به‌ڕۆژووبون یاخود رۆژوگرتن‌و گێڕانی مه‌راسیمی جه‌ژن له ژیانی مرۆڤایه‌تیدا هه‌زاران ساڵه به‌رده‌وامه، پیاده‌و په‌یڕه‌وكردنیی رێنماییه‌كانی ئه‌و دینه‌یه‌تی كه له‌و ماوه‌یه‌دا به‌ڕۆژووه، پابه‌ندبونه‌كان دیاریكراوه تاك‌و ئاستێكی زانراو، واته ئه‌م كاره‌ی مرۆڤ ده‌یكات له رۆژودا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بنه‌مایه‌كی دینی په‌یڕه‌و ده‌كات.
هه‌ربۆیه به‌ڕۆژوبوون ئه‌ركێكی بڕوادارییه به خودای تاك‌و ته‌نها‌و بنه‌مایه‌كه بۆ خوداپه‌رستی‌و نزیكبونه‌وه له خودا. ئه‌وه‌ی بڕواداری ئاینییه ئه‌وا داوایلێكراوه كه به‌رۆژوو بێت، به‌ڵام رۆژوگرتنه‌كان جیاوازیان تیادایه له كات‌و ژماره‌ی رۆژه‌كانی بۆ رۆژووه‌وان… له‌سه‌ر بنه‌مای جیاوازیی ئاینی، به‌ڵام كرۆكی خوداپه‌رستیه‌كه‌ی هه‌ر یه‌كه.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی رێگه‌ی خوداپه‌رستی زۆره، به‌لاَم ئه‌م خوداپه‌رستیه جیاوازتره له‌وانی تر‌و دائه‌نرێت به‌نزیكبونه‌وه‌و په‌یوه‌ندی نێوان تاكه‌كه‌س‌و خودا.
زۆرجار ئه‌م په‌رستنه كۆمه‌ڵیك دیارده‌ی كلتوریشی له‌گه‌ڵ خۆیدا دروستكردووه، كه شێواز‌و جۆری خواردن‌و خواردنه‌وه‌و كۆڕ‌و كۆبونه‌وه‌ی خه‌ڵكی به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان گۆڕیووه، كه تیایدا ژیانی رۆژانه به‌شێوه‌ی رۆژگاری ئاسایی نیه.
هه‌ڵبه‌ته تێگه‌یشتن‌و لێكدانه‌وه‌ی مرۆڤه‌كان له‌یه‌كتری بۆ رۆژ‌وگرتن جیاوازه، ئه‌ویش له‌سه‌ر بنه‌مای جیاوزای له لێكدانه‌وه له دنیابینی ده‌ره‌وه‌ی دینی، كه ئه‌مه‌ش بیروڕای جیاوازی خۆی هه‌یه، به‌لاَم ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه به تایبه‌تی رۆژ‌وگرتن له‌سه‌ر بیر‌وڕا‌و تێگه‌یشتنی ئاینی‌و راڤه‌كردنی ده‌قه ئاینییه‌كان،كه تیایدا ئاین باوه‌ڕدارانی پابه‌ند ده‌كات.
له ئاینه ئاسمانییه‌كاندا واته لای ئاینی ئیبراهیمیه‌كان‌و له لای په‌یامبه‌رو پێغه‌به‌ره‌كانی هه‌ر ئاینێكیان رۆژ‌وگرتن وه‌كو پێویست‌و فه‌رزێكی خوداناسی‌و ئیمانداری له‌سه‌ر مرۆڤایه‌تی دانراوه. په‌یامبه‌ره‌كانیان درودی خودایان له‌سه‌ربێت خۆیان به رۆژووبوون، به‌لاَم به رێوره‌سم‌و ژماره‌ی رۆژی جیاواز‌و تا ئاستیكیش پابه‌ندبوونی جیاواز.
كوردستان… سه‌رزه‌مینی ئایینه جیاوازه‌كان
گه‌ر بچینه‌وه سه‌ر مێژووی كۆن ئه‌وا له‌م ناوچه‌یه‌دا پێش هاتنی ئیسلام ئه‌وا دینی یارسانی له ناوچه‌كه‌دا هه‌بووه، دواتر جوله‌كه‌كان “یه‌هودی” كۆچیان كردوه‌وه هاتونه‌ته ناوچه‌كه، پاشان دینی مه‌سیحی له‌م ناوچه‌یه‌دا بڵاوبۆته‌وه‌و هه‌بووه. واته پێش هاتنی ئیسلام ئه‌م سێ دینه له ناوچه‌كه‌ی ئێمه‌دا هه‌بووه.
پاشان دینی ئیسلام هاتووه‌و به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت بڵاوبۆته‌وه له ناوچه‌كه‌و خه‌ڵكی رینماییه‌كانی ئاینی ئیسلامیان په‌یڕه‌و كردووه، ئاینی ئیسلام ده‌سه‌ڵاتی دنیایی‌و دینی هه‌بووه بۆ هه‌زاران ساڵ له‌م ناوچه‌یه.
واته له كوردستان خه‌ڵكی به رێژه‌یه‌كی زۆر موسڵمان بوون‌و پابه‌ندبوون به بنه‌ماكانی ئیسلامه‌وه، هه‌ندێكیان ئه‌وه‌نده پابه‌ندبوون تاك‌و ئه‌و ئاسته‌ی زۆرجار نه‌ته‌وه‌ی خۆیان بیركردووه‌و له بۆده‌قه‌ی ئیسلامدا تواونه‌ته‌وه.كه ڕه‌نگه به‌رهه‌م و ده‌سكه‌وت‌و به‌شداریان له ژیاری ئیسلامی وه‌كو كه‌سایه‌تیه‌كی عه‌ره‌بی یان فارس و تورك ده‌ركه‌وتبن زیاتر تاك‌و كه‌سایه‌تییه‌كی كوردی.
ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێنیه‌وه بۆ میژوویه‌كی زیاتر له سه‌ده‌یه‌ك له‌مه‌وپێش، ئه‌وا ئه‌و راستییه‌مان بۆ رون ده‌بیته‌وه كه شاری سلێمانی شاری فره ئاینی بووه.
وه‌كو ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی شار هه‌ر كۆمه‌ڵه بڕوادارێك بۆ خۆی په‌یڕه‌وی دینی خۆی كردووه، بێ ئازاردانی یه‌كتری، واته ناوچه‌كه په‌یڕه‌وانی هه‌ریه‌كه له دینی “یارسان، جوله‌كه، مه‌سیحی، ئیسلام” تیادا بووه.
تاك‌و ئێستاش جگه له جووه‌كان خاوه‌ن په‌یامه‌كانی تر به خۆشحاڵیه‌وه له‌م شاره‌دا پێكه‌وه ده‌ژین، مه‌راسیمی دینی خۆیان پیاده‌و په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن. چونكه تاك‌و ئێستا به‌شێوه‌یه‌كی زه‌ق ده‌ستی حیزبی تێكه‌ڵ نه‌بووه.
