هه‌ر کات بێینه سه‌ر باسکردنی ئه‌نفال دەڵێین؛ هێشتا لایه‌نی شاراوه و نادیاری زۆره.
(هه‌ڵوێسته‌یه‌ک له سه‌ر کتێبی “له تۆپخانه‌وه بۆ عه‌رعه‌ر”)
“پێشه‌کی”
ئه‌وه بنه‌مایه‌کی دروسته که هه‌ر کات بێینه سه‌ر باسکردنی ئه‌نفال بڵێین؛ هێشتا لایه‌نی شاراوه و نادیاری زۆره! ئه‌نفال هه‌م له ڕووی شێوازی جێبه‌جێکردنییه‌وه و، هه‌م له‌و ڕووه‌وه که به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی بنده‌ست و چاره‌نووس نادیاردا پیاده‌کرا و، هه‌م له‌و لایه‌نه‌شه‌وه که بێده‌نگییه‌کی قووڵ و فراوانی هه‌رێمی و نێونه‌ته‌وه‌یی به‌سه‌ردا سه‌پێنرا، دروستبوونی ئه‌و بنه‌مایه‌مان بۆ ده‌چه‌سپێنن! کاڵفامی و ساویلکه‌ییه‌کی لێبوورده هه‌ڵنه‌گره وای دانێین ئه‌م پرۆژه‌ی پاکتاوکردن و ژینۆسایده به بێ ئاگاداریی وڵاتانی ده‌ووروبه‌ر و هه‌ندێ موفتی و بڕیارده‌ری ئایینی و که‌سایه‌تی جیهانیی و عه‌ره‌بی و فارسی ڕوویداوه، ئه‌مه ته‌نانه‌ت بۆ نه‌زمی زاڵی هاوکێشه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و پێکهاته‌ی سیاسی و یاسایی جیهانی سه‌رده‌ست و زلهێزه‌کانیش ڕاسته، نابێ وابیربکه‌ینه‌وه ئه‌نفال ده‌بێ ته‌نها به پێی هه‌ندێ مادده و بڕگه و بڕیاری یاسایی خوێندنه‌وه و شرۆڤه بکرێت، ئه‌گه‌رچی هه‌وڵدان بۆ ئه‌و ده‌سکه‌وتانه‌ی که یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌کان بۆ ئه‌نفال لێکه‌وتووان و نه‌ته‌وه‌ی کورد وه‌کوو قه‌ره‌بوو ده‌سته‌به‌ری ده‌کات، ده‌بێ یه‌کێک له‌و کار و تێکۆشانه به‌رده‌وام و ماندوونه‌ناسانه بێت، تاکوو هه‌م پرسی ئه‌نفال بکه‌وێته ئاقاری کێشه و پرسگره جیهانی و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان و هه‌میش له‌و ڕێڕه‌وه‌وه قه‌ره‌بووی ڕاسته‌قینه و شایسته‌ی برینی جه‌سته‌ی ئه‌نفال بکرێته‌وه، به‌ڵام هه‌موو ئه‌مانه‌ش ده‌بێ له په‌راوێزی پرسیاری” ئه‌نفال چییه؟”دا بمێننه‌وه.
