“قۆناغەکانی رۆژنامەوانی لە شاری ئامەد”
کاروانی رۆژنامەوانی لە شاری ئامەد بە سێ قۆناغ تێپەڕیوە.
قۆناغی یەکەم:- بەر لە هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و دروستبوونی کۆماری تورکیا، واتا لەساڵی (١٨٦٩) دەستپێدەکات.
قۆناغی دووەم:- لەدوای دروستبوونی کۆماری تورکیا لەساڵی (١٩٢٣) دەستپێدەکات، بە تایبەتیش لەساڵەکانی (١٩٢٥-١٩٣٠) کە لە تورکیا بڕیاری قەدەغەی بەکارهێنانی زمانی کوردی لە (ئاخافتن، خوێندن، چاپ و بڵاوکردنەوە) درا و هەروەها بڕیاری قەدەغەی بەکارهێنانی رێنووسی ئارامی (عەرەبی) لە سەرانسەری تورکیا درا و لەبەرامبەردا تەنیا رێنووسی لاتینی بۆ زمانی تورکی بەکارهێنرا.
قۆناغی سێیەم:- لەدوای سەرهەڵدانە جەماوەرییەکانی ساڵەکانی (١٩٩٠-١٩٩١) دەست پێدەکات کە “توروگوت ئۆزالی” سەرۆکی ئەوسای تورکیا ناچار بوو دان بەوەدا بنێت کە کورد لە تورکیا هەیە و رێگا بدات ئاخافتن بەزمانی کوردی لە هەندێك ناوچەی باکووری کوردستان سەربەست بێت. لەدوای ئەوە کورد لە تورکیا کەوتنە هەوڵدان و تێکۆشان لەپێناو ئەوەی پەرتووك و رۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوەکانیان بە زمانی کوردی چاپ و بڵاوبکەنەوە. دیارە ئەم قۆناغە بێ مەترسی نەبوو، کە لەم ڕێگایەدا دەیان ڕۆژنامەوانی کورد گیانی خۆیان کردە قوربانی پەیڤی ئازاد و دەیانیشیان ئەشکەنجە و زیندانیکران. ئەم قۆناغەش تا ئەمڕۆ بەردەوامەو رۆژ بەدوای رۆژ زیاتر بەرەوپێش چووە. لەساڵی (١٨٦٩) تا ئەمڕۆ زیاتر لە (١٥٠) رۆژنامەو گۆڤار لەناو شاری ئامەد دەرچوونە. ناوەڕۆکی سەرجەم ئەو رۆژنامە و گۆڤارانەی کە لەشاری ئامەد دەرچوونە، دابەشی سەر سێ بەش دەبن:-
بەشی یەکەم:- لەلایەن نیشتمانپەروەرانی کورد و دەزگا و دامەزراوە کوردییەکان دەرچوونە.
بەشی دووەم:- رۆژنامە و گۆڤاری سەربەخۆ و بێ لایەن و وەشانی زانکۆ و رێکخراوە مەدەنییەکان بوونە وەك: شەرق پۆستەسی، یۆل ئیش دیاربەکر، لیسە، تەلەبە مەجموعەسی، گۆڤارەکانی کۆلێژی پەروەردە، کۆلێژی ئابووری و کارگێڕی، کۆلێژی ڤەتەنەری، پەیمانگای زانستە کۆمەڵایەتییەکان، گۆڤارەکانی سەندیکاکانی پارێزەران و ئەندازیاران و تەکنیکاران….هتد.
بەشی سێیەم:- لەلایەن دەوڵەتی تورکیا و دام و دەزگا و کوردەکانی سەر بە دەوڵەت دەرچوونە کە بەشێک لەوانە بە ئامانجی سیاسی و بانگەشەکردن بۆ دەوڵەت و نکۆڵیکردن لە مافەکانی نەتەوەیی کورد دامەزراون وەك رۆژنامەکانی دیاربەکر، ئۆز دیاربەکر، دیاربەکر سۆز..، و چەند دانەیەکیتر کە ئەو جۆرە رۆژنامانە ناکەونە خانەی مێژووی رۆژنامەوانی کوردی، تەنیا دەبنە بەشێك لە مێژووی رۆژنامەوانی شاری ئامەد و مێژووی رۆژنامەوانی لەسەر خاکی کوردستاندا.
“ڕۆژنامەکانی ئامەد لە ڕووی زمانەوە”
لە رووی زمانیشەوە؛ رۆژنامەو گۆڤارەکانی ئامەد بەمجۆرە دەرچوونە: (کوردی)، (کوردی و تورکی)، (تورکی و عەرەبی و سریانی و کوردی)، (تورکی و عەرەبی و سریانی و فارسی)، (تورکی)، (تورکی و ئەرمەنی)، (تورکی و سریانی)، ( سریانی)، (ئینگلیزی)، (ئینگلیزی و تورکی)، (ئینگلیزی و تورکی و کوردی)، (ئینگلیزی و کوردی). زۆربەی زۆری ئەو رۆژنامە و گۆڤارانەی کە لە شاری ئامەد دەرچوونە هەرێمی و ناوچەیی بوونە، سنووری بڵاوکردنەوەیان تەنیا شاری ئامەد و پارێزگای ئامەد بووە، بەڵام بەشێك لە رۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکانی ئەم دواییە کە لە ئامەد دەرچوونە سەرانسەرین وەك رۆژنامەکانی (ئازادییا وەڵات) و (دەما نوو) کە لە سەرانسەری تورکیا بڵاوکراونەتەوەو نێردراونە دەرەوەی وڵاتیش. هەروەها گۆڤارەکانی بیر، W، کەلها ئامەد، چرۆسك….هتد سەرانسەرین لە تورکیا بڵاودەکرێنەوە و دەنێردرێنە ئەوروپا و بەشەکانیتری کوردستانیش.
“ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی شاری ئاماد”
- ڕۆژنامەی ئامەد سەودا: (رۆژنامە، زانستی، هونەری، کۆمەڵایەتی، وێژەیی). هەر پازدە ڕۆژ جارێك دەرچووە.
شوێنی بڵاوکردنەوە: ئامەد
شوێنی چاپکردن: ئەستەنبوڵ.
زمان: تورکی.
رێنووس: ئارامی.
خاوەنی ئیمتیاز و بەڕێوەبەری: شوکری ئامەدی
سەرنووسەر: عەلی ئەمیری دیاربەکری.
ژمارە: (١) لە رۆژی (٢٠-٢-١٩٠٨)ز دەرچووە، ژمارە (٦) دوا ژمارەیەتی لە ڕۆژی (١٩-٤-١٩٠٨)ز دەرچووە و دوای ئەوە وەستاوە.
- ڕۆژنامەی ئامەد: (رۆژنامەیەکی سەربەخۆی عوسمانییە)، لە شاری ئامەد دەرچووە. .
خاوەنی ئیمتیاز: شوکری ئامەدی.
بەڕێوەبەری: مەحمود نەدیم.
ژمارە:(١) لە رۆژی (٢٢-٤-١٩٠٩) دەرچووە. ئەم رۆژنامەیە هەر زوو وەستاوەو رۆژنامەی (پەیمان) شوێنی ئەوی گرتۆتەوە. یەك ژمارەی رۆژنامەی ئامەد ئێستاکە لە پەرتووکخانەی نیشتمانی تورکیا لە ئەنقەرە هەیە.
- رۆژنامەی پەیمان: رۆژنامە، سیاسی، گشتی، هەفتانەیە. لەسەر یەکەم لاپەڕەی رۆژنامەکە بەزمانی تورکی نووسراوە: (رۆژنامەیەکی هزری سەربەخۆی عوسمانییە، هەموو هەفتەی جارێك لە رۆژانی دووشەممە دەردەچێت)
زمان: تورکی و کوردی “کورمانجی ژووروو” و ئەرمەنی و ئاسووری.
رێنووس: ئارامی.
خاوەن ئیمتیازو بەرێوەبەری بەرپرسیار: شوکری میر کاتیی زادە.
سەرنووسەر: ع.باقی.
ژمارە: (١) لە ڕۆژی (٢٨-٦-١٩٠٩) دەرچووە، ژمارە (٤٧) دوا ژمارەیەتی لە ڕۆژی (٦-١٠-١٩١٠) دەرچووە. سەرجەم ژمارەکانی ئەم رۆژنامەیە ئێستاکە لە مۆزەخانەیەکی شاری ئامەد دانراون.
- رۆژنامەی گازی: رۆژنامە، سیاسی.
(جەمعیەتا کوردستان = کۆمەڵەی کوردستان) دەریکردووە.
شوێنی دەرچوون: ئامەد.
ژمارە:(١) لە ساڵی (١٩١٩)دا دەرچووە، پاش ماوەیەکی کەم و لەهەمان ساڵدا لەگەڵ داخستنی (جەمعیەتا کوردستان) لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکەوە، رۆژنامەی (گازی)ش لە دەرچوون وەستاوە.
- گۆڤاری قوتابیان: گۆڤارێکی پازدە ڕۆژییە لەلایەن (خوێندنگای مامۆستایانی کوڕانی دیاربەکر) دەرچووە. یەکەم ژمارەی لەساڵی (١٩٢٦)دەرچووە، ژمارە (٥)ی ساڵی دووەم لە (١٩٢٧)دا دەرچووە.
- گۆڤاری ماڵی گەنجان: (گۆڤاری مانگانە)، گۆڤارێکە تایبەتە بە گەنجان لەساڵی (١٩٢٧) لەلایەن بنکەی ماڵی گەنجان لەشاری ئامەد بەزمانی تورکی دەرچووە.
- گۆڤاری سەرچاوەی دیجلە: (گۆڤاری ئامادەیی دیاربەکر)
شوێنی دەرچوون: ئامەد.
زمان: تورکی.
مامۆستایان و خوێندکارانی خوێندنگای ئامادەیی دیاربەکر بەرهەمیان تێدا بڵاوکردۆتەوە.
بەڕێوەبەری کاروباری نووسین: جەمال (ج.گۆکچە).
ژمارە: (١) لە ڕۆژی (١-٥-١٩٣٤) دەرچووە، ژمارە: (٦) دوا ژمارەیەتی لە ڕۆژی (١-١٢-١٩٣٥) دەرچووە.
- گۆڤاری نەخۆشخانەی دیاربەکر: گۆڤارێکی تایبەت بووە بە تەندروستی گشتی. لەلایەن نەخۆشخانەی شاری ئامەد بە زمانی تورکی دەرچووە.
خاوەنی ئیمتیاز: د.ئیبراهیم بەرکان.
ژمارە: (١) لە مانگی (٩-١٩٣٤) دەرچووە.
- گۆڤاری شاخی رەش کراو: گۆڤارێکی گشتییە.(لەلایەن ماڵی گەڵ لە ئامەد، مانگی جارێك دەردەچێت).
ژمارە: (١) لەڕۆژی (٢٠-٢-١٩٣٨) دەرچووە، دوا ژمارە (١٣٨) لە مانگی (٦-١٩٥٠) دەرچووە.
- گۆڤاری نەخۆشخانەی نوێ: (گۆڤارێکی پزیشکی سێ مانگییە). لەلایەن نەخۆشخانەی شار ئامەد دەرچووە.
زمان: تورکی.
خاوەنی ئیمتیاز: د.نەشاتی ئوسەر.
ژمارە: (١) لە مانگی (٦-١٩٣٩) دەرچووە، ژمارە: (٥ و ٦) کە بەیەکەوە دەرچوونە دوا ژمارەیەتی لەمانگی (٧-١٩٤٠) دەرچووە.
