سەرەڕای هەموو ئەم تەنگوچەڵەمانە، سوریایش کە دیار نییە ئەمریکا و هاوپەیمانانی لێی دەمێننەوە یان نا، دەکەویتە باکووری ڕۆژهەڵاتی.
هەڵکەوتەی جوگرافیی ئەم چوارڕێیانە سەد ساڵ زیاترە خواستی کوردی بۆ سەربەخۆیی زیاتر خنکاندووە. بەڵام ڕۆژهەڵاتی ناوەراست چەند ساڵێکە شایەتی چەند گۆڕانێکی نائاساییە. دەوڵەتی ئیسلامی تاڕادەیەک شکستی پێهێنراوە و گرژییەکانی نێوان ئەمریکاو ئێران زۆرتر پەرەیانسەندووە. بۆیە زەروورەتی ئارامی و ئۆقرەیی هەرێمی کوردستان بووەتە جێی بایەخ و مەبەستی بڕیاردەرانی سیاسی لە واشنتۆن و ئەنکەرە. لەولایشەوە کۆمەڵی تاقم و ئەکتەری تر ئارامی و ئۆقرەیی هەرێمەکەیان کردووەتە ئامانج.
سێ ساڵ لەمەوبەر هەرێمی کوردستان ڕیفراندۆمێکی بۆ سەربەخۆیی ئەنجامدا، کە هاوسێکانی و ئەمریکایش دژی وەستانەوە. ئەمە دەرفەتی بۆ بەغدا ڕەخساند سەرکرادیەتیی کورد گۆشەگیربکا. ئێستا دۆخەکە وەکو دەبینرێ ئاسایی بووەتەوە، بەڵام قەیرانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناو ڕادەستکردنی ژمارەیەک پێگەی گرنگ، بەوانەیشەوە کەدەکەونە سەر سنووری هەرێمی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمریکاییەکانەوە کۆمەڵێ نیگەرانییان هێناوەتە گۆڕێ.
بۆ چارەی ئەو نیگەرانییانەیش، نێچیرڤان بارزانیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەستی بە زنجیرەیەک دیدارو هەنگاوی دپلۆماسییانەی ناوەندگیرییی کرد کە دەکرێ بە قازانجی ڕۆڵی هەرێم بشکێنەوە. ڕۆژی ٢ی ئەیلوول سەرۆکی هەرێم لە بەغدا چاوی بە ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسە کەوت و پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوانیان لە تەوەری گفتوگۆکانیان بوو. هاوکات پاریس ڕایگەیاند کە بەردەوام پشتیوانیی هەوڵەکانی هەرێم دەکا بۆ چارەی ناکۆکییەکانی لە گەڵ بەغدا. ئەمە خاڵێکی گرنگە، چونکە لە ساڵی ٢٠٠٥ ەوە کە دەستووری نوێی دەوڵەتی ئێراق دەنگی لەسەر دراوە، هەرێمی کوردستان پشکی تەواوی خۆی لە بودجەی ئێراق پێنەدراوە و پرسی ناوچە جێناکۆکەکانی وەکو کەرکوک دروست ئیدارە نەدراون. کاربەدەستانی ڕۆژئاوایی هەندێجار، هەندێکیان بە بیانووی پیشکەوتن لەم هەرێمە و هەندێکی تریان بە پاساوی بەرەوپیشنەچوونی هەنگاوەکانی چاکسازی تێیدا، ئەو گلەییانەی کوردیان نادیدە گرتووە.
جا هەر لە بەغدا، بارزانی لەگەڵ سەرۆکی پەرمان و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێراق و مستەفا کازمیی سەرۆک وەزیرانی نوێی ئێراقیش کۆبووەوە. پاشان سەرۆکی هەرێم گەیشتە ئەنکەرەی پایتەختی تورکیاو نێردەیەکیشی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆگانی سەرۆکی تورکیا و هاوتاکانیان، لەگەڵ خۆی بردبوو. بەهۆی ناکۆکیی نێوان تورکیاو فەرەنسییەکانەوە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا،هەندێ ئەم کۆبوونەوانەی ئەنکەرەیان وەها پێشاندا کە گەمەیەکی تورکیا بێ بۆ پارسەنگی کۆبوونەوەکانی فەرەنسە و کورد، بەڵام وا دەرەکەوێ ئەم کۆبوونەوانە زۆر زیاتریان لەهەگبەدا بێ.
