دەستپێک
کوردستان بە شێوەیەکی گشتی لەرووی شارستانی و شوێنەوارەوە بە وڵاتێکی یەکجار دەوڵەمەند دادەنرێت، لەو روانگەیەوە بووە بە پێشەنگ و لانکی داهێنانەکانی ژیانی مرۆڤایەتی و بناغەی شارستانیەت، وەک دروستکردنی کەلوپەلی سەرەتایی و خەت و نوسین و ئاین و پەرستگاو گوندو شارو شارە دەوڵەت و یاساو بازرگانی و…هتد. هەر ئەوەش وای کردوە لە هەر ناوچەیەکی ئەم وڵاتە کنەو پشکنین بکرێت و شوێنەوارێک هەڵدرێتەوە پاشماوەیەکی گرنگی مێژوویی دەردەکەوێت و دەبێتە جێی سەرنج و بایەخی زاناکان و شوێنەوارناسەکان.
لەم ساڵانەی دواییدا باشوری کوردستان بوو بە بەشێکی سەرەکی کاری هەڵکۆڵینی زۆربەی زانکۆکانی ئاڵمان و ئەمریکاو بەریتانیاو فەرەنساو ئیتالیاو هۆڵەنداو…هتد. زۆربەی دەرئەنجامی دۆزینەوەکان بوونەهۆی گۆڕانکاری گەورە لە زانسی شوینەوارناسی و مرۆڤناسی و شارستانیەتی جیهاندا. دۆزینەوەکانی دەشتی شارەزورو بەتایبەتی بیستانسوور و بەکراوە و گوندی کونارەی نزیک هەزارمێردی سلێمانی و شارەکانی تر بوونە جێی سەرنجی جیهان. هەروەها دۆزینەوەکانی ساڵانی پێشوتری باکوری کوردستان و رۆژئاواش جێی بایەخ و تێڕامانن.
ئەوەی تائێستاش ئەنجامدراوە هێشتا وەک پێویست نیەو ئەگەر باری رامیاری و ئاسایش و ئارامی هەبێت، پێویستە کاری زیاتر بکرێت، بەڵام بەداخەوە سەرەڕای ئەو کارانەی کراوە لە زۆر شوێنی کوردستان رێگە نادرێت کاری پشکنین بۆ شوینەوارەکان بکرێت بەتایبەتی لە ئێران و ئەو شوێنانەی پەیوەندییان بە شارستانی کوردستانەوە هەیە وەک هەمەدان و لە باشووریش قەڵای کەرکوک. بێگومان ئەگەر پشکنینی گشتی بکرێت، مێژووی کوردستان بە تەواوەتی ئەگۆڕێ و لەوەش گرنگتر دەبێت کە ئێستا لە جیهاندا بە لانکەی شارستانیەت دادەنریت.
خاکی کوردستان بە ناونیشانی داگیرکەران
بەداخەوە کوردستان دەوڵەتی نیە، زۆربەی ئەو شوینەوارانە کە دۆزراونەتەوە لە ناوەندە زانستی و مۆزەخانەو بڵاوکراوەکاندا زۆر کەمیان لەژێر ناونیشانی کوردستاندا دانراون زۆربەیان لەژێر ناونیشانی شارستانی وڵاتی داگیرکەردا دانراون. وەک ئێراق و ئێران و تورکیاو سوریا، بەڵام ئەوەی جێی دڵخۆشی و شانازیە بۆ ئێمەی کوردو خەڵکی کوردستان ئەوەیە ئەو شارستانیەتانە بەناوی ناوچەیی و هەرێمیەوە ناسێنراون کە هەر یەکێک لەوانە دەگەڕێنەوە بۆ سەر خاکی کوردستان، بۆیە لە زۆربەی ئاماژەکاندا نوسراوە باشورو رۆژئاوی ئێران، یان لوڕستان یان ئیلام، یان باشوری رۆژهەڵاتی تورکیا یان باکوری سوریا، یان باکوری ئێراق. لەگەڵ ئەمانەشدا زۆربەی زاناکان ناراستەوخۆ ناوی کوردستان دێنن لەژیر ناونیشانی زاگرۆس، میسۆپۆتامیاو ئەناتۆلیا. هەندێکیان بەڕاشکاوی ناوی کوردستان دێنن.
