لەم یادداشتەدا هەوڵ دەدرێت سەربووردەی شکڵگیریی و درووستبوونی خوێنەری کورد بەشێوەی گشتی ئاوڕی لێبدرێتەوە و ئاماژە بەو هێز و رەهەندانە بدرێت کە لەمپەرن لەبەردەم خوێندنەوە و راڤەی دەق و خوێنەر لە ئاستێکی نزام و ناداهێنەرانەدا دەهێڵنەوە.
کلیل وشەکان: خوێنەر، دەق، نووسەر، هێزی قودسی(پیرۆز).
پێگە و واتای خوێنەر لە پێوەندی لەگەڵ دوو کۆڵەکە و رەهەندیتر واتە “دەق” و “نووسەر” دیاری دەکرێت.
واتە هەر جۆرە باسکردن لە خوێنەری کورد(بەتایبەتی لە پانتای دەقە نوێ و مۆدێڕنەکان) بە بێ باسکردن لە نووسەر و چییەتی نووسین و گەڕان و پشکنین بۆ دەق و واتا و رەهەند و چییەتییەکانی، نەکردە و لاواز و هەڵەیە.
بەمانایەکی تر باسکردنی هەر کام لەم لایەن و “بوون”انە بەشێوەی ناڤرەیی١ و جوداواز و لێک بڕاو درووست نییە چوونکوو مێژوو و زەمەن و تەنانەت رەنگە چرکەساتی دەرکەوتنی هەر کام لەم سێ کوچکەیە لەرووی تیۆرییەوە بە بێ وێناکردنیان بە شێوەی کۆیی دەچێتە خانەی ئەستێرە لە ئاودا ژماردن٢ کە تەنها لایەن و رەهەندێکمان زیاتر بۆ زەق دەکاتەوە.
بۆ نەکەوتن لە وەها هەڵە و داوێکی تیۆریکییەوە دەشێت مێژووی سەرهەڵدان و باڵاکردن و ماهییەت وەرگرتنی خوێنەر لە پێوەندی لەگەڵ دوو کۆڵەکەی تر واتە “دەق” و “نووسەر” دا بخەینە بەر باس.
کەواتە هێڵی رەوایی ئەم نووسینە بەناو سێ کوچکە و بنەما دا کە هاوکێشەیەکی سێ گۆشە(موسەلەس)یی پێک دێنن تێدەپەڕێت و لە دواجار دا بارودۆخ و ئاست و ماهییەتی خوێنەر لە پێوەندی ئەم سێ بنەمایە واتە دەق، نووسەر و خوێنەر هەڵدەهێنجرێت.
خوێنەر لە ناو کۆمەڵگای کوردی دا چارەنووس و شوناسی بەند بووە بە دەقێکی گەورەی ئاسمانی واتە قورئانی “پیرۆز”! هەبوونی لەمێژینەی ئاوەها دەقێک لەکۆمەڵگایەکدا کە تا سەر ئێسقان نەخوێندەوار و نەریت پەرەست و تابۆتەوەر بووە بواری وەهای بە دەرکەوتن و سەرهەڵدانی ئیرادە و توانستێکی بکەرانە(فاعلانە) چ لە قەوارەی نووسەردا بێت کە ئەنجام و بەرهەمەکەی دەق بێت یان چ لە قەوارەی خوێنەردا بێت کە هەمدیس ئەنجام و بەرهەمەکەی دەشێت دەق یان شرۆڤەی دەق بێت یان باشتر وایە بڵێم کە لێرەدا بوونی خوێنەر لە گەشەپێدان و کەڵەگەت کردنی جیهانی دەق دا رۆڵی بەرچاو دەگێڕێت.
هەر وەک دەبینرێت بوونی ئەم سێ کوچکەیە بەناو و لەناو چەق و هەناوی یەکدی دا چەکەرە دەکەن و دەبزوێن و دەکرێ بەگشتی و لەژێر ناوی دەستەواژەی “هاوبوون” کۆیان کەمەوە چوون بوونیان بە بێ یاکدی ناپۆڕێت یان مانا و رۆڵێکی ناتەواو و نیوەچلی هەیە.
هەموومان لەیادەوەری نە فرە دوور و نە فرە نێزیکمان دەسەڵاتی مەلا و شێخەکانمان لە بیرە کە بەهۆی هەبوونی “ئەو شەبەنگە پیرۆزە”وەکوو (خوێنەرانی/راڤەکارانی دەقی پیرۆز) هەرێمی مانایی شێخانە و مەلایانەیان لە دێکان و گوندەکان و قەوارە نەخوێندەوار و نەریت پەرەستە بچووک و گەورەکان مسۆگەر دەکرد.