ڕۆژووگرتن لای یارسان (كاكه‌ییه‌كان)
گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر باسی په‌یڕه‌وكردن‌و پابه‌ندبوونی مرۆڤه دینداره‌كان بۆ ڕۆژ‌وگرتن‌و مه‌رسیمی جه‌ژن، ئه‌وا سه‌ره‌تا لای په‌یڕه‌وانی دینی یارسان وه‌كو دینی ناوچه‌كه به‌كورتی ئاماژه بۆ رۆژبوون ده‌كه‌م، گه‌ر تایبه‌تمه‌ندی له چۆنیه‌تی‌و هه‌بوونی ئه‌م فه‌رزه دینی‌و خوداپه‌رستیه كه رۆژوگرتن‌و جه‌ژنه بدوێین ئه‌وا به كورتی ده‌ڵێین.
هه‌ڵگرانی دینی یارسانه‌كان بۆ رۆژ‌وگرتن ته‌نها سێ رۆژ به‌ڕۆژو ده‌بن، كه هه‌رسێ ڕۆژه‌كه به‌دوای یه‌كدا ئه‌ویش له سه‌ره‌تای مانگی كانونی یه‌كه‌مدا، پاشان رۆژی چواره‌م ده‌یكه‌ن به جه‌ژن.
سێ رۆژه‌ی ڕۆژووگرتن لای یارسانه‌كان ناوده‌برێت به “قه‌وه‌ڵتاس”كه پێوسته هه‌رسێ ڕۆژه‌كه به‌دوای یه‌كدا به‌ڕۆژوبن،گه‌ر بێینه سه‌ر مانا‌و واتای قه‌وه‌ڵتاس ده‌بینین له دوو وشه پێكهاتووه یه‌كه‌میان “قه‌وڵ ” به مانای په‌یمان دێت‌و “تاس” به مانای ئاسمان دێت، واته په‌یمانی ئاسمانی.
یارانی قه‌وه‌ڵتاس حه‌وت كه‌س بوون به ناوه‌كانی “قولی، شابه‌دین، شاكه، شانه‌زه‌ر، عیسا، شامراد، پیره‌ی دلاوه‌ر” كه ئه‌م زاتانه له چله‌ی زستاندا له هه‌ریمی ئازه‌ربایجان “سه‌لماس”ه‌وه به‌ڕێكه‌وتون بۆ “پردیوه‌ر” له ناوچه‌ی هه‌ورامان. مه‌به‌ستی گرتنه‌به‌ری رێگه، به عه‌شقی دینی یارسان بووه، بۆ گه‌شتن به خزمه‌تی “سان سه‌هاك” له شه‌وی 11 له‌سه‌ر 12ی مانگی به‌فرانبار بووه، له هاتنیاندا توشی روداو ئه‌بن‌و به موعجیزه رزگاریان ئه‌بێت‌و به سوڵتان سهاك شادبونه‌ته‌وه، ئه‌و ڕووداوه له نیوه‌ی سه‌ده‌ی حه‌وته‌می قه‌مه‌ری بووه.
دیاریكردنی رۆژ‌وگرتن لای یاره‌كان له چله‌ی زستاندایه، به‌و مه‌رجه‌ی یه‌كه‌م رۆژی به‌ڕۆژووبوون له رۆژی 12 مانگی قه‌مه‌ری بێت.
یارانی سوڵتان سهاك و یارانی قه‌وه‌ڵتاس له ماوه‌ی سێ شه‌وو سێ رۆژدا رۆژویان گرتووه‌و خه‌ریكی خوداپه‌رستی‌و نزا‌و زیكر‌و خوێندنی خشته‌كانی سه‌رئه‌نجام بوون، وازیان له خواردن‌و خواردنه‌وه‌و خۆشییه‌كانی دنیا هێناوه.
پاشان سوپاسگوزاری خودایان كردووه به‌وه‌ی خودا نزا‌و پاڕانه‌وه‌كانیانی قبوڵ كردووه یاخود وه‌ری گرتووه. له ئه‌نجامی ئه‌و سێ رۆژه‌ی كه به‌ڕۆژووبوون‌و خشته پیرۆزه‌كانی سه‌رئه‌نجامیان خوێندووه‌و نزا‌و پاڕانه‌وه‌یان كردووه‌و خوداپه‌رستیه‌كه‌یان گیرا بووه، ئه‌وا دوا ئێواره‌ی رۆژی سێیه‌م كه بۆ به‌یانییه‌كه‌ی چواره‌م رۆژه كردویانه به جه‌ژن. له‌و كاته‌وه یارسانه‌كان هه‌مان ده‌ستور‌و بنه‌ماكانی ئه‌وانه‌ی پێشینه‌یان په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن له‌سه‌ر ئاستی جیهان‌و كوردستان.
شایه‌نی باسه یارسانه‌كان ئه‌و سێ رۆژ‌و شه‌وه‌ی تیایدا به‌ڕۆژوون زیكر‌و پاڕانه‌وه ده‌كه‌ن‌و كۆڕی دینی له “جه‌م” ده‌به‌سترێت‌و خشته پیرۆزه‌كانی سه‌رئه‌نجام ده‌خوێننه‌وه له‌گه‌ڵ ته‌مبور ژه‌نیندا به 72 مه‌قامی تایبه‌تی دینی ده‌ڵێن.
كاتی رۆژوگرتن‌و شكاندنی له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌لاَتنی حه‌وت ئه‌ستێره‌ی ئاسمانه. واته پارشێو ده‌كه‌ن له‌كاتی دوای نیوه‌ی شه‌و تاك‌و ده‌ركه‌وتنی حه‌وت ئه‌ستێره‌ی به‌ره‌به‌یان، به‌رۆژو ده‌بن تاك‌و ئیواره تاریك نه‌كات‌و حه‌وت ئه‌ستێره نه‌بینن نایشكێنن، واته به‌ربانگ ناكه‌نه‌وه. به‌ربانگ ده‌كه‌نه‌وه به خواردنی نیاز كه نیازیه‌كه هی جه‌م بێت‌و له‌گه‌ڵ خواردنه‌وه‌ی په‌رداخێك ئاو.
چه‌ندین جۆری تری رۆژویان هه‌یه، وه‌كو سێ رۆژ رۆژوگرتنی سونه‌تییان هه‌یه كه‌رێكه‌وتی رۆژی كۆچی دوای سوڵتان “سان سه‌هاك”ه، هه‌روه‌ها رۆژ‌وی چله كێشیان هه‌یه كه بۆ كه‌سانی خواناس‌و ئه‌و كه‌سانه‌یه كه ریگه‌ی رۆشنبونه‌وه ده‌گرنه‌به‌ر‌و ئه‌م كه‌سانه هه‌موو ژیانیان ته‌رخان ده‌كه‌ن بۆ خۆپێگه‌یاندن‌و پاكبونه‌وه‌و خزمه‌تكردن به دین‌و هه‌وڵی له‌خودا نزیكبونه‌وه ئه‌ده‌ن.
