ڕایان گریم:- ئه‌و سیاسه‌ته ئه‌رێنییه‌ی به‌لشویکه‌کان چۆناوچۆن له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی ئیستالینیستی پێک گه‌یشتن؟ له‌و ئایدیایانه‌ی که فێری خه‌ڵک کرابوو، پێیان سه‌لمێنرابوو، یان خه‌ڵک باوه‌ڕی پێیان هه‌بوو، پاش جه‌نگی دووهه‌می جیهانی چ شتێک مایه‌وه؟ و ئایا ڕووداوی “هۆلۆدومۆر” له‌سه‌ر ناوچه جۆراوجۆره‌کانی ئۆکراینا کاریگه‌ری جیاوازی هه‌بوو؟
ڤیلادیمه‌ر ئیشچێنکۆ:- به‌ڵێ، هولۆدومۆر، قاتساڵیی و قاتوقڕیی گه‌وره‌ی 1942 و 1943 له گێڕانه‌وه‌ی مێژووی هاوچه‌رخی ئۆکراینادا زۆر گرینگه و هه‌ندێک له مێژوونوسان و هه‌روه‌ها زۆربه‌ی نوخبه سیاسییه‌کان و ته‌نانه‌ت خه‌ڵک له ڕاپرسییه‌کاندا ده‌ڵێن که هولۆدومۆر ژینۆسایدی نه‌ته‌وه‌ی ئۆکراینا بووه؛ ئه‌گه‌رچی…(ڕاده‌مێنێت) به‌هه‌رحاڵ له‌م چرکه‌ساته‌دا باسێکی زۆر ئاڵۆزه. و یه‌کێک له به‌دواداهاته‌کانی ئه‌م هێرشکردنه ئه‌مه‌یه که کۆی مێژووی ئۆکراینا سه‌ر له‌نوێ ده‌نووسرێته‌وه. و تا ڕاده‌یه‌کی زۆر هه‌موو شتێک وه‌کوو هه‌نگاوگه‌لێک به‌ره‌و ئه‌و شته‌ی وا پووتین ئه‌نجامی دا ده‌خوێنرێته‌وه. و هه‌ڵبه‌ت ئێسته خه‌ڵکانێکی زیاتر بۆیان ده‌سه‌لمێت که به‌ڵێ به‌دڵنیاییه‌وه کۆمۆنیسته‌کان ده‌یانه‌ویست نه‌ته‌وه‌ی ئۆکراینا له‌ناو ببه‌ن، یان لانیکه‌م تا ئه‌و شوێنه‌ی بۆیان ده‌لوێت ئۆکرایناییه‌کان بکوژن. و به‌داخه‌وه هه‌ر چه‌شنه باسێکی ناسک له‌م باره‌یه‌وه بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ زۆر سه‌خت ده‌بێت به‌ده‌ر له‌وه‌ی که شه‌ڕه‌که چۆن کۆتایی پێ بێت.
ڕایان گریم: ڕاسته.
ڤیلادیمه‌ر ئیشچێنکۆ:- له ماوی قۆناغی ئیستالینیستیدا سیاسه‌ته‌کانی کۆرێنیزاتسیا به‌ره‌به‌ره پێداچوونه‌وه‌ی بۆ کرا و به تایبه‌تی له ماوه‌ی جه‌نگی دووهه‌می جیهانیدا ئیستالین ده‌ستی کرد به‌مه‌ی که زیاتر له هه‌ر شتێک قورسایی بخاته سه‌ر شوناسی ڕووسی؛ پاڵه‌وانه‌کانی ئیمپراتۆریای ڕووسیا به‌شێوه‌یه‌ک بانگهێشت کرانه‌وه. ئیستالین ده‌ستی کرد به دروستکردنی گێڕانهوهیک له یه‌کێتی سۆڤییه‌ت که پێداگرییه‌کی زیاتری له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی ڕووس هه‌بوو. و پاش شه‌ڕ ئه‌وه‌ی وا له ژێر ناوی “بهڕووسیکردن” باسی کراوه قووڵتر و خه‌ستتر بوویه‌وه.
