“پێشەکی”
چەندین سەدە بەر لە دروست بوونی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو ؛ ئۆکرانیا بەشێک بووە لە ئیمپراتۆرییەتی رووسەکان، بەڵام لە دەرئەنجامی هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤییەت لە ساڵی ١٩٩١، “ئۆکرانیا” سەربەخۆیی خۆی وەرگرت لە “ڕووسیا” جیا بوویەوە. بەم جۆرە “ئۆکرانیا” لە دەرئەنجامی وەرگرتنی سەربەخۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیمپریالی ڕووس پچڕاند و بە ئامانجی دروست کردنی پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەتانی ڕۆژئاوا ئاراستەی سیاسەتی بەرەو تێکەڵ بوون لەگەڵ ڕۆژئاوا پەیڕەوکرد. لە دوای روداوەکانی ساڵی 2014 لە کیێڤ، گرژیی سیاسی لە پەیوەندیەکانی ئۆکرانیا و ڕووسیادا دروست بووە، کە بووە هۆی کودەتایەک لە ئۆکرانیا، لەوکاتەوە هەرێمی دۆنباس لە ڕۆژهەڵاتی “ئۆکرانیا” تووشی قەیرانێکی سیاسی و سەربازی بووە و ئەم رووداوانەش گرژییەکی زۆری لە کریمیا روسیا لێکەوتەوە. لە کاتێکدا گرژی لەسەر سنووری ڕۆژهەڵاتی “ئۆکرانیا” بەرزبووەوە لە دەرئەنجامی نمایشی هێزی سەربازی ڕووسیادا لە ناوچەکە، ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا ئاماژە دەدەن بەوەی کە ئەم هەوڵ و ئامادەکارییەی “مۆسکۆ” بە مەبەستی داگیرکردنی خاکی “ئۆکرانیا” لێکدراوەتەوە. لەم بارەیەوە لە کۆبوونەوەی نێوان “جۆ بایدن” سەرۆکی ئەمەریکا و “ڤلادیمێر پۆتین” سەرۆکی ڕووسیا لە 7ی کانوونی یەکەمی 2021 بایدن هەڕەشەی کردەوەی تووندی ئابووری و سیاسی لە دژی ڕووسیا کردووە ئەگەر لە دژی دراوسێ ڕۆژئاواییەکەی ڕێوشوێنی سەربازی بگرێتەبەر و پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ سەروەریی ئۆکرانیا و تەواوکاری خاکی دووپات کردەوە و داوای گەڕانەوەی کرد بۆئامرازی سیاسی و دیپلۆماسی کردووە بە مەبەستی یەکلایکردنەوەی ناکۆکی و کێشەکان.
“یەکەم؛ هۆکاری سەرهەڵددانی گرژییەکان”
لە سەرەتای ساڵی 2014 لە کیڤی پایتەختی “ئۆکرانیا” خۆپیشاندانی گەورە سازكرا و داوای دەست لەکارکێشانەوەی “ڤیکتۆر یانۆکۆڤیتچ” و کۆتاییهێنان بەو رێکكەوتنەیان دەكرد کە لە گەڵ روسیا کردبووی، ئەو بزووتنەوەیە بەناوی شۆڕشی مەیدان بوو. بەهۆی ئەم شۆڕشە “ڤیکتۆر یانۆکۆڤیتچ” هەڵهات بۆ رووسیا و پارتی مەیدان دەسەڵاتی گرتە دەست. رۆژئاوا و بەتایبەتی “ئەمەریکا” پشتگیریی ئۆکرانیای