له‌م ڕۆژانه‌دا، دیسان نووسه‌رێکی دیکه‌ی فارس(عه‌باسی مه‌عرووفی) کۆچی دواییکرد و لاپه‌ڕه‌یه‌کی دیکه له هاوکێشه‌ی کورد و ئه‌ویدی خۆی خسته‌وه به‌رده‌ممان. ڕه‌نگه کۆی ئه‌و هه‌ڵسوکه‌وته‌ی که به‌شێک له کورد هه‌م له ڕۆژهه‌ڵات و هه‌م له باشوور له‌گه‌ڵ دونیای ئه‌ویدییه‌کی وه‌ک فارس ده‌یکات، ئه‌مجاره‌ش به‌ده‌ر نه‌بێت له شه‌یدایی بۆ ئه‌ویدی و بیرۆکه‌ی جیهان، نیشتیماخوازی یان کۆسمۆپۆلیتیزم. گیرخواردنی به‌شێک له کوردان له ژێر هه‌یمه‌نه و خه‌رمانه‌ی پیرۆززهدهی جیهان نیشتمانیخوازی پێناسه ڕاسته‌قینه‌که‌یه‌تی. له حاڵێکدا له‌م هاوکێشه و ڕووداوانه‌ی ڕووبه‌ڕوومان ده‌بێته‌وه کورد خۆی نیشتیمانه‌که‌ی له لایه‌ن ئه‌ویدییه‌وه داگیر کراوه، مافه مرۆیی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی پێشێل ده‌کرێت و بنپێ ده‌خرێت، بوونی نکووڵی لێ ده‌کرێت، وه‌کوو په‌راوێز ده‌بینرێت، ته‌نانه‌ت وه‌کوو پشک و به‌شێک له خۆیان(فارس) کورد ده‌یبینن، له‌م هه‌لومه‌رجه‌شدا کورد به ڕواڵه‌ت ئایدیا و بیرۆکه‌ی جیهان نیشتیمانی به‌رهه‌م ده‌هێنێت؛ ئه‌گه‌ر به ڕوانێنێکی ده‌روونناسی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه باسی ئه‌م ڕه‌فتار و هه‌ڵسوکه‌وته‌ی کورد بکه‌ین سه‌رمان له پرسیارێك هه‌ڵده‌ته‌قێت که دژوازیی و بێلۆژیکیی ئه‌م ڕه‌فتاره‌مان بۆ ده‌رده‌خات؛ ئه‌گه‌ر جیهان نیشتیمانی به مانای ئه‌وه بێت تۆ هه‌موو به‌ها مرۆییه یونێڤێرساڵ و گشتگیرهکانت پێ قبووڵه و وه‌کوو پێوه‌ر ده‌یانبینی، ئه‌گه‌ر پێت وایه سنوورێک له نێوان جوانی وڵاتان و نه‌ته‌وه‌کاندا نییه، ئه‌گه‌ر پێت وایه هه‌موو مرۆڤه‌کان له جه‌وهه‌ردا یه‌کسان و هاوتان، ئه‌دی بۆچی له ناو خۆماندا به ئاسانی هه‌ڵناکه‌ین و دراوسێیه‌کی لیبراڵ و سه‌له‌فی وه‌کوو دوو دوژمنی بابهکوشته یه‌کتر ده‌بینن؟.
