زمانی کوردی، زمانی زیاتر له ٢٥ ملیۆن کورده که له وڵاتێکی بەرفراوان و پان و بەرینی ناو ڕووبەرێکی جوگرافیدا دەژین. ئەم زمانه سەر به تیرەی زمانە هێندو ئهوروپییهکانه و به‌شێکه لە دەستهی زمانەکانی (ئێرانی–ئاریایی). له نێوان یەکەمین و دووهەمین هەزارەی پێش زایین بووه، که خێل و خەڵکی بەڕەچەڵەک (ئێرانی–ئاسیایی ناوەندی) و، وڵاتەکانی دەووروبەری دەستیانکرد بە گۆڕینی شوێنەکانیان و کۆچکردن بەرەو وڵاتی “ئێران” و ناوچەکانی ڕۆخی زەریای ڕەش، بە داگیرکردن و نیشتەجێبوون لەم ناوچەیه‌دا ئەم خێڵانە لەگەڵ دانیشتوانی ناوچه‌که بوون بە یەک و تێکەڵ بوون، بەم مانایە کە زمان و ناوی خۆیان دایە خەڵکێکی (ئێرانی – ئاریایی) که پێشتر لە سه‌ر ئه‌م خاکە نیشتەجێ بوون. هەندێک ئەم یەکپارچەکردنەوە ته‌واوه ڕەت دەکەنەوە. ئێستا کە ژمارەیەکی زۆر لە کوردە غەیره کوردزمانه‌کان لە کوردستانی باکوور و ڕۆژهەڵات و باشوور نیشتەجێن.
“کوردی” زمانی نەتەوەی کورده کە سەر بە گرووپی باکووری خۆرئاوای زمانە ئێرانی –ئاریاییه‌کانه، هیچکات دەرفەتی یەکپارچەبوونی بە دەستنەهێناوە و به گشتی زاراوەکانی بە سه‌ر سێ لقدا دابەش ده‌بن کە بە ڕوونی له‌یه‌ک ده‌چن، گرینگترینی ئەم زاراوانە بە هۆی ژمارەی ئاخێوەرانی کوردی باکوورە، کە به زۆری و به شێوه‌ی باو پێی ده‌ڵێن کرمانجی، ئەم گرووپە لە کوردەکان لە تورکییە، سوورییە و، یه‌کێتی سۆڤییه‌ت دەژین. هەروەها بەشێک لە کوردەکانی (ئێران و ئێراق) بەم زاراوه‌یه قسە دەکەن. و هەروەها ٢٠٠٠٠٠(دووسه‌د هه‌زار) کورد-زمانی نیشتەجێ لە دەووروبەری کابولی ئەفغانستان بەم زاراوەیه قسە دەکەن. ئەم لقه لە کوردی بووە به سەرچاوەی زمانێکی ئەدەبی. لقی ناوەندی بریتییه؛ لەو کوردییەی کە لە باکووری رۆژهەڵاتی ئێراق قسه‌ی پێدەکرێت و بە سۆرانی ناودەبرێت. کوردەکانی ئەوبەری زاگرۆس لە کوردستانی ئێرانیش بەم زاراوەیه قسە دەکەن. ئەم لقەش زمانێکی ئەدەبی دیکەی دروستکردووه، هەمووکات شارەزایانی ڕۆشنبیر لە نێو کوردەکاندا هه‌بوون، کە لە درێژایی سەدان ساڵدا بیری خۆیان بە زمانی باڵادەست دەربڕیووە، بە هۆی ئەمهوه ژمارەیەکی زۆر لە ڕۆشنبیرەکانی کورد به زمانه‌کانی (عەرەبی، فارسی و، تورکی)شتیان نووسیوە. دەتوانین ئەم بابەتە لە بەرهەمەکانی مێژوونووس و ژیاننامەنووسی کورد، ئیبنی ئه‌سیر(ابن اپیر)دا ببینین، مێژوونووسێک کە لە سەدەی سیانزە دەژیا و به زمانی عەرەبی دەینووسی، لە حاڵێکدا “ئیدریس بەتلیسی” لە بەرپرسانی باڵای عوسمانی که بەڕەچەڵەک کورده، لە ساڵی ١٥٠١زاینیدا کتێبی “هەشت بەهەشت” بە فارسی ده‌نووسێت، ئەم کتێبە یەکەمین بەرهەمی مێژووییه لەبارەی هەشت پاشای عوسمانی. “شازادە شەرەف خان” دەسەڵاتداری میرنشینی کوردی “به‌تلیس” لە کۆتاییەکانی سەدەی شازدە، بەرهەمی مێژوویی خۆی لەبارەی کوردەکان بەفارسی نووسیوه، ئەم بەرهەمە سەرچاوەیەکی ده‌وڵه‌مه‌نده لەبارەی مێژووی سەدەکانی ناوەڕاستی کوردەکان. ئەستەمە بتوانین مێژوویەک بۆ دەستپێکردنی ئەدەبی کوردی دیاری بکەین، ئێمە هیچ شتێک لە بارەی کولتووری کوردەکانی پێش ئیسلام نازانین، لە لایەکەوە تەنها بەشێک لە کتێبەکان پێداچوونەوەیان کراوە و ئێمە نازانین چ ژمارەیەک له‌م کتێبانە له‌ناو ئاژاوه به‌رده‌وامه‌کان و ئەو پێکدادانانه‌ی که چه‌ندین سەدە پێش ئێستا لە وڵاتی کوردستاندا ڕوویان داوە، لە ناوچووه.