دەکرد. وەک کاردانەوەیەک مۆسکۆ دوای ئەوەی پارتی مەیدانی نزیک بە ئەورووپای یەکگرتوو و ئەمەریکا حوکمی گرتە دەست، لە دوو ناوچەی نزیک رووسیا دەستیانکرد بە خۆپیشاندان، ئەوانیش؛ لە ناوچەی دۆبناس کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا لەسەر سنووری روسیا لە دۆنباس و لە نیمچە دوورگەی کرێمیا (قەرم). لە ساڵی 2014 لایەنگرانی “رووسیا” دەستیان بەسەر پەرلەمانی کرێمیادا گرت و ریفراندۆمێک رێکخرا، لە کرێمیا 95٪ داوایانکرد بە روسیاوە ببەسترێنەوە و بوو بە کۆمارێکی سەربەخۆ لەناو فیدراسیۆنی رووسی. رووسیا دەستی بەسەر هەموو دامودەزگاکان و چەک و سووپای ئۆکرانیادا گرت کە لە کرێمیا بوو، بەتایبەتی لە پاپۆڕەکانی دەریایی ئۆکرانی. “رووسیا” تا زیاتر قوڕگی ئۆکرانیا بگرێت و بیخنکێنێ لەگەڵ “تورکیا” رێککەوت تا بۆڕی گاز بە تورکیادا ببات بەرەو ئەورووپا کە پێشتر تاکە رێگەی گازی “رووسی” بۆ ئەوروپا بە ئۆکرانیادا دەڕۆیشتی. ئۆکرانیا و زۆربەی وڵاتان لە ئەوروپای یەکگرتوو و ئەمەریکا ئەم دەنگدانەیان رەتکردەوە و بە ساختەیان لە قەلەمدا و وتیان دەستی روسیای تیادا بووە. تاکو ئێستا وڵاتان و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان، کرێمیا هەر بە بەشێک لە ئۆکرانیا دەزانن و ستاتووەکەی نەگۆڕاوە. لەو کاتەوە چەندینجار لایەنە ناکۆکەکان کۆبوونەتەوە بە ناوبژیوانیی وڵاتانی ئەورووپا بەتایبەتی هەوڵەکانی (فەرەنسا و ئەلمانیا) لەلایەن و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان لە رێگەی ئەنجومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتوەکان لەلایەکی ترەوە، بۆ کۆتایی هێنان بە ناکۆکییەکان وگەڕانەوەی سەقامگیری بێ ئاکام مانەوە، بەم جۆرە ناکۆکییەکان تا ئێستا هەر بەردەوامیان هەیە هەرودوو لا یەکتری تۆمەتبار دەکەن. لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ دەزگای ناوەندی هەواڵگری ئەمریکی “سی ئای ئەی” ڕایگەیاند؛ کە ڕوسیا ١٧٥ هەزار سەربازی لەسەر سنوری ئۆکرانیا کۆکردۆتەوە هەر چۆنێك بێت ئەگەری ئەوە هەیە لە ساڵی داهاتوو واتە ٢٠٢٢ نیوەی ئەم هێزەی بۆ پلانی هێرشکردن ئامادە دەکات. ئەمەش وەک ئاماژەیەکی مەترسیداری هەگیرسانی جەنگ و داگیرکردنی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە لێکدانەوەی بۆ دەکرێت، سەرەرایی ئەوەی ئەم ویستە لەلایەن مۆسکۆ ڕەتکراوەتەوە.
