ئه‌م ڤیدیۆ کورته به خێرایی له تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی توندی و سۆز ئامێزی لێکه‌وته‌وه و که‌وته سیاقێکی دوور له شیکاری و به‌دواداچوونی ڕاسته‌قینه بۆ بابه‌ته‌که و مه‌جالی ئه‌وه نه‌درا تاکو هه‌موو بابه‌ته‌که به ته‌واوی ڕوون ببێته‌وه، لێره‌دا په‌رچه‌کرداره‌کان هه‌ر له سه‌ره‌تاوه چه‌ند ئاڕاسته‌یان گرته به‌ر.
1- ئاڕاسته‌یه‌ی یه‌که‌م؛ که له لایه‌ن چالاکانی بواری تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به تایبه‌تی ئینستاگرام گیرایه به‌ر و بریتی بوو، له به‌رگریکردنێکی توند له جلوبه‌رگی کوردی و ئیدانه و لۆمه‌کردنی وته‌ی پێشکه‌شکار (که وه‌کوو ده‌ڵێن خۆیشی کوردێکی کورمانجی خه‌ڵکی خۆراسانه)، قورسایی چالاکیی ئه‌م ئاڕاسته‌یه زیاتر له‌سه‌ر نومایشکردنی جلوبه‌رگی کوردی وه‌کو هێمای جوانیی و که‌ونینه‌بوونی کو‌لتووریی نه‌ته‌وه‌یه‌ک بوو که له‌و ناوه‌شدا هه‌ندێجار سووکه توانجێکیان ده‌گرت و جار نا-جاریش هێرشێکیان ده‌کرده سه‌ر میوانی به‌رنامه‌که که بۆچی وا به‌رگریی له جلوبه‌رگی کوردی کردووه و ئه‌فسانه‌که‌ی پێچه‌وانه کردۆته‌وه، ئه‌م ئاڕاسته‌یه به بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی که چه‌ند گێڕانه‌وه‌ی جیاواز و دژبه‌یه‌ک له‌باره‌ی ئه‌فسانه‌ی کاوه‌ی ئاسنگه‌ره‌وه هه‌یه، و به بێ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌مه‌ی که ئه‌و هه‌ر به‌م پاشخانه که‌م یان مامناوه‌ندییه له زانیارییه‌وه به‌رگریی له جلوبه‌رگ و سیپاڵی خۆی کردووه، به‌رده‌وام بوون. نیشانه‌ناسیی په‌رچه‌کرداره‌کانی ئه‌م ئاڕاسته‌یه له ڕسته‌گه‌لی؛ (ئه‌منیش کوردم، ئێمه‌ش کوردین، هه‌موومان شوانین، شوانبوون شانازییه به وێنه‌ی جلوبه‌رگی کوردییه‌وه خۆی ده‌بینێته‌وه).
2- ئاڕاسته‌ی دووه‌م؛ بێ ڕێزی به پێشکه‌شکار وه‌کو نوێنه‌ری کولتووری فارس(نه‌ک پیلانی سیسته‌می سیاسی) گرته به‌ر و ته‌نانه‌ت یه‌کێک له‌م شه‌ڕه بهندکهرانه (ل.عه‌زیزی) چه‌ند خوله‌کێک دژی ئه‌و پێشکه‌شکاره گۆرانی ده‌ڵێت و کولتووری باو و باپیرانی به ئه‌ندازه‌ی مێژووی کڵاشی هه‌ورامی نازانێت! سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له نێو بهندهکانیشیدا به لیبۆک و نه‌فام و…هتد ناوزه‌دی ده‌کات، ئه‌م ئاڕاسته‌یه به شێوه‌یه‌کی ڕادیکاڵ دژی ئه‌ویدیی کورد له “ئێران” واته فارس که‌وتنه جوێندان و به‌رگریکردن له که‌لتووری کۆنی کوردی و گاڵته‌کردن به که‌لتووری فارسی.
