پیلانگێڕی بەو کردەوە نهێنی و بەرنامە بۆ داڕێژراوە دەوترێت لەلایەن کەسێک یان گرووپێکەوە، دژ بە کەسێک یان گرووپێکی دیکە ئەنجام دەدرێت، بەمەبەستی زیان پێگەیاندن یان زەوتکردنی شتێک. ئەم ئاکارە دزێوە لەسەرجەم کایەکانی ژیانی مرۆڤدا بوونێکی بەرچاو و ڕیشەیەکی قووڵی هەیە و لەمێژووشدا نمونەی زۆرە. کردەی پیلانگێڕی و گرتنەبەری ڕێگای فێڵ و تەڵەکەبازی، هێندە بەشێوەیەکی بەرفراون لە چارەسەرکردنی کێشەکان و یەکلاکردنەوەی ململانێکاندا بەکارهاتووە، تەنانەت بووە بە کولتووری هەندێک لە گەل و نەتەوەکان و پێی دەناسرێنەوە.
گەلی کورد لەمێژووی سیاسی خۆیدا؛ گەورەترین قوربانی دەستی پیلانگێڕی و تەڵەکەبازی نەتەوە سەردەستەکانی ناوچەکە بووە. لەزۆر وێستگەی مێژووی کۆن و نوێیدا سەرکردە و ڕابەرەکانی، هەندێکجار لەئەنجامی نیازپاکی خۆیان و متمانەکردنیان بەگفت و بەڵێنەکانی دوژمن و زۆر جاریش بەهۆی ناچار مانەوەیان لەبەرامبەر دۆخەکاندا، لەداوی دوژمن کەوتوون و بەهۆیەوە دووچاری ئاکامێکی ڕەش بوونەتەوە. بەژیان و چارەنوسی خۆیان و بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکەیان باجی ئەم تێکەوتنەیشیان داوە. بۆیە لەخۆوە نیە ئەم ئاکامە شومە هەندێکجار بەقەدەری ڕەشی کوردان ناودەبرێت، ئەوەتا ئامادەیی ئەم دیمەنە کارەساتبارە لەشانۆی سیاسی کوردیدا، بەڕادەیەک بەرفراوانە لە ماوەی کەمتر لە سێ ساڵدا و لەنێوان ساڵانی( ١٩٨٩ بۆ ١٩٩٢) دوو ڕێبەری هەڵکەوتووی، جوڵانەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (دکتۆر عبدالرحمان قاسلموو- ١٣/٧ٚ/١٩٨٩ لەڤیەننا) و ( دکتۆر سادقی شەرفکەندی-١٧/٩/١٩٩٢ لەبەرلین) دووچاری هەمان چارەنوس بوونەتەوە. سەرەڕای پیادەکردنی ئەم شێوازە ترسناک و قێزەونە، لەلایەن داگیرکەرانەوە بەشێوەیەکی فراوان، کەچی چەندین جاریش ڕوویداوە ئەم ئاکارە نامۆڕاڵیە. وەک ئامڕازێک لەیەکلاکردنەوەی ململانێکان و پاکتاوکردنی نەیارە ناوخۆییەکاندا بەکارهاتووە.
“دوو ڕووداو لە دوو سەردەمی جیاوازدا”
ڕووداوی گرتن و زیندانی کردنی “ئەحمەد موختار جاف” و ڕێبەرانی ڕەوتی ئاڵای شۆڕش، نزیکەی حەفتا ساڵیان لەنێواندایە، دوو نموونەی بەرجەستەی مێژووی ئەم لەداوخستنە کوردیانەن و لێرەدا هەوڵدەدەین بە لەبەر چاوگرتنی کات و زەمینەی هەریەکەیان، هۆکار و چۆنیەتی ڕوودان و ئاکامەکانیان بخەینە ڕوو و بەراوردێک لەنێوان ڕەفتار و مامەڵەی ئەنجامدەرانیان دەرهەق بە قوربانیەکان بکەین.
