ئه‌نفال، دیارترین و گه‌و‌ره‌ترین پرۆژه‌ی پاکتاوکردن و قڕانکردنی کورد بووه له مێژوودا.
“وته‌یه‌کی پێویست”
ئه‌نفال، دیارترین و گه‌و‌ره‌ترین پرۆژه‌ی پاکتاوکردن و قڕانکردنی کورد بووه له مێژوودا، ئه‌ویش له سه‌رده‌مێکدا به‌شێکی گه‌وره‌ی پێکهاته سیاسییه‌کان و کۆمه‌ڵگاکانی سه‌ر زه‌وی به‌ره‌و جۆرێک له شارستانییه‌تی یاساته‌وه‌ر و سه‌قامگیریی مه‌ده‌نی و کۆمه‌ڵایه‌تی و بازرگانی هه‌نگاویان نابو، به‌ڵام بێده‌نگی ئه‌وان و کۆی وڵاتانی جیهان و ده‌ورووبه‌ر له کات و ساتی جێبه‌جێکردنی ئه‌م پرۆژه و پیلانه گه‌وره‌یه‌دا، ده‌رخه‌ری ئه‌و قه‌ڵشت و درزه گه‌وره‌یه بوو که شارستانییه‌تی مرۆڤایه‌تی نه‌یتوانی په‌رده‌پۆشی کات، ڕوودانی “ئه‌نفال” له کۆتاییه‌کانی نیوه‌ی دووهه‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا نووشستی و هه‌ره‌سهێنانی ویژدان و ئه‌خلاقی سیاسی مرۆڤه که جه‌نگه جیهانییه‌کان هێشتا وه‌هۆش خۆی نه‌هێناوته‌وه، داماڵینی ئه‌و ده‌مامکه مه‌کیاجکراوه یاسایی و مه‌ده‌نییه بوو که له کۆمه‌ڵگا و که‌لتووره نومایشی و نوواندنه‌وه‌ییه‌کانی ئه‌ورووپا و ئه‌مریکادا دیموکراسی و دروشمه‌کانی مافی مرۆڤی پێ ده‌خه‌مڵێنن و ئێمه‌ی پێ ئه‌فسوون و سیحر ده‌که‌ن، ئه‌مه‌ش درێژه‌ی هه‌مان سیاسه‌تی کۆلۆنیالیستی و پۆست کۆلۆنیالیستی ئه‌وان بوو له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، له ڕێگه‌ی سیسته‌م و ڕژێمه داره‌ده‌سته ڕاسه‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆکانه‌وه پیاده ده‌کرا. له‌سه‌ر “ئه‌نفال” زۆر باسکراوه، به‌ڵام “ئه‌نفال” هێشتا نه‌ناسراوه یان که‌م ناسراوه. دیسکۆرسی ئه‌نفالناسیی ئێمه زیاتر خستنه‌ڕووی ئامار و گێڕانه‌وه‌یه‌کی حه‌کایه‌تئامێزی قۆناغه‌کانی ئه‌نفال و وتووێژێکی نیوه و نیوه‌چڵ له‌گه‌ڵ شایه‌تحاڵانه که سه‌ره‌ڕای پێویستی و گرینگ‌بوونی هێشتا که‌م و کورته و نابێ به‌مه‌وه بوه‌ستینه‌وه. شیکاری و لێکدانه‌وه‌ی هۆکاره ئایدۆلۆژی و سیاسی و ته‌کنۆلۆژییه‌کانی ڕوودانی ئه‌نفال، په‌یوه‌ندی ئه‌نفال و مۆدێڕنیته‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی(ئێراقی)، پێکهاتێکی مۆدێڕن به ناوی ده‌وڵه‌ت به ناوه‌رۆکیکی خێڵه‌کی به‌ناوی حکوومه‌ت له ئێراقدا و ده‌یان مژار و ڕه‌هه‌ند و لایه‌نی شیکارانه‌ن، ده‌شێت به میتۆدی مێژوویی و فه‌لسه‌فی(سیاسی، ئه‌خلاقی و…) بخرێنه به‌رباس و شیکاری، ئه‌م وتاره لێره‌دا هه‌وڵده‌دات ئه‌نفالناسی له‌و کڵێشه‌بێژی و شینگێڕییه بۆنه‌ییه بێنێته ده‌ره‌وه و کرۆک و ناواخنی بکه‌ر و سیسته‌مێک بناسێنیت که ئه‌نفالی پێناسه کرد و نه‌خشاندی، به‌و په‌ڕی شانازی ئه‌خلاقی بۆ نیشتیمان و وڵات و …جێبه‌جێ و پیاده‌ی کرد.
