١٦/٣ یادی یەکێک لە تاریکترین ڕۆژەکانی میللەتی کوردە کەئەویش ھێرشی کیمیایی بوو بۆ سەر ھەڵەبجە لەلایەن ڕژێمی (سەدام حوسێن)ەوە، ئەم ڕۆژە یەکێکی ترە لەو یادە تاریکە یەک لەدوایەکانەى حکومەتەکانی عێراق بەسەر خەڵکی کوردستانیان ھێناوە، ئەم ھێرشە دڕندانەی حکومەتی ئێراق وای لەکوردەکان کرد زیاتر خەون بەدەوڵەتێکی سەربەخۆوە ببینن.
لەمانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوو، خەونی دەوڵەتی کوردی لەپڕ دەنگی دایەوە و ڕیفراندۆمی سەربەخۆی ئەنجامدرا بەپشتبەستن بەو پێشکەوتنە بەرچاوەی کوردستان بەخۆیەوە بینی لەپەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ. ڕێژەیەکی بەرچاوی بەشداربووانی ڕیفراندۆم دەنگیان بە بەڵێ دا بۆ سەربەخۆی، بەڵام ئەم سەرەتا گرنگە بەکارەسات کۆتایی ھات، حکومەتی بەغداد بەتوندی ڕەتی کردەوە ڕێگا بەجیابوونەوەی بەشێک لەخاکی ئێراق بدرێت، ئەم بەرپەرچدانەوەیە بەھاوکاری ھەریەک لەوڵاتانی تورکیا وئێران وئەمریکا بوو، ھەروەھا بەڕێکەوتن لەگەڵ لایەنێکی ناوخۆیی، بەغداد توانی ھێز بجوڵێنێت ونیوەی خاکی کوردستانیان کۆنترۆڵ کرد.
حکومەتی ناوەند بە تەواوەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی سزادا لەڕووی ئابووریەوە وسەرجەم گەشتە ئاسمانیەکانی بۆ فڕۆکەخانەکان ڕاگرت. ئەم ڕەفتارانەی حکومەتی ناوەند پەیامێکی توندو ڕوون بوو کەنەخشەی وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کەلەلایەن بریتانیا وفەرەنساوە کێشراوە سەخترە لەوەی کوردەکان بیری لێدەکەنەوە، ئەمە نایەکسانییە، بەڵام کوردەکان دەبێت ئاشتیخواز بن لەسەر ئەرزی واقیع.
سەرەڕای ھەموو فشارەکانی حکومەتی ناوەند، ھێشتا ڕێگای بەرەوپێش چوون ھەیە، کاتی ئەوەیە سەرکردە کوردەکان ڕێگایەکی دیکە بگرنە بەر بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی ھەرێم. سەرکردەکان پێویستە کوردایەتی ببەنە فۆڕمێکی دیکەوە کەلەگەڵ ئەرزی واقیعدا بگونجێت وئەولەویەت بدرێت بە ئاسایش وئازادی ھاووڵاتیانی کورد نەک دروستکردنی مەترسی بۆ ھاووڵاتیان. ڕەنگە ئەمە خەونی دەوڵەت بوونی کوردەکان نەبێت، بەڵام حوکمڕانی باش ودیموکراسی ڕاستەقینە دەکرێت شوێنگرەوەیەکی باش بێت.
چەند ساڵێک لەمەوپێش، ھەرێمی کوردستان مۆدێل بوو بۆ ئێراق وڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، سیاسەتی کردنەوەی دەرگا بەڕووی بازرگانی سەرنجی ڕۆژنامە نووسان وئەکادیمییەکانی ڕاکێشا، کوردستانی ئێراق تەنھا ماڵە بۆ دوو زانکۆی ئەمریکی لە ئێراق، لەگەڵ دوو کۆمپانیای گەورەی ئەمریکی لە بواری پەیوەندیکردن. کوردستان، پێش چەند مانگێک، ڕۆژانە نیوملێۆن بەرمیل نەوتی ھەناردە دەکرد، ھێزی پێشمەرگەی کوردستان نەک تەنھا پارێزەری کوردستان بوو، بەڵکو لە ڕزگارکردنی شاری موسڵ لەدەستی داعش ڕۆڵێکی گەورەی گێڕا.