یەکەمین شاعیری ناسراوی کورد، “عەلی حەریریی”ە کە لە ساڵی ١٤٢٥ لە هه‌کاری لە دایکبووە و لە نزیکەی ساڵی ١٤٩٥ کۆچی دوایی کردووە. بابەتە جێ سه‌رنجەکانی ئەو، هەر ئەوانەن کە زۆرجار هاوڵاتییەکانی دەپەرژێنە سەری. خۆشه‌ویستی بۆ وڵات، جوانییەکانی سرووشت و جوانی کچەکانی وڵاته‌که‌ی، کوردستان لە سەدەی شانزدەدا گۆرەپانی شەڕی نێوان فارسەکان و تورکەکانە. لە دواجاردا ئێمپراتۆرییەکانی عۆسمانی و ئێرانی دادەمەزرێن و لە سەرەتاکانی نیوەی دووهه‌می سەدەدا سنوورەکانی خۆیان قاییم و سهقامگیردەکەن، بە ده‌ربڕینێکی دیکە ئەوان سەرزەمینی کوردەکان لە نێوان خۆیاندا دابەش دەکەن، یەکەمین بەرهەمه ناسراو و ههرماوهکانی “ئەدەبی کورد” دەگەڕێتەوە بۆ ئەم سەردەمە. ئەم هۆنراوانە هاوکات لە گەڵ سه‌پاندن و سه‌قامگیربوونی سنوورەکانی عوسمانی و پارس، بە مه‌به‌ستی دژایەتی لە گەڵ ئەو دۆخه دێته ئاراوه، ناسراوترین شاعیر لە کۆتاییەکانی سەدەی شانزدە و سەرەتای سەدەی حەڤدە “شێخ ئەحمەدی نیشانی” ناسراو بە “مەلای جەزیری”یه ئەو خەڵکی جەزیرەی بۆتان بوو و وەک زۆربەی ئەدیبەکانی ئەو سەردەمە ناسیاوه‌تییه‌کی باشی لە گه‌ڵ زمانه‌کانی (عەرەبی، فارسی و، تورکی) هه‌بوو. هەروەها زەینی پڕبووە لە کولتووری ئەدەبی عەرەبی-فارسی. بەرهەمی شاعیرانەی ئەو زۆرتر لە ٢٠٠٠ بەیت، تا ئێستاش بەرهەمێکی ناسراوه له‌ناو خه‌ڵک. هەڵبەت ئەم به‌رهه‌مه دیسان پێداچوونەوەی لە سەر کراوە، ئەو سەفەری زۆری کردووە و قوتابیانی زۆری پەروەردە کرد، قوتابیانی هەوڵیاندەدا به هه‌ڵبژاردنی زمانی ده‌ربڕینی ئه‌و، که هەر لەو کاتەوە وه‌کو زمانێکی ئەدەبی ناسراوبوو پەیڕەوی لە ڕێچکه‌ی مامۆستای خۆیان بکەن، وردەوردە هەستی هۆگری و گرێدراوێتی بە سرووشت و ڕۆحێکی هاوبەش لە نێوان کوردەکاندا پەرەی سەند، لەم سەردەمەدایه کە “ئەحمەدی خانی” لە دایک ده‌بێت، ئەو که له بنه‌ڕه‌تدا بایەزیدییە به ده‌ربڕینێک یەکەمین شاعیری گەورەی کوردە، ئەو لە بەرهەمی خۆیدا “مەم و زین” به مه‌نزوومه و شیعرێکی درێژ کە زۆرتر لە ٢٦٥٠ بەیته بناغەکانی سەربەخۆیی کورد ده‌خاته‌ڕوو و ده‌رده‌بڕێت.