ڕایان گریم:- ئه‌م ڕووداوه پاش که‌وتن و دابه‌شبوونی یه‌کێتی سۆڤییه‌ت و کاتێک که ئۆکراینا به ته‌واوه‌تی سه‌ربه‌خۆیی وه‌رگرت چ کاریگه‌ریگه‌لێکی فه‌رهه‌نگیی هه‌بوو؟
ڤیلادیمه‌ر ئیشچێنکۆ:- له ڕاستیدا کاریگه‌رییه‌که‌ی چه‌ند لایه‌نه‌ی بوو. چونکه له‌گه‌ڵ هه‌بوونی ئه‌م “بهڕووسیکردن”ه هێورهدا، ده‌وڵه‌تی سۆڤییه‌ت له ڕاستیدا زۆرێک له به‌رهه‌مه که‌لتوورییه‌کانی ئۆکراینازمانهکان، چاپه‌مه‌نییه ئۆکراینازمانییهکان، کتێب و شانۆنامه و فیلمه ئۆکراینازمانییهکانی پشتگیری کرد. ئه‌وان پشتگیرییه‌کی ماڵیی زۆر و زه‌به‌ندیان له ده‌وڵه‌ت وه‌رگرت. پاش ڕووخانی یه‌کێتی سۆڤییه‌ت، ئه‌م پشتگیرییه نه‌ما. و ئه‌وه‌ی وا له سه‌ر ئه‌رزی واقیعدا ڕووی دا ئه‌مه بوو که هه‌ژموونی و ده‌سه‌ڵاتی بازاڕ ده‌ستی پێ‌کرد. تا شوێنێک که بۆ نموونه سه‌رۆککۆماری ئێستای ئۆکراینا؛ ڤیلادیمه‌ر زیلینسکی، زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ئیشه هونه‌رییه‌کانی خۆی پێش ئه‌وه‌ی که ببێت به سه‌رۆککۆمار و کاتێک که ئه‌کته‌ری کۆمێدی بوو به زمانی ڕووسی به‌رهه‌م ده‌هێنا؛ ئه‌مه‌ش له‌پاڵ ئه‌وه‌ی که وا بیر ده‌که‌مه‌وه که هه‌موو که‌سانی ناو گرووپه‌که‌ی ئۆکراینایی بوون. بۆ؟ بۆچی به زمانی ڕووسی؟ چونکه به زمانی ڕووسی ده‌توانن به‌رهه‌مه‌کانی خۆتان له هه‌موو ڕووسیا و به‌شێکی زۆر له ناوچه‌کانی دیکه‌ی یه‌کێتی سۆڤێتی پێشوو بفرۆشن. هه‌ربۆیه فیلمه‌کانی زیلینسکی له لایه‌ن بینه‌رانێکی زۆره‌وه وه‌رده‌گیرا. ساده‌یه؛ ئه‌مه لۆژیکی بازاڕه. زۆر ساده و زۆر ڕوون و ڕه‌وان!
