4.به‌دواداهاته‌کانی سیاسه‌ته زمانییه‌کانی په‌هله‌ویی یه‌که‌م له کوردستان
ئه‌گه‌رچی هه‌وڵه‌کانی ڕۆشنبیران و ده‌وڵه‌تی په‌هله‌ویی، به ئاڕاسته‌ی په‌ره‌پێدان و گه‌شه‌دان به زمانی فارسی له نێو نه‌ته‌وه‌کانی ئێران، به ئامانجی به‌هێزکردنی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی و پووچه‌ڵکردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌کانی پانتورک و پانعه‌ره‌به‌کان (هه‌ردووکیان به پێداگری له‌سه‌ر ڕه‌گه‌ز و توخمی زمان، چاویان بڕیبووه به‌شێک له خاکی ئێران) له ئازه‌ربایجان و خوزستان، بابه‌تێکی به‌جێ و قبووڵکراوه، به‌ڵام پێداگری له شێوازی زۆره‌ملی و تۆپزانه و سزاده‌رانه له‌باتی شێوازی هاندرانه و پاڵنه‌رانه به ئاڕاسته‌ی په‌ره‌پێدانی زمانی فارسی که سه‌ده‌گه‌لێک پێش ئێستا له هه‌موو قه‌ڵه‌مڕه‌وی ئێران و ته‌نانه‌ت له سنووری ئێرانیش سه‌رووتر وه‌کوو زمانی نووسین به‌کار براوه، له لایه‌ک و هه‌وڵه ڕێکخراوه‌کانی ده‌وڵه‌ت به ئاڕاسته‌ی لاوازکردن و له‌ناوبردنی زاراوه و زمانه‌کانی نه‌ته‌وه‌کانی دانیشتووی ئێران له لایه‌کی دیکه‌وه، بووه هۆی ئه‌وه‌ی تاکوو ئه‌م بابه‌ته له‌باتی ئه‌نجامی ئه‌رێنی و چاوه‌ڕوانکراو به‌دواداهاتگه‌لێکی نه‌خوازراو و سه‌رسووڕهێنه‌ر به‌دی بێنیت. له واقیعدا ده‌وڵه‌تی مۆدێڕن به ئاڕاسته‌ی دروستکردنی شووناسی گشتیی سیاسی-که‌لتوری به‌گرتنه‌به‌ری سیاستگه‌لی تووندئاژۆ و تووندوتیژ و به پێداگری ڕاده‌به‌ده‌ر له‌سه‌ر هه‌ندێک له بنه‌ماکان له درێژماوه‌دا بووه هۆی دروستبوونی دابڕان و قه‌ڵشتی شوناسی له ئێران. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که ده‌وڵه‌ته‌کانی پێش په‌هله‌وی هه‌وڵگه‌لێکی پلانداڕێژراوانه‌یان بۆ په‌ره‌پێدان و سه‌پاندنی زمانی فارسی له نیو نه‌ته‌وه‌کانی نیشته‌جێی ئێران‌دا نه‌بوو، له ڕابردووه دوور و نیزیکه‌کانه‌وه نه‌ک ته‌نها ئێرانییه‌کان، به‌ڵکوو ژماره‌یه‌کی زۆر له نیوه دوورگه‌ی هیند و ئاسیای بچووکیش به زمانی فارسی و عه‌ره‌بی ڕاهاتبوون و خوێندبوویان. له‌م نێوانه‌دا زانا و شاعیر و ئه‌دیبه کورده‌کان له هه‌مان سه‌ره‌تاوه به‌رهه‌مه‌کانی خۆیان به فارسی نووسیوه، پاش جودابوونه‌وه‌ی کوردستان له وڵاتی سه‌ره‌کی خۆی واته ئێران، هیچ کات کورده‌کان له‌گه‌ڵ ئیمپراتۆریی عوسمانی و ده‌وڵه‌ته عه‌ره‌بییه‌کانی دوای ئه‌وان نه‌گه‌یشتنه په‌یوه‌ندییه‌کی که‌لتووری، مێژوویی، ئه‌ده‌بی، عیرفانی و ته‌نانه‌ت کۆمه‌ڵایه‌تی، و شاعیر و هونه‌رمه‌نده کورده‌کان له میزۆپوتامیا بووه‌ن به ئاڵاهه‌ڵگر و په‌ره‌پێده‌ری ئه‌ده‌بی فارسی. دابینکردنی به‌شێک له دیوانی شاعیرانی دیار و به‌رجه‌سته‌ی ئه‌ده‌بی کوردی وه‌کوو نالی، مه‌حوی، حاجی قادری کۆیی و زۆرێکی دیکه بۆ زمانی فارسی، خۆی پیشانده‌ری سه‌رنج، بایه‌خ و هۆگریی گه‌وره‌پیاوان و زانایان و شاعیرانی کوردی دانیشتووی وڵاتانی ئێراق و تورکیا و سووریا به زمانی فارسی.