ئه‌م ڕسته پرسیارییه جیا له‌وه‌ی داکۆکیکردنه له‌سه‌ر خودی پرسی “ئه‌نفال” وه‌کوو کێشه‌یه‌کی (مێژوویی-سیاسی) و ئایدۆلۆژیک که تێڕامان و بیرکردنه‌وه‌ی زۆری پێویسته، پێداگرییهکیشه له‌سه‌ر گێڕانه‌وه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه و له‌بننه‌هاتووی ئه‌نفال و چرکه‌سات و هاوار و نه‌بوون و قیژه و زریکه و لم و شۆڤڵ و موسته‌شار و نووسه‌ر و پێشمه‌رگه و بڕیاری سیاسی و ئێران و به‌عس و و ئه‌ده‌ب و ئه‌خلاق و…هتد که کاره‌ساتێکی وه‌ها مه‌زن به بێ هه‌ڵوێسته و تێڕامان له‌سه‌ر ئه‌م لایه‌ن و جه‌مسه‌رانه نه مانای ڕاسته‌قینه‌ی خۆی ده‌بینێته‌وه و نه هۆکاره‌کانیشی دیاریده‌کرێت و، نه شتێک له ساڕێژبوونه‌وه دێته ئاراوه و نه‌ش وه‌کوو ئه‌گه‌رێک له داهاتوودا پێشی پێدهگیردرێت، به‌م ئاڕاسته‌یه‌دا و له ڕووی ئه‌خلاق و پراکتیکی سیاسییه‌وه ده‌شێت بپرسین؛ ئایا ئه‌گه‌ر وڵاتانی هه‌رێمی و ده‌ووروبه‌ر و ته‌نانه‌ت ناوه‌نده جیهانییه خاوه‌ن بڕیار و به‌رپرسه‌کان له‌م بابه‌ته به ڕاده‌ی پێویست له سه‌ر “ئه‌نفال” و کۆمه‌ڵکوژیی کورده‌کان له دوو ده‌یه‌ی کۆتایی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا هه‌ڵوێسته‌یان بکردایات، دۆخی مرۆیی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و جه‌نگه نیابه‌تی و ناڕاسته‌وخۆ دوورودرێژه‌کان له ئێراق، سووریا، یه‌مه‌ن، فه‌له‌ستین، لوبنان، ئه‌فغانستان و…له ئارادا بوون؟ ده‌کرێ پرسیاره‌که له‌م سیاقه فه‌رمی و مه‌کیاجکراوه ده‌ربێنین و ڕاسته‌وخۆتر و ڕاشکاوانه‌تر بپرسین؛ ئایا ئه‌گه‌ر ئه‌نفال به ڕاده‌ی پێویست بخوێنرایه‌ته‌وه و بوونی کورد وه‌کوو نه‌ته‌وه‌یه‌کی بنده‌ست و بێ-ده‌سه‌ڵات و قوربانی له لایه‌ن وڵاتانی ده‌وروبه‌ر ببینرایا داهاتوویه‌کی شایسته‌تر و دوورتر له شه‌ڕ و مه‌رگ و ئاواره‌یی مرۆڤ و په‌نابه‌ریمان نه‌بوو له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست؟ واته؛ مه‌به‌ستمه بڵێم نه‌خوێندنه‌وه‌ی ئه‌نفال و پشتلێکردن له‌و هه‌موو قڕانکردن و پاکتاوکردنه و ته‌نانه‌ت به‌کارهێنانی ئه‌و دۆخه‌ی کورد له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان له لایه‌ن وڵاتانی دراوسێ و جیهانییه‌وه، ئاوه‌ها دۆخێکی سه‌رمایه‌دارانه و دژه‌مرۆڤانه و بهرژهوهندیتهوهرانهی به سه‌ر ڕۆژهه‌ڵاتی ناوینی نه‌وت و پێغه‌مبه‌ر و کولتووری که‌ونینه‌دا سه‌پاند.