کێشه‌که ئه‌مه بوو که پشتگیریی جێگه‌ی سه‌رنجی ده‌وڵه‌ت له زمانی ئۆکراینا ڕاگیرا؛ له حاڵێکدا ئه‌م زمانه پێویستی به پشتگیریی ده‌وڵه‌تی هه‌بوو. ڕووداوێک که پاش شۆڕشی یورۆ-گۆڕه‌پان له ساڵی 2014 و پاش جه‌نگ له دوونباس هاته ئاراوه و به بیانووی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ڕووسیا ده‌وڵه‌تی ئۆکراینا ده‌ستی دایه په‌ره‌پێدانی سیاسه‌تگه‌لێک به لۆژیکی ((پاسه‌وانی)) بۆ پشتگیری له هونه‌رمه‌ندان یان نوسه‌رانی دانیشتووی ئۆکراینا. بۆ نموونه زۆرێک له که‌ناڵه ته‌له‌ڤیزیۆنییه‌کانی ڕووسییایان داخست و له به‌رده‌م هاورده‌کردنی کتێبه ڕووسییه‌کانیان بۆ ئۆکراینا له‌مپه‌ر و دژوارییان دروست کرد. ئه‌م کاره به‌شێوه‌یه‌ک فه‌زا و دۆخێکی پاسهوانیلێکراوی بۆ که‌لتووری ئۆکراینازمان دروست کرد. ئه‌م سیاسه‌تانه له‌گه‌ڵ هۆگریی خه‌ڵکی ئۆکراینا به ئۆکرینابوونیان، له‌پاڵ جه‌نگی دونباس که له لایه‌ن به‌شێک له حه‌شامه‌تی ئۆکراینا وه‌کوو ده‌ستدرێژی ڕووسییا ده‌خوێنرایه‌وه، هه‌م به‌رده‌نگی پێویست و هه‌م کرده‌وه و چالاکیی پاسه‌وانی بۆ په‌ره‌پێدانی که‌لتووری ئۆکراینازمان له‌بار و هه‌موار کرد. هه‌ر بۆیه له ئێستادا ئه‌م زمانه له‌چاوه‌ی مێژووی 25 ساڵه‌ی پێش له یورۆ-گۆڕه‌پان که زمانی ڕووسی به بێ وه‌رگرتنی هیچ پاڵپشتی و پشتیوانییه‌کی جێگه‌ی سه‌رنج، هێشتا له پێگه‌یه‌کی تا ڕاده‌یه‌ک به‌هێز له پانتای گشتیی ئۆکراینا بوو، جێگهوپێگهیهکی به‌هێزتری په‌یدا کردووه.
ڕایان گریم:- ڕوانگه‌ی ئێوه له‌باره‌ی شۆڕشی یورۆ-گۆڕه‌پان له‌و سه‌رده‌مه‌دا چ بوو؟
ڤیلادیمه‌ر ئیشچێنکۆ:- له کاتی ڕوودانیدا زۆر گه‌شبین نه‌بووم و..(ڕاده‌مێنێت) ئێمه ده‌ستمان کرد به خوێندنه‌وه له‌باره‌ی یورۆ-گۆڕه‌پان تاکوو به‌شێوه‌یه‌کی سیسته‌ماتیک ده‌یتا په‌یوه‌سته‌کان به ڕووداوه‌کانی ناڕه‌زایه‌تیی یورۆ-گۆڕه‌پان کۆ بکه‌ینه‌وه؛ له‌گه‌ڵ به‌شدارانی یورۆ-گۆڕه‌پان و هه‌روه‌ها به‌شدارانی خۆپیشاندانێک که دژی یورۆ-گۆڕه‌پان هاتبووه ئاراوه و هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ هه‌ندێک له ئه‌ندامانی هێزه‌کانی ئاسایش قسه‌مان کرد. ئه‌مانه بابه‌ت و پرسگه‌لی به‌رهه‌ست و ئه‌زموونکراوی زۆر گرینگن که ئێمه هێشتا خه‌ریکی لێکدانه‌وه و شیکردنهوهیانین.
به‌ڵام ئێستا تێده‌گه‌ین که یورۆ-گۆڕه‌پان شتێکه له‌شێوه‌ی شۆڕشێکی ناته‌واو و نیوه‌چڵ، ڕێگه‌چاره‌یه‌کی ناته‌واو بۆ قه‌یرانی نوێنه‌رایه‌تیی سیاسی. ئه‌م قه‌یرانه کێشه‌یه‌کی گه‌وره بۆ هه‌موو وڵاتانی(دامه‌زراوی) پاش یه‌کێتی سۆڤییه‌ت بوو. و پووتینیسم و حوکمڕانیی لوکاشێنکۆ له بێلارووس ڕێگه‌چاره‌یه‌کی ناته‌واوی دیکه‌یه: ڕێگه‌چاره‌یه‌ک که قه‌یرانه‌که‌ی وه‌ک خۆی هێشته‌وه، تا ڕاده‌یه‌ک جێگیری کرد- و هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو به‌هۆی دروستبوونی شتێک که پێی ده‌ڵێن زۆرینه‌ی لایه‌نگری پووتین، که ڕه‌نگه به‌ڕاستی زۆرینه نه‌بن، به‌ڵام به‌م حاڵه‌شه‌وه هێشتا ژماره‌یه‌کی جێی سه‌رنجی خه‌ڵک هه‌ن که به‌شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام ده‌نگ به پووتین ده‌ده‌ن و هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه ده‌ورێکی زۆر گرینگی هه‌یه له‌وه‌ی که ئه‌و توانیویه‌تی ئه‌م هه‌موو ساڵه له‌سه‌ر کورسی ده‌سه‌ڵات بمێنێته‌وه.
