له به‌شی چواره‌می زنجیره‌ی ” كوردانی دوور له نیشتمان ” باسی كورده‌كانی وڵاتی لوبنان ده‌كه‌ین.
وڵاتێكه له كۆمه‌ڵه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌سه‌ر ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست، وڵاتێكی كۆماری په‌رله‌مانیه، سه‌رۆك كۆمار له نه‌ته‌وه‌ی مه‌سیحیه، سه‌رۆك وه‌زیران عه‌ره‌بی سوننه به ڕێوه‌ی ده‌بات، سه‌رۆكی په‌رله‌مانیش عه‌ره‌بێكی شیعه مه‌زهه‌به، ئه‌م شێوازه‌ی دابه‌ش كردنی ده‌سه‌ڵات به پێی ڕێككه‌وتنی ئه‌و لایه‌نانه‌یه كه وڵاتی لوبنانیان پێك هێناوه،
یه‌كێك له‌و نه‌ته‌وانه‌ی كه له وڵاتی لوبناندا ده‌ژین و بوونیان هه‌یه و جێ ده‌ستیان دیاره له مێژووی وڵاته‌كه‌دا نه‌ته‌وه‌ی كورده.
كورده‌كانی لوبنان مێژوویه‌كی دێرینیان هه‌یه له‌و وڵاته‌دا و ڕۆڵی كاریگه‌ریان هه‌بووه له مێژوودا، ده‌سه‌ڵاتی به‌ڕێوه‌بردنی چه‌ندین ناوچه و جێگه‌یان هه‌بووه، بۆ چه‌ند سه‌ده‌یه‌كیش به‌ڕێوه‌بردنی ته‌واوی وڵاتی لوبنان به ده‌ستی كورده‌كانه‌وه بووه، به‌ڵام به هۆی ناكۆكیه ناوچه‌ییه‌كانه‌وه ورده ورده و به‌پێی ڕه‌وتی ڕۆژگار و سیاسه‌تی دژه كورد ڕۆڵ و پێگه‌ی كورد له لوبناندا لاواز بووه و به‌ره‌و نه‌مان چووه.
له ئێستادا كورده‌كانی لوبنان خوازیارن به وێنه‌ی كه‌مینه نه‌ته‌وه‌كانی تری وه‌ك ئه‌رمه‌ن و ئاشوری و شهركهسهكان وه‌ك كه‌مینه‌یه‌كی ئه‌تنیكی دانیان پێدا بنرێت و له په‌رله‌مان و ئه‌نجوومه‌نه خۆجێییه‌كاندا كورسیان هه‌بێت و له‌و پێناوه‌شدا چه‌ند ڕێكخراو و پارتێكیان دروست كردووه به به‌رده‌وامی چالاكیهكان و بۆنه‌كان به‌كار ده‌هێنن بۆ داواكردنی مافه‌كانیان ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی ناڕه‌زایی عه‌ره‌به توندڕه‌وه شیعه‌كانی لوبنان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كورده‌كان به زۆری له‌سه‌ر سوننه مه‌زهه‌به‌كانی ئه‌و وڵاته ئه‌ژمار ده‌كرێن .
مێژوو ئاماری كورده‌كانی لوبنان
سه‌باره‌ت به مێژووی بوونی كورد له وڵاتی لوبنان چه‌ند بۆچوون و ڕایه‌كی جیاواز هه‌یه له‌وانه :
یه‌كه‌م : بۆچوونی یه‌كه‌م مێژووی كورده‌كانی لوبنان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی میتانیه‌كان كه زۆربه‌ی مێژوونوسان به كوردیان ده‌زانن، كاتێك میتانیه‌كان ده‌سه‌ڵاتدار بوونه به‌سه‌ر ناوچه‌كانی كوردستاندا به‌شێك له كورده‌كان كۆچیان كردووه بۆ لوبنان و له ناوچه‌ی (بیقاع) نیشته‌جێ بوونه و ماونه‌ته‌وه، ئه‌مه بۆچوونی مێژوو نووس و جوگرافیزانی گه‌وره‌ی كورد (ابن حوقل)ه له كه له ساڵی (977) زاینی له شاری (نصێبین) باكوری كوردستان له دایك بووه و گه‌ڕیده و جوگرافیزان و مێژوو نووسێكی به‌ناوبانگه كتێبێكی زۆر به‌ناوبانگیشی له بواری جوگرافیادا نووسیوه به ناوی (صورە اڵارچ).
