ناونیشانی كتێبەكە بە توركی (Kski Istanbul Kyrtieri) ساڵی 1998 دەزگای ئافێستا كتێبەكەی بڵاوی كردۆتەوە. وەرگێڕی كتێبەكە “ئەحمەد تاقانە” لە بارەی (ڕۆهات ئەلاكۆم)ەوە دەنووسێت؛ لە نووسەرە كوردە بە پیت و بەرەكەتەكانە و پتر لە (10) كتێبی بە توركی و كوردی نووسیوە، هەموو نووسینەكانی “ڕۆهات” شایانی خوێندنەوە و لێ وردبوونەوەن، بە تایبەتی ئەم كتێبەی بۆخوێنەری كورد بە پێویست دەزانم. چاپی وەرگێڕدراوی پەرتووكەكە ساڵی 2005 دەزگای ئاراس لە دوو توێی 284 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوی كردەوە.
“ڕۆهات ئەلاكۆم” لە ساڵی 1954 لە كاغزمانی سەر بە پارێزگای “قارس” لە دایكبووە، ساڵی 1974 بەشی دەروونناسی كۆلێژی پەروەردەی لە زانكۆی ئەنقەرەی خوێندووە، لە ساڵی 1978 وڵات بە جێ دەهێلێت و لە سوید دەگیرسێتەوە.
“ئەستەنبوڵ؛ گەورەترین شاری كورد”
لەمێژە ئەستەنبوڵ بووەتە موگناتیسێكی كۆمەڵایەتی ئەوتۆ، كە هەموو جۆرە مرۆڤێك بۆ خۆیی ڕابكێشی، هەندێك بۆ زەوی، بڕێك بۆ قازانج و كەسانێك بۆ ڕابواردن هەندێكیش بۆ پەنابەری ڕوو لە ئەستەنبوڵ دەكەن. ساڵی 1498 سەرژمێریەك كراوە، سێ گوند “دانشمەنلو، دەپەڤیران و ئیشقلی” لە ناو سنووری ئەو شارەدا ڕۆنراون و ژمارەی دانیشتوانیان بە سێ سەد و هەشتاو دووكەس دیاریكراوە، سەرباری گوندی “یایڵا” كە نەزانراوە ژمارەی كوردەكان چەندبووە، ساڵی 1453 كاتێك شاری “ئەستەنبوڵا” لە لایەن سوڵتان “محەمەد فاتح” ەوە گیراوە، بونیادی دیموگرافی ئەم شارە تەواو گۆڕا، سەرەتا زۆرینەی دانیشتوانی شار “فەلە” بوون، دواتر بە كردەوە شارەكە دەبێت بە شارێكی موسڵمان نشین، لەو نێوەندەدا كۆچكردنی دانیشتوانی ئەنادۆڵا بەرچاو دەكەوێت، لەم پێناوەشدا كۆمەڵە قانوونێك دەردەكرێت، دواتر فرە نەتەوە و فرە كولتوور دەبێتە تایبەتمەندی شارەكە، “مەڵا گۆرانی” لە پێشەنگەكانی ئەو كوردانە بووە هاتۆتە ئەستەنبوڵا، ئەو لە ساڵی 1410 لە ناوچەی شارەزوور بە وەلەد بووە، مەڵا لە ژیانی خۆیدا زۆر گەڕاوە ، لە گەلەك جێگادا خوێندویەتی وەك شارەكانی؛ بەغداد، شام، قودس و قاهیرە. ساڵی 1441 لە سەر داوای سوڵتان مورادی دووەم دێتە ئەنادۆڵ، لە شاری بورسە دەستبەكاركردن دەكات، ساڵی 1443 دەبێتە مامۆستای “سوڵتان محمد فاتح”. مێژوو پێمان دەڵێت؛ مەلا گۆرانی یەكێك بووە لەو كەسانەی بیرۆكەی گرتنی ئەستەنبوڵی بە سوڵتان سەلماندووە، لەو سەرویەندەدا تێكەڵ بە كاری یەكە سەربازێكان دەبێت و دوای گرتنی شارەكە لە قازییەی عەسكەری دادەمەزرێت، ساڵی 1480 دەبێت بە شێخی ئیسلام و ساڵی 1488 فەوت دەكات، گۆرانی خاوەنی دەیان كتێب بووە و گشت سەرچاوەكان بە مەردمێكی خێرخوازیان لە قەڵەم داوە، لە زۆر جامع، كاروانسەراو جادەی ئەو شارەدا ناوی مەلا گۆرانی دەبینرێت.