شۆڕشه‌کانی گۆڕه‌پان که له ڕاستیدا ئێمه وه‌کوو ده‌ربڕینێکی گشتی که‌ڵکی لێوه‌رده‌گرین، ڕێگه‌چاره‌یه‌کی ناته‌واوی دیکه‌یه بۆ قه‌یرانی نوێنه‌رایه‌تیی سیاسی. هه‌ڵبه‌ت نه‌ک ڕێگه‌چاره‌یه‌ک که قه‌یرانه‌که بپارێزێت به‌ڵکوو ڕێگه‌چاره‌یه‌ک که بۆ چاره‌سه‌رکردنی قه‌یران ده‌یه‌ویست زۆربه‌ی چین و توێژه‌کان بێنیته پانتای سیاسه‌ته‌وه، پانتایه‌ک که خه‌ڵک لێی نامۆ بووبوونه‌وه و باوه‌ڕیان پێی نه‌بوو. ئه‌وان باوه‌ڕیان به هیچ سیاسه‌تمه‌دارێک نه‌بوو. متمانه‌یان به ده‌وڵه‌ت و په‌ڕله‌مان زۆر که‌م بوو. و کاتوساتی ڕاپه‌ڕین و شۆڕش یان هه‌مان ڕێکه‌وتن له ڕاستیدا هاتنهپانتای خه‌ڵکه بۆ ناو سیاسه‌ت؛ ئه‌و شته‌ی که بڕیاره کێشه‌ی مه‌ودای نێوان کۆمه‌ڵگا و پانتای سیاسی که هۆکاری دروستبوونی قه‌یرانی نوێنه‌رایه‌تی سیاسییه، چاره‌سه‌ر بکات. به‌ڵام له هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌رکردنی ئه‌م قه‌یرانه‌دا، شۆڕشه‌کانی گۆڕه‌پان ته‌نها و ته‌نها قه‌یرانی به‌رهه‌م هێناوه‌ته‌وه و ته‌نانه‌ت قووڵتریشی کردووه‌ته‌وه.
بوارم بده‌ن بابه‌ته‌که ڕوون بکه‌مه‌وه: ئه‌و شۆڕشانه‌ی گۆڕه‌پان به ڕاستی خه‌ونی شۆڕشگێرانه‌یان هه‌ڵگرتبوو. و خه‌ڵک نه‌یانده‌ویست ته‌نها ئولیگارشییهک واته ڤیکتۆر یانوکۆڤیچ؛ سه‌رۆککۆماری پێش شۆڕشی یورۆگۆڕهپانی ئۆکراینا له‌گه‌ڵ ئۆلیگارشێکی دیکه واته پیترۆ پورۆشێنکۆ؛ سه‌رۆکۆماری پاش یورۆگۆڕهپانی ئۆکراینا بگۆڕنه‌وه. پورۆشێنکۆیهک که له‌ڕاستیدا ملیۆنێرێکه و قازانجێکی زۆری مادیی له سهرۆککۆماربوون وه‌رگرت، به سه‌رنجدان به‌و پێگه‌یه‌ی که له‌م ساڵانه‌دا له لیستی فوربێس(له که‌سانی ده‌وڵه‌مه‌ند له ئۆکراینا)هه‌یبوو.