“پووخته”
له ئێراقدا؛ ئه‌نفال به ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی کورد-قڕان و پاکتاوکردنی کوردان له باشووری کوردستان ده‌گوترێت، که له ئه‌نجامیدا سه‌د و هه‌شتا و دوو هه‌زار که‌س بێسه‌روشوێن بوون و زینده‌به‌چاڵ کران و کوژران، نێزیکه‌ی 4000 گوند خاپوور کران. ئامانجی ئه‌م لێکۆڵینه‌وه و خوێندنه‌وه‌یه هه‌ڵوێسته‌کردنه له‌سه‌ر چۆنێتی و هۆکاره‌کانی پشت ئه‌م ڕووداوه. له ڕه‌هه‌ندی تیۆریکه‌وه و بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی وه‌ڵامی پرسیاری “بۆچی ئه‌م ڕووداوه ڕوویدا”، له تیۆره‌ی ده‌وڵه‌تی تووتالیته‌ر و باوه‌ڕه نه‌ریتییه‌کانی زاڵ به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگای میکانیکیی ئیم‌یل دوورکیمی کۆمه‌ڵناس که‌ڵک وه‌رگیراوه. میتۆدی لێکۆڵینه‌وه‌که له‌م موتاڵا و خوێندنه‌وه‌یه مێژووییه و ته‌کنیکی کۆکردنه‌وه‌ی ده‌یتا و زانیارییه‌کانیش به‌شێوه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌ییه. ده‌یتاکان ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێن؛ ئۆپه‌راسیۆنێکی خاپوورکه‌ر له ماوه‌ی که‌متر له ساڵێکدا له ناوچه‌یه‌کی به‌ربڵاوی جوگرافی و له هه‌شت قۆناغدا ئه‌نجامدراوه. وا دێته به‌رچاو که بوونیاتنانی کۆمه‌ڵگایه‌کی میکانیکی له‌سه‌ر بنه‌مای ئایدۆلۆژیای به‌عس کۆڵه‌که‌یه‌کی دوو فاقییانه‌ی هه‌بووه و له ژێر ناوی “دۆست و دوژمن” خۆی مانیفێست کردووه که یه‌کێک له ئه‌نجامه‌کانی ئه‌م جۆره تێڕوانینه ئۆپه‌راسیۆنی ئه‌نفال بووه.
وشه سه‌ره‌کییه‌کان:- ئه‌نفال، ئێراق، به‌عس، باشووری کوردستان
“پێشه‌کی”
“ئه‌نفال” له ڕاستیدا ناوی سوره‌تی هه‌شته‌می قورئانی پیرۆزه، به مانای غه‌نایم یان غه‌نیمه‌کان هاتووه.(قورئانی پیرۆز، سوره‌تی هه‌شته‌م). ڕاڤه و شه‌رحه‌کان ئه‌مه‌مان پێده‌ڵێن: ئه‌م ئایه‌ته پاش شه‌ڕی به‌در به سه‌ر پێغه‌مبه‌ر(د.خ)دا نازڵ بووه و له ئایه‌ته‌که‌دا پێداگری له‌سه‌ر دابه‌شکردنی غه‌نیمه‌کان له لایه‌ن پێغه‌مبه‌ره‌وه کراوه. به‌ڵام له ئێراقدا ناوی ئۆپه‌راسیۆنێکی سه‌ربازییه که ڕژێمی ئه‌وکاتی ئێراق، دژی کورده‌کان و باشووری کوردستان له ساڵی 1988 جێبه‌جێی کردووه. ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه، به‌رپرسه جێبه‌جێکاره‌که‌ی عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید ناسراو به عه‌لی کیمیاوی بووه “نێزیکیی یه‌ک ساڵ خایاندووه و له هه‌شت ناوچه‌ی جوگرافیاییدا جێبه‌جێکراوه که ڕژێمی ئێراق له هێزی ئاسمانی، هێزی زه‌وینی و چه‌کی کیمیاوی وه‌کوو چه‌که نایاساییه‌کان که‌ڵکی وه‌رگرتووه. له کۆتایی ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌دا، سه‌ره‌ڕای خاپووربوون و تێکچوونی شیرازه‌ی ژیان و جوگرافیای ناوچه‌که، هه‌زاران که‌س له خه‌ڵکی مه‌ده‌نی ئه‌م ناوچانه بوونه قوربانی، یان ئاواره بوون و زیندانی کران و یان بێسه‌روشوین بوون.”