“ڕووداوی یەکەم:- دەستگیرکردنی ئەحمەد موختارجاف”
ناکۆکی نێوان بەگزادەکانی جاف و ماڵباتی “شێخ مەحمودی حەفید”، وەک سەرچاوەکان ئاماژەی بۆ دەکەن دەگەڕیتەوە بۆ سەردەمی “شێخ سەعید کوڕی کاک ئەحمەدی شێخ و محمەد” پاشای سەرۆک هۆزی گەورە جاف. وەک باس دەکرێت هۆکاری سەرەکی ئەم ناکۆکیە، دەگەڕێتەوە بۆ شەڕی هەژموون و سەپاندنی دەسەڵات بۆ پرکردنەوەی ئەو بۆشاییە کارگێڕی و سیاسییەی بەهۆی لەناوچوونی میرنشینی بابانەوە لەناوچەکەدا دروست بوو بوو.ململانێی نێوان ئەم دووماڵباتە گەورەیەی ناوچەکە، بەردەوام لە هەڵچوون و داچوون دابووە و بەچەندین وێستگەی جیاجیادا تێپەڕیووە، دوای گەڕاندنەوەی “شێخ مەحمود” لەهیندستان و هەڵکردنی ئاڵای دووەمین حکومەتی سەربەخۆی کوردستان لەشاری سلێمانی، لە ئۆکتۆبەری ساڵی (١٩٢٢). دروست لەو سەروبەندادە “عادیلە خانم”، بەمەستی پیرۆزبایی دامەزراندی حکومەتەکەی سەردانی شێخ دەکات، کە ئەمە نیشانەی نیازپاکی و دەربڕینی پشتیوانیە و لەلای خۆیەوە “ئەحمەد موختار جاف”یش کە لەوکاتەدا کە قائیمقامی هەڵەبجە دەبێت. لەسۆنگەی باوەڕی بەرزی نەتەوەیی خۆیەوە و دوور لە بیرکردنەوەی باوی تەسکی خێڵایەتی سەردەمەکە و ناکۆکی قووڵی نێوان ماڵباتەکەی و “شێخ مەحمود”، (لە١٣ی کانونی یەکەمی ساڵی ١٩٢٢) وەك دەربڕینی پشتیوانی و داننان بە دەسەڵاتەکەی “شێخ مەحمود”دا. بەئامادەبوونی “شێخ حەمەغریب” وەزیری ناوخۆی حکومەتەکەی شێخ و ژمارەیەکی بەرچاو لە بەگزادەکانی جاف و هەورامان و کەسایەتی ناوچەکە، ئاڵای حکومەتی کوردستان لە شاری هەڵەبجە هەڵدەکات. ئەمە سەرەڕای ئەوەی “ئەحمەد موختار” بەمەبەستی پیرۆزبایی و دەربڕی پشتیوانی بۆ شێخ چەندین جار سەردانی سلێمانی دەکات و لەسەروبەندی تێکچوونی پەیوەندی نێوان “شێخ مەحمود” و ئینگلیز و دووبارە هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی “شێخ مەحمود” پێچەوانەی هەڵوێستی ماڵباتەکەی. چارەنوسی خۆی بە چارەنوسی شێخەوە گرێدەدا و لەو پێناوەدا ژیانی چیا و ئاوارەیی لەگەڵ شێخ دا هەڵدەبژرێت و پەیوەندی بە شۆڕشەکەیەوە دەکات، بەڵام ئەم هەوڵ و دەسپێشخەرییانە، ناتوانن تەمی گومان و دردۆنگیی مەلیکی کوردستان، لەبارەی “ئەحمەد بەگ” و ماڵباتەکەیەوە بڕەوێننەوە. دواجار بە کەڵک وەرگرتن لە متمانە و دڵسۆزی “ئەحمەد موختار” بۆ “شێخ مەحمود” و دەسەڵاتەکەی و لەسەر بنەمای ئەو ڕاپۆرتانەی لەبارەی پەیوەندی و سیخوری “ئەحمەد بەگ” بۆ ئینگلیزەکان دەگەیشتە “شێخ مەحمود”.
لە(شوباتی ١٩٢٣) “ئەحمەد موختار جاف” دەستگیردەکرێت و ڕەوانەی زیندانی ئەشکەوتی جاسەنە دەکرێت، لەناوچەی سورداش. هەرچەندە بەپێی سەرچاوەکان ماوەی زیندانیکردنەکەی چەند ڕۆژێکی کەمی خایاندووە، بەڵام هەر زوو لەپێناو ئازادبوونیدا، نامەیەک بەناونیشانی(ئەوسا قائیمقام و ئێستا مەحبوس)، کە لەچوارچێوەی دەقێکی هۆنراوەدا دایڕشتووە، ئاڕاستەی “شێخ مەحمود” دەکات. کە هەندێک ناوەڕۆکی نامەکە بەسازش و پاکانە نووسینی بەندکراوێک ناودەبەن لەپێناو ئازادبوونی دا. هەندێکش پێیان وایە ئەم نامەکرایەوە، لە سۆنگەی دووربینی و تێگەیشتنی فراوانی ئەحمەد بەگەوە نوسراوە و مەبەستی بووە لەپێناو ئامانجە باڵاکانی دا بمێنێتەوە، ئەو خەونانەی بۆ ڕزگاری گەل و خاکەکەی لەشیعرەکانی دا ڕەنگی داوەتەوە لەداهاتوودا بەرجەستەیان بکات و بیانهێنێتەدێ.
ناوەڕۆکی نامەکە دەریدەخات، ناوبراو ڕۆژانی بەندێتی لەژێر فشار و بارودۆخێکی دەروونی دژواردا بووە. هەروەک لەپاش چەند دێڕێکی سەرەتای لەستایش و پیاهەڵدان و دەربڕینی خۆشەویستی بۆ “شێخ مەحمود”، تیشک دەخاتە سەر ئەو بارودۆخە خراپەی تێدایە و دەڵێت: “لەتەنهایی لەفکری چۆتەوە ئادابی ئینسانی”. لەپێناو دەرباز بوونیشی لەم دۆخەی کە تێیدایە، وێڕای دووپاتکردنەوەی بەڵێنی دڵسۆزی و ئەمەکداری خۆی لەبەرامبەر شێخ دا و بەپێچەوانەی ئەوەی کە لەنیوە دێڕەکانی پێشووتری پەیامەکەیدا، بانگەشەی بێ تاوانی خۆی دەکات و دەڵێت: “کە جورمێکی نیە تاکەی لەحەپسا دانیشێ قوربان”. لەچەند نیوە دێڕی کۆتایی پەیامەکەیدا، وەك ئەوەی دان بەو تۆمەتەدا بنێت، کەئاڕاستەی کراوە. داوای بەخشین و لێبوردن لە شاهی کوردستان دەکات و دەڵێت:-
“بەلوتف و مەرحەمەت ئەم بەندەی خۆتە عەفو فەرموو”
“ئەتو صرفی نظر فەرمو لەجورمو سەهوو نیسانی”.
