ڕوانینی چالاکانی سه‌ربه‌خۆ و فیمینیسته کورده‌کان، ده‌چنه ئه‌و به‌ره‌یه له گه‌ڕیان و ڕه‌وته فیمینیسته‌کانه‌وه که باوه‌ڕیان به فره‌یی شووناس و ده‌سه‌ڵات هه‌یه. له‌م گۆشه‌نیگایه‌وه تا ڕاده‌یه‌ک له هه‌ڵوێستی پۆست-مۆدێرنه‌کان و پاش پێکهاته‌خوازه‌کان نێزیک ده‌بنه‌وه و له‌گه‌ڵیان دیدێکی هاوبه‌شیان ده‌بێت. هه‌موو به‌رهه‌مه فیمینیستییه‌کان که له‌باره‌ی نه‌ژاد یان ئیتنیکه‌وه قسه ده‌که‌ن، تێڕوانینه یۆنیڤێرساڵ و گشتگره‌کان له‌باره‌ی ژنان ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه و له‌م ڕووه‌وه له‌گه‌ڵ بیرمه‌ندانی پاش-پێکهاته‌خواز و پۆست-مۆدێڕن هاوبیر و کۆن، به‌ڵام ئه‌وان وێنه و فۆرمه گشتییه‌کانی شیکاری یان یاساکانی ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کی ورد و فۆکۆسکهر ڕه‌ت ناکه‌نه‌وه.
(ڕه‌وایی،1390:181) باوه‌ڕ به فره‌ڕه‌نگیی شووناس به‌م مانایه‌یه که هه‌ر که‌سێک ته‌نها هه‌ڵگری یه‌ک شووناسی زاڵ و نه‌گۆڕ نییه و هه‌ڵگری چه‌ندین شووناسه که هیچ کامه‌یان له ڕووی مه‌عریفه‌وه سه‌رێتی و ئهوبهرێتی نییه به سه‌ر ئه‌وی دیکه‌یاندا. باوه‌ڕ به فره‌ڕه‌نگی ده‌سه‌ڵات به‌م مانایه‌یه که په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌سه‌ڵات ته‌نها له چوارچێوه‌ی په‌یوه‌ندییه جێنده‌رییه‌کاندا نابیننه‌وه، به‌ڵکوو په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌سه‌ڵات له په‌یوه‌ندییه ئیتنیکییه‌کان (چینایه‌تی، ئایین و خوازیارییه جێنده‌رییه‌کان)یش بۆ ده‌سه‌ڵات، جێگه‌ی گرینگییه. هه‌ر بۆیه فیمینیسته کورده‌کان پێیان وایه؛ سه‌رکوتکردنه‌کان فره‌چه‌شن و فره‌ڕه‌نگن. به‌ڵام له خاڵێکی گرینگ و ژیانهکیدا واته داکۆکی له شووناس له پۆست-مۆدێڕنه‌کان دوور کهوتوونهوهتهوه و له هه‌ڵوێستی فیمینیسته ڕه‌شه‌کان نێزیک ده‌که‌ونه‌وه.
پاش پێکهاته‌خوازه‌کان و پۆست مۆدێڕنه‌کان داکۆکی له‌سه‌ر شوناس ڕه‌ت ده‌که‌نه‌وه و لێره‌دا ژنی ڕه‌ش به هه‌ڵگری شووناسێکی فره‌ڕه‌نگ ده‌بینن. هه‌ر له‌م ڕووه‌وه “باتلێر” بیرداڕێژی پاش پێکهاته‌خواز پێی وایه (پرۆسێسێک و بزووتنه‌وه‌یه‌ک، ته‌نانه‌ت یه‌کگرتووییه‌ک، پێویستیی به شووناسی تاقانه و یه‌کانگیر نییه. هه‌ندێ جار پێویسته له شووناسه‌کان تێپه‌ڕین، یان لانیکه‌م نه‌هێڵین شووناسه‌کان ببن به جێگره‌وه‌ی بنه‌ما و دیسیپلینه‌کانی جووڵانه‌وه‌یه‌ک، تا بتوانین له پاڵ یه‌کدی ڕاوه‌ستین. بزووتنه‌وه‌یه‌ک پێویستی به شووناسێکی یه‌ک و تاقانه نییه، ئامانجی ئێمه له دروستکردنی یه‌کێتی، ڕۆنانی شووناس نییه به‌ڵکوو هێنانه سه‌ره‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌یه). له‌م قسه‌یه‌ی “باتلێر” جۆرێک گرینگینه‌دان به ده‌رکه‌وته‌کانی شووناس وه‌کوو شووناسی نه‌ژادی، ئیتنیکی و نه‌ته‌وه‌یی به‌دی ده‌کرێت و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که ئه‌ندێشه‌ی ئه‌و له‌سه‌ر بنه‌مای سیاسه‌تی جیاوازییه، به‌ڵام جیاوازییه نه‌ژادی یان نه‌ته‌وه‌یی و ئیتنیکییه‌کان و مێژووی تایبه‌تیان که مێژووی کۆلۆنیالیسته‌کان و وه‌رگرتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته لێیان، زۆر ناخاته به‌ر سه‌رنج و به هه‌ند وه‌ری ناگرێت. له به‌رامبه‌ردا بۆ فیمینیسته ڕه‌شه‌کان باوه‌ڕداربوون به شووناس به مانای (په‌یوه‌ستبوون به گرووپێکی له ژێر سته‌م و پۆستاڵی چه‌وساندنه‌وه)دا، بایه‌خێکی سه‌ره‌کی هه‌یه. ئه‌وان له شووناسێکی تاقانه(ژنی ڕه‌ش)له به‌رژه‌وه‌ندی فره‌ڕه‌نگیی شووناسه‌کان و خاڵه چه‌ند لایه‌نه‌کانی شووناس بۆ ڕاوه‌ستان و وه‌ستانه‌وه و به‌رخۆدان ده‌ست هه‌ڵناگرن(ڕه‌وایی، 1390:181). به‌پێچه‌وانه‌ی “باتلێر” و پاش پێکهاته خوازه‌کان، فیمینیسته ڕه‌شه‌کان له سه‌ر شووناسێکی یه‌کانگیر و تاقانه پێداگریی ده‌که‌ن و له‌م ڕووه‌وه ده‌که‌ونه به‌رامبه‌ر و دژی پاش پێکهاته‌خوازه‌کان. کیریشناو(1991) بیرداڕێژی ڕه‌شی فیمینیست به پێچه‌وانه‌ی “باتلێر” بیر ده‌کاته‌وه: (له جیهانی ڕیزبه‌ندکراو و پلهبهندیکراوی ئێسته‌دا که هه‌ندێ له گرووپه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان به‌هۆی پڕکردنه‌وه‌ی هه‌ندێ له شوێنگه‌کانی شووناسی چینایه‌تی، جێنده‌ری، نه‌ته‌وه‌یی یان نه‌ژادی چوونه‌ته دۆخێکی سه‌رتر و هه‌ندێک به‌هۆی شوێنگه‌ی جیاوازتره‌وه که‌وتوونه‌ته دۆخی خوارتر و نزمتر، هه‌ر جۆره ده‌رچوون و خاڵیکردنه‌وه له شوێنگه‌کانی شووناس له لایه‌ن سه‌رده‌سته‌وه، زاوته و کۆیله‌یه‌تیی له‌سه‌ر ئه‌وان درێژتر ده‌کاته‌وه. ئه‌و باوه‌ڕی وایه که به سه‌رنج دان به زه‌مینه و به‌ستێنه سیاسییه‌کانی ئێستا یه‌کڕیزی و یه‌کێتی و له ئه‌نجامدا به‌هێزکردنی گرووپه بێده‌سه‌ڵاته‌کان ته‌نها به مانه‌وه له هه‌مان شوێنگه جیاوازییه‌کانی شووناسی ئیتنیکی، جێنده‌ری، نه‌ته‌وه‌یی و نه‌ژادی و تۆخترکردنهوهی ئه‌م شوێنگه شوناسییانهوه ده‌پۆڕێت و مومکین ده‌بێت).
