مێژووی کوردەکان لە ئەرمەنستان و ئازربایجان و جۆرجیا ناسراوە و دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەوتەم.
“مێژووی کوردەکان”
مێژووی کوردەکان لە ئەرمەنستان و ئازربایجان و جۆرجیا ناسراوە و دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەوتەم. لەسەردەمی نوێ دا بەهۆی کۆچی دانیشتوانەوە بەڕێژەیەکی زۆر لەسەدەی نۆزدەهەمدا و لە هاتنی قەیسەر و حوکمڕانی قەوقاسدا، بەشێکی زۆری کوردەکان کەوتنە ژێر حوکمڕانی رژێمی رووسیاوە، لەکۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا و سەرەتای سەدەی بیستدا، پاشماوەی کوردی ئێزیدی سەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، یەزیدییەکان زیاتر لە ئەرمەنستان و جۆرجیاوە هاتبوون، زیاتر لەو ناوچانەدا دەژیان کە مەسیحییەکان تیایدا دەژیان.
لەسەردەمی ستالییندا دیاردەی راگواستن هەبوو، ئەوکاتەی کە یەکێتی سۆڤیەت لەبەریەک هەڵوەشا، زۆر لەو گروپە کوردییانەش پەرت و بڵاو بوون، ئەم پڕۆسەیە نەک هەر لەگەڵ نەتەوەی کورد پیادەکرا، بەڵکو هەندێ لە گروپەکانی تریشی گرتەوە.
لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر ساڵی 1917 گۆڕانکاری بەسەر زۆر شتدا هاتوو ئەو گوڕانکاریانەش دوو ئەنجامی لێکەوتەوە:-
یەکەم- ئەو کوردانەی کە هەمیشە لە کۆچی بەردەوامدا بوون، شوێن و جێگای خۆیان بۆ دیاری کرا.
دووەم- لەساڵی 1923 تا ساڵی 1929 لە سەردەمی (لینیین)دا خوێندنگای تایبەت بە زمانی کوردی کرایەوە، هەروەها رۆژنامە و بڵاوکراوە بەزمانی کوردی بڵاوکرایەوە.
“کۆتایی سیاسەتی کولتوورە هەمەجۆرەکان چەوساندنەوەی کورد و کەمینەکان”
لە ناوەڕاستی ساڵانی سییەکان، ئیدی کۆتایی بە پیادەکردنی سیاسەتی کولتوورە هەمەجۆرەکان هات و لەو کاتەوە سیاسەتی مەرکەزیەت پیادەکرا و هەموو بڕیارەکان لە ئاستی سەرەوە دادەبەزینە خوارەوە، دووبارە کێشەی نێوان هاووڵاتییە روسەکان و کەمینەکان سەریهەڵدایەوە، ئەم دیاردەیە دژی کەمینەی کوردەکانیش بوو، بە هەزاران کورد سەرلەنوێ لە کازاخستان و قیرغیزستان و سیبیریا نیشتەجێکرانەوە و بەرەو ئەو ناوچانە راگوازرانەوە، بارزانی و ئەو کوردانەی لەگەڵیدا بوون، لەدوای رووخانی (کۆماری مەهاباد) بەرەو یەکێتی سۆڤیەت رۆشتن راستەوخۆ دابەشکران بەسەر چەند ناوچەیەکی جیاواز لە کۆمارەکانی سۆڤیەتدا، دوای هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت لە هەموو ئەو هەڵسوکەوتانە لە بەرامبەر کەمینەکان بەکاری نایاسایی و تاوان پێناسەکراو ئاماژەیان بە چاککردنی ئەو بارودۆخە دەدا، بەڵام هەتا ئەمڕۆش چاکسازییەکی ئەوتۆ ئەنجام نەدراوە، ژمارەی کوردەکان لە یەکێتی سۆڤیەتی ئەوسادا نزیک دەبۆوە لەچەند سەدهەزار کەسێک، نیوەیان لە ئەرمەنستان و ئازربایجان دەژیان و نیوەکەی تریان لە جۆرجیا و ناوچەی باشووری روسیاو مۆسکۆ دەژیان.