ئه‌و خه‌ڵکه‌ی وا ناڕه‌زایه‌تییان ده‌ربڕی به‌ڕاستی ده‌یانه‌ویست گۆڕانێکی بنه‌مایی له سیسته‌مدا دروست بکه‌ن. ئه‌وان به‌ڕاستی خه‌ونی گۆڕانگهلی شۆڕشگێڕانه‌یان هه‌بوو. به‌ڵام ئه‌وان ئه‌م خه‌ونه شۆڕشگێڕانه‌یان به شێوه‌یه‌کی لێڵ ده‌رده‌بڕی. ئه‌وان به‌هیچ شێوه‌یه‌ک به‌رنامه و پلانگه‌لی قاڵکراو و بیچمگرتوو و به باشی ڕوونکراویان بۆ گۆڕان نه‌بوو. ئه‌وان هه‌روه‌ها ڕێکخستنێکی لاوازیان هه‌بوو، به بێ ڕێکخراوگه‌لێکی وه‌ها به‌هێز که بتوانن ڕێبه‌رایه‌تیی ئه‌و ڕێکخستنه شۆڕشگێڕانهییه بگرنه ئه‌ستۆ. له‌ڕاستیشدا به نیسبه‌ت ڕێبه‌رانی ئۆپۆزیسیۆن که له لایه‌ن گۆڕه‌پانه‌وه قسه‌یان ده‌کرد بێمتمانه‌ییه‌کی زۆر هه‌بوو، زۆربه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه‌ی که له گۆڕه‌پانه‌کاندا خۆپیشاندانیان ده‌کرد، ئه‌وانیان قه‌ت به مانای ڕێبه‌ری ڕاسته‌قینه په‌سند نه‌ده‌کرد. به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه بوو ئه‌و خه‌ون و خه‌یاڵه شۆڕشگێڕانه‌یه له نه‌بوونی ڕێبه‌رایه‌تییه‌کی به‌هێز- له نه‌بوونی ڕێبه‌رایه‌تییه‌کی خۆڕسکی به‌هێز که به‌ڕاستی نوێنه‌رایه‌تیی به‌شداربووان له شۆڕشدا بکات- و له نه‌بوونی ڕێکخراوێکی به‌هێز و له نه‌بوونی به‌رنامه و پلانگه‌لی دیاریکراو و بیچمدار، نه‌یانده‌توانی ڕێکخراوه‌کان به‌شێوه‌یه‌ک که خه‌ڵک ده‌یانویست بگۆڕن. و له‌باتی ئه‌وه شۆڕشه‌کانی یورۆگۆڕهپان ئه‌گه‌ری دروستبوونی جۆرێک له ڕه‌وایی شۆڕشگێڕانه‌یان به‌دیهێنا که به‌هۆیه‌وه گرووپه جۆراوجۆره به‌شداریکه‌ره‌کان له ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی یۆرۆگۆڕهپاندا له‌وانه لیبراڵه‌کان، ناسیۆنالیسته‌کان، ڕاسته توندڕه‌وه‌کان، حیزبه ئولیگارشییهکان و…ده‌یانتوانی پشتی پێ ببه‌ستن و به‌رنامه‌کانی خۆیان که زۆر جیاوازتر بوو له‌وه‌ی که خه‌ڵک له خه‌ون و خه‌یاڵدانیان هه‌بوو، ڕابگه‌یه‌نن و به‌دوایدا بچن. بۆیه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که هه‌لی کار و حه‌قده‌ستی باشتر بۆ خه‌ڵک به‌دیبێنێت، به هه‌مان شێوه که له ئه‌ورووپا هه‌یه، به‌رنامه‌کانی ڕێکخراوه ناحکومییه نیولیبراڵه‌کان بوو به تووشیانه‌وه.