به‌هۆی ئه‌وه‌ی که ژنانی فیمینیستی کورد پێداگری و داکۆکی‌یان له‌سه‌ر ژنی کورده (ژنی کوردیش وه‌کوو وته‌زا و بابه‌تێکی شووناسبهخش و هه‌میش وه‌کوو که‌سێک که سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌یه‌ک ده‌ئه‌زموێ، تایبه‌ت و هه‌ڵاوێردراوه) وته و کرده‌وه‌یان له چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی شووناس(politics identity) ماناداره. له لایه‌كی دیکه‌وه تا ئه‌و شوێنه‌ی که له‌سه‌ر ئه‌م پرسه پێداگرن که ژنانی کورد سته‌می چینایه‌تی له په‌یوه‌ندییه‌کی ئۆرگانیک له گه‌ڵ جۆره‌کانی دیکه‌ی سته‌ملێکراویدا ئه‌زموون ده‌که‌ن، له‌گه‌ڵ فیمینیسمه چه‌پگه‌را و مارکسیسته‌کان خاڵی هاوبه‌ش ده‌دۆزنه‌وه، به‌ڵام له‌وێشه‌وه که چه‌په‌کان هه‌موو ململانێ و پێکدادانه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان داده‌به‌زێننه سه‌ر “چین”، له چه‌په‌کان جوێ ده‌بنه‌وه. فیمینیسته مارکسیسته‌کانی ڕه‌خنه‌گری ئه‌م بۆچوونه له ناو پارادایمی ئینته‌ر سێکشناڵدان، که هه‌موو جۆره‌کانی سته‌م له‌م تێڕوانینه‌دا له بنه‌مادا هاوسان و یه‌کن و بۆ سته‌ملێکراویی چینایه‌تیی، سه‌رێتی و بهرێتییهکی بنه‌مایی قایل ده‌بن. کاسێل له ڕه‌خنه‌ی ئینتهرسێکشناڵیتیدا ده‌نوسێت: ئینتهرسێکشیناڵێتی هه‌موو جۆره‌کانی سته‌م له بنه‌مادا به یه‌کێک ده‌زانێت، به‌ڵام مارکسیسته‌کان له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ن و له‌مه پێداگری ده‌که‌ن که چین، هێڵی دابه‌شکاریی بنه‌ماییه له سیسته‌می سه‌رمایه‌داریدا. لایه‌نگرانی ئینته‌ر سێکشیناڵیتی، دژی شیکاریی گرووپێکی ستمهلێکراون له‌سه‌ر بنه‌مای سته‌مێکی سه‌ره‌کی و ئه‌نجامی ئه‌م تێروانینه، شتێک جگه له هه‌ڵاواردانی خه‌ڵک به‌پێی ژماره‌یه‌کی زۆر و ناکۆتا له سته‌مه چه‌ند فاقێکییهکان و ئیمتیازاته‌کان (که هیچ لایه‌ن و خاڵێکی هاوبه‌شیشیان نییه) نییه. هه‌ر به‌و شێوه که له وته‌کانی کاسێلدا ده‌رده‌که‌وێت بۆ فیمینیسته مارکسیسته‌کان ئیمتیاز و پێدراوه ئیتنیکی یان ئایینی یان نهژادییهکانه، که ده‌توانێت هێڵێکی ڕاسته‌وخۆ له نێوان ژناندا دروست بکات، به ده‌ربڕینی ئه‌و هیچ خاڵێکی هاوبه‌شیان نییه و ته‌نها هۆکاری “چین” ده‌توانێت ببێت به بنه‌مای یه‌کگرتوویی و یه‌کانگیریی و خه‌باته سیاسییه گرووپییه‌کان. ئه‌و له شوێنێکی دیکه‌دا ده‌نوسێت تا شوێنێک که ئێمه له کۆمه‌ڵگایه‌کدا ده‌ژین که چینێکی زاڵی منداڵۆچکه، زۆرینه ده‌خه‌نه ژێڕ ڕکێفی خۆی و خوێنیان ده‌مژێ، هیچ گرووپێکی ستمه‌لێکراو ئه‌گه‌ری ڕزگاریی ڕاسته‌قینه‌ی له به‌رده‌مدا نییه. هه‌موو نوێنه‌رانی که‌مینه‌ی زاڵ و ده‌سه‌ڵاتداری “چین”ی سه‌رده‌ست، به‌ده‌ر له جێنده‌ر، نه‌ژاد، خوازیاریی سێکسی و…له دواجاردا به دوای دابینکردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌و چینه‌ی خۆیانن، که له سه‌ر بنه‌مای پۆلێنبه‌ندی و سه‌رکوتکردنه. هه‌ر بۆیه فیمینیسته مارکسیسته‌کان هه‌موو که‌لێن و قه‌ڵشته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له ده‌رئه‌نجامی که‌لێن و قه‌ڵشتی چینایه‌تییه‌وه ده‌بینن و، چاره‌سه‌ری هه‌موو قهڵشتهکانیش له‌وانه جێنده‌ری و ئیتنیکی گرێ ده‌ده‌ن به چاره‌سه‌ری قه‌ڵشتی چینایه‌تییه‌وه. ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئه‌م بیرۆکه‌یه‌ی فیمینیسته ئینتهرسیکشناڵهکان که باوه‌ڕیان وایه گرووپه جیاوازه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ڕووبه‌ڕووی جۆره‌کانی جیاواز و فرهفاقی سته‌م ده‌بنه‌وه، کێشه‌یه‌کیان نییه و قبووڵی ده‌که‌ن، به‌ڵام کێشه‌که له‌وێوه ده‌ست پێ ده‌کات که په‌یوه‌ندی نێوان جۆره‌کانی زاڵێتی و زاوته و سوڵته به شێوه‌ی هۆکارێتی(علی) واته هۆ و به‌رکار و هێڵی ده‌بینن و سه‌رمایه‌داری و سته‌می چینایه‌تی وه‌کوو هۆکاری سه‌ره‌کیی سه‌رهه‌ڵدان و ده‌رکه‌وتنی جۆره‌کانی دیکه‌ی سته‌م ده‌بینن. له حاڵێکدا له بیرکردنه‌وه‌ی ئینتهرسێکشناڵدا په‌یوه‌ندیی جۆره‌کانی زاڵێتی و زاوته به‌شێوه‌یه‌کی ناهێڵی گه‌ڵاڵه کراوه و پێوه‌ندی نێوانیان به شێوه‌ی هۆکارێتی نییه. له‌م بیرکردنه‌وه‌یه‌دا یه‌ک جۆر له سته‌م دیاری ناکات که له جۆرێکی دیکه‌ی سته‌مدا چ ڕوو ده‌دات(کالینز،2017:5).
هه‌ر بۆیه فیمینیسته کورده‌کان قه‌ڵشت و مه‌ودای چینایه‌تی ته‌نها وه‌کوو یه‌کێک له قه‌ڵشت و مه‌وداکان، یان پاژێک له پێکهاتێکی گشتگیری زاوته و سوڵته ده‌بینن و له ڕوانگه‌ی ئه‌وانه‌وه قه‌ڵشتی چینایه‌تی وه‌کوو قه‌ڵشتێکی سه‌ره‌کیی که قه‌ڵشته‌کانی دیکه‌شی دروست کرد بێت، ناخوێنرێته‌وه و چاره‌سه‌ری کێشه و پرسگر و مقۆمقۆ چینایه‌تییه‌کان قه‌ڵشته ئیتنیکییه‌کان چاره‌سه‌ر ناکات. له بیرکردنه‌وه‌ی ئینتهرسێکشناڵدا وا گریمانه کراوه که هه‌ر سیسته‌مێکی زاوته و سوڵته بۆ کارابوونی زیاتری خۆی پێوسیتی به سیسته‌مه‌کانی دیکه‌ی زاوته و سوڵته هه‌یه، هه‌ر بۆیه ئه‌وان له باتی فۆکۆس و سه‌رنج خستنه‌سه‌ر سیسته‌مه جیاوازه‌کانی سوڵته (چینایه‌تی، جێنده‌ری، ئیتنیکی) له سه‌ر ئه‌م پرس و بابه‌ته فۆکۆس ده‌که‌ن، که چۆناوچۆن سیسته‌مه‌کانی سوڵته له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ یه‌کدا ده‌جووڵێنه‌وه. هه‌ر بۆیه بۆ فیمینسته‌کانی کورد ئه‌و به‌شه له بابه‌ته سیاسییه‌کان که بۆ چالاکنی چه‌پ و چینی کرێکاری غه‌یری کورد به تایبه‌تی فارسه‌کان گرینگ ده‌بینرێت، سه‌رێتی و گرینگی نییه و ئه‌مه بێبه‌شبوونی چه‌ند لایه‌نه‌ی ژنانی کورده(نه‌ک ته‌نها بێبه‌شیی چینایه‌تیی ئه‌وان)که ناوه‌ندی خه‌بات بۆ ئه‌وان نه‌ک له خاڵێکدا به‌ڵکوو له چه‌ندین خاڵی جۆراوجۆردا دیاری ده‌کات. له لایه‌کی دیکه‌وه ئه‌وان له هاوبه‌شێتی له‌گه‌ڵ ژنانی دیکه له ئێران‌دا سته‌می جێنده‌ری ئه‌زموون ده‌که‌ن و خه‌بات بۆ ڕزگاربوون له سته‌می جێنده‌ری یه‌کێک له خاڵه هاوبه‌شه‌کانه که ده‌بێته هۆی په‌یوه‌ندی و به‌ڵێنی پێکه‌وه‌بوونیان له‌گه‌ڵ ژنانی دیکه له‌وانه‌ش فیمینیسته‌کانی ناوه‌ندگه‌را ده‌بێت. به‌ڵام به هه‌مان شێوه که پێشتر وتم جێندهرێتی وه‌کوو ئیتنیک و چین، وه‌کوو ته‌نها فاکتۆر و واقیعی سه‌رکوتکردن که له ته‌وه‌ر و بابه‌ته‌کانی دیکه‌ی سه‌رکوتکردن جودا بێت، جێی سه‌رنجی فیمینیسته کورده‌کان نییه.