چه‌ند رۆژێك پێش ئه‌وه‌ی به‌رۆژووبن یه‌كێك له پیرانی ته‌ریقه‌ت بڕی سه‌رفتره دیارده‌كات به شێوه‌یه‌كی وا هه‌موو كه‌سێك بتوانێت سه‌رفتره‌كه‌ی بدات، له‌وكاته‌وه كه‌سێكی دیاریكراو هه‌ڵده‌ستێت به كۆكردنه‌وه‌و وه‌رگرتنی سه‌رفتره‌ی هه‌موو ئه‌ندامانی خیزانه‌كان، ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ش بۆ مه‌راسیمی جه‌ژن خه‌رج ده‌كرێت‌و نایازی پێده‌كڕن‌و ئاماده‌ی ده‌كه‌ن بۆ كاتی كۆڕی ئاینی “جه‌م” ئه‌و نیازیه له كۆتای مه‌راسیمی جه‌م كه جه‌ژن دێت به یه‌كسانی دابه‌شی ده‌كرێت به‌سه‌ریاندا‌و كه ده‌بێته خواردنی پیرۆز.
ئه‌گه‌ر بڕ پاره‌یه‌كیشی مایه‌وه ده‌كریێت به خێر‌و خێرات. هه‌ڵبه‌ته “نیاز” بریتیه له خواردنی وشكه‌ی وه‌كو “گوێز، فستق، مێوژ، كشمیش، توو” نیازی به مانای ئه‌وه دێت له‌دوای نزا‌و مه‌راسمی جه‌م كه ئه‌و خواردنه ئاماده‌كراوه بۆ ئه‌و رۆژه “نیاز” دانراوه به‌سه‌ریدا سروتی ئاینی‌و خشته پیرۆزه‌كانی سه‌رئه‌نجامی به‌سه‌ریدا خوێنراوه‌و نزای به‌سه‌ردا كراوه‌و پیرۆزی هه‌یه.
له كورده‌واری تاك‌و ئێستاش ئه‌وه پیاده ده‌كرێت له حه‌وته‌وانه‌ی منداڵبوون‌و بۆنه‌ی تری ئاینی گوێزه‌بانه ئاماده ده‌كرێت‌و له‌كۆتای مه‌راسیمه‌كه‌دا دابه‌ش ده‌كرێت به‌سه‌ر ئاماده‌بووان‌و بۆ خه‌ڵكی تریشی ده‌نێرن‌و ده‌خورێت‌و به پیرۆز ده‌زانرێت.
پاش ئه‌و سێ رۆژه‌ی به‌رۆژبوون كۆتا ئیواره‌ی نانی جه‌ژن ده‌خۆن‌و رۆژی دواتر ده‌یكه‌نه جه‌ژن‌و خۆشی، رێوره‌سمی جه‌ژن تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌و سه‌ره‌تای ده‌سپێكی رۆژی جه‌ژن به كۆڕی دینی “جه‌م” ده‌ستپێده‌كات. ئه‌وانه‌ی ئاماده‌بێت جه‌ژنه پیرۆزه له یه‌ك ده‌كه‌ن‌و ئه‌وه‌ی له‌وێش نه‌بێت له‌دوایدا سه‌ردانی ده‌كه‌ن‌و ماوه‌ی جه‌ژنیش ته‌نها یه‌ك رۆژه.
خواردنی جه‌ژن به‌و شێوه‌یه‌یه كه هه‌ر سه‌رۆك خێزانێك له ماڵی خۆی كه‌ڵه‌شێریك ئاماده ده‌كات‌و رۆژی پێش جه‌ژن ده‌یبات بۆ “مام”، ئه‌م كه‌سایه‌تیه پێگه‌یه‌كی ئاینی هه‌یه‌و ئه‌ویش سه‌ری ده‌بڕێت‌و پاكی ده‌كه‌ن‌و به‌شێوه‌یه‌كی وا ده‌یكوڵێنن كه به‌ئاسانی گۆشته‌كه‌ی له ئێسقانه‌كه‌ی جیابكرێته‌وه.كه سه‌ربڕینی كه‌ڵه‌شێر له‌بری قوربانیی و نیازیش بووه. خواردنه‌كه‌شی له كۆڕی ئاینی دا كراوه به پاروی پیرۆز.
ره‌نگه ره‌نگدانه‌وه‌ی یارسانی بێت كه تاك‌و ئێستاش له كورده‌واریدا له زۆربه‌ی ماڵان‌دا بۆ یه‌كه‌م نانی جه‌ژن كه‌ڵه‌شێر سه‌رده‌بڕێت و ده‌خورێت به‌تایبه‌تی له سلیمانیدا له‌گه‌ڵ شله‌ی قه‌یسی،كه شله‌یه‌كی شیرینه‌و شله‌ی تریش ئاماده ده‌كرێت له گه‌ڵیدا.
بۆ نانی جه‌ژن هه‌موو خێزانه‌كانیان پێكه‌وه كۆده‌بنه‌وه له شوێنی به‌ستنی”جه‌م”، جا شوێنی جه‌م به‌ستنه‌كه واته كۆڕی جه‌مه‌كه ماڵی هه‌ریه‌كێك بێت له كه‌سایه‌تی ئاینی دینی یارسان، له ماڵی یه‌كێك له كه‌سایه‌تی “سه‌ید یاخود باوه یان مام” ده‌بێت، ئه‌وا پێكه‌وه له‌گه‌ڵ برنج‌و شیرینی یاخود میوه‌و شیرینی وه‌ك “مێوژ، گوێز، سێو‌و پرته‌قاڵ…” داده‌نرێت‌و پاشان باوه به‌پێی سه‌رژمێری خێزانه‌كان گۆشتی كه‌ڵه‌شێره‌كان‌و خواردنه‌كان‌و نیازیه‌كان وه‌كو پاروی پیرۆز‌و خواردنی پیرۆز دابه‌ش ده‌كرێت به‌سه‌ر ئاماده‌بوواندا به‌یه‌كسانی. ئه‌و خێزانه‌ی ئاماده‌نه‌بێت به‌هه‌ر هۆكارێكبیت ئه‌وا بۆی ده‌نێرنه‌وه بۆ ماڵی خۆی‌و به‌شی هه‌موو ئه‌ندامانی خێزانی بكات.
له‌خودا په‌رستیاندا به‌شێوه‌یه‌كی تایبه‌تی خۆیان نوێژده‌كه‌ن كه‌بریتیه له به‌ستنی كۆڕی ئاینی كه پێی ده‌وترێت جه‌م، له‌و په‌رستنه‌شدا به‌شێوه‌ی تایبه‌تی له‌سه‌ر چۆك دائه‌نیشن‌و كڵاو یان مشكی ده‌كه‌نه سه‌رو ته‌مبور ده‌ژه‌نن‌و سوجده ده‌به‌ن‌و كه‌سی سه‌ید‌و خه‌لیفه روه‌و روگه دائه‌نیشێت.
