بۆ ئەوەی بە بەرچاوڕوونییەوە لەم دوو چەمکە بڕوانین و ناسینێکی زانستیمان لەسەریان هەبێت، پێویستە بەر لە هەرچی لە پێناسەی کلاسیک و سەردەمییانەی خودی نەتەوە تێ بگەین، ئەم دوو چەمکە و لەوان گرنگتر تێگەیشتن لە نەتەوە بابەتێکی جێی سەرنجە و گرنگییەکەی ئەوەیە کە دیاریکەری ئاراستەی بزووتنەوە نەتەوەیییەکانی کوردە و لە ڕەوتی خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەکەمان شوێنداریی خۆی هەیە؛ چونکە یەکێک لەو هۆکارانەی کە هەتا ئێستە کورد نەیتوانیوە بە ئامانجەکانی خۆی بگات، ئەوەیە کە نەیتوانیوە لە باری یاسایییەوە بوونی خۆی وەکوو نەتەوەیەک بسەلمێنێت و تەنیا پشتمان بە مێژوو بەستووە.
ڕاستە هەموو نەتەوەیەک بەتایبەت دەوڵەت ـ نەتەوەکان خاوەن ڕابردوو و مێژوویەکن و ڕەنگە مێژووی بەشێکیشیان ساختە و دروستکراو بێت، بەڵام ئەوەی لە دنیای مودێڕنی ئەمڕۆدا بایەخی هەیە، پشتیوانیی یاسایەکە کە بەرگری و داکۆکی لەو مێژووە دەکات. تەنانەت یاسا کە زەقترین فۆرمی دەوڵەت و دەسەڵاتە هێندە کارایی هەیە کە مێژووە ساختەکان دەکاتە واقعیەت.
نەتەوەی کوردیش لە مەیدانی خەباتی خۆیدا سەرەڕای هەبوونی مێژوویەکی بەڵگەمەند و هەروەها زۆرێک فاکتەری دیکەی نەتەوەبوون، تەنیا لە دوو ئامراز کەڵکی وەرگرتووە و وەر دەگرێت، یەکەم مێژوو دووهەم خەباتێکی چەکداری و سیاسییە؛ کە هەتا ئێستە هیچ دەسکەوتێکی یاساییی نێودەوڵەتی نەبووە، و ئەم بێپشتیوانییە یاسایییە کوردی وەکوو نەتەوەیەک بێدەوڵەت لە دۆخێکی مێژووییی ناکارا هێشتووەتەوە.
کەوایە لە ئێستەدا نەتەوە تەنیا بە کۆمەڵە کەسانێک ناگوترێت کە تەنیا خاوەن خاک، زمانی هاوبەش، مێژووی هاوبەش، جلوبەرگ و دابونەریتی تایبەت بن، بەڵکوو نەتەوەیەک کە دەوڵەتی هەبێت و خاوەن دەسەڵاتی سیاسیی جیهانی بێت بە نەتەوە لە قەڵەم دەدرێت و لە ڕێگا یاساوە ئەگەر دەوڵەت ـ نەتەوە ئەم فاکتەرانەشی نەبێت دەتوانێت پێکیان بێنێت، بۆ سەلماندنی ئەم ئیدعایە هەبوونی “ڕێکخراوی نێونەتەوەیی” بەڵگەیەکە کە کورد تەنیا وەکوو چاوەدێرێک لەم ڕێکخراوەیەدا ئەندامە و لە بڕیارەکاندا هیچ ڕۆڵێکی کارای نییە. بۆیە بەم هۆیە دەتوانین بڵێین ڕێکخراوی نێوەنەتەوەیی لە ڕاستیدا ڕێکخراوی نێودەوڵەتییە نەک نێونەتەوەیی و ئەمە بەو واتایەیە کە نەتەوە لە نەزمی جیهانیدا واتە دەوڵەت و دەوڵەت واتە نەتەوە و هەموو فاکتەرەکانی.
