“دەرفەت و ئالینگارییەکانی بەردەم ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا – ئیسرائیل”
“بەرایی”
لە دوای دروست بوونی دەوڵەتی ئیسرائیل، لە ساڵی ١٩٤٨ تورکیا یەکەم دەوڵەت بوو لەسەر ئاستی ناوچەکە دانی نا بە سەربەخۆیی ئیسرائیل، ئەمە کاردانەوە و هەڵوێستی جیا جیای لەسەر ئاستی ناوچەکە بەدوای خۆیدا هێنا، لەبەرامبەر ئەم سیاسەتەی ئەنقەرە، لەو کاتەوە پرسی جێگری پەیوەندییەکانی هەردوولا بە یەکێک لە بابەتە هەرە بەرچاو و گرنگەکانی ناوچەکە هەژمار کراوە، بەجۆرێک ئەگەر پەیوەندی ئیسرائیل لەگەڵ دەوڵەتانی تری ناوچەکە بەردەوام لە هەڵبەز و دابەز بووبێت، بەڵام پەیوەندییەکانی ئەنقەرە – تەلئەبیب پەیوەندی ئاسایی و جێگیربوونە بە بەراورد لەگەڵ دەوڵەتانی تر. ئەم ئاسایی بوونەی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا تا هاتنی پارتی داد و گەشەپێدان لە تورکیا لە ساڵی ٢٠٠٢ تەنانەت دواتریش هەر بەردەوام بوو، بەڵام گۆڕانی ئاراستەی سیاسیەتی دەرەوەی تورکیا و ستراتیژییەتی پارتی دەسەڵات کاریگەری ئاست و شێوازی پەیوەندییە دوولایەنەکان هەبووە. ئەگەرچی بەپێی توێژینەوەکان لەماوەی پازدە ساڵی دەسەڵاتدارێتی پارتی داد و گەشەپێدان سەرەڕایی ناکۆکی و ناسەقامگیری پەیوەندییە سیاسی و دبلۆماسییەکانی نێوان ئەنقەرە و تەلئەبیب، بەڵام لەسەر ئاستی ئابووری و بازرگانی ساڵ دوای ساڵ لە گەشەسەندن دابووە.
“پێشەکی”
بێگومان، ئاسایی بوونی پەیوەندی نێوان تورکیا و ئیسرائیل نەک تەنها کاریگەری دەکاتە سەر ناوچەکە، بەڵکو کاریگەری لەسەر هاوکێشە جیهانییەکان دروست دەکات. دروست بوونی ناکۆکی و ململانێ تووندی سیاسی و دبلۆماسی دوای ساڵی ٢٠١٠ پەیوەندییە سیاسی و دبلۆماسییەکان بە جۆرێک بوونە کە گەیشتۆتە ئاستی پچڕان و لێداوانی سیاسی توندی دژ بەیەک لەسەر ئاستی باڵای هەردووڵا. کۆمەلێک پرس هەن بەردەوام وەک فاکتەری کاریگەر دەبینرێن لە پەیوەندی نێوان هەردوولا، لەوانە؛ پرسی فەلەستین، کە بە کاریگەرترین فاکتەر دادەنرێت لە پەیوەندی نێوانیان.
دوای ئەو ڕووداوانەی لە ماوەی چوار ساڵی رابروو لەسەر ئاستی ناوچەکە ڕوویاندا هەردوو وڵاتی گەیاندۆتە ئاستێک کە جارێکی دیکە پەیوەندییە سیاسی و دبلۆماسییەکانیان ئاسایی بکەنەوە، بەتایبەتیش دوای ئەو پڕۆسەی کە ناوچەکە دەستی پێکردووە، کە بریتییە لە دووبارە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە. لەم چوارچێوەیەشدا سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سەردانی ئەنقەرەی کرد بۆ دووبارە پێداچوونەوە بە ئاستی پەیوەندییەکان. رۆژی چوارشەممە، 17ی ئابی 2022، یایر لاپید، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ تورکیا بە هەنگاوێکی گەورە ناوبرد بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و هەروەها بە پێشهاتێکی گرنگی ئابووری بۆ ئیسرائیلییەکان ناوی هێنا. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەوەشی ئاشکرا کردووە؛ بە ئاساییبوونەوەی تەواوی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، جارێکی دیکە باڵیۆز و کونسوڵەکانی هەردوو وڵات دەست بەکارەکانیان دەکەنەوە. ئەو بڕیارە نوێیە، لە دوای چەند ساڵ لە هەوڵە دووقۆڵییەکان دێت بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە رێگەی سەردانی سەرکردەکان.