به‌ستنی ئه‌و رێوره‌سمه له‌بری نوێژكردنه چونكه هه‌م سوجده‌بردنی تیادایه بۆ خودای تاك‌و ته‌نها‌و هه‌م خوێندنی خشته پیرۆزه‌كانی تیادا ده‌خوێنرێت‌و هه‌روه‌ها جه‌م شوێنێكیشه بۆ پێشكه‌شكردنی قوربانی و نیاز.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی وشه‌ی جه‌م له‌ناو ئه‌هلی هه‌ق به مانای كۆبوونه‌وه‌و جه‌ژنی دینی دێت. وه‌ك سروتی ئاینی جه‌م ده‌خوێنرێت بۆ هه‌ر كارێكی ئاینی وه‌كو سپارده‌و نیازكردن‌و…كه تیایدا كه‌سایه‌تی سه‌ید دوعا ده‌خوێنێت‌و نزاده‌كات‌و جه‌منشینانیش كه به ده‌وریدا دانیشتون به‌دوایدا ده‌ڵێن ئامین. هه‌روه‌ها له‌كاتی خوێندنی سروتی ئاینی ئامێری ته‌مبوری له‌گه‌ڵدا ده‌ژه‌نن.
كه زۆرجار به‌ده‌نگی به‌رزو له‌سه‌ر ئاواز‌و مه‌قامی خۆش‌ودڵڕفێن ته‌مبوره‌كه ده‌ژه‌نن و كه‌سه ده‌نگبێژو ده‌نگخۆشه‌كانیان مناجات‌و پاڕانه‌وه‌و نزا ده‌كه‌ن به‌شێوازیكی زمانی كوردی ره‌سه‌ن “ماچۆـ گۆران”.
كه زۆرجار هه‌ست‌وسۆزی ناخ هه‌ژێنی تیادا به‌رچه‌سته ده‌بێت. ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه واهه‌ست ئه‌كه‌م هه‌ندێك تێكست‌و گۆرانی‌و ئاواز‌و مه‌قامی كوردی له‌م بۆنانه‌وه ماوه‌ته‌وه‌و وه‌رگیراوه.
كه‌سی به‌شداربووی جه‌م یان كه‌سێك خۆی ئاماده نه‌بووه له‌بری خۆی قوربانی بۆ ئه‌كرێت‌و به‌خێر پێشكه‌شی ده‌كه‌ن، قوربانی‌و خێره‌كه به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسانی دابه‌شده‌كرێت به‌سه‌ر ئاماده‌بوان، هه‌ندێكجاریش بۆ خه‌ڵكانی تری ده‌نێرن كه ئاماده‌نه‌بوبێ. پاش به‌جێهێنانی ئه‌ركه ئاینیه‌كه ئه‌و خواردنه‌ی ئاماده‌كراوه هه‌موو پێكه‌وه ده‌یخۆن.
واته یارسانه‌كان ریوڕه‌سمی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه، په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ن له بۆنه ئاینییه‌كانیاندا، كه جیاوازه له شێوازی ئاماده‌كردنی خواردن‌و دانیشتنی به‌شداربووان به‌شێوه‌ی بازنه‌یی‌و خویندنی خشته‌كانی سه‌رئه‌نجام‌و وتنی سروتی ئاینی‌و نزا‌و پاڕانه‌وه.
ڕۆژووگرتن و سرووته ئایینیه‌كان لای جوله‌كه
گه‌ر بێینه سه‌ر ئاینی یه‌هودی ئه‌وا له‌م شاره‌دا كاتی خۆی پێكهاته‌یه‌كی تری نه‌ته‌وه‌یی‌و ئاینی كه به “جوو” یان “جووله‌كه” ناسراو‌و ناوبراون زیاتر له وشه‌ی “یهود” هه‌بوون. په‌رتوكه ئاینیه‌كه‌یان ناوی “ته‌ورات” بووه. له‌دوای ته‌ورات پابه‌ندن به “ته‌لمود” كه به دووه‌م سه‌رچاوه‌ی یاسا‌و ته‌شریعی جووله‌كه دێت.
رۆژوویان گرتووه به‌تایبه‌تی رۆژ‌وی پاكبونه‌وه، رۆژ‌وی گه‌وره، رۆژ‌وی عاشورا، رۆژ‌وی ته‌مووز‌و جه‌دالیا، استیر، زه‌كه‌ریا، حه‌وتی ئازار، رۆژوگرتنی رۆژانی دووشه‌ممه‌و پێنج شه‌ممه‌و… چه‌ند بۆنه‌و یادیكی تریش به رۆژوبوون و ته‌وراتیان خوێندووه‌و نزا‌و پاڕانه‌وه‌یان كردووه.
جووه‌كان بۆنه‌ی ئاینی‌و كۆمه‌لاَیه‌تی تایبه‌تیان هه‌بووه، وه‌كو ئه‌وه‌ی له مانگی نیسان‌و ئایاردا جه‌ژنی ئاینی تایبه‌ت به خۆیان هه‌بووه،كه په‌نجا رۆژ دوای ئه‌و بۆنه‌یه‌و وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی هه‌ڵهاتنیان و كۆچكردنیانه له وڵاتاتی میسر كه رێكه‌وتی مانگی ته‌مموز كردووه. بۆنه‌ی كه‌پره‌شینه‌یان هه‌بووه له سه‌ره‌تای وه‌رزی پایزدا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كۆمه‌لێك جه‌ژنی تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه كه به‌رزو پیرۆز رایده‌گرن، بۆ دیاریكردنی رۆژانی جه‌ژنیان له‌سه‌ر بنه‌مای رۆژمێری عبری دیاری ده‌كه‌ن و كه له‌سه‌ر بنه‌مای مانگی قه‌مه‌ریه‌و ساڵێك تیایدا 354 رۆژه.
بۆ ئه‌ركی ئاینی وه‌ك ئه‌وه‌ی له رۆژێكدا سێ نوێژیان كردووه به ناوه‌كانی “شحریت” به‌یانی یان چێشته‌نگاو، “منحه” نوێژی پێش خۆرئاوابوون، نوێژی “عربیت” نوێژی شه‌و. هه‌روه‌ها له‌كاتی تردا نوێژیان كردوه وه‌كو پێش نوێژی رۆژی شه‌ممان‌و جه‌ژنه‌كانی وه‌كو جه‌ژنی مانگی تازه‌ی جوله‌كه، كه پاش ئه‌و نوێژانه نزا‌و پاڕانه‌وه‌یان كردووه.
وه‌ك ئه‌وه‌ی جووله‌كه شارنشینه‌كان هه‌میشه له‌كۆلاَنێكی جیاواز‌وتایبه‌ت به‌خۆیان ژیاون له‌هه‌رشارێكدابوبێتن، په‌رستگه”كه‌نشته”یان”كه‌نیسه” یان هه‌بووه یان له‌ماڵێكدا ژیانی تایبه‌تی ئاینی‌و رۆحی خۆیانیان تیادا رێكخستووه به‌تایه‌به‌تی له‌رۆژانی شه‌ممه‌دا.جووه‌كان له‌ناو خۆیاندا ماڵباتێكی پته‌و یه‌كگرتووبوون.