لە سەدەی نۆزدەدا؛ دوابه‌دوای پێشکەوتنی بزوتنەوە ڕزگاریخوازه نەتەوەییه‌کان لە ناو ئیمپراتۆری عوسمانی و بە هۆی ئەمەی کە ئەم بزوتنەوانە ئاخێزگه و ڕه‌نگێکی خێڵەکییان هەبوو، بزوتنەوەیەکی نەتەوەخوازانە به هێوری لە حاڵی پەرەسەندندا بوو، به تۆزێک درهنگهاتنهوه که ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ گۆشه‌گیری و په‌راوێزنشینی نه‌ته‌وه‌ی “کورد” بوو ئه‌ده‌بێکی نوێ بووژایه‌وه، ئەو نووسەرانەی کە لە کاتی گه‌نجی لە حوجرە و قوتابخانە قورئانییەکاندا لە ئاستێکی بەرزدا بە شێوەیەکی نەریتی پەروەردە بووبوون، بە باشی بە سه‌ر عەرەبی و فارسی‌دا زاڵ بوون، شیعری ئەم سه‌رده‌مه ناوەرۆک و شێوه و فۆرمه‌کانی خەیاڵی لە نەریتی پارسی کاریگەری وەردەگرت، بەڵام شاعیرەکان لە داهێنانی هێماکان و مۆسیقاییبوونی به‌یت و هۆنراوه‌کان خەیاڵێکی سەیر و سەمەرەیان ده‌خسته ڕوو، ئەم شیعرە لە سەرەتادا تێمێکی ئاینی هەبوو، به هۆی ئەوەی کە چاخی بووژانه‌وه‌ی کۆڕ و ئاڵقه سۆفییانەکان بوو بەڵام شاعیرە نیشتمانپەروەر و هه‌ڵبه‌ستڤان زۆرترین کەڵکیان لێ وه‌رگرت، “مەلا خدری ئەحمەدی شاوەیس” کە زیاتر به ناوی “نالی” ناسراوە، یەکەمین شاعیری گەورە بوو کە لە بنەڕەتەوە شیعرەکانی بە کوردیی ناوه‌ندی واته سۆرانی نووسی.
بوونی چاپەمەنی لە کوردستاندا هاوکاته لە گەڵ گه‌شه‌سه‌ندنی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد. یەکەمین گۆڤار به ناوی ماناداری (کوردستان) لە ساڵی ١٨٩٨ لە قاهیرە چاپ‌کرا، له سه‌ده‌ی بیسته‌م سەرەڕای ئەو ئەشکەنجانەی کە بزوتنەوەی نەتەوەیی کورد تووشی بوویه‌وه، ئەم بزووتنەوە لە گه‌شه‌سه‌ندن نه‌وه‌ستا، شەڕی یه‌که‌می جیهانی و بهدواداهاتنهکانی بارودۆخی کوردەکانی لە بنەڕەتدا گۆڕی، تا ئەم کاتە کوردەکان لە نێو کۆمەڵگایەکی چەند کولتووری و چەن زمانەدا دەژیان، لە دوای شەڕی یەکەمی جیهانی کوردەکان لە نێوان چوار وڵات‌دا دابەش کران؛ تورکیا ، ئێران، ئێراق و سوریا. لە ڕووی یاساییەوە خاوه‌نی دەسەڵاتی تەواو بوون، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە پێڕه‌وکه‌ری کایەی جیهانی زلهێزه‌کان بوون، ئەم وڵاتانە له زووترین کاتدا تووشی گیروگرفتی جۆرواجۆری زمانی بوونه‌وه. لەمە بەدواوه داهێنانی بەرهەمه ئەدەبییه کوردییه‌کان و گەشەی ئەم زمانە، گرێ‌دراو بوو بەو ئازادییانەی کە کوردەکان لە هەر کام لەو وڵاتانەی کە وڵاتی ئەوانی چەند پارچە کردبوو، بەدەستیان ده‌هێنا.