- دەنگی یەکێتی: بڵاوکراوەیەکی، گشتیی خوێندکارییە. (خوێندکارانی ئامادەیی دیاربەکر) ئامادەیان کردووە.
ژمارە: (١) لەساڵی (١٩٥١) بەزمانی تورکی دەرچووە و تەنیا ئەم تاکە ژمارەی لێ بڵاوکراوەتەوە.
- ئامادەیی: بڵاوکراوەیەکی خوێندکاری بووە. (بەشی وێژەیی ئامادەیی دیاربەکر) دەریکردووە.
شوێنی دەرچوون: ئامەد.
زمان: تورکی.
تەنیا یەك ژمارەی لەساڵی (١٩٥٢) لێ بڵاوکراوەتەوە.
- گۆڤاری دیجلە: (گۆڤارێکی رۆشنبیری و پەروەردەیی مانگانەیە)، لەلایەن (کۆمەڵەی مامۆستایانی دیاربەکر) دەرچووە.
ژمارە: (١)ی ساڵی یەکەم لەمانگی (٤-١٩٥٢) دەرچووە.
- زانیاری کشتوکاڵی: (بڵاوکراوەیەکی مانگانەی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵییە). (بەڕێوەبەرایەتی تەکنیکی کشتوکاڵی دیاربەکر) دەریکردووە.
شوێنی دەرچوون: ئامەد.
زمان: تورکی.
ژمارە: (١)ی لەمانگی (١-١٩٥٣) دەرچووە، ژمارە: (٧) دوا ژمارەیەتی لەمانگی (١٠-١٩٥٣) دەرچووە و بەهۆی گرفتی دارایی لەدەرچوون وەستاوە.
- گۆڤاری ڕێباز: (گۆڤارێکی هزری و هونەرییە).
خاوەن و بڵاوکردنەوە: نەوال گورمەریچ.
ژمارە: (١)ی ساڵی یەکەم لە ڕۆژی (١-٢-١٩٥٣) دەرچووە، ژماره: (٧)ی ساڵی یەکەم دوا ژمارەیەتی لەڕۆژی (١٠-٥-١٩٥٣) دەرچووە.
- رۆژنامەی شەوانی پزیشکی: (رۆژنامەیەکی سیاسی، زانستی، کۆمەڵایەتی و میزاهییە. ساڵی یەك جار دەردەچێت). یەك تاکە ژمارەی لە ڕۆژی (١٤-٣-١٩٥٣) دەرچووە.
- گۆڤاری ئامەدی رەش: گۆڤارێکی زانستی، هزری، هونەری، وێژەییە. (پازدە ڕۆژییە)
شوێنی دەرچوون: ئامەد.
زمان: تورکی.
ژمارە: (١)ی لەڕۆژی (١-٤-١٩٥٣) دەرچووە و تا ساڵی (١٩٥٥) (٧) ژمارەی لێ دەرچووە.
- رۆژنامەی دیجلەی نوێ: رۆژنامەیەکی رۆژانەی سیاسی سەربەخۆیە. ژمارە: (١)ی لەڕۆژی (١٩-٥-١٩٥٣) دەرچووە.
- رۆژنامەی دەنگکردن: رۆژنامەیەکی سیاسی سەربەخۆیە، رۆژانی سێشەممە و هەینی دەردەچێت، ژمارە: (١)ی لەرۆژی (٣٠-٦-١٩٥٣) دەرچووە، ژمارە: (٤٧٥) لەساڵی (١٩٥٩) دەرچووە.
- رۆژنامەی ئومێد: خاوەنی ئیمتیاز و بەڕێوەبەری بەرپرسیار: عەبدولستار حەیاتی ئەڤشار (١٩١٨ موسڵ). ژمارە: (١)ی لەرۆژی (٨-١٠-١٩٥٣) دەرچووە و تا ساڵی (١٩٦٤) بەردەوام بووە لە دەرچوون. (چاپخانەی ئومیید و دیموکراسیە گوڤەن).
- رۆژنامەی وەرزشی رۆژهەڵات: رۆژنامەیەکی وەرزشییە.
شوێنی دەرچوون: ئامەد.
زمان: تورکی.
ژمارە: (١)ی لەمانگی (١-١٩٥٤) دەرچووە و هەمووی (٤) ژمارەی لێدەرچووە و لەهەمان ساڵدا لە دەرچوون وەستاوە.
- شەمامۆك: هەفتەنامەیەکی میزاهییە. یەکەمین رۆژنامەی کاریکاتێری و پێکەنینی و توانج ئامێزی شاری ئامەدە. ژمارە: (١)ی لەرۆژی (١١-١٠-١٩٥٣) دەرچووە، تەنیا (٤) ژمارەی لێدەرچووە و وەستاوە.
- رۆژنامەی پۆستەی رۆژهەڵات: رۆژنامە، سیاسی، گشتی، سەربەخۆیە. لەشاری ئامەد دەرچووە.
ژمارە: (١)ی لەساڵی (١٩٥٤) دەرچووە و ماوەی ساڵ و نیوێك بەردەوامبووە لە دەرچوون و دواتر داخراوە. تەنیا لەشاری ئامەد (١٠٠٠) دانەی فرۆشراوە و پڕ فرۆشترین رۆژنامەی سەردەمی خۆی بووە لە باکووری کوردستان.
- گۆڤاری قوپ: گۆڤارێکی هزری-هونەری.
شوێنی دەرچوون: ئامەد.
زمان: تورکی.
ژمارە: (١)ی لەرۆژی (١-٥-١٩٥٧) دەرچووە، ژمارە: (٤) دوا ژمارەیەتی لەرۆژی (١-٣-١٩٥٨) دەرچووە و دوای ئەوە داخراوە.