له‌هه‌ر شوێنێك بوبیتن رۆژانی شه‌ممه هیچ كاروكاسپی و پیشه‌یه‌كیان ئه‌نجام نه‌داوه بگره بۆ خۆیان كۆبونه‌ته‌وه‌و جلی تازه‌و خاوێنیان له‌به‌ركردووه‌و كۆبونه‌ته‌وه له كه‌نیشتا یان له مالێكی دیاریكراو له‌بری كه‌نیشته، مه‌راسیمی ئاینی خۆیان جێبه‌جێكردووه‌و بۆنه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ناوخۆیان سازكردووه‌و خواردنی تایبه‌تیان بۆ ئه‌و رۆژه ئاماده‌كردووه كه به هیچ جۆریك خوێیان به‌كارنه‌هێناوه بۆ خواردنیان له‌و رۆژه‌دا. (له نوسینی تردا قسه‌م له‌سه‌ر كردووه، ئێستا ناچمه‌وه سه‌ری: له كۆلانی جووله‌كانه‌وه بۆ ده‌وڵه‌تی جووله‌كان).
گاوره‌كان، په‌یڕه‌وانی مه‌سیحیه‌ت
لێره‌وه دێینه سه‌ر پێكهاتیه‌كی تری شاری سلیمانی‌و كوردستان‌و ناوچه‌كه،كه ئه‌وانیش برایانی مه‌سیحین كه په‌یڕه‌وانی ئاینی مه‌سیحی ده‌كه‌ن، خاوه‌نی كتێبی ئاسمانی “ئینجیلی” پیرۆزن.كه له ئێستادا ئینجیل به زۆربه‌ی زمانه‌كانی دنیا له‌به‌رده‌ستدایه له‌وانه‌ش به زمانی كوردی.
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی ئاماژه‌یه ته‌نها له سلیمانی هه‌ڵگرانی بیروڕای مه‌سیحی له‌كۆندا ناوده‌به‌ران به “گاور” به‌ڵام له ناوچه‌كانی تر به “دیان ـ دیانا” یاخود مه‌سیحی ناوده‌برێن.
گه‌ر بێینه‌وه سه‌ر بابه‌ته‌كه‌ی خۆمان ئه‌وا به‌رۆژووبون هه‌یه وه‌كو بنه‌مایه‌كی ئاینی‌و خوداپه‌رستی،كه مه‌به‌ست له رۆژوو نزیك بوونه‌وه‌ی باوه‌ڕدارانه له خودا، كه عاده‌ته‌ن له خوداپه‌رستیدا نوێژ‌و رۆژ‌و سه‌ده‌قه‌یان پێكه‌وه كردووه.
په‌یڕه‌وانی حه‌زره‌تی مه‌سیح به‌رۆژوو ئه‌بن له‌سه‌ر بنه‌مای خۆشه‌ویستی بۆ خودا، به‌مه‌به‌ستی نزیكبونه‌وه‌ی تاكه‌كه‌سی له ڕێگه‌ی په‌رستنی خودا، دوركه‌تنه‌وه‌یه له‌ژیانی ئاسایی مرۆڤ، واته خۆدورخستنه‌وه له شه‌هوه‌ت‌و خۆشی دنیا‌و لایه‌نی مادی‌و بایه‌خدانه به لایه‌نی رۆحی… هه‌روه‌ها وه‌كو تۆبه‌كردن‌وگه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ لای خودا.
له روانگه‌ی مه‌سیحیه‌كانه‌وه رۆژوبوون به‌كلیلی به‌تاڵبوونه‌وه‌ی كێشه‌ی ژیان، ئه‌ورۆژه‌ی به‌رۆژووده‌بن ته‌نها دوركه‌وتنه‌وه‌نیه له‌خوادرن‌وخواردنه‌وه به‌ڵكو ته‌نها تایبه‌ته بۆ روكردنه خودا په‌رستن و ئه‌نجامدانی نوێژونزا.
رۆژ‌و دابڕانه له‌دنیاو خۆ دورخستنه‌وه‌یه له خراپه‌كاری‌و گرنگی‌و بایه‌خدانه به‌چۆنیه‌تی په‌روه‌رده‌كردنی رۆح و مژده به‌خشیه به‌رزگاری رۆح.
واته رۆژوبوون عیباده‌تێكه بۆ په‌یوه‌ندی نێوان مرۆڤی ئیماندار‌و خودا، پابه‌ندبوونی مه‌سیحیه‌كانه به باوه‌ڕداری به ئاینه‌كه‌یانه‌وه.
خواردن‌وخواردنه‌وه ناخۆن له‌ماوه‌ی به‌رۆژوبوندا هه‌روه‌ها له باره‌ی كاتی دیاریكراو ئه‌وا له‌كتێبی پیرۆز “ئینجیل” دا كات‌و ماوه “مانگ‌ورۆژ”و شوێنی به رۆژووبون دیاری نه‌كراوه به‌ئاشكرا، به‌ڵكو ده‌ڵێت كه به رۆژووبوون.
له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌نیسه له رۆحی ئینجیله‌وه ده‌سه‌ڵاتی وه‌رگرتووه‌و توانای بڕیاردانی هه‌یه له‌سه‌ر بابه‌ته چاره‌نوسسازه‌كان، واته توانای ریكخستن‌و دیاریكردنی رۆژانی رۆژ‌وی هه‌یه له به‌رژه‌وه‌ندی ئیمانداران. واته پاپا له‌كنیسه‌ی ڤاتیكانه‌وه كاتی رۆژ‌و دیاری ده‌كات.
به‌ڕۆژوبوون وه‌كو پاداشتی ئه‌و خێر‌و به‌ره‌كه‌ت‌و ژیانه‌یه كه خودا داویه‌تی به مه‌سیحیه‌كان‌و پاریزگارییانه له دنیا.
به‌ڵام لای زۆرینه‌ی كه‌نیسه‌كانی كاسۆلیك كاتی رۆژوگرتنیان دیاری كردووه،كه 50 رۆژ پێش رۆژی جه‌ژنی “قیامه”یه كه به مانای جه‌ژنی “فصح” دێت‌و كه ده‌یكه‌نه بنه‌مای دیاری كردنی رۆژ‌وگرتن، ئه‌مه‌ش له رۆژی له خاچدان‌و هه‌ڵسانه‌وه‌ی حه‌زره‌تی مه‌سیحه‌وه هاتووه.
وه‌ك رێكخستنێكی شوێنكه‌وتوانی كه‌نیسه‌ی كاسۆلیك. له‌م ناوچه‌یه ئه‌وه په‌یڕه‌وده‌كه‌ن. ئه‌و ماوه‌یه‌ی به رۆژووبوون له سه‌رده‌می كۆن‌و ئێستادا له هه‌فته‌یه‌كدا رۆژانی چوارشه‌ممه‌و هه‌ینی به‌رۆژووده‌بن.
له‌به‌رئه‌وه‌ی له رۆژی چوارشه‌ممه‌دا بریاری ده‌ستگیركردنی حه‌زره‌تی مه‌سیح دراوه‌و له رۆژی هه‌ینی له خاچدراوه. برا مه‌سیحیه‌كان ساڵانه به‌رۆژووده‌بن بۆ ماوه‌ی په‌نجا رۆژ، كه یه‌كه‌م رۆژ‌و رۆژوئه‌گرن له رۆژی “قیام”وه، به‌لام رۆژانی یه‌كشه‌ممه كه رۆژیكی پیرۆزه به‌رۆژونابن كه له‌و ماوه‌یه‌دا حه‌وت رۆژ ده‌كات، چونكه له كه‌نیسه ده‌بن‌و خوداپه‌رستی ده‌كه‌ن‌و كۆده‌بنه‌وه، سێ رۆژ له‌سه‌ریه‌ك پێش جه‌ژنی قیامه به‌رۆژوده‌بن.
