ته‌وه‌کولی ته‌ره‌قی(1395) پێی وایه که ئه‌م گۆڕانکارییه بنه‌ماییه ماناییه پاش مردنی موزه‌فه‌ره‌دین شا و دژایه‌تیی محه‌مه‌دعه‌لی شا له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و له ئه‌نجامدا تۆپبارانکردنی ئه‌نجوومه‌ن له لایه‌ن ئه‌وه‌وه دێته ئاراوه. ئێران قه‌واره‌یه‌کی دایکانه په‌یدا ده‌کات و له ئاوه‌ها بارودۆخێکی سیاسی‌دا باوکی تاج له‌سه‌ری نیشتیمان وه‌لا ده‌نرێت. نه‌ته‌وه‌خوازیی مۆدێڕنی کوردی، وه‌کوو نه‌ته‌وه‌خوازیی ئێرانی چه‌مکی شه‌ره‌فی له پێکهات و لاختی کولتووری کوردی وه‌رگرتووه و گوزاره‌ی دایکی نیشتیمان و نیشتیمان وه‌کوو شه‌ره‌فی لێ دروست ده‌کات. به دامه‌زرانی کۆماری کوردستان و چاپبوونی ڕۆژنامه‌ی کوردستان یه‌که‌مین نیشانه‌کانی ئه‌م گوتاره له‌م ڕۆژنامه‌یه‌دا ئاشکرا ده‌بێت. نموونه‌کانی ئه‌م ماناداڕیژییه نوێیه له زۆربه‌ی ژماره‌کانی ڕۆژنامه‌ی کوردستان ده‌بینرێت که ده‌رفه‌تی باسکردن له‌سه‌ر هه‌موویان نییه و من ته‌نها ده‌په‌رژێمه سه‌ر لێکدانه‌وه‌ی چه‌ند نموونه (بۆ نموونه‌ی زیاتر له‌م باره‌یه‌وه بڕواننه ژماره‌کانی3، 4، 5، 1و 30).
عه‌زیمی(1324) یه‌کێک له ژنانی ڕۆشنبیری ئه‌و سه‌رده‌مه و له ئه‌ندامانی یه‌کێتی ژنانی دیموکراتی کورد له لێدوانێکدا له نێو ژنان و کچانی مه‌هابادیدا له خانه‌ی که‌لتووری کوردستان ده‌ڵێت: (دوونیای ئه‌مڕۆ، دوونیا پێشکه‌وتن و پێشه‌وه‌چوونه و، هه‌ر وه‌کوو پیاوان که هۆگری پاراستنی شه‌ره‌ف و حه‌یا و پاراستنی وڵاتن، ئێمه ژنانیش چه‌ندین قات هۆگری پاراستنی ئابڕوو و شه‌ره‌فی خۆمانین چون(وه‌کوو ژنانێکی وشیار و ئاگا) ڕاست له چه‌وت جیا ده‌که‌ینه‌وه و ئاماده‌ین بۆ پاراستنی نیشتیمان گیانی خۆمان به‌خت بکه‌ین، به‌ڵام پیاوانێک که ژنه‌کانیان له ماڵه‌وه زیندانی ده‌که‌ن و خاڵی جێگه‌ی پێکه‌نینیش ئه‌وه‌یه، که چاوه‌ڕوانن به‌و شێوه‌یه ژنه‌کانیان بۆ پاراستنی شه‌ره‌ف و نه‌ته‌وه ڕۆڵه‌ی پاک پێ بگه‌یه‌نن، با بزانن ئه‌م بیرکردنه‌وه‌یه زۆر بێ بنه‌ما و دووره له واقیعبینییهوه به‌م هۆکاره‌وه که ئه‌گه‌ر که‌سێک زانست و وشیاریی نه‌بێت، چۆن ده‌توانێت ڕۆڵه‌ی نیشتیمان په‌ره‌ور پێشکه‌شی کۆمه‌ڵگا بکات) (ڕۆژنامه‌ی کوردستان، ژ38،ل3). ئه‌و له‌م په‌ره‌گرافه‌دا سێ جار چه‌مکی شه‌ره‌ف به‌کار ده‌هێنێت. که له‌م سێ مانایه‌دا ده‌لاله‌ته‌کانی 1-ئابڕوو و 2-شه‌ره‌ف و 3-مانای نه‌ته‌وه‌په‌رستی له‌خۆیدا هه‌ڵگرتووه. له تێڕوانینی ئه‌ودا ژنانی کورد نامووسپهرست و بهئابڕوون و ئه‌م هۆگرییه به شه‌ره‌ف و نامووس له‌ڕێگه‌ی نیشتیمانپه‌رستی و دیاریکردنی ڕاست له هه‌ڵه یان هه‌مان وشیاریی سیاسی ده‌رده‌که‌وێت. ئه‌و بهئابڕووبوون و شهرهفپهرستییهی ژنان هاوتای قوربانی‌کردنی گیانی ژنان بۆ نیشتیمان ده‌زانرێت نه‌ک پێڕه‌وکردن و په‌سه‌ندکردنی نۆرمه جێنده‌رییه دیاریکراوه‌کان له کۆمه‌ڵگایه‌کی پیاوسالاردا.