“دووەم؛ لێکدانەوە و داواکاری مۆسکۆ”
لێکدانەوە و حساباتەکانی ڕووسیا لە قەیرانی ئۆکرانیادا لەو نیگەرانییەوە سەرچاوەی دەگرت کە ناتۆ و یەکێتی ئەورووپا مەبەستییانە ئەو بۆشاییەی نێوان (مۆسکۆ و کێیڤ) بقۆزنەوە وەک کارتێک لەبەرامبەر سیاسەتەکانی ڕووسیا بەکارنێنن، لەبەرامبەر ئەمەشدا مۆسکۆ ئەمە بە مەترسییەکی گەورە دەبینێت لە ڕوانگەی گەماڕۆدانییەوە لە ڕووی سیاسی، سەربازی و ئابووری، لەبەرئەوەی کریملین پێی وایە فراوانبوونی ناتۆ بەرەو ڕۆژهەڵات مەترسییەکی ئەمنی هەیە بۆ سەر ڕووسیا تێڕوانینی ڕووسیا بۆ ئۆکرانیا وەک درێژکراوەیەکی مێژوویی و کولتووریش بەستراوەتەوە. لەسەر ئەم بنەمایە مۆسکۆ دەڵێت؛ هەرگیز چوونەپاڵ ئۆکرانیا بۆ دامەزراوە ڕۆژئاواییەکان، جا سیاسی، سەربازی یان ئابووری بێت جێگەی قەبول نییە و دووپاتی دەکاتەوە کە ئەمە دەبێتە هۆیەکی سەرەکی بۆ هەڵگیرسانی جەنگ، ئەمەش وای کردووە مۆسکۆ هێزی سەربازی لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا کۆبکاتەوە، بۆ ئەوەی پەیامێکی ڕوون بدات بۆ ڕۆژئاوا، لێرەدا دەتوانین داواکارییەکانی مۆسکۆ لە چوارچێوەی دوو خاڵ بەم شێوەیە کورت بکرێتەوە:-
1-وەرگرتنی گەرەنتی لە ڕۆژئاوا کە ئۆکرانیا ناچێتە پاڵ ناتۆ.
لە میانەی لووتکەی باڵا کە لە نێوان (بایدن و پۆتین و ماکرۆن) بەڕێوەچوو، پوتین جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی دەیەوێت ڕاستەوخۆ دانوستانی ئەمنی لەگەڵ ئەمەریکا و ناتۆ دەستپێبکات، بۆ ئەوەی زامنی یاسایی نێودەوڵەتی بۆ ئاسایشی وڵاتەکەی دەستەبەر بکات. ڕووسیا داوای کۆتایی هێنان بەفراوانبوونی ناتۆی بەرەو ڕۆژهەڵات و بڵاونەکردنەوەی سووپا و چەک لەوڵاتانی دراوسێی خۆی و ئۆکرانیاش دەکات و قەیرانی جۆرجیا بەبیر دەهێنێتەوە کە سەرەتای گەڕانەوەی ڕوسیا بوو بۆ سووربوون لەسەر ڕۆڵی زلهێزی خۆی. ڕوسیا ترسی ئەوەی هەیە کە بڵاوەپێکردنی سیستەمی موشەکی ستراتیژی پێشکەوتوو لەلایەن ئەمریکا و ناتۆوە و لەناویشیاندا موشەکی کیشوەر بڕ، ڕاستەوخۆ هەڕەشە لەئاسایشی وڵاتەکەی بکات و هاوسەنگی سەربازی دوولایەنە تێکبشکێنێت و توانا سەربازییەکانی ڕوسیا کەم بکاتەوە.
2-ڕاگرتنی هەڕەشە و جموجۆڵە سەربازییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا.
ڕووسیا داوا دەکات؛ ئۆکرانیا هەوڵ بۆ گرتنەوەی ناوچە جیاخوازییە داگیرکراوەکانی ڕوسیا لە پارێزگاکانی دۆنباس بوەستێنێت کە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی دۆنتسک و لوهانسک دەگرێتەوە، لەبەر ئەوەی ئەم هەوڵەی کێیڤ وەک لە پێشێلکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتنامەی مینسک (١) لە ساڵی ٢٠١٤ و مینسک (٢) لە ساڵی 201٥. ڕۆژائاوا دەلێت؛ ڕوسیا و هاوپەیمانە جیاکەرەوەکانی لە هەرێمی دۆنباس ڕێزیان لە مەرجەکانی ڕێککەوتنەکە نەگرت، بەتایبەتی سەبارەت بە “کشانەوەی گروپە چەکدارییە نایاساییەکان و کەرەستە سەربازییەکان و هەروەها جەنگاوەران و بەکرێگیراوەکان لە خاکی ئۆکرانیا”.