داکۆکی له‌سه‌ر سه‌رچاوه چهندفاقی و فره‌ڕه‌هه‌نده‌کانی سه‌رکوتکردن ته‌نها یه‌کێک له خاڵه جێگه‌ی مشتومڕه، گوتارییه‌کانی فیمینیستی ناوه‌ندگه‌را له‌گه‌ڵ فیمینیستی کوردیی پهراوێزخراودایه. خاڵی ناکۆکیی دیکه له شێوازی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌م دوو جۆره له فیمینیسم له‌گه‌ڵ پرسی ناهاوسانیی جێنده‌ری و ڕێگه‌چاره پێشکه‌شکراوه‌کانه. فیمینیسمی ناوه‌ند تاکوو ئێستا فۆکۆس و سه‌رنجی خستووه‌ته سه‌ر له‌ناوبردنی هه‌ڵاواردن وه‌کوو ڕێگه‌چاره‌ی پرسی ناهاوسانی و به گرتنه‌به‌ری تێڕوانینێکی مافته‌وه‌رانه، ڕزگاریی ژنان له گره‌وه‌ی سڕینه‌وه‌ی یاسا هه‌ڵاوردن ئامێزه‌کاندا ده‌بینێت که ماف و ئازادییه تاکه‌که‌سییه‌کانی ژنان زه‌وت ده‌کات و لێیان ده‌سێنیته‌وه. زاڵبوونی فیمینیسمی لیبراڵ به سه‌ر گوتاری بزووتنه‌وه و باسه په‌یوه‌ندیداره‌کان له گه‌ڵ مافه تاکه‌که‌سییه‌کان، بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که چالاکانی ناوه‌ند جیاوازییه‌کانی ده‌رهاوێشته‌ی دۆخی مادی و ئه‌زموونی نێوان ژنان له‌بیر بکه‌ن و نه‌دیوی بگرن و له‌سه‌ر ژنی ده‌رهه‌ست و دابڕاو له به‌ستێنی به‌رهه‌ست و واقیعی پێداگری بکه‌ن. ئه‌نجامی یه‌کده‌ستکردنه‌وه‌ی ژنان و به‌دواداچوون بۆ داخوازییه‌کان به مه‌به‌ستی گه‌ره‌نتیکردنی مافه تاکه‌که‌سییه‌کانیان شتێک نییه جگه له نواندنه‌وه‌ی ژنان وه‌کوو گرووپێک کێشه و پرسگر و قه‌یرانی هاوشێوه‌یان هه‌یه که ده‌وترێت خاوه‌نی دۆخ و هه‌لومه‌رجێکی هاوسان بۆ گه‌یشتن به‌و ده‌سکه‌وت و ئیمتیازاتانه‌ن، که تاکوو ئێسته له ژێر ده‌سه‌ڵاتی پیاواندا هه‌یه. ئه‌و ئیمتیاز و ده‌سکه‌وتانه‌ی که فیمینیسته‌کانی ناوه‌ند له ڕێگه‌ی ئیش‌کردن بۆ گۆڕینی یاساکان خوازیاری جێبهجێکردنیانن بۆ ژنان، هه‌ر وه‌کوو چۆن بۆ پیاوان جێبه‌جێ ده‌کرێت. فیمینیسته‌کانی ناوه‌ند بیر له‌مه ناکه‌نه‌وه که ئه‌گه‌رچی هه‌موو ژنان سته‌می جێنده‌رییان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێت، به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نییه که ئه‌وان ئه‌م سته‌مه به شێوه‌یه‌کی هاوسان ئه‌زموون ده‌که‌ن و له‌گه‌ڵ کێشه و قه‌یرانی هاوبه‌شدا ڕووبه‌ڕوون. هه‌ر به‌هۆی ئه‌م چونیهکنهبوونهیه که به پووچه‌ڵبوونه‌وه و نه‌هێشتنی هه‌ڵاواردنه یاساییه‌کان هه‌موو ژنان به شێوه‌یه‌کی هاوسان لێی به‌هره‌مه‌ند نابن. به فۆکۆسکردن له‌سه‌ر ئه‌زموونی ژینکراوی ژنانی کورد و دانانی ئه‌وان له ناوه‌ندی شیکاریدا ده‌کرێت ئه‌م بانگه‌شه و دهعییهیه که ده‌ڵێت هه‌موو ژنان به شێویه‌کی یه‌کسان له گۆڕینی یاساکان به‌هره‌مه‌ند ده‌بن، تووشی گیر و گرفت بکه‌ین. یه‌کێک له‌م یاسایانه‌ی که فیمینیسمی ناوه‌ند به شوێن گۆڕینێتی یاساکانی په‌یوه‌ندیدار به ئیرس و میراسه. له پێداگریی له‌سه‌ر گۆڕینی ئه‌م یاسایه، تێروانینێک له سه‌ر بنه‌مای سه‌روه‌ت بۆ ده‌ستپێڕاگه‌یشتنی ژنان به ماڵ و دارایی مه‌به‌سته. ئه‌و تێڕوانینانه‌ی له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌روه‌ت پێداگرییان له‌سه‌ر ده‌ستپێڕاگه‌یشتن به‌و شتانه‌یه که سه‌رچاوه‌ی داهاتن؛ به‌م مانایه که ئه‌م ماڵ و داراییه و هه‌روه‌ها پشتگیریی ماڵی و غه‌ری ماڵیی ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌یه که یارمه‌تی ژنان ده‌دات تاکوو داهاتێک بۆ خۆیان به‌رهه‌م بهێنن. له به‌رامبه‌ردا تێڕوانینی له‌سه‌ر بنه‌مای داهات، کار و ئیشیانی به حه‌قده‌ست و مووچه‌ی شیاو وه‌کوو سه‌رچاوه‌یه‌کی گرینگی داهات بۆ ژنان به گرینگ ده‌زانێت.(کالینز له زاری ئاستینهوه، 1997).
له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ژنانی کورد له‌سه‌ر هه‌ر کام له تێڕوانینه‌کان بوه‌ستین ده‌گه‌ینه ئه‌نجامگه‌لی که‌م تا زۆر هاوشێوه. به‌ڵام به وه‌ستان له‌سه‌ر تێڕوانینی له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌روه‌ت، ده‌ستپێڕاگه‌یشتن به ماڵ و موڵکی داهاتدار له بنه‌ماڵه‌دا ڕۆڵی ئه‌م بنکه‌یه وه‌کوو بنکه‌یه‌ک که تێیدا ماڵ و داهاته کۆکراوه‌کان به شێوه‌ی نێوان به‌ره‌یی له‌م به‌ره‌وه ده‌گوازرێته‌وه بۆ ئه‌و به‌ره، تۆختر ده‌بێته‌وه. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش له چوارچێوه‌ی بنه‌ماڵه‌دا ده‌ستپێڕاگه‌یشتنی ژنان به ماڵ و موڵک له ڕێگه‌ی هاوسه‌ر، باوک و براکانیان و به شێوه‌ی گشتی له ڕێگه‌ی پیاوانه‌وه ده‌پۆڕێت و مومکین ده‌بێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش بنه‌ماڵه وه‌کوو ڕۆنراوێکی بێلایه‌ن و ئازاد له ده‌لاله‌ته ئایدۆلۆژیکه‌کان نییه و چوارده‌وری به به‌ها و وێنا زاڵگهرا و سوڵتهخوازه جێنده‌رییه‌کان، ئیتنیکی و چینایه‌تییه‌کان گیراوه. ئه‌و ده‌سته له وێنا جێنده‌رییه‌کان که له پێکهات و لاختی کوردستاندا زاڵه و دارایی و موڵک و ماڵی بنه‌ماڵه به مافی ڕه‌وا و نکۆڵیلێنه‌کراوی مناڵانی نێر یان به شێوه‌ی گشتی پیاوان ده‌زانێت، هانده‌ری پێویست له هه‌ناوی ژنانی کوردی سه‌ر به چینی ده‌ستڕۆیشتوو و ناوه‌ڕاستی کورد بۆ داواکردنی موڵک و ماڵیان له‌ناو ده‌بات. ئه‌م ده‌سته له ژنان له کاتی به‌دواداچوونی موڵک و ماڵیان له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌سته له به‌هاکانی بنه‌ماڵه‌ی باوکسالار و زه‌خته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ڕووبه‌روون که له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا ناچاریان ده‌کات به به‌خشینی هه‌موو ماڵ و دارایی یان له باشترین حاڵه‌تدا به‌شێکی زۆر له ماڵ و موڵکیان به ئه‌ندامانی نێرینه‌ی بنه‌ماڵه. ئه‌گه‌رچی ئه‌م به‌هایانه ئێستا له حاڵی گۆڕاندان و به نیسبه‌ت ڕابردووه‌وه که‌مڕه‌نگتر بووه‌ته‌وه، به‌ڵام هێشتا به‌هۆی ئه‌م به‌هایانه و وێنا جێنده‌رییه‌کان له به‌شانێک له کوردستان ژنانێکی زۆر له‌مه‌ی که داوای ئیرس و میراسی باوکیی خۆیان ده‌که‌ن یان داوای پشک و مافی خۆیان له میراسی بۆماوه‌ی مێرده‌کانیان له کوڕه‌کانیان ده‌که‌ن، قسه‌یان ده‌که‌وێته شوێن و له ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه باش ناخوێنرێته‌وه. له ئه‌نجامی ئه‌م زه‌ختانه که‌م نین ئه‌و ژنانه‌ی که به پێچه‌وانه‌ی مه‌یل و ئاره‌زووی خۆیان و له ژێر سێبه‌ری هه‌ر ئه‌م یاسا هه‌ڵاواردن ئامێزانه که تۆزه مافێکیان پێ ڕه‌وا ده‌بینێت، موڵک و ماڵی خۆیان به‌خشیوه تاکوو نه‌بنه هۆی تێکچوونی شیرزاهی خێزان و له کۆمه‌ڵگاشدا حورمه‌ت و متمانه‌ی خۆیان پاراستبێت. چون به‌پێی نۆرمی باوی کۆمه‌ڵگا به‌رپرسی پاراستنی شیرازه‌ی خێزان ژنان بوون و ئه‌م فیداکاری و له‌خۆبردووییه ده‌بێت له لایه‌ن ئه‌وانه‌وه ئه‌نجام بدرێت تاکوو شیرازه و بنه‌مای خێزان و بنه‌ماڵه لێک هه‌ڵنه‌وه‌شێته‌وه.