- رۆژنامەی وڵاتی پێشکەوتوو: جگە لە رۆژانی یەکشەممە، هەموو رۆژێك دەردەچێت، رۆژنامەیەکی سیاسییە. لەگەڵ ئەوەی ئەم رۆژنامەیە بەزمانی تورکی دەرچووە، بەڵام ناو بەناو بەزمانی کوردی “کورمانجی ژووروو” وتار و بەرهەمی کورتی لەناو لاپەڕەکانی ناوەوەیدا بڵاوکردۆتەوە.
رێنووس: لاتینی.
شوێنی دەرچوون: ئامەد.
ژمارە: (١)ی لەرۆژی (٤-٥-١٩٥٨) دەرچووە، تا مانگی (١١-١٩٥٩) رۆژانە بەردەوام بووە لە دەرچوون و زیاتر لە (٥٥٠) ژمارەی لێدەرچووە. رۆژنامەی (وەڵاتێ پێشکەتی) زۆر بە ئاشکرا کێشە گەورەو بچووکەکانی باکووری کوردستانی هێناوەتە زمان. پارێزەر “جانپ یلدرم و موسا عەنتەر” لە نووسین و گوتارەکانیاندا سەبارەت بە پرسی نەتەوەیی کورد، سەرنجی خوێندکارە کوردەکانی زانکۆکانی تورکیا و سەرجەم رۆشنبیرانی کوردیان بۆ سەر خۆیان راکێشا بوو، ئەو هەڵوێستەیەش هەر لە سەرەتاوە رۆژنامەکەی دووچاری رووبەرووبوونەوەی رەخنەی زۆری چاپەمەنییەکانی ئەوسای تورکیای کردبۆوە، یەکێك لەو هۆکارە سەرەکییانەی کە رۆژنامەکەی رووبەرووی ئاستەنگی کردەوە، بڵاوکردنەوەی وتار و شرۆڤە بووە بەزمانی کوردی.
- گۆڤاری میزۆپۆتامیا: زمان: کوردی “کورمانجی ژووروو”.
رێنووس: لاتینی.
موسا عەنتەر لەساڵی (١٩٥٩) چاپخانەی ئیدارەی تایبەتی شاری ئالازیخ “مازرا”ی کڕیوەتەوەو بردوویەتی لەشاری ئامەد دایمەزراندووەو گۆڤاری مەزۆپۆتامیای پێ چاپکردووە. گۆڤاری میزۆپۆتامیا بەهۆی ئەوەی بەزمانی کوردی بووە، پاش ماوەیەکی کورت و لەساڵی (١٩٥٩) داخراوە و هاوکاتیش “موسا عەنتەر”ی خاوەنی لەپای بڵاوکردنەوەی وتارەکانی بەزمانی کوردی لە رۆژنامەی (وڵاتێ پێشکەتی) دەستگیرکراوە، هەربۆیەش نەتوانراوە درێژە بەتەمەنی گۆڤاری میزۆپۆتامیا بدرێت.
- رۆژنامەی دەنگی سەربەخۆی دیاربەکر: رۆژنامەیەکی سیاسی رۆژانەی سەربەخۆیە. ژمارە: (١)ی لەرۆژی (١-١-١٩٦٠) دەرچووە، ئەم رۆژنامەیە لەپای وتارە سیاسییەکانەوە لەساڵی (١٩٦٧) داخراوە.
- دەنگی نوێی دیاربەکر: رۆژنامە، سیاسی، سەربەخۆیە. ژمارە: (١)ی لەمانگی (١٠-١٩٦٠) دەرچووە و لەساڵی (١٩٦١) داخراوە.
- گۆڤاری هەوڵدان: گۆڤارێکە لەلایەن (کۆمەڵەی مامۆستایانی دەرچووی خوێندنگاکان) بڵاوکراوەتەوە.
شوێنی دەرچوون: ئامەد.
زمان: تورکی.
ژمارە: (١)ی لەرۆژی (١٠-١٢-١٩٦٠) دەرچووە و تەنیا (٢) ژمارەی لێدەرچووە و وەستاوە.
- گۆڤاری لە دایکبوون: (زانیاری، پەروەردە، هونەر). گۆڤارێکی خوێندکارانە. (خوێندکارانی ئەنیستیتوی پەروەردەی دیاربەکر) دەریانکردووە
شوێنی دەرچوون: ئامەد.
زمان: تورکی.
ژمارە: (١)ی لەمانگی (٣-١٩٦٤) دەرچووە، تەنیا (٥) ژمارەی لێدەرچووە.
- گۆڤاری چارەسەری: گۆڤارێکی پزیشکی کۆمەڵایەتی سێ مانگییە. (ژووری پزیشکانی ئامەد و مێردین و سێرت) دەریکردووە.
زمان: تورکی.
شوێنی دەرچوون: ئامەد.
ژمارە: (١)ی بەرگی یەکەم لەساڵی (١٩٦٦) بڵاوکراوەتەوە، ژمارە: (١ و ٢) بەرگی دوو لەساڵی (١٩٦٧) بڵاوکراوەتەوە.
- گۆڤاری باژێری سوور: گۆڤارێکی مانگانەی خوێندنگایە. (خوێندنگای ئامادەیی زیا گۆك ئالپی شاری ئامەد) دەریکردووە.
زمان: تورکی.
ژمارە: (١)ی لەرۆژی (١-١-١٩٧١) دەرچووە.
- رۆژنامەی دیاربەکر رێگا – کار: تایبەت بە کرێکاران، (ئۆرگانی سەندیکای کرێکارانی رێگا لە دیاربەکر)
زمان: تورکی.
ژمارە: (١)ی لەساڵی (١٩٧٧) دەرچووە و تا ساڵی (١٩٨٢) تێکڕا (١٠) ژمارەی لێدەرچووە.
- گۆڤاری یەکبوون: سیاسی، هزری، ناوخۆیی. (ئۆرگانی راگەیاندنی ناوەندی رێکخراوی کاوە). گۆڤارێکی ناوخۆیی بوو تایبەت بە کادیرانی (رێکخراوی کاوە) لە شاری ئامەد بەنهێنی دەرچووە.