نیشانه‌ی ڕزگاره‌ی هه‌روه‌کوو ڕێگای ڕزگاری له‌ده‌ره‌وه نایه‌ت به‌ڵکوو له ناوه‌وه خه‌وتووه و ده‌بێ بێ‌دار بکرێته‌وه و تێچووی بۆ بدرێت. ئه‌م چه‌ند سه‌رنجه وه‌کوو پێشه‌کییه‌کی پێویست باسم کرد تاکوو زیاتر پێ‌داگر بین له دانانی لقێکی گه‌وره‌ی توێژینه‌وه‌یی و ئاکادیمی به ناوی “ئه‌نفالناسی”، ئه‌گه‌رچی ئه‌م باسه پێشتر ورووژاوه و شتێکی تازه نییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که چه‌نده له پانتای واقیعدا جێبه‌جێ کراوه و ئه‌نجامێکی دیار و کاریگه‌ری هه‌بووبێت جێگه‌ی مشتومڕی زۆره. ئه‌نفال وه‌کوو هه‌موو دیارده مێژووییه‌کانی ئێمه خراوه‌ته ناو گه‌رداوی سه‌ودا و بازرگانییه‌کی بێ چاو و ڕووه‌وه، له بازنه‌ی کایه‌ی سیاسی و حیزبی و ته‌نانه‌ت خێڵه‌کیانه‌دا ماناکانی سنووردار کراون، ئه‌گه‌ر ئه‌نفال له‌م ئاسته‌دا بمێنێته‌وه بێگومان نه‌ته‌وه‌بوونی ئێمه وه‌کوو کورد ده‌چێته ژێر پرسیاری له‌وه گه‌وره‌تره‌وه که ئێستا هه‌یه، گه‌ر زامێکی وه‌کوو “ئه‌نفال” نه‌توانێت کۆبوونه‌وه و یه‌کده‌ستییه‌کی گه‌وره به ناوی نه‌ته‌وه و شوناسی گشتی دروست بکات، ئه‌وا ده‌لاله‌ت له نه‌بوونی ئاوه‌ز و یاده‌وه‌ری و بوونێکی زیاده‌یه له مێژوودا و بیه‌وێ و نه‌یه‌وێ له ناو کایه‌کانی هێز و هاوکێشه‌ی زلهێزه‌کانی شه‌ڕدا له‌ناو ده‌چێت، هه‌موو ئه‌مانه‌م وت تاکوو بڵێم “ئه‌نفالناسی” ده‌شێت هه‌م “خودناسی” ئێمه بخه‌مڵێنێت و هه‌م “ئهویدیناسی” ئێمه هه‌راوتر و قووڵتر بکاته‌وه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته چاوێک ده‌خشێنین به هه‌ندیك له‌و دیمه‌ن و ڕستانه‌ی که “فه‌ره‌ج محه‌مه‌د عه‌زیز” وه‌کوو یه‌کێک له هه‌ڵاتووان و ڕزگاربووانی گۆڕه به‌کۆمه‌ڵه‌کانی “ئه‌نفال” له دیمانه‌یه‌کی عارف قوربانی؛ توێژه‌ری ماندوونه‌ناس و چالاکی بواری ئه‌نفالناسی له کتێبی”له تۆپخانه‌وه بۆ عه‌رعه‌ر” ده‌یخاته ڕوو.
ئه‌م کتێبه له قه‌واره‌ی 57 لاپه‌ڕه و ساڵێک پاش هێرشی هاوپه‌یمانان بۆ ئێراق و ڕووخاندنی رژێمی به‌عس واته ساڵی 2004 چاپکراوه.