هه‌ر بۆیه ئه‌و کێشانه‌ی که ژنانی کورد له وه‌رگرتنی موڵک و ماڵ له‌گه‌ڵیان ڕووبه‌ڕوون، شتێکه زیاتر له هه‌ڵاواردن و کۆت و به‌نده یاساییه‌کان. له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه شووناس و دیسیپلین و نۆرم و به‌ها ئیتنیکی و کولتوورییه‌کان ڕۆڵێکی بنه‌ماییان له سه‌رچه‌شن و تایپه‌کانی هاوسه‌رگیریدا هه‌یه و ئیتنیک وه‌کوو هۆکارێکی سه‌ربه‌خۆ له یه‌کلاکردنه‌وه و ڕوونکردنه‌وه‌ی هاوسه‌رگیری له نێو کورددا ڕۆڵ ده‌گێڕێت (عه‌باسی شوازی و هاوکاران، 1384). ئه‌م به‌ها و دیسیپلینانه ژنان و پیاوانی کورد پێملی هاوسه‌رگریی له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی ناو کۆمه‌ڵه‌یه‌ک و پارێزکردن و دوورکه‌وتنه‌وه له‌گه‌ڵ که‌سانی بێگانه و له‌ده‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌که ده‌کات. هه‌ر به‌م ئاڕاسته‌یه‌دا شووناسخوازان و هه‌موو ڕه‌وت و گه‌ڕیانه سیاسی و کولتوورییه‌کان به نۆژه‌نکردنه‌وه و بووژاندنه‌وه‌ی گوتاری خێزان و بنه‌ماڵه داکۆکی له‌و به‌هایانه ده‌که‌ن که پێشگری له تێکه‌ڵبوونی نێوان ئیتنیکه جیاوازه‌کان و داکۆکی له په‌تیبوونی زمانی و کولتووری ده‌کات. چون وا گریمانه کراوه که هاوسه‌رگریی له ده‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌یه‌کی دیاریکراو له‌سه‌ر یه‌کانگیریی و گرێدراوێتی ئیتنیکی کاریگه‌ریی ده‌بێت و پاڵنه‌ری پێویست بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ گرووپی زاڵ و سه‌رده‌ست داده‌به‌زێنێته سه‌ر ئاستی لانیکه‌م. بنه‌ماڵه وه‌کوو چه‌مکێکی بنه‌مایی ڕۆڵێکی سه‌ره‌کی له هه‌موو گوتاره سیاسییه‌کاندا ده‌گێڕێت. گوتاری بنه‌ماڵه زۆربه‌ی کات وه‌کوو ڕه‌مز و هێمایه‌ک له هیوا و ئاوات و داخوازییه‌کانی گرووپه سته‌ملێکراوه‌کان ده‌خرێته ڕوو. ڕاستی پارێزکار و کۆنسێرڤاتیڤ و نه‌ته‌وه‌خوازه‌کان، هه‌ر وه‌کوو یه‌ک پێداگری له‌سه‌ر زمانی بنه‌ماڵه بۆ پێشبردنی ئامانجه سیاسییه‌کانیان ده‌که‌ن و ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌کان له‌ڕێگه‌ی ڕۆنانی بنه‌ماڵه‌ی نیشتیمانی سنوور و هه‌رێمه‌کانی نامۆبوون و هاووڵاتیبوون دهچهمکێنن(کالینز، 1396:201 و 202).
“کانێر” په‌یوه‌ندییه ناوئیتنیکی و نێوان ئیتنیکییه جیاوازه‌کان له دروستکردنی وشیاریی ئیتنیکی و شوناسخوازی ئیتنیکی به یه‌ک ڕاده کاریگه‌ر ده‌زانێت. ئه‌و بڕوای وایه که زاڵبوونی په‌یوه‌ندییه ناوئیتنیکییهکان ده‌بێته هۆی پته‌وکردنی یه‌کانگیریی کۆمه‌ڵایه‌تی له ناو ئیتنیکێکی دیاریکراودا و له ئه‌نجامدا ده‌بێته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی وشیاری له ناویاندا، به‌ڵام پێچه‌وانه‌که‌شی ڕاسته. واته هه‌رچه‌نده په‌یوه‌ندی نێوان ئیتنیکه‌کان زیاتر بێت، ئه‌گه‌ری به‌راوردکردنی دۆخی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی ئیتنیکه‌کان له‌گه‌ڵ یه‌کتر زیاتر زه‌ق ده‌بێته‌وه. له‌م حاڵه‌ته‌دا ئه‌گه‌ر گرووپێکی ئیتنیکیی دیاریکراو تێبگات له جیاوازییه زۆر زه‌ق و دیاره مادی و مه‌عنه‌وییه‌کانی نێوان خۆی له‌گه‌ڵ گرووپێکی ئیتنیکی دیکه، ڕه‌نگه ئه‌م هه‌سته ببێته هۆی سیاسیبوونی شووناسی ئیتنیکی. قادرزاده و هاوکاران(1397) له وتارێکدا کاریگه‌ریی په‌یوه‌ندییه ناوئیتنیکی و دهرهئیتنیکییهکانیان له‌سه‌ر ڕێژه‌ی شووناخوازیی ئیتنیکی لێک داوه‌ته‌وه. ئه‌نجامه‌کان دیدگای “کانێر” پشت ڕاست ده‌که‌نه‌وه. سه‌ره‌ڕای ئه‌م ڕاستییه به‌زۆری پێداگریی ژنانی کورد له‌سه‌ر هاوسه‌رگیریی ناو گرووپییه و بژارده‌ی دووهه‌م، وه‌کوو میتۆدێک که هه‌م ده‌بێته هۆی به‌رگری و هه‌م ئه‌گه‌ری ده‌ستپێڕاگه‌یشتنی کورده‌کان به سه‌روه‌ت و سامانی درێژ ماوه به‌هێز ده‌کات، تاکوو ئێستا له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا ئه‌گه‌ری ده‌رکه‌وتنی پێ نه‌دراوه. ئه‌نجامی هاوسه‌رگریی ژنانی کورد له‌گه‌ڵ پیاوانی کورد به‌هۆی سته‌می چینایه‌تییه‌وه که به‌ره دوای به‌ره گوازراوه‌ته له ناو کورده‌کاندا، ئه‌مه‌یه که ده‌ستپێڕاگه‌یشتن به سه‌روه‌ت و سامان بۆ ژنانی کورد دێنێته ئاستێکی نزم و لانیکهمییهوه. له لایه‌کی دیکه‌وه ئه‌گه‌رچی به‌ها و کۆده ئه‌خلاقییه‌کانی هه‌م پیاوان و هه‌م ژنانی کورد ملکه‌چی پابه‌ندبوون ده‌کات، به‌ڵام له ئه‌نجامی پله‌به‌ندییه‌کی جێنده‌ریدا هاوسه‌رگریی پیاوانی کورد له‌گه‌ڵ ژنانی غه‌یری کورد په‌سه‌ندکراوتره له هاوسه‌رگریی ژنانی کورد له‌گه‌ڵ پیاوانی غه‌یری کورد. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا ده‌ستپێڕاگه‌یشتنی پیاوانێکی کورد که له‌گه‌ڵ ژنانی غه‌یری کورددا هاوسه‌رگیرییان کردووه به سه‌روه‌ت و سامان، زۆر لاواز و ئه‌گه‌رێکی دووره. ئه‌م سنووردارێتییه به‌هۆی یاسا ههڵاوردنئامێزهکان و له‌وه‌ش گرینگتر هه‌ڵپێکرانی سه‌روه‌ت و سامانی ژنانی غه‌یری کورد له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی نێرینیهی بنه‌ماڵه‌که‌یان به‌هۆی توخمی جێنده‌رییه. ئه‌نجامه‌که ده‌بێت به‌مه‌ی که سه‌روه‌ت و سامان له نێو گرووپه زاڵه‌کاندا ده‌مێنێته‌وه و له ئه‌گه‌ری په‌سه‌ندکردنی پێشکه‌تووترین یاساکانی په‌یوه‌ست به ئیرس و میراسه‌وه، زۆرینه‌ی کورده‌کان و ژنانی کورد هه‌ر ئه‌و بێبه‌شی و هه‌ژاری و ههشبهسهرییهیان به‌ره دوای به‌ره بۆ ده‌گوازرێته‌وه و ده‌بێت به میراس و ئیرسیان!.