سەرکەوتن ھێشتا لەڕێیە، ھەتا کوردەکان باوەڕیان بەخۆیان بەھێزتربێت، کەمتر ئارەزووی مانەوە لەگەڵ حکومەتی ئێراق دەکەن کەماویەکی دورودرێژ ھەرلەڕوخانی سەدامەوە ڕۆڵیان تێدا گێڕاوە.
لێکترازانی حکومەتی ھەرێم وناوەند لەدوای پێشێلکردنی مافە دەستووریەکانی کوردەوە دێت لەبەغداد. ئێستا ئەرکی کوردەکان بەھێزکردنەوەی خۆیانە بۆ گێڕانەوەی ڕۆڵی گرنگی کورد لەبەغداد، حزبەکان پێویستە کاندیدە بەھێزەکانیان لە ھەڵبژاردنەکان بنێرنە بەغداد وسەرسەختانە بەرگری لەمافە دەستوریەکان بکەن.
حوکمی زۆرینەی شیعەکان مەترسیدارە بۆ سەر سیاسەتی فرەلایەنی لە ئێراق، بۆیە وەڵامی کوردەکان دەبێت پێکھاتن بێت نەک لێکترازان. دیموکراسی لە ئێراق لەکەدارە، بەڵام ھەڵبژاردن ھێشتا ڕێگایەکی گرنگی بڕیاردانە. لەم قۆناغەدا، کورد پێویستی بەپاکردنەوە وڕێکخستنەوەی نێو ماڵی خۆیەتی، جیاکاری وگەندەڵی وخزمخزمێنە دەبنە ھۆکاری لەناوچوونی ھەرێمی کوردستان بۆیە پێویستە چاکسازی بکرێتە ئەولەویەتی کارەکانی کورد. ئەگەر سەربەخۆیش بە دەست نەیەت، کوردەکان دەبێت ھەرێمەکەیان بکەن بەسیمبولی دیموکراسی وسەرکەوتنی ئابووری نەک پەناگەیەک بۆ ئابووری وڵاتانی تر، ئەم ئامانجە وەک سەربەخۆیی گرنگی خۆی ھەیەو بە دەستھێنانی ئاسانە.
ھەرچەندە واشنتۆن دژی سەربەخۆی کوردستانە، بەڵام پاڵپشتی ھەرێمێکی بەھێزی کوردیە لە ئێراقێکی بەھێز. کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ڕەنگە ئارەزووی کوردستانێکی سەربەخۆ نەکەن، بەڵام پاڵپشت وپشتیوانی ھەرێمێکی ئۆتۆنۆمی کوردی دەکەن. ھەرێمێکی لەم شێوە جێی بایەخی ھەردوو حکومەتی ئێراق وئەمریکایە، بەغداد ھەرگیز ناتوانێ خواستەکانی کورد بەھێز دامرکێنێتەوە چونکە حکومەتکانی پێشتر شکستیان لەو ھەوڵەدا ھێناوە.
گەشەپێدانی ھەرێمی کوردستان لەبایەخی بەغداد وئەنقەرەو ودیمەشق وتارانە، هەروەها وویلایەتە یەکگرتووەکانیش دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لەفشار خستنەسەر بەغداد بۆ جێبەجێکردنی مافە دەستوریەکان، لەسەرووی ھەموویەوە فیدراڵی وباسی نەوت.
جارێکی دیکە ئێمەی کورد ئەو پەندی پێشینانەمان بیر دێتەوە کەدەڵێت کورد جگە لە چیاکان دۆستی نیە، پێویستە ئەم ڕاستیە لەبەرچاو بگیرێت لەئەرزی واقیعدا بۆ کۆشش کردن بەرەو کۆمەڵگایەکی نوێ لەنێو ئەو سنورانەی واقعی سیاسی دایڕشتووە. ھەر بۆیە لەجیھانێکی خالی لەدادپەروەری، خەباتی کوردایەتی وھەستی نەتەوایەتی پێویستی بە دنیابینیەکی نوێیە.