“فه‌ره‌ج وه‌کوو ڕزگاربوویه‌کی ترسا‌و”
له شێوازی پرسیارکردنه‌کانی نووسه‌ر و پێداگریی بۆ گرتنه‌وه‌ی وه‌ڵام، بیرکردنه‌وه و وشیارییه‌کی به‌رچاو ده‌رده‌که‌وێت، ئه‌مه له درێژه‌ی دیمانه‌که‌دا و له چه‌ندین شوێندا خۆی نیشان ده‌دات، به‌ڵام شتێک که له پشتی ئه‌م دیمانه‌یه‌دا و له ده‌ره‌وه‌ی کتێبه‌که‌دا به ئاماژه سووکه قامکێکی بۆ ڕاسێندراوه ئه‌مه‌یه؛ که “فه‌ره‌ج” ئه‌م دیمانه‌یه‌ی مه‌رجدار کردووه واته له چه‌ند شوێندا ده‌ڵێت؛ من به مه‌رجێک وه‌ڵامی پرسیاره‌کان ده‌ده‌مه‌وه که تۆش (عارف قوربانی) ڕه‌چاوی ئه‌و شتانه بکه‌یت پێم وتووی، وه‌کوو له دیمانه‌که‌دا ده‌رده‌که‌وێت ئه‌و دۆخه‌یه که ئێسته وه‌کوو شایه‌تحاڵ هه‌یه‌تی و له “ئه‌مریکا” نیشته‌جێ بووه تاکوو بۆ ئه‌و دۆسییه‌یه شایه‌تی بدات، ئه‌مه لایه‌نی سیاسی و یاسایی بابه‌ته‌که‌یه، به‌ڵام ڕوویه‌کی هه‌ره گرینگی ئه‌م بابه‌ته لایه‌نی سایکۆلۆژییه‌تی که ترسه و من له درێژه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌م ئه‌و ترسه ڕه‌مزی و گشتگیره که له که‌سێکی ڕزگاربووی ترسا‌و و ترۆمالێکهتووی گۆڕه‌به‌کۆمه‌ڵه‌کان مانیفێست کراوه، زیاتر ده‌ربخه‌م. ئه‌م حاڵه‌ته له دیمانه‌که‌دا له چه‌ندین شوێندا ده‌رده‌که‌وێت و (عارف قوربانی) به وردی له ئاڕاسته‌کردنی پرسیاره‌کانیدا و ئه‌و “بۆ” لۆژیکی و بهجێیانهدا ئه‌و ترسه ده‌رده‌خات که سایکۆلۆژیای که‌سێکی به جه‌سته ڕزگاربوو له کاره‌سات و ترۆما و شۆکبوونی پاش کاره‌سات(posttraumatic stress disorder) به باشی مانیفێست ئه‌کات.
دیاره ترس غه‌ریزه‌یه‌کی ئاسایی هه‌موو بوونه‌وه‌رانه و بۆ مرۆڤ به گشتی و بۆ کوردیش به تایبه‌تی زۆر ئاساییه، به‌ڵام چییه‌تی ئه‌و ترسه و به‌دواداهاته‌کانی جێگه‌ی سه‌رنجی منن و په‌یوه‌ندی “ترس” و وشیاری و بوێری و به گشتی ئه‌و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه ئۆنتۆلۆژیک و بوونناسانه‌یه بۆ من گرینگه که مرۆڤ ده‌توانێت له هه‌مبه‌ر ترس(له مه‌رگ، له کیسدان، ده‌سدرێژی و…)دا بیخاته ڕوو و به هۆکاری دیار و نادیار نایخاته ڕوو!
له لاپه‌ڕه‌ی 11ی کتێبه‌که‌دا له پرسیار و وه‌ڵامێکدا ده‌خوێنینه‌وه؛
پ؛ تۆ خۆت بێخهتا له‌سه‌ر چوونت بۆ که‌رکووک و گه‌ڕانه‌وه‌ت چه‌نێ زیندانی کرای!… زاڵمی له‌وه زیاتر چی…؟
و:؛ کوره له چاو ئه‌نفاله‌وه ئه‌وه کوا زوڵم بوو که له من کرابوو… ئه‌وه‌ی له ئه‌نفالدا کرا قه‌ت نه‌بووه و قه‌تیش زوڵمی وا له دونیادا دووباره نابێته‌وه… ئه‌وه‌ی من له ئه‌نفال دیم جورئه‌تی ئه‌وێ بیگێڕیته‌وه.