هه‌ر ئه‌م پرۆسێسه له ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینی فیمینیسته‌کانی ناوه‌ند له دژی بڕگه‌ی 115 یاسای بنه‌ڕه‌تی و ڕه‌وتی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆککۆمار ده‌کرێت ببینرێت. به‌پێی ئه‌م بڕگه‌یه سه‌رۆککۆمار ده‌بێت له ناو ڕه‌جال(پیاوان)ی ئایینی و سیاسی‌دا هه‌ڵبژێردرێت که تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی وه‌کوو ئێرانیبوونی ڕه‌سه‌ن، هۆگرێتی به ئێران، به‌ڕێوه‌به‌ر و کارامه، پێشینه‌ی باش و ئه‌مانه‌تداری و ته‌قوا، ئیماندار و باوه‌ڕمه‌ند به بنه‌ماکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئایینه فه‌رمییه‌که‌ی بێت. ناڕه‌زایه‌تی فیمینیسته‌کانی ناوه‌ند له‌سه‌ر چه‌مکی ڕهجالی ئایینی و سیاسییه که له تێڕوانینی ئه‌واندا هاوده‌نگییه‌ک له‌سه‌ر ئه‌مه‌ی که ڕه‌جال به مانای پیاوان به کار نه‌هاتووه هه‌یه، به‌ڵام به‌پێی خوێندنه‌وه گه‌لێک هێشتا ژنانی ئێرانی به‌هۆی ئه‌م وشه‌یه‌وه که ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کی ڕوون تا ئێسته‌ش له‌باره‌یه‌وه نه‌دراوه، له گه‌یشتن به پۆستی سه‌رۆککۆماری بێبه‌ش کراون. په‌یوه‌ست به ژنانی کورده‌وه ئه‌مه ته‌نها وشه‌ی ڕه‌جال نییه که ئه‌وان له گه‌یشتن به‌م پۆسته بێبه‌ش ده‌کات، به‌ڵکوو مه‌رجی باوه‌ڕدارێتی سه‌رۆککۆماری به ئایینی فه‌رمیی وڵات که هه‌مان شیعه‌یه هۆکارێکی دیکه‌یه. هۆکارێک که له تێڕوانینی فیمینیسته‌کانی ناوه‌نده‌وه گرینگییه‌کی ئه‌وتۆی نییه تاکوو وه‌کوو ئه‌و یاسایانه دایبنێن که ده‌بێ بگۆڕدرێن. ته‌نانه‌ت به هه‌بوونی ئه‌م مه‌رجه نه‌ک ته‌نها هاوجێندهره کورده‌کانیان که ده‌عیه‌ی به‌رگرییان لێیان هه‌یه به‌ڵکوو پیاوانی کوردی سونیش له گه‌یشتن به‌م پۆسته بێبه‌ش ده‌کرێن و هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له بازنه‌ی کێبڕکێکه ده‌سڕدرێنه‌وه. هه‌ر بۆیه به به‌راورد له‌گه‌ڵ سڕینه‌وه‌ی یاسا په‌یوه‌ندیداره‌کان به ئیرس و میراس، سڕینه‌وه‌ی یاسای په‌یوه‌ندیدار له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆککۆماری به‌هۆی زاڵێتی و سه‌رده‌ستیی ئیتنیکی و ئایینی هیچ کاریگه‌رییه‌کی له‌سه‌ر ژنانی کورد نابێت و ته‌نها ژنانی فارس زۆرترین قازانج و سوود له‌م گۆڕانه‌ی ئه‌م یاساییه و یاسا هه‌ڵاوردن ئامێزه‌کانی دیکه ده‌بینن، چون زۆرترین لێکچوونیان له‌ڕووی دهستبهندیی ئیتنیکی، ئایینی، زمانی و که‌لتووری له‌گه‌ڵ پیاوانی سه‌رده‌ست و زاڵدا هه‌یه.
هه‌ر له‌م تاقه بڕگه‌یه‌دا به باشی ڕێژه‌ی مافپێدانی فیمینیسته‌کانی ناوه‌ند و، فیمینیسته په‌راوێزخراوه کورده‌کان که باوه‌ڕیان به جه‌مسه‌ره چه‌ند ڕه‌هه‌ندی و چهندفاقێکانی سه‌رکوتکردن هه‌یه، ده‌کرێ ببینرێت. دۆخی ژنانی کورد به شێوه‌یه‌که که لاگرییان له هه‌ر جۆره ستراتیژێکی سیاسیی پێشخه‌رانه یان سه‌رده‌ست و ژێرده‌ست و ئه‌ستوونی به ئاسانی به واتای چه‌ند به‌شبوون و لهلهتبوونیانه. له‌ولاوه سترایژی سیاسیی پشتپێبه‌ستراو بۆ ئه‌وان ستراتیژێکه له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی سه‌رده‌ست و ژێرده‌ست و ئاسۆییه. جێگره‌وه‌ی چه‌مکیانه‌ی (یان ئه‌مه یان ئه‌وه)، هه‌ڵگر و ڕوونکه‌ره‌وه‌ی دۆخی ستهمئامێزی ئه‌وان نییه، به‌ڵکوو له‌ڕێگه‌ی جێگره‌وه‌ی چه‌مکیانه‌ی (هه‌م ئه‌مه و هه‌م ئه‌وه‌ش)ه که ئه‌وان ده‌توانن خۆیان بناسنه‌وه. به‌هره‌مه‌ندی و سوودمه‌ندیی جیاواز و ناهاوسان و ههڵاوێردزهدهی ژنان له گۆڕینی یاساکان، گرینگی جێگره‌وه‌ی چه‌مکیانه‌ی “هه‌م ئه‌مه و هه‌م ئه‌وه‌ش” و پێویستی پێداچوونه‌وه به‌سه‌ر جێگره‌وه‌ی چه‌مکیانه‌ی “یان ئه‌مه یان ئه‌وه” هه‌م له پراکتیک و هه‌م له بیردۆز و تیۆره‌ی چالاکانی ژن پیشان ده‌دات. ئه‌م جێگره‌وه چهمکیانهیه که له لایه‌ن فیمینیسته ڕه‌شه‌کانه‌وه ڕۆنراوه و داڕێژراوه، به مانای ئه‌مه‌یه که هیچ قوربانی و سته‌مکارێکی په‌تی و بێخه‌وش بوونی نییه. هه‌موو گرووپه‌کان کۆمه‌ڵیک دۆخ داگیر ده‌که‌ن که هه‌ڵگری ڕێژه‌یه‌کی جیاواز و جۆراوجۆری ئیمتیاز و سزادانی نێو سیسته‌مه که به شێوه‌ی مێژوویی شکڵی گرتووه. بۆ نموونه، له‌م سیسته‌مه‌دا ژنانی سپی به‌هۆی جێندهریانهوه که‌وتوونه‌ته دۆخێکی ناهه‌موار، به‌ڵام به‌هۆی نهژادیانهوه له دۆخێکی سه‌رتر و سهرووتردان. لێره‌دا تاکێک به‌پێی دۆخی خۆی ده‌توانێت سته‌مکار، ئه‌ندامێک له گرووپێکی ژێر سته‌م یان هاوکات سته‌مکار و سته‌مدیده بێت(کالینز،1990).