مەولود چاوشئۆغلو، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئۆرشەلیم، بە “هەنگاوێکی گرنگ” وەسفکرد، بەڵام هۆشداری دا، کە نابێت ئەو ئاساییکردنەوەیە بە دەستهەڵگرتنی ئەنقەرە لە پرسی فەلەستین لێکبدرێتەوە و گوتی، تورکیا هەمیشە بەرگری لە مافی فەلەستینییەکان دەکات.
لە ئایاری ئەمساڵ، چاوشئۆغلو بووە یەکەم وەزیری دەرەوەی تورکیا کە سەردانی ئیسرائیل بکات لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا، کە هەر لەو سەردانەشیدا چاوشئۆغلو چووە کەناری رۆژئاوا و لەوێ لەگەڵ سەرکردایەتیی فەلەستین کۆبووەوە. پێش دوو مانگ لەو سەردانەش، ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل، سەردانی ئەنقەرەی کرد. لەکاتی سەردانی هاوتا تورکییەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، کۆبوونەوە دووقۆڵییەکەیان “خاڵی وەچەرخان بوو” لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل. کۆمەڵێک فاکتەری کاریگەر هەن بۆ پرسی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییە سیاسی و دبلۆماسییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا کۆمەڵێک ئالنگاریش لەبەردەم ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکاندا هەن کە لە خوارەوە ئەو دەرفەت و ئالنگارییانە دەخەینەڕوو.
“یەکەم: دەرفەتەکان”
•ئاسایبوونەوەی پەیوەندی ئیسرائیل – فەلەستین؛ گرنگترین دەرفەت کە فاکتەری یارمەتیدەرە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیسرائیل دۆزینەوەی چارەسەری گونجاوە بۆ پرسی ململانێی فەلەستین و ئیسرائیل. چونکە تورکیا یەکێک بووە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین هەوڵی لەم بوارەدا داوە. بە تایبەتی لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠دا تورکیا کە هەوڵی نێوەندگیری دا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئیسرائیل لەگەڵ فەلەستین و سوریا، بەڵام دواتر ئەنقەرە بەهۆی نائومێدی وازی لە هەوڵەکانی هێنا، سەرەئەنجام نەک هەر نەیتوانی نێوەندگیری بکات وەک لایەنی سیێەم بەڵکو پێشهاتەکانی دواتر بوونە هۆی پچڕانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی خۆی لەگەڵ ئیسرائیل. تورکیا باش دەزانێت بەبێ ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل دەرفەتی ئەوەی نییە بەشدار بێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ئیسرائیل – فەلەستین، هەروەها جگە لەوەش، تورکیا چالاکی هاوکارییە مرۆییەکانی بۆ فەلەستینییەکان کە لە ئێستادا هەوڵی ئەوە دەدرێت لەڕێگەی دامەزراوەکانی ئافاد، کیزیلای، تیکا و ڕێکخراوە ناحکومییەکانی دیکەوە ئەنجامدەدات دوای ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل تاڕادەیەک ئاسانتر دەبێت.