“ئێراق” لە ژێر سەرپەرشتی “به‌ریتانیا” کەمترین مافی لە ڕووی کولتوورییه‌وه بۆ کەمینەی کوردی وڵاتەکەی دادەنا. سەرەڕای ئەوه‌ش که کوردەکانی ئەم وڵاتە به تەنیا ١٨ له سه‌دی هەموو حه‌شامه‌تی کورده‌کانی پێکده‌هێنا، باشووری کوردستان(کوردستانی ئێراق) بوو بە ناوەندی کولتووری کوردەکان و بەرهەمە ئەدەبییەکان لە نیوەی دووهەمی سەدەی ٢٠ بەرەو گه‌شه‌سه‌ندن ڕۆشتن، کوردەکان لەو گۆشه‌گیرییه هاتنه ده‌ره‌وه و په‌یوەندی لە گەڵ ڕۆژئاوا بە وەرگێڕانی (پووشکین، شیللر، بایرۆن و، بە تایبەت لامارتین) تێڕوانین و، وشیاریانی له بواری شیعردا به‌ته‌واوه‌تی گۆڕی. هاتنی مودێڕنیتە شیعری لە شێواز و فۆرمه نەرێتیهکهی دوور خسته‌وه. لە پله‌ی یەکەمدا شیعرەکان فۆرمی نەرێتی خۆیان پاراستبوو، بەڵام ناوەرۆکی شیعرەکان بۆ نمونە لە دەربڕینی هەستە ئەویندارانەکان، بێ هیوایی، تووڕەیی و باسکردنی جوانییەکانی سرووشت هه‌ڵگری داهێنان بوون، چونکه دەربڕینی ئەم ناوه‌رۆکانه لە گەڵ دونیای دەروونی شاعیردا پاراو و دەوڵەمەندتر بوو بوو. هەوڵدان بۆ پهتیترکردنهوهی زمانی کوردی له ڕێگه‌ی پاکژکردنه‌وه و پاڵاوتنی زمان لە وشە و لێکدانه هێنراو و بە قەرز گیراوه‌کان کە لە زمانەکانی زاڵەوە هاتبوونە ژووره‌وه، بوو به هۆی بزۆزتربوون و دینامیکیتربوونی نووسه‌رانی ئه‌و سه‌رده‌مه.
لە پله‌ی دووهەمدا هاوکات لە گەڵ سەرهه‌ڵدانی زۆرێک لە چه‌شن و ژانێرە نوێکان، وەکو (شانۆنامەی دڵداری- حەماسی-هەڵبەستی شانۆیی) کە له چوارچێوه‌یاندا خەباتی خه‌ڵکی کورد به شێوه‌یه‌کی به‌رچاوتر و دیارتر دهنهخشێندرا، چوارچێوەکانی هەڵبەستی نەرێتی تێکشکێنرا، (گۆران)، ئەم شاعیرە بێ وێنەیە، بێگۆمان گەورەترین هۆکاری دابڕان و تێکشکاندنی نه‌رێت بوو. لە سەدەی ٣٠ زاینی، شیعری پەخشان، شیعری ئازاد و کۆپلە شیعری کێشدار کە لە گۆرانی و ئاوازه‌کانی ناو خه‌ڵک نێزیک‌تر بوون، هاتنە نێو شیعری کوردییه‌وه. نه‌وا و زایه‌ڵه‌یه‌کی کۆمەڵایەتی کە لەم شیعرانەدا ده‌بینرا، تایبەتمەندییەکی شۆڕشگێڕانه‌ی پێده‌دان. پەخشان، پێشکەوتنی خۆی لە چاخی بوژانەوەی گۆڤارەکان و بڵاڤۆکەکان کە هەڵگری یەکەمین نامیلکه شاعیرانە و گێرانەوەییهکان بوون، بە دەستهێنا. هەروەها کورته چیرۆکه‌کان، چیرۆکی (مێژوویی-ئه‌فسانه‌یی) کە بە شێوازێکی درەوشاوە جۆش و خرۆشی خەڵکی کوردیان دەڕدەبڕی، لەم پێشکەوتنەدا کاریگەر بوون، بزوتنەوەی ڕۆمانتیک چڕتر بوویەوە و لەگەڵ گه‌شه‌ی بزۆزی بابه‌تەکان، ناوەرۆکەکانیش بزۆزتر بوون. ئەم