له‌ڕێگه‌ی که‌ڵکوه‌رگرتن له جێگره‌وه‌ی چه‌مکیانه‌ی (هه‌م ئه‌مه و هه‌م ئه‌وه‌ش)که په‌یوه‌سته به ژنانی گرووپه زاڵ و سه‌رده‌سته‌کان له ئێران‌دا، ده‌کرێت ئه‌مه بیر بخه‌ینه‌وه که ئه‌گه‌رچی له هاوبه‌شێتی له‌گه‌ڵ ژنانی دیکه و له‌ڕووی جێنده‌رییه‌وه ده‌که‌ونه گرووپی ژێرده‌سته‌وه، به‌ڵام به‌شێوه‌ی په‌تی و بێخه‌وش ژێرده‌سته نین؛ چون له ڕووی ئیتنیکی و چینایه‌تی و ئاینییه‌وه وه‌کوو گرووپی سه‌رده‌ست ئه‌ژمار ده‌کرێن و له هه‌ندێ ڕووی دیکه‌وه به‌نیسبه‌ت ژنانی دیکه‌ی نیشته‌جێی ئێران ئیمتیاز و پێدراوی تایبه‌تیان هه‌یه. ئه‌گه‌رچی سوودمه‌ندنه‌بوونی هاوسانی هه‌موو ژنان له گۆڕینی یاسا بهرمهبهستهکانی فیمینیسمی ناوه‌ند، ته‌نها به‌شیکی بچووک و ئاشکرای ناکارامه‌یی ڕیگه‌چاره‌ی ئه‌وانه ته‌نانه‌ت به پێی پێوه‌ر و پێودانگه دیاریکراوه‌کان له لایه‌ن خۆیانه‌وه به گریمانه‌ی په‌سه‌ندکرانی له لایه‌ن هه‌موو ژنانه‌وه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌کان له ئاستێکی گه‌وره‌تر و گشتی‌تر و به شێوه‌یه‌کی بنه‌ماییتر و ڕیشه‌ییتر گه‌ڵاڵه بکه‌ین و له سه‌رووی بابه‌ت و مژاره یاساییه‌کانه‌وه چاوی لێ بکه‌ین، ده‌بینین که زاڵبوونی تێگه‌یشتنی لیبراڵ به‌سه‌ر هاوسانیی له‌سه‌ر ئه‌ندێشه و کرده‌ی فیمینیسمی ناوه‌ند و خوێندنه‌وه و جوێبوونه‌وه‌ی ژنان له‌و هاوکێشانه‌ی ده‌سه‌ڵات که له ناویدا ده‌ژین، تا چ ڕاده‌یه‌ک ده‌توانێت بۆ ژنانی دیکه زیانبه‌خش و پڕخه‌سار بێت. ڕیچاردز(1980:113 و 114) هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: (ئه‌گه‌ر گرووپێک بۆ ماوه‌یه‌کی دوورودرێژ له شتێک بێبه‌ش کرا بێت و لادرابێت، ئه‌م ئه‌گه‌ره به‌شێوه‌یه‌کی به‌رچاو هه‌یه که چالاکییه په‌یوه‌ندیداره‌کان له‌گه‌ڵی، به‌شێوه‌یه‌کی نه‌شیاو و نه‌گونجاو بۆ ئه‌و گرووپه بێبه‌شکراو و لادراوه دروست بووبێت). به ده‌ربڕینێکی دیکه شکڵ‌گرتنی پێکهاته گه‌وره و گشتییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان له سه‌ر بنه‌مای عه‌قڵانییه‌تی گرووپێکی تایبه‌ت، زه‌مینه و به‌ستێن بۆ زاڵبوون و سه‌رده‌ستبوونی گرووپ و ده‌سته‌یه‌ک له‌وان به‌سه‌ر گرووپه‌کانی دیکه و حوکمڕانییان له‌بار ده‌کات. له‌م حاڵه‌ته‌دا ئیتر ناکرێت هۆکاری ژێرده‌ستی له یاسا هه‌ڵاواردن ئامێزه‌کان یان سیسته‌مێکی حوکمڕانی تایبه‌ت ببینینه‌وه، به‌ڵکوو ژێرده‌ستی له ئه‌نجامی سه‌پاندنی سوڵته و سه‌رێتی به‌شێک له گرووپێک به سه‌ر گرووپه په‌راوێزخراوه‌کاندایه. کاتێک که ڕه‌گ و ڕیشه‌ی ژێرده‌ستی له سه‌پاندنی سوڵته و سه‌رێتی و نه‌ک له هه‌ڵاواردنه ههڕهمهکییهکاندا په‌یگیری بکه‌ین، ده‌گه‌ینه ئه‌م ئه‌نجامه گرینگه که ناهاوسانیی هه‌رگیز له‌گه‌ڵ په‌سه‌ندکردنی پێشکه‌وتووترین یاساکانیش لانادرێ و پووچه‌ڵ نابێته‌وه. چون چه‌مکی هاوسانی پێش له‌وه به شێوه‌یه‌ک ڕۆنراوه و دروست کراوه که هه‌رگیز ده‌ستمان پێی ڕانه‌گات.
بۆ ڕوونتربوونه‌وه‌ی باسه‌که له نموونه‌ی “کیملیکا” له‌باره‌ی که‌ڵکوه‌رگرتن له یاساکانی لانیکه‌می باڵا و کێش بۆ گه‌یشتن به هه‌ندێ پیشه‌ی تایبه‌ت، وه‌کوو هێزی پۆلیس یان سوپا له که‌نه‌دا که‌ڵک وه‌رده‌گرم. به‌پێی وته‌کانی ئه‌و بۆ گه‌یشتن و ئاماده‌یی ژنان له سوپای که‌نه‌دادا، یاسایه‌کی پێشکه‌وتوو و له ڕووی جێنده‌رییه‌وه بێلایه‌ن بۆ هه‌بوونی هاوسانی ژنان له سوپا و هێزه‌کانی پۆلیس دانراوه؛ واته له‌م وڵاته‌دا یاسا جێنده‌رییه ههڵاواردنئامێزهکان بۆ پێش‌گرتن له ئاماده‌یی ژنان له سوپادا بوونی نییه و هه‌ر ژنێک که مه‌رجه پێویسته‌کان له‌وانه مه‌رجی لانیکه‌می باڵا و کێشی پێویستی هه‌بێت، ده‌توانێت بچێته ناو سوپاوه. چون سه‌ره‌تا گریمانه‌که ئه‌مه بووه که چوونه ناو سوپا کار و پیشه‌یه‌کی پیاوانه‌یه، تایبه‌تمه‌ندی و باڵا و کێشی پیاوان وه‌کوو پێوه‌ری هه‌ڵسه‌نگاندنی خوازیارانی ئه‌م پیشه‌یه له‌به‌رچاو گیراوه. شایسته‌یی ژنان به‌نیسبه‌ت پیاوان و به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌واندا په‌سند یان ڕه‌ت ده‌کرێته‌وه نه‌ک به نیسبه‌ت خۆیان و تایبه‌تمه‌ندییه ژنانه‌کانیان (مینسبریج و هاوکاران:1387). له‌م حاڵه‌ته‌دا زۆربه‌ی ژنان به‌هۆی نه‌بوونی مه‌رجی لانیکه‌می باڵا و کێش بۆ وه‌رگرتنی ئه‌م پیشه‌یه وه‌لاوه ده‌نرێن. هه‌ربۆیه پێویست به سه‌پاندنی هه‌ڵاواردنی یاسایی نییه که پێشگیری له چوونه ناوه‌وه‌ی ئه‌وان بۆ سوپا بکات، یان به‌پێچه‌وانه‌وه په‌سه‌ندکردنی پێشکه‌وتووترین یاساکان نه‌بووته هۆی ئاماده‌یی هاوسانی ژنان له‌گه‌ڵ پیاوان له ناو سوپادا. ته‌نها به‌م هۆکاره ساده‌یه‌وه که ژنان به گشتی هه‌م کورته‌باڵاتر و هه‌میش کێشیان که‌متره به نیسبه‌ت پیاوانه‌وه و ته‌نها ئه‌و ده‌سته له ژنان که زۆرترین لێکچوونیان له ڕووی جه‌سته‌ییه‌وه له‌گه‌ڵ پیاوان هه‌بێت، ده‌توانن له فیلته‌ر و بازگه‌کانی په‌سه‌ندکردن بپه‌ڕنه‌وه که ئه‌مه‌ش زۆرێک له ژنان ناگرێته خۆ. بۆیه زۆربه‌ی ژنان ناکه‌ونه دۆزێکی کێبڕکێکارانهوه بۆ وه‌رگرتن تاکوو بکه‌ونه به‌ر هه‌ڵاواردن بۆیه پێشوه‌خت له پانتای کێبڕکێکه به بێ به‌شداری لاده‌درێن و ده‌سڕدرێنه‌وه.
له‌باره‌ی یاسای په‌یوه‌ست به سه‌رۆککۆماریی له ئێران، ده‌کرێت له به‌ڵگاندنه‌که‌ی “کیمیلیا” که‌ڵک وه‌ربگرین. به‌م مانایه له ئه‌گه‌ری هه‌بوونی خوێندنه‌وه ناجێندهرییهکان له چه‌مکی ڕهجالی ئایینی و سڕینه‌وه و لادانی گرێدراوێتی به ئایینی فه‌رمیی وڵات له‌م باره‌یه‌وه ژماره‌ی ژنان و ته‌نانه‌ت پیاوانێکی کورد که هه‌ڵگری دۆخێکی شیاوی ڕکابه‌رانه بۆ سه‌رۆککۆماری بن، ڕه‌نگه له باشترین حاڵه‌تدا نه‌گاته ژماره‌ی قامکه‌کانی ده‌ستێک. هاوکێشه‌کانی ده‌سه‌ڵات و سوڵته‌ی چهندفاقییانه به‌شێوه‌یه‌کی سیسته‌ماتیک و مێژوویی له هه‌موو ئاسته‌کانی ورد، گه‌وره و مامناوه‌ند دژی کورده‌کان به شێوه‌ی گشتی و دژی ژنانی کورد به‌شێوه‌ی تایبه‌تی، تاکوو ئێستا سه‌پێنراون و به‌دی ده‌کرێت. بوونی ئه‌م جۆرانه‌ی سوڵته بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که کورده‌کان له درێژماوه‌دا ڕۆڵێکی کاریگه‌ر و بنه‌ماییان له بواری سیاسه‌ت و کاروباری ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتووری و به‌گشتی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی کۆمه‌ڵگادا نه‌بێت. جیا له‌وه‌ش ئاماده‌یی که‌م و کورتی هه‌ندێک له کورده‌کان له به‌ڕێوه‌بردنی کاروباری کۆمه‌ڵگا نابێت به ڕه‌نگدانه‌وه‌ی پێویستییه‌کان و به‌رژه‌وه‌ندیی گرووپییهکانیان بزانین، به‌ڵکوو ئه‌م ئاماده‌بوونه له پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی و پێداویستییه‌کانی گرووپه زاڵ و سه‌رده‌سته‌کان بووه. ڕۆڵی که‌م و کورت و بچووکی ئه‌وان له به‌ڕێوه‌بردنی کاروباری کۆمه‌ڵگا له درێژماوه‌دا به‌م مانایه‌یه که نه‌ک ته‌نها پۆستی سه‌رۆککۆماری به‌ڵکوو هه‌موو دۆخ و پێگه‌کان و به‌گشتی ده‌رفه‌ته گشتییه‌کان به‌شێوه‌یه‌ک گه‌ڵاڵه بوون و ڕۆنراون که ئه‌وان(کورده‌کان) ده‌خاته دۆخێکی نه‌گونجاو و نه‌شیاو و ناکارامه‌وه. به مانایه‌کی دیکه ئه‌وان سه‌ره‌ڕای په‌سه‌ندکردنی یاساگه‌لی بێلایه‌ن و داماڵراو له ده‌لاله‌ته جێنده‌ری یان ئیتنیکی و ئاینییه‌کان له دۆخێک‌دا نین که بێنه ناو کێبڕکێکه‌وه؛ چون به‌پێی وته‌ی مه‌ک کینۆن(1987:44) له ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه که‌مترین لێکچوونیان له گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی که دۆخه‌که‌یان پێوه‌رێکه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی شایسته‌یی تاکه‌کان بۆ هه‌ڵسوکه‌وتی هاوسان، هه‌یه.