• هەماهەنگی ئەنقەرە – تەلئەبیب لە دەریای سپی ناوەڕاست؛ یەکێک لە گرنگترین پاڵنەرەکان کە وەک دەرفەت دەتوانرێت لە ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیسرائیل سەیر بکرێت، پرسی هەماهەنگی نێوان هەردوولایە لە دەریای سپی ناوەڕاست بۆ بابەتی وزە و گازی سرووشتی، لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٦، کاتێک یەکەم ڕێککەوتنی ئاساییکردنەوە واژۆ کرا دوای پچڕانی پەیوەندییەکان لە ساڵی ٢٠١٠، گواستنەوەی ئەو گازە سروشتییە بوو کە ئیسرائیل لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست دۆزییەوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی بۆرییەکەوە بگوازێتەوە بۆ ئەوروپا، کە بڕیار بوو لە ڕێگەی تورکیاوە، لەبەرئەوەی ئەم هێڵە هەم کورت و هەمیش لەڕووی تێچووی ئابوورییەوە گونجاو بوو، بەڵام دانوستانەکانی نێوان هەردووڵا نەیانتوانی بگەنە ئەنجام و کاتێک لە مانگی ئایاری ٢٠١٨ جارێکی دیکە پەیوەندییەکان پچڕان، ئیسرائیل ئاراستەی خۆی گۆڕی بۆ پڕۆژەی بەدیل. لەم چوارچێوەیەدا “کۆڕبەندی غازی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست” کە لە ساڵی ٢٠١٩ بە دەستپێشخەرییەکانی ئیسرائیل و میسر بناغەکانی دانرا، لە مانگی ئازاری ٢٠٢١ بە فەرمی دەستیپێکرد، بانگەشەی ئەوە كرا كە ئامانجی سەرەكی كۆڕبەندەكە كە وڵاتانی كەناراوەكانی وەك سووریا و لوبنان، توركیاش بەدەر دەكرد، ئەگەرچی کۆربەندەکە بۆ گەشەی بازاڕی ئەوروپا بوو لە ڕێگەی بۆری غازی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، بەڵام لە بنەڕەتدا کە ئامانجی سەرەکی کۆڕبەندەکە خۆی لەگۆشەگیرکردنی تورکیادا دەبینیەوە لە ناوچەکە و دوورخستنەوەی تورکیا بوو لە پرۆژە ناوچەییەکان.
بەم شێوەیە پڕۆژەی بۆری غازی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بێکار مایەوە و هێڵی تێپەڕبوون بە تورکیادا وەک گونجاوترین بژاردە بۆ بەدیهێنانی پڕۆژەکە مایەوە. بەڵام تێبینی ئەوە کرا کە لایەنەکان تا ڕادەیەک دوودڵ بوون بەهۆی گرانی تێچوون و کاریگەری نەبوونی نرخی غازی سرووشتی بۆ ئەم وەبەرهێنانە. لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرا ئەم پڕۆژەیە بخرێتە سەر ڕەفە تۆزاویەکان، هاوکێشەکە لە ناوچەکەدا گۆڕانکاری بەسەردا هات کاتێک ڕووسیا لە ٢٤ی شوباتی ئەمساڵدا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا. چونکە بە پێشنیارەکانی ئەمریکا یەکێتی ئەوروپا دەستی کردووە بە سەپاندنی سزا بەسەر ڕووسیادا بە شێوەیەکی گشتگیر و بەدوای بەدیلدا دەگەڕێت بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستنی بە ڕووسیا لە دابینکردنی وزەدا.
لە وەها دۆخێکدا هەنگاوەکان بۆ بەرجەستەکردنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیسرائیل نرا و پڕۆژەی بۆری لە ڕێگەی تورکیاوە جارێکی دیکە هاتە پێشەوە. لەراستیدا لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا كە لە میانی سەردانەكەی سەرۆكی ئیسرائیل بۆ ئەنقەرە بەڕێوەچوو، ئەم دۆخە لەلایەن سەرۆك کۆماری تورکیاوە جەختی لەسەر كرایەوە كە وەزیرانی دەرەوە و وزە لە ماوەیەكی كەمدا سەردانی ئیسرائیل دەكەن و لەگەڵ هاوتاكانیان لەو بارەیەوە گفتوگۆ دەكەن. هەرچەندە لەم ڕووەوە هیچ پێشکەوتنێکی کۆنکرێتی نییە، بەڵام لە حاڵەتی ئەگەری ڕێککەوتنی هاوکاری وزەدا؛ گواستنەوەی گازی سرووشتی بێکار لەلایەن ئیسرائیلەوە لە ژێر دەریا بۆ بازاڕی ئەوروپا و گۆڕینی بۆ سوودێکی ئابووری، زیادکردنی جۆراوجۆری سەرچاوەکانی تورکیا لە دابینکردنی گازی سروشتیدا. خاڵێکی دیکە کە نابێت لەم ڕووەوە نادیدە بکرێت ئەوەیە کە ئەگەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیسرائیل بە ئاسانی بەڕێوە بچێت، دەتوانرێت ڕێککەوتنێکی هاوشێوە لە نێوان تورکیا و فەلەستین بکرێت، ئەمەش بەهۆی ئەو بەشدارییەی کە دەیکات لە چارەسەرکردنی پرسی فەلەستین. چونکە لەم دۆخەی ئێستادا، بەو پێیەی سنووری دەریایی فەلەستین لە غەززە پێکهاتووە و حەماسیش کۆنترۆڵی غەززە دەکات، ئەگەری زۆرە کە کێشە لە شەرعییەتی نێودەوڵەتیی ڕێککەوتن لەگەڵ فەلەستین دروست بێت. بۆیە چارەسەرکردنی ئەم ململانێیە بۆ ئەگەری ڕێککەوتنی نێوان تورکیا و فەلەستین زۆر گرنگە.