ئه‌نفال، ڕووداوێكی دژه‌مرۆیی له سه‌ده‌ی بیسته‌مه، هه‌روه‌ها ڕووداوێکی بێوێنه و سه‌رسووڕهێنه‌ریشه له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا که له‌گه‌ڵ هێرشی ئه‌سکه‌نده‌ر بۆ هیندستان و کاره‌ساته‌کانی جه‌نگی دووهه‌می جیهانی به‌راورد کراوه. هه‌روه‌کوو ده‌زانین ڕژێمی به‌عس، کاره‌ساتی کیمیابارانکردنی هه‌ڵه‌بجه‌ی له ساڵی 1988 ئه‌نجامدا، پێش له ئۆپه‌راسیۆنی ئه‌نفال، شیعه‌کان و مه‌سیحییه‌کانی ئێراقیی قه‌تڵوعام کردبوو، ئه‌فسه‌رانی سووپای له‌سێداره‌دابوو و ته‌نانه‌ت ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌که‌ی خۆیشی کوشتووه!. به‌ڕاستی ئه‌مه چۆن ئه‌ندێشه و جیهانبینییه‌که که ده‌وڵه‌تێک ئاوه‌ها هه‌ڵسوکه‌وتێکی له‌گه‌ڵ مرۆڤه‌کان و ته‌نانه‌ت هاووڵاتیانی خۆی هه‌بووه؟ ناسیاوه‌تی و مه‌عریفه‌ی ئێمه له‌سه‌ر “هه‌ڵه‌بجه” زۆر زیاتره له ئه‌نفال، ئه‌مه له حاڵێکدایه که کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه له کاتوساتی ئۆپه‌راسیۆنی ئه‌نفالدا ڕوویداوه. کووشتنی 5000 که‌سی مه‌ده‌نی له هه‌ڵه‌بجه به به‌راوردکردن له‌گه‌ڵ کووشتن و قڕانکردنی سیسته‌ماتیک و پلان بۆداڕێژراوی زیاتر له سه‌د هه‌زار که‌س له ئۆپه‌راسیۆنی ئه‌نفالدا، به ژماره و ڕه‌قه‌مێکی بچووک و که‌م ئه‌ژمار ده‌کرێت. ئۆپه‌راسیۆنی ئه‌نفال بابه‌ت و پرسێکی زۆر ئاڵۆز و ناخهه‌ژێنه که هۆکاره‌کان، پرۆسه و ئه‌نجامه‌کانی ده‌بێت بخرێته به‌ر شیکاری و هه‌ڵسه‌نگاندنی زانستی له ڕه‌هه‌ند و لایه‌نه جۆاروجۆره‌کانه‌وه. ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه به‌ڕاده‌یه‌ک شۆکهێنه‌ر و هه‌ژێنه‌ر بوو که ته‌نانه‌ت بووه هۆی سه‌رسووڕمانی چاودێران و شاره‌زایانی پرس و کاروباری ئێراق. خاڵی جێگه‌ی سه‌رنج ئه‌مه‌یه؛ له وڵاتێکی وه‌کوو ئێران‌دا هیچ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی پێوه‌ر و ڕێک و پێک له‌م باره‌یه‌وه ئه‌نجامنه‌دراوه. له په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌م کاره‌ساته مرۆییه‌دا ده‌توانین پرسیارگه‌لێکی جۆراوجۆر بخه‌ینه ڕوو و لێکی ده‌ینه‌وه. به‌م پێشه‌کییه‌وه و به تێڕوانینێکی کۆمه‌ڵناسانه‌وه ده‌کرێت سێ پرسیاری پێکه‌وه گرێ‌دراو له‌باره‌ی چۆنێتی و هۆکاره‌کان و بۆچێتی دیارده‌ی “ئه‌نفال” له ساڵی 1988 له وڵاتی ئێراقدا بخه‌ینه ڕوو.
یه‌که‌م: ئایا ده‌وڵه‌تی به‌عس ده‌وڵه‌تێکی تۆتالیتا‌ر بوو؟
دووه‌ه‌م: ئه‌م ده‌وڵه‌ته، چۆنچۆنی ئۆپه‌راسیۆنی ئه‌نفالی جێبه‌جێکردووه؟
سێهه‌م: ئه‌م ده‌وڵه‌ته بۆچی بڕیاری جێبه‌جێکردنی ئۆپه‌راسیۆنی ئه‌نفالی داوه؟
“بنه‌ما تیۆریکه‌کانی لێکۆڵینه‌وه‌که”
له ڕووی کاری ئه‌زموونی و لێکۆڵینه‌وه‌یی په‌یوه‌ست به ئه‌نفال له ئێران‌دا، لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک که لێکۆڵه‌ر ده‌ستی که‌وتبێت جگه له دوو وتار که له گۆڤاری مه‌هاباددا بڵاو بووه‌ته‌وه هیچ به‌رهه‌مێکی دیکه نییه. ئه‌و لێکۆڵینه‌وانه‌ی که له وڵاتێکی وه‌کوو ئێران‌دا له‌باره‌ی دیارده‌ی ئه‌نفال ئه‌نجامدراون، زیاتر په‌رژاونه‌ته سه‌ر باسوخواسه فیقهی و شه‌رعییه‌کان و هیچ په‌یوه‌ندییه‌کیان له‌گه‌ڵ ئۆپه‌راسیۆنی ئه‌نفالدا نییه. له ده‌ره‌وه‌ی ئێران‌دا لێکۆڵینه‌وه‌گه‌لێکی زۆر له‌باره‌ی ئه‌نفال ئه‌نجامدراون که زیاتر په‌رژاونه‌ته سه‌ر باسکردنی ئه‌م دیارده‌یه و که‌متر قورساییان خستۆته سه‌ر باسه تیۆریک و ڕوونکردنه‌وه‌ییه‌کان. زۆربه‌ی ئه‌م لێکۆڵینه‌وانه له ڕووی میتۆده‌وه له ته‌کنیکی وه‌سفکردن و وتووێژ له‌گه‌ڵ به‌جێماوانی ئه‌نفال که‌ڵکیان وه‌رگرتووه. “جاناتان رێندێل” وه‌کوو لێکۆڵه‌ر و هه‌واڵنیر، به‌شێک له کتێبه‌که‌ی خۆی ته‌رخان کردووه به‌م بابه‌ته. دێشنێر(2011) به‌شێوه‌یه‌کی خێرا و سه‌رپێیی له کتێبه‌که‌یدا په‌رژاوه‌ته سه‌ر ئه‌م بابه‌ته، به‌ڵام نه ورده‌کارییه‌کانی ئه‌نفالی باس کردووه و نه په‌رژاوه‌ته سه‌ر هۆ و هۆکاره تیۆریکه‌کانی ئه‌م دیارده‌یه.