هەوڵەکانی “ئەحمەد موختار” لەپێناو ئازادبوونیدا بەمەوە ناوەستێ و لەبەشی کۆتایی پەیامەکەیدا دەگاتە ئەو خاڵەی گازندە و نائومێدی و تەنانەت جۆرێك لە بێبەری بوونی خۆی بەرامبەر لەماڵباتەکەی نیشان دەدات و دەڵێت:-
“لە لوتفی تۆ زیاتر هیچ پەیامێکی نییە موختار”
“بەکاری هیچ نەهاتن، دۆست و خزم و خوێشانی”.
زۆربەی سەرچاوەکان؛ ئاماژە بۆئەوە دەکەن ئەم پەیامەی “ئەحمەد بەگ” هەر زوو کاری خۆی دەکات و لەگەڵ گەیشتنی بەدەستی “شێخ مەحمود”، ڕاستەوخۆ ئازاد دەکرێت. کەچی پاش ماوەیەکی کەم لە ئازادکردنی، دووبارە لەلایەن ئینگلیزەکانەوە دەکرێتەوە بە قائیمقامی هەڵەبجە.
“ڕووداوی دووەم: کۆمەڵە و ئاڵای شۆڕش”
کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان وەک ڕێکخستنێکی سیاسی لەباردۆخی دوای دەرچوونی بەیاننامەی(١١ی ئازار) و بەدیاریکراوی لە (١٠/٦/١٩٧٠) لەئەنجامی یەکگرتنی چەند دەستەیەکی لێک جودا لەهەناوی پارتی دیموکراتی کوردستاندا پێکهات. کۆمەڵە بەهۆی ئەم جیاوازیەوە، هەر زوو دووچاری ناکۆکی فکری و کێشەی ناوخۆیی بوویەوە. ناکۆکیەکان قوناغ بەقۆناغ لەگەڵ هەڵکشانی تەمەنی سیاسی ڕێکخراوەکەدا پەرەی سەند کە بریتی بوون لە جیاوازی فکری و ئایدۆلۆژی و دواتریش خاوەنداریەتی ڕێکخراوەکەی هاتەسەر، هاتنە ئارای چەند ڕووداو پێشهاتێک لەنێوان ساڵانی (١٩٧٦-١٩٧٨) بووە هۆی قوڵبوونەوەی زیاتری ناکۆکیەکانی هەناوی کۆمەڵە. وەك ئاشکرابوونی ڕێکخستنەکانی ڕێکخراوەکە و دەستگیرکردنی ژمارەیەکی بەرچاویان لەکۆتاییەکانی ساڵی (١٩٧٥) و هەڵاتنی بەشێک لە سەرکردە دیارەکانیان بۆ وڵاتی ئێران و دەستگیرکردنیان لەوڵاتە و ڕادەستکردنەوەیان بە ڕژێمی بەعس و لەسێدارەدانی هەندێکیان وەک (شەهاب شێخ نوری، جەعفەر عەبدولواحید، ئەنوەر زۆراب) لە (٢١/١١/١٩٧٦).
هەروەها شەهیدبوونی (شاسوار جەلال) ناسراو بەکاک ئارام سکرتێری ڕێکخراوکە لە(٣١/١/١٩٧٨) لەگوندی (تەنگیسەر)، لەبارودۆخێکی گوماناویدا و دواتر دیارکردنی کۆچکردوو (نەوشیروان مستەفا) وەک سکرتێری گشتی کۆمەڵە، لەکاتێدا بۆشایەکی گەورەی ئایدۆلۆژی و فکری لەگەڵ ڕێکخراوەکەدا هەبووە. بەو پێیەی کۆمەڵە بیری چەپ و مارکسی لەخۆگرتووە، بەڵام “نەوشیروان مستەفا” وەك خۆی ئاماژەی بۆ کردووە، بڕوای بەم تیۆرە نەبووە و پێی وابووە پرسێکی ماوە بەسەرچوو و کۆتایی هاتووە. لەپاڵ ئەو هۆکارانەی لەسەرەوە باسکران و چەندین هۆکاری دیکەی لاوەکی دا، بابەتی ئازادبوونی ئەندامانی زیندانیکراوی ڕێکخراوەکە، لەمانگی (ئابی ١٩٧٩) بە بڕیاری لێبوردنی گشتی. یەکێکی تر بوو لەهۆکارە سەرکیەکانی پەرەسەندنی ناکۆکیەکان ناوخۆییەکان و ململانێکانی بردە قۆناغێکی تر، ئەم ئەندامانە دوای ئازادبوون و پەیوەندیکردنەوەیان بەشۆڕشەوە، خۆیان بەدامەزرێنەر و خاوەنی ڕاستەقینەی ڕێکخراوەکە دەزانی و ئامادەنەبوون دان بەو باردۆخە نوێیەدا بنێن، کە لە نەبوونی ئەوان و لەسایەی گرووپی کۆمیتەی هەرێمەکاندا هاتبووە ئاراوە لە ناو کۆمەڵەدا.
