵی ٢٠١٢ بە باکگراوەندی ئیسلامخوازییەوە دامەزرا. ناوی ئەم گرووپە (ئازادی) لە هاوپەیمانییەک بە هەمان ناوەوە وەرگیرا کە دوای راپەڕینی شێخ سەعید پێک هات. ئەم حزبە لە راگەیەندراوەکانیدا جەختی دەکرد کە لەگەڵ ئەو بزووتنەوە کوردییانەی رێباز و رێڕەوی جیاوازیان هەیە، وەکوو حزبوڵا و رەوتی سەرەکی نەتەوەخوازی کورد، حەز بە هاوکاری و پێوندی دەکەن.
پێدەچێت ئامانجی سیاسی کوردی ناسیۆنالیستی ئیسلامی، زۆر روون نەبێت و ئاستی روونبوونەکەی لە گرووپێکەوە بۆ گرووپێکی دیکە بگۆڕێت، بەڵام هەموو حزبەکان، شێخ سەعیدی نەوڕەسی و شێخ سەعیدی پیران بە سەرچاوەی سروشی خۆیان دەزانن. زۆربەی ئەندامانیان لە قوتابخانەی نەقشبەندییە و نەوڕەسی پەروەردەیان بینیوە و چاویان لەو دوو سەعیدە و رێبازەکەی ئەوانە و لە کاتی پێشاندانی هۆگری بۆ نەتەوەخوازیی کورد، ئەوان بە نموونە دەهێننەوە. ناسیۆنالیزمی ئیسلامی کورد لە تورکیا بەراورد بە بزووتنەوەی سەرەکی نەتەوەخوازیی لاوازە و هێزێکی ئەوتۆی نییە، تاوەکوو بتوانێ ئاپوورەی خەڵک بۆ گردبوونەوەی مەزهەبی کۆ بکاتەوە.
هەڵسوکەوتی حزبی خواستی ئازادی (حزبی ئیسلامخوازی کورد) لەگەڵ هەڵسوکەوتی حزبی نەتەوەخوازی کورد بەراورد ناکرێت. هەر چەند هەڵسەنگاندنەکان پێشانی دا کە بەراورد بە کوردستانی ئێراق، لە تورکیا دەرفەتی گەشەکردن بۆ پەرەسەندنی دەامەزراوە ناسیۆنالیستە ئیسلامخوازەکانی کورد، زیاترە.
هەردوو گرووپی ئیسلامی؛ کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی (Yekgirtû)ی کوردستان، کە لە رەوتە ئیسلامخوازە سەرەکی و لاوەکییەکان کەوتوونەوە، بە شوێن ئەوەوەن لەگەڵ سیستەمی سیاسی کوردستانی عێراق رێک بکەون و ببن بە حزبی سیاسی و بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بکەن. لە هەڵبژاردنی ٢٠٠٩دا لە هەر شەش دەنگ، چوار دەنگی لە بەرژەوەندی ئەوان بوو، لە حاڵێکدا لە ساڵی ٢٠١٣دا دەنگەکانیان لە شەشەوە گەیشتە دە دەنگ.
ئەوانە لەسەر بەشی شارنشینی کۆمەڵگە کاریگەری بەرچاویان هەبوو. هەروەها دەوترێ نزیکەی ٨٠%ی فەرمانبەرانی مەزهەبی یا چوونەتە ناو یەکگرتووی ئیسلامی یا چوونەتە ریزی کۆمەڵی ئیسلامییەوە. پێویستە ئەوەیشمان لە بیر بێت کە ئەو هەموو گرووپە ئیسلامییانەی ئەندامی کوردیان هەیە، هۆگرییان بۆ ناسنامەی گەلی کورد و نەتەوەخوازیی ئیسلامی نییە.
لە هەر بەشێکی کوردستان زۆر گرووپ هەن کە لە ژێر کاریگەری (سەلەفی – ئیخوان)دان کە لە رووی گەلی و نەتەوەییەوە تەواو ناپێوەندیدارن. ئەم گرووپانە هێشتا شوێنکەوتووی زۆریان دەست نەکەوتووە، بەڵام کاریگەری زۆریان لە سەر پەرەسەندنی سیاسی هەیە. گرووپەکانی نوور وەکوو (زەهرا ومەد زەهرا) گرووپەکانی رێباز، وەکوو کۆمەڵگەی ناسەلەفی لە تورکیا هەن، کە لەگەڵ رەتکردنەوەی ناسیۆنالیزمی سێکیولار و ناسیۆنالیزمی ئیسلامی، هۆگری AKP ن.
ئەنجام
ئێستا گرنگترین باسی ئایدۆلۆژی و شەڕی دەسەڵات لە ناو کورداندا، لەنێوان زۆر گرووپی نەتەوەخوازدایە.KDP و پەکەکە نوێنەرانی ئەو روانگانەن. لە سوریا و تورکیا، بزووتنەوەکان لەگەڵ ئەو پێناسەیەی پەکەکە بۆ خودموختاری دیموکراتیک و هاوپەیمانی هەیەتی و بەشێکە لە رەوتە سەرەکی و کاریگەرەکە، کۆکن. بەڵام لەو دوو وڵاتە کەس و گرووپ هەن کە پەکەکەیان پێ پەسەند نییە و هۆگرییان بۆKDP یە وەک هێزی یەکانگیر. بۆ نموونە لە تورکیا بزووتنەوەی کۆنتر هەن کە دژی پەکەکەن و لە بەرامبەری شکستیان هێناوە و من ناوی ناسیۆنالیزمی ئیسلامخوازی کوردم لێ ناون.