له ڕووی تیۆریکه‌وه ده‌بێ سه‌رنجی ئه‌مه بده‌ین که ئۆپه‌راسیۆنی ئه‌نفال له لایه‌ن ده‌وڵه‌تێکی فه‌رمی دژی کورده‌کان که که‌مینه‌یه‌کی ئیتنیکی وڵاتێکی به‌زۆرپێکه‌وه‌نراو به ناوی ئێراق پێک دێنن، ئه‌نجام دراوه. ئێسته ده‌بێ بپرسین کام تیۆر و یان کام تیۆرییانه له‌م باره‌یه‌وه ڕێنیشانده‌ر و ئاڕاسته‌که‌رن، ده‌بێ سه‌رنج بده‌ینه ئه‌و باسوخواسانه‌ی که تایبه‌تمه‌ندیی ئاوه‌ها ده‌وڵه‌تیك ئاشکرا ده‌که‌ن، له ئه‌نجامدا ده‌بێ سه‌رنج بخه‌ینه سه‌ر ئه‌و بنه‌ما تیۆریکانه‌ی که ئه‌گه‌ری ئاوه‌ها کرده‌وه‌یه‌ک له لایه‌ن زه‌ین و سۆبژێکتریڤیته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رانی ده‌وڵه‌ت ڕوون و شی ده‌که‌نه‌وه.
“تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ده‌وڵه‌تی تۆتالیتا‌ر”
ده‌وڵه‌ته تۆتالیتاره‌کان تایبه‌تمه‌ندییه‌کی گشتگیر و تووندئاژۆیانه‌یان هه‌یه و ڕه‌نگه سه‌رچاوه‌یه‌کی ئایدۆلۆژیکی جیاوازیان هه‌بێت. حکومه‌تی تۆتالیتا‌ر دوو پێناسه‌ی گشتیی هه‌یه:-
ئه‌لف: پێناسه‌یه‌کی جه‌وهه‌ری Essentialist definition
ب: پێناسه‌یه‌کی دیارده‌ییPhenomenal definition
پێناسه‌ی جه‌وهه‌ری، هه‌وڵ ده‌دات تایبه‌تمه‌ندییه ناوه‌کی و زاتییه‌کانی دیارده‌که پیشان بدات. له تێڕوانینی “هانا ئارێنت” تیرۆر جه‌وهه‌ر و ناو‌کی حکوومه‌تی تووتالیته‌ره. “ج. ئال، تالموون” ده‌نووسێت:- تۆتالیتا‌ر شێوه‌یه‌ک له حوکمڕانییه که هه‌موو ژیانی سیاسی داگیر ده‌کات. و “ده‌یڤید ئیپتێر” ده‌ڵێت:- جه‌وهه‌ری تۆتالیتا‌ر ئه‌مه‌یه که سنوورێک له نێوان نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌تدا ناهێڵێته‌وه. له وڵاته مۆدێڕنه‌کاندا سێ پانتای جودا له‌یه‌ک له هه‌ر وڵاتێک‌دا پێناسه و ده‌ستنیشان کراوه:- پانتای ده‌وڵه‌تی، پانتای بنه‌ماڵه و پانتای گشتی(public sphere). ده‌وڵه‌تی تووتالیته‌ر له‌ڕێگه‌ی ده‌ستگرتن به‌سه‌ر پانتای گشتیدا، پانتای بنه‌ماڵه‌ش ده‌خاته ژێر ڕکێف و چاوه‌دێریی خۆیه‌وه. به‌ڵام له لایه‌نێکی دیکه‌وه یه‌کێک له پێناسه‌کانی دیارده‌ی (تۆتالیتا‌ر)) له لایه‌ن (کارێل.جی. فریدریک) له ساڵی 1954 خراوه‌ته ڕوو که له‌وێدا تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی حکوومه‌تی تووتالیته‌ری به‌شێوه‌ی خواره‌وه باس کردووه:-
1-ئایدۆلۆژیایه‌کی گشته‌کی.
2-یه‌ک حیزب له‌گه‌ڵ یه‌ک ڕێبه‌ری ئایدۆلۆژیکی به سه‌ر هه‌موواندا زاڵه.
3-هێزی پۆلیس که له سه‌ر بنه‌مای ترس و تۆقاندن بوونیات نراوه.
4-هه‌موو میدیا گشتییه‌کانی بۆ خۆی قۆرخ کردووه‌ته‌وه.