عه‌زیمی(1325) له چالاکان و ڕۆشنبیرانی دیکه‌ی ئه‌و سه‌رده‌مه له لێدوان و له میانه‌ی جه‌ژنێک که به بۆنه‌ی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان له شاری شنۆوه به‌ڕێوه ده‌چێت، ده‌ڵێت: (کاتێک که نیشانه‌کانی سه‌ربه‌خۆیی کورده‌کان ورده‌ورده ده‌رده‌که‌وت و باسی دایکی وڵات یان نیشتیمان ده‌هاته پێشێ، ژنان و پیاوانی نه‌خوێنده‌وار و ساویلکه به سه‌رسووڕمانه‌وه ده‌یانپرسی دایکی وڵات ژنه یان پیاو؟ ئه‌وان نه‌یانده‌زانی وڵات هه‌مان خاکێکه که ئێمه تێیدا گه‌وره ده‌بین). (ڕۆژنامه‌ی کوردستان،ژ،36،ل1). له قسه‌کانیدا به ڕوونی دیاره که خوێندنه‌وه و هه‌ڵگۆسته‌ی له شه‌ره‌ف وه‌کوو وڵات و نامووسپه‌رستی له پله‌ی وڵاتپه‌رستی زۆر نوێ و تازه‌یه و کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک زۆر له‌گه‌ڵی ئاشنا نین و بابه‌ته‌که به ژنانه‌کردنی کوردستان ده‌رکه‌وتووه و سه‌ری هه‌ڵداوه. ئه‌و له‌م په‌ره‌گرافه‌دا ژنانه‌بوونی وڵات به بابه‌تێکی ڕوون و ئاشکرا ده‌زانێت و له‌مه‌ی که ئه‌م بابه‌ته بۆ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک نامۆیه سه‌رسووڕمانی خۆی ده‌رده‌بڕێت. به‌ڵام له پرسیارێک که ژنان و پیاوانی کورد ده‌یخه‌نه ڕوو، ده‌کرێ ئه‌م ئه‌نجامگیرییه بکه‌ین که جۆرێک وه‌رچه‌رخانی گوتاری و دیسکۆرسیڤ هاتووه‌ته ئاراوه که پێشتر له لاخت و قه‌واره‌ی کوردی‌دا پێشینه‌ی نه‌بووه و هاتنه‌ئارای دایکی وڵات(نیشتیمان) بابه‌تێکی نوێ و تازه‌یه که هێشتا له هه‌ناوی کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا ڕه‌گئاژۆ و جێگیر نه‌بووه و جگه له ڕۆشنبیرانی کورد کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی پێی نامۆن.
نموونه‌یه‌کی دیکه له‌م هه‌ڵگۆسته و تێگه‌یشتنه له شیعرێکدا، له ژێر ناوی (ئه‌و که‌سه باغیرهته) ده‌کرێ بیدۆزینه‌وه. شاعیری ئه‌م شیعره به‌غیره‌ت و غهیرهتبوون له نه‌ته‌وه‌په‌رستیدا کورت ده‌کاته‌وه. له شیعرێکی دیکه‌دا که له لایه‌ن ساڵح جهوانمهردهوه نوسراوه؛ به بانگهێشتکردنی هه‌موو کورده‌کان داوه‌تیان ده‌کات بۆ پاراستنی ده‌سکه‌وته‌کانی کۆماری کوردستان. (ده‌بێ به‌رده‌وام خه‌ریکی کار و چالاکی بن و واز له خه‌و و مه‌ستی بهێنن، چون ئێسته کاتی هه‌ستانه. ئێوه ئینسانانێکی به غیره‌تن و نابێت هه‌رگیز ماندوو بن. کورده‌کان پاش ساڵانێک بوون به خاوه‌ن و خاوه‌نداری شه‌ره‌فی نیشتمانداریی خۆیان. بۆ پاراستنی شه‌ره‌ف و غیره‌ت هه‌رگیز باکیان به تۆپ و تفه‌نگ نه‌بووه. که‌س نه‌ڵێت چون خۆی کورده ستایشی کورده‌کان ده‌کات، با هه‌موو که‌س بزانێت کورده‌کان له سه‌ر شه‌ره‌ف ته‌نانه‌ت دێویش به چۆکدا دێنن. ئه‌ی کوردینه ئایا بۆ ئێوه ڕوونه که شه‌ره‌فتان چییه، ده‌بێ بزانن شه‌ره‌فی ئێوه پاراستنی ئاڵای نه‌ته‌وه‌یی و کوردبوونتانه). (ڕۆژنامه‌ی کوردستان،ژ، 35، ل2). له‌م شیعره‌دا پێنج جار چه‌مکی شه‌ره‌ف به مانای وڵات یان خاک به کار هاتووه. له ڕسته‌ی کورده‌کان بوون به خاوه‌ن شه‌ره‌ف، به ڕاشکاویی شه‌ره‌ف به مانای به ده‌ستهێنانی خاوه‌ندارێتی کوردستانه و له ڕسته‌ی ئاخردا شاعیر شه‌ره‌فی کورد له گره‌وی پاراستنی ئاڵای کوردستان ده‌زانێت. جه‌وانمه‌رد له‌م شیعره‌دا له ڕاستیدا چه‌مکی ناموس له ئاستی خێزان و بچووکدا ده‌باته ئاستی نه‌ته‌وه و گه‌وره و له تێکئاڵانی نامووسی جێنده‌ری و شه‌ره‌فی نه‌ته‌وه‌یی، پیاوانه‌بوونی نه‌ته‌وه و ژنانه‌بوونی کوردستان ڕۆ ده‌نێت. هه‌ربۆیه هه‌وڵنه‌دان بۆ پاراستنی خاوه‌ندارێتی کوردستان، ڕێک وه‌کوو شهرهففرۆشی و شهرهففرۆشیش وه‌کوو نیشتیمانفرۆشییه. ئه‌گه‌رچی مانا و ده‌لاله‌تی شه‌ره‌ف ته‌نها به‌م مانه‌یه له‌م ڕۆژنامه‌یه‌دا به‌کار نه‌هاتووه.
له هه‌ندێک له ژماره‌کانی ئه‌م ڕۆژنامه‌یه‌دا له ته‌نیشت مانای نوێی شه‌ره‌ف، ده‌کرێ ده‌لاله‌ت و مانا کۆنباوه‌کان له شه‌ره‌ف له هه‌ندێ له نوسراوه‌کاندا ببینرێته‌وه. بۆ نموونه قازی محه‌مه‌د؛ سه‌رۆککۆماری کوردستان له لێدوانێک که به بۆنه‌ی هاتنی نه‌ورۆز پێشکه‌شی کردووه(1325) له به‌رامبه‌ر هه‌زران که‌س له سه‌رۆک عه‌شیره‌ت و خێڵه کورده‌کاندا، هه‌روه‌ها که‌سایه‌تییه سه‌ربازییه‌کان و ژنان و پیاوان به خستنه‌ڕووی ئه‌و زوڵمانه‌ی که حکوومه‌تی ناوه‌ندی دژی خێڵ و عه‌شیره‌ته کورده‌کان ئه‌نجامی داوه، ئاماژه به ده‌سدرێژیی سه‌ربازیی ده‌سه‌ڵات له سه‌رده‌می ڕه‌زاشا دژی کورده‌کان ده‌دات. (ئه‌وه‌ی که سه‌ربازه‌کانی ڕه‌زاخان به سه‌ر کوردیان هێناوه له که‌س شاراوه نییه. ده‌ستدرێژی و بێ ئه‌خلاقی و تاوانی ئاوه‌ها که من له باسکردنیان شه‌رم ده‌که‌م، له‌و کرده‌وانه بوون که به سه‌ر کوردیان هێناوه. تاوانێک که تا ئێسته مرۆڤایه‌تی نموونه‌ی وه‌های نه‌بینیوه. دۆست و دوژمن و هه‌موو ئێران شایه‌تی تاوانه‌کان و کرده‌وه‌کانی حکوومه‌ت و ده‌سدرێژییه‌کانیان بووه. تاوانه‌کانیان گه‌یشتبووه ئاستێک که ته‌نانه‌ت ده‌ستدرێژیشیان ده‌کرده سه‌ر پیاوان. شاره‌بانی و عه‌دلیه دۆخیان له ئه‌منییه خراپتر بوو و ناوه‌ندی به تاڵانبردنی ماڵی خه‌ڵک بوون (ڕۆژنامه‌ی کوردستان،ژ50،ل3).