دووه‌م : بۆچوونی دووه‌م كه بۆچوونی به‌شی هه‌ره زۆری كورده‌كانی لوبنانه و هه‌روه‌ها زۆربه‌ی مێژوو نووسه‌كانیش عه‌ره‌ب و كورد و بیانیه‌كانیش له‌سه‌ری كۆكن مێژووی كورده‌كانی لوبنان ده‌گه‌ڕێننه‌وه بۆ سه‌رده‌می سه‌ڵته‌نه‌تی ئه‌یوبیه‌كان و به تایبه‌ت سه‌رده‌می سوڵتان ( سه‌ڵاحه‌ددینی ئه‌یوبی)كه دوای جه‌نگی خاچ درووشمه‌كان كورده‌كانی كردووه‌ته فه‌رمانڕه‌وای ناوچه ڕزگاركراوه‌كانی لوبنان و به‌هۆی ئه‌وه‌شه‌وه به‌شێكی زۆری عه‌شیره‌ته كوردیه‌كان ڕوویان له لوبنان كردووه سروشتی لوبنانیان وه‌كوو كوردستان بینیوه و به‌ڕێگایه‌كی باشی بازرگان‌یش له‌و كاته‌دا ئه‌ژمار كراوه، ئه‌مه به لێشاوی یه‌كه‌می كۆچی كورده‌كان داده‌نرێت .
به‌ڵام لێشاوی كۆچی دووه‌می كورده‌كان بۆ وڵاتی لوبنان له سه‌رده‌می عوسمانیه‌كاندا بوو ئه‌ویش دوو شێوه‌ی به خۆیه‌وه بینی یان دوو قۆناغ بوو.
قۆناغی یه‌كه‌م : ئه‌و كوردانه‌ی كه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی عوسمانیه‌كانه‌وه وه‌ك كاربه‌ده‌ست بۆ ناوچه‌كانی لوبنان ده‌نێردران و ده‌بوونه فه‌رمانڕه‌وا له لوبنان ئه‌م كوردانه‌ش كۆمه‌ڵێك كه‌سیان له‌گه‌ڵدا بوو به هۆی ئه‌مه‌شه‌وه ڕۆژ به ڕۆژ ژماره‌ی كورده‌كان ڕوو له زیاد بوون بووه.
قۆناغی دووه‌م : ئه‌و كوردانه‌ی كه به زۆره ملێ له كوردستان ده‌رده‌كران و ڕاده‌گوێزران بۆ شوێنه‌كانی تری ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی له‌و نێوه‌نده‌شدا به‌شێك له كورده‌كان بۆ وڵاتی لوبنان ڕاگوێزران به تایبه‌تی به‌شێك له عه‌شیره‌تی (هه‌مه‌وه‌ند ) كه تا ئێستاش له باشوری لوبناندا نیشته‌جێن و شانازی به كوردبوونی خۆیانه‌وه ده‌كه‌ن و په‌یوه‌ندیان به كورده‌كانی باشوری كوردستانیشه‌وه هه‌یه ، جێی ئاماژه‌یه كه خوالێخۆش بوو (كه‌ریم ئاغای هه‌مه‌وه‌ند ) له كۆتایی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا سه‌ردانی كردن و زۆر به گه‌رمی پێشوازیان لێ كرد.
ئه‌مه گرنگترین ئه‌و بۆچوونانه‌یه سه‌باره‌ت به مێژووی كورده‌كانی لوبنان كه له‌به‌رده‌ستتدان.
سه‌باره‌ت به ئامار و ژماره‌شیان دووباره چه‌ندین ژماره و ئاماری جیاواز باسی لێوه ده‌كرێت به هۆی نه‌بوونی ئامارێكی فه‌رمیه‌وه له لایه‌ك و به‌هۆی سته‌م لێكراویان له لایه‌كی تره‌وه تا ئێستاش به‌شیك له كورده‌كانی لوبنان له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و وڵاته‌وه بێ به‌شن له مافی هاوڵاتی بوون و ناسنامه‌یان نیه.