5-هه‌موو هێزه سه‌ربازییه‌کانی مۆنۆپۆلکردووه بۆ خۆی.
6-کاروباری ئابووری و کۆنترۆڵی هه‌موو ئیداره و ڕێکخراوه‌کانی گرتووه‌ته ده‌ست.
“پۆلینبه‌ندی ئیم‌یل دوورکیم له‌باره‌ی کۆمه‌ڵگای میکانیکی و ئۆرگانیکی”
دوورکیم کۆمه‌ڵگای به‌سه‌ر دوو به‌شدا دابه‌ش کردبوو:- کۆمه‌ڵگای میکانیکی و کۆمه‌ڵگای ئۆرگانیکی. به‌شی میکانیکی هه‌ڵگری بنه‌مای نه‌ریتی و سونه‌تییه و له ڕاستیدا کرۆک و پێوه‌ره‌که‌ی هه‌ر ئه‌مه‌یه. لێره‌دا کۆمه‌ڵگا یه‌کسان و یه‌کده‌سته، تاکه‌کان وه‌کوو یه‌کن، ڕای گشتی و ویژدانی کۆیی به‌هێزه و ده‌سه‌ڵات ته‌نها به ده‌ست یه‌ک که‌سه‌وه‌یه و جیاوازی نه قبووڵکراوه و نه جێگه‌ی ستایشیشه. کووزێر ده‌ڵێت:- “کۆمه‌ڵگای میکانیکی له شوێنێکدا هه‌یه که لانیکه‌می جیاوازی له نیوان تاکه‌کاندا هه‌یه”. له ڕاستیدا کۆمه‌ڵگای میکانیکی له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه بنیات نراوه که هه‌ر که‌س هاوشێوه‌ی ئێمه‌یه که‌واته به‌شێکه له ئێمه و هه‌ر که‌سیش جیاوازه له ئێمه، به‌شێک نییه له ئێمه. له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م تێڕوانین و بیرکردنه‌وه‌یه له پراکتیکدا تاکه‌کان و گرووپه جیاوازه‌کان له‌م کۆمه‌ڵگایه‌دا گۆشه‌گیر ده‌کرێت و قبووڵ ناکرێن. له به‌رامبه‌ردا کۆمه‌ڵگای ئۆرگانیکی هه‌یه که به‌رهه‌می دونیای مۆدێڕنه. کۆمه‌ڵگای ئۆرگانیک پێکهاتێکی هه‌یه که به‌ش و کۆڵه‌که‌کانی له توخمگه‌لی جیاواز جیاواز پێک هاتووه. له کۆمه‌ڵگای ئۆرگانیکیدا دابه‌شکردنی ئیش هه‌یه. تاکه‌کان خاوه‌نی بیرکردنه‌وه‌ن. ئه‌و که‌سانه‌ی که پێکه‌وه کۆمه‌ڵگا دروست ده‌که‌ن و ده‌یبه‌نه پێشه‌وه، پێکه‌وه جیاوازن. لێره‌دا جیاوازی قبووڵکراوه و جیاوازبوون نه‌ک ته‌نها نابێته بنه‌مایه‌ک بۆ ململانێ نه‌رێنی و ئاژاوه به‌ڵکوو بنه‌مایه‌که بۆ پێکه‌وه‌ژیان و پێکه‌وه‌هه‌ڵکردن.
سه‌دام له دونیایه‌کی پڕاوپڕ له جیاوازی و فره‌یی ئه‌ندێشه و بیرکردنه‌وه‌کاندا به‌دوای دروستکردنی کۆمه‌ڵگایه‌کی میکانیکی بوو. له‌م کۆمه‌ڵگایه‌دا ده‌نگی جیاواز نابیسترێت و ڕه‌خنه نه‌ک به مانای به‌رده‌وامبوون و چاکترکردن به‌ڵکوو به مانای دابڕان و قه‌ڵشت دێت. سه‌دام ئایین و ڕێبازێکی به‌ناوی به‌عس دروستکرد که هه‌ر که‌سێک باوه‌ڕ و ئیمانی پێی نه‌بایا، به مورته‌د ئه‌ژمار ده‌کرا و خوێنی مه‌باح ده‌کرا. به‌عسیبوون به‌واتای خودیبوون و هاوئاهه‌نگی و هاودڵییه‌کی ده‌سته‌جه‌معییه. حه‌ق یان ناحه‌قبوون، ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ ئه‌ندامبوون یان ئه‌ندامنه‌بوون له حیزبی به‌عسدا. ترۆتێسکی سه‌رده‌مانێک وتبووی:” ئێمه ته‌نها له ڕێگه‌ی ئه‌ندامبوون له حیزبێکدا ده‌توانین خاوه‌نی ماف بین، چونکه مێژوو ڕیگه‌یه‌کی دیکه‌ی بۆ خاوه‌ن مافبوونی ئێمه نه‌هێشتووه‌ته‌وه”.