ده‌سدرێژیی بۆ سه‌ر شه‌ره‌ف و بێئه‌خلاقی له وته‌کانی “قازی محه‌مه‌د”دا ئاماژه به شتێکی به‌ده‌ر له شه‌ره‌ف به مانای دهستپهیداکردن به سه‌ر جه‌سته‌ی ژن (به مانا ئه‌مڕۆییه‌که‌ی) ده‌که‌ن و شه‌ره‌ف به مانای وڵات به کار ده‌هێنێت. له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ده‌سترێژیی بۆ سه‌ر شه‌ره‌فی ژن و پیاو به مانای ده‌ستدرێژییه بۆ سه‌ر ژن و پیاو؛ به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌سدرێژیی بۆ سه‌ر شه‌ره‌ف له‌م ڕسته‌یه لاده‌ین، مانایه‌کی زیاتر له ده‌سدرێژیی به مانا باوه‌که‌ی وه‌رده‌گرێت. به ده‌ربڕینێکی دیکه شه‌ره‌ف سه‌ره‌ڕای مانا باوه‌که‌ی وه‌کوو ده‌ستدرێژیی ئاماژه به کۆمه‌ڵێک هه‌ڵسوکه‌وتی جێنده‌رییانه له قه‌واره‌ی نۆرم و به‌ها جێنده‌رییه‌کان و لادان له‌وانه ده‌کات. به‌م مانه‌یه بێشه‌ره‌فی به مانای ده‌رچوون له نۆرم و یاساکان و شکاندنی ئه‌م نۆرمانه‌یه که له تێڕوانینی کۆمه‌ڵگادا قبووڵکراوه نییه، چ له‌لایه‌ن پیاوه‌وه چ له لایه‌ن ژنه‌وه. به مانایه‌کی دیکه شه‌ره‌ف له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه یاسایه‌ک له په‌یوه‌ندی دایه که لادان له‌وانه بۆ پیاو به دروست و ڕه‌وا نابینێت هه‌ر وه‌کوو چۆن بۆ ژنانیش به دروست و ڕه‌وای نابینێت و له تێروانینی سیکسیواڵیتهدا له مانای گشتهکیدا ده‌گیرێته خۆی.
وا دێته پێش چاو هه‌م له نه‌ته‌وه‌خوازی کوردی و هه‌م له نه‌ته‌وه‌خوازیی ئێرانی‌دا، ژنانه‌بوونی وڵات به‌ره‌به‌ره له گوتاری سیاسی و فه‌رمیی ئه‌و قۆناغه‌دا ده‌بێت به گوتاری زاڵ و له په‌سه‌ندکردنی یاسای جێنده‌ریی نوێ و سیکولاردا خۆی ده‌رده‌خات؛ به‌ڵام جیاوازییه‌ک له بهرههستکردنهوهی گوتاری دایکی وڵات و شه‌ره‌فی نه‌ته‌وه‌یی له نێوان نه‌ته‌وه‌خوازیی کوردی و نه‌ته‌وه‌خوازیی ئێرانی‌دا دێته ئاراوه. له تێڕوانینی ئافاریدا(2009)له‌و یاسا جێنده‌رییانه نوێیه‌ی که له سه‌رده‌می ڕه‌زاخاندا له لایه‌ن نهتهوهخوازهکانهوه په‌سه‌ند ده‌کرێت، سێکسواڵیته‌ی ژنان زیاتر ده‌که‌وێته بازنه‌ی قۆرخ و پاوانکاریی پیاوان و یاساکانی په‌یوه‌ندیدار به تاوانه‌کانی شه‌ره‌ف، توندوتیژییه ناموسییه‌کان یاسایی و پیرۆز ده‌کات، ئه‌و توندوتیژییانه‌ی که پێشتر زۆر به که‌می ڕوویانده‌دا. له یاسا نوێیه‌که‌دا پیاوێک که هاوسه‌ر و هاودهسهتهکهی به تاوانی زیناکردن کوشتبوو تاوانه‌که‌ی که‌وته به‌ر لێبوردن و برا و باوکێک که خوشک یان کچه‌که‌ی ده‌کوژێت، لانیکه‌م سزای شه‌ش مانگ تا یه‌ک ساڵ زیندانی بۆ ده‌رده‌چوو. خاڵی سه‌یر ئه‌وه بوو ئه‌م یاسایه وه‌رگیراو له یاسای سزادانی فه‌رانسه له ساڵی 1810 زاینی بوو؛ ئه‌و یاسایانه‌ی که له خودی فه‌رانسه‌دا پێشتر و له ساڵی 1975 ڕه‌ت کرابوویه‌وه(ئافاری، 2009؛154). هه‌ر بۆیه ڕیشه‌ی یاساییبوونی کوشتن له سه‌ر شه‌ره‌ف به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی که وا بیری لێ ده‌کرێته‌وه، له ئایین و شهرعهکاندا نین به‌ڵکوو ئه‌مه یاسای سزادانی فه‌رانسه‌یه که وه‌کوو بنه‌ما و کۆڵه‌که‌ی پێناسه‌ی تاوانه‌کان له سه‌ر شه‌ره‌ف له ئێران و وڵاتانی موسڵمانی دیکه له‌و قۆناغه‌دا ده‌خرێته به‌رچاو.