تورکای هاوبەشێکی گەورەو وزەی هەرێمی کوردستانە. کاتی جەنگی داعش، کە هەولێرو بەغدای تا ڕاددەیەکی زۆر لەیەک دابڕی، تورکیا نەک تەنیا وەکو تاکە هێڵی ئابووری، بەڵکو وەکو هیڵێکی گرنگی کولتوری و عەسکەری بۆ هەرێمی کوردستان مایەوە. بۆنموونە، تورکیا بنکەیەکی سەربازیی بۆ مەشقپێکردنی پێشمەرگە دژی داعش لەنزیک بەعشیقە دامەزراند. بەندە ساڵی ٢٠١٦ سەرم لەو بنکە سەربازییە دا، هەوڵی چڕوپڕی ئەنکەرەم لە مەشقپێکردنی سەربازانی خۆجیی موسڵ و بەر پەرچدانەوەی مەترسی و تۆپەکانی داعشدا بەچاوی خۆم بینی. ئەم بنکەیە دواتر بووە یەکەێک لەو بنکەو بارەگا سەربازییانەی وا تورکیا بۆ شەڕی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە چیاکانی کوردستاندا جێگیری کردوون.
گرنگە لێردا ئاماژە بەوە بکەین کە پەکەکە سەردەمێک لەگەڵ حکومەتی ئاک پارتیدا ئاگربەستی ڕاگەیاندبوو. کەچی ئاگربەست ٢٠١٥ شکا. هەڵایسانەوەی شەڕ تورکیای پاڵ نا بکەوێتە داگیرکردنی چەند ناوچەیەکی کوردەکان لە سوریاو سەرکوتکردنی کوردەکانی خۆی لە ناوخۆ و زیادکردنی کردە سەربازییەکانی لە هەرێمی کوردستانی ئێراق. پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە پێشەوەی حزبەکانی هەرێمی کوردستانی ئێراقە پەیوەندیی مێژوویی و دۆستانەی لەگەڵ تورکیادا هەیە، بەڵام خۆ زیادبوونی کردە سەربازییەکانی تورکیا دژی پەکەکە دەشێ بکێشێتەوە بۆ تێکدانی ئارامیی باکووری ئێراق و لاوازکردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی هەرێم. هەربۆیە سەردانەکەی بارزانی ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی تورکیای لێکەوتەوە.
تورکیا مەبەستییەتی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ هێزە دیموکراتییەکانی سوریا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە پەک بخا. ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ ئەمریکا هێزەکانی خۆی لە ناوچەکانی سەرسنووری تورکیا کشاندەوە. تورکیا بەدرفەتی زانی و پەلاماری دەوروبەری گرێ سپیی دا. دواتر تورکیا لەچوارچیوەی پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیادا ڕێکەوتنێکی لەگەڵ مۆسکۆ ئیمزا کرد و بەرگریی ئێس-٤٠٠ ی لە ڕووسەکان کڕی. بەمە هیواکانی تورک بۆ بنیاتنانی پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ ئیتر بوونە بڵقی سەر ئاو. واشنتۆن کۆبوونەوەکانی ئەم دواییەی ئەردۆگان و ئیسماعیل هەنییەی سەرۆکی بزووتنەوەی حەماسی سەرکۆنەکرد و ڕێکەوتنی فرۆشتنی فڕٶکە ئێف-٣٥ ەکانی بە تورکیا هەڵپەسارد. تورکیایش لە گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا بۆ ئورشەلیم و ڕۆڵی ئەمریکا لە ڕێکەوتنی میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب و ئیسرائیل تووڕەیی خۆی ڕاگەیاند.
جا ئامانجی کۆبوونەوەکانی ئەنکەرە لێرەدا دەردەکەون. ئەنکەرە هەرێمی کوردستانی وەها دەوێ بتوانێ لەگەڵی کار بکا. دەیەوێ سنوورەکانی ئارام بێ. مەبەستیشییەتی بزانێ ئەمریکا دەیەوێ هێزە دیموکراتییەکانی سووریا و سەرکردایەتیی بارزانی لە هەولێر لەیەک نزیک بکاتەوە یان نا. ویللیەم ڕەوبەکی جێگری سەرۆکی نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش خاڵی پەیوەندیی ئەو دانوستانانە بوو کە سەرەتای ئەمساڵ پیشکەوتنی بەرچاویان بەخۆوە بینی. ئەنکەرە پێناچی پێی خۆش بێ هێزە دیموکراتییەکانی سووریا، کە بە هەبوونی پەیوەندیی لەگەڵ پەکەکە تۆمەتباریان دەکا، بەهۆی هەماهەنگییانەوە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، شەرعییەتی زیاتر وەرگرن.
لەم پێگەیەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەکو ئیدارەیەکی خۆبەرێوەبەری هەرێمی، هەندێ ڕۆڵی نیودەوڵەتی دەگێڕێ ئەمە ڕۆڵێکی بێوێنەیە ولە بەرەوپێشچوونیشدایە، چونکە ئەمریکا وردە وردە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکشێتەوە، ئیدارەی ترەمپ چییتر ئەو ململانێیەی بەلاوە گرنگ نییە کە بە “کیشە کۆنەکانی ئەوپەڕی دنیا” وەسفییان دەکا. کورد، هاوشێوەی تورک، ساڵی ٢٠١٧ هیوایان بە ئیدارەی نوێی ئەمریکا زیاتربوو. زۆرێک پێیان دەوتم هیواداربوون واشنتۆن پشتیوانی خواستی سەربەخۆیی کورد بکا. بەڵام بێدەنگیی واشنتۆن کاتێ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ بەغدا تانکەکانی ناردە کەرکوک و ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ تورکیا پەلاماری هێزە دیموکراتییەکانی سووریای دا ئەو پەیامەیان بە گوێی هەولێردا دا کە پێویستە هاوسەنگی لە پەیوەندییەکانیدا بکا. واتا پێویستە لە نزیکەوە لەگەڵ فەرەنسە کار بکات کە چەندین ساڵە داکۆکی لە مافەکانی کورد دەکا، پەیوەندییەکانی تری پتەو بکات و هاوسەنگی لەنێوان بەرژەوەندییەکانی ئێران، تورکیا، بەغداو ئەمریکادا ڕاگرێ.
کاتێ هێرشە مووشەکییەکانی میلیشیاکانی سەربە ئێران لە ئێراق ڕۆژبەڕٶژ هەڵدەکشان و دیالۆگی ستراتیجیی نێوان ئەمریکاو بەغدا بەڕێوەدەچوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆشحاڵیی خۆی بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکاو هاوپەیمانان لە باکووری ئێراق پێشان دا. بەندە، دواجار پایزی ٢٠١٩ بوو لە ئێراق بووم، کە هێزە ئەمریکاییەکان هاوکاریی پێشمەرگەو هێزە ئێراقییەکانیان بۆ کۆنترۆڵکردنی داعش دەکرد. بەڵام کاتێ ئەم هێزانە لە بنکەکانی کەرکوک و ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا دەکشێنەوە، ژمارەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە سەر خاک ئیتر کەم دەبێتەوە. وەرچەرخانی ڕووی هاوپەیمانان بە ئاڕاستەی هەولێر و هاوکاریی پێشمەرگە بێگومان دەبێتە مایەی ئارامی لە هەرێم. جا بۆیە ئەم هاوکێشانە بۆ بارزانی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بناغەی ئەم جموجووڵە دپلۆماسییانەی ئەم دواییە بوون.
پاش ئەم جموجووڵانە، هەنگاوی داهاتووی هەرێمی کوردستان دەستەبەرکردنی پشکی خۆیەتی لە بودجەی بەغدا تا بتوانێ مووچەی فەرمانبەرانی بدا. دابەزینی نرخی نەوت و ئاژاوەی بەردەوام لە بەغدا ئەم داوایانەی کوردیان لەسەر بەغدا سەختکردووە. پێشمەرگە پێشتر هاوکاریی لە هەنگاریاو چەند وڵاتێکی ئەوروپایی و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە پێگەیشتووە. بەلام هەرێم پێویستی بە هاوکاریی بەردەوامیشە بۆ هێزە چەکدارەکانی. هاوکات پێویستە ئاڵۆزییەکانی سەر سنووری تورکیاو ئێران کەمبکرێنەوەو کێشەی نائارامیی بەردەوامی شنگال چار بکرێ. شنگال، ئەو دەڤەرەی داعش ساڵی ٢٠١٤ ئێزدییەکانی تێدا قەتڵوعامکرد، بەردەوام بەدەست کۆمەڵێ میلیشیاو بازگەی رێکنەخراوو نەبوونی وەبەرهێنانەوە دەناڵێنێ. خەڵکەکەی نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. بەغدا هەرچەندە ساڵی ٢٠١٧ هێزەکانی پیشمەرگەی ناچارکرد لەناوچەکە بکشێنەوە، نەیتوانی ئابوورییەکەی ببوژێنێتەوەو سەقامگیریی تێدا دەستەبەر بکا. ئەگەر بارزانی، کە مانگی مایسی رابردوو دەسەڵاتی گرتە دەست، بتوانێ تا کۆتایی ساڵی ئایندە بەسەر ئەم کۆسپانەدا زاڵ ببێ، هەرێم دەتوانێ لە سەقامگیرکردنی ئارامیی دەوروبەری خۆیشیدا ڕٶڵی خۆی بگێڕێ. ئەمەیش پێویستیی بە پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە. تورکیاو ئێرانیش دەبێ سەقفی داواکارییەکانیان داگرن.
سەرچاوە:
ناوەندی بەرژەوندییە نیشتمانییەکان (Center for NATIONAL INTEREST) کە ساڵی ١٩٩٤ لەلایەن ڕیچارد نیکسنی سەرۆکی پێشووتری ئەمریکاوە لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا دامەزرێنراوە.
https://nationalinterest.org/blog/middle-east-watch/kurdistan-region-iraq-tries-balance-turkey-iran-and-united-states-168563
* جێت جەی فرانتزمان ڕۆژنامەنووس و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ناوەندی بنکە لە قودسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. یەکێکە لە نووسەرانی فۆریومی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نووسەری کتێبی “دوای داعش: کێشمەکێشی ئیران و ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”یشە.
نووسین: سێس فرانتزمان و ئیریک ماندال
ورگێڕان: سەلمان عەلی