بۆچی جیاوازیی بیروڕای چه‌پ و ڕاسته‌کانمان له ته‌شهیر و ڕه‌تکردنه‌وه و بێڕیزیدا خۆی ده‌بینێته‌وه؟ بۆچی میدیای ئێمه و به تایبه‌تی تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان سیخناخ و لێوڕێژن له جنێو و سووکایه‌تی له پێکهاتێکی دوو جه‌مسه‌ریدا(پارتی/یه‌کێتی، زۆنی سه‌وز/زۆنی زه‌رد، سلێمانی/هه‌ولێر، باشوور/ڕۆژهه‌لات)؟ بۆچی سه‌له‌فییه‌تی چه‌پ و ڕاست واته فێندێمێنتاڵیزم و پاشڤهخوازیی بووه به پێکهاتی زۆربه‌ی زۆری ئه‌و تیۆره و تیڕوانین و گێڕانه‌وانه‌ی که بۆ کۆمه‌ڵگا و به‌ها و فیکر و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و به گشتی دۆزی کورد ده‌خرێته ڕوو؟ ئه‌م پرسیارانه له بنه‌ڕه‌تدا ده‌کرێت له ژێر سێبه‌ری یه‌ک پرسیاردا کۆیان بکه‌یه‌نه‌وه ئه‌ویش ئه‌مه‌یه دژوازیی نیشتمان نه‌ویستیی خود و نیشتیمان په‌ره‌ستی ئه‌ویدی له چییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت؟ دیاره کاتێک باسی ئه‌مه ده‌که‌یه‌ن به شێوه‌یه‌کی ڕه‌ها و موتڵه‌ق مه‌به‌ستمان نییه و ئاماژه‌مان بۆ ئه‌و گووتاره ئه‌ویدی په‌رست و خۆکهمبینهیه که شه‌جه‌ریان و هوشه‌نگی ئیبتیهاج و ڕه‌زا بهراههنییهکانی لا پێغه‌مبه‌ر و قیدیس و دڵ و گیانه به‌ڵام به‌ختیار عه‌لی و فه‌رهاد پیرباڵ و زه‌که‌ریان عه‌بدوڵلا و میکائیلی زۆر به لاوه گرینگ نییه؟! ئایا ئه‌ویدی خوازی و خۆنه‌دیوی بواری ئه‌وه ده‌ده‌ن ئێمه به شێوه‌ی لۆژیکی جیهان نیشتمانخوازیی قبووڵ که‌ین و بڵێین له بورجی ئیڤێڵهوه تاکوو ڕووبارێ سێند و دوورگه‌ی دولفینه‌کان و قه‌ڵای هه‌ولێر و ته‌په گوبهگلی و قه‌ڵای زیویه و بیابانی نێڤادا و …هه‌موو له یه‌ک دۆز و ژینگه‌ی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، مێژوویی، که‌لتووری و پێشهکهوتوویدا هه‌ناسه ده‌کێشین؟ ئایا هه‌ر ده‌کرێت منێکی کوردی بێ‌نیشتمان و نیشتیمانداگیرکراو، ئه‌نفالکراو و…
جیهان نیشتمانی وه‌کوو واقیعێکی ناوه‌کی و ده‌ره‌کی ئه‌زموون بکه‌م؟ ئه‌گه‌ر ده‌کرێت ئه‌وا ئه‌م هه‌موو ئازاره‌ی نیشتمانم له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وانی دی که ئێستا خۆشه‌ویستیم بۆ نیشتیمان و هونه‌ر و میعماری و کچ و شه‌قام و که‌لتوور و زمانیان ده‌رده‌بڕم بۆچی نابینرێت و ناخوێنرێته‌وه و ئه‌مه له کوێوه سه‌رچاوه ده‌گرێت؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه که دژوازیی هه‌ڵسوکه‌وت و ره‌فتاری به‌شێک له کۆمه‌ڵگای کوردیمان بۆ ده‌رده‌خه‌ن له ژێر تیشکی چه‌مکی ئیلینه‌بوون یان لهخۆنامۆبووندا ده‌بینرێته‌وه که به ئاڕاسته هه‌ره سامناکهکهیدا ده‌بێت به کۆیله‌یه‌تی و خۆکه‌مبینی و خۆوهکئهویدیکردن! و دوا وێستگه‌شی شوێنێکه، که ئیتر هیچ وشیاری و لۆژیک و ئاوهزمهندییهک نامێنێته‌وه که ئه‌ویش نهیارشهیداییه! واته تۆ به بێ ئه‌وه‌ی هیچ پرۆسه‌یه‌کی لۆژیکی و وشیارانه له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ دونیابینی و مه‌عریفه و سیاسه‌تی ئه‌و(نه‌یار) تێپه‌ڕێنی خۆشت ده‌وێت، ئه‌وێکی جه‌للاد، ئه‌وێکی داگیرکا‌ر، ئه‌وێکی چه‌وسێنه‌ر، ئه‌وێکی ڕه‌هاخواز، ئه‌وێکی نکۆڵیکار، کێشه‌که کاتێک قووڵ ده‌بێته‌وه هه‌موو ئه‌م ئه‌ویدی و ئه‌وه جیاوازنه له لایه‌ن که‌سی ئیلینه‌کراو و کۆلۆنیالیزهکراوهوه به ده‌رکه‌وته‌یه‌کی جوان و دره‌وشاوه و ئهفسوونکهر ببینرێت.