بەم چەشنە ئاڵۆزییە ناخۆییەکانی کۆمەڵە بەردەوام لەپەرەسەندن دا بوون. سازدانی کۆنفڕاسی سێیەمی ڕێکخراوەکە (لەهاوینی ساڵی ١٩٨٤ لەمێرگەپان) و شێوازی بەڕێوەچوون و ئەنجامەکانی کۆنفڕانسەکە درز و کەلێنەکانی تەلاری کۆمەڵەی فراوانتر کرد و بووە هۆی تەقینەوەی ناکۆکیەکان و لێکدابڕینی تەواوەتی لایەنە ناکۆکەکان، کە پێکهاتبوون لە کۆمیتەی هەرێمەکان و دواتر لەئەدەبیاتی سیاسی کوردیدا بە ڕەوتی (ئاڵای شۆڕش) ناسران. لەبەرامبەریشیاندا دەستەی کۆچکردووان “جەلال تاڵەبانی” و “نەوشیروان مستەفا” لەگەڵ گرووپی زیندان هەبوون. لە ژێر کاریگەری دۆخەکەدا، لایەنی یەکەم گەیشتنە ئەو باوەڕەی چیتر هیچ بوارێک بۆ پێکەوە هەڵکردن و هەڵسوڕانی ڕێکخراوەیی لەنێو کۆمەڵەدا نەماوەتەوە و پێویستە لەپێناو دەربازکردنی قەیرانەکاندا بیر لە ڕێگە چارەیەکی دیکە بکرێتەوە. ڕاستەوخۆ دوای تەواو بوونی کارەکانی کۆنفڕانس، دەستەی کۆمیتەی هەرێمەکان لە سورداش لەماڵی (مەلابەختیار) یەکێک لەسەرکردە باڵاکانی ڕەوتەکە، کۆبونەوەیەکیان ئەنجامدا و تێیدا بڕیاریاندا لەسەر جیابووەنەوەیان لەکۆمەڵەی ڕەنجدەران و دامەزراندنی ڕێکخراوێکی نوێ، دوا بە دوای ئەمە ڕەوتەکە کۆبوونەیەکی نهێنی و فراوانی بە بەشداری زۆرینەی کادیرە باڵاکانی لەگوندی سێوسێنان لە ناوەڕاستی (هاوینی ١٩٨٤) لەماڵی “عیماد ئەحمەد” گرێدا، لەم کۆبوونەوەیەدا چەند بڕیارێکیان لەبارەی پەیکەری ڕێکخراوەیی و بواری ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکانی ڕێکخراوە نوێکەیانەوە دەرکرد.
بەدوای ئەم هەنگاوەدا (مامۆستا جەعفەر و سالار عەزیز)، کەلەدیارترین سەرکردەکانی ڕەوتەکە بوون و لەو کاتەدا لەڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشتەجێ بوون، هاوڕێ لەگەڵ بەشێک لە ئەندامانی دیکەی دەستەکەدا لەگوندی (زیوێ) وە بەیاننامەیەکیان بەناونیشانی (چیتر بێدەنگی ڕێی تێناچێ) دەرکرد. تێێدا وێڕای وروژاندنی چەندین پرسی هەستیار و مشت وماڵکردنی سیاسەت و هەنگاوەکانی یەکێتی و دۆخی ناوخۆی ئەو حیزبە لەو سەردەمەدا، جاڕی جیابوونەوەیان لە یەکێتی دا و دامەزراندنی ڕێکخراوەکەیان ڕاگەیاند.
هاو تەریب لەگەڵ ئەم هەنگاوانەدا، هەوڵەکان بۆ نێوەندگیری و لێکنزیک کردنەوەی لایەنە ناکۆکەکان هاتنە ئارا و بەچەند شێوازی جیاجیا بەردەوام بوون، لەمیانەی ئەم هەوڵانەشدا ڕۆژی (١٢/١١/١٩٨٥) لەگوندی (یاخسەمەر) لەماڵی تاڵەبانی، کۆبوونەیەک لەنێوان “مەلابەختیار” و “شێخ عەلی”، کۆچکردووان (جەلال تاڵەبانی و نەشیروان مستەفا) و بەشێک لەمەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی و کۆمەڵە ئەنجامدرا. لەکۆبوونەوەکەدا بەشێوازێکی زارەکی لەسەر ئەوە ڕێكکەوتن، کە لەپێناو پاراستنی باسکی سەربازی و پەیکەری ڕێکخراوەیی (یەکێتی نیشتیمانی کوردستان) و ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەزموونی جیابونەوەی سۆشیالیست، کە پێشتر جیابووبوونەوە. کارکردنی پێکەوەیی بپارێزن و ئەزموونی بەرەی (ڕزگاریخوازی فەلەستینی) لەبەرچاوبگرن. واتە ڕەوتەکە هاوشانی کۆمەڵە و سۆشیالیست و شۆڕشگێڕان، ئەمیش ببێتە باڵی چوارەمی نێو تەلاری ڕێکخراوەیی (یەکێتی) و خاوەن ناوێکی جیاواز و پەیڕەوێکی سەربەخۆ خۆی بێت.
لەسەر بنەمای ئەم ڕێکەوتنە زاریەکیە!. سەرکردایەتی ڕەوتی ئاڵای شۆڕش، کەوتنەخۆ و دەستیانکرد بە خۆڕێکخستن و ئامادەکاریکردن بۆ سازدانی یەکەمین کۆنفڕاسی ڕەوتەکەیان و بیچم پێگرتنی لەچوارچێوەی ڕێکخراوێکی فەرمی سەربەخۆدا. کەم ئەزموونی و متمانەی نالۆژیکی سەرکردایەتی ڕەوتەکە، تەنها بە چوونە ناو ڕێکەوتنێکی زارەکی و بەبێ هیچ نوسراو و واژویەکەوە نەوەستا، بەڵکو هۆشداری دۆستەکانیان و جموجۆڵی نائاسایی سەربازی پێشمەرگەی یەکیتی بۆ گەمارۆدانیشیان، نەیتوانی لەو پیلانە بەئاگایان بهێنێتەوە و دەرک بە هەبوونی مەترسیەکەی بکەن، کە پێشتر بەشێک لەسەرکردەکانی ئاڵا خۆیان وەک بژاردەیەک پێشنیاریان کردبوو بۆ سەرکردایەتی یەکێتی لە چارەسەرکردنی قەیرانی سۆشیالست دا.