یەکێک لەکارە هەرە گرنگەکانی نوسینەوەی مێژووی رۆژهەڵاتی کۆن لەژێر ناونیشانی (شارستانیەتەکانی رۆژهەڵاتی نزیک) کە لە چەندین بەرگ پێکهاتووەو لە نەخشەی هەموو بەرگەکانیدا ناوی کوردستانی هێناوە وەک ناوەندێکی گرنگی شارستانیەتەکان. هەرچەند لە بابەتەکانی ناوەوەیدا سەرجەم زاراوەکانی تری بەکارهێناوە کە پێشتر باس کراون کە مەبەست لێیان کوردستانە(١). لەم روانگەیەوە دەتوانرێت کار بۆ ئەوە بکەین شارستانیەت وەک بناغەیەکی گرنگی دروستکردنی دەوڵەت و بیکەینەوە بەردی بناغەی یەکێتی نەتەوەیی و یەکبوونمان وەک چۆن زۆربەی شانازییەکانی شارستانی جیهان لەم وڵاتەی ئێمە لەدایک بوون و هەموو جیهان پێی سەرسامن و بە چاوێکی رێزەوە تەماشای ئەو مێژوو شارستانیە دەکەن.
ئایا چی لەوە شکۆمەندترە کە یەکەم داهێنانی نوسین و خەت لە میسۆپۆتامیای کوردستانەوە سەری هەڵدابێت؟ چی لەوە گرنگترە یەکەم جار لە کوردستانەوە کشتوکاڵ داهێنرایێت و ئەم وڵاتەی ئێمە داهێنەری یاساو دەستورو دەوڵەت بووبێت؟ ئەی کەوایە بۆچی ئێستا گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتین؟ بۆچی دابەش کرواین؟ بۆچی دەبێت پرۆژەی دەوڵەت وسەربەخۆییمان نەبێت وەک جولەکە، وەک ئیسرائیل نەبینەوە بە خاوەن دەوڵەت و سەربەخۆیی و سەروەریی خۆمان؟ لەکاتێکدا خاوەن شارستانیەتێکی هێندە گەورەو پرشنگدار بین لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.
دیدو سەرسامیی شوێنەوارناسان
ئێمەلەم بابەتەدا نمونەیەکی تری شارستانیەتی کوردستان باس دەکەین، با بزانین کوردستان لە چی پێگەیەکی شارستانیی گرنگدایە لەم جیهانە گەورەیەدا؟ لێرەدا بە گرنگی دەزانم باسی دۆزراوەکانی گردی (گوبێڵکی) بکەین لە باکوری کوردستان. هەرچەندە ئەم شوینەوارە سەدان توێژینەوەی لەسەر کراوەو ناوەندە زاستیەکانی جیهان باسی دەکەن، کەچی لای خۆمان ئەو دەنگدانەوەیەی نەبووە! بێگانەکان بە سەرسامیەوە لێی دەڕوانن و هەریەک پەیڤی خۆی هەیە لەسەری، بۆنمونە (تۆم سامفۆرد) وەک توێژەرێک دەربارەی ئەم شوێنەوارە دەلێت: “گوبێڵکی تەپە هەموو شت دەگۆڕێ)”(٢). هەروەها ( Thomas Lawson ) دەڵێت: “شەرابێکی کۆن لە پێستی نوێدا”(٣).
(مانفرید هیۆن) دەڵیت: “دۆزینەوەکانی ئەم گردە شوێنەوارییە، مێژووی جیهان دەگۆڕێ و روداوێکی یەکجار گرنگەو وەرچەرخانێکی بێوینەیە لە ژیانی مرۆڤایەتیدا”. هەروەها زانا ئەڵمانەکان دەڵێن: “ئەم پەرستگایە هیچێ کەمتر نیە لە ئەهرامەکانی میسر”(٤). توێژەر (ئاننا هابرمل-Habermehl,) دەڵێت: “ئەم شوینەوارە سەرنجی هەموو جیهانی بەلای خۆیدا راکێشاوەو لەرووی تەمەن و داهینانی توانای مرۆڤی ئەو سەردەمەوە کە کۆتای سەردەمی نیادەرتاڵەو بە (١٢٠٠٠) ساڵی دادەنێت”(٥).