بابه‌تانە زۆر جار بریتی بوون؛ لە گیروگرفتی کۆمەڵایەتی ژنان، فێرکاری و بابەتەکانی خێزانی، بەڵام هه‌ندێک بەڕاشکاوییەکی زۆرتره‌وه بە بابەتانێکی وەکو دژایەتی لە گەڵ نا-دادپه‌روه‌ری و چەوساندنەوەی گوندییه‌کانیان خسته ڕوو. یەکێک لە درەوشاوەترین نوێنەرانی ئەم بزوتنەوەیه “ئیبراهیم ئەحمەد”ە کە لە ساڵی ١٩٥٩ “کوێرهوەری” کە کۆمەڵە چیرۆکێکی ڕیالیستییە بڵاو کردەوە، بە تایبەت بەرهەمێکی دیکەی ئەو “ژانی گەل” شایانی ئاماژە پێدانه کە لە ساڵی ١٩٧٣دا لە بەغدا بڵاوبووەوە و ئەمە یەکەمین ڕۆمانێە کە بە کوردی ناوەندی نووسراوە، لە یه‌کێتی سۆڤییه‌تدا سەرەڕای حەشامەتی کەمی کوردەکان (کە کەمتر لە ٢ له سه‌دی حەشامەتی کورد پێکدێنن) ئەوانیان وەکو کەمینە نەتەوەیه‌ک قبووڵیان کردون، کوردەکانی یه‌کێتی سۆڤییه‌ت، بەته‌واوی خۆ-بەڕێوەبەر نین، بەڵام زمانیان بە فەرمی دەناسرێت، لەم ڕووەوە ئەوان پشتگیریی دەوڵەتیان هەیە و قوتابخانە، بڵاڤۆک و، دەزگای چاپ و پەخشی تایبەت بە خۆیان هەیە، هەروەها ده‌سته‌یه‌ک لە پیتۆڵ و چاوکراوه‌کانی کورد لەوێ باڵایان کردووه، کۆمەڵە شیعرەکانی (جاسم جەلیل) لە دایکبووی ١٩٠٨ لە یەکەمین ڕۆژی شەڕی دووەمی جیهانی بڵاو بووەوە و هەروەها (عەرەب شه‌مۆ) پڕکارترین ڕۆماننووسی کورد لە ساڵی ١٩٣٥ه‌وه دەستی کرد بە بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی. سوریا لە ژێر سەرپەرشتی فەره‌نسا لە قۆناغی نێوان دوو شەڕی جیهانی بووژانەوەی ئەدەبی کوردی به خۆیه‌وه دیت. ڕۆشنبیره دیاره‌کانی کورد و فەره‌نسا که “ڕۆژە لیسکۆ”ی ڕۆژهەڵاتناسیش یەکێک لەوانەیه له ده‌وری (شازادە جەلادەت بەدرخان و، براکەی؛ کامه‌ران) لە دیمه‌شق کۆبوونەوە، ئەوان هۆکار و پاڵنه‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی بووژانه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی باکوور بوون و بۆ نووسین که‌ڵکیان له ڕێنووسی لاتینی وه‌رگرت کە لە بڵاڤۆکی “هەوار”دا په‌ره‌یان پێدا، ئەم بڵاڤۆکە هەوڵگهلی بایه‌خداری لە پێناو دەرخستنی وزە و توانستەکانی زمانی کوردی له باکوور وەکو زمانی ئەدەبیی مۆدێڕن ئه‌نجامدا، دوای شەڕی دووەمی جیهانی و لە کاتی سەربەخۆیی سوریا، کوردەکانی ئەم وڵاتە (کە ٤ له‌سەدی حەشامەتی کوردەکان پێکدێنن) ئازادیی خۆیان لێسه‌ندرایه‌وه و سەرچاوەی داهێنانە ئەدەبییەکان وشک بوو، دانەرانی کورد لەمەودوا مەجبوور بوون کە بەرهەمەکانی خۆیان لە دەرەوەی وڵات بڵاوبکەنەوە و یان خۆیان وڵات بەجێبێڵن.