هه‌رچی زیاتر سه‌رنجی ئه‌م تۆڕ و ههڵپێکانهی په‌یوه‌ندی نێوان ئیلینهکهر و ئیلینه‌کراو یان کۆلۆنیالیست و کۆلۆنیالیزکراو ده‌ده‌ین، ئه‌وه‌ی هه‌یه داگیرکارییه‌کی ده‌روونی و ناوشیارهکییه، به شێوه‌یه‌ک که ئه‌گه‌ر تۆ بێیت و له ئاوێنه‌ی لۆژیک و به‌ڵگه‌مه‌ندی و ڕیالیستیدا وێنه و وێنای ئه‌م ئه‌ویدییه پیشانی ئه‌م جۆره له “خود” بده‌یت، نه‌ک ته‌نها باوه‌ڕ ناکات به‌ڵکوو هێرشیشت ده‌کاته سه‌ر که گوایه تۆ توانایی گه‌یشتن به‌و ترۆپکهت نییه که ئه‌و پێی گه‌یشتووه، ئه‌ویش جیهان نیشتیمانییه! له ڕاستیدا ئه‌م به‌رکار و ئۆبژه‌یه نایه‌وێت باوه‌ڕ بکات و تێبگات که ئه‌و هه‌یکه‌له‌ی که ئه‌و دهیپهرهستێت و شه‌یدای بووه ده‌مامکێکی قه‌به و قاییمی هه‌ڵبه‌ستووه که به لادانی نیوه‌ی زیاتری ئه‌و وێنه و وێنا فریشته‌ییه ده‌بێت به ئیبلیسێکی ڕه‌ش و چاودهرپۆقیو که دۆزه‌خ له چاو و پریشکه‌کانی نه‌فره‌تی داده‌بارێت! له ڕاستیدا ئه‌م دۆخه پرسگر و له‌مپه‌رێکی گه‌وره‌یه له به‌رده‌م هه‌ر جۆره وشیارییه‌کی نه‌ته‌وه‌یی بۆ ڕزگاریی و سه‌ربه‌ستی. ئێمه هه‌ر له ماوه‌ی دوو مانگی ڕابردوودا ته‌نها به‌سه په‌رچه‌کرداری به‌کارهێنه‌ره کورده‌کانی تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی ببینین که بۆ مردنی هوشه‌نگی گولشیری چ شین و ڕۆڕۆیهکیان کرد له حاڵێکدا ئه‌گه‌ر توێژینه‌وه‌یه‌کی سه‌ره‌تایی بکه‌ین ڕه‌نگه له 10 که‌سی ئه‌و به کارهێنهرانه 2 که‌سیان 2 شیعری ئیبتیهاجیان له‌به‌ر نه‌بێت، ده‌ی بۆچی وا مه‌فتوون و شهیدان؟ هۆکاره بنه‌ڕه‌تییه‌که‌ی هێزی میدیا و هه‌ژموونی چه‌ندین ساڵه‌ی ئاسیمیلاسیۆن و تواندنه‌وه و تا گه‌یشتنه به نه‌یارشه‌یدایی، که‌سی نه‌یارشه‌یدا(عاشق به دوژمن) به ڕاده‌یه‌ک جه‌لاده‌که‌ی خۆی خۆش ده‌وێت مه‌گه‌ر له خه‌وندا وێنه‌ی ناپاک و دزێوی لێ ببینێت که ئه‌وه‌ش وه‌کوو کابووس و مۆته‌که ناوزه‌د ده‌کات! و بیسمیللای پاکیی به‌سه‌ردا ده‌خوێنێت تاکوو پاک و بێگه‌ردی کاته‌وه! ئه‌مه بۆ وتنی دوو گۆرانی کوردی له لایه‌ن هومایوونی شه‌جه‌ریان، کوڕی محه‌مه‌د ڕه‌زا شه‌جه‌ریان هه‌ر به ڕاست ده‌گه‌ڕێت؛ دوو گۆرانی و ئاوازی ڕه‌سه‌نی کوردی به شێوه‌یه‌کی نیوه و ناته‌وا وتراوه‌ته‌وه له لایه‌ن هومایوونهوه و کۆڵێک شه‌یدابوون و سه‌رسامی و پیاهه‌ڵدان و ستایش‌کردن بۆ شه‌جه‌ریان هاتووه‌ته ئاراوه، له حاڵێکدا ئه‌و به سلێمانی که شارێکی کوردستانییه و ته‌نانه‌ت به‌پێی یاسای ئێراق شارێکه سه‌ر به هه‌رێمی کوردستان ده‌ڵێت سلێمانی شارێکی ئێراق و به زمانی کوردی ده‌ڵیت زمانێکی کۆن، لێره‌دا مه‌به‌ستی له کۆن، کۆنه و ناکارامه‌یه، ده‌بێ ئه‌م کلیل وشه ئێرانشاریانه له چوارچێوه‌ی دیسکۆرسی ئێرانشاریدا بخوێنیته‌وه و شاره‌زای بیت ئه‌گینا ستایش و نه‌فره‌ت و ڕێز و سووکایه‌تیت لێ تێکده‌چێت!.