زمان: تورکی.
ژمارە: (١)ی لە هاوینی ساڵی (١٩٧٩) دەرچووە. ئەم گۆڤارە تەنیا دوو ژمارەی لێدەرچووە و وەستاوە.
- بوڵتەنی هەواڵ: هەواڵنامەی پازده رۆژی، (کۆمەڵەی رۆشنبیری شۆڕشگێڕی دیموکراتی DDKD) لە شارۆچکەی (بسمیل)ی سەر بە هەرێمی ئامەد دەریکردووەو لەناو شاری ئامەدیش بڵاویکردۆتەوە.
زمان: تورکی.
یەکەم ژمارەی لەساڵی (١٩٧٩) دەرچووەو (٥) ژمارەی لێ بڵاوکراوەتەوە.
- هەواڵەکانی لە وڵاتەوە: گۆڤار، سیاسی، هەفتانە. زیندانییە سیاسییەکانی کورد لە زیندانی شاری ئامەد تەنیا دوو ژمارەیان لێدەرکردووە.
زمان: تورکی.
ژمارە: (١)ی لەرۆژی (٥-٨-١٩٨٠) دەرچووە، ژمارە: (٢)ی لەرۆژی (١٢-٨-١٩٨٠) دەرچووە.
- رۆژنامەی هەوار: سیاسی، گشتی، هەفتانە. زیندانیانی سیاسی کورد لە زیندانی سەربازی شاری ئامەد بەنهێنی دەریانکردووە.
زمان: تورکی و کوردی “کورمانجی ژووروو”.
رێنووس: لاتینی.
ژمارە: (١)ی لەرۆژی (١٩-٨-١٩٨٠)، ژمارە: (٢)ی لەرۆژی (٢٦-٨-١٩٨٠)، ژمارە: (٤) لەرۆژی (٩-٩-١٩٨٠) دەرچووە.
- رۆژنامەی رووداو: رۆژنامەیەکی هەفتانەی گشتییە. ژمارە: (١)ی لەمانگی (٢-١٩٨١) دەرچووە، ژمارە: (٥)ی لەرۆژی (١٦-٣-١٩٨١) دەرچووە، دوای دەرچوونی (١٠) ژمارە داخراوە.
- چاندیا بەرخووەدان: بڵاوکراوە “سیاسی، گشتی”. زیندانیانی سیاسی کورد لە سەرەتای (١٩٨٤) لە زیندانی ئامەد چەند ژمارەیەکی کەمیان لێدەرخستووەو رەوانەی دەرەوی زیندان کراوە، و لە دەرەوەی زیندان بە کۆپی لێی زیاد کراوەو، بڵاوکراوەتەوە.
زمان: تورکی و کوردی “کورمانجی ژووروو”.
رێنووس: لاتینی.
- چروسکا ژیان: بڵاوکراوە، سیاسی، گشتی. زیندانیانی سیاسی کورد لە ناوەڕاستی ساڵی (١٩٨٤) لە زیندانی ئامەد بەنهێنی چەند ژمارەیەکیان لێدەرکردووە.
زمان: کوردی “کورمانجی ژووروو”.
رێنووس: لاتینی.
ئەم بڵاوکراوەیە نێردراوەتەوە دەرەوەی زیندان و بەکۆپی لەبەری گیراوەتەوەو، بڵاوکراوەتەوە.
- گۆڤاری بەرهەم: سیاسی، گشتی. زیندانیانی سیاسی کورد لەساڵی (١٩٨٤) لە زیندانی ئامەد دەریانکردووە.
زمان: تورکی و کوردی “کورمانجی ژووروو”.
رێنووس: لاتینی.
ئەم گۆڤارە رەوانەی دەرەوەی زیندان کراوە و بەکۆپی لێی زیادکراوە و بڵاوکراوەتەوە.
- گۆڤاری هەیوانی دیاربەکر: گۆڤارێکی رۆشنبیری گشتییە، تایبەتە بە فەرهەنگ و کولتووری شاری ئامەد.
شوێنی دەرچوون: ئامەد.
زمان: تورکی.
ژمارە: (١)ی لەمانگی (١٢-١٩٨٨) دەرچووە، ژمارە: (٤) لە مانگەکانی (٤ و ٥-١٩٨٩) دەرچووە.
- رێبازی نوێ: سیاسی، رۆشنبیری، گشتی. (ئۆرگانی مانگانەی ئاژانسی هەواڵی رۆژهەڵاتی ناوین OR-HA).
شوێنی دەرچوون: ئامەد.
زمان: تورکی.
ژمارە: (١)ی لەمانگی (١٢-١٩٨٨) دەرچووە، ژمارە: (٢ و ٣) لەمانگی (١ و ٢-١٩٨٩) دەرچووە.
- گۆڤاری شەوقا بەرخودان: گۆڤارێکی مانگانەی سیاسی، کولتووری و هونەرییە. زیندانیانی سیاسی کورد لەزیندانی شاری ئامەد دەریانکردووە.
زمان: تورکی و کوردی “کورمانجی ژووروو”.
رێنووس: لاتینی.
ژمارە: (١)ی لەساڵی (١٩٨٩) دەرچووە، ژمارە: (١٣)ی لەرۆژی (٣٠-٦-١٩٩٠) دەرچووە.
- گۆڤاری گۆڤەند: گۆڤارێکی رۆشنبیری و هونەریی دوو مانگییە.
زمان: کوردی “کورمانجی ژووروو” و تورکی.
رێنووس: لاتینی.
ژمارە: (١)ی لە مانگی (١٢-١٩٩١ / ١-١٩٩٢) دەرچووە، ژمارە: (١٣)یش دوا ژمارەیەتی لە مانگی (٩ و ١٠-١٩٩٥) دەرچووە.