کۆنترین شار، کۆنترین پەرستگا
گردی گوبیڵکی یان پوتبیلی (potbelly hill)( Gobelki Tepe) لە باکوری کوردستان بە کۆنترین پەرستگای جیهان دانراوە لەلایەن شوینەوارناسانەوە، ئەم شوینەوارە دەکەوێتە سەر زنجیرە شاخێک لە رۆژئاوای زنجیرە شاخەکانی (ئەنتی-تۆرۆس) لە باشوری رۆژئاوای ئەناتۆلیا بەدووری (١٣کم -٨میل) لە شاری دێرینی ئورفا لە باکوری کوردستان، ئەم شوێنەوارە گرنگە لەلایەن شوێنەوارناسی ئەڵمانی (کلاوسشمیت-Klaus Schmidt) لە ساڵی ١٩٩٤ دۆزرایەوە، دواتر بەهاوکاری دەستەی شوێنەواری ئورفا کاری کنەو پشکنینی بۆ کراو ساڵی ١٩٩٥ دەستکرا بە هەڵکەندن و گەران بۆ دۆزینەوەی پاشماوە شارستانیەتەکانی(٦).
لە ئەنجامی کاری کنەو پشکنیندا شارێکی گەورە دۆزرایەوە و دوای شیکاری و لێکدانەوەی زانستی و دەرکەوتنی ئەنجامەکانی پشکنینەکە، بە کۆنترین پەرستگای جیهان دانرا. لە چینەکانی ژێرەوەشی کە بۆ چاخی شۆڕشی کشتوکاڵ دەگەڕێتەوە شوێنی پاراستنیی دانەوێڵە هەبووە وەک گەنم و جۆ.
ئەوەی لێرەدا جێی بایەخپێدانە، زاناکان زۆر شتی تریان باسکردوە وەک ئەوەی ئەم شارە بە کۆنترین شارو کۆنترین پەرستگا دادەنێن لە جیهاندا، هەرچەندە شوێنی ژیانی ماڵ ومناڵ نەبووە، بەڵکو وەک پەرستگا وشوێنی رێورەسمی ئایینی بەکارهاتووە، هەرچۆن بێت بۆ ئەم قۆناغەی ژیانی مرۆڤایەتی لە کوردستاندا هەنگاوێکی یەکجار پێشکەوتوو بووە، چونکە بەکارهێنانی بەردی قەبارە گەوەرەو پان و دریژ نەخشێنراو بە وێنە بۆ پایەکانی ئەم پەرستگایە نیشانەی بوونی ژیری و توانای مرۆڤ دەردەخات، سەرەڕای رازاندنەوەی بەردەکان بە نەخش و وێنەو نیگارو تابلۆو کاری دەستی و هونەری، کێشی بەردەکان جێی سەرسوڕمانن! بۆنمونە کێشی هەندێ لە بەردەکانی دەوری پرستگاکە (٧-١٠) تەن و بەرزییان (٥-٦) مەترە، ئەوانەی ناوەڕاست و ناوەندی پەرستگاکە کێشیان دەگاتە (٥٠) تەن و درێژییان (٣٠) مەترە. ئەمەش بووە جێی سەرنج و سەرسوڕمانی زاناکانی شوێنەوارناسی.
پاشان زاناکان کەوتنە بەراوردکاری و گەڕان و دۆزینەوەی کاری لەم شێوەیە، بەڵام تاکو ئەمڕۆ هاوشێوەی ئەمەیان نەدۆزیوەتەوەو سەرسورمانی خۆیان لەوە دەربڕیوە کە ئەم پەرستگایە چۆن دروستکراوە کە لە قۆناغی پێش گوند دروستکراوەو پاشان گوندەکانی چوار دەوری دروستکراون.