“تێڕوانینی باخه‌وانGardener vision”
په‌یوه‌ندی نێوان گرووپه‌کانی کۆمه‌ڵگا ڕه‌نگه ئاسۆیی یان ئه‌ستوونی بێت. له حاڵه‌تی په‌یوه‌ندی ئه‌ستوونیدا، حیزب یان چین و ئیتنیکێکی دیکتاتۆر له سه‌ره‌وه و حیزب، چین یان گرووپێکی دیکه له‌خواره‌وه و ده‌که‌ونه به‌ر هه‌ر جۆره سووکایه‌تیپێکران و چه‌وساندنه‌وه‌یه‌ک. ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه ده‌توانن سیاسه‌تگه‌لێکی جۆراوجۆره به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی خواره‌وه‌دا جێبه‌جێ بکه‌ن. له کوشتن و قڕکردن و گواستنه‌وه‌وه تاکوو پێملکردنیان به هاوکاری و به‌شدارییان له پرۆژه‌کانیاندا. ئه‌وانه‌ی خواره‌وه‌ش ڕه‌نگه له هه‌مبه‌ر ئه‌م سیاسه‌تانه‌دا په‌رچه‌کردار و هه‌ڵوێستیان هه‌بێت:- ملکه‌چبوون و قبووڵکردنی توانه‌وه و ئاسیمیلاسیۆن یان به‌رخۆدان و خه‌بات…تێڕوانین و نیگای باخه‌وان بۆ باخ وه‌کوو تێڕوانینی هێزی سه‌ره‌وه و باڵاده‌ست بۆ گرووپه‌کانی ژێرده‌ست و خواره‌وه خوێندراوه‌ته‌وه. “باخه‌وان” خۆی به خاوه‌نی باخ ده‌زانێت و خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات و به‌ڕێوه‌بردنی چۆنێتی گه‌شه و نه‌شه‌ی باخه و لق و پۆپه زیاده‌کان، که دژ و پێچه‌وانه‌ی ڕا و تێگه‌یشتنی ئه‌و بن، ده‌بڕێته‌وه. لێره‌دا تاک و کۆ بۆ باخه‌وان وه‌کوو تۆ و چیمه‌نن. لێره‌دا باخه‌وانه که بڕیار ده‌دات کام لق ده‌بێت گه‌شه بکات و به‌ر بدات و کامیان ببڕدرێته‌وه. له ڕاستیدا تێڕوانینی باخه‌وان ئاماژه به ده‌سه‌ڵاتی سامناکی ده‌وڵه‌ته له به‌ڕێوه‌بردن و ئاڕاسته‌کردنی کۆمه‌ڵگا و که‌م و زیادکرنی لقه‌کان.
“چوارچێوه‌ی تیۆریکی لێکۆڵینه‌وه‌که”
ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی ئێراق به پێوه‌ره‌کانی ده‌وڵه‌تێکی تووتالیته‌ر هه‌ڵسه‌نگێنین که هه‌ڵگری ئایدۆلۆژیایه‌ک، حیزبێک، ڕێبه‌رێک و ده‌سه‌ڵاتێکی گشتگیره و کۆنترۆڵی ئابووری و هه‌موو ڕێکخراوه‌کانی له ئه‌ستۆدایه و له هه‌مان کاتدا هه‌ڵگری زه‌مینه‌ی خێڵه‌کی و عه‌شیره‌یی ڕیشه‌دار و قووڵ و قایمه و له سه‌رده‌می نوێ‌دا له‌ڕیگه‌ی کۆنترۆڵی ده‌وڵه‌ت، کۆنترۆڵی ئامرازه نه‌رم و سه‌خته‌کانی ده‌سه‌ڵاتی گرتووه‌ته ده‌ست، هه‌ربۆیه‌ش توانای قبووڵکردن و هه‌ڵکردنی له‌گه‌ڵ که‌سان و گرووپانێک نابێت که به پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ده‌رکه‌ون ئه‌وا له ڕاستیدا ئه‌و که‌سانه‌ی که دژی ئه‌و بن له پانتاکه ده‌خاته ده‌ره‌وه. ئه‌م ده‌وڵه‌ته له هه‌مان کاتدا خاوه‌نی ڕیشه فیکرییه نه‌ریتی و کۆنه‌کانه که ئێمه به‌ره‌و بیرکردنه‌وه له پێوه‌ری “هاوشێوه‌یی” له کۆمه‌ڵگای میکانیکی “دوورکیم”دا هان ده‌دات. له هه‌مان حاڵ‌دا ئه‌م تێڕوانینه نه‌ریتییه به له‌به‌رده‌ستبوونی ده‌سه‌ڵات و ته‌کنه‌لۆژیا خاوه‌نی ده‌سه‌ڵات و هه‌ڵبژارده‌کانی باخه‌وانێکه له ناو باخدا.
“پێناسه‌ی چه‌مکه سه‌ره‌کییه‌کان”
ده‌وڵه‌ت؛ وشه‌ی ده‌وڵه‌ت له ڕیشه‌ی لاتینی state به‌مانای ڕاوه‌ستان و به شێوه‌ی وردتر له وشه‌ی status به مانای(دۆخی ڕاوه‌ستاو و سه‌قامگرتوو) وه‌رگیراوه. (ئه‌م وشه‌یه هه‌روه‌ها به ماناکانی”بنکه، سه‌قامگیر، پله‌ی هاووڵاتی و کۆڵه‌که‌ی حکوومه‌تیش” به‌کارهاتووه. ده‌وڵه‌ت به‌پێی پێناسه به واتای به‌ڕێوه‌بردنی وڵاته که ڕه‌وایی ئه‌وه‌ی هه‌یه یاساکان جێبه‌جێ بکات.