لەساڵی 1988_1989دا لە شاری (سومگایت) پرۆسەی پاکتاوی نەژادی ئەنجام دراو رەشەکوژی ئەرمەنیەکان کرا، ئەوە پرۆسەی کوشتن و بڕین و تاڵانکردنی زۆرینەی خەڵک بوو بۆ کەمینەکان، ئەنجامی ئەم کوشت و کوشتار و گرژی و ئاڵۆزییە ئازربایجانییەکانی بەرەو ئەرمەنستان و ئەرمینیەکانی بەرەو ئازربایجان برد، لەگەڵ هەڵاتنی ئازربایجانیەکان لە ئەرمەنستانەوە، موسوڵمانە کوردەکانیش بەشێک بوون لەو گروپە دەربەدەرانە، لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی (ناگۆرنی کاراباخ) ئەو ناوچەیە کەوتە دەست ئەرمەنییەکان و جارێکیتر نزیکەی 18000 کورد ئەو ناوچانەیان بەجێهێشت، کوردەکان بەهێز بوون لە ناوچەی تورکی ئازەریداو پێیان وابوو چارەنووسیان گرێدراوە بە ئازەرییەکانەوە، بە مەبەستی ئەوەی زیاتر بەهێزتربن، زیاتر هەستیان بەوە دەکرد کە ئەمان تەنها چەند گروپێکن لە نەتەوەیەک و هیچیتر، زۆربەی کوردەکان پێیان وابوو، لە حاڵەتی پەناهەندەیی و ترس و دڵەڕاوکێدان، نەیاندەزانی چۆن بژێوی ژیان و هەلیکار مسۆگەر بکەن لەپەنای شەڕکردن لەگەڵ ئەرمەنستانی دراوسێدا، بنەمای ئابووری و کۆمەڵگا بەخێرایی لە گۆڕاندا بوو. لەبەر ئەوە بیرکردنەوە لە کولتوورو شێوە زارەکەیان ئەوەندە مەبەست نەبوو، ئەم حاڵەتە گونجاو بوو بۆ رژێم و لە سود و قازانجی ئەودا بوو، بوونی مەڵبەندێکی رۆشنبیری کوردی بۆ کوردەکان، ئەو مەڵبەندەش نوێنەری کوردەکان بوو هەروەها رۆژنامەیەکیان هەبوو بە ناوی (دەنگی کوردەکان)، بەڵام ئەو مەڵبەندە بە شێوەیەکی دیارو بەرچاو زۆر کاری نە بۆ زمانی کوردی و نە کولتووری کورد نەدەکرد. ئەمەش بۆ رژێم کارێکی باش بوو، هەر بۆیە ئەمان پێویستیان بەوە نەبوو کار بۆ ئەوە بکەن، کوردەکان نیگەران بوون لە کارەکانی ئەو مەڵبەندە و ئەیانویست لە پێناو بەرژەوەندی گەلی کورد دا کار بکات، هەروەها کوردەکان پێیان وابوو کە ئەو مەڵبەندە دەستەمۆی رژێمی دەسەڵاتدارە، رژێم وەها بیری دەکردەوە کە زۆر رێگەپێدانی ئەو مەڵبەندە لە پیادەکردنی مافە رۆشنبیرییەکان دەبێتە هۆی ئەوەی کوردەکان بیر لە دەوڵەتێکی سەربەخۆ بکەنەوە.
بۆیە ئەو مەڵبەندە سەربەست نەبوو هۆکاری ئەو ترس و نائارامییەش ئەوە بوو ئازربایجان و تورکەکان هاوڕێ و دۆستی یەکتر بوون و متمانەیان بە جوڵەو چالاکیەکانی کورد نەبوو، لە راستیدا ئەیانویست کوردەکان لە ئازربایجان هیچ شتێک نەکەن. ئازربایجان بۆ کوردەکان بە ڕاستی نیشتمان بوو، بەڵام تێڕوانینیان بۆ دواڕۆژێکی ڕوون لەو وڵاتە ئەوە پرسیارێکیتر بوو، ئەمەش هەر بە تەنها بۆ کەمینە کوردەکان وا نەبوو. کوردەکان لە ئازربایجان تا ڕادەیەکی کەم سەربەستیان هەبوو، بۆ نموونە: وتنەوەی زمانی کوردی لە خوێندنگای تایبەت بەخۆیاندا، ئەو مافە پێشتر لە ئەرمەنستانیش هەبوو، سیاسەتێکی باش بوو بۆ کەمینەکان، بەڵام رەوشەکە رووی لە خراپ بوون کرد، بۆ ماوەیەکی زۆر کوردەکان لە ئەرمەنستان بەئارامی مانەوە، بێ گومان ئەمەش چاوەڕوان نەکراو بوو، چونکە پێشتر لە سەدەکانی نۆزدەو بیستدا کوردەکان ژمارەیەکی زۆر ئەرمەنییان کوشت بۆ دەستبەسەرداگرتنی ناوچەکە، لەساڵی1920دا و ساڵی1930دا هەریەکە لە ڕێکخراوە ئەرمەنییەکان و کوردە نەتەوەییەکان پێکەوە لە دژی کۆماری تازە دامەزراوی تورکیا جەنگین، ئەمەش تێگەیشتنێکی باش بوو لە یەکتر.