هه‌روه‌ها زۆربه‌ی مێژوونوسانی کورد به‌رهه‌مه‌کانی خۆیان له‌باره‌ی مێژووی ناوچه کوردنشینه‌کان و عێل و عه‌شره‌ت و میرنشینه کوردییه‌کان به زمانی فارسی نووسیوه، ده‌کرێ له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌دا ئاماژه به شه‌ره‌فنامه‌ی به‌دلیسی له سه‌رده‌می سه‌فه‌وی، زوبده‌تولته‌واریخ، مێژووی میره‌کانی ئه‌رده‌ڵان(تاریخ امرای اردلان)، لوبولته‌واریخ، حه‌دیقه‌ی ناسیری، و توحفه‌ی ناسیری له سه‌رده‌می قه‌جه‌ر بکه‌ین. هه‌ر له‌م قۆناغه‌دا مه‌ستووره‌ی ئه‌رده‌ڵان، شاعیر و مێژوونووسی کورد به نووسینی کتێبی “مێژووی ئه‌رده‌ڵان” له 1202 مانگی بوو به ده‌گمه‌ن مێژوونووسانی ژن له ئێران که تا ئه‌و سه‌رده‌مه نووسیبوویان. هه‌روه‌ها به‌شێک له‌و کتێبانه‌ی که له خوێندنگا کۆنه‌کان و حه‌وزه زانسیتییه‌کانی کوردستان ده‌گوتراوه به زمانی فارسی بوون و هه‌موو ده‌رچووانی ئه‌م ناوه‌ندانه ناسیاوه‌تیی ته‌واویان له‌گه‌ڵ زمانی فارسی‌دا هه‌بوو.
لێکدانه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندن بارودۆخی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیی ناوچه کوردنشینه‌کان پاش که‌وتنی ڕه‌زا شا به ڕوونی پیشان ده‌دات؛ سیاسه‌ته زمانییه‌کانی په‌هله‌ویی یه‌که‌م نه‌ک ته‌نها به باری په‌ره‌پێدانی زمانی فارسی و به‌هێزکردنی ڕۆحی نه‌ته‌وه‌خوازیی ئێرانی له نێو کورده‌کاندا نه‌شکایه‌وه، به‌ڵکوو به‌پێچه‌وانه‌وه تاڕاده‌یه‌ک له هۆگری و په‌یوه‌ستبوونی کۆنی کورده‌کان بۆ زمان و ئه‌ده‌بی فارسی که‌م بوویه‌وه، بووه هۆی ئه‌وه‌ی که ئه‌وان پێ‌داگر بن له‌سه‌ر به‌کارهێنانی زمانی کوردی وه‌کوو زمانی نووسین. له سه‌رده‌می کورتی ته‌مه‌نی کۆماری کوردستان له مه‌هاباد، بۆکان، شنۆ، به‌کارهێنانی کتێبه فارسییه‌کان له قوتابخانه‌کان قه‌ده‌غه بوو و بۆ چاپکردنی کتێبه‌کانی قوتابخانه به زمانی کوردی، زه‌حمه‌تێکی زۆر کێشرا و ته‌نانه‌ت به فه‌رمانی “قازی محه‌مه‌د” هه‌وڵدرا بۆ ژماره‌یه‌ک له وشه باوه عه‌ره‌بی و فارسییه‌کان و به تایبه‌تی بۆ ده‌سته‌واژه سه‌ربازییه‌کان، جێگره‌وه و هاوتای ڕه‌سه‌نی کوردی بدۆزرێته‌وه. خاڵی جێی سه‌رنج ئه‌وه‌یه ئه‌م کاره به که‌سانێک ڕاسپێردرابوو که زۆربه‌یان گه‌نجانی ده‌رچووی قوتابخانه ده‌وڵه‌تییه‌کان بوون. ئه‌م بابه‌ته به باشی ده‌ریده‌خات که له کۆمه‌ڵگا چه‌ند زمانه‌کان هه‌رکاتێک ده‌وڵه‌ت به‌که‌ڵکوه‌رگرتن له نوێڵ و لۆسه جۆراوجۆره‌کان ته‌نها به ئاڕاسته‌ی به‌هێزکردنی زمانی زاڵدا بجووڵێته‌وه، نه‌ته‌وه‌ی به‌رمه‌به‌ستیش زمانه‌که‌ی وه‌کوو ئامرازێکی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و شوناسی جیاواز له هه‌مبه‌ر هه‌ڕه‌شه‌که‌یدا داده‌نێت.
