1- ئایین و بڕوا کۆنەکان.
لە سەرتاسەری قەواڵە سێیانەییەکانی هەورامان، کۆمەڵێک لە وشە بە تایبەت ناوی کەسەکان هەیە کە لە ئایین و بڕوا کۆنهکانی دانیشتوانی داوێنی زنجیرە کێوەکانی زاگرۆس سەرچاوەی گرتووە. تەنانەت هێندێک لە ناوی کەسایەتییەکان لە قەواڵەکاندا، ئێستە لە ناو کوردەکاندا باوە و لە سەر زمانە. لە دووتوێی وشەکانی ناو قەواڵە کۆنهکانی هەورامان، نیشانەکانی ئایینی “میترائیسم” دیارە. کۆمەڵێک لە وشە وەک؛ رەشنۆ، میرابەندەک، ئاروقت، میسراپادی، پیشاندەری چاخی میترائیسم لە نێو دانیشتووانی هەورامان، کوردەکان و خەڵکی دیکەی ئێرانە. میهر یان میترا- میسرا بە مانای هاوڕێیەتی و میهر و موحبەتە. بە بڕوای ئێرانییە کۆنهکان، میترا؛ فریشتەی پێوهندی خوڵقێنەر لە گەڵ خوڵقێندراوە. لە ئایینی زەردەشتدا، میهر بە مانای قەول و بڕیاڕ و بەڵێن هاتووە. لە ئاوێستادا “میهر” یەكێک لە خوڵقێندراوەکانی ئەهورامەزدایە. لەقەواڵەکانی هەوراماندا، بڕێک وشە وەک ئاراماست، ئاردین، ئارشتت و دادباگا باگ ئاماژهن بۆ ڕۆژگاری مەزداپەرەستی و ئایینی مەزدیسنان (ستایشکەرانی ئەهورامەزدا) لەم ناوچەیهد. ئەم ئایینە هەر لە سەردەمانی پێشوو لە نێو نهتهوه و هۆزه ئاریاییەکاندا پەرەی سەندووە و سەرتاسهری ئێران و هیندی داگیرکردووە.
2- زمان و ڕێنووس.
کۆمەڵەی قەواڵە کۆنهکانی “هەورامان” لە ڕوانگەی زمانناسییەوە؛ وەک بەڵگەیەکی مێژوویی و کۆن و ئاسەوارێکی کەلتووری کۆن لە قەڵەم دەدرێن. بە پێی قەواڵەی سێیەمی هەورامان، لە دوو هەزار و ئەوەندە ساڵ پێش ئێسته لە نێوان باوباپیرانی کوردەکانی ئەمڕۆ، شێوە ڕێنووسێکی تایبەت باو بووە، کە ئەم خەتە بە پیتی ئارامی نووسراوە و لەو چاخەدا بۆ نووسینی قەواڵە و بهڵگه فەرمییەکان بە کار براوە. زمانناسانێک کە بۆ یەکەمین جار قەواڵەی ناوبراویان خوێندۆتهوه، بە ڕوونی دانیان بهمهداناوە کە زمانی دەقی قەواڵەی سێهەم لە کوردی ئەمڕۆ نێزیکترە. بەڵام بەداخەوە به هۆی ئەوەی که بە سهر زمانی کوردیدا زاڵ نەبوون، زمانی قەواڵەی ناوبراویان به ئەشکانی داناوە. لە حاڵێکدا زمانناسە کوردەکان باشتر لە هەر کەسێک دەزانن کە زۆربەی وشەکانی قەواڵەی سێیەم ئێستە لە نێو کوردەکاندا باوە و بە بەرفراوانییەوە لە سەر زاران بهکار دهبرێت.
3- پێوەندییە کۆنه ئابووری، کۆمەڵایەتی، یاساییهکان لە هەورامان.