هه‌ندیك جۆری رۆژی تریش هه‌یه له‌سه‌ر بنه‌مای كه‌نیسه‌كانی تری سریانی یاخود كه‌نیسه‌كانی رۆژهه‌لات‌و رۆژئاوا كه‌مێك جیاوازن.. وه‌كو ئه‌وه‌ی 25 رۆژ پێش جه‌ژنی میلاد به رۆژ‌و ئه‌بن.
واته هه‌رچۆن حه‌زره‌تی مه‌سیح درودی خوایی لێبێت‌و هاوه‌ڵه‌كانی به‌رۆژووبووه مه‌سیحیه‌كان به‌هه‌مان شێوه به‌رۆژو ده‌بن، كه حه‌زره‌تی مه‌سیح ده‌سه‌لاتی كه‌نیسه‌ی داوه به بترسی هاوه‌ڵی، رۆژ‌وگرتن عه‌ربوونێكه بۆ تۆبه‌كردن‌و گه‌ڕانه‌وه بۆ لای خودا به‌مه‌به‌ستی لێخۆشبوون‌و چونه ژێر سۆز‌و میهره‌بانی خوداوه.
به رۆژووبون به هۆكاریك ئه‌زانن بۆ پاكبونه‌وه‌ی گیانی “روح” مرۆڤ له شه‌ڕه‌نگَیزی‌و خراپه‌كاری.
به‌شێوه‌یه‌كی وا رۆژوگر ده‌بێت لای خه‌ڵكی خۆی ده‌رنه‌خات كه به‌رۆژووه، به‌ڵكو به‌رۆژوبوون خوداناسیه‌كی شاراوه‌یه‌و نهێنیه‌و تاكه‌كه‌س پابه‌نده پێوه‌ی، په‌یوه‌ندییه‌كه له‌نێوان كه‌سه‌كه‌و خودادایه، بۆیه پێویست ناكات خه‌ڵكی تر به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بزانن به‌و په‌یوه‌ندی‌و خودا په‌رستیه. له روخساردا خۆیان پاكوخاوێن راده‌گرن‌و سه‌ریان چه‌ورده‌كه‌ن به‌شێوه‌یه‌كی وا كه كه‌س هه‌ستیان پێ نه‌كات كه به‌رۆژوون. وه‌كو ئه‌وه‌ی له ئینجیلی پیرۆزدا هاتووه.
مانای رۆژوو ئیمانداری‌و خۆشه‌ویستی خودایه‌و ده‌ربڕینی سۆز‌و به‌زه‌ییه بۆ خه‌ڵكی تر له‌ژیانی رۆژانه‌دا، مه‌سیحیه‌كان له‌سه‌ربنه‌مای خۆشه‌ویستی بۆ خودا‌و خودا په‌رستیه چونكه نوێژ‌و رۆژ‌و سه‌ده‌قه بنه‌مای مه‌سیحیه‌ته هه‌ر بۆیه به رۆژووده‌بن.
كاتی رۆژوو گرتن له 12 شه‌و ده‌بیت تاوه‌كو دوانزه‌ی نیوه‌ڕۆ، هیچ شتێك ناخۆن‌وناخۆنه‌وه له‌و ماوه‌یه‌دا، پاشان كه شكاندیان خواردنی قورس‌و به‌روبومی ئاژه‌ڵی ناخورێت، به‌ڵكو به‌روبومی گیایی ده‌خورێت له‌وماوه‌یه‌ی رۆژوه‌كه ئه‌شكینرێت تاك‌و رۆژه‌كانی به‌رۆژووبوون ته‌واوده‌بێت، دیاریكردنی ئه‌مجۆره خواردنانه له‌و كاتانه‌ی رۆژویان شكاندووه ده‌گه‌رێته‌وه بۆ بنه‌مای لاهوتی‌و دنیای مه‌له‌كوتی..
هه‌ندیكجار بڕوادارانی مه‌سیحی كاتێك به‌گونجاو یان به‌پێویستی ئه‌زانن به‌رۆژوو ئه‌بن وه‌كو رۆژی كه‌فاره‌ت یاخود نه‌زر‌و خێر.
چه‌ند جه‌ژنێك هه‌یه له‌ناو برایانی مه‌سیحدا، به‌ڵام دوو جه‌ژنی سه‌ره‌كی هه‌یه له ناویاندا وه‌كو جه‌ژنی له‌دایكبوونی حه‌زره‌تی مه‌سیح كه 25/12 كه بۆته كریسمس، هه‌روه‌ها جه‌ژنی ساڵی تازه كه 1/1 ئێستا ئه‌م جه‌ژنه بۆته جه‌ژنێكی جیهانی‌و هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان‌و ده‌وڵه‌ته‌كان په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ن.
واته جه‌ژنی سه‌ره‌كی دوو جه‌ژنیان هه‌یه كه جه‌ژنی میلادییه له 25 مانگی كانونی یه‌كه‌م، دووه‌م جه‌ژنی قیامه‌یه كه رێكه‌وتی رۆژێكی یه‌كشه‌ممان ده‌كات له‌سه‌ر بنه‌مای گۆرانكاری ساڵی قه‌مه‌ری له 21 ئازاره‌وه تاك‌و 22 نیسان ئه‌و رۆژه ده‌ستنیشان ده‌كرێت. له جه‌ژندا پێویسته بچنه كه‌نیسه‌و جه‌ژنه پیرۆزه له‌یه‌كتر بكه‌ن‌و سه‌ردانی یه‌كتری بكه‌ن.
هه‌روه‌ها چه‌ندین بۆنه‌ی تری وه‌كو جه‌ژنیان هه‌یه كه به‌رۆژی “مریم العذراء، ماریوسف پتول، تجلی، صعود،..”
لێره‌وه ئاماژه ده‌كه‌م به‌وه‌ی له‌كتێبی ئه‌لف‌و بێی كوردی پۆلی یه‌كه‌می سه‌ره‌تایی له دانانی مامۆستا عه‌لی ئه‌مین بووه خوێنراوه له سالانی چله‌كان‌و له وانه‌ی فیربوونی پیتی ع : عه‌له‌شیش ئه‌خورێ له جه‌ژنی كریسمیس.
واته گاوره‌كان بونه‌ته هۆكاری فره كلتوری‌و ئاماده‌كردنی خواردنی جۆراوجۆر بۆ خه‌ڵكی شار، هه‌ر ماڵه‌ی له ماڵیكه‌وه فێربووه‌و جاران كاسه‌ی هاوسێیه‌تی هه‌بووه له گه‌ڕه‌كدا. وادیاره دیارده‌ی قه‌ل خواردنی خه‌ڵكی شار له جه‌ژنا له برا مه‌سیحیه‌كانه‌وه مابێته‌وه. چونكه هه‌ر له‌م شاره‌دا بۆ نانی جه‌ژن گرنگی زیاتر به خواردنی قه‌ل‌و كهڵهشێرو قه‌یسی ئه‌درێت.