ده‌وڵه‌تی تۆتالیتا‌ر؛ ئه‌وه‌ی که مه‌به‌ستی ئێمه‌یه ئاماژه‌دان به‌م بابه‌ته‌یه که حکوومه‌ته ملهوڕه‌کان خۆیان چه‌ند جۆرن و هه‌ر به‌و شیوه‌یه‌ش که ده‌زانین حکوومه‌تی تۆتالیتا‌ر جیاوازه له حکوومه‌ته ڕه‌هاخواز و دیکتاتۆرییه‌کان. حکوومه‌تی ڕه‌هاخواز، حکوومه‌تێکه وه‌کوو “لوڤایاتانی تۆماس هابز”. ئه‌م حکوومه‌ته ئه‌گه‌رچی خاوه‌نی ده‌سه‌ڵاته به‌ڵام بۆ پاراستنی ئه‌من و ئاسایشی هاووڵاتیان به‌دیهاتووه و تیۆریداڕێژه‌که‌ی به یه‌کێک له بنیاتنه‌رانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی(Civil Society) هه‌ژمار ده‌کرێت. به‌ڵام له تووتالیته‌ریسمدا هیچ پێگه‌یه‌ک بۆ کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی نییه و له ڕاستیدا له ڕێگه‌ی نابوودکردن و نه‌هێشتنی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیدا خۆی مانیفێست ده‌کات. له حکوومه‌تی دیکتاتۆری‌دا هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ی که کاتووزییان ده‌ڵێت: فه‌رمان و ئه‌مر سه‌رێتی به‌سه‌ر یاسادا هه‌یه. حکوومه‌تی تووتالیته‌ر سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که ملهوڕه تایبه‌تمه‌ندیگه‌لی خۆی هه‌یه که له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان پێدا.
کۆمه‌ڵگای نه‌ریتی؛ کۆمه‌ڵگایه‌که که ئه‌ندێشه و بیرکردنه‌وه‌ی نه‌ریتی و سونه‌تی به‌سه‌ریدا زاڵه و به‌هۆی تایبه‌تمه‌ندییه‌کانییه‌وه له ده‌وڵه‌تی مۆدێڕن و ئه‌ندێشه‌ی نوێ جوێ ده‌کرێته‌وه. بیرکردنه‌وه‌ی نه‌ریتی ده‌توانێت ده‌وڵه‌تی مۆدێڕن به‌شێوه‌ی نه‌ریتی و سونه‌تی ببات به‌ڕێوه. ده‌وڵه‌تێکی وه‌کوو به‌عس ئه‌گه‌رچی به‌ڕواڵه‌ت مۆدێڕن و ئه‌مڕۆییه، زۆرێک له سه‌رکرده‌کانی خاوه‌نی ئاستی باڵای خوێندنن و به سه‌ر زمانی بیانی‌دا زاڵن، به‌ڵام ئه‌ندێشه و کارئه‌کته‌رکانیان نه‌ریتی و خێڵه‌کییه و له باشترین حاڵه‌تدا و به‌وته‌ی “هیشام شه‌رابی” باوکسالارییه‌کی نوێیه. خاڵی جێی سه‌رنج ئه‌مه‌یه؛ ئاوه‌ها ده‌وڵه‌تێک ده‌توانێت چ په‌یوه‌ندییه‌کی له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌دا هه‌بێت. دوو ڕوانگه‌ی پاساوده‌رانه و شیکارانه له‌باره‌ی ده‌وڵه‌ت هه‌یه که یه‌کیان ده‌ڵێت باشترین شێوه‌ی په‌یوه‌ندی نێوان ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه ده‌بێت چۆن بێت و ئه‌وی دیکه‌یان ده‌ڵێت له ڕاستیدا چ په‌یه‌وه‌ندییه‌ک هه‌یه.