لە تورکیادا؛ دوای سەرکەوتنی سه‌ربازی “مستەفا کەماڵ” لە بەرامبەر یۆنان، بە پێی ڕێكکەوتنێک کە لە ساڵی ١٩٢٣دا لە “لۆزان” واژۆ کرا، پەسەند کرا کە بەشێکی فراوان لە وڵاتی کوردەکان (به حەشامەتێکی زۆرتر لە ٥٢ لەسەدی حەشامەتی کوردەکان) لە ژێر هه‌ژموونی و ده‌سه‌ڵاتی تورکەکان بێت. ئەم ڕێکكەوتنە بواری ده‌دا به کەمینە غەیره تورکه‌کان که له زمانه‌که‌یان که‌ڵک وه‌رگرن و به‌کاری ببه‌ن. چەند مانگ دواتر، مستەفا کەمال، بە ناوی یه‌کگرتوویی دەوڵەت لەم مەرجە لایدا و فێرکردنی زمانی کوردی و کەڵکوەرگرتنی گشتی له‌و زمانه‌ی قه‌ده‌غه کرد و، زۆربه‌ی ڕۆشنبیرانی کوردی دوورخستەوە. کوردەکان (تورکە کێوییه‌کان) کران بە کەمینە کە لە ناوچەی کەمینە نشینی ئاناتۆڵی ڕۆژهه‌ڵات دەژیان، لە ساڵی ١٩٢٣دا هەمووی نەرێتەکان تەنانەت لەجلوبەرگ پۆشان، هەر جۆر هاوپەیوەندی تەنانەت لە گۆرانی و هەڵپەڕکێی خۆماڵی قه‌ده‌غه کران و سڕانه‌وه، دوای شەڕی دووەمی جیهانی لە نێوان ساڵەکانی ١٩٥٠ تا ١٩٧١ڕژێمی تورک بە شێوەیەک بوو بە هۆگری جۆرێک دیمۆکراسی بورژوازی، قسه‌کردن و ئاخاوتنی کوردی دووباره ڕێگه‌ی پێدرا و کۆمەڵهیهکی نوێ لە ڕۆشنبیرانی کورد پێکهات، کوده‌تای سه‌ربازیی ساڵی ١٩٧١ و ساڵی ١٩٨٠ سیاسەتی سەرکوته تووندوتۆلهکان و دوورخستنەوە بۆ ڕۆژئاوای تورکیا-یان دیسانه‌وه هێنایه‌وه گۆڕێ. فیرکاریی زمانی کوردی و چاپی کتێب بەم زمانە تا ئێستەش هه‌ر به شێوه تووندوتۆڵهی جاران قه‌ده‌غه‌یه، هه‌روه‌ها لە ئێرانیش (کە زیاتر له ٢٥ له سەدی کوردەکان لەوێ دەژین) هەر وەک تورکیا هێزی دەسەڵاتدار، سیاسەتی یەکدەستکردنی زۆرهملییانهی به‌سه‌ر که‌مینه‌ی کوردی خۆی پراکتیزه ده‌کرد، هەرجۆرە چاپکردنی کتێب بە زمانی کوردی و فێرکردنی ئەم زمانە بە شێوه‌یه‌کی تووندوتۆڵ ڕێگری لێده‌کرا، چاخی درەوشاوەی ئەدەبی کوردی لە ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییه‌کانی شەڕی دووەمی جیهانی، واته؛ له کاتی دامه‌زراندنی “کۆماری کوردستان”. ئەم کۆمارە ئه‌گه‌رچی ته‌مه‌نێکی کورتی که‌متر له یازده مانگی هه‌بوو، پێشکەوتنێکی جێ سه‌رنجی لە ئەدەبی کوردی‌دا دروستکرد، شاعیرانێکی زۆر وەکو (هەژار و، هێمن) لەم سەردەمه‌دا له‌دایکبوون. سەرکوتکردنێک کە بوو به‌هۆی ڕووخانی کۆماری کردستان، هۆکاری جێهێشتنی زۆره‌ملی وڵات له لایه‌ن ڕۆشنبیرانی کورده‌وه بوو که زۆرینه‌یان به‌ره‌و ئێراق په‌نایان برد، لە فیڤرییەی ١٩٧٩دا دوای شۆڕشی گه‌لانی ئێران، ڕژێمی پاشایه‌تی له ئێران وه‌ده‌رنرا، بەرپرسانی ئێرانی لە ژێر زەختی دیمۆکراتە کورده‌کان کە لە دەوروبەری “عەبدولڕه‌حمان قاسملو” کۆبووبوونەوە و به شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام و بێ‌وچان خوازیاری بە فهرمیناسینی زمان و کولتووره‌که‌یان بوون، مەجبوور بوون بوار و ئیزنی چاپی هه‌ندێک لە بەرهەمە کوردییەکان بدەن، سەرەڕای ئەوەی کە بەرهەمە ئەدەبییە کوردییەکان قەدەغە بوو، بەڵام سیستەمی سانسۆر ئیزنی چاپی بەرهەمە گرینگ و جاویدهکانی ئەدەبی کوردی سەدەی ١٩ ی دا و بڕێک لەم بەرهەمانەش وه‌رگێڕدرانه سه‌ر زمانی فارسی، فەرهەنگی وشەکان، کتێبه‌کانی ڕێزمانی و ئینسکلۆپیدییای کەسایەتییە بەرجەستەکانی کورد لە گەڵ ناوهاوردنی سه‌رده‌م و ئاینه‌که‌یان بە کوردی و فارسی بڵاوبوونەوە.