به‌ڵام زۆربه‌ی سه‌رچاوه نافه‌رمیه‌كان ئاماژه به (80 ) هه‌زار بۆ (120) هه‌زار كورد ده‌ده‌ن .
دابه‌شبوونی جوگرافی
كورده‌كانی لوبنان له زۆربه‌ی شار و گونده‌كاندا بوونیان هه‌یه و دابه‌ش بوونه، به‌ڵام به شێوه‌یه‌كی دیاریكراو كه بتوانرێت ئاماژه به بوونیان بكرێت بناسرێن له شاره‌كانی ” به‌یروت، ته‌ڕابلوس، ناوچه‌ی بیقاع، ناوچه‌كانی باشوری لوبنان”به زۆری دیارن و بوونیان هه‌یه.
به هۆی سیاسه‌تی دژ به كورده‌وه له لوبنان زۆربه‌ی كورده‌كان تا كۆتایی سه‌ده‌ی ڕابردوو خاوه‌نی ناسنامه و پێناسی هاوڵاتی بوون نه‌بوون له‌به‌ر ئه‌وه كاركردنیان لێ قه‌ده‌غه كرابوو بۆیه زۆربه‌یان له ناوچه هه‌ژار نشینه‌كان و كه‌ناری شاره‌كاندا ده‌ژیان، ده‌كرێت بڵێین زۆرینه‌یان له هێڵی هه‌ژاریدا ژیاون.
زۆربه‌یان به هۆی نه‌بوونی ناسنامه‌وه نه‌یانتوانیوه له جێگه‌یه‌كی دیاریكراودا نیشته‌جێ ببن و به شێوه‌ی كۆچه‌ری له ناوچه‌كانی لوبناندا ژیاون ئه‌و كوردانه‌شی كه ناسنامه‌یان پێ دراوه به كۆمه‌ڵ له‌و جێگانه‌دا نیشته‌جێ بوونه كه ناسنامه‌كه‌یان تیادا وه‌رگرتووه.
بۆ نموونه له ساڵی (1956) و له‌سه‌ر ده‌ستی سه‌رۆكی ئه‌و كاته‌ی لوبنان ” كامیل شه‌معون ” ناسنامه به (6000) شه‌ش هه‌زار كورد به‌خشرا و ڕاسته‌وخۆ له به‌یروتی پایته‌ختی لوبنان نیشته‌جێ كران.
له ساڵی (1994 ) یش له‌سه‌ر ده‌ستی ” ئه‌لیاس هه‌ڕاوی ” سه‌رۆكی لوبنان به‌شێكی تر له كورده‌كان ناسنامه‌یان پێ به‌خشرا و له شاری ( ته‌ڕابلوس ) نیشته‌جێ كران، به‌ڵام تا ئێستاش به‌شێك له كوردانی لوبنان له مافی هاوڵاتی بوون و ناسنامه بێ به‌شن.
سیاسه‌تی ڕاگوێزان و ده‌ركردن
وه‌ك ئه‌وه‌ی قه‌ده‌ری كورد وابێت له هه‌ر جێگه‌یه‌ك بێت تووشی ڕاگواستن و ده‌ربه‌ده‌ری ده‌بێت كورده‌كانی لوبنانیش له‌و نه‌هامه‌تیه بێ به‌ش نه‌بوونه، دوا به دوای ئه‌وه‌ی وڵاتی لوبنان هێزه شیعه‌كان ده‌سه‌ڵاتیان فراوان بوو تیایدا هێواش هێواش فشاره‌كانیان بۆ سه‌ر مه‌زهه‌به‌كانی تری وڵات ده‌ستی پێكرد، یه‌كه‌م نه‌ته‌وه‌ش به كورده‌كانی لوبنان ده‌ستیان پێكرد به‌و پێیه‌ی كورده‌كان به‌شێكی زۆریان سوننه مه‌زهه‌بن و دانیشتووی به‌یروتی پایته‌ختن.