ئەم بەڵگانە نیشان دەدات کە لەو ڕۆژگارەدا لە نێوان دانیشتوانی هەورامان پێوەندیگەلێکی یاسایی ڕێکوپێک ههبووە و بە مەبەستی کرێکردنی باخی مێوێک لە ناوچەی هەورامان، گرێبەست لە نێوان شایەتەکاندا ڕێکخراوە و نوێنەری حوکومەت پشتڕاست و مۆری کردووە. هەروەها ئەم بەڵگانە نیشان دەدات کە پێوەندییەکانی کشتوکاڵ و ئاوەدانکردنی زەوی لەو سەردەمەدا گرینگی تایبەتی پێدراوە و ئیدارەکردنی قەوارەیەک زەوی ئەوەندە گرینگ بووە، کە ئەگەر ئهو کهسهی زهوییهکهی به کرێ گرتووه، توانایی ئەنجامی کار و چالاکی کارامەی لە سەر زەوی نەبوایە و داهاتی زەوی لەناو بچوایە، ئەبوا تاوان و زەرەرکردێکی قورسی بۆ ئەم کەمتەرخەمی و سستییە بە خاوهنی زەوی و فەرمانڕەوا بدابا.
4- ڕەنگدانەوەیەک لە پێوەندییە کۆنەک کۆمەڵایەتییهکان و زانیارییە مێژووییەکان لە قەواڵەکاندا.
ئەم قەواڵانە؛ لەم ڕوانگەوە زۆرێک لە لێڵی و نەزانراوە مێژووییەکانی وڵاتی نهتهوهی کورد و ئێران ئاشکرا دەکهن. بۆ نموونە ئەم قەواڵانە زانیاری لەبارەی فەرمانڕەوایی یۆنانییەکان لەم سەرزەوینەدا و هەروەها کاریگەری کەلتووری “هیلینیستی یۆنانی” لە سەر خەڵک و شێوەی دابەشکارییەکانی وڵات لەو سەردەمەی هەورامان و ناوچەکانی دەورووبەری لە خۆ ئەگرێت.
وادیارە ئایینی میتراپەرەستی لە سەرزەمینی کهونارای کوردەکاندا پێشینەیەکی دوور و درێژی هەیە و ئاسەواری ئامۆژگارییەکانی ئەم ئایینە کۆنە، لە کەلتووری کهونینهی نهتهوهی کورد و نهتهوهکانی دیکەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها نهتهوهکانی دیکە و نەتەوەکانی هیند و ئورووپایی. ڕیشەی کوتاوە. هەڵبەت کاریگەری کهلتووری یۆنانییە دەسدرێژ و داگیرکەرەکان بە سەر کەلتوور و شارستانێتی ئێران حاشاهەڵنەگرە. بەڵام قەواڵە کۆنهکانی هەورامان زۆرتر باس لەمە دەکەن؛ کەلتووری یۆنانی لە سەردەمی نووسینی قەواڵە ناوبراوەکان، نەیتوانیووە ئاسەواری ئایینە کهونینهکانی وڵاتی کوردەکان و شوێنەکانی دیکەی “ئێران” لە ڕیشە دەربهێنێت. لە لایەکیترەوە سەردەمی نووسینەوەی قەواڵە ناوبراوەکان چاخی ترۆپکی دهسهڵات و زاڵێتی “میترائیسم” و دەسپێکی مەزداپەرەستی لە نێوان دانیشتوانی هەورامان بووە. لەو چاخەدا؛ ئایینی ستایشی مەزدا لە سەرتاسەری ئێران و هەروەها تا وڵاتی کهونارای کوردەکان پەرەی سەندووە و لە زۆربەی شوێنەکانی ئەم وڵاتە ئاتەشگای مەزدیسنان بووە و باوباپیری کوردەکانی ئەمڕۆ لەوێدا ئەهوورامەزدایان ستایش و پەرەستش کردووە. لەم قۆناغەدا بە تایبەت هەورامان لە ناوەندە سەرەکییەکانی مەزداپەرەستی بووە و ئاتەشگەی پاوە لە پەرەستگە بەناوبانگهکانی کوردەکان لە قەڵەم دراوە. بەم جۆرە، قەواڵە کۆنەکانی “هەورامان” زۆرتر لە ئەوەی کەلتووری “هیلینیستی” نیشان بدەن، پیشاندهری ئاسەوار و ئایینەکانی میهرپەرەستی و مزدیسنا دەخەنە ڕوو. کۆتایی باس ئەمەیە لە دوو هەزار و ئەوەندە ساڵ پێش ئێستا، باوباپیرانی کوردەکانی ئەمڕۆ لە پێناو زمانی فەرمی حوکوومەتیدا، زمان و پیت و ڕێنووسی تایبەت بە خۆیان ههبووە.