بۆ ئەوەی کورد لە پێناسەی ئەمڕۆییی نەتەوەدا خۆی بگونجێنێ ئایا دەبێت هەوڵەکانی لە چوارچێوەی نەتەوەسازیدا بێت یان نوێژەنکردنەوەی نەتەوە؟
بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی بابەتەکە دەبێت سەرەتا بزانین نەتەوەسازی و نوێژەنکردنەوەی نەتەوە یانێ چی؟ وەک پێشتریش ئاماژەی پێ کرا، کورد وەکوو کۆمەڵە خەڵکێک کە خاوەن فاکتەرەکانی نەتەوەبوونن لە قەڵەم دەدرێن بەس ئەم فاکتەرانە بە هۆکارە نێوخۆیی و دەرەکییەکان هێشتا لە دنیا دەرەوە دانیان پێدا نەنراون و ڕەواییی یاسایییان لە پشت نییە، کەوایە کورد نەتەوەیەک نییە کە لە بنەڕەتەوە و لەسەر زەوییەکی ڕووت و وشک ساز بکرێت، وەکوو هێندێ نەتەوە کە هیچ کام لە فاکتەرەکانی نەتەوەبوونیان نەبووە و تەنیا بە داڕشتنی مێژوویەکی ساختە و چەواشە خۆیان لە فۆرمی نەتەوەدا پێناسە کردووە و دواتریش بە پشتیوانیی ئەم مێژووە توانیویانە سەروەرییەکی ڕەوا بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن، بەڵام کورد نەتەوەیەکە کە هەموو فاکتەرەکانی نەتەوەبوونی لە بەردەستدایە و تەنیا فاکتەرێک کە لێی بێبەرییە هەتا مەشروعیەت بە فاکتەرەکانی دیکەی نەتەوەبوون ببەخشێت، دەسەڵاتێکی سیاسی و یاسایییە.
کاتێک لە پێوەندی لەگەڵ نەتەوە چەمکێک بە ناوی نەتەوەسازی دێتە ئاراوە، ئەوە بەو مانایەیە کە نەتەوەیەک بوونی نییە و دەیانەوێت نەتەوەیەک چێ بکرێت و دەستبردن بۆ ئەم بابەتە سەبارەت بە کورد بردنە ژێر پرسیاری هەموو ئەو خەبات و بزووتنەوانەیە کە ساڵانێکی زۆر بۆ ڕزگاریی کورد لە دەست داگیرکەران خەباتیان کردووە، چونکە نەتەوەسازی (nation building) بە پرۆسەیەک دەگوترێت کە ئامانجەکەی پەرەپێدان بە هەستە نەتەوەیییەکانی نێوان کۆمەڵە کەسانێکە کە خاوەن شوناس و ئۆگرییەکی جیاوازن، وەکوو ئەوەی کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا لە وڵاتی ئێرانی ئێستە و مەمالێکی مەحرووسەی پێشوو لە پرۆسەیەکی سیاسیدا بە مێژووسازییەکی ساختە و بە پێداگریی کەسانێک وەکوو ڕەزاخانی میرپێنج و محەممەد عەلی فرووغی هاتووەتە ئاراوە و ویستوویانە هەموو گەلانی نیشتەجێی نێو بازنەی ئەم سنوورە وەکوو نەتەوەیەکی نوێ بەناوی نەتەوەی ئێرانی بناسێنن و شوناسە جیاوازەکان بسڕدرێنەوە و شوناسێکی نوێیان بەسەردا بسەپێنن. بەڵام کورد کە نەتەوەیەکە سەدان ساڵە بەهۆی پیلان و سیاسەتی کۆلۆنیالیستیی جیهانی و ناوچەیییەوە لێک دابڕاون و زۆربەی فاکتەرە نەتەوەیییەکانی لە ژێر هەڕەشەی لەنێوچوونن و بەتایبەت مێژوویەکی بۆ پێناسە کراوە کە لەلایەن دوژمنانییەوە نووسراوە، وای لەم نەتەوە کردووە کە هەستی نەتەوەییی هاوبەشی نێوانیان کەمڕەنگ ببێتەوە و خۆگرێدان بە مێژوو و شوناسە نامۆوەکان جێی ئەم هەستە بگرێتەوە و لە زۆر بوارەکاندا هۆگریی بۆ دەوڵەتە داگیرکەرەکان زەقتر لە هەستی هاوبەشی نەتەوەیی خۆبنوێنێت و تەنانەت ئەدەبیات و قامووسی سیاسیی دوژمنان هێندە لەسەر کورد شوێندانەریی هەبووە کە هێندێ جار بە ترس و شەرمەوە هێندێ داخوازیی خۆی وەکوو سەربەخۆیی بێننە ئاراوە کە مافی بەبێ ئەملاوئەولای هەر نەتەوەیەکە.
ئەمە بەرچاوترین و نالەبارترین شەرمە کە وەکوو پەتایەکی سیاسی بەرۆکی هێندێ لایەن و کەسایەتیی سیاسی و ڕووناکبیری کوردی گرتووەتەوە.