”حزب الله و بزوتنه‌وه‌ی ئه‌مه‌ل ” له ساڵی (2004) ه‌وه به شێوه‌یه‌كی ئاشكرا فشار و هێڕشیان بۆ سه‌ر كورده‌كانی دانیشتووی به‌یروت ده‌ست پێكرد به پاڵپشتی سوپای سوریا كه له‌و كاته‌دا له لوبنان باڵا ده‌ست بوو و یاریده‌ده‌رێكی به‌هێزی لایه‌نه شیعه‌كان بوو.
له سه‌ره‌تای ساڵی (2010) دا شاره‌وانی به‌یروت داوای له (7000) حه‌وت هه‌زار كوردی دانیشتووی گه‌ڕه‌كی (برج حمود) كرد كه شاره‌كه چۆڵ بكه‌ن هه‌ر هاوڵاتیه‌كیش سه‌رپێچی بكات به بڕی سێ ملیۆن لیره سزا ده‌درێت، ئه‌م بڕیاره له لایه‌ن كورده‌كانه‌وه ڕه‌ت كرایه‌وه و ملكه‌چی بڕیاره‌كه نه‌بوون ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی له لایه‌ن چه‌كداره‌كانی ” حزب الله و بزوتنه‌وه‌ی ئه‌مه‌ل ” ه‌وه هێڕش بكرێته سه‌ریان له ئه‌نجامی ئه‌و هێڕشانه‌شدا (6) هاوڵاتی كورد شه‌هید بوون و (23) هاوڵاتی دیكه‌ش بریندار بوون و (54) هاوڵاتیش ڕفێندران و شوێن بزر كران كه تا ئێستاش چاره‌نووسیان نادیاره و ده‌ڵێن سوپای سوریا شوێن بزری كردوون، ئه‌م هێڕشانه به به‌رچاوی هه‌موو جیهانه‌وه كرا و ڕاگه‌یاندنه‌كان پشتگوێ‌یان خست به ڕاگه‌یاندنه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه به‌ڵام خۆڕاگری كورده‌كان له لوبنان به‌رده‌وامی هه‌یه و تا ئێستا ڕوو به ڕووی ئه‌و فشارانه وه‌ستاونه‌ته‌وه .
بنه‌ماڵه و عه‌شیره‌ته كوردیه‌كانی لوبنان
كورده‌كانی لوبنانیش هه‌روه‌كوو كوردی به‌شه‌كانی تری كوردستان دابه‌ش بوونه به‌سه‌ر چه‌ند بنه‌ماڵه و عه‌شره‌تێكی كوردیدا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی شانازی و دڵخۆشیه كورده‌كانی لوبنان پاشگری كورد به ناوه‌كانیانه‌وه یان نازناوهكهیانهوه هه‌یه، له لایه‌كی تره‌وه زۆربه‌ی بنه‌ماڵه‌كان له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان كه منداڵ و نه‌وه‌كانیان زمانی كوردیان بیر نه‌چێته‌وه هانیان ده‌ده‌ن بۆ فێربوونی زمانی كوردی.
لێره‌دا ته‌نها ئاماژه به ناوی ناسراوترین ئه‌و بنه‌ماڵانه ده‌ده‌ین كه ئێستا له لوبناندا ده‌ژین و وه‌كوو كورد ئاماژه‌یان پێ ده‌كرێت :
1-بنه‌ماڵه‌ی ئه‌ییوبی گه‌وره
2-بنه‌ماڵه‌ی مهعینیهكان
3-ئال كریدیه
4-ئال شبارو
5-ئال جونبڵات
6-ئال سیفا
هه‌موو ئه‌م بنه‌ماڵانه‌ش پاشگری كورد له ناسنامه‌كانیاندا هه‌یه. گرنگترین عه‌شیره‌ته كوردیه‌كانیش كه بوونیان هه‌یه له لوبناندا بریتین :
1-عه‌شیره‌تی هه‌مه‌وه‌ند زیاتر له هه‌شتا گوندی ناوچه‌كانی باشوری لوبنان پێك ده‌هێنن.
2-عه‌شیره‌تی جاف كه به زۆری له شاره‌كانی ته‌ڕابلوس و عهكاردا نیشته‌جێن.