مەلابەختیار، وەک دیارترین وکاریگەرترین کارەکتەری ڕەوتی ئاڵای شۆڕش، ئەگەرچی پێشتر خۆی پیلانداڕێژەر و جێبەجێکاری چەند کردەیەکی لەداوخستن و پیلانگێڕی بوو، لەوانە ڕووداوی گوندی (کانی ژەنان)ی ناوچەی تاوگۆزی لە(٢٨/٧/١٩٧٨) و ڕوداوی (کانیە ڕەش)ی نزیک گوندی (سێ کانیان) لە (٢٣/٨/١٩٨١). بەڵام ڕەنگە لەهەموو کەس زیاتر ئەو پەندە بۆ “مەلا بەختیار” ڕاستگەڕا بێت کە دەڵێت: (باڵندەی زیرەک هەمیشە بەدەنوک پێوە دەبێت).چونکە ناوبراو لەڕیزی پێشەوەی ئەوکەسانە بوو بەو پەڕی بڕواوە، داکۆکی لە نیازپاکی نەیارەکانیان و ڕاست و دروستی ئەو گفتانەی دەکرد کە پێیاندرابوو. بانگەشەکانی ئەو لەم ڕووەوە ڕۆڵی کاریگەری هەبوو لە باوەڕهێنان و متمانەی بەشی زۆری ئەندام. سەرکردەکانی تری ئاڵای شۆڕش، بەناوەڕۆکی ڕێکەوتنەکە و فریوخواردنیان، سەرەنجام بەکارەساتێکی مێژوویی بۆ خودی خۆی و هاوڕێیانی تەواو بوو. سەر لەبەیانیەکی زووی پایزی ساڵی(١٩٨٥) گوندی (تەکیە)ی ناوچەی قەرەداغ و گوندی (مالومە) بوونە شاهیدی دیمەنێکی نامۆ بە کولتووری کورد و سەرجەم بەها و بنەماکانی ململانێی فکری و ڕێکخراوەیی، لەهەڵمەتێکی سەربازی دا چەندین سەرکردەی باڵای ئاڵای شۆڕش و ژمارەیەک کادر و پێشمەرگەیان، کە دیارترینیان (مەلابەختیار و شێخ عەلی و مامۆستا پشکۆ و عیماد ئەحمەد)بوون، لەئاکامی بڕوابوون و متمانەی بێ بنەمایان بەو گفت و بەڵێنانەی پێیان درابوو، لەداوکەوتن و لەلایەن سەرکردایەتی یەکێتیەوە دەستگیرکران.
لێرەوە چیرۆکی مامەڵەی ناشۆڕشگێڕانە و دوور لە بەها مرۆییەکانی گرتن و ڕاوەدونان و پاکتاوکردن و تەنانەت کوشتوبڕی ئەندامانی ئاڵای شۆرش و زیندانیکردنی سەرکردەکانی (مەلابەختیار و شێخ عەلی و پشکۆ نەجمەدین)دەستی پێکرد. لەم پیلانەدا قوربانیەکان بەبێ گوێدانە ڕابردوو و هەڵسوڕانی ڕێکخراوەیی و پێگە و ناوبانگی سیاسیان، لە ماوەیەکی کەم دا دەیان کەسیان ڕووبەڕوی سزای مەرگ کرانەوە و ژمارەیەکی بەرچاویان هەڵاتن و بەشێکیان لەژێر فشاردا خۆیان ڕادەستی ڕژێمی بەعس کردەوە، لەلایەکی دیکەوە سەرکردە دەستگیرکراوەکانیش ڕووبەڕوی دۆخێکی تووند و بەزەبری، پڕ لە ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی نێو زیندان کران و سەرەڕای ئەوە لە پلنێۆمێکدا بڕیاری مەرگیان بەسەردا درا و ناچار بە نووسینی دانپیانان و پاشگەزبوونەوە و پاکانەکران. بەڵام دواتر لەژێر فشاری ڕێکخراو و پارتە نێوخۆیی و نێودەوڵەتیەکاندا، بڕیاری لەسێدارەدانیان گۆڕدرا بۆ لەسێدارەدانی سیاسی و دوای دەربازکردنی چەندین ساڵ لەو دۆخەی تێدابوون، هەریەکەیان و لەهەلومەرجێکی جیاوازدا ئازادبوون.