هەروهها لە ساڵی ١٣٧٠ی زاینی دا لە نێزیکی شاری موان لە هورموزگان، چوار کۆپلە شیعر کە بە زمانی هەورامی نووسراوە، پەیدا بووە. ئەم شیعرە لە سەر پێستی ئاسک نووسراوە و بابەتەکەی لەبارهی هێرشی سووپای ئیسلام بە فەرماندەیی “ئەبوو عوبەیدی ئەنساری” و “عەبدوڵای کوڕی عومەر”ە کە دواتر لە ناوچەی هەورامان سەردەکەون و “دینی ئیسلام” بە دانیشتوانی ناوچەکە دەسەلمێنن و لەم هێرشەدا؛ ئەبوو عوبەیدی ئەنساری شەهید ئەبێت و مەزارەکەی ئێستە لە هەڵهبجەی باشووری کوردستانه.
“هەورامان”
هەورامان؛ یەکێک لە ناوچە جوانهکانی کوردستانە کە بە عاسیبوونی شاخەکان، دارستانەکان، لووتکە پڕ لە بەفرەکان و دۆڵە سەرسەوزەکان بەناوبانگە. لە داوێنی ئەم شاخە بەرزانە و دیمەنە سەرنجڕاکێشەکانی، چەندین شاعیری بەناوبانگ وەک؛ بێسارانی، سەیدی هەورامی، کاردۆخی، مەلا خدری و ڕەواری، میرزاعەبدولقادری پاوەیی … و هەروەها هونەرمەندانێکی وەک؛ عوسمان هەورامی، محەمەد حوسەینی کیمنەیی، جەمیلی نەوسوودی و … لە دایکبوون و پەروەردە کراون. سنووری جوغرافییایی ناوچەی هەورامان لە ڕۆژهەڵاتەوە؛ شاری سنە، لە ڕۆژئاواوە؛ ناوچەی شارهزووری باشوور، لە باکوورەوە، شاری مەریوان و لە باشوورەوە شاری جوانرۆیە.
“مانای وشەی هەورامان”
لەبارەی وشەی هەورامان مانای جۆراوجۆر هەیە و هەر خاوەن بۆچوونێک لەبارەی ڕیشە و بنەڕەتی ئەم وشەیه تا ڕادەی توانایی و تێگەیشتنی خۆی باسی لێکردووە. بڕێک لە لێکۆڵەرەکان توانیویانە لەبارەی وشەی هەورامان لێکۆڵێنەوەیەک ئەنجامبدەن و ڕیشە مێژووییەکەی بدۆزنەوە و شیکەنەوە. بۆ ئەوەی لە مانای وشەی هەورامان شتێک دەستمان کەوێت، پێویستە بڕێک لەم بیردۆزانە بە کورتی شیکەینەوە؛
1- وشەی ( هور- ێمان) کە لە زمانی سۆرانیدا بە مانای ڕۆژ-هەڵاتن یا دەرکەوتن و ههڵاتنی خۆره.
2- وشەی( هەور- ێمان) ڕستەیەکی هەواڵییە بە مانای هاتنی هەور بۆ ئاسمان و بارین.
3- وشەی( هاواری- ێمان) بە مانای خواست و داوی پەنادان هاتووە.