- گۆڤاری ژووری پارێزەرانی دیاربەکر: سیاسی، وەرزیی، تایبەت بە یاسا و ماف.
شوێنی دەرچوون: ئامەد.
زمان: تورکی.
ژمارە: (١)ی لەساڵی (١٩٩٣) دەرچووە، ژمارە: (١٣)ی لەمانگی (١-٢٠٠٠) دەرچووە.
- گۆڤاری کۆلێژی پەروەردە: (گۆڤاری کۆلێژی پەروەردەی زیا گۆ کئالپی زانکۆی دیجلە)ی شاری ئامەدە. گۆڤارێکی زانکۆیی گشتی ناوبەناوە، ئەم گۆڤارە بابەتی تیۆری سەبارەت بە جیۆپۆلەتیك، جوگرافیا، مێژوو، فەلسەفە، زمان، وەرزش… لەخۆ دەگرێت.
زمان: تورکی.
ژمارە: (١)ی لەساڵی (١٩٩٣) دەرچووە، ژمارە: (١٥)ی لەمانگی (٧-٢٠١٠) دەرچووە.
- گۆڤاری هیرا: ئیسلامی، گشتی. (دەنگی خەڵکی موسڵمان).
زمان: تورکی و رێژەیەکی زۆر کەم کوردی “کورمانجی ژوورو)
رێنووس: لاتینی.
ژمارە: (١) لەساڵی (١٩٩٣) دەرچووە، ژمارە: (١١) ساڵی دووەم لەمانگی (٢-١٩٩٤) بە (٧٢) لاپەڕە دەرچووە.
- گۆڤاری زینا نوو: سیاسی، گشتی، مانگانەی ژنان. ژنانی زیندانیکراوی سیاسی کورد بەدروشمی (ئەگەر پێنووس و هزر هەبێت، شمشێر هیچی پێ ناکرێت) لە زیندانی شاری ئامەد دەریانکردووە.
زمان: تورکی و کوردی “کورمانجی ژووروو”.
ژمارە: (١)ی لەساڵی (١٩٩٤) و ژمارە: (١٢)ی لەمانگی (٩-١٩٩٥) بە (٣٢) لاپەڕە دەرچووە.
- گۆڤاری کرمۆکە: گۆڤاری مانگانەی کۆمەڵەی ژینگە پارێزی دیاربەکر.
شوێنی دەرچوون: ئامەد.
زمان: تورکی.
ژمارە: (١)ی لەمانگی (١١-١٩٩٤) دەرچووە، ژمارە: (٢)ی لەمانگی (١٢-١٩٩٤) دەرچووە.
- رۆژنامەی ڤیستیڤاڵی دیاربەکر: رۆژنامەیەکی رۆژانەی تایبەتییە بە ڤیستیڤاڵی ساڵانەی شاری ئامەد. (کۆمیتەی ڤیستیڤاڵی ئامەد) دەریکردووە.
ژمارە: (١)ی ڤیستیڤاڵی یەکەم لەرۆژی (٢-١٠-١٩٩٥) دەرچووە، یەکەمین ڤیستیڤاڵی شاری ئامەد لەرۆژانی (٢-٧\١٠\١٩٩٥) ئەنجامدراوە. ئێستا ساڵانە ڤیستیڤاڵی تایبەت بە فەرهەنگ و مێژوو و لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیانی ئەو شارە لەناوەندی شاری ئامەد ئەنجامدەدرێت.
- گۆڤاری شارەوانی گەورەی شاری دیاربەکر: گۆڤارێکی وەرزی گشتییە.
زمان: تورکی.
ژمارە: (١)ی لەرۆژی (١٠-١٠-١٩٩٥) دەرچووە.
- رۆژنامەی ئازادیا وەڵات: سیاسی، گشتی، رۆژنامەی هەفتەیی.
ژمارە: (١)ی لەرۆژی (٢١-١-١٩٩٦) دەرچووە، دوا ژمارەی (٥٤٧) لەرۆژی (٦-٨-٢٠٠٦) لەشاری ئامەد دەرچووە.
زمان: کوردی “کورمانجی ژووروو، زازاکی، کورمانجی ناوین”.
رێنووس: لاتینی.
- حیکمەت: ئایینی، رۆشنبیری، گشتییە. (حیکمەت لە هزر، هونەر و ئیستاتیکا). (ئۆرگانی وەقفی گەنجانی میللی دیاربەکر).
شوێنی دەرچوون: ئامەد.
زمان: تورکی.
ژمارە: (١)ی لەساڵی (١٩٩٦) دەرچووە.
- گۆڤاری وار: گۆڤارێکی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەیە، وەرزییە.
زمان: کوردی “کورمانجی ژووروو، زازاکی” و تورکی.
ژمارە: (١)ی لە هاوینی (١٩٩٧) لە ئەستەنبوڵ دەرچووە.
- گۆڤاری ئامیدا: گۆڤاری هونەری، وێژەیی، مانگانە. (کۆمەڵەی هونەرمەندان و وێژەوانانی ئامەد) دەریکردووە.
زمان: تورکی.
ژمارە: (١)ی لەمانگی (١-١٩٩٨) دەرچووە.
- رۆژنامەی دەما نوو: (رۆژنامە هەفتەیی و سیاسی و چاندی).
زمان: کوردی “کورمانجی ژووروو”، تورکی.
رێنووس: لاتینی.
ژمارە: (١)ی لەرۆژی (١-٣-٢٠٠١) لەئەستەنبوڵ دەرچووە و لەدوای دەرچوونی (٩٥) ژمارە، لەساڵی (٢٠٠٦) لەژمارە (٩٦) بەدوا لەشاری ئامەد درێژەی بە دەرچوونیداوە.
- رۆژنامەی مانشێت: رۆژنامەیەکی هەفتانەی سیاسیە.
خاوەن و بەرێوەبەری بەرپرسیار: محەمەد وەیسی.