•دەستەبەرکردنی پاڵپشتی لۆبی جولەکەکان؛ لە ساڵانی ڕابردوودا تورکیا پشتیوانی لۆبی جوولەکەکانی لە ئەمریکا وەرگرتووە، بە تایبەت لە ڕەتکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی کە بە جینۆسایدی ئەرمەنییەکان لە کۆنگرێسی ئەمریکادا خرایەڕوو. هەروەها بەهۆی پەیوەندییە نزیکەکانی ئیسرائیل لەگەڵ تورکیا دووری جینۆسایدی ئەرمەنەکان هێشتۆتەوە و وایکردووە لۆبیەکە بتوانێت پشتیوانی لە تورکیا بکات لەسەر ئەم پرسە. بەڵام دوای تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا، ئیسرائیل کە نزیک بووەوە لەو وڵاتانەی کە لە ناوچەکەدا کێشەیان لەگەڵ تورکیادا هەبووە، پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ یۆنان دامەزراند و پاڵپشتییەکانی جینۆسایدی ئەرمەنییەکان چڕکردەوە. بەهەمان شێوە بایدن لە بەیاننامەکەیدا لە ٢٤ی نیسانی ٢٠٢١دا بووە یەکەم سەرۆکی ئەمریکا کە دان بە جینۆسایدی ئەرمەنییەکان دانا، دوای ئەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا بڕیاریدا دان بە جینۆساید بناسرێت. هاوشێوەی لۆبی جولەکە، کێشەیەک لە نێوان تورکیا و ئەمریکادا هەیە؛ پشتگیریکردنی ئەمریکا لە بزوتنەوەی گولەنییەکان و هێزەکانی پەیەدە/ یەپەگە، نەکشانەوەی هێزەکانی لە سوریا، جێبەجێکردنی گەمارۆی بێدەنگ لە دژی تورکیا و کشانەوە لە ئۆپەراسیۆنە ئابوورییە نهێنییەکان، پشتیوانیکردن لە داواکارییە کانی یۆنان و پڕچەککردنی لە دژی تورکیا، بینرا کە ئەو هەڵوێستی لە دژی تورکیا گرتەبەر لە کۆنگرێسی ئەمریکادا لەسەر پرسگەلێکی وەک هەڵگرتنی گەمارۆی سەربازی و جێبەجێکردنی CAATSA بەهۆی کڕینی S 400 لەلایەن تورکیاوە و لابردنی لە پرۆژەی F 35 ، ئەنقەرە تێگیشتووه كه ئیسرائیل به شداری له قوڵبوونەوەی كێشەكانی نێوان توركیا و وڵاتانی كه نداو و میسردا كردووه. ئەگەر ئاساییبوونەوە لەسەر ڕێڕەوی خۆی بێت، پێشبینی دەکرێت لۆبی جولەکە لە ئەمریکا بگەڕێتەوە بۆ هەڵوێستی پێشووی خۆی لە پرسەکانی پەیوەست بە تورکیا و دەستبەرداری هەڵوێستی دژە تورکیا بێت. لەم چوارچێوەیەشدا، وا مەزەندە دەکرێت کە دەتوانرێت کۆتایی بە دژایەتیکردنی تورکیا لە میدیاکانی ڕۆژئاوا بهێنرێت.
