زانای ئاینیی کورد ئەبوبەکر ئەفەندی ساڵی ١٨١٤ لە دەڤەری خۆشناوەتی لە باشووری کوردستان لە دایک بووە. لە گوندی خۆیان خوێندنی سەرەتایی تەواو کردووە، پاشان بۆ خوێندن ڕووی لە ئیستانبوڵ کردووە و پێنج ساڵ لەوێ ماوەتەوە. ماوەیەکیش لە بەغدا خوێندوویەتی و دواتر لەوێوە بە خێزانەوە کۆچیان کردووە بۆ ئەرزەڕووم.
باشووری ئەفریکا کە لە ساڵی ١٨٠٥وە کەوتبووە ژێر دەستی ئینگلیزەکان، کەمینەیەکی مسوڵمانی بەڕەچەڵەک هندستانی و مالیزیایی تێدا دەژیا. ئەو مسوڵمانانە بە هۆی جیاوازیی بیر و بۆچوونیان سەبارەت بە چۆنیەتیی پەیڕەویکردن لە ئاین، بەردەوام کێشەی ناوخۆییان هەبوو. لەبەرئەوە ڕۆژی ١٦ی نیسانی ١٨٦٢ داواخوازینامەکیان بۆ فەرمانڕەوای ئینگلیزی باشووری ئەفریکا بەرز کردەوە و تیایدا داوایان کرد لە ئیمپراتۆریای عوسمانییەوە زانایەکی ئاینییان بۆ بنێردرێت. فەرمانڕەوای ئینگلیز لەندەنی لە بابەتەکە ئاگادار کردەوە، شاژن ڤیکتۆریا بێ دواکەوتن نامەیەکی بۆ سوڵتان عەبدولعەزیز نارد و داوای زانایەکی ئاینی لێ کرد.
وەزارەتی خارجیە “وەزارەتی دەوەرەی دەوڵەتی عوسمانی” ئەحمەد جەودەت پاشای ڕاسپارد بۆ دەستنیشانکردنی زانایەکی ئاینیی شیاو و لێهاتوو. دیوانی ئەحکامی عەدلیە ڕۆژی ٢٦ی ئایاری ١٨٦٢ بە بڕیارێک ئەبوبەکر ئەفەندی بۆ ئەو ئەرکە هەڵبژارد و سوڵتانیش واژۆی لەسەر بڕیارەکە کرد. بەپێی ئەو بڕیارە، مووچەیەکی ٢٥ لیرەیی بۆ ئەبوبەکر ئەفەندی جێگیر کرا، ٧٥٠٠ قرووش بۆ گەشت و یاریدەرێک و کۆمەڵێک کتێبی پێویستیشی بۆ دابین کرا.
ئەبوبەکر ئەفەندی ڕۆژی ٣ی ئەیلوولی ١٨٦٢ لە ئیستانبوڵەوە بەرەو پاریس و لەوێشەوە بۆ لەندەن بەڕێ کەوت. پاش دوو مانگ مانەوە لەوێ، لە لیڤەرپوولەوە دەستی بە گەشتەکەی کرد و ڕۆژی ١٧ی کانوونی دووەمی ١٨٦٣ گەیشتە کیپ تاون. ئەبوبەکر ئەفەندی بەدرێژایی مانەوەی و تا ساڵی مردنی، سەرقاڵی ڕێکخستنەوەی ژیانی ئاینی و کۆمەڵایەتیی مسوڵمانەکانی باشووری ئەفریکا بوو. لەو پێناوەدا هەردوو زمانی هۆڵەندی و ئینگلیزی فێر بوو و کۆمەڵێک کتێبی بەو دوو زمانە نووسی. چەند جارێکیش ئینگلیزەکان ناردیان بۆ مۆزەمبیق بەمەبەستی ڕێکخستنەوەی ژیانی ئاینی و کۆمەڵایەتیی مسوڵمانانی ئەو وڵاتە. ساڵی ١٨٧٠ لەپای کتێبی “بیان الدین” خەڵاتی “مەجیدیە”ی عوسمانی پێ بەخشرا.
ئەبوبەکر ئەفەندی لە کیپ تاون ژیانی هاوسەرێتی لەگەڵ کچێکی هۆڵەنەدی پێکەوە نا و پاش ماوەیەکیش کچی جێریمیا کوکی خزمی دەریاوانی بەناوبانگی ئینگلیز جەیمس کوکی خواست. لە هاوسەری دووەمی، سێ کوڕی بوو بە ناوەکانی ئەحمەد عەتاڵا، هیشام نیعمەتوڵا و عومەر جەلالەدین. ساڵانی دواتر ئەحمەد عەتاڵا کرا بە باڵیۆزی دەوڵەتی عوسمانی لە سەنگاپورا. ئەبوبەکر پاش مردنی، شەش منداڵی لە پاش بەجێ ما کە پێ دەچێت سیانەکەی تریان کچ بووبن، بۆیە ئاماژە بە ناوەکانیان نەکراوە. نەوە و نەوەزاکانی وی لەم سەردەمەدا لە باشووری ئەفریکا، ئەمریکا، ئوسترالیا و چەند وڵاتێکی ئەوروپایی دەژین.
حکوومەتی باشووری ئەفریکا ساڵی ١٩٧٨ بە بۆنەی یادی ١١٥ ساڵەی گەیشتنییەوە بۆ کیپ تاون “مۆزەخانەی ئەبوبەکر ئەفەندی” کردەوە بۆ پاراستنی کەلوپەل و بەڵگەنامە و هەموو شتێکی تایبەت بە ئەبوبەکر ئەفەندی و منداڵ و نەوەکانی.