“سێیەم: لێکدانەوەکانی ئەمریکا”
لە ڕووی دیپلۆماسییەوە، ئیدارەی بایدن هەوڵ دەدات زیاتر سوور بێت لەسەر بابەتی کشانەوەی ڕوسیا لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا کە لەسەردەمی ئیدارەی “باراک ئۆباما” لە ساڵی 2014 ئەم قەیرانە سەریهەڵداوە، دەرئەنجامەکەی بە لكاندنی کریمیا بە ڕوسیا تەواوبوو. بایدن هەروەها قەیرانەکە بە دەرفەتێک دەبینێت بۆ دووبارە بیرکردنەوە لەگەڕانەوەی هەیبەتی خۆی وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا، دوای ئەوەی لە دەرئەنجامی کشانەوەی هێزەکانی لە ئەفغانستان کە لە مانگی ئابی 2021 ڕوویدا، سەرەڕای ئەوەش واشنتۆن ئارەزوو و یستی بەهێزکردنی متمانەی خۆی هەیە لەگەڵ هاوپەیمانەکانی کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئەو متمانەیە بە ئاراستەی لاوزی ڕۆیشتووە. هەروەها گەڕاندنەوەی هەیبەتی هێزی ئەمریکا لە بەرامبەر ڕکابەرەکانیدا، لەسەر ئەم بنەمایە ئیدارەی بایدن ئەمجارە بەنیازە جووڵەکانی لەگەڵ هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی هاوئاهەنگ بکات و لە هەمان کاتدا دانی بەوەدانا کە شکستەکەی لە لابردنی هەڕەشەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا دەتوانێت نەیارانی تری ئەمەریکا هان بدات بۆ ئەوەی لە ناوچەکانی دیکەی جیهان هەڕەشە بۆ سەر هاوپەیمانەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دروست بکەن. لەگەڵ ئەوەشدا؛ واشنتۆن پێکدادانی ڕاستەوخۆی سەربازی لەگەڵ روسیا بە هێڵی سووری تێکەڵ دەبینێت. دەرئەنجام ئیدارەی بایدن هەوڵی هاوسەنگی دەدات لە چوارچێوەی دوو خاڵدا؛ یەکەم، تێوە نەگلان و نەچوونە نێو ململانێیەکی ڕاستەوخۆی سەربازی لەگەڵ ڕوسیا. دووەمیان؛ سەپاندنی سزای قورسی ئابووری، سیاسی و سەربازی بەسەر مۆسکۆدا ئەگەر جموجۆلەکانی مۆسکۆ لە ئۆکرانیا بەرەو شەڕ و پێکدادانی سەربازی و داگیرکاری بچێت، لێکدانەوەکانی ئەمریکا لەسەر بنەمای ئەم دوو خاڵە بەم شێوەیە دەردەکەون:-
1-تێوەنەگلان لە ململانێی و پێکدادانی ڕاستەوخۆی سەربازی.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەزانێت کە “ڕووسیا” هێزێکی گەورەی سەربازی خاوەن چەکی و ناوەکییە، لە ئەگەری پێکدادانی سەربازیدا سوودێکی جیۆ-ستراتیجی گەورە بە “مۆسکۆ ” دەبەخشێت و ناوچەکەش بۆ ئاسایشی نەتەوەیی خۆی بەکاردێنێت، لەکاتێکدا هەناگوی کەم جۆرە نە لە بەرژەوەندی ئەمریکایە و نە لە هاوپەیمانەکانیشی، ئەمەش وایکردووە ئەمەریکا خۆی ببوێرێت لە بژاردەی لەم جۆرە. ئەزموونی لەم جۆرە لە نێوان (مۆسکۆ و واشنتۆن) زۆر بەدیکراوە لەوانە کاتێک “ڕووسیا” لە ساڵی 2008دا گورجستانی داگیرکرد، لە ساڵی ٢٠١٤ بەشێکی خاکی “ئۆکرانیا”ی دابڕی و لە ساڵی 2015شدا لە سوریا دەستیتێوەردانی سەربازی ڕاستەوخۆی ئەنجامدا لەبەرژوەندی ڕژێمی سەرکوتکاری دەسەڵاتداری سووریا، بۆیە بژاردەی سەربازی بەلای ئەمریکا بژاردەیەکی قورس و دوورمەودایە. “بایدن” باس لەوە دەکات کە “بەکارهێنانی هێز بژاردەیەکە، دەبێت تەنیا کاتێک بە تەواوی پێویست بێت ئیجا بەکار بهێنرێت، تەنها لە بەرگری لە بەرژەوەندییە گرنگەکانمان، کاتێک ئامانجەکە ڕوون و بە دەستهاتوو بێت و پشت بەستوو