“دووەم: ئالنگارییەکان”
سەرەڕایی دەرفەتەکانی بەردەم ئاساییبوونەوەی پەیوەندییە سیاسی و دبلۆماسییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل چەند فاکتەرێکیش هەن کە دەکرێت وەک ڕێگر هەژمار بکرێن لەوانە؛
•پرسی فەلەستین؛ گرنگترین هۆکاری تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل بە بابەتی فەلەستینە، دوای هاتنی پارتی داد و گەشەپێدان بۆ دەسەڵات، خۆی وەک دەمڕاست و بەرگریکار لە موسلمانان وێنا دەکات بۆیە نابێت چاوەڕێی ئەوە بکرێت تورکیا بێباک بمێنێتەوە بەرامبەر بە فەلەستین.
•پرسی چەکی ئەتۆمی ئیسرائیل؛ ئیسرائیل تاکە وڵاتە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە خاوەنی چەکی ئەتۆمییە، هەرچەندە بە فەرمی دانی پێدا نراوە، بەڵام هانی وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش دەدات کە چەکی ئەتۆمییان هەبێت. ئەگەرچی ئەم پرسە راستەوخۆ كاریگەری لەسەر ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەکانی توركیا-ئیسرائیل نییە، بەڵام بەهۆی كاریگەری ناسەقامگیری لە ناوچەكەدا وەك تەحەدایەك دادەنرێت.
•هەڵبژاردنی پێشوەختەی مانگی نۆڤەمبەر لە ئیسرائیل؛ هەرچەندە تا ئێستا ڕوون نییە کێ دێتە سەر دەسەڵات، بەڵام لە ئەگەری گۆڕانکاری راستەوخۆ زیان بە پرۆسەی ئاساییکردنەوە لەگەڵ تورکیا دەگەیەنێت، بەتایبەت سەرکەوتنی سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل ناتانیاهۆ. وەک چۆن پێشتر ناتانیاهۆ کاریگەری هەبووە لەسەر شێواز و ئاستی پەیوەندییە سیاسیە و دبلۆماسییەکان. هەندێک لە ڕاپرسییەکان ئەو ئەگەرە خراوەتەڕوو کە نەمانی سەرۆک وەزیرانی ئێستای ئیسرائیل ڕاستەوخۆ دووبارە گرژی و ئالۆزی لە پەیوەندییەکانی ئیسرائیل – تورکیا سەرهەڵبداتەوە.
•حەماس و پەیەدە؛ وەک دەزانرێت تورکیا حەماس بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نازانێت، بەڵکو بە فەرمانڕەوای شەرعی غەززە دەزانێت. ههروهها رهتی دهكاتهوه كه نوسینگهی ئهستهنبوڵ شوێنێك بێت كه پلانی هێرش بۆ سهر ئیسرائیل بۆ داڕێژراوه، وهك ئیسرائیل ئیدیعای دهكات. بۆیە پێناچێت تورکیا مەرجێکی وا بەدی بهێنێت تەنانەت ئەگەر لەڕێگەی کەناڵە نافەرمیەکانیشەوە گواسترابێتەوە. لەلایەکی دیکەوە داننان بە پەیەدە/یەپەگە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی، کە بە پشتیوانی ئەمریکا هەژموونی لە باکووری سووریا بەدەستهێنا و لەو ناوچانەی لە دەستیدایە هێرشی دژی تورکیا ئەنجامدا، تەنانەت لۆبیکردن بۆ ئیدارەی ئەمریکا بۆ پشتیوانیکردن لەم کارە پێکهێنانی تیرۆریستیش بۆ تورکیایە قبوڵ نییە، هەرچەندە ئیسرائیل پەکەکەی وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی قبوڵ کردووە، بەڵام لە ڕاستیدا وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی سەیر ناکرێت.