كه‌سایه‌تیه كوردیه‌كانی لوبنان
له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی ئهیوبیهكانهوه له لوبنان تا ئه‌مڕۆ به ده‌یان و سه‌دان كه‌سایه‌تی به‌ناوبانگ و خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات هه‌ڵكه‌وتووه ، له شاعیران و نوسه‌ران و كه‌سانی سه‌ربازی و سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و بازرگان و … هتد ، لێره‌دا من ته‌نها ئاماژه به چه‌ند ناو‌و كه‌سایه‌تیه‌ك ده‌ده‌م :
یه‌كه‌م : ئه‌میر (فه‌خره‌دین مه‌عینی ) نه‌وه‌ی (مه‌عن ئه‌یوبی )ه كه به پاشای جبل لوبنان ده‌ناسرێت و ئه‌میر فه‌خره‌دین كوردیشی پێ ده‌گوترێت، له لایه‌ن سوڵتانی عوسمانی ( سه‌لیمی یه‌كه‌م )ه‌وه كرا به كاربه‌ده‌ستی یه‌كه‌می لوبنان و له‌پاش ئه‌ویش ئه‌و ده‌سه‌ڵاتداره‌یه درێژه‌ی هه‌بوو بۆ نه‌وه‌كانی له نێوان ساڵانی (1516) تا (1697)ی زاینی واته ئه‌و ماوه‌یه به ته‌واوی كورد حوكمی وڵاتی لوبنانی ده‌كرد و له مێژووی وڵاتی لوبناندا نوسراوه .
دووه‌م: (كه‌مال جونبڵات) بنه‌ماڵه‌ی جونبڵات یه‌كێكن له بنه‌ماڵه ناسراو وگرنگه‌كانی لوبنان كه بنه‌چه‌ی ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه بۆ باكوری كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه وله‌سه‌ر ناوه‌كه‌شیان بۆچوون وایه كه باپیره گه‌وره‌یان ناوی (جان پۆڵات) بووه واته گیانی پۆڵایین به تێپه‌ڕبوونی كات و تێكه‌ڵاویان له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بدا ناوه‌كه‌یان بووه به جونبڵات .
كه‌مال جونبڵات یه‌كێكه له سیاسیه گرنگه‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م له وڵاتی لوبناندا كه ڕێكخه‌ری چه‌ند پارت و ڕێكخراوی سیاسی بووه چه‌ندین پله‌و پۆستی حكومیشی به‌ڕێوه بردووه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی دوای مردنی مامی سه‌رپه‌رشتی بنه‌ماڵه‌ی جونبڵاتی كه‌وتوه‌ته ئه‌ستۆ، له سه‌رده‌می شۆڕشی ئه‌یلولیشدا جگه له‌وه‌ی پشتیوانی ته‌واوی كوردانی لوبنانی بۆ شۆڕش ده‌ربڕیووه چه‌ند جارێكیش چاوی به‌سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی ئه‌یلول كه‌وتووه له‌وانه‌ش سه‌ردانی تایبه‌تی بۆ لای ( مه‌لا مسته‌فای بارزانی ).
له به‌رواری (16-3-1977) له لایه‌ن ده‌زگای هه‌واڵگری سوری و ڕژێمی به‌عسی سوریه‌وه به ئۆتۆمبێلێك كه تابلۆی ئێراقی هه‌ڵگرتبوو له‌گه‌ڵ دووان له هاوه‌ڵه‌كانیدا تیرۆر ده‌كرێن، دوا به دوای تیرۆر كردنه‌كه‌شی پشێویه‌كی زۆر ده‌كه‌وێته نێوان بنه‌ماڵه‌كه‌یان و مه‌سیحیه‌كانی ناوچه‌كه‌وه كه زۆربه‌یان سه‌ر به حیزبی به‌عس بوون له ئه‌نجامدا (144) مه‌سیحی ده‌كوژرێت و چه‌ندین كوردیش .