“دەرکردنی ڕۆژنامە لە لایەن کوردەکانەوە”
لەدوای ساڵی1955ەوە کوردەکان دیسانەوە توانیان گەشە بەکولتوورەکەی خۆیان بدەن و سەر لەنوێ ببنەوە خاوەنی رۆژنامەی خۆیان.
بەڵام ئەو رۆژنامەیە بەپیتی (کیریلی) چاپ ئەکرا، بۆ ئەمڕۆ ئەو چاپە زۆر ناسراو نییە. لە ساڵی شەستەکاندا رادیۆی (یەریڤان) هەبوو، پەخشی ئەم رادیۆیە بەزمانی کوردی بوو کە دەگەیشته وڵاتانی دەوروبەریش، هەر بۆیە کوردەکان هۆشیاری سیاسی و کلتوری خۆیان زیاتر گەشەپێدا.
“دۆخی کورد لە دوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤێت”
لە دوای لە بەریەک هەڵوەشانی یەکێتی سۆڤیەت باری ژیانی کوردەکان باشترو ئاسانتر نەبوو، بەڵکو بە پێچەوانەوە لە ناوچەکانی (ناگۆرنی کاراباخ) کە ناوچەیەکە لە ئازربایجان، ژمارەیەکی زۆر لە ئەرمەنییەکان لەو ناوچانەدا دەژیان و کێشەو ناکۆکییەکانی ئەم ناوچەیە کوردەکانیشی گرتبۆوە.
“کۆچی کورد”
نزیکەی 50000بۆ80000 هەزار لە کوردەکانی ئەرمەنستان (ئێزیدین)و ئەو کوردانەش کە مسوڵمان بوون لە ئەرمەنستانەوە بەرەو ئازربایجان بەڕێکەوتن، سەرەتا کوردی موسوڵمان و کوردی ئێزدی ئەوەیان دەزانی کە ئەمان سەر بە هەمان کەمینەو کولتوورن، بەڵام زیاتر موسوڵمانە کوردەکان زیاتر هەستیان بەلای کولتووری ئازەرییەکاندا دەڕۆشت و پێیان وابوو کە ئەمان لە کەمینەی ئازەرییەکانەوە نزیکن، هەرچی ئێزدییەکانیش بوو پێیان وابوو لە ئەرمەنییە مەسیحیەکانەوە نزیکن و دەچنەوە سەر ئەوان، ئەو ئێزیدییانەی لە خواروی رۆژهەڵاتی تورکیا دەژیان، دەبوایە لەو ناوچانەدا نەمانایەو ئێزدییەکانی ئەرمەنستان لە دژی دەوڵەتی تورکیا کاریان دەکردو هاوکاری (p.k.k)یان دەکرد، دواتر ئەرمەنییەکان کاریان بۆ نەتەوایەتی بوونی خۆیان دەکرد و ئێزیدییەکانیش بەو ئاڕاستەیە کاریان دەکرد کە ئەمان سەر بە نەتەوەی کورد نین.
سەرچاوە:
1/ کورد لە سوریا و ئازەربایجان و ئەرمەنستان، نووسینی، م.شترۆهمایەر، ل. یاڵچین هێكڵمان، وەرگێڕانی لە ئەڵمانیەوە، ڕێبوار تۆفیق بەنگینە، چاپی یەکەم، ئەکادیمیای هۆشیاری و پێگەیاندنی کادیران سلێمانی ساڵی 2011