قه‌ده‌غه‌کردنی به‌کارهێنانی زمانی کوردی و پێداگریی و داکۆکی له وانه‌وتنه‌وه به زمانی فارسی له سه‌ره‌تای ده‌سپێکردنی خوێندندا بووه هۆی ڕق و نه‌فره‌تی قوتابییه‌کان له خوێندن و پێشوازینه‌کردنیان له قوتابخانه نوێکان. (هێمن)، له ڕۆشنبیران و شاعیرانی کورد، که ڕۆڵێکی گرینگی له گۆڕانکارییه سیاسییه‌کانی پاش ڕووخان و که‌وتنی ڕه‌زاشا له مه‌هاباد هه‌بوو، له بیره‌وه‌رییه‌کانی خۆی ئاماژه به‌م بابه‌ته ده‌کات و ده‌ڵێت:-
“من له ژیانمدا ڕۆژی ڕه‌ش و تاڵم زۆر دیون، به‌ڵام ڕۆژی ڕه‌شتر و تاڵترم له‌و ڕۆژه نه‌دیوه که چوومه مه‌دره‌سه. مامۆستاکه‌م که خۆی کورد بوو و دوایه‌ش تێگه‌یشتم فارسی باش نازانێ، به فارسی تێی ڕاخوڕیم هیچی تێ نه‌گه‌یشتم. هاوده‌رسه‌کانم که هه‌موویان له من باوخۆشتر بوون پێم پێکه‌نین، زۆر به‌خۆمدا شکامه‌وه.ماوه‌یه‌ک به‌شه‌و له‌بن لێفه‌دا له ترسی مه‌دره‌سه ده‌گریام و به‌یانی به قرخه‌مه‌ره‌سی ده‌چوومه‌وه. “(پێشه‌کی دیوانی تاریک وڕوون)
یه‌کێکی دیکه له کاریگه‌رییه‌کانی سیاسه‌ته زمانییه‌کانی حوکوومه‌تی په‌هله‌ویی یه‌که‌م به‌پیرچوونی ده‌وڵه‌تی یه‌کێتی سۆڤییه‌ت بوو له لایه‌ن هه‌ندێک له ڕۆشنبیران و خوێنده‌وارنی کورد. بڵاوکردنه‌وه‌ی ڕاگه‌یاندنگه‌لێک له‌لایه‌ن فڕۆکه‌کانی یه‌کێتی سۆڤییه‌ت له ساڵی 1320ی هه‌تاوی بووه هۆی جۆش و خرۆش و شادی خه‌ڵکی ناوچه‌که و جۆرێک هۆگریی ئه‌وان بۆ ئه‌و وڵاته. مامۆستا هێمن به‌م شێوه‌یه باسی ئه‌م بابه‌ته ده‌کات:-
“له مانگی خه‌رمانانی 1320هه‌تاوی (1941) ڕۆژێکی چووبوو‌مه سه‌ر خه‌رمانان. کرێکاره‌کانمان خه‌ریکی مالووسک و زرینگاندنه‌وه و باڵه‌که‌و بوون و منیش له کنیان بووم و ئه‌سپه‌که‌م وه‌سه‌ر کوێزر کردبوو. ئه‌وده‌می فڕۆکه و ماشین زۆر که‌م بوون و خه‌ڵک پێی سه‌یر بوون، له‌پڕ دوو فڕۆکه‌ی ڕه‌شی زه‌لام په‌یدا بوون. ئێمه تا وێستا فڕۆکه‌ی ئه‌وه‌نده زلمان به ئاسمانه‌وه نه‌دیبوو. هه‌موو ده‌ستیان له‌کار هه‌ڵگرت و ته‌ماشای فڕۆکه‌کانیان ده‌کرد. دیمان فڕۆکه‌کان نێزیک بوونه‌وه و نه‌وی بوون و کاغه‌زیان به‌ردانه‌وه. هه‌موویان ڕایان کرد بزانن چییه؟ ژنێک له پێش هه‌موواندا گه‌ڕاوه و کاغه‌زێکی دامێ و گووتی؛ ها به قوربانت بم بیخوێنه‌وه بزانه چییه و چی تێدا نووسراوه؟ بڕوا بکه‌ن وه‌ختابوو له خۆشیان باڵ بگرم. ئه‌و کاغه‌زه به‌یاننامێک بوو که به زمانی کوردی نووسرابوو. چۆن ئه‌وه خه‌ونه یا ڕاستییه؟ ده‌وڵه‌تێکی گه‌وره‌ی وه‌ک یه‌کێتی سووێتی به زمانی کوردی به‌یاننامه بڵاو بکاته‌وه، بۆ من هه‌روا که‌م نه‌بوو. بۆ من که شێت و شه‌یدای زمانی کوردی بوم ئه‌م په‌ڕه کاغه‌زه به‌س بوو که له خۆشیان شاگه‌شکه‌م بکا). هه‌وره‌ها خاتوو سه‌یادیان، به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی کچانه‌ی مه‌هاباد، له یه‌کێک له لێدوانه‌کانی به‌بۆنه‌ی دامه‌زراندنی کۆماری کوردستان له ساڵی 1324ی هه‌تاوی (1946)به ئاماژه به‌مه‌ی که (تا پێش ئێستا و ئه‌م کاته ئێمه له چرنووکی دیکتاتۆرییه‌تدا گریمان خواردبوو و نه‌مانده‌توانی به زمانی دایکیمان بخوێنین)، له‌سه‌ر ئه‌مه‌ش پێداگری ده‌کات که (له ئه‌نجامدا له شه‌ڕی گه‌وره‌ی جیهانی به ده‌ستی تاقه‌سواری گۆڕه‌پانی ئازادی، مارشال ئیستالین، نه‌ته‌وکه‌مان له ژێر پۆشتاڵی دیکتاتۆرییه‌ت ڕزگاری بووه، ئێسته ده‌توانین به زمانی خۆمان ئه‌رکه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانمان ڕاپه‌ڕێنین و هۆگری و حه‌زی خۆمان بۆ نه‌ته‌وه‌گه‌رایی ده‌رببڕین). ئێستا ئه‌گه‌ر ڕق و نه‌فره‌ت و ترسی خه‌ڵکی کوردستان له ڕووسه‌کان به‌هۆی سته‌م و تاوانه‌کانیان به درێژایی جه‌نگی یه‌که‌می جیهانی له‌گه‌ڵ هۆگری و لایه‌نگری له ده‌وڵه‌تی یه‌کێتی سۆڤییه‌ت پاش جه‌نگی دووهه‌می جیهانیی به‌راورد بکه‌ین، له یه‌کێک له به‌دواداهاته نێگه‌تیڤ و نه‌رێنییه‌کانی سیاسه‌تی یه‌کده‌ستکردنه‌وه و یه‌کسانکردنه‌وه‌ی زمانیی سه‌رده‌می ڕه‌زاشا تێده‌گه‌ین، ده‌بینین که وڵاتێکی وه‌کوو یه‌کێتی سۆڤییه‌ت که له کۆماره‌کانی ژێر ده‌سه‌ڵاتیدا به تایبه‌تی له ئاسیای ناوه‌ڕاستدا هه‌موو هه‌وڵی خۆی بۆ په‌ره‌پێدانی زمانی ڕووسی و قه‌ده‌غه‌کردنی زمانه‌کانی دیکه وه‌کوو فارسی به‌کاربردبوو، له پێناوی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیدا، به هه‌ستان بۆ ئه‌نجامدانی کارگه‌لێکی وه‌کوو بڵاوکردنه‌وه‌ی ڕاگه‌یاندن به زمانی کوردی له ڕق و نه‌فره‌تی هه‌ڵخیزراو له قه‌ده‌غه‌کردنی زمانی کوردی دانیشتووانی ناوچه کوردنشینه‌کان به ئاڕاسته و له پێناوی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیدا که‌ڵکی وه‌رگرتووه.