هه‌موو ئه‌مانه به مانای ئه‌وه‌یه که ڕزگاریی ژنانی کورد له ڕیگه‌ی گۆڕانکاریی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه دێته ئاراوه و خواستی هاوسانی جێنده‌ری به‌شێوه‌یه‌کی ڕواڵه‌تی و به شێوه‌ی تاک به تاک، هیچ تیمارێک نانێت به سه‌ر برینی ژنانی کورده‌وه. به ده‌ربڕینێکی دیکه، ڕزگاریی به‌رمه‌به‌ستی چالاکانی کورد پرۆسێسێکی جڤاکییه و دانهبهزێندراوهته سه‌ر تاکخوازی و چالاکی تاک به تاک. له‌م پێناسه‌یه له ڕزگاری به‌پێچه‌وانه‌ی ڕزگاریی به‌رمه‌به‌ستی لیبراڵه‌کان که به شوێن به‌ده‌ستهێنانی پێگه‌یه‌کی باشتر له هه‌ناوی پێکهات و نه‌زمی ئامادهدان، له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و ڕووخانی نه‌زم و پێکهاتی ئاماده له‌نگه‌ری گرتووه. به گشتی به‌گیروگرفتکردنی ئایدیای گۆڕینی یاساکان به مانای ئه‌وه نییه که هه‌وڵه‌کان له‌م پێناوه‌دا ده‌بێ بوه‌ستن؛ ئه‌گه‌رچی له بارودۆخی سیاسیی ئێستای زاڵی ئێران‌دا ته‌نانه‌ت گه‌یشتن به لانیکه‌می خواست و داوکارییه‌کانی ژنانیش ئاواتێکی نه‌کرده و دووره‌ده‌ست دێته به‌رچاو، به‌ڵکوو زیاتر به مانای ئه‌مه‌یه که نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی چه‌مکی ناهاوسانی وه‌کوو قه‌یرانی سوڵته، نه‌ک وه‌کوو هه‌ڵاواردن زیاتر له‌گه‌ڵ واقیعه سیاسی و ژینه‌کییه‌کانی ژنانی کورد گونجاوه. به‌و هۆیه‌وه که پرسی سوڵته هه‌یه، ڕێگه‌چاره نه‌ک ته‌نها لابردن و سڕینه‌وه‌ی هه‌ڵاواردن به‌ڵکوو له دروستکردنی ده‌سه‌ڵات و به‌ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵاتی هاوسان بۆ هه‌موو گرووپه‌کانه، که گه‌ره‌نتیکه‌ری به‌رژه‌وه‌ندی و پێویستی و به‌هاکانیان بێت (مێنبریج و هاوکاران، 1387:69). گرتنه‌به‌ری تێڕوانینی سوڵتهبینانه به مانای ئه‌وه نییه ناتوانین پێبه‌ند و ملکه‌چی هاوسانی بین، به‌ڵکوو ده‌ربڕین و گێڕانه‌وه‌یه‌که له هاوسانی که له هاوسانی به‌رمه‌به‌ستی لیبراڵه‌کان به‌شێوه‌ی گشتی و فیمینیسته لیبراڵه‌کانی ناوه‌ند سه‌رووتر ده‌ڕوات. هاوسانیی لیبراڵی به‌مانای چونیهکبوون و هاوشێوه‌بوون له‌گه‌ڵ که‌سانێکه که وه‌کوو پێوه‌ر و پێودانگی دیاریکه‌ر له‌به‌رچاو گیراون؛ واته هه‌مان ئه‌و که‌سانه‌ی که هۆکاری سه‌رکوتکردنن. ئێسته ئه‌م هۆکاری سه‌رکوتکردنه ده‌توانێت ئیتنیکێک یان ڕه‌گه‌زێک یان چینێکی تایبه‌ت بێت که خۆی وه‌کوو مرۆڤ یان گرووپێکی خاوه‌ن حه‌ق له پێگه‌یه‌ک دابنێت که ئه‌وانیتر به‌نیسبه‌ت پێگه‌ی ئه‌وه‌وه ڕه‌وایی و فه‌رمیبوون په‌یدا ده‌که‌ن. له به‌رامبه‌ردا هاوسانی له تێڕوانینی سوڵتهبیندا سه‌ره‌ڕای ڕه‌تکردنه‌وه‌ی هه‌رجۆره پێوه‌ر و پێودانگێک، له‌سه‌ر دابه‌شکردنی هاوسانی ده‌سه‌ڵات له‌گه‌ڵ جێبه‌جێکارانی سه‌رکوت، به پاراستنی سه‌ربه‌خۆییان، له‌نگه‌ر ده‌گرێت. ئه‌مه خۆی به واتای پێناسه‌کردنه‌وه‌ی نۆرم و نه‌زمی ئاماده و ڕۆڵی هه‌موو گرووپه‌کانه، بۆ بیچمدانی نه‌زم و نۆرمی کولتووری و کۆمه‌ڵایه‌تیی نوێ و له‌گه‌ڵ هاوسانی لیبراڵی که هاوسانی له نه‌زم و نۆرمی کولتووری و سیاسیی ئاماده و توانه‌وه له کۆی پێکهاته‌که‌یدا ده‌بینێت، جیاوازه. به ده‌ربڕینی ئایزێنیشتاین(1984 به وته‌ی مێنسبریج و هاوکاران، 1387:71) هاوسانی لێره‌دا واته تاکه‌کان وه‌کوو مرۆڤ بایه‌خ و گرینگیی یه‌کسانیان هه‌یه.
“باسی کۆتایی”
من له‌م وتاره‌دا، به شوێن خستنه‌ڕووی نموونه و په‌تێرنه چهندفاقی و چهندڕهههندییهکانی کۆیله‌کردن له کێشه‌ی کوشتن له‌سه‌ر شه‌ره‌ف و ئیش‌کردنی ژنانی کورد بووم. هه‌ر بۆیه ئه‌گه‌ر خۆسوتاندن، هاوسه‌رگیریی مناڵان، خه‌ته‌نه و کێشه‌کانی دیکه‌ی ژنانی کورد لێک بده‌ینه‌وه، ده‌توانین شوێن پێی کۆیله‌کردن و پێوهنکردنی چه‌ند فاقی له هه‌موویاندا بدۆزینه‌وه. له پرۆسه‌ی شیکارییه‌که‌دا پیشانم دا که ئه‌زموونی ژینکراوی ژنانی کورد چ له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئاماده‌ییان له پانتای گشتی و چ له پانتای تاکه‌که‌سیدا ده‌ربڕی ئه‌وه‌یه که په‌رژانه سه‌ر هه‌ر کام له نیزام و پێکهاته‌کانی سوڵته و هه‌یمه‌نه(جێنده‌ری یان ئیتنیکی و چینایه‌تی) به‌شێوه‌ی جیا و دابڕاو و به بێ بیرکردنه‌وه له‌باره‌ی کاریگه‌رییان له سه‌ر یه‌کتر، ژنانی کورد له گه‌ڵ ئه‌زموونه‌کانیان نامۆ ده‌کات. هه‌ر له‌م پێناوه‌دا دووباره‌ناسینه‌وه‌ی شووناس بۆ ژنانی چالاکی کورد به شێوه‌یه‌که که خۆی وه‌کوو(ژنی کورد) به هه‌موو بهدواداهاتهکانییهوه ده‌ناسێته‌وه و له هه‌ر دوو پێگه‌که بۆ به‌هێزکردنی خۆی که‌ڵک وه‌رده‌گرێت. له وته‌زا و مژاری شووناسبهخش و له هه‌مانکاتدا به‌هێزکه‌ری (ژنی کورد)دا، ژن‌بوون و کوردبوون پێکه‌وه گرینگی و بایه‌خیان هه‌یه و له یه‌کدی جوێ ناکرێنه‌وه. له‌م حاڵه‌ته‌دا کوردبوون و ژن‌بوون هه‌ر دووک ده‌لاله‌ت و بارێکی مهعریفهناسانهیان هه‌یه و هه‌ڵگری ده‌لاله‌تی سیاسی، کولتووری و مێژوویین. هه‌ر دوو هه‌ڵگری ده‌لاله‌تی مهعریفهناسانهن، چونکه ژنانی کورد، وه‌کوو ژنی کورد ده‌گه‌ن به ناسینی دوونیا و دیارده‌کانی و “ژنی کوردبوون”یان مه‌رجی بوونی به‌رهه‌ست و کۆنکرێتیانه. ئه‌م دوو تایبه‌تمه‌ندییه‌ی ژنانی کورد، وه‌کوو مرۆڤ نهلکێنراون پێیانه‌وه به‌ڵکوو ژنی کوردبوون (ژن به ڕه‌گه‌زی کوردییه‌وه)یان ڕێک ئینسانبوونیان و ئینسانبوونیان ڕێک ژنی کوردبوونیانه.
