مه‌به‌ست له شافیعی، مه‌زهه‌بێكی دیاریكراوی دینی ئیسلامه كه به‌ناوی داهێنه‌ره‌كه‌یه‌و ناونراوه و له‌ناوچه‌كه‌دا، واته: “كوردستان” زۆرترین شوێنكه‌وته- پاشكۆی هه‌یه، له كاتێكدا ئه‌م مه‌زهه‌به لقێكی بچووكی سه‌رچاوه ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی “ئایینی ئیسلامه”، گومانم وایه كه شوێنكه‌وته‌ی تێگه‌یشتن له مه‌زهه‌بی شافیعی له تێگه‌یشتن له ئایینی ئیسلام زۆرتربێت!.
ئه‌م بارودۆخه؛ سه‌رلێشێوان و پاشكۆییه بۆ سه‌رچاوه‌یه‌كی لاوه‌كیی، له به‌رامبه‌ر سه‌رچاوه ڕه‌سه‌نه‌كه‌دا و زانای پایه‌به‌رزی كورد د.موسته‌فا زه‌ڵمی به‌جوانی له‌بیروه‌ریه‌كانیدا باسی ئه‌م بارودۆخه ده‌كات. به‌ڵام شوێنكه‌وتنی لق و چڵ و پاشكۆیه‌تی، چێژێكی كاتیی بۆ مرۆڤی گه‌مژه تێدایه كه له سه‌رچاوه بنه‌ڕه‌تیییه‌كه‌دا نییه، چونكه لقه لاوه‌كییه‌كه بواری شیكردنه‌وه‌ی كه‌سیی و ده‌م كوتان له خۆ نواندن بۆ خۆپه‌رستی ده‌هێڵێته‌وه.
مه‌به‌ستی من له‌م وتاره‌دا باسی دین و مه‌زهه‌ب و ئایینی ئیسلام نییه، به‌ڵكو ده‌مه‌وێت ئه‌م شێوازه “پاشكۆیه‌تی”، وه‌ك تیۆرێك به‌كاربهێنم بۆ شیكردنه‌وه‌ی دۆخی به‌شێكی زۆر له گروپی به‌ناو “رۆشنبیر، نووسه‌ر، ڕۆژنامه‌نووس، سیاسه‌تمه‌دار، هونه‌رمه‌ند، مامۆستا، پارێزه‌ر، ئه‌ندازیار، پیاوی ئایینی، بازرگان و سه‌رمایه‌دار و… .”ی كوردستان كه له دۆخی پاشكۆیه‌تی كه‌وتوونه‌ته گه‌وزاندنێكی خۆشه‌وه و بارودۆخه‌كه‌شیان به‌جۆرێك بارهێناوه، ئه‌وه‌ی له ناو ئه‌و دۆخی پاشكۆیه‌تی و ڕێگه ونكردنه‌دا نه‌بێت و وه‌كو ئه‌وان نه‌گه‌وزێت بواری كاری بۆ ناهێڵنه‌وه.
دیاره كایه‌كانی ڕۆڵبینین له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا پڕن له مجۆره ناونیشانانه‌ی سه‌ره‌وه كه نووسیمان و له‌لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه هه‌ر گروپی پاشكۆكان به‌رپرسن له ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی ڕۆڵپێدان بۆ هه‌ر كه‌سێك كه بێته ناوكایه‌ی ژیان و به‌رپرسیارێتیه‌وە و چونكه پاشكۆكان به‌كرێ گیراون بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كایه گشتییه‌كان.
كورد، وه‌ك نه‌ته‌وه له زۆر لاوه قوربانیی ده‌ستی پاشكۆیه‌تییه، قورسترینیان پاشكۆیه‌تی سیاسی یه، كه تا ئێستا نه‌یتوانیوه ببێته خاوه‌ن قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی سیاسیی به ناوی ده‌وڵه‌ت، واته؛ “ئه‌و شته‌ی هه‌ر میلله‌تێك هه‌یه‌تی و بۆته مایه‌ی مانه‌وه و گه‌شه‌كردن و بوونی له‌سه‌ر ئه‌م گۆی زه‌وییه، كورد نییه‌تی”.
له پاشكۆیه‌تی سیاسیی قورس‌تر و ناخۆشتر، پاشكۆیه‌تی بیركردنه‌وه و هه‌ستكردنه به نه‌بوونی خود، له كایه‌ی ژیاندا، هه‌ندێك ئه‌م پاشكۆیه‌تییه ده‌گێرنه‌وه بۆ بوونی پاشكۆیه‌تی سیاسیی و هه‌ندێكیتر، به‌پێچه‌وانه‌وه پاشكۆیه‌تی سیاسی بۆ پاشكۆیه‌تی له بیركردنه‌وه ده‌گێڕنه‌وه.