“جیاوازی و لێکچوون”
ماوەی نێوان ئەم دوو ڕووداوە واتە لە داو خستنی “ئەحمەد موختار جاف” و سەرکردەکانی ئاڵای شۆڕش، زیاتر لە نیوسەدەیە، یەکەمیان لەباردۆخی دوای جەنگی جیهانی یەکەم و چارەکی یەکەمی سەدەی ڕابردوودا ڕوویدا. کە دواکەوتوویی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و کارگێڕی و ڕۆشنبیری و نەخوێندەواری، دیارترین سیماکانی سەردەمەکەن. کوردستان لەو ڕۆژگارەدا بە تووندی گیرۆدەی دەستی برسێتی و هزری خێڵسالاری و سیستمی دەرەبەگایەتی بوو، یاسا و بنەماکانی خێڵ و دەرەبەگایەتی کۆمەڵی کوردەواری بەڕێوە دەبرد و تروسکایەکی یەکجار کەموکز بۆ کرانەوەی کۆمەڵگە و بەرەوپێشچوونی ئەم باردۆخە ناهەموارە بەدی دەکرا. ناوچەکە گرنگترین و هەستیارترین قۆناغی لە مێژووی خۆیدا دەربازدەکرد. “شێخ مەحمود ڕابەرایەتی شۆڕشەکەی دەکرد. گەورە پیاوێکی ئاینی موڵکدار و کاریگەر بوو بەو بارودۆخە. هەرەزۆری ئەوانەشی لەدەوری کۆبووبوونەوە، چینی دەرەبەگ و سەرۆک خێڵ و چەکدارەکانیان بوون، کە لەڕوی ڕۆشنبیری و خوێندەواریەوە و بەتەواوی هەژار بوون و خاڵی بوون لە هەرچەشنە پاشخانێکی فکری نوێگەر، جوڵانەوەکە خاوەنی ڕێکخستنێکی ئەتۆ و بنکەیەکی جەماوەری ڕێکخراونەبوو. لەسەر ئەم بنەمایە بەشی زۆری ڕەخنەگران، لە خستنەڕوی هەڵسەنگاندنەکانیاندا پێیان وایە شۆڕشەکە جوڵانەوەیەکی ئایدۆلۆژی و نوێخواز و ڕێکخراوی ئەو تۆ نەبووە.
بەڵام ڕووداوی دووەمیان کە (لەداوخستنی ڕەوتی ئاڵای شۆڕش)ە پاش تێپەڕینی زیاتر لە نیوسەدە بەسەر دەستگیرکردنی (ئەحمەد موختار جاف)دا ڕوویداوە، کوردستان بەراورد بەو سەردەمە، لەزۆربەی بوارەکاندا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆوە بینووە، خاوەن چەندین ئەزموونی جوڵانەوەی شۆڕشگێڕی بووە، لە ڕووی خوێندەواری و ڕۆشنبیریەوە هەنگاوی باشی ناوە و لەزۆربەی بوارەکاندا کرانەوەی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، سەرکردەکانی یەکێتی و کۆمەڵە خوێندەوارانی ڕووناکبیر و نوسەرانی هەرە دیاری کۆمەڵگا و پێشەنگانی ڕەخنەگری بیری کۆنە پەرستی و شۆڕشی خێڵ و ڕابەری دەرەبەگ بوون. پەیڕەوانی بیری چەپی پێشکەوتووخواز و بانگەشەکارانی دامەزراندنی کوردستانێکی ئازاد و دیموکرات و کۆمەڵگەیەکی سۆشیالیستی بوون.
یەکێتی ئەوکات خاوەن ڕێکخراوی جەماوەری فراوان و ڕێکخستنی تۆکمە و خوێندەواری ڕۆشنبیر بوو. بەشی هەرە زۆری هەڵسوڕاوانی شۆڕشەکە، لە توێژی گەنجان و ڕوناکبیرانی چەپ و مارکسی بوون. سەڕای هەموو ئەمانە سروشتی ناکۆکی نێوان (ئەحمەد موختار و شێخ مەحمود) وەک لەسەرەتادا باسکرا، لە ناکۆکیەکی خێڵایەتی و ململانێی دەسەڵاتەوە سەرچاوەی گرتبوو، بەپێچەوانەوە سەرەکیترین هۆکاری ناکۆکی نێو ماڵی کۆمەڵە و یەکێتی، جیاوازی بیری سیاسی و تێڕوانینی ئایدۆلۆژی بوو بۆ پرسەکان. لەبەر ڕۆشنایی ئەم تایبەتمەندیانەدا، دەبوو جیاوازیەکی بنەڕەتی لەکاردانەوە و چۆنیەتی مامەڵەکردن سەرکردایەتی یەکێتی و کۆمەڵە بەدی بکرێت، لەئاست ئەو تەنگەژە نێوخۆییەدا، بەڵام وا دەرنەچوو. بۆساغکردنەوەی ئەمەش، لێرەدا هەوڵدەدەین تیشک بخەینەسەر چەند جیاوازیەك لەکاردانەوە و مامەڵەی هەردوولا دەرهەق ڕکابەرەکانیان و بەراوردێک لەم بارەیەوە بخەینەڕوو:-
یەکەم:- لەڕووداوی دەستبەسەر کردنی “ئەحمەد بەگ” دا هیچ چەشنە وادەو بەڵنێک لەئارادانیە، هیچ پەیمانێکیش بۆ لە داوخستن و فریودانی نەدراوە تەنها سود لە دڵسۆزی متمانەی ناوبراو بینراوە بۆ دەستگیرکردنی، بەپێچەوانەوە ئەمەی دووەمیان لەسەر بنەمای بەڵنێک بوو لەکۆبونەوەیەکی فراون و بە ئامادەبوونی زۆرێک لە سەرکردە بڕیار بەدەستەکانی یەکێتی و کۆمەڵە پێیاندرا بوو.