بڕگه‌ی 324 له یاسای سزادانی فه‌رانسه، بنه‌ما و کۆڵه‌که‌ی تاوانه‌کانن له‌سه‌ر شه‌ره‌ف که هاته ناو بڕگه یاسایی و مافییه‌کانی زۆریك له نه‌ته‌وه موسوڵمانه‌کان، له‌وانه‌ش ئێران له ساڵی 1926 و یاسا ئیسلامییه‌کان هیچ ڕۆڵێکیان له‌م باره‌یه‌وه نییه (ئهبووداووده، 1996: 141-156). له کۆماری کوردستاندا؛ یاسا په‌یوه‌ندیداره‌کان له‌گه‌ڵ تاوانه‌کان له‌سه‌ر شه‌ره‌ف به شێوه‌یه‌کی دیکه په‌سند ده‌بێت و به شێوه‌ی ئاشکرا له‌گه‌ڵ یاسا جێنده‌رییه‌کانی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی جیاوازه و سه‌ربه‌خۆیه له‌ویش. یاسایه‌ک که ده‌شێت به په‌یوه‌ندیداری بزانین له‌گه‌ڵ تاوانه‌کان له سه‌ر شه‌ره‌ف، یاساکانی په‌یوه‌ست به دیارده‌ی (ڕه‌دووکه‌وتن) یان هه‌ڵاتنی ئه‌ویندارانی یه‌کتر پێکه‌وه و (ڕاکێشان) یان دزینی کچان و ژنان له لایه‌ن پیاوانی کورده. جیاوازیی ئه‌م دوو دیارده‌یه له چه‌مکی “ڕه‌زامه‌ندی”دایه. له یه‌که‌مین یاندا هه‌ردووک بۆ هه‌ڵاتن پێکه‌وه ڕازی و ڕه‌زامه‌ندن، به‌ڵام له دووهه‌مینیان ته‌نانه‌ت له حاڵه‌تی هه‌بوونی په‌یوه‌ندییه‌کی ئهویندارانهش له نێوان دوو لایه‌نه‌که‌دا، ڕه‌نگه یه‌کیان ڕازی نه‌بێت هه‌ڵبێت. له‌م حاڵه‌ته‌دا پیاوه‌که بڕیار ده‌دات به بێ ڕه‌زامه‌ندیی ژنه‌که هه‌ڵیبگرێت و بیدزێت. هه‌ڵگرتن و به‌تایبه‌تی هه‌ڵاتنی ئه‌وینداران پێکه‌وه له ئه‌گه‌ری دژایه‌تی بنه‌ماڵه له‌گه‌ڵ هاوسه‌رگیرییان له نێو کورده‌کاندا زۆر باو بووه و له کولتووری کوردیی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا بابه‌تێکی قبووڵکرا و باو بووه. ئه‌م دیارده‌یه هێشتا له گونده دوورده‌سته‌کانی کوردستانیشدا هه‌یه. بۆ یه‌که‌مین جار له مێژووی کوردستان به شێوه‌یه‌کی فه‌رمی و له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی کۆماری کوردستانه‌وه بۆ ئه‌م دوو دیارده‌یه سزا دیاری ده‌کرێ. ئه‌م دیارده‌یه له‌م به‌رواره به‌و لاوه یاساغ و قه‌ده‌غه ده‌بێت.
(به‌پێی بڕیاره‌کانی وه‌فدی نیشتیمانی کوردستان، هه‌ر پیاوێک که به تۆپزی ژنێکی مێرددار یان ژنێک که ده‌زگیرانی هه‌یه هه‌ڵگرێت یان بیدزێت، سزای له سێداره‌دانی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێت. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر پیاوێک ژنێکی زگورت و سه‌ڵت به زۆر هه‌ڵگرێت، دیسان ئه‌م کاره‌ش سزای له سێداردهدانی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر پیاوێک ڕۆشتبێت بۆ خوازبێنیی کچێک و کچه‌که‌ش ڕه‌زامه‌ندی بۆ هاوسه‌رگیریی له‌گه‌ڵی ده‌ربڕیبێت و بۆ هاوسه‌رگیرییان له‌مپه‌رێکی شه‌رعی بوونی نه‌بێت، به‌ڵام بنه‌ماڵه‌ی هه‌ر دوولا له‌گه‌ڵ هاوسه‌رگیرییان ناکۆک و دژبن، له‌م حاڵه‌ته‌دا هه‌ڵاتنیان له‌خۆگری سزای له سێداره‌دان بۆ پیاوه‌که نابێت و ته‌نها سێ مانگ بۆ شه‌ش مانگ زیندانی ده‌کرێت. 24 ڕه‌شه‌می 1324. سه‌رۆکی وه‌فدی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان. حاجی سه‌ید بابه‌شێخ) (ڕۆژنامه‌ی کوردستان، ژماره‌کانی15،4،16 و 17 لاپه‌ڕه‌ی4).