مەسعود بارزانی سەرۆکێکی پارێزکار و دیندارە کە بەراورد بە سەرۆکە سیاسییەکانی دیکەی کورد، زیاتر لای گرووپە ئیسلامییەکان پەسەندە. گرنگی روو لە گەشەی گرووپە ئیسلامی و ئیسلامخوازەکان لە ناو کورددا، چەند واتایەکی لاوەکی بۆ نەتەوەخوازەکانی کورد و ئەو رابوونانە لە خۆ دەگرێت کە ناسنامەی کوردییان هەیە. لە لایەکەوە هەندێک لە گرووپە ئیسلامییەکان زیاتر جەخت لە سەر ناسنامەی کوردی دەکەن و رەنگە تەنانەت چوارچێوەی ناسیۆنالیزمی ئیسلامی کوردییان وەرگرتبێ. لە لایەکی دیکەوە، بزووتنەوە کوردە سێکیولارەکان لە ژێر ئەو فشارەدان کە تەنانەت بە شێوەی سیمبۆلیش بێ، گوتاری ئیسلامی و واتا پارێزکارانەکان پەسەند بکەن. پێدەچێت ئەو رەوتە وەک خۆی فشار لە سەر کەمینە نا سوننەکانیش دروست بکات.
لە کوردستانی ئێراق و بە تایبەت ئەو ناوچەیەی لە ژێر کۆنترۆڵی KDP دایە، ئیسلام لە ژیانی خەڵکدا بەرچاوتر دەردەکەوێت و پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان لە ژێر کاریگەری بەها و واتا پارێزکارانەکاندان.
لە حاڵێکدا لە رابردوودا کاکەییەکان، ئێزدییەکان و کەمینە مەزەهەبییە کوردەکان بە بێ هیچ گومانێک بە بەشێک لە خەڵکی کورد دەژمێردران و پێویستیان بەوە نەبوو کوردبوونی خۆیان بسەلمێنن. پێش هێرشی داعش بۆ سەر شنگال، پێوەندی ئیزدییەکان و KDP گرژی تێ کەوت.
کاکەییەکان هێشتا لەگەڵ دامەزراوە سەربازی و سیاسییەکانی KRG پێوەندی باشیان هەیە، بەڵام هەژمۆن و هێزی زۆری ئیسلامی سوننە لەم ناوچەیە، پێدەچێت داهاتووی ئەم کەمینەیە لە ناو کورداندا بخاتە بەر کۆمەڵێک گومان، وەک ئەو دۆخەی شەبەکەکان تیایدان کە لاوازترن و لە رووی ژمارەوە کەمترن. لە تورکیا HDP لەگەڵ ئەنجومەنە ئیسلامییەکانی کوردستان سەرقاڵی دانوستانە، بەڵام سێکیولارەکان بە بەهێزی راوەستان و هاوکات لەگەڵ پشتیوانانی عەلەوی و ئیزدی خۆیان پابەندن.
ئەم گەشەکردنە رۆژ لە دوای رۆژەی بزووتنەوە ئیسلامییەکان لە ناو کورداندا، پێدەچێت مەودا بخاتە نێوان کوردانی عەلەوی و ئێزدی و لە لایەکی دیکەوە کوردانی سوننە مەزهەبیش.
بە شێوەیەکی رێسایی بیرۆکەکانی پۆستس ناسیۆنالیزم، دوورکەوتنەوە لە ناوەندگەرێتی رادیکال و دیموکراسی خەڵکییانە کە پەسەندی رەوتی سەرەکی بزوتنەوەکانی کوردن، دەبێ بە رێککەوتن لەگەڵ ناسنامەکانی پشتبەستوو بە زمان و مەزهەب، بە بێ بەرزکردنەوە یەکێک بە سەر ئەوی دیدا شایستەییەکی زیاتر پەیدا بکەن، بەڵام پێدەچێت سەلماندنی بۆ ئەوانەی نەتەوەخوازیی کۆنیان بە جێ هێشتووە و لە سەر قەلەمڕەوە پێناسەکراوەکان و سنوورە گەلی – نەتەوەییە دیارەکان چڕ بوونەتەوە، کارێکی دژوار بێت.
* ئەم خوێندنەوەیە کە لەلایەن مارتن ڤان برۆنسن، نووسەری کتێبی (ئاغا، شێخ، دەوڵەت)وە کراوە و لە فارسییەوە وەرگێڕدراوە بۆ کوردی، وەک دیارە باس لە مێژووی نزیکی کوردستان دەکات، بەڵام زیاتر لە سەر رووداوەکانی رۆژئاوا و باشوور چڕبووتەوەو بەتایبەت ئاماژەیەکی ئەوتۆی بە بزووتنەوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان نەکردووە. هەروەها پێش بەڕێوەچوونی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە باشوور و پێش هێرشەکانی تورکیا و بۆ سەر رۆژئاوا نووسراوە. شێوازی دەربڕینیشی بەتایبەت لە رووی ناوهێنانی کەسایەتی و حزب و ناوچە و رووداوەکان، بە جۆرێکە کە پێویستە خوێنەر بەکگراوندێکی هەرچەن کەمیشی لە بارەی مێژووی نزیکی کوردەوە هەبێ یاخود بە گەڕانێکی ئاسایی زانیاری تەواویان لە سەر وەربگرێت. لە باسکردنی هەندێک ژمارەیشدا هەڵە کرابوو کە وەرگێڕ بە پشتبەستن بە سەرچاوەی کوردی راستی کردوونەتەوە.
(١)Med-Zehra and Zehra
نووسینى:
توێژەری هۆڵەندی، شارەزا لە کاروباری کورد، نووسەری کتێبی (شێخ و ئاغا و دەوڵەت)
وەرگێڕانى: شەهرام عەبدوڵڵا