4- وشەی( هەواری- ێمان) بە مانای ماڵ و پەناگای پارێزراو و هێمن هاتووە. لەبەر ئەوەی هەورامان ناوچەیەکی کوێستانی و هێمنە.
5- لە ڕوانگەی محەمەد ئەمینی هەورامی، وشەی هەورامان؛ لە وشەی “نوروموون” دەرکێشراوە. سەیدی شاعیری هەورامانی لە شیعرەکانی خۆیدا لە وشەی “نوروموون” کەڵکی وەرگرتووە.
6- بڕێکیش له سهر ئهم بڕوایهن کە وشەی هەورامان لە “نوورامەن” دەرکێشراوە کە ناوی یەکێک لە گۆرانییە کۆنە کوردییهکان لە سەردەمی پێش ئیسڵامە.
7- لە وشەدانی “بورهانی قانیع” لە بارەی ئەم وشە نووسراوە کە ” نوورامان” بە مانای ماڵ و پەناگای پتەو و قایمە. ئەم وشە لە دوو بەشی ” نوورا” بە مانای دژی قایم و پتەو و “مان” بە مانای ماڵ، جێگای نیشتەجێبوون، دروست بووە.
بڕێک لە خاوەنڕایان وشەی هەورامان دەگێڕنەوە بۆ “هوورئامای” کە بە مانای هاتنە سەرەوە و سەرکەوتنە. بۆ ئەوەی هەورامان شوێنێکی سەخت و پتەوە کە بۆ گەیشتن پێی لە هەر لایەکۆ ئەبێت لە بەرزاییەکان تێپهڕی و سهرکهوی.
“تایبەتمەندییەکانی زاراوەی هەورامی”
– پارێزگاری لە بنەما و ڕیشەی زمانە کۆنهکانی ئێران.
– پاراستنی نیشانەکانی مێینە و نێرینە لە ناوەکاندا.
– هاوڕیشەیی بڕێک لە وشەکانی هەورامی و فارسی.
– دەوڵەمەندبوونی ئەم زاراوەیه لە پێوەندی لەگەڵ ئامرازی رێزمانی سەربار و بەربار (مچاف و مچاف الیه).
– پاراستنی بڕێک لە پیتە کۆنەکان لە زمانی کوردیدا وەک ( پ، ژ، گ و چ).
– دەوڵەمەند بوونی ئەم زاراوە لە ڕووی دەربڕین و ناوەکان.
– پارێزگاری لە دەربڕینی کوردیی کۆنی /دە/ کە بە هەڵە /د/ی قڕۆڵ و بۆش دەردهبڕێت و بە هەڵەش /د/ دەنووسرێت. ئەم دەربڕینە زۆر کۆنە و لە وشەی” ئەدا “(دایک) دا دەبیسترێت.
“ئەنجامگیری”
مینۆرسکی؛ ڕۆژهەڵاتناسی بەناوبانگی ڕووس لە کتێبێکی بایەخدار کە بە ئینگلیزی لەبارەی گۆران نووسیویە، لەسەر ئەم بڕوایەیە؛ هۆزی گۆران زۆرتر لە سێ هەزار ساڵ پێشینەیان هەیە و دهبێ زیاد بکرێت کە مەبەست لە گۆران لەم وتارەدا تەنها هۆزی گۆرانی ئەمڕۆی نیشتەجێی پارێزگای کرماشان نییە، ئەم ناوەیان ههڵگرتووە بەڵکوو مەبەست لە گۆران تاقمانێک له نهتهوهی کوردە کە بە زاراوەی گۆرانی قسە دەکەن وەک خێڵەکانی ڕەشی مەنسوور و زەنگنە کە ئێستە لە ئێران و ئێراقدا پەخشووپەڵان و، هەروەها خێڵی برادۆست کە ئێستە زاراوەیان لەگەڵ زاراوەی کورمانجی تێکەڵبووە و لە دەورووبەری ورمێ لە ڕۆژههڵات و دەورووبەری ڕواندز لە باشوور نیشتەجێن. خێڵەکانی