من لایه‌نگیری ڕای یه‌كه‌مم، كه سه‌رچاوه‌ی هه‌موو پاشكۆییه‌ك له‌سه‌ر ئاستی نه‌ته‌وه، په‌یوه‌ندی به نه‌بوونی سه‌ربه‌خۆیی سیاسییه‌وه هه‌یه و سه‌رچاوه‌ی هه‌موو پاشكۆیه‌تیه‌كیش له‌سه‌ر ئاستی تاك، په‌یوه‌ندی به نه‌بوونی سه‌ربه‌خۆیی ئابورییه‌وه هه‌یه، چونكه له‌و كاته‌وه‌ی مرۆڤ هه‌یه، سیاسه‌ت- ده‌سه‌ڵات شێوه‌ی ژیانی گروپ و په‌یوه‌ندییه‌كان و پاره- سه‌رمایه‌ش، ڕاده‌ی سه‌ربه‌خۆبوونی كه‌سه‌كان دیاریده‌كات و له‌سه‌رده‌می ئێستاشدا هه‌ردووكیان (ده‌سه‌ڵات و پاره) بنه‌ڕه‌تی سه‌ره‌كیی و ته‌نهای هێزن و “بیركردنه‌وه و هۆشیاریی” له‌م دووانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن.
له‌به‌رئه‌وه گه‌لی كورد له‌ماوه‌ی سه‌د ساڵی ڕابردوو هیچ كام له “ده‌سه‌ڵات- پاره”ی نه‌بووه، بۆیه دۆخی ملكه‌چی و پاشكۆیه‌تی، وه‌ك دۆخێكی ڕاسته‌قینه و به‌ڵگه‌نه‌ویستی لێهاتووه.
له دیارترین ده‌رهاویشته‌كانی دۆخی پاشكۆیه‌تی له سه‌رجه‌م ڕووه‌كانه‌وه چه‌ند شتێكن كه ده‌كرێت به‌وردی له‌ناو ده‌سته‌بژێر و پارته‌سیاسییه‌كانی كورد بیانبینیت و هه‌ستی پێبكه‌یت، وه‌ك:
١- دووبه‌ره‌كیی و نه‌گونجان: چونكه پێكه‌وه‌بوون دیارده‌یه‌كی بیركردنه‌وه‌ی شارستانییه، شارستانیه‌تیش ده‌ره‌نجامی سه‌ربه‌خۆییه، پاشكۆ هه‌رگیز ناگونجێت، چونكه ناتوانێت گفتوگۆ بكات، له‌به‌رئه‌وه‌ی خاوه‌نی بنه‌مای هزریی خۆی نییه، گفتوگۆ وه‌ك بنه‌ما وه‌رناگرێت بۆ گونجان، به‌ڵكو دوولایه‌نی پێباشتره له‌یه‌ك لایه‌نی و یه‌كێتیی و یه‌كگرتن.
٢- كورتبینی و نه‌بوونی پلان: دۆخی پاشكۆیه‌تی، وه‌ك پێشتر ڕوونمانكرده‌وه، دۆخی بیرنه‌كردنه‌وه‌یه، دۆخی خۆدانه پاڵ شیكردنه‌وه‌ی لق و نیوه لقه ”وه‌ك له ئه‌زموونی شافیعی مه‌زهه‌به‌كاندا هه‌یه و زۆربه‌ی جاره‌كان بۆ په‌نابردنه‌به‌ر چاره‌سه‌رێكی ئاینی، له‌پاڵ بوونی قورئانێكی ڕاست و ڕه‌واندا، په‌نا بۆ شیكردنه‌وه و ڕای ئیمامی شافیعی (خوای لێ ڕازیبێت)ده‌به‌ن، له‌كاتێكدا ئیمامی شافیعی، خۆی له قورئانه‌وه ڕاكه‌ی هه‌ڵهێنجاوه” دووربینی و خوێندنه‌وه‌ی دواڕۆژ كاری به‌رپرسیارێتییه، ته‌نها سه‌ربه‌خۆكان ده‌توانن به‌رپرسیارێتی هه‌ڵبگرن، له‌بنه‌ڕه‌تدا پاشكۆیه‌تی ڕاكردنه له به‌رپرسیارێتیی و خۆ خه‌ریكردنه به‌شتی لابه‌لاوه.