لە ئێراقدا ژیانی ئەدەبی “کوردەکان” که‌وته ژێر کاریگەری نه‌رێنی بە دواداهاتی نا-کامیی شۆڕشی دوورودرێژی کوردەکان و شەڕی بێ بەزەیی ئێران و ئێراقه‌وه. “شێرکۆ بێکەس” شاعیری کورد چووه ڕیزی هێزه‌کانی پێشمه‌رگه‌وه، لە ساڵی ١٩٨٦دا یەک سێیانەی شیعری لەم شاعیره بە ناوی “هەڵۆ” لە دەزگای چاپ و پەخشی پێشمەرگەکان بڵاو بووەوه، ڕۆمانی غینایی و جوانی “محەمەدی موکری” به‌ناوی “هەرەس” هه‌ر لەم دەزگایهدا چاپ و بڵاو کرایه‌وه. شاعیران و نووسەرانی کورد دەیانتوانی ئازادانە ڕای خۆیان لە بڵاڤۆکەکانی گرووپەکانی پێشمەرگە دەرببڕن، ڕۆشنبیرانی کورد ڕێگای تاراوگه‌یان هەڵبژارد و بوون بە پەنابەر له زۆربەی وڵاتە ڕۆژئاواییه‌کان. پرسی جێی سه‌رنج ئەمەیە کە ئەمانە بۆ ئەدەبی کرمانجی قەدەغەکراو لە تورکیا و سوریا بوون بە سەرچاوەی ڕێنیسانسێکی ڕاسته‌قینه، به پشتگیری سەدان هەزار کەس لە چالاکانی په‌نابه‌ری کورد، ئەم ڕۆشنبیرانە له ده‌وری یه‌کدی کۆبوونەوە و لە هیچ هەوڵێک بۆ گه‌شه‌پێدان و باڵاکردنی زمانه‌کیان درێغیان نه‌کرد، لە سەرەتاوە شاعیران و نووسەرانی کورد بەرهەمەکانی خۆیان به مه‌به‌ستی چاپ ده‌دا به‌و بڵاڤۆکانه‌ی که له لایه‌ن ده‌زگاکانی چاپ و په‌خشی کوردی له سوید چاپ ده‌کران. لەڕاستیدا بەرپرسانی سوید کە داخوازی گه‌شه‌سه‌ندنی کولتووری کۆمەڵگای کۆچبه‌ر و په‌نابه‌ری وڵاتەکەیانن به حەشامەتێکی ١٢٠٠٠کەسی کوردان بودجەیەکی جێی سه‌رنجیان بۆ چاپ و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانیان تەرخانکرد، لە کۆتایی سەدەی ٧٠ دەیان گۆڤار و بڵاڤۆک و، وەروەها ژمارەیەک کتێبی منداڵان، کتێبەکانی فێرکاری ئهلف و بێ و، وەرگێڕانی بەرهەمە مێژووییەکان لە بارەی کوردەکانەوە چاپکران، داهێنانی بەرهەمە ئەدەبییەکان به‌ستێنی بۆ دروستکرا.(ئەمین بووز ئەرسەلان) چیرۆکانێکی دڵڕفێنی بۆ منداڵان نووسا. (ڕۆژوان بادناس) کۆمەڵە شیعرانێکی بڵاو کردەوە و (مەحموود باکسی)، ڕۆژنامەنووس و ئەندامی یه‌کێتیی نووسەرانی سویدی بە زمانەکانی؛ کوردی، تورکی و سویدی ڕۆمان و چیرۆکی منداڵانی ده‌نووسا. هه‌روه‌ها (محهمهود ئۆزۆن)یش دوو ڕۆمانی ڕیالیستی بڵاوکردەوە، لە درێژەی ١٠ ساڵدا ٢٠٠ جۆر کتێب چاپ‌کرا. لە دەرەوەی ئێراقدا؛ ئەمە زۆرترین ژمارەی چاپی بەرهەمی کوردی بوو. بەڵام لە فەره‌نسا و له پاریس، دەیان ڕۆشنبیری بوێری کورد، چالاک و خەمخۆر لە فیڤرییەی ١٩٨٣ یەکەمین ئەنیستیتۆی زانستی کوردی‌یان لە ڕۆژئاوا دامه‌زراند. دوای شەش ساڵ زیاتر لە سێسەد ڕۆشنبیری کورد کە لە وڵاتە جۆراوجوره ئه‌ورووپییه‌کان، (ئەمریکا و، ئۆسترالیا) دەژیان، بۆ پیشاندانی یارمەتی و پشتگیری‌یان لە چالاکییەکانی ئەنیستیتۆ و هەروەها