ئه‌م حاڵه‌ته بۆ مه‌رگی ڕه‌زا به‌راهه‌نی، نووسه‌ر و ڕه‌خنه‌گر و شاعیری به ڕه‌چه‌ڵه‌ک تورک و ئازه‌ری به‌ڵام فارسنووس هه‌ر به هه‌مان شێوه بووه، ئێسته‌ش (عه‌باسی مه‌عرووفی) نووسه‌ری ناودار و به‌توانای فارس له ئاڵمان به‌هۆی شێرپه‌نجه‌وه مردووه و گه‌ڕێکی دیکه‌ی ستایش و فاتیحاناردن و ڕۆحشادکردن له تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له لایه‌ن به‌کارهێنه‌ره کورده‌کانه‌وه ده‌ستی پێکردووه، ئه‌مانه له‌و ڕووه‌وه که دونیای گێڕانه‌وه و ئه‌ندێشه و جوانیناسیی ئه‌و نووسه‌ره ده‌بینن هیچ لۆمهیهکیان ناکرێت و ڕه‌خنه‌یان له‌سه‌ر نییه و ده‌بێ دهسخۆشیشیانلێ بکرێت به‌ڵام کێشه له‌وێدا ده‌ست پێده‌کات ئه‌وان ته‌نها ستایش ده‌که‌ن و چه‌پڵه لێده‌ده‌ن، تانها دره‌وشاوه‌یی و پیرۆزی ده‌بینن! ته‌نها ئه‌ویدی ده‌بین نه‌ک خود! پێناسه‌یان له نوسین و نوسه‌ر ناجێگیره، بۆ ئه‌ویدی ستایشئامێزه و بۆ خود تووندئاژۆ! ئایا ته‌نها کۆمه‌ڵێک ڕسته و ڕۆمان و هه‌ندێ وێنه‌سازیی میدیایی و هه‌ژموونیی که‌لتووری هانی نه‌داون وه‌ها په‌رچه‌کردارێک بنوێنن؟! ئه‌گه‌ر به‌راوردێک بکه‌ین له نێوان دونیای گێڕانه‌وه‌ی ڕه‌زا به‌راهه‌نی و عه‌باسی مهعروفیدا هه‌م له ڕووی تێکست و هه‌م له ڕووی کۆنتێکست هه‌ردووکیان زۆر جیاوازن و ئه‌م دوو نوسه‌ره تا ئاستێکی تووند له مه‌ڕ زمانه غه‌یری فارسییه‌کان هه‌ڵوێست و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆیان هه‌بوو که له درێژه‌دا ئاماژه‌ی پێ ده‌ده‌م. به‌ڵام هه‌ر دووکیان ئه‌ویدیی کوردن، یه‌کیان ئه‌ویدییه‌ک که کورد دینێته ناو کایه‌که‌وه و ئه‌ویتریان هه‌ر نایهێنێته‌وه ناو کایه‌که‌وه و ه‌کوو به‌شێکی دزراو له ئێرانی له‌تکراوی شکۆمه‌ندی جاران ده‌یبینێت که ده‌بێت بخرێته‌وه سه‌ر یه‌ک، به باشوور و ڕۆژئاوا و باکووره‌وه! ڕه‌زا به‌راهه‌نی له ڕۆمانی “ئاوازی کوژراوان” که ڕۆمانێکی دوور و درێژه و ده‌په‌رژێته سه‌ر کۆی ئه‌و ڕووداوانه‌ی پێش شۆڕشی گه‌لانی ئێران و کۆتاییه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارێتی حه‌مه‌ڕه‌زا شای په‌هله‌وی، له لاپه‌ڕه‌ی 49ی ئه‌م ڕۆمانه 520 لاپه‌ڕه‌ییه‌دا ده‌ڵێت:
“به‌ڵام ژنه ئینگلیسییهکهش کورد بوو، ده‌یانوت مێرده‌که‌ی ئه‌و وانه‌ی به شا وتووه‌ته‌وه که‌واته بۆچی کوڕه‌که‌شیان له لایه‌ن ئه‌و یان مێرده‌که‌یه‌وه وانه‌ی پێ نه‌وترێته‌وه و له باتی ئه‌وان ئه‌م دوکتۆر عه‌ره‌به وانه‌یان پێ بڵێته‌وه که سه‌ره‌ڕای کوردبوونه‌که‌ی، بۆنی ده‌میشی دێت و به‌ده‌ر له‌وه‌ش منداڵبازه. به‌هۆ و بێهۆ دوکتۆر عه‌ره‌بی سه‌رکه‌وتوو! جوێن و ناسزای پێ ده‌گوترێت”