دووەم:- ئەحمەد بەگ بەتۆمەتی سیخوڕی بۆ ئینگلیز و لەسەربنەمای ڕاپۆرتی نزیکانی دەربارهی “شێخ مەحمود” دەست بهسەرکرا، بەڵام دامەزرێنەرانی ئاڵای شۆڕش و ئەندامانی جگە لەوەی جیاوازی فکری و ناکۆکی ئایدۆلۆژی هانی دابوون بۆ جیابوونەوەیان لەکۆمەڵە، ئێستاشی لەگەڵ بێت نەتوانرا هیچ تۆمەتێکی وەک سیخۆڕی یان خیانەت و ناپاکی لەدژیان بسلمێنرێت.
سێیەم:- ماوەی زینداینی کردنی “ئەحمەد بەگ” چەند ڕۆژێکی کەمی خایاندووە. لەو ماوەیەدا هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدا نیە بیسەلمێنێت ناوبراو یان ئەو کەسانەی لەگەڵیدابوون، ڕووبەڕوی ئەشکەنجەی جەستەیی یان مامەڵەیەکی تووندوتیژ بوو بێتنەوە، سەرباری ناکۆکی قووڵی نێوان لایەنەکان، ڕووداوەکە بەبێ هیچ کوشتن و خوێن ڕشتنێک کۆتایی هاتووە. بەپێچەوانەوە لەگەڵ ئەوەی سەرکردەکانی ئاڵای شۆڕش، چەندین ساڵ بە دەستبەسەری مانەوە و لەو ماوەیەدا دووچاری تووندترین ئەشکەنجە و ئازاری جەستەیی و دەروونی بوونەوە و دەیان کەس لەئەندامانی ڕەوتەکەش بەتۆمەتی نزیکی یان پەیوەندیکردن پێیانەوە، ڕووبەڕوی شاڵاوی کوشتن و گرتن و ڕاوەدونانی بێ ڕەحمانە بوونەوە.
چوارەم:- ئەحمەدبەگ بەخواستی خۆی و بەبێ ئەوەی لەژێر هیچ فشار و ناچارکردنێکدا بێت. نامەکەی خۆی ئاڕاستەی “شێخ مەحمود” دەکات. بەڵام سەرکردەکانی ئاڵای شۆڕش لەژێر فشاری دەروونی و جەستەی توند و تیژدا ودوای سازدانی پلینێۆمێک و دەرکردنی بڕیاری لەسێدارەدانیان تێیدا، ناچار بە واژۆکردنی پاکانەیەکی ئامادەکراو کران. کە ناوەڕۆکەکەی بریتی بوو لەوەی ڕابردووی خۆیان و ڕەوتەکەیان بە خیانەتکار لەقەڵەم بدەن و داهاتووی سیاسی خۆشیان لە سێدارەبدەن. ئەو کات پاکانەکە لەڕێگەی ڕادیۆ و ئۆرگانە میدیاییەکانی یەکێتیەوە پەخشکراوە و وێنەیەکی بۆ سەرجەم لایەنە سیاسیەکان نێردراوە.
پێنجەم:- سەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن لەگەڵ گەیشتنی پەیامەکەی “ئەحمەد موختار” بە “شێخ مەحمود”، ڕاستەوخۆ فەرمانی ئازادکردنی بۆ دەرکردووە و ئازادکراوە و هیچ کاتیش ئەم ڕووداوە و خودی پەیامەکەشی نە لەلای لایەنگرانی شێخ و نە لەلایەن نەیارانی “ئەحمەد بەگ”ەوە وەک بابەتێکی شانازی کردن، یان شکاندن بەکارنەهێنراوە و باسی لێوە نەکراوە. بەڵام بەپێچەوانەوە لە ڕووداوی دووەم دا دوای ناچارکردنیشیان بەواژۆکردنی پاکانەکە، سەرکردەکانی ئاڵا چەندین ساڵی دیکە لەزیندان مانەوە و ئەگەرچی لەلای هەندێک لەوانەی کە ڕۆڵیان هەبووە تێدا ئەم کردەوانەدا بە پەڵەیەکی ڕەشی نێوچاوان دادەنرێ و شەرمی لێ دەکەن، بەڵام ئێستاشی لەگەڵ بێت زۆرن ئەوانەی شانازی بەم ڕەفتارانەوە دەکەن و هێشتاش وەک بابەتێک بۆ نیشاندانی هێزی خۆیان و سەرکردەکانیان و شکاندن و بریندارکردنی ڕکابەرەکانیان بەکاریدەهێنن وباسی دەکەن.