ئەم پەرستگایە مێژوەکەی دەگەڕیتەوە بۆ (٩٥٠٠ساڵ پ.ز)، واتە (١١٥٠٠-١٢٠٠٠) ساڵ پێش ئێستا. بەوەش مێژوویەکی بێ وێنەی بۆ خۆی تۆمارکردو بە یەکەم پەرستگا دانرا لە مێژووی مرۆڤایەتی و جیهاندا. لەگەڵ ئەوەشدا بە کۆمەڵگایەکی کشتوکاڵی دادەنرێت(٧).
هەروەها لە کنەو پشکنینەکانی ئەم شوێنەروارەدا (مانفرید)و هەندێ لە هاوکارەکانی بەشداربوون و کاریان تێدا کردووە، بەم شێوەیە باس لە گرنگی ئەم شوێنەوارە دەکات و دەڵیت: “ئەم شوێنەوارە لەسەر گردێکی بەرزو دژوار دروستکراوە بە بەردی گەورەو قالبکراو نەخشێنراو، برتییە لە پەرستگایەکی گەورەو فراوانی شێوە بازنەیی بۆ کاری پەرستن و رێوڕەسمی ئاینی و ئاهەنگگێڕان دروستکراوە، وەک ناوەندیکی ئاینی گەوەرە دانراوەو خەڵکی لە هەموو شوێنەکانی ترەوە بۆی هاتوون و لەوێ کۆبوونەتەوەو ئاهەنگیان گێراوە”.
توانای خەیاڵیی مرۆڤ لەم پەرستگایەدا
سەرەڕای دۆزینەوەی ئێسک و پروسکی ئاژەڵ، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەکانی گەورەی قەبارەیان وێنەو نەخشەکانی سەریان جێی تێڕامانەو وێنەی مرۆڤ و ئاژەڵ و باڵندەی لەسەر نەخشاوە وەک رێوی و بەرازی کێوی و دووپشک و ورچ و…هتد. ئەوەی جێی سەرنجە داتاشین و لەقالبدان و نەخشاندنی بەردەکانێتی کە لە چەندین ناوچەی دوورەوە هێنراون وەک کەبدۆکیا بە دوری (٥٠) میل ودەریاچەی (وان) بەدوری (٢٠) میل لە رۆژهەڵاتی شوێنەوارەکەوە کە لە شێوەی بەردی بورکانی و سروشیتدان.
هێنانی ئەم بەردە قەبارە گەورانە لەو شوێنە دورانەوە بۆ سەر ئەو گردە بەرزە بوو بە جێی پرسیارو سەرسوڕمانی زاناکان، بۆیە چەندین جار سەردانیان کردوە تا ئەو راستیانە بزانن و روونی بکەنەوە. هەر لەبەر ئەوەش بوو زانا ئەڵمانەکانیش پێیان وایە ئەم شوێنە گرنگە ناوەندێکی ئاینی گرنگ بووە بۆ پەرستن و وەکو رایەڵەیەک و بەستنەوەی ناوچەکانی دەوروبەری خۆی بووە، لەگەڵ ئەمانەشدا تاکو ئەمڕۆش زاناکان بەدوای وەڵامی راستی و دورستی ئەو پریسیارەوەن کە ئایە جوتیارو خەڵکی ئەو سەردەم و ئەو ناوچەیە لە چاخی بەردیندا چۆن توانیویانە بەردی گەورەی قەبارە (٥٠) تەنی بگوازنەوە لەو شوێنە دورانەوە؟ هەروەها چۆن رایانکێشاوە؟ چۆن دایانناوەو رێکیان خستووە؟ چۆن بەرزکراوەتەوە بۆ دیوارەکان بەو شێوە ئەندازەییەو بە وردەکاری وهونەریەوە؟ هەروەها کێ پاڵنەری ئەو کارە گرنگەیان بووە؟ کێ یارمەتیدەرو داهێنەری بیرۆکەکە بووە؟ کێ سەرپەرشتیاری و چاودێری کارەکەی کردووە؟ کێ خۆراک و کەل وپەلی ئامادەکردووە؟ ئەو هونەرمەند و لێزانانە کێن کەوا بەرد بەردی نەخشاندووە؟(٨).