له سه‌ردێڕ و ناونیشانێک که له ڕۆژنامه‌ی کوردستاندا بۆ ڕاگه‌یاندنی سزای له‌سێداره‌دان هه‌ڵبژێردراوه، هه‌م ڕه‌دووکه‌وتن و هه‌م ڕاکێشان له ژێڕ ناوی هه‌ڵگرتن و رفاندن هاتووه. به‌ڵام له ڕوونکردنه‌وه په‌یوه‌ندیداره‌کان به سزادانه‌وه، ئه‌م دوو دیارده‌یه لێک جودا کراونه‌ته‌وه و سزای جیاوازیان بۆ دیاری کراوه. په‌سه‌ندکردنی یاسای په‌یوه‌ندیدار له‌گه‌ڵ ڕه‌دووکه‌وتن ده‌توانێت به مانای به‌ربڵاوی و بایه‌خی ئه‌م دیارده‌یه له لاخت و قه‌واره‌ی کوردی بێت؛ به شێوه‌یه‌ک که ده‌وڵه‌تی نوێ مه‌جبوور ببێت له پێناوی به‌ڕێوه‌بردن و ئاڕاسته‌کردنیدا کۆمه‌ڵێک یاسا په‌سند بکات. په‌سه‌ندکردنی ئه‌م یاسایانه جیاوازیی بنه‌مایی و تا ڕاده‌یه‌ک لێکدژی له‌گه‌ڵ یاسا په‌سه‌ندکراوه‌کان له ئێرانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا هه‌یه. به پێچه‌وانه‌ی نه‌ته‌وه‌خوازانی ئێرانی که به په‌سه‌ندکردنی یاسا نوێکان ده‌ستی ئه‌ندامانی نێرینه‌ی بنه‌ماڵه بۆ جێبه‌جێکردنی سزا به ئاره‌زووی خۆیان به کراوه ده‌هێڵێته‌وه، له یاسایه‌ک که له کۆماری کوردستان په‌سه‌ند ده‌کرێت، ئه‌مه ده‌وڵه‌ته که سزادانی تاوانباران ده‌گرێته ئه‌ستۆ. له یاسای نه‌ته‌وه‌خوازانی ئێرانی‌دا ئه‌وپه‌ڕی سزادان له حاڵه‌تی به‌زاندنی سنووری نۆرمه سێکسییه‌کان ڕه‌وا و ڕێگه‌پێدراوه و مه‌رگ یان ڕزگاریی ژنانی تاوانبار ته‌نها ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئاست و ڕێژه‌ی ویژدان و لێبورده‌یی بنه‌ماڵه‌کان له‌گه‌ڵیان. به‌ڵام له یاسای کۆماری کوردستاندا سزای مه‌رگ بۆ که‌سانێکه که به بێ ڕه‌زامه‌ندیی ژنه‌که‌یان بردووه و له ئه‌گه‌ری ڕه‌زامه‌ندی هه‌ردوولا سزادانه‌که سێ مانگ بۆ سێ ساڵ زیندانی بۆ که‌سه تاوانباره‌که‌یه. له ئه‌نجامدا به پێچه‌وانه‌ی یاسای نه‌ته‌وه‌خوازانی ئێرانی که به شێوه‌یه‌کی ژێرلێویانه و ژێره‌وانکێ ژنان به تاوانباری یه‌که‌می لادانه‌کان ناسیوه و هه‌ل و فه‌زا بۆ سزادانی ژنان و له هه‌ندێ حاڵه‌تدا هه‌م پیاوان و هه‌م ژنان له لایه‌ن پیاوانه‌وه، ده‌ڕه‌خسێنێت، له یاساکانی کۆماری کوردستان ته‌نها پیاوان سزا ده‌درێن و ده‌بێ له هه‌مبه‌ر کرده‌وه‌ی دزین و هه‌ڵگرتن وه‌ڵامده‌ره‌وه بن و هیچ کام له کرده‌وه ناوبراوه‌کان بۆ ژنان به شێوه‌ی یاسایی سزایه‌کی به‌دواوه نایه‌ت. ئه‌مه‌ی که بۆچی سزایه‌ک له به‌رده‌م ژن‌دا سه‌ره‌ڕای هه‌ڵاتنی له‌گه‌ڵ یار نییه (نه له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه و نه له زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌کاندا ته‌نانه‌ت له لایه‌ن ئه‌ندامانی نێرینه‌ی بنه‌ماڵه‌ی خۆیه‌وه) پێویستی به ده‌یتا و شیکاری زیاتر و ئاڵۆزتر هه‌یه، به‌ڵام ڕه‌نگه به‌شێک له وه‌ڵامدانه‌وه به‌م پرسیاره له پانتا و چوارچێوه‌ی که‌لتووریی کورده‌کاندا بخوێنرێته‌وه له‌و کاته‌دا.
به‌پێی وته‌کانی موجاب(2001-84)هه‌ندێک له‌و خێڵ و عه‌شیره‌تانه‌ی که بووبوون به هاوپه‌یمانی کۆماری کوردستان له گه‌ڵ یاسا نوێکه دژایه‌تییان کرد (چون به سه‌رکوتکه‌رانه و ناخۆشیان ده‌زانی. له تێڕوانینی ئه‌واندا هه‌ڵاتنی عاشق و ماشووق له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا، نه‌ریتێکی جێگیر بووه له کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که کرده‌وه‌یه‌کیش بووه بۆ سه‌لماندنی حورمه‌ت و ڕێزی ژنێتی و پیاوێتی پیاو. ئه‌گه‌ر ژنێک نه‌ده‌دزرا یان ههڵنهگیرابا به ژنێکی خاوه‌ن ڕێز نه‌ده‌ناسرا و ئه‌گه‌ریش پیاوێک سه‌رکه‌وتوو نه‌بایات له دزین و هه‌ڵگرتنی ژنێکدا یان نه‌توانێت به ڕه‌زامه‌ندیی خۆی ژنێک هه‌ڵگرێت، پیاوێتییهکهی جێگه‌ی متمانه نه‌بوو. له تێڕوانینی دژبه‌رانی یاسای نوێ‌دا نه‌ریته‌کانی خۆشه‌ویستی و ئازادی له خۆشه‌ویستی له کوردستان که پێشینه‌یه‌کی دوور و درێژی هه‌بووه له‌به‌ر چاو ناگیردرێت و گه‌نجه‌کان به‌ره‌و سۆفیگه‌رێتی هان ده‌دات و به‌ره و ژیانێکی زاهیدانه و گۆشهنشینانه ئاڕاسته‌یان ده‌کات.