هەبوونی ئاوەها هاوکێشەیەک تاک و گرووپەکانی ناو کۆمەڵگەی کوردی لە بارودۆخێکدا راهێنا کە لانیکەم تا قۆناغێک قبووڵی ئەمە بکەن کە خوێندن و راڤەکردن و ئەنجامی ئەرکی خوێنەرایەتی لە چوارچێوەی بوون و کردەوەی ئەوان وەکوو ئینسانی ئاسایی و ناپیرۆزدا نییە و تەنها تاقمێکی تایبەتی پیرۆز کە پێوەندی راستەوخۆیان لە گەڵ ئەو سەرچاوە قودسییە دا هەیە بۆیان هەیە بڵێن دەق چی وتووە و چی دەڵێت! تا ئێرە هاوکێشەیەک درووست بووە کە خوێنەر بە دوو بەش و لایەنی پیرۆز و ناپیرۆز پۆلین بەندی کراوە.
واتە لە رەوتێکی مێژوویی تایبەت و لە هەڵوێستێکی تایبەت لەسەر ئاوەها دەقێکدا تەنها یەک دەستە خوێنەری راستەقینە بوونی هەبووە و ئەویش خوێنەری پیرۆزە کە راڤەی پیرۆز لە دەقی پیرۆز بەرهەمدێنێت و بە شێوازێک هەوڵدەدات لەرێگەی پیرۆزڕاگرتنی و بە پیرۆزکردنی دەقی سەرچاوە و قودسی بنووسێت و بخوێنێت!
لێرەدا ئەم خوێنەرە تەنها و تەنها خۆی بە خاوەنی مەشرووعییەت بۆ پێوەندی لەگەڵ ئاوەها دەقێک دەبینێت، و پردی پێوەندی نێوان ئەم دەقە پیرۆزە و ئاپۆرەیەک لە “بەردەنگان(خوێنەری هێزەکی، خوێنەری ئاسایی(ناپیرۆز)، خوێنەری شاراوە، ناخوێنەر و…)
ئەم خوێنەرە پیرۆزەیە کە بەحوکمی جەوهەری واتای “پیرۆز” وچەمکی”موقەدەس” هیچ شتێکی نوێ و تازە و داهێنراو لە دەق دا نابینێت و بواری بینین و دەرکەوتنیشی نادات.
بەشێک لەمەی کە ئەوان وەک خوێنەری پیرۆز پاسەوانانی واتا نەگۆڕەکانی دەقی پیرۆزن بۆ ئەوەیە کە تاقەمانایی و تاکەواتایی دەق خەوشی لێ نەکەوێت و ترس و دڵەڕاوکێی ئەوەی کە خوێنەرانێکی تازە بێنە سەر میحرابی دەق و مانای نوێی پێوە بلکێنن بەرەو رەهابوون و سەرپەڕپەرەستی دەیانجمێنێت.
بۆیە تەنها بەرگری لە بوونی یەک تاقم خوێنەر کە پاسەوانی پیرۆزییە دەکات و باقی هەوڵ و ئیرادە راڤەخواز و خوێندن تەوەرانەکانی تر بە ناپیرۆز و نابەجێ و “نەوزوهوور”دەزانێت.
لێرەدایە کە تریبۆنی راڤە و مانابینیی دەق تەنها بە مافی خۆی دەزانێ و تا ئەو شوێنەش لەتواناییان دا هەیە مەبەستیانە بوار نەدەن راڤە و خوێندنەوە و مانادۆزیی لە ژێردەست و کۆنترۆڵیان بێتە دەرەوە.
ئەم چیرۆکەی پیرۆزیی و دیکتاتۆرییەت و رەهاخوازی(موتڵەق گەرایی) و دەرجالێدان و…ە دوور و درێژە و من ویستم بەشێک لەو ئەتومێسفرەی کە خوێنەر(تاک)ی کوردی تێدا هەڵخێزراوە نیگار بکەم و شوناس و ماهییەتی خوێنەر بە سانایی و ساکاریی ئامادە و لەبەردەست نەبینین و ئاگاداری چەند خاڵی زێڕین و پرسیاری بنەمایی بین: