“جۆبایدن” سەرۆکی ئەمریکا و “مستەفا کازمی” سەرۆک وەزیرانی ئێراق ڕێکكەوتنێکی فەڕمیان ئیمزاکرد، کە بەتەواوبوونی ئەمساڵ 2021 ئەرکی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە ئێراق کۆتایی پێدەهێنێت لە دوای هەژدەساڵ لە هاتنی ئەو هێزانە بۆ ئێراق. ئەمەیش لە کۆتایی خولی چوارەمی دایەلۆگی ستراتیژی دێت لەنێوان ئێراق و ئەمریکادا ئەنجامدراوە، لەبەرانبەر ئەمەدا؛ بەغداد پەیمانی داوە پابەندبێیت بە پاراستنی ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کە ئەرکیان دەبێتە پێشکەشکردنی ڕاوێژ و ڕاهێنان بەهێزە ئێراقییەکان. بەپێی لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی ئێراق؛ ئەم خولەی دیالۆگ، گەڕی کۆتایی دیالۆگی ستراتیژی دەبێت لە نێوان هەردوو وڵاتدا، ئەو لێکتێگەیشتنانەی لەنێوان هەردوولا هاتووهتە ئاراوە دەبێتە چوارچێوەی گشتی پەیوەندییەکانی هەردوولا لەداهاتوودا.
“لێکتێگەیشتنەکانی خولی چوارەمی دانوستان”
گەڕی یەکەمی دایەلۆگی ستراتیژی نێوان هەردوو وڵات لە 11ی حوزەیرانی ساڵی 2020 بە شێوەی ئۆنلاین لە ڕیگەی ڤیدیۆکۆنفرانسەوە ئەنجامدرا، گەڕی دووەمیش لە “واشنتۆن” لە 19ی ئابی 2020 ئەنجامدرا و سێیەمیش لە مانگی نیسانی 2021 ئەنجامدرا، لەو بابەتە سەرەکییانەی لەمیانەی ئەم خولانەی دیالۆگی ستراتیژیدا باسکراون بابەتی بوونی سەربازیی ئەمریکایە لەئێراقدا، بەتایبەتی دوای ئەوەی کە بەرپرسانی “ئەمریکا” پێش ئەنجامدانی گەڕی کۆتایی دیالۆگەکە ئەو زانیاریانەیان دزە پێیکردبوو، ئەگەری هەیە ئەمریکا بەئاراستەی کشانەوەی هێزەکانی لەئێراقدا هەنگاوبنێت. دوای ئەنجامدانی گەڕی کۆتایی دانوستانەکان، زانیاری زۆر ئاشکرا نەکراون لەبارەی ناوەرۆکی ئەو ڕێکكەوتن و لێکگەیشتنانەوە کە لەنێوان (بایدن و کازمی)دا هاتووتە ئاراوە، تەنها چەند بابەتێک نەبێت کە هەردوولا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا ئاشکرایان کرد، لێرەدا دەتوانین هەندێک لەوانە ڕوون بکەینەوە؛
1. گۆڕینی دۆخی هێزەکانی ئەمریکا؛ ڕێکكەوتنی ئەمریکا و ئێراق ئەوە مسۆگەر دەکات کە هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە ئێراق بکشێنەوە لە 31 / 12/ 2021، وە سیفەتی هێزە سەربازیەکانی ئەمریکا لە ئێراق بگۆڕێت بۆ ڕاوێژکاری و ڕاهێنان، ئەمەش بە کارێکی نوێ دانانرێت و گۆڕانێکی ڕاستەقینە نیە لە بارەی ڕۆڵی سەربازی ئەمریکا-وە لە ئێراقدا، چونکە لە دوای خولی سێیەمی دانوستانەکانیش لە نیسانی ڕابوردوودا دەقی بەیاننامەی فەڕمی هاوبەشی نێوان هەردوولا هەمان بابەتی تیادابوو. دەکرێ وەها سەیری ئەم ڕێکكەوتنە بکرێت کە تەکتیکێکی ستراتیژییە بە ئامانجی نەهێشتنی ئیحراجی بۆ “مستەفا کازمی” لەبەرانبەر میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران، کە بەهەموو توانایانەوە فشاریان دەکرد بۆ دەرکردنی ئەم هێزە بیانیانە لە ئێراق، لە ڕێگەی بەئامانجگرتنیان لە ڕێگەی هێرشی سەربازییەوە، هەروەها هەوڵێکیشە بۆ پشتیوانیکردنی سیاسیانەی “کازمی” لەبەرانبەر ئەو حیزب و لایەنانەی کە نزیکن لەئێرانەوە، ئەمەیش پێش هەڵبژاردنە پەرلەمانیە چاوەڕوانکرداوەکەی “ئێراق” لە ئۆکتۆبەری داهاتوودا. سەرۆکی “ئەمریکا” جەختی کردەوە لەسەر بەردەوامی هاوکاری ئەمنی لەگەڵ “ئێراق” دژی تیرۆر لە قۆناغی نوێ داهاتوودا، ئەمەیش واتا؛ بەردەوامی پشتیوانی هەواڵگری ئەمریکا بۆ هێزە ئێراقییەکان. لەگەڵ ئەوەی کە لێرەدا مەبەست لە تیرۆر (ڕێکخراوی داعش)ە بەڵام “واشنتۆن” وایدەبینێت کە پشتیوانیکردنی توانا ئەمنییەکانی هێزە ئێراقییەکان وایان لێدەکات لەداهاتوودا ئامادەبن بۆ لەپاڵدانی هەڕەشەکانی میلیشیاکانی سەربە ئێران.
2. بونیادنانی هاوبەشییەکی سیاسی درێژخایەن؛ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەوڵدەدات بۆ بەهێزکردنی هاوبەشی سیاسی لەگەڵ ئێراق، ئەمەیش لە میانەی قسەکانی “کازمی” دەردەکەوێت؛ جەختی لەسەر ئەوە کردەوە هەماهەنگی لەنێوان ئێراق و ئەمریکادا تەنها کورت نابێتەوە بۆ لایەنی ئەمنی.
3. بەهێزکردنی سەربەخۆیی ئێراق لە ئێران؛ ئەمریکا هەوڵدەدات بۆ پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی “کازمی” لەپێناو هێشتنەوەی دوورییەکی پێویست لەگەل ئێراندا، کازمی-یش هەوڵیداوە ئەمە بهێنێتەدی لەڕووی ئەمنییەوە لەڕێگەی هەوڵە سەرنەکەوتووەکانی بۆ لە قاڵبدانی میلیشیا ئێرانییەکان، سەرەڕای هەوڵی دەسپێکردنی پرۆژەی (ڕۆژهەڵاتی نوێ) لەگەل میسر و ئەردەن یان تاوتوێ کردنی بەستنەوەی کارەبای ئێراق بە دەوڵەتانی کەنداوەوە، ئەمەش لەپێناو بەهێزکردنی سەربەخۆیی ئابووری بەغداد لە تاران. “واشنتۆن” وایدەبینێت کە هەوڵەکانی حکومەتی ئێراقی بۆ کۆتووبەندکردنی میلیشیاکانی “ئێران” هەتا ئێستا لە ئاستی پێویست نیە و هێزە ئەمنییەکانی “ئێراق” هەوڵی پاراستنی بنەکانی ئەمریکا دەدەن، بەڵام خۆیان دەپارێزن لە ڕووبەڕووبونەوە لەگەڵ ئەو کەسانەی بەو هێرشانە هەڵدەستن کە میلیشیاکانن.
4. نەبوونی ئێراق بە بنەکەیەک بۆ هەڕەشەکردن لە ناوچەکە؛ لەمیانەی لێکتێگەیشتنە چاوەڕوانکراوەکانی نێوان (ئێراق و ئەمریکا) ئەوە گرنتی دەکرێت کە ئێراق نەگۆڕێت بۆ سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر دراوسێ هەرێمییەکانی خۆی، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەوڵدەدات کە حکومەتی ئێراقی پابەند بکات بەوەی ڕێگە نەدات خاکی “ئێراق” بەکاربهێنرێت لەلایەن میلیشیا ئێرانییەکانەوە وەک سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسی بۆ دراوسێکانی، ئەمەیش لە لێدوانی باڵیۆزی ئەمریکا لە ئێراق (ماسیۆ تۆلەر) لە 28ی تەموز بەڕوونی دەرکەوت، تیایدا جەختی لەوە کردەوە (بایدن) ئاماژەی بەوە کردووه؛ سەقامگیری ئێراق سەقامگیری ناوچەکەیە، هەبوونی “ئێراق” وەک دەوڵەتێکی بەهێز و سەقامگیر و یەکگرتوو ڕەنگدانەوەی لەسەر ناوچەکە دەبێت.
5. پاڵپشتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی ئێراق؛ واشنتۆن هەوڵدەدات بۆ دەسەبەرکردنی هەڵبژاردنێکی ئازاد و بێگەرد لە ئێراقدا و بەکارهێنانی ڕای گشتی دژە ئێرانی و ئەو سیاسیانەی سەر بەو ڕەوتەن، ئەمەیش لەپێناو بەهێزکرنی “مستەفا کازمی” کە چەند هەوڵێکی داوە بۆ لەقاڵبدانی نفوزی ئێرانی لە ئێراقدا.
تێبینی ئەوە دەکرێت کە ئەم هەڵبژاردنانە تەوەرێکی گرنگن، چونکە نفوزی “ئەمریکا” دەمێننەوە، لەسەر ئەوەی ئەو هێز و لایەنانەی دژبەری ئێرانن بتوانن لەم هەڵبژاردنانەدا سەرکەوتن بەدەست بهێنن، بەدیاریکراوی خۆیان دەبیننەوە لە “مستەفا کازمی” و “ڕەوتی سەدر” دا لەگەڵ ئەو هێزانەی تری کە دەترسن لە هەوڵە بەردەوامەکانی “ئێران” بۆ دەستگرتن بەسەر ئێراقدا. لەبەرانبەریشدا ئێران و بریکارەکانی لە ئێراق هەوڵ دەدەن بۆ بەهێزبوونی پێگەیان لەم هەڵبژاردنانەدا سەرەڕای هەبوونی ناڕەزایی هاوڵاتیانی شیعە لە دژی چینی سیاسی دەسەڵاتداری سەربەئێران. باڵیۆزی ئەمریکا (تولەر) جەختی لەوە کردەوە؛ هەندێک لایەن دەیانەوێ بەربەست بۆ هەڵبژاردنەکان دروستبکەن، ئەوەیشی دوپاتکردەوە کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هاوکاریەکی دارایی گەورە پێشکەش دەکات سەرەتا بۆ (یونامی) کە ڕۆڵی چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکانی لەئەستۆیە، هەروەها بۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش لە میانەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و ڕێکخراوە ناحکومییەکانەوە کە هاوکاری لۆجستی پێشکەش دەکەن. هەروەک ئەوەی دوپات کردەوه؛ گەلی ئێراق دەیەوێت هەڵبژاردنیکی بێگەرد ببینێت و زۆرێک لە ئێراقییەکان بەشداری بکەن لە دەنگداندا، ئەمەش لەپێناو ڕێگە گرتن لە حیزبەکانی سەربە “ئێران” لەوەی بەهەڕەشە و کڕینی دەنگ پێگە و قورسایی خۆیان بپارێزن لە سیاسەتی ئێراقیدا.
“ئاڵنگارییەکانی لێکتێگەیشتنە هاوبەشەکان”
دیارترین ئەو بەربەست و ئاڵنگارییانەی کە ڕووبەڕوی سەرکەوتنی تێگەیشتنی هاوبەشی نێوان ئەمریکا و ئێراق دەبنەوە ئەمانەن؛
1. ڕادەی وەڵامدانەوەی ئێران بۆ خواستەکانی کازمی؛ ئێران بە جوڵێنەری سەرەکی میلیشیا شیعەکانی ئێراق دادەنرێت بۆ هێرشکردنە سەر ئەمریکا لە ئێراق، بۆیە ئێران پەیوەندی هەیە بە دەرەنجامەکانی ئەم خولەی دانوستانەکانی ئێراق و ئەمریکاوە، بەتایبەتی ئەوەی کە پەیوەستە بە مانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە ئێراقدا، کازمی-یش ئەم باش دەزانێت بۆیە پلان دادەنێت بۆ سەردانی کردنی “ئێران” دوای گەڕانەوەی لە “واشنتۆن” و دوای دەسبەکاربوونی “ئیبراهیم” ڕەیسی وەک سەرۆکی ئێران، ئەمەیش لە میانەی لێدوانەکانیدا ڕون بووەوە کاتێک وتی؛ ئێمە پێویستمان بە سەقامگیرییە و بۆ ئەمەیش لەداهاتوودا سەردانی “تاران” ئەکەم دوای دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی ئەو وڵاتە، چەندین دۆسیەی هەڵپەسێردراومان هەیە و چەندین بابەتی هاوبەش هەیە پێویستی بە گفتوگۆ و چارەسەر هەیە. ئەمە ڕەنگدانەوەی تێگەیشتنی کازمی-یە بۆ ئەوەی کە تاران لایەنێکی سەرەکیە لە نانەوەی پشێویەکانی ئێراقدا. پێویستە ئێران رەفتاری میلیشیاکانی لە ئێراقدا کۆنترۆڵ بکات. ئێرانیش گرەو لەسەر ئەوە دەکات ئیدارەی “بایدن” بەرە و کشانە دەچێت لە “ئێراق”، ئەگەر گرووپە شیعییەکان بەردەوامبن لە بەئامانجکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە ئێراق، ئەمەیش هانی “ئێران” ئەدات بۆ بەردەوامبوون لەسەر کردەوەکانی دژی هێزە ئەمریکییەکان لەلایەن میلیشیاکانەوە.
2. هەڵوێستی میلیشیاکانی ئێران؛ گرووپە چەکدارییەکان تەنانەت پێش ئەوەی کە بەیاننامەی کۆتایی بلاوبکرێتەوە لە بارەی گۆڕینی ئەرکی هێزە شەڕکەرەکانی “ئەمریکا” بۆ ئەرکی ڕاوێژکاری و ڕاهێنان، ئەوان دەرەنجامەکانی گفتوگۆی ستراتیژییان رەتکردەوە، ئەم گرووپانە ئەم گۆڕانکارییەیان تەنها بە نەخشەیەکی ئەمریکی دادەنێن بۆ دەستخستی کاتی زیاتر و مانەوە بۆ ماوەیەکی درێژتر لە ئێراقدا. (نەصر شەمەری) جێگری ئەمینداری گشتی (بزوتنەوەی نوجەبا)ی کە گرووپێکی سەر بە “حەشدی شەعبی” شیعەکانە، جەختی لەوە کردەوە کە بەئامانگتنی هێزە ئەمریکییەکان لە “ئێراق” بەردەوام دەبێت تەنانەت دوای گۆڕینی ناوەکەیشیان. فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی “ئیسماعیل قائانی” بەسەردانێکی نهێنی لە 28ی تەموز گەیشتە بەغدادی پایتەختی ئێراق، واتا ڕێک دوای چاوپێکەوتنەکەی (بایدن و کازمی)، تیایدا کۆبووەوە لەگەڵ سەرۆکی گرووپە چەکدارەکانی ئێراق، تێبینی ئەوە دەکرێت کە ئەم سەردانە؛ لەوانەیە ئاماژەی پەرەسەندێک بێت لەداهاتوودا، چونکە سەردانەکانی “قائانی” و پێشتریش سەردانەکانی “قاسم سلێمانی” هەمیشە پەرەسەندنێکی تووند و ڕژدیان بەدوادا هاتووە کە میلیشیا شیعەکان ئەنجامیان داوە دژی هێزەکانی “ئەمریکا” لە ئێراق.
تێبینی ئەوەش دەکرێت؛ دابەشبوونێک هەیە لەنێوان هێزە شیعییەکاندا لەبارەی بوونی ئەمریکا لە ئێراقدا، کە ڕابەری ڕەوتی سەدر (موقتەدا سەدر) لە پشتیوانە هەرە دیارەکانی گۆڕانی ڕۆڵی هێزە ئەمریکییەکانە و تەنانەت بەیان نامەیەکی دورودرێژی نووسی و تیایدا داوای وەستاندنی گشت ئەو پرۆسە و هێرشانەی کرد کە هێزە سەربازییەکان و دیبلۆماکارانی ئەمریکا دەکاتە ئامانج، ئەمەش مەسجێکە ئەوە دەردەخات کە دڵەڕاوکێیەک لای “ڕەوتی سەدر” هەیە بەوەی دەترسن، کشانەوەی ئەمریکا ببێتە هۆی زیاتربوونی باڵادەستی میلیشیا شیعەکانی سەربە “ئێران” لەبەرانبەر ئەو هێزانەی تر کە سەر بەئەوان نین.
3. توانانی بەغداد بۆ پاراستنی بوونی ئەمریکا؛ وەک دیارە بەپێی لێکتێگەیشتنەکانی ئەمریکا و ئێراق، حکومەتی ئێراقی بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆی پاراستنی هێزە ئەمریکییەکان دەگرێتە ئەستۆ لە ئێراقدا، ئەمەیش پرسیار دێنێتە کایەوە؛ لەبارەی ڕادە و ئاستی توانای بەغداد بۆ هەستان بەم ئەرکە، هەروەها لەبارەی هەڵوێستی هێزەکانی ئەمریکاوە کە لەم دواییەدا وەڵامی ئەو هێرشانەیان دەدایەوە دەکرایە سەریان، ئایا بەردەوام دەبن لەسەر هەمان ڕێچکە و وەڵامی هێرشەکان دەدەنەوە ئەگەر بکرێتە سەریان یان نا؟
4. لەکۆتاییدا دەبێ بڵێین؛ ئەم خولەی دیالۆگی ستراتیژی لە نێوان (ئەمریکا و ئێراق)دا کاریگەری گەورەی دەبێت، ئەویش لەسەر ناوخۆی ئێراق نا بەتەنها، بەڵکو لەسەر ئەمنی هەرێمایەتی-یش کاریگەری دەبێت، ئەمەیش وادەخوازێت چاودێری پێشڤەچوونەکانی ئێراق بکرێت لە ماوەی داهاتوودا، ئەم ماوەیە؛ ماوەی هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەی ڕاستەقینەیە بۆ تواناکانی حکومەتی ئێراقی و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ چەسپاندن و پابەندبوون بە هەر ڕێكکەوتن و لێکگەیشتنێک لە نێوان هەردوولادا لە سایەی هەڕەشە و ئاڵنگارییە چاوەڕوانکراوەکانی ئێراندا.
سەرچاوە: (مركز المستقبل للأبحاث والدراسات المتقدمة).
https://futureuae.com/ar-AE/Mainpage/Item/6458