شوانکارە و زەند و کاکایی و پاڵانی و گێژ و ڕۆژبهیانی و چگنی و پازۆکی و… بەڵام ئێستە شوێنی سهرهکی “گۆران” زمانەکان و هەروەها ئایینی یارسانییە کە هەر خێڵی قەڵخانییە کە لە کرماشان و دەورووبەری داڵاهۆ نیشتەجێن. پێویست بە باسکردنە کە “پریستی چریکۆفی” ڕووسی و “ئیبن فەقیهی” هەمەدانی، گوندی گاوارە( گاوارە/ گابارە/ گاسوارە) لە ناوچەکانی گۆران نشین دەزانن کە پێشینەی مێژوویی زۆر کۆنی هەیە. لێرەدا پێویستە لە شاعیران و ئەدیبە ناوداروو بەناوبانگەکان، کە ئەدەبییاتی خۆیان بە زاراوەی گۆرانی وتووە ناو بووەین. بریتین؛ لە پەرێشانی دینهوەری لە سەدەی چواردەیەمی زاینی، موستەفا بێسارانی لە سەدەی شانزدەیەمی زاینی، محەمەدی کەندوولەیی لە سەدەی هەڤدەی زاینی، خوان قوبادی نیوەی دووهەمی سەدەی هەڤدەیەم زاینی، سەرهەنگ ئەڵماس خان و میرزا شەرەفی دینهوەری ناوهڕاستی سهدهی هەژدەیەمی زاینی، شەیدا هەورامی سەرەتاکانی سەدەی حەڤدەیەم تا نیوەی سەدەی هەژدەیەم، محەمەد وەلی کرماشانی لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمی زاینی و هەروەها خێڵی بەگی، مەلا پەرێشان، خانای قوبادی، سەیدی هەورامی، شەفیعی جامڕێزی، خانی ئەڵماس خان، مەلا عەبدوڕەحیمی مەولەوی تاوگۆزی، میرنەورۆز، شاوەیس قولی، مەلا مەنووچەر و مەلا ڕۆسەمی ئیلامی و ئەدیبان و بیرمەندانی دیکە. لە ژێرەوە نموونەیەک لە هۆنراوەکانی شاوەیس قولی لە دایکبووی ٨١٠ کۆچی مانگی لە کوێستانی شاهۆی هەورامان دهخهینه ڕوو؛
ئەسڵمەن جە کورد بابۆم کوردنانەن: ئەسڵمەن جەکورد یانی ئەسڵ و ڕەچەڵەکم کوردە و باوباپیرانیشم. ئەم کۆپڵە شێعرە بە زمانی گۆرانی هۆنراوەتەوە و نیشاندەری باوبوون و گرینگی زمانی گۆرانی لە سەدەکانی نێوان حوکوومەتی ئیسلامی و بایهخداربوونێتی لە ناو کوردەکان.
سەرچاوەکان؛
دوکتور مەحموودی فەزیلەت – مانگنامەی کوردی رامان، ژمارەی ٦٣، ئاوریلی ٢٠٠١، وەرگێرانی وتاری هەورامان نووسراوەی عەفان موحەمەد شەریف – ڕۆژنامەی هاوشاری ژمارەی ٢١٨٩، ٢٠ گەلاوێژی ١٣٧٩، قەواڵەکانی کۆنی هەورامان نووسراوەی سۆران کوردستانی- کتێوی بەشی بایەخداریئێران لە کەلتووری جیهان بەرگی دووهەم نووسراوەی عەبدولحەمیدی نێرنووری لاپەڕەکانی ٨٠٩-٨١٨( خولی سێ بەرگی). هەر ئەو کتێبە لاپەڕەی ٤٧٤- خولی یەک بەرگی – وشەدانی کەیخودا.
ئهم بابهته له ئامادهکردنی زههرا عهزیمی به زمانی فارسی نووسراوه.
وهرگێڕان و ئامادهکردن: سپێده ساڵحی