هه‌روه‌ها ژنی کوردبوون هه‌ڵگری ده‌لاله‌ته مێژوویی و سیاسییه‌کانه، چون ئه‌وان نه وه‌کوو ژن به مانا گشتییه‌که‌ی به‌ڵکوو وه‌کوو ژن به شێوه‌یه‌کی مێژوویی ژێرده‌ست خراون و ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه. بۆیه ژنانی کورد چ له ژن‌بوون یان له کوردبوونیان خۆیان لابده‌ن و یان خۆیان لا نه‌ده‌ن و نه‌دزنه‌وه، پێشوه‌خت هه‌م له‌سه‌ر بنه‌مای کوردبوون و هه‌م ژن‌بوون بڕیاریان له‌سه‌ر ده‌درێت و قه‌زاوه‌ت ده‌کرێن، ده‌خوێنرێنه‌وه و په‌سند یان ڕه‌ت ده‌کرێنه‌وه و یان سوکایه‌تییان پێ ده‌کرێت و شووناسی جێنده‌ری و ئیتنیکی و په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌سه‌ڵات که له‌مانه‌وه هه‌ڵده‌خێزرێت، له‌ڕیگه‌ی نیزام و نۆرم و سیسته‌مه هێمایین و غه‌یری هێمایینهکانهوه له جیهانی واقیعیدا به‌شێوه‌ی ڕۆژانه به‌سه‌ریاندا ده‌سه‌پێت. به هه‌مان شێوه که مارتین ئیلکۆف فه‌یله‌سووفی به ڕه‌چه‌ڵه‌ک لاتینی ده‌ڵێت؛ کاریگه‌رییه‌کانی جیهانی واقیعی له‌سه‌ر شووناسه‌کان چ قبووڵیان بکه‌ین و چ پشتگوێ‌یان خه‌ین هه‌ر هێزی خۆیان هه‌یه و ئه‌گه‌ری هه‌ڵاتن و په‌ڕینه‌وه له شوناس بۆ (هیچ خودێک) بوونی نییه(ڕه‌وایی، 1390:185). له ئه‌نجامی هه‌ر ئه‌م کاریگه‌رییانه‌یه که ژنانی کورد ناتوانن له نێوان شووناسی جێنده‌ری و شووناسی ئیتنیکی ده‌ست بده‌نه هه‌ڵبژاردن و قبووڵکردنی ژن به مانا گشتییه‌که‌ی و سڕینه‌وه‌ی ئاوه‌ڵناوی کورد یان به پێچه‌وانه‌وه، داکۆکی له‌سه‌ر کوردبوون و سڕینه‌وه‌ی ئاوه‌ڵناوی ژن لێی، به مانای شووناس سڕینه‌وه و نه‌دیوگرتنی ئه‌و ناوانه‌یه که ژنانی کورد له ژێر ده‌سه‌ڵاتیاندا ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه.
له ئه‌نجامدا؛ به‌هۆی سوڵته و سه‌رده‌ستیی ئیتنیکی، سیاسه‌ته‌کانی فیمینیسته کورده‌کان په‌یوه‌ندییه‌کی نه‌پچڕاوه‌ی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی کوردی‌دا هه‌یه. زۆرێک له ژنانی کورد چ له ڕابردوو و چ له ئێستادا، له بزووتنه‌وه میانه‌ڕۆ و ڕادیکاڵه کوردییه‌کان له‌وانه بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌خوازی، بزووتنه‌وه‌ی مافه مه‌ده‌نییه‌کان و حیزبه ڕاست و چه‌په کوردییه چالاکه‌کان، چالاک بوون. کوردبوونی ئێمه، پێویستیی گرێدراوێتی له‌گه‌ڵ پیاوانی کوردی، وه‌کوو پێویستییه‌ک خستووه‌ته به‌رده‌م ئێمه. به‌ڵام به هه‌مان شێوه که پێشتریش وتم ژنانی کورد ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ریش بیانه‌وێت ناتوانن له نێوان کوردبوون و ژن بوون ده‌ست بده‌نه هه‌ڵبژاردن و به داته‌کاندنی خۆیان له ئه‌زموونه ههڵخێزراوهکان له ڕووی جێنده‌رییه‌وه و به پێداگری له‌سه‌ر ئینسانی کورد به شێوه‌ی گشتی، ژنبوونیان بخه‌نه لاوه و ته‌نها ئیتنیک زه‌ق که‌نه‌وه. به‌گشتی پرۆژه‌ی فیمینیسمی کوردی ئه‌گه‌رچی له ژێر ناوی فیمینیسم خۆی ده‌رده‌بڕێت، به‌ڵام پرۆژه‌یه‌کی لێکۆڵینه‌وه‌یی، سیاسی و کرده‌کییه که ده‌چێته ئه‌وپه‌ڕی کێشه‌ی جێنده‌رییه‌وه و خاوه‌نی ڕه‌هه‌ندی چه‌ند فاقییه. به ده‌ربڕینێکی دیکه فیمینیسمی کوردی سه‌ردێڕێکه که له مانایه‌کی هه‌م جامیع و کۆکراوه و هه‌م مانیع و کۆنه‌کراوه به‌کار ده‌برێت. کۆنه‌کراوه و مانیعه، چوون ئاماژه‌ی به جیاوازییه‌ک هه‌یه و هه‌ڵگری په‌یکه‌ره‌یه‌کی لێکۆڵینه‌وه‌یی و سیاسیی تایبه‌ته که گرووپه ئینسانییه‌کانی تایبه‌تی بهرمهبهسته و له‌گه‌ڵ پرۆژه لێکۆڵینه‌وه‌یی و سیاسییه‌کانی دیکه‌دا جیاوازه و جامیع و کۆکراوه‌یه، چون ده‌په‌رژێته سه‌ر هه‌موو شێوه‌کانی سوڵتهخوازی ئاماده و هه‌بوو که تا ئێسته ناسراون، هه‌ر بۆیه ته‌نها له‌سه‌ر ژنان و له‌باره‌ی ئه‌وانه‌وه نییه و، به‌ڵکوو هه‌موو کورده بێبه‌شه‌کان و په‌راوێزخراوه‌کان به پیاو و ژنه‌وه بهرمهبهستێتی. هه‌ر بۆیه فۆکۆسی له‌سه‌ر شووناسه چه‌ندڕه‌هه‌ندییه‌کان و جیاوازییه‌کانه. جیاوازیی له شووناسه‌کان به ناچاری ده‌بێته هۆی جیاوازیی له ئه‌وله‌ویه‌ت و سهرێتییهکان و له به‌رجه‌وه‌نێکی جیاوازه‌وه به‌دواداچوون بۆ ئه‌وله‌وییه‌ته‌کان ده‌کات. به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نییه که ناتوانین باوه‌ڕمان به خاڵێکی بنه‌مایی هاوبه‌ش له نێوان شووناسه جیاوازه‌کاندا هه‌بێت. ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که هیچ کام له شووناسه‌کانی ئێمه له شوناسه‌کانی دیکه‌مان جودا و دابڕاو نییه و له‌م نێوانه‌دا به‌رده‌وام پردگه‌لێکی ئاماده و پێشوه‌خت له نێوان شوناسه جۆراوجۆره‌کانی ئێمه‌دا هه‌یه، که ده‌توانین بۆ په‌یوه‌ندیگرتن و داڕشتنی ئایدیای هاوبه‌ش بۆ ڕزگاری و گۆڕانکاری که‌ڵکیان لێ وه‌ربگرین. به‌ڵام پێش له هه‌ر شتێک ده‌بێ بزانین که ئه‌و جیاوازییانه‌ی که له نێوان ئێمه‌دا هه‌یه جیاوازیگه‌لێکی لاوه‌کی و که‌م بایه‌خ نین، به‌ڵکوو به‌شێکی بنه‌مایی له خودی ئێمه‌ن که ئه‌گه‌ری هه‌ڵاتن و خۆدزینه‌وه لێیان به‌دی ناکرێت.
نووسه‌ر: فیرده‌وس حاته‌میی تاهیر
وه‌رگێڕ: سپێده ساڵحی