تێکڕای بەرپرسیاران و کارمەندانی لە شەش رۆژنامەوانی کورد پێکهاتووە.
ژمارە (١)ی لەسەرەتای مانگی (٩-٢٠٠٢) دەرچووە.
- گۆڤاری عەشتار: (گۆڤاری ژنان) دوو مانگی تایبەت بە ژنان.
زمان: تورکی و کوردی “کورمانجی ژووروو”.
رێنووس: لاتینی.
ژمارە: (١)ی لەمانگی (١١ و ١٢-٢٠٠٣) دەرچووە.
- گۆڤاری W: گۆڤارا وێژەیی چاندی هونەری. ساڵی (٢٠٠٤) بە هەوڵ و کۆششی (١١) رووناکبیر و نووسەر و بوێژی کوردی شاری ئامەد و دەوروبەری دامەزرا.
ژمارە: (١)ی لەمانگی رەزبەر-کەوچێری (٢٠٠٤) دەرچووە.
- گۆڤاری مزگین: گۆڤارێکی دیرۆکی، هزری، وێژەیی و رۆشنبیری مانگانەیە.
زمان: کوردی “کورمانجی ژووروو”، تورکی.
رێنووس: لاتینی.
ژمارە: (١)ی لەساڵی (٢٠٠٤) دەرچووە، ژمارە (٥٦)ی لەمانگی (٤-٢٠٠٩) دەرچووە، بە بڕیاری دادگای باڵای دەوڵەت بەتاوانی بڵاوکردنەوەی نەخشەی کوردستانی گەورە لەسەر بەرگەکەی کۆکراوەتەوە.
- گۆڤاری زەمبیل فرۆش: گۆڤارێکی رۆشنبیری، هونەری، سیاسی، مانگانەیە. قوتابیانی کورد لە زانکۆی دیجلەی شاری ئامەد دەریانکردووە.
زمان: تورکی، کوردی “کورمانجی ژووروو”.
رێنووس: لاتینی.
ژمارە: (١)ی لەساڵی (٢٠٠٤) دەرچووە. ئەم گۆڤارە تەنیا (٢) ژمارەی لێدەرچووە و وەستاوە.
- گۆڤاری تیگریس: گۆڤارا زانستی، چاندی، وێژەیی. (دەستەیەك قوتابی کورد لە زانکۆی دیجلە)ی شاری ئامەد دەریانکردووە.
زمان: تورکی، کوردی “کورمانجی ژووروو”.
رێنووس: لاتینی.
ژمارە: (١)ی لەمانگی (٣ و ٤-٢٠٠٤) دەرچووە.
- گۆڤاری پی سی کورد: زانستی، گشتییە. (کۆڤارا کۆمەڵەیا لێکۆڵین و پێشڤەبرنا چاند و زمان “کارگەر”ە.
لەشاری ئامەد دەرچووە.
زمان: کوردی “کورمانجی ژووروو”.
رێنووس: لاتینی.
ژمارە: (١)ی ساڵی یەکەم لە بەفرانباری (٢٠٠٥) دەرچووە.
- گۆڤاری بیر: (کۆڤارا لێکۆڵین و لێگەڕینێ).
زمان: کوردی “کورمانجی ژووروو”، تورکی.
رێنووس: لاتینی.
ژمارە: (١)ی لەبەهاری (٢٠٠٥) دەرچووە، لەهەر ژمارەیەکدا کۆمەڵێك لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونی مێژوویی تێدایە.
- رۆژنامەی ئازادییا وەڵات: رۆژنامە، سیاسی، گشتی، رۆژانەیە.خوولی یەکەمی ئەم رۆژنامەیە لەنێوان (١٩٩٦-٢٠٠٦) هەفتانە دەرچووبوو، بەڵام ئەمجارە لە خولێکی نوێ و وەك رۆژنامەیەکی رۆژانە دەستیکردووە بە دەرچوون.
ژمارە: (١)ی ئەم خوولە تازەی (ئازادیا وەڵات) لەرۆژی (١٥-٨-٢٠٠٦) دەرچووە. تەنیا لە (٣) مانگی بەرایی ئەم خوولەی دا زیاتر لە (٢٠) سکاڵای لەدادگا لەدژی تۆمار کرابوو بەتاوانی بانگەشەکردن بۆ جوداخوازی و پارچەکردنی تورکیا.
- گۆڤاری رۆژا کورد: گۆڤارێکی سیاسی، رۆشنبیری مانگانەیە.
ژمارە: (١)ی لەمانگی (٣-٢٠٠٧) لەشاری ئامەد دەرچووە.
زمان: تورکی، کوردی “کورمانجی ژووروو”.
رێنووس: لاتینی.
ژمارە: (٦)ی ساڵی (١) لەمانگی (٢-٢٠٠٨) دەرچووە.
- رۆژنامەی دەنگێ وەڵات: رۆژنامە، سیاسی، رۆژانە، گشتی. بەدوای سزادان و راگرتنی (ئازادیا وەڵات) بۆ ماوەیەك، ژمارە: (١) لەرۆژی (٢٤-٣-٢٠٠٧) دەرچووە.
زمان: کوردی “کورمانجی ژووروو”.
رێنووس: لاتینی.
ماوەیەکی کەم بەردەوامبووە و لە ئێوارەی (٦-٤-٢٠٠٧) بەبڕیاری دەوڵەتی تورکیا هێرشکراوەتە سەر نووسینگەی رۆژنامەکە لە ئەستەنبوڵ و ژمارەیەك لە کارمەندەکانی دەستگیر کراون و ئەم رۆژنامەیە لە (٢٠٠٨) داخراوە.
- گۆڤاری دەمۆکرات: رامان، شرۆڤە، چاند. دەستەیەك رۆشنبیری کورد لەشاری ئامەد دەریانکردووە.
زمان: کوردی “کورمانجی ژووروو”، تورکی.