“شێوازی لێکۆڵینه‌وه”
ڕووداوی “ئه‌نفال” دیارده‌یه‌که په‌یوه‌ست به ڕابردوو. شێواز و میتۆدی لێکۆڵینه‌وه‌یی بۆ لێکدانه‌وه و شیکردنه‌وه‌ی، لێکۆڵینه‌وه‌ی مێژووییه. تایبه‌تمه‌ندیی لێکۆڵینه‌وه‌ی مێژوویی له ڕوانگه‌ی “ڕابێرت.ک.یێن” ئاوه‌هایه که لێکۆڵه‌ر به شوێن وه‌ڵامی بۆچی و چۆنێتییه و په‌یوه‌سته به ڕابردوو، و لێکۆڵه‌ر کۆنترۆڵێکی به‌سه‌ر ڕووداوه‌که‌دا نییه. میتۆدی لێکۆڵینه‌وه‌ی مێژوویی یه‌کێک له چه‌شنه‌کانی لێکۆڵینه‌وه‌یه که کۆڵه‌که‌که‌ی له‌سه‌ر چۆنێتی و کوالێتی دانراوه و له ڕێگه‌ی شیکردنه‌وه و لێکدانه‌وه‌ی به‌ڵگه‌گه‌لی په‌یوه‌ست به ڕووداوه‌کانی ڕابردووه‌وه و (ئه‌گه‌ر لوا) وتووێژ له گه‌ڵ شایه‌تحاڵانی ڕووداوه‌که، ئه‌نجام ده‌درێت. لێکۆڵه‌رێکی دیکه زیاد ده‌کات “میتۆدی لێکۆڵینه‌وه‌ی مێژوویی یه‌کێک له شاڕێگه‌کانی لێکۆڵینه‌وه‌یه که له چه‌ند ئاستی شیکارانه‌دا ده‌خرێته ڕوو و ده‌شێت حاڵه‌تی پاژته‌وه‌رانه(استقرایی) یان گشت ته‌وه‌رانه(قیاسی) بگرێته خۆی. یه‌کێک له ئه‌نجام و داهاته‌کانی ئه‌م شاڕێگه‌یه‌ی لێکۆڵینه‌وه تێگه‌یشتن له هه‌لومه‌رجی ڕێکخراوه‌یی، تاکه‌که‌سی، کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و ئابوورییه که تێیدا دیارده‌کان ده‌رده‌که‌ون.
له‌م میتۆده له ته‌کنیکی به‌ڵگه‌نامه‌یی بۆ کۆکردنه‌وه‌ی داتا و زانیاری که‌ڵک وه‌رگیراوه. “به‌ڵگه مێژووییه‌کانی لێکۆڵینه‌وه له‌خۆگری به‌ڵگه سه‌ره‌کییه‌کان، به‌ڵگه پله دووه‌کان، به‌ڵگه به‌رده‌سته‌کان و کۆکردنه‌وه‌ی دووباره‌ی به‌ڵگه‌كانه. به‌ڵگه به‌کارهاتووه‌کان بۆ ئه‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه له لایه‌ک خوێندنه‌وه و نووسینه تیۆریکه به‌رده‌سته‌کان له‌په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌م دیارده‌یه‌یه و له لایه‌کی دیکه‌وه که‌ڵکوه‌رگرتنه له به‌ڵگه سه‌ره‌کییه‌کانی په‌یوه‌ست به ئۆپه‌راسیۆنی ئه‌نفال که له لایه‌ن جێبه‌جێکارانه‌وه تۆمار کراون و پاش ڕووخانی ڕژێمی سه‌دام حسێن که‌وتووه‌ته به‌رده‌ست ڕێکخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌کانه‌وه. ئه‌م ڕاپۆرتانه له‌گه‌ڵ ناودا، مێژووی ئۆپه‌راسیۆن و ناوچه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌که‌شیان دیاریکردووه. یه‌کێک له هۆکاره‌کای تۆمارکردنی ئه‌م به‌ڵگانه، ترسی سه‌ربازه‌کان و تووندوتۆڵیی بنه‌ما و دیسیپلینه سه‌ربازییه‌کان بووه. پاش ڕووخانی ڕژێمی به‌عس ئه‌م به‌ڵگانه که‌وتنه به‌رده‌ست میدیاکان و لێکۆڵه‌ران و ڕێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ و زلهێزه‌کانه‌وه. دروستی و ڕاستیی ئه‌م به‌ڵگانه له لایه‌ن لێکۆڵه‌ران و ڕاپۆرته جۆراوجۆره‌کانه‌وه سه‌لمێنراوه.
هه‌ندێک له‌و که‌سانه‌ی که له ڕووداوه‌که گیانیان ده‌رباز کردووه وه‌کوو شایه‌تحاڵ له دادگاکانی پاش سه‌دام شایه‌تییان داوه و فیلمگه‌لێکی دۆکیۆمه‌نتاری زۆر له سۆنگه‌ی مێژووی زاره‌کییه‌وه له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا ئاماده کراوه. هه‌ندێک له‌م به‌ڵگه و لێکۆڵینه‌وه په‌یوه‌ندیدارانه له‌گه‌ڵ ئه‌نفال بڵاو بوونه‌ته‌وه و خراونه‌ته به‌رده‌ستی خه‌ڵک. له‌م لێکۆڵینه‌وه‌یه‌دا به سه‌رنجدان به به‌ڵگه بڵاوکراوه و به‌جێماوه‌کان له ئۆپه‌راسیۆنی ئه‌نفال و به‌ڵگه به‌رده‌ست و سه‌لمێنراوه‌کان، هه‌وڵدراوه تاکوو پرسیاره‌کانی توێژینه‌وه‌که وه‌ڵام بدرێنه‌وه.
نووسین: د.حسه‌ین محه‌مه‌دزاده؛ مامۆستای کۆمه‌ڵناسی
وه‌رگێڕانی: موحسین عه‌لیڕه‌زایی-تاران