شه‌به‌ك پێكهاته‌یه‌كی ئاینی ئاڵۆزیان له‌نێوان مه‌زهه‌بی سوننه‌و شیعه‌ی ئیسلامی و مه‌سیحی و كاكه‌ییدا هه‌یه، به‌زۆری له گوند و شارۆچكه‌كانی باكور و رۆژهه‌ڵاتی موسڵ ده‌ژین، به‌پێی ئاماره نا-فه‌رمییه‌كان ژماره‌یان به نزیكه‌ی (300) هه‌زار كه‌س ده‌خه‌مڵێنرێت. له‌دوای رووخانی رژێمی به‌عسه‌وه له ساڵی (2003) تائێستا، به‌هۆی په‌لاماره‌كانی رێكخراوه‌كانی قاعیده‌و داعشه‌وه زیاتر له دوو هه‌زار كه‌سیان لێكوژراوه.
ئه‌م گروپه به‌وردی مێژوی سه‌رهه‌ڵدان و چۆنێتی ده‌ركه‌وتنیان دیار نییه، چونكه به‌هۆی سته‌م و جه‌وری زه‌مانه و چه‌وساندنه‌وه و سه‌ركوتكردنی بیروباوه‌ڕیان، سه‌رچاوه‌كانیان شێوێندراوه و ون بووه. ئه‌و زانیارییانه‌شی له‌به‌رده‌ستدان جه‌خت له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه گروپێكی كۆنی كوردن و خاوه‌نی بیروبۆچوونی تایبه‌ت به خۆیانن و مێژوییه‌كی دورو درێژیان هه‌یه. به نمونه ساڵی (1919) قوتابخانه‌یه‌كی كوردی تایبه‌ت بهتایهفهی شه‌به‌ك له گوندی گوگجه‌لی نزیك موسڵ كراوه‌ته‌وه.
ئه‌و سه‌رچاوه كوردی و ئیسلامییانه‌ی باسیان له ره‌گوریشه‌ی شه‌به‌ك كردوه، روونیده‌كه‌نه‌وه رێورچهی شه‌به‌كه‌كان له‌سه‌ر رێبازی (شێخ سه‌فی – سافی)یه‌و زمانی شه‌به‌ك (ماچۆ)یه، كه دیالیكتێكه له (گۆران)ی زمانی كوردی چه‌شنی (هه‌ورامی، زه‌نگنه، كاكه‌یی). له “دائره المعارف الاسلامیه”دا ده‌ڵێت: ژماره‌یان به‌گوێره‌ی مه‌زه‌نده‌ی كاربه‌ده‌ستانی ئینگلیز ده هه‌زار كه‌س ده‌بێ و له لیوای موسڵ ده‌ژین.
مێژونووسی ئێراقی د.شاكر خه‌سباك، باس له‌وه‌ده‌كات ئاینی شه‌به‌كه‌كان به‌هۆی نهێنی راگرتنی، ته‌مومژ دایپۆشیوهو به موسڵمانی تووندڕه‌و ده‌ژمێردرێن، به‌هۆی ئه‌و پیرۆزی ته‌ماشاكردنه‌ی به‌رانبه‌ر به ئیمامی عه‌لی و نه‌وه‌كانی هه‌یانه. وه‌كو مه‌سیحییه‌كان به‌بۆنه‌ی سه‌ری ساڵه‌وه ئاهه‌نگ ده‌گێڕن و ده‌چنه لای پیران بۆ لێخۆشبوو‌ن له‌گوناهه‌كانیان، جلوبه‌رگیان له شێوه‌ی به‌رگی مه‌سیحییه‌كانه و له (25) گوندی موسڵدا بڵاوبوونه‌ته‌وه.
مامۆستا جه‌میل رۆژبه‌یانی نووسه‌ر له‌باره‌ی شهبهكهكانهوه ئاماژه به‌وه‌ده‌كات كتێبه پیرۆزه ئاینیهكهیان به گۆرانی نوسراوه، به شێوه زاری گۆرانی ته‌لقینی مردوو ده‌كه‌ن، له‌بنه‌ڕه‌تدا كاكهین، به‌ڵام هاوسێتی قزڵباشانیان كردوه‌و كاریگه‌ریی مه‌زهه‌بی جه‌عفه‌ریان له‌سه‌ره.