رێنووس: لاتینی.
ژمارە: (١)ی ساڵی یەکەم لەمانگی (٤-٢٠٠٧) دەرچووە.
- رۆژنامەی دەنگێ وەڵات: رۆژنامە، سیاسی، رۆژانە. دوای ئەوەی رۆژنامەی (ئازادیا وەڵات) بۆ ماوەیەك بڕیاری راگرتنی دراوە جارێکی دیکە رۆژنامەیەکی دیکە بەناوی (دەنگێ وەڵات) لەلایەن هەمان ستافەوە دەرچووە.
ژمارە: (١)ی لەرۆژی (١٣-١٠-٢٠٠٨) دەرچووە.
- رۆژی نوێ دیاربەکر: رۆژنامە، سیاسی، گشتی، رۆژانە.
ژمارە: (١)ی لەساڵی (٢٠٠٨) دەرچووە، ژمارە: (١٨٩١)ی ساڵی (٥) لەرۆژی (٢٢-٣-٢٠١٣) دەرچووە.
- رۆژنامەی وەڵات: رۆژنامە، سیاسی، رۆژانە. دوای ئەوەی رۆژنامەی (ئازادیا وەڵات) و رۆژنامە درێژکراوەکانی ئەو داخراون ئەمجارە رۆژنامەیەکی نوێ بەناوی (وەڵات) لەلایەن هەمان ستافەوە دەرچووە.
ژمارە: (١)ی لەمانگی سەرماوەزی (٢٠٠٨) دەرچووە.
- رۆژنامەی رۆژەڤ: رۆژنامە، سیاسی، گشتییە. دوای بڕیاری داخستنی رۆژنامەی (ئازادییا وەڵات) بۆ ماوەیەك، ئەم رۆژنامەیە لەلایەن هەمان ستافەوە دەرچووە.
ژمارە: (١)ی لەرۆژی (١٦-٣-٢٠٠٩) دەرچووە و دوای دەرچوونی تەنیا چەند ژمارەیەك لەرۆژی (٢٨-٤-٢٠٠٩) بەتاوانی بانگەشەکردن بۆ پارچەکردنی تورکیا داخراوە و دوای ئەو رۆژنامەی (هاوار) شوێنی ئەوی گرتۆتەوە. دوای ئەوەی بۆ چەند جارێکی دیکە رۆژنامەی (ئازادییا وەڵات) بڕیاری راگیرانی دراوە. رۆژنامەی رۆژەڤ لە رۆژی (١٣)ی سەرماوەزی (٢٠٠٩) دووبارە بۆ ماوەیەکی کورت درێژەی بە دەرچوونیداوەو پاشان دووبارە لە دەرچوون وەستاوە. بۆ جاری سێیەمیش ئەم رۆژنامەیە لەرۆژی (٣١-٣-٢٠١٠) بۆ ماوەیەکی کورت دەستیکردۆتەوە بە دەرچوون و هەم بۆ جاری سێیەمیش داخراوەتەوە.
- رۆژنامەی هاوار: رۆژنامە، سیاسی، رۆژانەی گشتییە. دوای بریاری داخستنی رۆژنامەی (ئازادییا وەڵات) و درێژکراوەکەی ئەو رۆژنامەی (رۆژەڤ) ئەمجارە لەلایەن هەمان ستافی پێشوو بڕیاری دەرچوونی رۆژنامەیەکی دیکە دراوە بەناوی (هاوار).
خاوەن و بەڕێوەبەری بەرپرسیاری ئەم رۆژنامەیە: بەدری ئادانر.
ژمارە: (١)ی رۆژنامەی هاوار لەرۆژی (١٥-٥-٢٠٠٩) لەشاری ئامەد دەرچووە.
- رۆژنامەی رۆژەڤا وەڵات: رۆژنامە، سیاسی، رۆژانەی گشتییە.
ژمارە: (١)ی لەرۆژی (٧-٩-٢٠١٠) دەرچووە.
بەدوای سزادان و راگرتنی رۆژنامەی (ئازادیا وەڵات) ئەم رۆژنامەیە شوێنی ئەوی گرتۆتەوە، ئەم رۆژنامەیە تەمەنی زۆر کورت بووەو هەر زوو داخراوەو پاش دووبارە (ئازادیا وەڵات) لەسەر زنجیرەی خۆی درێژەی داوەتەوە بە دەرچوون.
- گۆڤاری شەوچلا: گۆڤارێکی ئەدەبی، هونەری، وەرزییە.
شوێنی دەرچوون: ئامەد.
زمان: کوردی “زازایی”.
رێنووس: لاتینی.
ژمارە: (١)ی لە زستانی (٢٠١١) دەرچووە، ژمارە: (٨) لە زستانی (٢٠١٣) دەرچووە، ژمارە: (٩)ی لە بەهاری (٢٠١٣) دەرچووە.
- رۆژنامەی وەڵات ڤەررۆژ: لەلایەن ستافی رۆژنامەی (ئازادییا وەڵات) دەرچووە. ئامانج لە دەرچوونی ئەم رۆژنامەیە تایبەتە بە زاراوەی کوردی “کرمانجکی-زازایی-دملکی” و هەر لەپێناوی پێشخستن و پاراستن و لەناو نەچوونی کرمانجکی و شێوەکانی دەرچووە.
ژمارە: (١)ی ئەم رۆژنامەیە لەرۆژی (١٥-٥-٢٠١٢) دەرچووە، کە دەکاتە جەژنی زمانی دایك لە جیهاندا.
سەرچاوە:-
مێژووی ڕۆژنامەڤانی دیاربەکر(ئامەد)،١٩٠٨-٢٠١٢، نووسینی ڕێناس نەورۆزی، چاپی بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی پارێزگای دهۆک، چاپی یەکەم، چاپخانەی خانی، لە شاری دهۆک. ساڵی ٢٠١٣.