ئه‌مه له ڕاستیدا ڕووه شاراوه‌که‌ی ترس و به‌راوردکردنێکه له زمان و نیگای که‌سێکی ترۆمالێکهتوو و ترسێنراوه له نێوان گرتنێک له سه‌ر هێنانی ئاڵف (له قشڵاخهکۆنهوه بۆ که‌رکووک به ته‌ره‌کته‌ر که 5 ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا سه‌پاوه و 15 مانگی له ئه‌بوغرێب و 16 مانگیشی له موسڵ کێشاوه و دواتر که‌وتووه‌ته به‌ر لێبوردنێک) و ئه‌نفال که ده‌رخه‌ری ئه‌و ململانێیه‌یه، که ده‌سه‌ڵات له گه‌ڵ چه‌وسێنراو و قوربانیدا کردوویه‌تی واته ژیانی به بێ هۆ ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه (گرتن له‌سه‌ر هێنانی ئاڵف) و ڕزگاری ده‌کات (عافوات به‌بێ هۆیه‌کی ڕاسته‌قینه!). خودی ئه‌م کایه‌یه ترسی له قوربانیدا کردووه به تایبه‌تمه‌ندییه‌ک له کهسیاتیدا بۆیه ئه‌و شێوازی چهوساندنهکه وه‌ها شۆکی لێداوه و تۆقاندووتی بیر له جه‌وهه‌ری ژیان و بوونی مرۆڤانه‌ی خۆی ناکاته‌وه، هه‌موو ئه‌و به‌ها ئینسانیانه که بوار ده‌دات به ئه‌و که له سه‌رزه‌مینی خودادا هه‌ناسه بکێشێت له لایه‌ن به‌عسه‌وه داگیرکراوه و ئه‌و پێی ڕاهاتووه و هه‌ر له به‌ر ئه‌وه‌شه ترسه‌که‌ی “فه‌ره‌ج” ده‌بێ به ترسێکی ده‌سته‌جه‌معی و ئۆنتۆلۆژیک نه‌ک تایبه‌تمه‌ندییه‌کی تاکه‌که‌سی.
له لاپه‌ڕه‌ی 15ی دیمانه‌که‌دا و له پرسیار و وه‌ڵامی دیکه‌دا ده‌خوێننه‌وه؛
پ؛ جگه له ئێوه که له ناچاریدا په‌ناتان بۆ باره‌گای فه‌وجی(64) برد، ته‌نها چه‌کداری کوردی لێ بوو. واتا ته‌نها جاش له‌وێ بوون؟
و؛ تا دوو ڕۆژ به‌ڵێ…
پ؛ ئه‌ی دوای ئه‌و دوو ڕۆژه؟
و؛ هه‌ندێ عه‌سکه‌ری دیکه هاتن بۆ لای فه‌وجه‌که و تێکه‌ڵ به فه‌وجه‌که بوون…
پ؛ ئه‌و دوو ڕۆژه که هیچ عه‌سکه‌ری لای فهوجتان نه‌بوو، هیچ بیرتان له‌وه نه‌کرده‌وه که له‌وێش خۆتان ڕزگار بکه‌ن؟
و؛ ئێ بۆ کوێ بچین ئه‌وه باشترین شوێن بوو که هه‌ڵمانبژاردبوو..!
پ؛ ئه‌ی له‌و دوو ڕۆژه‌دا هیچ جارێک قسه‌تان له‌گه‌ڵ مستهشارهکهدا نه‌کرد چیتان لێ ده‌کات…؟
و؛ زۆر خه‌ڵکی لێ بوو ئێمه هه‌ر نه‌ده‌گه‌یشتینه موسته‌شاره‌که تا ئه‌و پرسیاره‌ی لێ بکه‌ین…
پ؛ ئه‌گه‌ر بتانویستایا بچن ئه‌و پرسیاره‌ی لێ بکه‌ن که‌س هه‌بوو ڕێگربێ له به‌رده‌متان…؟