یەكێكی تر لە كوردە بەراییەكان كە ڕوویان لە “ئەستنەنبوڵا” كردووە “مەلا ئیدریسی بەدلیسی” (1452ـ1520)، بنەماڵەكەیان بە پیاوانی دەوڵەت و مێژوونووس ناسراون، ماوەیەكی زۆر لە تەورێز ماوەتەوە، دوای كۆچی دوایی بابی و لە ساڵی 1491 دێتە “ئەستەنبوڵا” و نیشتە جێ دەبێت، لە سەر داوای “سوڵتان بایەزیدی دووەم” كتێبی “هەشت بەهەشت” ئامادە دەكات، ناوبانگێكی گەورەی پێ پەیدا دەكات، تەنانەت شەرەفخانی بەدلیسی پەسنی ئەم كتاوەی كردگە، بەگشتی بەدلیسی نزیكەی بیست كتێبی داناوە، “ئەبو سعود ئەفەندی” لە نێوان ساڵانی (1491- 1575) دا ژیاوە، یەكێكە لەو كوردە پێشەنگانەی كە ساڵانێكی دوورو درێژ “بیست و حەوت ساڵ شێخی ئیسلام بووە لە سەردەمی “سوڵتان سولێمانی قانوونی” و “سوڵتان سەلیم” دا. ئەو لە دێی مودەریسی دەووروبەری ئەستەنبوڵ لە دایكبووە، بنەماڵەكەی لە شاری ئامێدی-یەوە كۆچی كردووە بۆ ئەستەمبوڵ، بۆیە لە سەرچاوەكاندا بە ئەبو سعودی كوردی ناسێنراوە، بە زمانی جیا جیا كتێبی ئاینی نووسیوەو و هۆنراوەی داڕشتووە، شەقامێك و حەمامێك لە ئەستنەنبوڵ ناوی ئەوەی لە خۆگرتووە.
كەسایەتییەكی دیكەی بەدلیسی كە چووەتە ئەستەنبوڵا، “شوكری هۆزانڤانە” بە هۆنراوە جوانەكانی ناسراوە، شەرەفخانی بە دلیسی دەنووسێت؛ دوای ئەوەی دەچێتە خزمەتی شەرەفخان حوكمداری بەدلیس گۆڕاوە، هەروەها لە كۆتاییدا چووەتە كۆڕی تایبەتی سوڵتان سەلیم وەك یاوەڕێكی نزیكی سوڵتان دەركەوتووە. لە سەدەی حەڤدەدا كەسێك بەر چاو دەكەوێت “یوسف نابی شاعیرە” كە لە نێوان ساڵانی” 1642ـ 1712) دا ژیاوە، ناوبراو كەسێك بووە حەزی لە شۆخی بووە، لە سەردەمی محەمەدی چوارەمدا دووجار دەچێتە ئەستەمبوڵا و ساڵی (1678) دەخرێتە سەر كار، گۆڕەكەی لە گۆڕستانی “قەرەجە ئەحمەدە” لە ئەستەمبوڵا. هەروەها لەو كاتانەدا گەڕیدەی ئیتالیایی” پیترۆ دێللا ڤێللا” لە ئەستەمبوڵا بووە چاوی بە بەگزادەیەكی كورد دەكەوێت، هاتبوو ئەو زەوی و خاكانەی بۆ بگەڕێنرێتەوە كە بەر لە مردنی نافیز پاشا لێی وەرگیرابۆوە، ئەم میرە دوای ئەوەی داواكارێكانی بۆ جێبەجێكراوە نزیكەی دوازدە هەزار سوارە دەخاتە ژێر فەرمانڕەوایی پادشاوە، بۆ ئەوەی لە جەنگی عوسمانی دژ بە ڕووسهكاندا ئامادەبن، ئەو كوردانەی بە كاتی سەردانی ئەستەمبوڵیان دەكرد، كاتێك دەگەڕانەوە هەرێمەكانیان بەشێوەی جیا جیا چیرۆكی شارە شكۆمەندەكەیان بۆ خەڵك دەگێڕایەوە و، مەراقێكی گەورەی دەورووژاند، لەو دەمانەدا كۆچی مرۆڤە سادەكان بۆ ئەستەمبوڵا بەردەوام بووە، لە نێوان سەدەی پازدە بۆ سەدەی هەژدەدا كۆچی هەموو جۆرە مرۆڤێكی كورد بۆ ئەستەمبوڵا بەرچاودەكەوێت. لە سەدەی هەژدەهەمدا كورد لە قەوارەیەكی گچكەدا پێكدێ، ساڵی 1730 لە ماوەی فەرمانڕەوایی ئەحمەدی سێیەمدا بەشداریان لە یاخیبوونەكەی “وەستا خەلیل” دا كردووە. ساڵی 1748 لە ناوەندی” بیت بازاڕی” ڕاپەڕینێكی تر بەرپاكراوە و كوردی تیادا بەشداربووە، لە پای ئەمكارەدا مەحمودی یەكەم كوردەكان دەگەڕێنێتەوە شارەكانی خۆیان.ئەم بارودۆخە تا سەدرەمی مستەفای سێیەم درێژە دەكێشێ و دواتر كۆچی پێچەوانە دەست پێدەكاتەوە.