“ئەنجام”
سەرنجدان لەو خاڵانەی سەرەوە دەمانگەیەنێتە ئەو ئەنجامەی، کاردانەوە و چۆنیەتی مامەڵەی سەرکردایەتی یەکێتی و کۆمەڵە لەگەڵ ئاڵای شۆڕشدا، نەک لەئاست کرانەوە و پێشکەوتنی هەمەلایەنەی کۆمەڵگا لەو قۆناغەدا نەبووە بە بەراورد بەسەردەمی “شێخ مەحمود” لەلایەک و پاشخانی ڕۆشنبیری و هزری بڕیار بەدەستەکانی لەلایەکی ترەوە، بەڵکو بەهەنگاوی زۆر گەورە و دوری نائومێدکەر لەدوای هەڵوێست و مامەڵەی نەرم و شۆڕشگێڕانەی “شێخ مەحمود” و سەردەمەکەیەوەن. ئەم ڕووداوە سەلماندی کە ئەنجامدەرانی ئەو کردەوانە هەموو ئەو تایبەتمەندیە هزری و ڕۆشنبیریانەی بەردەوام وەک کەرەستەیەکی بانگەشەکردن لەناساندن و پێناسەکردنی خۆیاندا بەکاریان دەهێنا، تەنها لەچوارچێوەی ڕواڵەتدا بوون و نەیاتوانی لە کردەوەدا ڕەنگ بداتەوە و کەمترین بەرەو پێچشوون و تێگەشتن لە ئەقڵیەتی ململانێی هزری و قبوڵکردنی جیاوازیەکان لەلایان دروست بکات. بەپێچەوانەوە هزری سڕینەوە و سەرکوتکردنی جیاوازیەکان پەڕگیرانە لەمەیدانی کردەوەدا پیادەکرا لەگەڵ ئەمەشدا ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە، هەتا ئێستاش خەڵکانێک هەن سەرسەختانە بەرگری لەم هەڵوێستانە دەکەن و بەو پەڕی بڕوایانەوە داکۆکی لە سیاسەتی سەرکوت و سڕینەوەی جیاوازیەکان دەکەن. لەکاتێدا بەپێی زۆربەی سەرچاوەکان “شێخ مەحمود”ی نەمر هەتا کۆتایی تەمەنی بەچاوی ڕێز و خۆشەویستی زۆرەوە لە “ئەحمەد بەگ”ی ڕوانیوە و هیچکات ئەم ڕووداوەی وەک کەرەستەیەک بۆ شکاندن و بریندارکردنی بەکارنەهێناوە.
بەهەمان شێوە “ئەحمەد موختار جاف”یش، سەرەڕای ئەوەی ماوەیەکی کەم دوای ئازادبوونی دەسەڵاتی گرتووەتەوە دەست، بەڵام تا دوا ساتەکانی ژیانی بە هیچ شێوەیەک نەچووەتە بەرەی دژایەتی کردنی “شێخ مەحمود” و نۆکەرانی ئینگلیزەوە و تاسەر بەدڵسۆزی لەبەرامبەریدا مایەوە و هەمیشە بەڕێز و خۆشەویستییەوە ناوی بردووە. هەرچی ئەندامان و سەرکردایەتی ئاڵای شۆڕشیشە، سەرباری هەموو ئەو سەختی و ئازار و نەهامەتیانەی لەسەر دەستی هاوڕێکانیان دووچاری بوون بەشێکی کەمیان نەبێت، کە لەکایەی سیاسی دوورکەوتنەوە یاخود پەیوەندیان بە پارت و ڕێکخراوەکانی دیکەوە کرد. لە ئاهەنگێکی جەماوەری فراواندا و لەیاریگای سلێمانی لەساڵی(١٩٩٣) وەک مەلا بەختیار خۆی دەڵێت (پێێان لە برینەکانی خۆیان ناو) یەکگرتنەوەیان لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕاگەیاند. هەتا ئێستا و سەرباری هەموو ئەو فشار و ئاستەنگ و دژایەتی و تەنانەت جیاکاریەش، ئاڵای شۆڕشەکان لەناو ڕیزەکانی یەکێتی دووچاری دەبنەوە، دڵسۆزانە بەردەوامن لە هەڵسوڕانی ڕێکخراوەی خۆیان لەئاست و ئۆرگانە جیاوازەکانی نێو یەکێتی دا. “مەلا بەختیار” نموونەی هەرە بەرجەستەی هەڵسوڕانی دڵسۆزانە و داکۆکیکاری لێبڕاوانەی دوای یەکگرتنەوەی ئاڵاییەکانە، لە ناو یەکێتی دا و ناوبراو یەکێکە لە کاریگەرترین جەمسەرەکانی ئەو حیزبە لە چەند دەیەی ڕابردوودا.
لەئامادەکردنی ئەم بابەتەدا سود لەم سەرچاوانەی خوارەوە وەرگیراوە:
١-کتێبی (دیداری تەمەن) ئامادەکردنی سەلاح ڕەشید، بەشی دووەم، چاپی چوارەم (٢٠١٩).
٢-کتێبی(لەبری بیرەوەری) نوسینی مەلابەختیار، چاپی یەکەم (٢٠٢٠).
٣-کتێبی (ئەزموون ویاد) نوسینی پشکۆ نەجمەدین، چاپی سێهەم(٢٠١٠).
٤- کتێبی (بەخەونی گەورەوە کەوتینە ڕێ) نوسینی مامۆستا جەعفەر(فازیل کەریم)، بەرگی دووەم چاپی یەکەم(٢٠٢٠).
٥- کتێبی (کوانووی خەبات) نوسینی فائق هەڵەبجەی(فائق قادر حەمەساڵح)، چاپی یەکەم(٢٠٢٠).
٦- کتێبی (چەپکێک لە مێژووی کۆمەڵە) نوسینی ئیبراهیم جەلال، چاپی یەکەم(٢٠١١).
٧- کتێبی(دیوانی شیعری ئەحمەد موختارجاف ) ئامادەکردن و لێکدانەوە و پێشەکی (د.عیزەدین مستەفا ڕەسول)، چاپی دووەم (٢٠١٦).
٨-کتێبی(هەڵەبجە١٨٨٩-١٩٣٠) نوسینی عادل سدیق، چاپی یەکەم (٢٠٠٨).
٩- کتێبی(عادیلە خانم، کەسایەتی سیاسی و ئەردەڵانی بوون و ساحێبقرانی بوونی) نوسینی عادل سدیق ، چاپی یەکەم (٢٠١٠).