بێت بە ڕەزامەندی خەڵکی ئەمریکا”. هەموو ئەم مەرجانە لە چوارچێوەی قەیرانی ئێستای ئۆکرانیادا بەدیناکرێن، چونکە هیچ بەرژەوەندییەکی ڕاستەوخۆی زیندووی ئەمریکا نییە، هیچ ئامانجێکی ڕوون و بەدەستهاتوو نییە. پەسەندکردنی جەنگێکی لەو شێوەیە لەلایەن خەڵکی ئەمریکاوە بە هەموو شێوەیەک ڕەتدەکرێتەوە لە هەلومەرجێکی سەختی ئابووری سەردەمی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا. بۆیە “بایدن” لە وەڵامدانەوە زۆر ڕوون بوو کاتێک پرسیاری لێکرا کە ئایا سەرباز بۆ ئۆکرانیا دەنێرێت و وەڵامەکەی نەخێر، بەڵام بە دڵنیاییەوە وتی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان پابەندییەکی ئەخلاقی و یاسایی هەیە بە پێی ماددەی 5ی دەستووری ئەتلانتیک بۆ هاوپەیمانەکانی ناتۆمان لە ڕووداوی هێرشکردندا ئەوە ئیلتیزامێکی دیاریکراوە بەڵام ئۆکرانیا ناگرێتەوە، لەبەر ئەوەی ئۆکرانیا ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆ نییە، مۆسکۆش لەم ڕووانگەیەوە بە هەموو شێوەیەک لە دژی هەوڵەکانی ئەندام بوونی ئۆکرانیا لە هاوپەیمانی ناتۆ دەوەستێەوە، ئامرازە جۆراوجۆرەکانیش بەکاردێنێت بۆ ڕێگری کردن لە سەرکەوتنی هەنگاوێکی لەم جۆرە.
2-توندکردنی گوشارەکانی سەر مۆسکۆ لە هەر کردەیەکی سەربازی.
لە بەرامبەر دوورخستنەوەی بژاردەی سەربازیدا بۆ یەکلاکردنەوەی یان چارەسەرکردنی قەیرانی ئۆکرانیا، ئیدارەی “بایدن” گرەو دەکات کە هەڕەشەی سزا بێوێنەکانی سەر “ڕووسیا” دەتوانێت پۆتین لە هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا لا بدات، لەسەر ئەم بنەمایەش بایدن هەڕەشەی گەمارۆ ئابوورییەکانی “بێوێنە” ی لە دژی ڕووسیا خستۆتە ڕۆژەڤەوە، هەروەها هەڕەشەکانی ئیدارەکەی بۆ زیادکردنی پشتیوانی سەربازی بۆ ئۆکرانیا لەوانە دابینکردنی چەکی کوشندە و هێرشبەرانەی پێشکەوتوو و بەدواداچوونی گۆشەگیریی نێودەوڵەتی ڕووسیا بەڕای جاک سولیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، بایدن سوورە لەسەر بەرپەرچدانەوەی هێزی سەربازی ڕوسیا لەسەر سنووری ئۆکرانیا و لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ پوتین ڕەتیکردەوە کە هێڵە سورەکانی پۆتین پەسەند ناکات. لە ڕووی ئابوورییەوە ئیدارەی “بایدن” ڕەچاوی گەمارۆکانی سەر “ڕووسیا” دەکات ئەگەر “ئۆکرانیا” داگیر بکات لەوانە بلۆککردنی گەیشتنی بۆ بازارەکانی بۆند نیو یۆرک، سەپاندنی سزاکان لەسەر بانکە بازرگانییە گەورەکانی رووسی، لەوانەی کە حکومەت بەشی تێدابوو، توانایی رووسیا کەم دەکاتەوە بۆ گۆڕینی دراوی روبلی خۆی بە دۆلار و یا دراوەکانی تری بیانی، ئامانجدارکردنی ئۆلیگارشی بازرگانەکانی کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ پوتین هەیە، پێشبینی دەکرێت ئەم هەنگاوە کاریگەری ڕژدی هەبێت بۆ ئابووری “ڕووسیا”، بێ گوێدانە کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر کۆمپانیا ئەمەریکی و ئەوروپییەکان بەرپرسی وەزارەتی دەرەوەی “ڤیکتۆریا نولاند” وتی؛ وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ جیاکردنەوەی “ڕوسیا بەتەواوی لە سیستەمی دارایی جیهانی لەگەڵ هەموو ئەو کارانەی لەوانەیە پەیوەست بن بەم بابەتەوە.