ڕۆژووگرتن لای په‌یڕوانی ئاینی ئیسلام
ئێستا به‌كورتی دێمه سه‌ر رۆژ‌وگرتن له ئاینی ئیسلام،كه دیاریكردنی ده‌سپێكی مانگی ره‌مه‌زان له‌سه‌ر بنه‌مای رۆژمێری كۆچی “هجری قمری”یه كه تیایدا پشت ده‌به‌سترێت به خولانه‌وه‌ی مانگ بۆ دیاریكردنی مانگه‌كان. كه ساڵ له 12 مانگی قه‌مه‌ری پیكدێت‌و له‌م ساڵنامه‌یه‌دا ساڵێك 354 رۆژه یاخود 355 رۆژه.
مانگی ره‌مه‌زان نۆیه‌م مانگی ساڵنامه‌ی كۆچیه، كه دوای مانگی شه‌عبان دێت، له كۆتا رۆژه‌كانی “29 یان 30” ئه‌م مانگه هه‌ر كاتێك مانگ بینرا ئه‌وا سه‌ره‌تای مانگی ره‌مه‌زانه. ماوه‌ی مانگی ره‌مه‌زان 29 بۆ 30رۆژه.
گه‌ر بێینه سه‌ر ئه‌وه‌ی ناوبردنی مانگی ره‌مه‌زان له‌ناو هه‌موو میلله‌تانی موسڵمان‌و وڵاتانی ئیسلامی بڵاوبۆته‌وه‌و به‌كاردێت، یه‌كێكیش له‌و میله‌تانه میله‌تی كورده، له بنه‌ڕه‌تدا وشه‌ی”رمضان” له‌ناو عه‌ره‌بدا له‌پێش هاتنی ئیسلام‌و له سه‌رده‌می نه‌زانی‌و جاهیلی عه‌ره‌بی به‌كارهاتووه.
وه‌كو ناوی مانگه‌كانی تری ساڵنامه‌ی عه‌ره‌بی “ربیع الاول، ذی الحجة…” كه مانا‌و لێكدانه‌وه بۆ ناوه‌كه له وشه‌ی “رمضان: رمض” دێت كه مانای گه‌رمایه‌كی به‌هێزی وشككه‌ره‌وه ده‌گه‌یه‌نێت، لێكدانه‌وه‌ی موسڵمانه‌كان ئه‌وه‌یه بۆ گه‌رمی ئه‌م مانگه كه ناوسك‌و هه‌ناوی كه‌سی به‌رۆژوو ئه‌وه‌نده گه‌رمه له توندی كاریگه‌ری برسێتی‌و تیونیه‌تی رۆژوه‌كه‌ی.
گه‌ر بێینه سه‌ر سه‌ره‌تای ئه‌م مه‌راسیمه ئاینیه ئه‌وا موسڵمانان له‌ساڵی دووه‌می كۆچی كه به‌رامبه‌ر ساڵی624 زاینی “میلادی”یه رۆژویان گرتووه، ماوه‌ی به‌رۆژوبوون یاخود رۆژ‌وگرتن ماوه‌ی مانگی ره‌مه‌زانه‌و گرتنی سی رۆژ یه‌كێكه له بنه‌ماكانی ئاینی ئیسلام،گرتنی فه‌رزه، واته واجبه له‌سه‌ر تێكڕای موسڵمانان جگه له چه‌ند بارودۆخێكی تایبه‌تی كه به‌ڕۆژوو نه‌بوون تیایدا دیاریكراوه.
كاتی به‌رۆژوو بون واته نه‌خواردن‌و نه‌خواردنه‌وه له‌كاتی بانگی به‌یانی تاك‌و كاتی بانگی رۆژئاوابوون واته ئیواره یاخود كاتی مه‌غریب به‌كاردێنین.
ئه‌م سی رۆژه كه ماوه‌ی مانگێكه پیرۆزه لای موسڵمانان له‌به‌رئه‌وه‌ی چه‌ندین بۆنه‌و یاده‌وه‌ری تیادایه بۆ موسڵمانان، وه‌كو هاتنه خواره‌وه‌ی قورئانی پیرۆز بۆ پێغه‌مبه‌ری نازدار.
گرتنی رۆژی مانگی ره‌مه‌زان فه‌رزه‌و واجبه له‌سه‌ر موسڵمانان له قورئانی پیرۆزدا به ئاشكرا ئاماژه‌ی بۆ كراوه، قورئانی پیرۆز ته‌فسیرو راڤه كراوه بۆ زمانی كوردی، نه‌گرتنی رۆژ‌و له مانگی ره‌مه‌زان ده‌بێت كه‌فاره‌تی بدرێت‌و رۆژ‌ووه‌كه به‌قه‌زا بگرێته‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی چه‌ندین رۆژوگرتنی تری سونه‌ت هه‌یه، كه له هه‌فته‌یه‌كدا چه‌ند رۆژێك كه سانی ئیماندار به‌رۆژوو ئه‌بن تیایدا، هه‌روه‌ها رۆژی تر هه‌یه وه‌كو ئه‌ركێك به‌رامبه‌ر بارودۆخیكی تایبه‌ت له‌سه‌ربنه‌مای شه‌رعی ده‌ستنیشان ده‌كرێت كه به‌رۆژوده‌بن تیایدا وه‌كو رۆژی كه‌فاره‌ت.
جۆرێكی تر له رۆژ‌و كه‌سی ئیماندار خۆی به‌سه‌ر خۆیدا واجب‌و فه‌رزی ده‌كات‌و به رۆژ‌وی نه‌زر ناوده‌برێت.
هه‌روه‌ها له‌م مانگه‌دا خه‌لكی موسلمان ئه‌ركه له‌سه‌ریان كه سه‌رفتره‌ی ئه‌ندامانی خیزانه‌كانیان بده‌ن‌و بڕی زه‌كات له ماڵوموڵكیان ده‌ربكه‌ن‌و بیبه‌خشنه‌وه پێش ئه‌وه‌ی نانی جه‌ژن بخورێت. دیاریكردنی ئه‌و بڕه له‌لایه‌ن زانایانی ئاینیه‌وه فتوای له‌سه‌ر ده‌درێت سالاَنه.
هاتنی مانگی ره‌مه‌زان له‌م شاره‌دا تایبه‌تمه‌ندییه‌ك ئه‌دات به خه‌ڵكی شار جۆریك له گۆرانكاری ده‌بینین له جوڵه‌و هه‌ڵسوكه‌وت‌و خواردن‌و خواردنه‌وه‌ی تایبه‌ت به‌م مانگه. وه‌كو ئه‌وه‌ی له بواری خوداناسیدا خه‌ڵكی زیاتر گرنگی به بانگ و سه‌لاَو نوێژی ته‌راویح‌و خویندنی قورئانی پیرۆز‌و به‌خشینه‌وه‌و خێروخێرات ده‌كه‌ن.