3- ئاڕاسته‌ی سێیه‌م؛ لایه‌نێک بوو که له بنه‌وه‌ڕا به‌شداریکردنی “فه‌ریبورزی” به هه‌ڵه‌ی گه‌وره ناوبردووه و له‌بنه‌مادا ڕۆشتن بۆ میدیای سیسته‌می کۆماری ئیسلامی وه‌کو کارێکی ته‌واو هه‌ڵه زانیوه که خودی ئه‌م لایه‌نه‌ی ناو ئه‌م ئاڕاسته‌یه ده‌بن به دوو به‌شه‌وه؛ به‌شی یه‌که‌میان به نه‌وایه‌کی کوردانه‌وه له‌وه‌ی که هه‌ر سووکایه‌تییه‌ک به‌و میوانه کورده کراوه مافی خۆیه‌تی، چونکه به‌شێوه‌یه‌کی گه‌وجانه به‌شداری به‌رنامه‌ی سیسته‌مێکی سیاسیی زاڵم و گه‌نده‌ڵ و دژه‌کوردی کردووه، ده‌سته‌ی دووهه‌میش که من له‌م ئاڕاسته‌یه‌دا دایانده‌نێم له‌وانه بوون که هیچ گومانێکیان له پیلان و پلانی سیسته‌می میدیایی و ده‌نگ و ڕه‌نگی کۆماری ئیسلامی بۆ کورد و که‌مینه نه‌ته‌وه‌کان نه‌بوو به‌ڵام بێده‌نگ بوون تاکو تۆزێک زیاتر پلانه‌که ئاشکرا بێت.
ئه‌گه‌رچی هه‌موو په‌رچه‌کرداره‌کان له‌م سێ ئاڕاسته‌یدا خۆیان نابیننه‌وه و، په‌رچه‌کرداره‌که هه‌ندێک له هونه‌رمه‌ندان و که‌سانی غه‌یری کوردیشی گرته‌ووه که به‌رگرییان له جلوبه‌رگ و هێما کولتوورییه‌کانی کورد کرد، یان نوێنه‌رانی کوردی په‌ڕله‌مانی “ئێران” هه‌ر کام به سیاق و شێوازی خۆیان که‌وته ناو ئاڕاسته‌ی پهرچهکردارکهناوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا به گرینگی ده‌زانم ڕای گشتیی و په‌رچه‌کرداری جه‌ماوه‌ری کورده نه‌ک ئه‌وانی دیکه، یان کایه‌کارانی ڕاسته‌وخۆی ناو سیسته‌مێکی دیاریکراوی سیاسی یان میدیایی. ده‌بێ دان به‌وه‌دا بنێین؛ که هه‌موو ئه‌م په‌رچه‌کردارانه له ناو کایه‌یه‌کی میدیایی مه‌به‌ستداردا هاتونه‌ته گورین و دروستکردن، به وته‌ی فه‌ریبورز ئه‌و فیلمه هی به‌رنامه‌یه‌ک بووه که دوو ساڵ پێش ئێستا به‌ڕێوه‌چووه و ڤیدیۆکه به مه‌به‌ستێکی دیاریکراو قرتێندراوه و ئێستا بڵاو کراوه‌ته‌وه. ڤیدیۆکه ته‌نها ئه‌مه‌یه که سه‌ره‌تا خانمه پێشکه‌شکار به خێرهاتنی ده‌کات و پاشان پیاوه پێشکه‌شکاره‌که‌ش ده‌ڵی؛ ئه‌م جلوبه‌رگه شوانییه چییه له‌به‌رت کردووه ئه‌ویش به سووکه شۆکێکه‌وه ده‌ڵێ؛ ئه‌مه یادگاری سه‌رده‌می کاوه‌ی ئاسنگه‌ره و هێمای زاڵبوونه به سه‌ر سته‌مکاردا. که من دیالۆگی ته‌واوی ئه‌و به‌شه‌ی ڤیدیۆکه‌م له سه‌ره‌وه باسکرد.