هەروەها ئیدارەی بایدن هەڕەشەی ئەوە دەکات کە هێڵی بۆری گازی سروشتی نۆرد ستریم دووەم ڕابگرێت کە لە ڕێگەی دەریای بالتیکەوە دەگاتە ئەڵمانیا و بە ئۆکرانیادا تێدەپەڕێت، جاک سولیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا ووتی لەگەڵ هاوپەیمانە ئەوروپیەکانمان؛ “ئەو شتانەی کە ئێمە لە ساڵی 2014 ئەنجاممان نەداوە، ئێمە ئێستا دەمانەوێت بیکەین” بەرپرسانی ئەمەریکا هەرچەندە پێشبینی ئەوە ناکەن سزاکان کەرتی وزەی ڕووسیا بگرێتەوە، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گاز لە ئەوروپا و ئەمریکا.
پێدەچێت ئیدارەی “بایدن” بڕیاری خۆی بۆ ئەنجامدانی هەر کردەوەیەکی سەربازی “ڕووسیا ” لەئۆکراینا لەڕێگەی پاکێجەکانی یارمەتی سەربازی بۆ ئۆکرانیاو موشەکی دژەتانکیشەوە بە پێی پێنتاگۆن، لە ساڵی 2021 واشنتۆن نزیکەی 450 ملیۆن دۆلاری یارمەتی سەربازی دا بە ئۆکرانیا. یارمەتییە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا لە ساڵی 2014ەوە گەیشتووەتە زیاتر لە 2.5 ملیار دۆلار ، هێزە سنوردارەکانی ئەمریکا مەشق و ڕاهێنان بە هێزەکانی ئۆکرانیا دەکەن بۆ بەهێزکردنی تواناکانی بەرگری لەخۆیان هەرچەندە ئیدارەی بایدن ئەوە دەهێڵێتەوە کە سەربازە شەڕکەرەکان لە خاکی ئۆکرایندا جێناکەوێت، بەڵام مۆسکۆی ئاگادار کردەوە کە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی بوونی سەربازی ئەمریکا لە وڵاتانی ناتۆ لە ناوچەکەدا.