و؛ وه‌ڵاهی نازانم. ئێمه هیچ بیرمان له‌وه نه‌کرده‌وه که بچین ئه‌و پرسیاره‌ی لێ بکه‌ین و لێیشی به‌گومان نه‌بووین تا پرسیار بکه‌ین، ئێمه مه‌منوون بووین که داڵده‌مانی دابوو…چیمان لێ ده‌کات، ئێمه په‌نامان بۆ بردبوو له ده‌ستی سوپا بمانپارێزێ ئه‌ویش مه‌رجی ئه‌وه بوو که به چه‌که‌وه بچین و ده‌مانپارێزێ، ئه‌و کاته‌ی له‌وێش بووین و که‌س به‌لامان دا ناهات، لای ئێمه ئه‌وه بوو که ئه‌و پیاوه(موسته‌شاره‌که) وه‌عدی خۆی بردۆته سه‌ر و پاراستوومانی…
ئه‌م دێڕانه ده‌رخه‌ری ترسێکی سیسته‌ماتیک و ده‌قگرتوو له هه‌ناوی فهرهجدان، ترسێک که له زه‌مینه‌یه‌کی گه‌وره و درێژخایه‌نی مێژوویی‌دا دروست بووه، له ئه‌نفالیشدا ڕۆڵی خۆی گێڕاوه و بووه به بێده‌نگی قوربانی له هه‌مبه‌ر جه‌للاددا و به جۆرێک به‌شدارییه‌کی نه‌خوازراو و هه‌ڵخێزراو له ترس و ترۆما له‌گه‌ڵ ئه‌نفالکه‌ران. ئه‌م ترسه نابێ وه‌کوو ئاوه‌ڵناو و تاوان و تۆمه‌ت و… هتد، بخرێته پاڵ که‌سێکی دیاریکراوی وه‌کوو “فه‌ره‌ج” یان هه‌ر ڕزگاربوویه‌کی دیکه به‌ڵکوو وه‌کوو له‌سه‌ره‌وه تیشکم خسته سه‌ری ده‌بێ وه‌کوو تایبه‌تمه‌ندییه‌کی گشتی سه‌پێنراو به سه‌ر کورد که جه‌للاد و سێبه‌ر و شمشێره‌کانی له هه‌ناویدا جێگیریکردووه ببینرێت، ترسێک که ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی ڕزگاری ببێت مل ده‌دات به گۆڕینی خواست و شێوه ژیانی خۆی (واته جاشایه‌تی له ڕێگه‌ی موسته‌شارێک) به‌ڵام ئه‌وه‌ش دادی نادات، له‌مه‌ش گرینگتر بێده‌نگبوون و بێ پرسیاربوونی فه‌ره‌جه هه‌ر له‌و کاته‌وه که سواری سه‌یاره‌یان ده‌که‌ن به‌ره‌و تۆپزاوا تاکوو کاتی گولله‌بارانکردن له بیابانه‌کانی عه‌رعه‌ر.
بۆیه ده‌ڵێم؛ ترسه‌که ترسێکی دژه ئۆنتۆلۆژیکه چونکه به درێژایی ئه‌م دیمانه‌یه “فه‌ره‌ج” و هاوڕێکانی یه‌ک پرسیار یان ناڕه‌زایه‌تی ناخه‌نه ڕوو که بۆ کوێمان ده‌به‌ن؟ چیمان لێده‌که‌ن؟ ماڵ و مناڵمان کوان؟ واته یان “فه‌ره‌ج” و هاوڕێکانی قووڵایی ژیان و ڕه‌سه‌نایه‌تی ژیان به‌لایانه‌وه دیار و زه‌ق نه‌بووه و له به‌رده‌م سێبه‌ری مه‌رگدا ده‌سته‌وسان و ملکه‌چ بوون، یان وه‌کوو ئاماژه‌م به لایه‌نی سایکۆلۆژی و پێوه‌ندی ده‌سه‌ڵات و کۆمه‌ڵگا دا ئه‌وان نا‌وێرن بیر له شیوهژیانێک بکه‌نه‌وه که له ده‌ره‌وه‌ی سیسته‌م و سێبه‌ری جه‌للاد بێت. هه‌ر دوو ڕووی بابه‌ته‌که شیاوی تێڕامانن. به‌ڵام ئه‌و به شێوه‌یه‌کی ته‌وسیفی و باسکارانه ده‌گێڕێته‌وه و ده‌ڵێت؛