بۆ نوێکردنه‌وه‌ی زمان و کەلتووریان چوونه ڕیزی پرۆژه‌ی ئهنیستیتۆوه. ئەنیستیتۆ، بڵاڤۆکانێک بە زمانەکانی کوردی، تورکی و فەره‌نسی بڵاو ده‌کاته‌وه، لە بارەی پرسی کوردەکان هەموو مانگێک ڕاپۆرتێک لە پێوەندییەکان و زانیارییە بەردەستهکان بڵاودەکاتەوە، که له‌باره‌ی چالاکییه‌کان و پرۆژه‌کانی ئه‌نیستیتۆ زانیاری ده‌خاته ڕوو. ئەنیستیتۆی کورد، بۆ یەکەمجار بۆ پەرەپێدان و ناساندنی زاراوەی (زازا-دیلیمی) کە نێزێکهی ٣ ملیۆن ئاخێوەری لە تورکییا هەیە هەوڵی گرینگی دا کە بە ڕاستی ده‌بێت ئه‌م هه‌وڵه‌ی “ئه‌نیستیتۆ” به‌رز بنرخێنرێت. و لە دواجاردا ئەنیستیتۆ دوو جار لە ساڵدا نووسەران و زمانناسانی کورد لە دەوری یەک کۆدەکاتەوە کە دەپەرژێنە سەری، خوێندنەوە لە بارەی کۆمەڵێک بابەتی په‌یوه‌ست بە زاراوه مۆدێڕن. ئەم بووژانەوەیهی شاعیران، نووسەران و ڕۆشنبیرانی کورد بە شێوازێکی جێی سه‌رنج هاوتایی نێوان ئازادی و پەرەپێدانی کولتووری دەنەخشێنێت.
په‌راوێز: ئه‌م نووسینه له فارسییه‌وه وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر زمانی کوردی، ده‌قی نووسینه‌که له لایه‌ن خاتوو “لیدا زیا‌و مه‌جیدی” وه‌رگێڕدراوه‌ته سه‌ر زمانی فارسی. وه‌رگێڕی فارسی ئه‌م په‌راوێزه‌ی هێناوه.
“وا ده‌رده‌که‌وێت؛ چونکه بابه‌تی وتاره‌که هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕه‌وتی ئه‌ده‌بی کوردییه، پرۆفیسۆر لێره‌دا چاوپۆشی کردووه له باسکردنی کوردیی باشوور(مه‌به‌ستی باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه). به‌ڕێزیان له وتووێژێکیان له‌گه‌ڵ “سه‌ید خان کوریج” له ڕێکه‌وتی 12/1/1996 ده‌ڵێت؛ زاروه‌کانی خوارین (باشووری ڕۆژهه‌ڵات) بریتین له کرماشانی، که‌لهوڕی، لوڕی و له‌کی، به‌ڵام به داخه‌وه ئه‌ده‌بی خوارین له چاوه‌ی سۆرانی و کورمانجیدا ئه‌وه‌نده دره‌وشاوه نییه و ئه‌م لقه‌ی زمانی کورد نه‌یتوانیووه زمانی ئه‌ده‌بی دروست بکات). هه‌ڵبه‌ت ده‌بێ ئاماژه به‌وه بکه‌ین که کوردیی خوارینیش زمانی ئه‌ده‌بیی دروستکردووه و پێده‌چی نووسه‌ر ئاگاداریی له‌م ئه‌ده‌به نه‌بووبێت که ئه‌م ڕسته‌یه‌ی وتووه. خاڵێک جێی ئاماژه‌پێدانه، ئه‌ویش سه‌رنجدان به‌و ئامارانه‌یه که نووسه‌ر ده‌یخاته ڕوو و ئێستا به هه‌ڵوێسته‌کردن له‌سه‌ر ڕێکه‌وتی نووسینی وتاره‌که‌ش به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌م ئامارانه گۆڕانێکی زۆر به خۆیانه‌وه ده‌بینن. بۆ نمونه ههواڵنێرییهک له‌م دواییانه‌دا له دیاربه‌کر له زاری ڕێکخراوێکی ده‌وڵه‌تیی ئاماری تورک ئیستاتی تورکییا، ژماره‌ی حه‌شامه‌تی کوردانی ئه‌م وڵاته به 22 ملیۆن(22691834 که‌س) ڕاگه‌یاند”.
وه‌رگێڕانی: سپێده ساڵحی