ساڵی 1826 لە ئەنجامی نەمانی ڕێكخراوی یەنیچەری، كۆڵبەرە كوردەكان دەنێردرێنەوە شارەكانی خۆیان و لە جیاتی ئەوان بارەبەری ئەرمەنی شوێنیان دەگرنەوە، زۆرینەی كۆڵ هەڵگرە كوردەكات سەڵت بوون، ئەو كەسانە بوون لە خان و ژوورەكاندا داڵدە درابوون. دواتر جۆرەها بەربەستیان لە بەردەم گەڕانەوەیاندا دانرا وەك قانوونی” ئیحتساب نیزامنناسی” واتە قانوونی چاودێری.
كوردەكانی “ئەستەمبول” كاری جۆاوجۆریان كردووە، بەشێكیان لە میوانخانەكاندا كاریان كردووە، بە تایبەت لە سەدەی نوزدەهەمدا زۆرێكیان كاری بەردەستیان كردووە، بە تایبەت لای بنەماڵە دەوڵەمەندەكان بۆ نمونە “شەریف عەلی حەیدەری” لە “چامڵیچە” دادەنیشت كوردێك چاودێری كولانەی مریشكەكانی كردووە! هاوكات بڕێكیان لە ” تەرسانە”دا كاریان كردووە كە بۆ بەتاڵ كردنەوەی ئاوی خەوزەكانی تەرسانە سوود لە گا وەردەگیرا، كوردەكان كاری ڕاهێنان و پەروەردەكردنی گا-كانیان ڕا دەستكراوە، دابینكردنی گۆشتی “ئەستەمبوڵا” لە ناوچە جیاوازەكانی كوردستانەوە بوو بە تایبەت لە شاری ئامەدەوە، چاودێریكردنی ئەو مێگەلانە لە ئەستۆی كوردەكان بووە، “هاگۆب منتزوری” لە بیرەوەرێكانیدا باس لەو كوردانە دەكات كاری دارشكاندیان كردووە بە تایبەت لە كۆگاكانی “داری هێزم” دا
پێكهاتەی دەوڵەتی عوسمانی لە سەر بنەمای نەتەوایەتی نەبووە، بۆیە دام و دەزگاكانی هەمە چەشنەبوون، گشت جۆرە مرۆڤێكی تیادا بینراوە، لە سەردەمی “سوڵتان عهبدولحهمیدی دووهمدا” نوێنەرانی ئەو كۆمەڵە كوردانەی لە ئەستەمبوڵ دەیان گوزەراند بە پلەی جۆراو جۆر لە دەرماڵی حكومەتدا جێگای خۆیان كردبۆوە. ساڵی 1899 نووسەری نەرویجی “كنون هامسون” سەردانی ئەستەمبوڵی كردووە، لە ڕێڕەوی كۆڕەوی سوڵتاندا كوردەكانی بە جلی تایبەتەوە بینیووە، باسی هێلەكە جوانەكانیان دەكات كە ژنەكانیان بۆیان دووریبوون، بەشێكی تری ئەو كوردانەی بۆ ئەستەنبوڵ كۆچیان كردووە، پیاوە ئاینێكان بوون، مەولانا خالیدی نەقشبەندی (1776ـ1827) یەكێكە لەو كەسە دیارانە، دواتر لە چەندین شوێنی دیكەی شارەكەدا تەكیەی نەقشبەندی دادەمەزرێنن. “مەولانا” لە ناو كورد، تورك و كۆمەڵە مۆسڵمانەكانی دیكەدا ڕێزی هەبووە، ڕێباز و خانەقاكانی ئەو تا ئیرۆش دڕێژەیان هەیە. “عهبدولڕهحمان خەرپووتی” كە بە مامۆستای كورد ناسراوە، یەكێكە لەو كوردانەی مەحمودی دووەم، بە مامۆستای خۆیی ناوی بردووە لە ئیسكویدار خانیەكی پێ دەدات و ژنیش دەهێنێت، ڕۆڵی لە لابردنی یەنیچەرێكاندا هەبووە. هەروەها لە ناو یەنیچەرێكاندا ناوی “محەمەد ئاغای سیلاحدار” دەبینرێت، لە بارەی مێژووی یەنیچەرێكانەوە دەنووسێت؛ حەسەن ئاغای كورد وەك سەركردەی یەكەیەك كاری كردووە، جۆرە سەگێكی بە خێو كردووە پێیان گوتووە “سامسۆن” لەو سەردەمەدا كوردێكی زۆر لە ئەستەمبوڵ وەك دەرگاوان كاریان كردووە، لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا كۆچی كوردان بۆ “ئەستەمبوڵ” بەردەوام دەبێ، لە ساڵانی جەنگی جیهانی یەكەمدا(1914ـ 1918) كۆچەرێكی زۆر دێنە ئەستەمبوڵا. بە هۆی جەنگ و ئەنجامەكانێوە لەو ماوەیەدا حەوت سەد هەزار كورد ناچاری كۆچكردن بوون. لەو ماوەیەدا میدیای كوردیش لە گەیاندنی ئازارو نەهامەتێكانی كوردا چالاك بووە.