له کۆتاییدا؛ ده‌بێ بگوترێت پێداگریی له سه‌ر ناسیۆنالیزمی زێده‌ڕۆیانه و تووندئاژۆیانه‌ی ئێرانیخواز که ڕوو و لایه‌نی دیکه‌ی ڕه‌تکردنه‌وه و نکووڵیکردنی جیاوازیی فه‌رهه‌نگیی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه بووه، بووه‌ته هۆی تۆختربوونه‌وه‌ی ناسیۆنالیزمی ئیتنیکی و نه‌ته‌وه‌یی و دووربوونه‌وه‌ی کورده‌کان له حوکوومه‌تی ناوه‌ندی و هه‌وڵدان بۆ دروستکردن و دامه‌زراندنی حوکوومه‌تی خودموختار و ئۆتۆنۆم له ناوچه‌که‌دا. ئه‌م ڕووداوه که پاش داگیرکردنی ئێران و دوورخستنه‌وه‌ی ڕه‌زاشا هاته ئاراوه، بوو به‌هۆی دامه‌زراندنی کۆماری خودموختار له مه‌هاباد. ئه‌گه‌ر سه‌رنجێک بده‌یه‌نه وتار و لێدوان و بابه‌ته‌کانی ڕۆژنامه‌ی کوردستان، ئۆرگانی فه‌رمیی حیزبی دیموکراتی کوردستان، تێده‌گه‌ین که زۆربه‌ی که‌سه‌کان هۆکاری ئاره‌زوو و حه‌زیان به‌ره‌و خودموختاری و دامه‌زراندنی کۆماری کوردستان له مه‌هاباد، به ده‌رهاوێشته‌ی زوڵم و سته‌م و سیاسته هه‌ڵه و چه‌وته که‌لتوورییه‌کانی ڕه‌زاشا، به‌تایبه‌تی قه‌ده‌غه‌کردنی به‌کارهێنانی زمان و جولوبه‌رگی خۆجێیی، زانیوه.
5-ئه‌نجامگیری
به سه‌رنجدان به گرینگی و بایه‌خی زۆری گه‌شه‌سه‌ندنی زمان له گه‌یشتن به یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی، حکوومه‌تی په‌هله‌ویی یه‌که‌م هه‌وڵی دا تاکوو به دامه‌زراندنی قوتابخانه نوێکان، ته‌عیینکردنی مامۆستا فارس و ناخۆجێیه‌کان، ناردنی گۆڤاری خۆڕایی و به‌لاش و ڕێکخستنی کۆڕگه‌لی جۆراوجۆر، زمانی فارسی له ناوچه‌گه‌لێکی وه‌کوو کوردستان په‌ره پێ بدات و له هه‌مان حاڵ‌دا به جیدییه‌ت و به‌کارهێنانی زۆر، هه‌موو هه‌وڵی خۆی بۆ لاوازکردن و لابردن و نه‌هێشتنی زمانه ئێرانی و غه‌یری ئێرانییه‌کان و هه‌روه‌ها زاراوه خۆجێیه‌کان به‌کار هێنا. ئه‌م سیاسه‌ته سه‌ره‌ڕای دروستکردنی ڕق و نه‌فره‌ت له ناو کورده‌کاندا به نیسبه‌ت حوکوومه‌تی په‌هله‌وی، بووه هۆی زیادبوونی خواست و ئاره‌زووه نه‌ته‌وه‌ییخوازانه‌کان و پاش ڕووخان و نه‌مانی ڕه‌زاشا خۆی وه‌کوو هه‌وڵ بۆ به‌ده‌ستهێنانی خودموختاری پیشاندا. ئه‌م بابه‌ته ده‌ریخست که به سه‌رنجدان به‌مه‌ی که زمان گرینگ‌ترین توخمی شوناسی کۆمه‌ڵگایه‌که