٣- دابڕان و جیابوونه‌وه: پاشكۆ پارچه پارچه یه، ده‌بێت كه‌سێك پێكه‌وه‌ی بنێت، بڕوانه: وه‌ستا “سه‌ربه‌خۆ” له بلۆك “پاشكۆ” “دیوار- دۆخی سیاسی(هێز)” دروستده‌كات، كه ده‌كرێت هه‌ركات وه‌ستا یان خاوه‌ن بڕیار ویستی بلۆكه‌كان تێكبدات و به‌بلۆكی تر، یان سه‌ره پارچه‌ی بلۆكی یه‌كه‌م، دیوار- سیاسه‌تی نوێ دروست بكات. بۆیه نابینی و ناتوانێت ببینیت “ئه‌وانه‌ی به‌خۆیان ده‌ڵێن حیزبی كوردی، وه‌ك: یه‌كێتی و پارتی و پاشكۆكانیان وه‌ك: گۆڕان و ئیسلامی و نه‌وه‌ی نوێ و ئه‌وانیتر” سیاسه‌ت-هێز، دروست بكه‌ن، به‌ڵكو له‌باشترین دۆخدا له‌یه‌ك داده‌بڕێن و جیاده‌بنه‌وه و ده‌بێت وه‌ستا-سه‌ربه‌خۆیه‌كی خاوه‌ن بڕیار بێت و یه‌كیانبخات، “سه‌دان نمونه‌مان هه‌یه، عێراق، توركیا، ئێران، ئه‌مریكا و ئه‌ورووپا ئه‌و ڕۆڵه ده‌گێڕن”.
٤- په‌كخستنی فه‌رمانڕه‌وایه‌تی: پاشكۆ، ناتوانێت فه‌رمانڕه‌وایه‌تی بكات، چونكه فه‌رمانڕه‌وایی كاری سه‌ربه‌خۆكانه، دۆخی پاشكۆیه‌تی تیایدا فه‌رمانڕه‌وایه‌تی په‌كده‌خرێت، كاری سیاسه‌ت فه‌رمانڕه‌وایه‌تیكردنه، نمونه له باشوری كوردستان، دوو ئیداره‌یی و نه‌بوونی حكومه‌ت و په‌رله‌مان و له‌هه‌مانكاتدا به‌ڕێوه‌چوونی كاروباره‌كانیش!، ئه‌مه نیشانه‌ی نه‌بوونی فه‌رمانڕه‌وایه‌تییه.
٥- نه‌بوونی سه‌رمایه: پاشكۆكان، ناتوانن و نازانن سه‌رمایه دروستبكه‌ن، نه سه‌رمایه‌ی سیمبولێك و نه سه‌رمایه‌ی ماددیی، ناتوانن شانازی به سه‌رمایه‌كانی خۆیانه‌وه وه‌ك: زمان، مێژوو، سه‌ركرده، كو‌لتور، پاڵه‌وان، زیره‌كیی و توانای خه‌ڵك بكه‌ن، چونكه پاشكۆ، خۆی كه‌ره‌سته‌یه بۆ دروستكردنی سه‌رمایه بۆ خاوه‌نه‌كه‌ی – كه‌سێكی تر، بۆیه هیچ وه‌رناگرێت و ده‌ست و پێ سپییه، هه‌روه‌ك؛ پارچه‌كانی ورده ئاسن پێكه‌وه نانووسێن، به‌ڵام هه‌میشه هه‌موویان ئاماده‌ن بچووكترین پارچه موگناتیش سه‌دجار زیاتر له قه‌باره‌ی خۆی گه‌وره‌تر بكه‌ن، به‌ڵام بێ موگناتیس هه‌ر یه‌كێكیان هیچ به‌هایان نییه و په‌رت و بڵاون.
٦- ناسه‌قامگیریی و به‌رده‌وام نه‌بوون: گه‌وره‌ترین دۆخی ناسراوی پاشكۆیه‌تی نا سه‌قامگیریه، چونكه بڕیار له‌لای خۆی نییه، سه‌قامگیریی پێویستی به بڕیاره، بڕیار پێویستی به خوێندنه‌وه‌ی دۆخی ڕابردوو و ئێستا و داهاتووه‌وه هه‌یه، كه‌واته: پێویستی به ده‌زگای بیركردنه‌وه و گروپی كار هه‌یه، پاشكۆ ناتوانێت هیچ كام له‌مانه بكات، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه تایبه‌تمه‌ندی “جیوه”ی هه‌یه و هه‌میشه ناجێگیره.
٧- كاركردن له دژی به‌رژه‌وه‌ندی خود: پاولۆ فرێری، فه‌یله‌سوفی به‌ڕازیلی، له شیكردنه‌وه‌ی دۆخی داگیركراو- سته‌ملێكراودا (پاشكۆ)، زۆر به‌جوانی باسی ده‌رونزانی پاشكۆیه‌تیی ده‌كات، كه‌سی داگیركراو و پاشكۆ، به‌جۆرێك خۆی لێگۆڕاوه به‌هه‌مانشێوه‌ی خاوه‌نه‌كه‌ی مامه‌ڵه ده‌كات، نایه‌وێت یان ناتوانێت بیربكاته‌وه بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر دۆخی بنه‌ڕه‌تی خۆی.