•پرسی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ یۆنان و قوبرسی یۆنانی؛ بوونی پەیوەندیی باشی ئیسرائیل لەگەر هەریەکە لە یۆنان و قوبرسی یۆنانی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لەسەر ئاست و شێوازی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە – تەلئەبیب، لەبەر ئەوەی هەمیشە تورکیا ئەم بابەتەی وەک کارتێکی سیاسی و هەڕەشەیەک سەیر کردووە، لەڕووانگەی دەسەڵاتدارانی ئەنقەرە ئەمە وەک سیاسەتی دەوردان دەبنیرێت.
لە ماوەی ڕابردوودا، کۆڕبەندی غازی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بەبێ تورکیا بەرێوەچوو، ئەمە لەلایەن ئەنقەرە وەک گەماڕۆدان بینراوە، هەروەها ئەو ڕێککەوتننانەی لەبواری مەشقی سەربازی و فرۆشتنی چەک لەگەڵ ئەو دوو وڵاتە دڵەڕاوکێ و بێ متمنانەی تورکیا بەرز کردۆتەوە. لەبەر ئەوەی هەردوو دەوڵەتی یۆنان و قوبرسی یۆنان کۆمەلێک کێشەی کەڵەبوویان لەگەڵ تورکیا هەیە.
“دەرئەنجام”
لە ئەنجامدا ئاسایی بوونەوەی تورکیا و ئیسرائیل بۆ جاری دووەم، دوای پچڕانی ساڵی ٢٠١٠؛ توانای ئەوەی هەیە دەرفەتی وەک چارەسەرکردنی ململانێی فەلەستین و ئیسرائیل لە نێوانیان، هاوکاری وزە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست، کۆتایی هێنان بە شەڕی ناوخۆ لە سوریا و شکاندنی کاریگەریی ئێران لە ناوچەکە، زیادکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکان و دەستەبەرکردنی سەقامگیری ناوچەکە. بەم قسەیە: بهردهوامیی ئیسرائیل له داگیركردنی خاكی فهلهستین و كردهوهكانی بۆ گۆڕینی پێگهی شوێنه پیرۆزهكان لهو خاكانهدا، ههڵگرتنی چهكی ئهتۆمی، وهسوهسهری توركیا بۆ سیاسهتی حهماس، نهبینینی پهید/یهپهگه وهك تیرۆریست و پاڵپشتیكردنی، ئهمهش كارێكی گرنگه هەڕەشە لە تورکیا، بۆیە جێی خۆی دەبێت لایەنەکان حساب بۆ ئەو دەرفەت و سەختییانە بکەن و هەنگاوێک بنێن کە سوودی بۆ ناوچەکە و هەروەها بەرژەوەندی هەردوو وڵات هەبێت. بەو پێیەی ناتوانرێت ئەو متمانەیەی کە بەهۆی ماوەی درێژخایەنی لێکنەدانەوە لەدەستچووە، دووبارە جێگیر بکرێتەوە، پێویستە هەنگاو بنرێت بە لەبەرچاوگرتنی هەستیاری لایەنەکان و هەڵوێستێکی خوێن سارد لەبری کاردانەوەی لەناکاو لە حاڵەتە تاکەکەسییەکاندا نمایش بکرێت.
پەراوێزەکان:
1)https://www.aa.com.tr/tr/gundem/turkiye-israil-iliskilerinin-seyrinde-yeni-donem/2663205
2)https://time.com/6206992/turkey-israel-normalization/
3)https://www.inss.org.il/publication/turkey-israel-normalization/
4)https://www.aljazeera.com/news/2022/8/17/turkey-israel-to-restore-full-diplomatic-relations
5)https://www.bbc.com/turkce/articles/c6pq1l49952o
6)https://www.rudaw.net/sorani/middleeast/170820221
7)https://www.perspektif.online/turkiye-israil-normallesmesi-ve-sinirlari/
8)https://www.dw.com/tr/t%C3%BCrkiye-i%CC%87srail-ili%C5%9Fkileri-normale-d%C3%B6n%C3%BCyor/a-62838358
9)https://www.alaraby.co.uk/politics/%D8%A7%D8%AA%D9%81%D8%A7%D9%82-
10)https://www.alaraby.co.uk/politics/%D8%A7%D8%AA%D9%81%D8%A7%D9%82
11)https://www.dw.com/tr/i%CC%87srail-cumhurba%C5%9Fkan%C4%B1-herzog-t%C3%BCrkiyede/a-61063632