و له‌خۆگری یاده‌وه‌ریی مێژوویی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌یه، هه‌ر جۆره هه‌وڵیک بۆ لاوازکردن، نه‌هێشتن و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی زمان و زاراوه باوه‌کان له ئێران نه‌ک ته‌نها کارێکی ئاوه‌زمه‌ندانه و عه‌قڵانی نییه، به‌ڵکوو به‌دڵنیاییه‌وه پرۆسێسی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک کێشه و له‌مپه‌ر و مه‌ترسی ڕووبه‌ڕوو ده‌کاته‌وه. به له‌به‌رچاوگرتنی شکستی سیاسه‌تی یه‌کسانسازی و یه‌کده‌ستکردنه‌وه‌ی که‌لتووری له سه‌رده‌می ڕه‌زا شا، ده‌کرێ بڵێین؛
که‌ڵکوه‌رگرتن و به‌کارهێنانی سه‌رچه‌شن و مۆدێلی سیاسه‌تی فره‌ڕه‌نگی و پلۆرالیزمی که‌لتووری، به سه‌رنجدان به پێشزه‌مینه مێژوویی و خۆجێیه‌کانی کۆمه‌ڵگایه‌کی چه‌ند نه‌ته‌وه‌یی و چه‌ند ئیتنیکی وه‌کوو ئیران، دروست و کارایه و یه‌کێکه له شێوازه به‌سووده‌کان بۆ پاراستنی شیرازه و ڕێکوپێکی و ته‌کوزی نه‌ته‌وه‌یی. هه‌ڵبه‌ت به سه‌رنجدان به ڕۆڵ و ئه‌رکی مێژوویی زمانی فارسی له یه‌کخستن و هاودڵکردنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌کانی نیشته‌جێی ئێران، پێویسته له هه‌ر جۆره سیاسه‌تێکی توندئاژۆیانه و زێده‌ڕۆیانه و سه‌پێنه‌رانه که لاواز کردن و له‌ناوبردنی زمانه‌کان و زاراوه‌کانی نه‌ته‌وه و ئیتنیکه‌کانی دیکه‌ی به‌دوادابێت، دوور بکه‌وینه‌وه و ده‌بێت به ئاڕاسته‌ی گه‌شه‌پیدانی ئه‌م زمانه نه‌ک ته‌نها له ئێران به‌ڵکوو له هه‌موو قوژبن و گۆشه‌یه‌کی دونیادا له هیچ هه‌وڵ و تێکۆشانێک درێخ نه‌کرێت.
سه‌رچاوه و په‌راوێزه‌کان
1-مطالعات تاريخ فرهنگي؛ پژوه شنامه ي انجمن ايراني تاريخ، سال هشتم، شماره ي سي ام، زمستان 1395 ، ص‌ص76 77
سياست هاي زباني پهلوي اول در كردستان و پيامدهاي آن(باتأكيد بر مدارس) حسێن ڕه‌سووڵی، خوێندکاری قۆناغی دوکتۆرای مێژووی ئێرانی سه‌رده‌می ئیسلامی
ڕه‌زا دیهقانی، یاریده‌ده‌ری لقی مێژووی زانکۆی ته‌ورێز، عه‌لیڕه‌زا که‌ریمی، یاریده‌ده‌ری لقی مێژووی زانکۆی ته‌ورێز.
2-ئه‌م وتاره به‌شیکه له نامه‌ی دوکتۆرا له ژێر ناوی(سیاسه‌ته که‌لتوورییه‌کانی په‌هله‌ویی یه‌که‌م له کوردستان)).
ئاماده‌کردن و وه‌رگێڕان: حه‌بیب ساڵحی