هه‌ڵاتنی عاشق و ماشووق له تێڕوانینی حه‌سه‌ن پووردا(2001)لایه‌نێکی ئابووری و ماددی هه‌بووه. زۆربه‌ی کات پاش هه‌ڵاتن باوکی کچه به دیاریکردنی هه‌ندێ مه‌رج و بڕه پاره‌یه‌ک وه‌کوو شیروا و بنه‌ماڵه‌ی کوڕه‌ش به له ئه‌ستۆگرتنی پێدانی پاره‌که و قبووڵکردنی مه‌رجه‌کان، کێشه‌که‌یان چاره‌سه‌ر ده‌کرد. یه‌کێک له‌م مهرجاته نه‌ریتێکه به‌ناوی (به‌رخوێن)؛ یانی یه‌کێک له کچانی بنه‌ماڵه‌ی زاوا ده‌بێت له‌گه‌ڵ هاوسه‌رگیریی له‌گه‌ڵ یه‌کێک له ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ی بووک ڕه‌زامه‌ندی خۆی ده‌رببڕێت. خاوه‌ن ماڵێک که ژن و پیاوه‌که په‌نای بۆ ده‌به‌ن، زۆربه‌ی کات که‌سێکی خاوه‌ن ڕێز و ناسراوه که ڕۆڵێکی نێونجی بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌که له ئه‌ستۆ ده‌گرێت. ئه‌م که‌سه‌ش زۆربه‌ی کات له هه‌ردوو لا داوای سوورانه یان باجی هاوسه‌رگریی ده‌کات. له ڕاستیدا ئه‌گه‌رچی هه‌ڵاتنیان کرده‌وه‌یه‌کی مه‌ترسیدار بووه، به‌ڵام هه‌ر دوو لاش زانیویانه چۆنچۆنی چاره‌سه‌ری که‌ن و زۆربه‌ی کات زۆربه‌ی ئه‌م ههڵاتنانه به بێ خوێنڕشتن بووه و ئه‌نجامێکی خۆشی بۆ ژن و پیاو ده‌بوو. له‌م نێوانه‌دا ژنێک که وه‌کوو (به‌رخوێن) ده‌درایه بنه‌ماڵه‌ی بووک له زۆربه‌ی حاڵه‌ته‌کاندا هه‌موو ژیانی ده‌بوو به دۆزه‌خ و ئه‌نجامه‌که‌ی ده‌بوو به هیچ. له هه‌ندێ حاڵه‌تیشدا ئه‌نجامه‌که‌ی بووه به کوشتنی هه‌ردوولا، به‌ڵام ئه‌م کوژرانه ته‌نها ژنانی نه‌گرتووه‌ته‌وه و پیاوێکیش که ڕفاندوویه‌تی له هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتن ڕزگاری نه‌بووه. هه‌موو ئه‌م هۆکارانه له پاڵ هۆکارانی شاراوه‌ی دیکه که تاکوو ئێستا به‌هۆی نه‌بوونی لێکۆڵینه‌وه به نه‌ناسراوی ماوه‌ته‌وه، بوونه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که کوشتنه‌کان له سه‌ر شه‌ره‌ف دیارده‌یه‌کی به‌رچاو و دیار نه‌بن له کوردستانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا و به هه‌مان شێوه که ئافاری(2009) ده‌ڵێت لایه‌نی زاڵی قبووڵکراو له ڕووی که‌لتوورییه‌وه نه له کوردستان و نه له هیچ شوێنێک له ئێرانی پێش مۆدێڕن‌دا نه‌بووه.
کوشتنه‌کان له‌سه‌ر شه‌ره‌ف له ئێرانی پێش مۆدێڕن‌دا زۆر که‌م بووه و، له نێو کورد و عه‌ره‌به‌کانی ئێران‌دا زۆر که‌م و به ده‌گمه‌ن ڕووی داوه. زۆرێک له بنه‌ماڵه‌کان کێشه نامووسییهکانیان له ڕێگه‌ی دورینه‌وه‌ی په‌رده‌ی کچێنی، له‌باربردنی مناڵ، یان هاوسه‌رگریی به‌په‌له و خێرا چاره‌سه‌ر ده‌کرد. مێرد و بنه‌ماڵه زۆربه‌ی کات ئاوه‌ها پرسگهلێکیان (وه‌کوو په‌یوه‌ندیی له ده‌ره‌وه‌ی هاوسه‌رگریی ژنانی شوودار) له گۆشه و خه‌ڵوه‌تدا به نه‌رمونیانی چاره‌سه‌ر ده‌کرد تاکوو ئابڕوویان له ناو کۆمه‌ڵگادا نه‌چێت(ئافاری،2009؛ق4). به سه‌رنجدان به ده‌یتا متمانه‌پێکراوه‌کان له‌باره‌ی که‌مبوونی کوشتنه‌کان له سه‌ر شه‌ره‌ف له ڕابردوودا، ژنانی کورد له سه‌ده‌ی بیست و یه‌ک نه‌ک له به‌ر هه‌ڵاتن له‌گه‌ڵ ماشووق، به‌ڵکوو ته‌نها به‌هۆی بڕیاردان بۆ جیابوونه‌وه له هاوسه‌ری یاسایی و فه‌رمی ده‌کوژرێن. پیشاندانی وێنه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد وه‌کوو بنه‌ماڵه‌یه‌ک و هه‌روه‌ها وێنه‌ی کوردستان وه‌کوو دایکێکی ڕه‌مزی و هاوبه‌ش له دروستکردنی ئه‌م هه‌سته که پیاوان ئه‌رکیان له‌سه‌ره که شه‌ره‌فی بنه‌ماڵه بپارێزن، کاریگه‌رییه‌کی دیاری هه‌بووه.
وشه‌داڕێژی و نیشانه به‌کاربراوه‌کان له گوتاری نه‌ته‌وه‌خوازیی، هه‌ندێ باوه‌ڕی قووڵ له‌باره‌ی جێنده‌ریی ده‌بووژێنێته‌وه و خه‌ون و ئامانجه‌کانی په‌یوه‌ست به داوێنپاکیی که پێشتر له کولتووری کوردی‌دا هه‌بوو، به‌رهه‌م هێناوه‌ته‌وه و په‌ره‌ی پێ داوه و بڵاوی کردووه‌ته‌وه. به هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه هۆکاری زیادبوونی کوشتنه‌کان له‌سه‌ر شه‌ره‌ف ڕه‌نگه له دووتوێی ڕووداوه‌کانی که‌وتنی کۆماری کوردستان، زاڵبوونی نه‌ته‌وه‌خوازیی ئێرانی له‌سه‌ر قه‌واره‌ی کوردستان و به‌یاساییبوونی کوشتنه‌کان له‌سه‌ر شه‌ره‌ف بێت. له نه‌بوونی لێکۆڵینه‌وه‌کان و نه‌بوونی ده‌یتا متمانه‌پێکراوه‌کان له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ هۆکاری زیادبوونی کوشتنه‌کان له‌باتی که‌مبوونه‌وه‌یان، گوتاری مه‌رگی ژنانی کورد به‌هۆی کولتووری کوردییه شکڵی گرتووه؛ گوتارێک ،که کولتووری کوردی به کولتوورێکی ژنکوژ ده‌زانێت و ناوی لێ ده‌بات. وا دێته پێش چاو بنه‌مای ئه‌م دهعییه و بانگه‌شه‌یه هه‌ر ئه‌و ژماره کوشتنه که‌مه‌ی کوردستان بێت، که وه‌کوو چۆن له ناوچه‌کانی ئێرانی پێش مۆدێڕن‌دا ڕووی داوه، له کوردستانیش ڕووی داوه؛ ئه‌گه‌رچی چۆنێتی و ورده‌کاریی ڕوودانی ئه‌م کوشتنانه له ڕابردوودا باس و خواسی زۆر هه‌ڵده‌گرێت. به‌هۆی ئه‌وه‌ی که ئه‌م کوشتنانه له کات و سه‌رده‌مێکی جیاوا و له لایه‌ن ئینسانی جیاواز و له بارودۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی، کولتووری و سیاسیی جیاوازدا ڕووی داوه، ناکرێت به ئاسانی له ژێر ناوی کوشتنه‌کان له‌سه‌ر شه‌ره‌ف به بێ له‌به‌رچاوگرتنی گۆڕمه‌نی و گۆڕاوه مێژووییه‌کان له‌به‌رچاو بگرین. ئه‌گه‌ر خودی چه‌مکی نامووس تا پێش پرۆژه‌ی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه سازیی مانای دیکه‌ی هه‌بووه (که نموونهکهیم له وته‌کانی قازی محه‌مه‌دا پیشان دا) که‌واته له هه‌ڵبژاردنی ناونیشانی کوشتن له سه‌ر شه‌ره‌ف بۆ ئه‌و ژنکوژییانهی که له ڕابردوودا ڕوویان داوه، گومان ودوودڵی هه‌یه. نه کوشتنه‌کان له سه‌ر شه‌ره‌ف و نه هیچ دیارده یان چه‌مکێک ناکرێ وه‌کوو بابه‌تێک له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی مێژوو بخرێته به‌ر هه‌ڵسه‌نگاندن و داوه‌ریکردن.