نهێنی گرنگ و هونەری سەرنچڕاکێش
لایەنێکی تر کە زۆر جێی سەرسورمانە، هونەری وێنەکێشانی ئەو بەردانەیە کە بۆ مرۆڤی ئەو سەردەمە کارێکی یەکجار مەزنەو بێ وێنەیە(٩). هەروەها لە نوێترین توێژنەوەدا زۆر نهێنی تر خراونەتەروو، وەک ئەوەی بەردەکانی ئەم شوێنەورارە کە لە شێوەی پیتی (T) لاتینی و ئینگلیزییە بە مانای خوا (God)دێت و ئەوەش بە یەکەم پیت دادەنرێت لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کە پێش سومەرو میسریەکانە. بەردەکان (٢٠٠) بەردن و (١٨)یان لە شێوەی پیتی (T) کە جێی سەرسوڕمانن(١٠).
هەر لەم روانگەیەوە بەپیێ گریمانەی زانا ئەڵمانەکان، ئەوان پێیان وایە ئەم کارە لەسەردەستی بەندەو کۆیلە دروستکراوە هەروەک چۆن دواتر هەرەمەکانی میسر دروستکراون، چونکە لە شوێنەوارەکەدا شوینی خۆراک و ئاوو شلەمەنی وەک شەراب دروستکراوە، بۆ نمونە دۆزینەوەی ژوورێک کە جێگای (٢٤٠) لیتر شلەمەنی گرتوەو پاشماوەی شەراب و بیرەی تێدا دۆزراوەتەوە، بوونی شەراب لەو شوێنە جوڵێنەرێکی باش بووە بۆ خەڵک، چی وەک کارکردن و چی وەک خواردنەوەی شەراب لە ئاهەنگ و بۆنە ئایینەکاندا. هەروەها گۆشتی بەراز خوراوەو شەراب و بیرە خوراوەتەوە وەکو دڵخۆشی و ئاهەنگگێڕان لە ڕیوڕەسمی ئاینیدا، بەڵام دەربارەی جۆری مۆسیقاو گۆرانی و سەماو شێوازی ئاهەنگەکە شتێکی ئەوتۆ لەبەردەستدا نیە(١١).
سەرچاوەو پەرواێزەکان:
(1) JACK M.SASSON: Civilizatoins of the Ancient Near East,New Work,1994,Vol,1,2,3,4.
(2) Tom Samford: Göbekli Tepe changes everything,2013,1-5.
(3)Thomas T. Lawson :Old Wine in New Skins: The Meaning of the Twin Pillars of Göbekli Tepe,p1-14. ،
(4) Karin Bois: Min Eurpeiska Familj De Senaste 54000 Aren,2015,swed,p198-202-203.
(5) )Habermehl, A: A creationist view of Gӧbekli Tepe: International Conference on Creationism, Pittsburgh,p. 7–13
(6)Andrew Collins:Who Built It,when and why Apreview to Genesis of Gods.2014,p1.
(7) Yuval Noah Harary: Sapiens Abrief History of Humankind,London,2014,p89-92.
(8) Andrew Collins: Göbekli Tepe: Who Built It, When, and Why? A Preview to Genesis of the Gods Discovery of Eden, USA (Bear & Co).,,2014,p1-16- Karin Bose,p202.
(9) Edmond Furter, Göbekli Tepe, between rock art and art,independent structural anthropologist, Johannesburg, South AfricaEXPRESSION 9, September 2015,p1-4.
(10) Manu Seyfzadeh, Robert Schoch:Worlds First Known Written Word at Göbekli Tepe on T-Shaped Pillar 18 Means God, Boston University, USA Archaeological Discovery, 2019,p1-6
(11) Karin Bois: Min Eurpeiska Familj,p198-206-207.