سێهه‌م: كچه چالاكوان ( حه‌نان عوسمان )یه‌كێكه له كچه چالاكوانه‌كانی كوردی لوبنان كه به شێوه‌یه‌كی زۆر كارا له هه‌وڵی كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگی كورده‌كانی لوبناندایه، له نوێترین هه‌وڵیشیدا بۆ چوونه ناو كایه‌ی سیاسی و به‌شداری كردنی كورد له سیاسه‌تی ئه‌و وڵاته‌دا خۆكاندیدكردنی بوو بۆ هه‌ڵبژاردنه په‌رله‌مانیه‌كه‌ی ساڵی 2018 له‌سه‌ر لیستی (صوت الناس) ده‌نگی گه‌ل هه‌رچه‌نده نه‌یتوانی ده‌نگی ته‌واو بهێنێت بۆ چوونه ناو په‌رله‌مان به‌ڵام به هه‌وڵێكی بوێرانه ئه‌ژمار كرا كه بۆ یه‌كه‌م جار كوردێك به‌ناوی كورده‌كانه‌وه و بۆ داواكردنی مافی كورد خۆی كاندید بكات .
پارت و ڕێكخراوه كوردیه‌كانی لوبنان
كورده‌كانی لوبنان وه‌ك سه‌رجه‌م هاوڵاتیانی لوبنان دابه‌شی سه‌ر پارت و لایه‌نه سیاسیه‌كانی ئه‌و وڵاته بوونه به‌ڵام زیاترینیان له پارته سوننی مه‌زهه‌به‌كانه‌وه نزیكن، له كۆتایی ساڵی نه‌وه‌ده‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا چه‌ند هه‌وڵێكیان داوه كه پارت و ڕێكخراوی خۆیان هه‌بێت كه بتوانن چالاكی و كاره‌كانی خۆیانی تیادا ڕێكبخه‌ن، له‌و پێناوه‌شدا چه‌ند پارت و ڕێكخراوێكیان دروستكردووه كه لێره‌دا ئاماژه به ناوه‌كانیان ده‌ده‌ین :
1-پارتی وه‌لائی نیشتیمانی
2-حزب رزگاری الكردی
3-كۆمه‌ڵه‌ی خێرخوازی كورده‌كانی لوبنان
4-جمعیە صلاح ا‌لدین الخیریه الكردیه
5-رابگە نوروز الثقافیە – الاجتماعیە
ئه‌مه دیارترین ئه‌و پارت و ڕێكخراوانه‌یه كه كورده‌كانی لوبنان هه‌یانه .
لێره‌دا پێویسته ئاماژه به‌وه بده‌ین كه كورده‌كانی لوبنان له ڕووی ئاینداریه‌وه زۆربه‌یان موسوڵمانی سوننه مه‌زهه‌بن، وه به‌شێكیان شیعه مه‌زهه‌بن، هه‌روه‌ها مه‌سیحی و دروزیشیان هه‌یه ، درووزه‌كان له بیروباوه‌ڕه‌وه زیاتر له بیر‌و ڕای كورده كاكهییهكانهوه نزیكن، ئهگهیر بمانه‌وێت له‌سه‌ر كورده‌كانی لوبنان بنووسین چه‌ندین كتێب و لێكۆڵینه‌وه‌ی ده‌وێت به‌ڵام لێره‌دا من ته‌نها ده‌مه‌وێت به‌شێك له میێژووی ونی نه‌ته‌وه‌كه‌مان به نه‌وه‌ی تازه‌ی كورد بناسێنم كه به داخه‌وه زۆربه‌یان له مێژووی نه‌ته‌وه‌كه‌مان بێ ئاگاین، پشت به خوا له دوو توێی كتێبێكدا زیاتر له‌سه‌ر كوردانی دوور له نیشتمان ده‌خه‌ینه ڕوو.
له زنجیره‌ی داهاتوودا زنجیره‌ی پێنجه‌م باسی كورده‌كانی وڵاتی میسر ده‌كه‌ین پشت به خوا هه‌ر له سایتی ڕه‌نگینی چاوی كورده‌وه.
سه‌رچاوه‌كان :
1-شه‌ره‌فنامه شه‌ره‌ف خانی به‌دلیس
2-كورد و كوردستان محمد امین زه‌كی
3-خلاصە اڵاثر المۆرخ العربی محمد امین المحبی
4-تراجم علما‌و طرابلس عبدالله حبیب نوفل
5-اكراد لبنان وسوریا ادیب المعوض
6-صورە اڵارض ابن حوقل
7-چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌ڕێز (مه‌ریوان كه‌ریم ئاغای هه‌مه‌وه‌ند)