“دوور خستنەوەی كورد بۆ تاراوگەی ئەستەمبوڵ”
بەشێك لەو كوردانەی لە “ئەستەمبوڵ” دەژین دوورخراوەكانن، بە تایبەت ئەو سەركردانەی بەشداریان لە شۆڕش و ڕاپەڕینەكاندا كردووە، دواتر بە دیلی نێردراون بۆ ئەو شارە، بەشێكیان ساڵانێكی زۆریان بە شێوەی دیلی بەسەر بردووە، هاوكات لە نێوەندەدا پێشهوایانی ئاینی و مرۆڤگەلی سادەش بەرچاو دەكەون، ساڵی 1664 “مەهدی” ناوێك لە شاری “موسڵ” دەركەوتووە، لایەنگری زۆری هەبووە، والی موسڵ بڕیار دەدات بۆ هەتا هەتایە بۆ ئەستەنبوڵ شار بە دەری بكات، ئەوكات “مەهدی” تەمەنی تەنها دوازدە ساڵان بووە، ئەو كوردانەی كە نێردراون بۆ ئەستەمبوڵا دواتر شاربەدەر دەكرێن و دەربەدەری وڵاتانی دیكە دەبن، بە نمونە بەدرخان پاشا، پاش “ئەستەمبوڵ” شار بە دەر دەكرێت و حەڤدە ساڵ لە تەك خانەوادەكەیدا لە دوورگەی “كریت” دەمێنێتەوە، هەروەها دەربەدەركردنی بنەماڵەی بەدرخانێكان لە ساڵی 1906 نمونەیەكی بەرچاوە، تەنها ژمارەی ئەو كەسانەی لە دەرباری دەوڵەتدا كاری فەرمانبەریان دەكرد (107) كەس بوونە. “عهبدولڕهزاق بەردخان” لە بیرەوەرێكانیدا دەنووسێت؛ ئەو كەسانەی لە دەرەوەی خزمانی ئەوان بوون نزیكەی سێ هەزار كەس دەبوون. پاشا كۆرەش یەكێكە لەو كەسانەی پاش تێكشانی میرایەتی ڕەواندز لە بەردەم سوپای عوسمانیدا دەنێردرێنە ئەستەنبوڵ و دواتر لە ڕێگای گەرانەوەیدا بە شێوەیەكی تەم و مژاوی دەكوژرێت، ساڵانی 1876 ـ 1909 سەردەمی عهبدولحهمیدی دووەمە، ساڵانی شاڵاوبردنی كوردە بۆ ئەستەمبوڵا، لەم ساڵانەدا خەلیفە سەرانی كورد بۆ پایتەخت بانگ دەكات و دەیانخاتە ژێر ڕكیفی خۆیەوە و چاودێریان دەكات، مەبەستی لەم كارەش دوور خستنەوەی بیرۆكەی كوردایەتییە لە مێشكی سەرانی كورد، زۆر جار سوڵتان لە پای ئەمكارەی تووشی ڕەخنەی تووند بووەتەوە، شێخ سەعیدی باوكی شێخ محمود نمونەیەكی دیكەیە.
ساڵی 1891 سوڵتان “سوارهی حەمیدییە” دادەمەزرێنێت، سەركردەی عەشیرەتەكان دەبوو هەموو ساڵێك بچن بۆ ئەستەنبوڵ، هەروەها یەكێك لە ماكە گرنگەكانی ئەم سیاسەتە كردنەوەی قوتابخانەی عەشایەرییە لە ساڵی1892، خوێندكارانی تەمەن (12ـ16) ساڵی تیادا وەردەگیراو، پێنج ساڵ خوێندیان درێژەی دەكێشا، دواتر لە ناوچەكانی خۆیاندا و لە كارە جیاوازەكاندا دادەمەزرێنران. سوڵتان هەردەم ئەم سیاسەتەی بۆ نەچووەتە سەر، دواتر بەشێك لەو خوێندەوارانە بوون بە نەوەی یەكەمی ڕۆشنفكرانی كوردستان، ئەستەمبوڵیش بوو بە پایتەخت و مەڵبەندی مودێرنی نەتەوایەتی میللەتی كورد.