“دەرئەنجام”
سەرۆکی ئەمریکا؛ جۆ بایدن ڕەتیکردەوە مافی ڤیتۆ بدات بە ڕووسیا لەسەر داواکەی ئۆکرانیا بۆ چوونە پاڵ ناتۆ، و لە بەرامبەریشدا مۆسکۆ بە هەموو شێوەیەک دەوەستێتەوە لە هەمبەر هەنگاوەکانی نزیک بوونەوەی ئۆکرانیا لە ناتۆ، ئەم دوو ئاراستە جیاواز و ناکۆکە پێناچێت لە داهاتوویەکی نزیکدا بە ئاسانی و بەبێ گرژی یەکلای ببێتەوە. پەرپرسانی کۆشکی و سپی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەدەن کە واشنتۆن و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی کراوەن بۆ تاوتوێکردنی ئەگەرەکانی بەرەوڕوو بونوونەوەی مۆسکۆ. نیگەرانییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکان لەوە سەرچاوەی گرتووە کە مۆسکۆ نییەتی داگیرکردنی خاکی ئۆکرانیای هەیە، بۆیە باس لە گرتنەبەری ڕێکار و سزای ئابووری و سیاسی جۆراوجۆر دێت لەدژی هەنگاوە فراوانخوزییەکانی ڕوسیا لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا. لەکاتێکدا ئەو سزایانەی کە لەلایەن ئیدارەی بایدن هەڕەشەی بەکارهێنانی لێکراوە دەرهاوێشتە و دەرئەنجامی نەرێنی و خراپی دەبێت بۆ سەر ئابووری ڕوسیا، مۆسکۆ نیگەرانە لەوەی کە هەر هەڕەشەیەک جا سەربازی، سیاسی یان ئابووری بێت کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لە ئاسایشی نەتەوەیی و ستراتێژی سەربازی، هەرچۆنێک بێت کرێملین نیگەرانە لەوەی ڕاکێشرابێتە ناو شەڕێکی دوورودرێژی ناکۆکی لەئۆکراینا، کە لەلایەن واشنتۆن و ناتۆوە پشتیوانی دەکرێت. چونکە پوتین ناتوانێت لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئەمەریکا و ئەتلانتیکدا پاشەکشە بکات، پێشبینی ئەوە ناکات پێش گەیشتن بە ڕێکەوتنێک کە بەرژەوەندیەکانی خۆی بپارێزێت، سەربازەکانی لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا بکشێنێتەوە.
ئەگەرچی تا ئێستا بە ڕوونی ڕانەگەیاندراوە کە نیەتی “مۆسکۆ “بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ و داگیرکردنی خاکی ئۆکرانیایە، بەڵام ئاماژەکان بەرەو ئەو ئاراستەیەن کە نیەتی “ڕووسیا” لە کۆکردنەوەی هێز تەنیا کورت ناکرێتەوە لە هەڕەشەکردن لە ڕێگای پیشاندانی توانا سەربازییەکانی بەڵکو ئاماژەکانی پشت ئەم جموجۆلە لەلایەن ڕۆژئاواوە بە هەوڵی داگیرکاری لێکدەدرێتەوە. لەم بارەوە بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا پێشتر هۆشداریان داوەتە هاوپەیمانەکانی ناتۆ کە کرێملین لەوانەیە پلانی هەبێت بۆ داگیرکردنی بەشەکانی دیکەی ئۆکرانیا لە دووبارە لکاندنەوەی کریمیا وەک ئەوەی لە ساڵی 2014دا ڕوویدا.
“جۆ بایدن” سەرۆکی ویالایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ڕایگەیاند ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکان زۆر نیگەرانن لە زیاد بوونی هێزەکانی ڕووسیا لەسەر سنوری ئۆکرانیا، ئەمەش وەک ئاماژەیەکە بۆ ئەو نیگەرانییەی نێوان وڵاتانی ڕۆژائاوا و ڕوسیا دەربارەی جموجۆلە سەربازییەکانی مۆسکۆ لەسەر سنورەکانی ئۆکرانیا بە مەبەستی داگیرکردنی خاکی ئەو وڵاتە. لەم ڕوانگەیەوە وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند کە وڵاتەی ئامادەیە ڕیکاری یاسای توند بەرامبەر مۆسکۆ بگرێتەبەر ئەگەر هاتوو بەردەوام بوو لە سیاسەتەکانی لە هەمبەر ئۆکرانیا. ڕۆژئاوا ئەم جۆرە سیاسەتەی مۆسکو وەک هەولێک لە دژی خۆیان هەژمار دەکەن لەبەر ئەوەی ئۆکرانیا هاویەیمانی ڕۆژئاوایە ئارەزووی چوونە نێو هاوپەیمانی ناتۆی هەیە، ئەمەش نیگەرانییەکانی ڕۆژئاوایی زیاتر کردووە.