ئەگەر کورد نەتەوەیە و پێویستی بە نەتەوەسازی نییە، چ مکانیزمێک هەیە کە لەم پەرشوبڵاوییە ڕزگاری بکات و چ پرۆسەیەک دەتوانێت وەها کولتوورێک لە مێشکی تاک بە تاکی کورددا چێ بکات کە ئەم نەتەوەیە هەتا لووتکەی ڕزگاریی ڕاستەقینە هان ببات، نەتەوەیەک کە لە باری پێناسە و فۆرمەوە پێویستی بە نەتەوەسازی نەبێت و هەروەها لە نێوان نەبوون و بووندا مابێتەوە، تەنیا ڕێگایەک کە لەو دۆخە دەربازی دەکات نوێژەنکردنەوەی نەتەوەیە، کە لەم پرۆسەیە هەوڵ دەدرێت ئەو هەست و یەکگرتوویییە نەتەوەیییانە ببووژێنەوە کە یان لە نێو چوون یان لە ژێر هەڕەشە و مەترسیدان. بۆیە بەپێی مێژووی کورد و پیلانی دوژمنانی، کورد زیاتر پێویستی بە مکانیزمی نوێژەنکردنەوەی نەتەوەیە (nation restoring)، چونکە ئەو بونیاتەی کە دوژمنانی کورد خۆیانیان لەسەر ساغ کردووەتەوە کۆمەڵێک هەستی نەتەوەییی چەواشە و ساختەن کە بە زۆرەملێ لە نێوان گەلانی ژێردەستیان بەتایبەت کورد سەپاندوویانە، یان بە واتایەکی دیکە داگیرکەرانی کوردستان گەشەکردنی هەستی نەتەوەییی خۆیان لە سڕکردنەوەی هەستی نەتەوەییی کورددا دەبیننەوە، گەرچی هێندێ کەس لەسەر ئەو باوەڕەن بە هۆی ئەوەی کە لایەنگرانی نوێژەنکردنەوەی نەتەوەیی خوازیاری سڕینەوەی هەر جۆرە کولتوورێکی بیانین لە کۆتاییدا بەرەو فاشیزم دەڕون، بەڵام ئەم حاڵەتە تەنیا لە کاتێکدا ڕوو دەدات کە دەسەڵات و دەوڵەتێکی خاوەن سوپا و ئەرتەش لە پشتی ئەم بیرۆکەیە بێت، کورد کە لە قۆناغی ئێستەدا کە قۆناغی شۆڕش و پێش دەوڵەتبوونەیەتی، باشترین و گونجاوترین مکانیزم بۆ بووژاندنەوەی هەستە نەتەوەیییەکانی، نوێژەنکردنەوەی نەتەوەیە.
پێشتریش باس کرا بە هۆی ئەوەی کە کورد لە باری مێژوویی و هەروەها پێوەرە کلاسیکەکانەوە وەکوو نەتەوەیەک لە قەڵەم دەدرێت پێویستی بە نەتەوەسازی نییە، چونکە نەتەوەسازی بزووتنەوەیەکی ناسیۆنالیزمە کە دەیەوێت ئیرادەیەکی نەتەوەیی لە نێوان کۆمەڵە خەڵکێکی جیاواز لە بواری شوناس و ئەمەگناسییەوە پێک بێنی یان پەرەی پێ بدات، لە حاڵێکدا چ لە ڕابردوودا و چ هەنووکە کورد خاوەن ئیرادەیەکی نەتەوەییی هاوبەشە کە لە لایەن دوژمنانیەوە لە ژێر هەڕەشەی لەنێوچوون و فەوتانە و ئەوەی کە لە پرۆسەیەکی نوێژەنکردنەوەی نەتەوە هەنگاوی بۆ هەڵدەگیردرێت لەگەڵ ئەوەی کە لە پرۆسەی نەتەوەسازیدا مەبەستە زۆر جیاوازن، واتە لە نەتەوەسازی نەتەوەیەک لەسەر هیچ و بە چەواشە و ساختەکاری پێک دەهێنرێت و لە نوێژەنکردنەوەی نەتەوە، هەست و ئیرادەی نەتەوەییی نەتەوەیەک کە لە گەمارۆی فەوتاندایە زیندوو دەکرێنەوە؛ بۆیە بەو ئاوارەتەوە کە کورد وەک نەتەوەیەکی بێدەوڵەت کە شێمانە ناکرێت نوێژەنکردنەوەی نەتەوە بەرەو فاشیزمی ببات، دەکرێت لە ڕێگای ناوەندەکانی ڕووناکبیری و فەرهەنگی و هەروەها دەزگاکانی ڕاگەیاندنی حیزب و لایەنە سیاسییەکانەوە، لە نێوان چینەکانی ئەم نەتەوەیە ئیرادە و هەستێکی نەتەوەییی پتەو گەشە بکات و لە قۆناغی دەوڵەتبوون نزیکتر ببێتەوە.