چین‌و توێژه‌كانی شه‌به‌ك پێكهاتون له (پیران، سۆفیان، تالیبان، عامیان). پیران هه‌موو شتێكیان به‌ده‌سته‌و خاوه‌ن مه‌قام و بڕیاره ئاینییه‌كانن، سۆفیان ئه‌وانه‌ن به‌شداری كۆبوونه‌وه‌كان ده‌كه‌ن و زۆرجاریش وه‌عز بۆ خه‌ڵكی داده‌ن، تالیبان ئه‌وانه‌ن ده‌بنه موریدێكی راسته‌قینه‌و عامیانیش هه‌مو ئه‌و خه‌ڵكه ده‌گرێته‌وه كه له ده‌سته‌ی پیران و سۆفیان نه‌بن.
هه‌روه‌كو گروپه ئاینییه باتنییه‌كانی كوردستان، شه‌به‌ك بیروباوه‌ڕی هه‌ردوو مه‌زهه‌بی سوننه‌و شیعه‌ی تێكه‌وتووه، به‌ڵام وادیاره كاریگه‌ری ئال به‌یتیان زیاتر له‌سه‌ره و خۆیان به عه‌له‌وی باتنی ده‌نوێنن، ره‌نگه بۆچونیان له‌گه‌ڵ شیعه‌ی دوانزه ئیمامی له زۆر شت‌دا جیاوازبێ، له‌وانه‌شه نه‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ پیاوانی ئاینی نه‌جه‌ف. چونكه مه‌ڵبه‌ندی مه‌رجه‌عییه‌تی مه‌زهه‌بی شیعه لای شه‌به‌ك گوندی دراوجه كه عه‌ره‌به‌كان پێی ده‌ڵێن (ده‌راویش)و له‌لایه‌ن (پیر)ه‌وه به‌ڕێوه‌ده‌برێت، كه ده‌سه‌ڵاتی ئاینی‌و دنیایی خۆی له‌سه‌ر سستمێكی تێكه‌ڵاو له رێنماییه‌كانی ئابرێشیاتی مه‌سیحی و په‌رستگای یه‌زیدییه‌كان رێكخستوه، به‌ڵام مۆركێكی سه‌ربه‌خۆی پێوه دیاره. شه‌به‌كه‌كان بڕوایان زۆر به ئیمامی عه‌لی چواره‌م خه‌لیفه‌ی موسڵمانان قایمه.
سه‌رۆكی ده‌سته‌ی راوێژكاری شه‌به‌ك سالم جومعه، رایده‌گه‌یه‌نێت له‌دوای رووخانی رژێمی به‌عس له ساڵی (2003)و ده‌ركه‌وتنی گروپه چه‌كدارییه‌كانی سه‌ر به رێكخراوی قاعیده، به‌هۆی په‌لاماره‌كانی ئه‌و گروپانه‌وه (1232) هاوڵاتی شه‌به‌ك كوژراون. خوێناوی‌ترین په‌لاماری ئه‌و گروپانه‌ش له مانگی ئه‌یلولی (2009)دا روویدا، به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژكراو له گوندی خه‌زنه، كه بووه هۆی كوشتنی زیاتر له په‌نجا كه‌س و خاپووركردنی حه‌فتا خانوو.
دوای ده‌ركه‌وتنی گروپی داعش له حوزه‌یرانی (2014)و كۆنترۆڵكردنی شاری موسڵ و چه‌ندین ناوچه‌ی دیكه‌ی ئێراق، شهبهكهكانیش كه‌وتنه به‌ر په‌لاماری ئه‌و تاقمه، به‌جۆرێك بیست گوندی شه‌به‌ك نشین خانووه‌كانی له‌گه‌ڵ زه‌ویدا یه‌كسان كرا، جگه له‌وه‌ی تائێستا چاره‌نووسی (233) هاوڵاتی شه‌به‌ك كه له‌لایه‌ن داعشه‌وه رفێنراون، نادیاره. سالم شه‌به‌ك ده‌ڵێت: به‌هۆی هێرش و په‌لاماره‌كانی قاعیده و داعشه‌وه (2300) هاوڵاتی شه‌به‌ك كوژراون.
سه‌رچاوه‌كان:
1. هاشم عاسی كاكه‌یی: شه‌به‌ك له‌نێوان ئایین‌و نه‌ته‌وه‌دا، له بڵاوكراوه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی روناكبیری‌و كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ركوك، چاپی یه‌كه‌م، 2010.
2. ماڵپه‌ڕی بی بی سی عه‌ره‌بی.
3. ماڵپه‌ڕی باس‌نیوز.