له‌ڕاستیدا ئه‌و دۆخه هه‌مووی په‌یوه‌ندی به ناهۆشیارییه‌وه نییه، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سیی تایبه‌ته‌وه هه‌یه، كه نایه‌وێت له‌خۆی تێكبدات، به‌ڵام هه‌میشه ئه‌م كاره دژی به‌رژه‌وه‌ندی ڕاسته‌قینه‌ی خودی گه‌ل و نه‌ته‌وه یان مرۆڤایه‌تی ده‌شكێته‌وه، حكومه‌تی هه‌رێم نموونه‌یه‌كی “ڕوونی” له مبواره‌دا هه‌یه، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی په‌نده كوردییه‌كه كه ده‌ڵێت:”حه‌ز به‌تۆپینی خۆیی و زیانی خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌كات” لێره‌دا حكومه‌تی هه‌رێم حه‌ز به‌تۆپینی خۆی ده‌كات به‌ڵام نه‌ك زیانی خاوه‌نه‌كه‌ی.
ئه‌گه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌وه ته‌ماشایه‌كی هه‌ندێك بواری حكومه‌تی هه‌رێم بكه‌یت نمونه‌ی زۆر ڕوونی تێدایه، وه‌ك: ساڵانه ملیۆنان دۆلار بۆ خوێندن له زانكۆ و ناوه‌نده‌كانی تری خوێندن خه‌رج ده‌كرێت، به‌ڵام “مه‌رجی ئه‌وه‌یان داناوه به زمانی كوردی نه‌بێت” وله زانكۆكاندا ساڵانه ملیاره‌ها دۆلار بۆ توێژینه‌وه خه‌رجده‌كرێت، ئه‌وه‌یش به‌هه‌مانشێوه مه‌رجیان داناوه كە به‌زمانی عه‌ره‌بی و ئینگلیزی بێت”، هه‌روه‌ك جلوبه‌رگی كوردیش قه‌ده‌غه‌یه!.
بۆ زیاتر گفتوگۆ له‌سه‌ر بیری پاشكۆیه‌تی و خۆدانه‌پاڵ گه‌وره‌یه‌ك بۆ شانازیی پێوه‌كردن، وه‌ك دیارده‌یه‌كی سه‌رده‌م، زۆر نمونه هه‌ن، له‌ناو گه‌لانی تریش به‌هه‌مانشێوه هه‌ن، به‌ڵام له‌ناو كورددا به‌هۆی داگیركاری سیاسییه‌وه زۆر به‌قووڵی چه‌قیبه‌ستووه، كه وا هه‌ستده‌كرێت ئه‌وه دۆخی ڕاسته‌قینه بێت، ساڵانی سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م له‌نێو مه‌لا و دواتر له‌نێو هۆنه‌ر و پاشان له‌نێو سیاسی و دواتر له‌نێو سه‌رباز و سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كاندا به‌كارهێنانی زمانی بێگانه (عه‌ره‌بی و توركی و فارسی) و خۆراك و جل وبه‌رگ و زۆرشتی تر، له ئێستاشدا خوێندن به زمانی بێگانه و په‌یڕه‌وكردنی سیسته‌می بیانی و قسه‌كردن و نووسین به عه‌ره‌بی و توركیی و ئینگلیزی و … . بوونه‌ته نه‌ریتی سه‌رده‌م، ته‌نانه‌ت به‌رپرسه پاشكۆ ملكه‌چه‌كان نا‌وێرن باسی قوربانییه‌كانی خۆیشیان بكه‌ن، كاتێك له ڕێوڕه‌سمی ئه‌مساڵی یادی هه‌ڵه‌بجه‌دا، هونه‌رمه‌ندی پێشمه‌رگه‌ی كورد نه‌جمه‌دینی غوڵامی وتی: “ئێران داگیركه‌ره”. پارێزگاره‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه، وه‌ك كه‌ڵه‌شێری قومارچی، بۆی چووه سه‌ر به‌رزاییه‌ك و وه‌ڵامی دایه‌وه.
پاشكۆكان به كه‌سانی وره به‌رز و خاوه‌ن هه‌ڵوێست و شۆڕشگێڕ ده‌ڵێن تێكده‌ر و نه‌زان، چه‌ندین ناویان له خاوه‌نه‌كانیانه‌وه بۆ ناشیرینكردنی ڕزگاربوون له كۆیله‌یه‌تی داهێناوه و خواستووه.