هه‌ر بۆیه تێگه‌یشتنی هاوچه‌رخ له نامووس و کوشتن له‌سه‌ر شه‌ره‌ف، یان هه‌ر دیارده‌یه‌کی دیکه و گشتاندنی به سه‌ر هه‌موو چاخ و سه‌ده‌کاندا؛ له ڕاستیدا جۆرێک ساده‌کردنه‌وه و کاڵفامی و له‌به‌رچاونه‌گرتنی ورده‌کاری و ئاڵۆزییه‌که که ده‌کرێت له هه‌ناویدا پرسیار و وه‌ڵامی ڕاسته‌قینه له‌باره‌ی چێیه‌تی و ماهییه‌تی ئه‌م دیارده‌یه ده‌ربهێنین. سه‌رباری ئه‌مه‌ش وه‌ڵامدانه‌وه به پرسیارانێکی وه‌کوو ئه‌مه‌یه، که له چ بارودۆخێکدا و له کام یه‌ک له چینه‌کان یان گرووپه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و له کام یه‌ک له به‌شه‌کانی کوردستان ڕووی داوه، هه‌ر هه‌موو جیاوازیگه‌لێکی بنه‌ڕه‌تی له نێوان ماهییه‌تی کوشتنه‌کان له سه‌ر شه‌ره‌فی هاوچه‌رخ و ژن‌کوژی له ڕابردوودا دروست ده‌کات. به‌ڵام به هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه گوتاری مه‌رگی ژنانی کورد له لایه‌ن کولتووری کوردی‌دا له سه‌ره‌وه بۆ خواره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگای گرتووه‌ته‌وه و بووه به بنه‌مایه‌کی نکۆڵی لێنه‌کراو، ته‌نانه‌ت له لێکۆڵینه‌وه زانستییه‌کانیشدا. له‌م گوتاره‌دا؛ کولتووری کوردی وه‌کوو بابه‌تێکی بێ جمووجووڵه و یه‌ک جار بۆ هه‌میشه جێگیر ده‌بێت و دروست ده‌کرێت و کوردستانیش وه‌کوو شوێنێک له ده‌ره‌وه‌ی مێژوودایه، که ئێستاکهبوون و ههنووکهبوونی هیچ کارکرد و کاریگه‌رییه‌کی نابێت، جگه له‌وه‌ی شایه‌تێک بێت له‌سه‌ر ڕابردووی نه‌گۆڕ و وه‌ستاوی.
نه‌ته‌وه‌خوازه ئێرانییهکانش له هاوده‌ستی و هاوکارییان له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا کوشتنه‌کان له سه‌ر شه‌ره‌ف به‌کار ده‌هێنن، تاکوو کولتووری نه‌گۆڕ، به‌ده‌وی و توندئاژۆی کورد(به خوێندنه‌وه‌ی خۆیان!) له هه‌مبه‌ر کولتووری پێشه‌نگ و به‌رزی ئێرانی‌دا دابنێن و به بیانووی توندوتیژی، له‌شکرکێشییه‌کان بۆ سه‌ر کوردستان پاساو بده‌نه‌وه. شوناسخوازه ڕادیکاڵه کورده‌کان له کوردستان له هه‌مبه‌ر نه‌ته‌وه‌خوازه ئێرانییه‌کاندا و به شێوه‌یه‌کی په‌رچه‌کردارانه، به تۆخکردنه‌وه‌ی توخمی که‌لتووری و نه‌ریتی کوردی، که‌لتووری کوردی به که‌لتوورێکی نه‌گۆڕ و هه‌میشه له جێی خۆی پیشان ده‌ده‌ن که له هه‌موو سه‌ده‌کاندا وه‌کوو خۆی ماوه‌ته‌وه و جێگیر و هه‌رماو بووه.