ئه‌مه وێنه‌یه‌که له کورد له سه‌ره‌تای ئه‌و ڕۆمانه‌دا که کورد وه‌کوو که‌سایه‌تیش نابینێت، به‌ڵکوو زیاتر وه‌کوو بونه‌وه‌رێکی نه‌خۆش و گیانله‌به‌رێکی ناته‌ندرووست ده‌یبینێت که کوردبوون وه‌کوو ئاوه‌ڵناوێکی سهیروسهمهرهیهوه وه‌کوو بڵێی شتێکی دهعجانییه، منداڵباز و بۆنی دهمهاتنهکهشی ئه‌وه‌ش با بێته سه‌ری! ئه‌گه‌رچی له لاپه‌ڕه‌کانی دواتردا ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه بۆ کوردی کرێکار و سه‌ر به چینه‌کانی خواره‌وه له تیژیی تیغه تهشهردهر و کوردبێزییهکهی که‌م ده‌بێته‌وه، به‌ڵام قه‌ت له‌و پێکهات و چوارچێوه‌یه ناچێته ده‌ره‌وه که کورد وه‌کوو پله و چین و ئۆبژه‌یه‌کی نزم و په‌راوێزی ببینێت مه‌گه‌ر کرێکار بێت ئه‌وکات ڕه‌نگه چه‌ند بلۆکی بۆ دانێن بیگوازێته‌وه! به‌راهه‌نی قوربانییه‌کی دیکه‌ی ناو گووتارێک بوو که ڕزگاریی کورد وه‌کوو مۆته‌که‌ی سه‌ر زمان و جوگرافیای ئێران له نه‌ستیدا جێی گرتبوو بۆیه له‌م ڕووه‌وه جیاوازییه‌ک له نیوان ئه‌و و سیسته‌می زاڵی توتالیتیهردا نه‌بوو!
ئه‌مه به نیسبه‌ت عه‌باسی مه‌عرووفییه‌وه زۆر سامناکتر و کاره‌ساتبارتره، ئه‌گه‌ر ڕه‌زا به‌راهه‌نی کورد له‌و ئاسته سووک و چرووکهدا ده‌گێڕێته‌وه ئه‌وا عه‌باس هه‌ر بوونی قبووڵ ناکات ئه‌و له پۆستێکی فه‌یسبووکیدا له دژی به‌رگریکردنی ڕه‌زا به‌راهه‌نی له زمانکانی دیکه هاتووه‌ته قسه و وتوویه‌تی “هه‌شتسه‌د ساڵ پێش ئێستا کاتێک ئێوه هێرشتان کرده سه‌ر ئێران(مه‌به‌ستی تورکانه که به‌راهه‌نی تورک بووه) زمانی ئێمه فارسی بوو، له بیرت نییه؟ یه‌کێک نییه له‌قه‌یه‌ک بکێشێت به ده‌می ئه‌مه‌دا!” ئه‌مه له وه‌ڵامی قسه‌یه‌کی به‌راهه‌نی بووه که له مافی نوسین به زمانه‌کانی دیکه به‌رگری کردووه. (عه‌باسی مه‌عرووفی)که به‌شێک له به‌رهه‌مه‌کانی بۆ کوردی وهرگێڕدراوان چه‌ندین پۆستی فه‌یسبووکی له سه‌ر هه‌ژماره‌که‌ی خۆی نوسیوه که دواتر به‌هۆی دژایه‌تی و ناڕه‌زایه‌تی ئاخێوه‌رانی زمانه‌کانی کوردی، به‌لووچی، گیله‌کی و تورکی هه‌ندێکیانی سڕیوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌و باوه‌ڕی به ئێرانێکی یه‌کپارچه‌ی یه‌کده‌ست هه‌بووه و زمانی فارسیشی به حاکمی بێ ڕکابه‌ر و بێ هاونشینی ئه‌و وڵاته ده‌زانی، ئه‌و نووسه‌رێکی گه‌وره به جیهانبینییه‌کی ڕاسیستی و خۆپه‌رستانه و فاشی بووه، نوسه‌رێکی گه‌وره به دونیایه‌کی بچووک، خاوه‌ن ته‌کنیکی باش به‌ڵام ناوه‌رۆکی سنووردار و به‌رته‌سک! کورد له نێوان ئه‌م ئه‌ویدییه و ئه‌و ئهویدییهدا بۆچی به‌رگری له خۆی نه‌کات و شین بۆ هه‌ردووک ئهویدییهکه بگێڕێت؟ ئایا ئه‌مه کاره‌سات نییه؟