بۆ ئه‌وه‌ی که زیاتر دڵنیا بین له‌وه‌ی که ئه‌مه کایه‌یه‌کی سیاسییه و له ڕێگه‌ی میدیایه‌کی گشتییه‌وه به‌ڕێوه‌چووه، با سه‌رنجی ئه‌مه بده‌ین که ئه‌م که‌سه که بانگکراوه بۆ ئه‌م به‌رنامه‌یه کێیه و له چ بوارێک‌دا ئیشی کردووه؟ ئه‌م که‌سه که له چه‌ندین به‌رنامه‌ی دیکه‌دا به‌شداری کردووه و له به‌رنامه‌یه‌کی دیکه‌دا که پێشکه‌شکاره‌که ناوی “ڕه‌شید پوور”ه هه‌ر به‌م جلوبه‌رگانه‌وه ئاماده بووه و ڕێز و مه‌دحێکی تایبه‌تی جله‌کانی له لایه‌ن پێشکه‌شکاره‌وه ده‌کرێت و ته‌نانه‌ت هێنده خۆی حه‌په‌ساو و تامه‌زرۆ پیشان ده‌دات داوای کوڵه‌باڵه‌که‌ی لێده‌کات و هه‌ر له به‌رده‌م کامێراکه‌دا له‌به‌ری ده‌کات و دواتریش “فه‌ریبوورز” خۆی دهزماڵه کوردییه‌که‌ی ملیشی ده‌داتێ، له به‌رنامه‌یه‌کی دیکه‌دا که ساڵی 98ی هه‌تاوی به‌ڕێوه چووه پێشکه‌شکاره‌که که مه‌لایه‌ک بووه به ناوی “محه‌مه‌د بهرمایی” هه‌ر به‌شدار بووه که دیسان به‌شێک له‌م به‌رنامه‌یه به پلان و مه‌به‌ستێکی دیاریکراو ده‌قرتێنرێت و ته‌نها ئه‌م دیالۆگه‌ی نێوان فه‌ریبورز و پێشکه‌شکاره مه‌لاکه بڵاو ده‌بێته‌وه که مه‌لاکه ده‌ڵێت: ئێ! مه‌گه‌ر ژنانی کوردیش ده‌توانن قسه بکه‌ن؟ واته مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه بۆیان هه‌یه قسه بکه‌ن؟ به پێی ڕوونکردنه‌وه‌کانی “فه‌ریبورز” له‌سه‌ر په‌یجی ئینستاگرامی خۆی لێره‌دا باسی قسه‌کردنی ژنان بووه له میحرابی مزگه‌وت و به‌رنامه‌که بۆ ڕێزلێنان له ژنانی پێشڕه‌وی کوردی بواری كولتوور بووه، که‌چی دیسان قسه‌کان قرتێنراوه و به‌رده‌نگ وا تێده‌گات باسه‌که نه‌بوونی هیچ جۆره ڕێز و مافێکه له کۆمه‌ڵگای کوردی به نیسبه‌ت ژنه‌وه!
کاتێک ئه‌م پازێل و به‌شانه ده‌خه‌ینه پاڵ یه‌کدییه‌وه ده‌رده‌که‌وێت؛ که ئه‌وه‌ی قوربانییه به پله‌ی یه‌که‌م فهریبورزه و پاشان پێشکه‌شکاره‌کان، چوون هه‌ر دوکیان خوازراو یان نه‌خوازراو خرانه‌ته ناو گه‌ردوونه و سووڕێنهی کایه‌یه‌که‌وه که ساڵانی پێش تۆوه‌که‌ی وه‌شێندراوه. به‌ده‌ر له هه‌موو ئه‌مانه‌ش ده‌بێ بزانین که “فه‌ریبورز” نیشته‌جێی یه‌کێک له گونده‌کانی هه‌ورامانی سه‌ر به کوردستانی ئێرانه و له ڕێگه‌ی چالاکیی که‌لتووری و جلوبه‌رگ و هونه‌ره پیشه‌ییه‌کان له بواری گه‌شتیاریی و ڕاکێشانی گه‌شتیاران بۆ هه‌ورامان جووڵاوه‌ته‌وه، به‌م زانیاری و تێگه‌یشتنه‌وه بۆمان ده‌رده‌که‌وێت که بۆچی به پله‌ی یه‌که‌م گه‌نجێکی ساده‌ی کورد وه‌ها قوربانی ده‌کرێت! هه‌موو ئه‌م زانیاری و