– خه‌ڵکێکی زۆری لێ‌بوو(مه‌به‌ست لیوای چه‌مچه‌ماڵه)… پڕی ژن و مناڵ بوو… تهرهکتهرێکی زۆری لێ‌بوو، شه‌رواڵی ژن کرابۆ چه‌نچی عه‌ره‌بانه‌ی تهرهکتهرهکهوه، که ئه‌و دیمه‌نه‌م بینی وه‌ک ئه‌وه وابوو گوللەیهک به‌سه‌ر دڵمه‌وه بنێن… ئیتر هه‌موومان نا‌ئومێد بووین…
خاڵی جێی سه‌ره‌نجی دیکه که ئه‌م باسه پشتڕاست ده‌کاته‌وه ئه‌مه‌یه؛ که “فه‌ره‌ج” ئه‌م گێڕانه‌وه‌یانه‌ی تا ساڵی 2003 که سه‌دام ڕووخاوه بۆ هیچ که‌س باس نه‌کردووه (جگه له سایه‌قی لۆرییه‌ک نه‌بێ که له به‌غاوه به‌ره‌و که‌رکووک سواری کردووه و نه‌یناسیوه و خه‌ڵکی هه‌ولێر بووه و یارمه‌تی داوه) ته‌نانه‌ت بۆ هاوسه‌ر و منداڵه‌کانیشی باس نه‌کردووه.
له لاپه‌ڕه‌ی 49دا ده‌خوێنینه‌وه؛
پ؛ …ئه‌وان تاکه‌ی چاوه‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌ی براکانت بوون؟!
و؛ وه‌ڵا ئه‌وان تا سه‌دام ڕووخا هه‌ر به ته‌مابوون بێنه‌وه، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و ڕۆژه کاتێ ئاویان بۆ گه‌رم کردم و خۆم شۆری… جله‌کانی ژێره‌وه‌م خوێنی پێوه‌بوو. ئه‌وان زۆر ترسان و که‌وتنه پرسیارکردن… ناچار وتم که بردومانیانه بۆ سجن سه‌یاره‌مان وه‌رگه‌ڕاوه… به‌ڵام گه‌ڕانه‌وه‌که‌م بۆ من قورس بوو مایه‌ی مه‌ترسی بوو چونکه که بڵاو بێته‌وه من گه‌ڕاومه‌ته‌وه هه‌رچی که‌س و کاری ئه‌نفال هه‌یه ڕووی پرسیار ئه‌که‌نه من که‌س و کاریان چی به سه‌ر هاتووه به‌مه‌دا ئاشکرا ئه‌بم و حکومه‌ت ئهمگرێتهوه که چۆن گه‌ڕاومه‌ته‌وه…
ئه‌مه ده‌رخه‌ری زیاتری ترسی ئه‌وه له گێڕانه‌وه و خستنه‌ڕووی ڕووداوێکی گه‌وره و کاره‌ساتاوی که هه‌م به سه‌ر خۆیدا هاتووه وه‌کوو تاک و هه‌م به سه‌ر نه‌ته‌وه‌که‌یدا! ئایا بێده‌نگی وا ته‌نها به‌رهه‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی و سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتی خودایانه و تۆتالیتارانه‌ی به‌عسه؟ ئه‌ی به‌رگری و هاواری ژیان له مرۆڤی کورددا نه‌بوو و نه‌مابوو؟
په‌راوێز و سه‌رچاوه‌کان؛
1- قوربانی، عارف، له تۆپخانه‌وه بۆ عه‌رعه‌ر، فه‌ره‌ج؛ ئه‌و ئه‌نفالکراوه‌ی دوای گولله‌بارانکردنی له گۆڕه‌به‌کۆمه‌ڵه‌کانه‌وه گه‌یشته واشنتۆن، کوردستان، که‌رکووک، 2004.
2- که‌وه، فریشته، کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه، توێژینه‌وه‌یه‌کی سایکۆلۆژی، ده‌زگای چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی ئاراس، چاپی یه‌که‌م 2008.
3- پ: پرسیار، و: وه‌ڵام.