سەردار رەبنەواز دوای دوو مانگ لە کۆچیی دوایی باوکی حاجی رەبنەواز کورد متمانەی تەواوی هۆزە کوردییەکانی ناوچەی ناسراو بە دەشتی گۆندینی پێ بەخشرا.
سەردار رەبنەواز کورد لە مەراسیمێکی شایستەدا و بە رەنگ و ئاڵای پێرۆزی کوردستان و دروشمی کوردی شەرەفی سەرداریەتی کوردانی قەبوڵکرد.
لە وتارەکەی رەبنەواز کورد پرژایە سەر مێژووی پڕ شکۆی کورد و گوتی ئەوان بە وەرگرتنی ئەو بەرپرسیاریەتیە شکۆ ی کورد بەرز ڕادەگرن و بۆ ماف و پێشکەوتنی کوردانی بەلوجستان و پاکستان ماڵی کوردی، (کوردستان)، هەوڵ دەدات.
بەڵێنی بە میری هۆزە کوردیەکاندا وەک سەردار و بەرپرسیان لە پێناو پێشکەوتنیان هەوڵ دەدات و پێشنیازی قەڵەم و پەروەردە و خوێندەواری دەکات لە جێگەی چەک.
گوتیشی نەک وەکو سەرداری کورد لەو هەرێمە کار دەکەن، بەڵکو وەک سەرداری هەموو پێکهاتەکانی تریش خزمەت دەکات. سەردارزادە رەبنەواز خان کورد لە یەکەمین کاری خۆی دەستەیەکی راسپارد بۆ گەشەپێدانی پەروەردە و فێرکردن و هاوکاری کردنی ئەوانەی توانای خوێندنیان نیە، بە تایبەت بێ سەرپەرشتان.
ئەو کوردانە لە پاکستان و لە هەرێمی بەلوجستان دەژین. بەهۆی رەتکردنەوەی مافی بەلوجییەکان و ناکۆکیان لەگەڵ حکومەتی ئیسلام ئاباد، ناوچەکە پشتگوێ خراوە، ئێستا هەوڵ هەیە بە تایبەت کورد خۆیان کۆ بکەنەوە و داواکاری پێشکەش بە حکومەتی پاکستان بکەن تا خزمەتگوزاری گشتی بگەیەنێتە ئەو ناوچە فراوانە کە دەیان هەزار کوردی تیادا دەژیت.
ژمارەیەکی زۆری کورد لە پاکستان دەژین، کە بە پێی زانیاری کوردەکان خۆیان نزیکەی ٢٠٠.٠٠٠ کوردن و بە نازناوی کورد دەناسرێنەوە بێجگە لە دەیان هەزاری تر کە تا هیندستان و کشمیر و بالتیستان و پەنجاب کۆچیان کردووە یان تێکەڵی نەتەوەکانی تر بوون. بە پێی هەندێک لە لێکدانەوە مێژووییەکان کوردەکانی پاکستان لە لایەن شا ئیسماعیل سەفەوی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دوورخراونەتەوە.
کوردەکانی بەلوجستانی پاکستان تا ئێستاش ناوی گوند و شار و ڕووبارەکانیان کوردیین و هەرچەندە زمانەکەیان تێکەڵ بە بەلوجی بووە، بەڵام وەک زاراوەیەک تێکەڵی خۆی هەیە.
بێجگە لە کوردە دێرینەکان، بەشێکی تری کوردیش لە دوو سەددەی رابردوو کۆچیان بۆ پاکستان کردووە، دیارترین کەسایەتی بە رەچەڵەک کوردیش بینازیر بوتۆ بوو، یەکەمین سەرۆکوەزیرانی ژنی پاکستان کە دایکی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.