هه‌ر به‌م ئاڕاسته‌یه‌دا شوناسخوازه ڕادیکاڵه کورده‌کان بۆ پووچه‌ڵکردنه‌وه یان ناڕهواکردنی گوتاره نه‌ته‌وه‌خوازییه‌کانی فارس ده‌ست ده‌ده‌نه نواندنێکی میدیایی وێنه‌یه‌کی دیکه له ژنانی کورد که له بنه‌مادا له‌گه‌ڵ وێنه‌ی نه‌ته‌وه‌خوازه‌کانی فارس دژایه‌تی هه‌یه. ئه‌م جاره ژنانی کورد نه‌ک وه‌کوو بوونه‌وه‌رانێکی بێده‌سه‌ڵات و گیرخواردوو به ده‌ستی پیاوانی کورده‌وه، به‌ڵکوو وه‌کوو ژنانێکی قاره‌مانی سه‌ربه‌خۆ و به‌توانا و ئازادن. ژنانێک که له به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕه‌کان ده‌وه‌ستن و ده‌توانن له هه‌ر هه‌لومه‌رجێکدا ده‌ست بده‌نه به‌رگری. ئه‌مانه ئه‌و وێنهسازییانهن که ژنانی کورد وه‌کوو ژنانێکی ڕزگار و بێمنه‌ت له هاودڵی یان یارمه‌تی پیشان ده‌ده‌ن و ئاوه‌ها ده‌گه‌یه‌نێته دونیا که ئه‌وان هیچ جۆرێک له سوڵته و زاڵبوون به سه‌ریاندا له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین ئه‌زموون ناکه‌ن. ئه‌م پیشاندان و نواندنانه له درێژه‌ی هه‌مان گوتاری ڕۆژهه‌ڵاتناسانه و کۆلۆنیالیستییهیه که له سهفهرنامهنوسییهکانی گه‌ڕاڵ و گه‌ڕیده ڕۆژئاواییه‌کان له کاتی ئاماده‌بوونیان له کوردستانی سه‌ده‌ی نۆزده و بیستی زاینی‌دا ده‌کرێت بیدۆزینه‌وه. له‌م گوتاره ڕۆژههڵاتناسانهیهی گه‌ڕیده ڕۆژئاواییه‌کاندا ژنانی کورد به‌هۆی بێ باڵاپۆشبوون و هه‌بوونی په‌یوه‌ندی ئازاد له‌گه‌ڵ پیاوان، ده‌خسته هه‌مبه‌ر ژنانی فارس و عه‌ره‌به‌وه که ڕووبه‌ندیان به ڕوخساره‌وه بوو و مافی ئه‌وه‌یان نه‌بوو له ژووره‌کانی ناوه‌وه بێنه ده‌ره‌وه. شووناسخوازه ڕادیکاڵه کورده‌کان به زه‌قکردنه‌وه‌ی ئه‌م وێنانه، سه‌رێتی کو‌لتووریی خۆیان ده‌نێن به ڕووی کۆلۆنیالیستی ناوخۆوه؛ وه‌ک بڵێی کولتووری کوردی وه‌کوو ناوه‌ندێکی سه‌ره‌کی له ململانێ گوتارییه‌کانی هه‌ر دوو لایه‌ندا ڕۆڵ ده‌گێڕێت و به هه‌بوونی پرسی جێنده‌ر و ژن له ناوه‌ڕاستیدا، ده‌رفه‌تێک دێنێته ئاراوه بۆ خستنه‌ڕووی سهرێتییهکانی کولتووری هه‌ر دوولا! فیمینیسته‌کانی ناوه‌ند له ژێر کاریگه‌ریی نه‌ته‌وه‌خوازیی ئێرانی، سه‌ره‌ڕای پێداگریی له‌سه‌ر هه‌بوونی گۆڕانکاریی به‌هێزکه‌ری کوشتنه‌کان له‌سه‌ر شه‌ره‌ف، توخمی کولتووری نامووسپه‌ره‌ستی کورده‌ی زه‌ق ده‌که‌نه‌وه، به‌ڵام ناتوانن وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بده‌نه‌وه که بۆچی کوژرانی ژنی کورد له کوردستان له په‌یوه‌ندییه‌کی ڕاسته‌وخۆدایه له‌گه‌ڵ کولتووری کوردییه‌وه، به‌ڵام ژن‌کوژی و هاوسهرکوژییهکانی تاران و ئیسفه‌هان هیچ په‌یوه‌ندییه‌کییان له‌گه‌ڵ که‌لتووری فارسی‌دا نییه؟.
له ئه‌نجامدا تێگه‌یشتنێک که چالاکه کورده‌کان له چه‌وساوه‌یی ئیتنیکی هه‌یانه، ده‌بێت به پێوه‌ری دیاریکردنی یاسای خه‌بات دژی چه‌وساوه‌یی ئیتنیکی و تێگه‌یشتنێک که چالاکانی ناوه‌ند له چه‌وسێنه‌ریی جێنده‌ریی هه‌یانه، ده‌بێت به پێوه‌ری دیاریکردنی یاساکانی دژایه‌تی له‌گه‌ڵ چه‌وسانه‌وه‌ی جێنده‌ری. به ده‌ربڕینێکی دیکه گرتنه‌به‌ری هه‌ڵوێستی خاوهندارانهی ئه‌وان به نیسبه‌ت پرسه‌کانی ژنانی کورد و قسه‌کردن له باتی ئه‌وان، دووان و تێڕامان له‌باره‌ی دۆخی به‌رهه‌ست و ڕاسته‌قینه‌ی ژنانی کوردی په‌ک خستووه. له لاختێکی سیاسی‌دا که به ده‌ربڕینی نارایان “قسه‌کردن بۆ” له پێشمه‌رج و پێشپێویستییهکانی هه‌ر جۆره سووژه‌بوون و ئهکتخوازیی سیاسییه، ژنی کورد هه‌م له لایه‌ن شوناسخوازه پیاوه‌کانی کورد و هه‌م له لایه‌ن فیمینیسته‌کانی ناوه‌نده‌وه ده‌بێت به ئامرازێک بۆ سه‌لماندنی سوژه‌بوونی سیاسی‌یان. له ڕاستیدا ژنی کورد وه‌کوو خاکێکی به‌پیته که هه‌ردووک تێیدا به‌شێک له داخوازی و پێویستییه سیاسییه‌کانی خۆیان ده‌چێنن. هه‌ر بۆیه که‌شێکی ته‌ندروست که بکرێت تێیدا به‌ده‌ر له مقۆمقۆ ئایدۆلۆژیکه‌کان بیرێک له کوشتنه‌کان له سه‌ر شه‌ره‌ف بکرێته‌وه له ئارادا نییه و به شێوه‌ی کرده‌کی له لایه‌ن هه‌ر دووکیانه‌وه به بارمته گیراوه. له ئه‌نجامی مۆنۆپۆلبوونی فه‌زا و که‌شی وتووێژ و تێڕامان له‌باره‌ی دۆخی ژنانی کورده که هه‌ر دوو لا له‌گه‌ڵ چالاکانی ژنی کورد زیاترین گێرمه‌وکێشه و ململانێ‌یان ده‌بێت و هه‌ر ده‌نگێک که له نێو خودی ژنانی کورد به‌رز ببێته‌وه له لایه‌ن هه‌ر دوو لاوه به خێرایی بێده‌نگ و کپ ده‌کرێت؛ یه‌کێک به بیانووی جوداییخوازی و ئه‌وی دیکه به بیانووی له‌ده‌ستچوونی یه‌کێتی کوردان!.
“تێکهه‌ڵکێشیی سیاسی و کوشتنه‌کان له‌سه‌ر شه‌ره‌ف”
نووسه‌ر: فیرده‌وس حاته‌میی تاهیر
وه‌رگێڕ: سپێده ساڵحی