له روكاری كۆمه‌ڵایه‌تی زۆربه‌ی كات له ماڵه‌وه ده‌بن‌و له رۆژدا كه‌م ده‌جوڵێن، كۆبونه‌وه‌ی خێزانه‌كان له‌كاتی نان خواردن‌و به‌ربانگكردنه‌وه به‌شێوه‌ی كۆمه‌ڵ‌و پێكه‌وه ده‌بن. سه‌رله‌به‌یانیه‌كه‌ی بازاڕ‌و دوكانه‌كان چۆڵه‌و دره‌نگ ده‌كرێنه‌وه. له كۆتا رۆژه‌كانی مانگی ره‌مه‌زان كه ناوده‌برێت به عارفه گه‌وره‌و عارفه بچوك زۆربه‌ی خه‌ڵكی ئیش‌وكاری راده‌گریت ته‌نها ده‌لاك‌و خه‌یات “به‌رگدروو” نه‌بێت كه خه‌ڵكی به‌شێوه‌یه‌كی زۆر سه‌ردانیان ده‌كه‌ن. له مانگی ره‌مه‌زاندا پیاوان كه‌متر سه‌رو ریشیان ئه‌تاشن‌و به‌هۆی هاتنی جه‌ژنه‌وه گه‌نج‌و پیر روو له سه‌رتاشخانه‌كان ده‌كه‌ن. ئه‌وسا وا باو بوو زۆربه‌ی خه‌ڵكی به‌تایبه‌تی منداڵان‌و هه‌رزه‌كاران جلوبه‌رگی تازه‌یان ئه‌دا به كرد‌و له‌و رۆژانه‌دا لای خه‌یات وه‌ریان ئه‌گرته‌وه ده‌وترا جلی جه‌ژن‌و قۆنده‌ره‌ی جه‌ژن خواردنی جه‌ژن… یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژن هه‌مووی جوان خۆی ده‌گۆڕی.
بایه‌خی زیاتر به خواردن‌وخوارده‌مه‌نی ئه‌درێت به‌تایبه‌تی له به‌ربانگدا له‌گه‌ڵ خواردنی سه‌ره‌كی ئه‌وا نسیكێنه‌و ناوساجی دائه‌نرێت، شكاندنی به‌ربانگ به خورماو ئاو یاخود خواردنی شیرینی تایبه‌تی وه‌كو لوقمه‌قازی و بامێ‌و زلوبیاو داتڵی و پاقلاوه‌و جۆره‌كانی شه‌ربه‌ت و به تایبه‌تی شه‌ربه‌تی مێوژ.
له پاش كۆتا رۆژی مانگی ره‌مه‌زان سه‌ره‌تای مانگی شه‌وال دێت كه یه‌كه‌م رۆژی ئه‌م مانگه ده‌كرێته یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژنی ره‌مه‌زان، ئه‌وه‌ی ده‌چێت بۆ نوێژی جه‌ژن ده‌چێت، به‌یانیه‌كه‌ی نانی چه‌ژن ده‌خورێت به‌تایبه‌تی شله‌ی قه‌یسی‌و تاسكه‌بامی و فاسۆلیا‌و گۆشتی سورو گۆشتی په‌له‌وه‌ری قه‌ل‌و كهڵهشێرو قاز بۆ به‌یانیه‌كه‌ی ئه‌خورێت. دیارده‌یه‌كی تر ئه‌وه‌یه سه‌رله‌به‌یانی یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژن هه‌ندێك خیزان سه‌ردانی سه‌رقه‌بران ده‌كه‌ن كه ئه‌مه دیارده‌یه‌كی پێچه‌وانه‌ی خۆشی جه‌ژنه ده‌كرێت.
پاشان به‌یانیه‌كه‌ی دراوسێكان هه‌موویان به‌یه‌كه‌وه ماڵه‌و ماڵ ده‌گه‌ریَِن‌و داوای گه‌ردن ئازادی ده‌كه‌ن‌و پاشان ماڵه خزم‌وكه‌س‌وكار. ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌یه‌ك زویرن ئاشت ئه‌بنه‌وه به هۆكاری جه‌ژنه‌وه.ماوه‌ی جه‌ژن سێ رۆژه.
دوا وته ئه‌وه‌یه كه رۆژ‌وگرتن مێژویه‌كی كۆنی هه‌یه له‌گه‌ڵ ژیار‌و ژیانی مرۆڤه‌وه هاتووه،كارێكه بۆ پاكبونه‌وه‌ی مرۆڤ دانراوه، په‌یوه‌ندی تاكه كه‌سه به خودای تاك‌و ته‌نیا. ئه‌وه‌ی به‌رۆژو ده‌بێت پێویسته دڵنه‌وایی خه‌ڵكی چوارده‌وه‌ری بكات، دوركه‌ێته‌وه له خۆشی‌و خۆشویستنی ماڵی دنیا.
ئه‌وه‌ی هه‌یه رۆژ‌وگرتن به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بۆ مرۆڤ باشه، ئه‌گه‌ر بتوانێت بیگرێت‌و باوه‌ڕی به خودای تاك‌و ته‌نها هه‌بێت باشترین ریگه‌ی خوداناسیه بۆ نزیكبونه‌وه له خودا‌و پاكبونه‌وه‌ی رۆحی مرۆڤه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی چه‌ند حاڵه‌تیكی دیاریكراو هه‌یه له نه‌گرتنی رۆژ‌و كه ئه‌ویش رێگه‌پێدراوه.
به‌ڵام له ئێستادا به‌داخه‌وه ده‌بینین ده‌یكه‌نه هه‌ل بۆ گرانكردنی خواردن‌و خوارده‌مه‌نی‌و پێداویستی خه‌ڵكی، كه ئه‌مه‌ش روكردنه ماڵی دنیا‌و خۆشه‌ویستی دنیایه كه له‌گه‌ڵ به‌های رۆژوبون نایه‌ته‌وه.
هه‌روه‌ها خۆی ده‌رده‌خات كه به‌رۆژووه‌و خیروخێرات ده‌كات‌و سه‌رزه‌نشت‌و قسه له‌سه‌ر خه‌ڵكی ده‌كات… خۆشی به بڕوادار دائه‌نێت‌و خه‌ڵكی تریش گه‌ر هات‌و به‌رۆژو نه‌بێت ئه‌م لای خۆیه‌وه قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كات… بۆیه داواكارم ئه‌وه‌ی به‌رۆژو ئه‌بێت با خۆی بزانێت‌و پابه‌ندبێت و خۆی به خه‌ڵكی تر به باشتر‌و گه‌وره‌تر نه‌زانێت.كه جه‌ژن گه‌ڕا جه‌ژنه پیرۆزه له هه‌مووی بكات نه‌ك بڵێت ئه‌وه به‌ڕۆژوو نه‌بووه ناچم بۆلای…كه ئه‌و دیارده ناشرینانه‌ی ئێستا ده‌بینرێت له كلتوری خه‌ڵكی جارانی ئه‌م شاره نیه.