ورده‌کارییانه پێویستن بۆ ئه‌وه‌ی ماهییه‌تی کایه‌که‌مان زیاتر بۆ ڕوون ببێته‌وه. کاتێک ئێمه ده‌بینین له به‌رنامه‌یه‌کدا ڕێز له جلوبه‌رگی کوردی ده‌گیرێت و له به‌رنامه‌یه‌کی دیکه‌دا ئیهانه‌ی پێده‌کرێت، ئه‌وا ده‌بێ تێبگه‌ین شه‌نکردن به‌م بار و به‌و باردا له میدیای “ئێران”ی‌دا به ئاڕاسته‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی سیسته‌می سیاسی دایه، ئه‌گینا ئه‌و نه په‌رۆشی ئه‌وه‌یه جلی کوردی ڕێزی لێبگیرێت و، نه عه‌وداڵی ئه‌وه‌شه سه‌رئێشه‌ی زیاتر به سووکایه‌تیکردن به هێمایه‌کی کۆنی کولتووری که خۆی و نووسه‌ران و چالاکانیشی ده‌زانن مێژوو و دیرۆکی تایبه‌تی له پشته، بۆ خۆی دروست کات به‌ڵکوو مه‌به‌ستێتی گۆڕاو و گۆڕمه‌نی(متغیر)ی زیاتر و شاراوه بێنێته ناو کایه‌که‌وه که له ناو ئه‌م هه‌موو نومایشکردن و خۆنواندن و قهڕهباڵغبوونهی جیهانی مه‌جازی وتۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه ئه‌و گۆڕمه‌نی و لایه‌نه شاراوه‌یه‌مان بۆ ده‌رناکه‌وێت!
ده‌بێ ئه‌وه بڵێم؛ که ئه‌م شێوازه‌ی پێناسه‌کردنی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه له لایه‌ن میدیای فه‌رمی کۆماری ئیسلامییه‌وه هیچ تازه و غه‌ریب نییه و، له ماوه‌ی چل ساڵ ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئه‌و ڕژێمه‌دا نواندن و وێناندنه‌که له کورد و نه‌ته‌وه‌کانی دیکه هه‌ر ئه‌مه بووه به‌ڵام لێره‌دا ئه‌م پرسیاره دێته پێشه‌وه؛ ئێسته به چ مه‌به‌ستێک ڤیدیۆیه‌کی دوو ساڵ پێشی بڵاو کردۆته‌وه و ته‌نها ئه‌و به‌شه‌ی که هه‌ڵخڕێنه‌ر و ختووکه‌ده‌ری هه‌ستی گشتیی کورده له “ئێران” و “باشوری کوردستان” و ته‌نانه‌ت کوردانی ده‌ره‌وه‌شدا؟ ئایا ده‌کرێت ئه‌م خه‌یاڵه خاوه قبووڵ بکه‌ین، که پێشکه‌شکار له ده‌می ده‌رچووه و به هه‌ڵه ئه‌مه‌ی وتووه؟ ئایا له میدیای فه‌رمی کۆماری ئیسلامی که به نیسبه‌ت ده‌رکه‌وتنی هێما و ڕه‌مزه‌کانی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه فیلترینگی ورد و توند و تۆڵ داده‌نێت، ئه‌مه ئاساییه ڕوو بدات یان گه‌ڵاڵه و پلانێکی له پشته؟
بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره، سه‌ره‌تا ده‌بێ بزانین ئاوه‌ها کایه‌یه‌کی میدیایی به ئاوه‌ها ده‌ربڕین و گوزارهبهندییهک به وردی ده‌یه‌وێت چی مسۆگه‌ر بکات؟ ئێمه وه‌کوو مرۆڤ یان وه‌کوو نه‌ته‌وه‌یه‌ک له هه‌مبه‌ر بێ ڕێزی به هێمایه‌کی شوناسدا چۆن ده‌جووڵێینه‌وه؟ دیاره کاتێک ئه‌م پرسیاره ده‌که‌ین مه‌به‌ستمان ڕا و شه‌قامی گشتیی کورده نه‌ک تاقمانێکی ورد و، که‌مینه لێره و له‌وێ که هه‌ڵوێسته و خوێندنه‌وه‌یان بۆ بابه‌ته‌کان له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و حاڵه‌ته‌دا ده‌گیرسێته‌وه. له ڕۆژگارێکدا که دونیا به هه‌موو دیارده مۆدێڕن و پاشمۆدێڕنهکان ته‌نراوه و نه‌ته‌وه‌ی کورد وه‌کوو یه‌کێک له نه‌ته‌وه بێ ده‌وڵه‌ته‌کانی جیهان هه‌ر به‌شیک له کو‌لتوور و ڕابردوو و مێژووی خۆی به شتێکی پیرۆز و شوناسساز ده‌زانێت ئایا بێ ڕێزیکردن به‌و هێما و نیشانانه چاوه‌ڕوانیی لۆژیکێکی زۆر ئاوه‌زمه‌ندانه‌ی له پله‌ی یه‌که‌مدا لێده‌کرێت؟ بێگومان وه‌ڵام نه‌خێره. ئه‌م ڤیدیۆیه بۆیه بڵاو بووته‌وه که ڕێک و به مه‌به‌ست هه‌ست و سۆزی نه‌ته‌وه‌یی کورد بڕووشێنێ و له ئاڕاسته‌ی ئاوه‌زمه‌ندانه دووری بخاته‌وه ئه‌گه‌رچی به‌شێکی زۆریش له‌وانه‌ی په‌رچه‌کرداریان نواند دوی دامردنی که‌فوکوڵی ڕووداوه‌که ئان‌وسات زانییان چ باسه و چ کایه‌یه‌ک ده‌ستی پێکردووه. ئه‌م کایه‌یه چه‌ند ئامانجی سه‌ره‌کی هه‌بووه؛ که تا ئێستا به‌شێکیان بینراون و به سه‌رکه‌وتووییش و به یارمه‌تی کۆرۆنایه‌کی کۆنترۆڵنه‌کراو! مسۆگه‌ر بووه.
یه‌که‌م ئه‌وه‌ی که به‌شێکی زۆری شه‌قامی کوردی به‌م ڕوانگه نیوه‌چڵه‌وه سه‌رقاڵ کرد که جلوبهرگهکهشتان ده‌بێ به‌رگریی و پێناسه‌ی دووباره‌ی لێبکرێته‌وه واته؛ دابه‌زاندنی خواست و په‌رچه‌کرداری نه‌ته‌وه‌یه‌ک بۆ هێمایه‌کی کۆن و دێرین به‌ڵام ناته‌واو و ناکامڵ، ئه‌گه‌رچی زووبه‌زوو شه‌قامی کوردی له‌مه تێگه‌یشت به‌ڵام به‌شێکی زۆری جیهانی مه‌جازی به وێنه‌ی جلوبه‌رگی کوردی پڕبوویه‌وه که له خۆیدا باشه، به‌ڵام چوون په‌رچه‌کردارێکه له هه‌مبه‌ر کردار و پلانێکی قرتێنراوی دیاریکراو بۆ خۆی ناته‌واوه و که‌وتنه ناو داوه‌که بوو. ئامانجێکی دیکه له‌م کایه‌یه داشکاندن و به‌لاڕێدابردنی ڕای گشتی و شه‌قامی کوردییه له‌و هه‌موو ده‌سبه‌سه‌رکردن و گیرانه که ڕووبه‌ڕووی چالاکنی مه‌ده‌نی و کولتووری و خوێندکارانی کورد له شار و ناوچه جیاجیاکانی کوردستان له ئیلام و کرماشان و ته‌نانه‌ت تاران و که‌ره‌جیش بووه‌ته‌وه، که به پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو تا ئێسته 67 که‌س گیراون و بنه‌ماڵه‌کانیان ئاگایان له شوێن و جێگه‌یان نییه، ئایا کاتێک نوخبه و چالاکی سیاسی و مه‌ده‌نی کورد ده‌خرێته سووچی زیندانه‌کانه‌وه و چاره‌نووسیان نادیار ده‌بێت ڕه‌وایه بکه‌وینه ناو وه‌ها پیلان و پلانێکی میدیایی ڕێوێڵکهرهوه؟