ڕایان گریم:- ڕاسته. ئێوه که له‌باره‌ی ئه‌و چرکه‌ساته‌ی شۆڕشه‌وه توێژینه‌وه‌تان کردووه، به‌ڕاتان وردترین ڕێگا بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی ڕۆڵی ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کان له شۆڕشی یورۆگۆڕهپاندا چییه؟
ڤیلادیمه‌ر ئیشچێنکۆ:- من ده‌ڵێم که ده‌عیه و بانگه‌شه‌ی ئه‌مه‌ی که ئامریکا هۆکاری هه‌ڵخڕێنه‌ری شۆڕش بووه و گێڕانه‌وه‌یه‌کی زۆر کڵێشه‌یی له‌ژێر ناوی کووده‌تای پشتگیریکراو له لایه‌ن ڕێکخراوی سی ئای ئه‌ی که هه‌ڵوێستێکه که له لایه‌ن هه‌ندێک له چه‌په‌کانه‌وه خرایه ڕوو، چه‌واشه‌کردنێکی گه‌وره‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که له ئه‌رزی واقیعدا ڕووی داوه. ئه‌وه‌ی ڕووی دا زیاتر شتێک بوو که باسم کرد. شۆڕشی یورۆ-گۆڕه‌پان شۆڕشێکی ناته‌واو بوو؛ شۆڕشێکی له‌ت له‌ت و هه‌ڵگری ئه‌گه‌ری ڕفاندن و داگیرکران له له‌یه‌ن پلانگه‌ل و هۆکارگه‌لی جۆراوجۆر. و ده‌وڵه‌تی ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کان به‌ر له‌وه‌ی ده‌سپێکه‌ری شۆڕشی یورۆگۆڕهپان بێت، بۆ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆی له ئه‌ورووپای ڕۆژهه‌ڵاتدا که‌ڵکی لێوه‌رگرت. ئه‌وه‌ی پاش شۆڕشی یورۆگۆڕهپان هاته ئاراوه و ڕووی دا، جۆرێک جێگیرکردن و ڕه‌گاژۆکردنی میکانیزمه جۆراوجۆره‌کانی کۆنترۆڵ و گرێدراوێتی ده‌وڵه‌تی ئۆکراینا به ڕێکخراو و ده‌وڵه‌تانی ڕۆژاوه‌وه بوو.
له گێڕانه‌وه ڕووسییه‌که‌یدا و هه‌روه‌ها له گێڕانه‌وه‌ی گرووپگه‌لێک له ئۆپۆزیسیۆن ئه‌م ڕووداوانه به پلاندانراو له ده‌ره‌وه یان ئاڕاسته‌کراو له ده‌ره‌وه هاتووه. بێگومان ئه‌مه ده‌ربڕینێکی زۆر دووره له ڕاستی. به‌ڵام ئه‌مه‌ش ڕاسته که ئۆکراینا(پاش ئه‌م شۆڕشه) زیاتر له ڕابردوو گرێدراوێتی به ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ته بیانییه‌کان په‌یدا کرد؛ زیاتر له هه‌ر کاتوساتێکی دیکه پاش ڕووخانی یه‌کێتی سۆڤییه‌ت. ئه‌م گرێدراوێتییهوه وه‌کوو ئامرازێک له هه‌مبه‌ر گه‌نده‌ڵیدا ده‌خوێنرایه‌وه چونکه وا پاساوی ده‌هێنرایه‌وه که ئۆکرایناییه‌کان به ئاسانی تووشی گه‌نده‌ڵی ده‌بن یان ته‌نانه‌ت پێشوه‌خت له هه‌ندێک له تۆڕه‌کانی مافیا و ساخته‌کارییه‌وه گلاون و بهرژهوهنیگهلێکی دیاریکراوی ئه‌و تۆڕانه په‌ره پێده‌ده‌ن و له‌م ڕووه‌وه پێدانی ڕۆڵی زیاتر به بیانییه‌کان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی ئۆکراینا ده‌بووه هۆی شه‌فافییه‌تی زیاتر و مه‌ترسیی که‌متری هاتنه‌ئارای گه‌نده‌ڵییه‌وه.
هه‌ر بۆیه شۆڕشی یورۆ-گۆڕه‌پان جۆرێ ڕهوابهخشین بۆ گرێدراوێتی ڕێکخراوی و موئه‌سه‌ساتی هه‌رچی زیاتری ئۆکراینا دروست کرد که ئامانجی سه‌ره‌کی له پله‌ی یه‌که‌مدا ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ کاریگه‌ریی ئۆلیگارشییه ئۆکرایناییه‌کان بوو که ده‌یانتوانی سیاسی و به‌رپرسه‌کان بکڕن تاکوو به‌رژه‌وه‌ندییه ئابوورییه تایبه‌ته‌کانی هه‌ندێ له گرووپه پیشه‌ییه‌کان دابین بکه‌ن.
به‌ڵام خاڵی پێکه‌نیناویی بابه‌ته‌که لێره‌دا بوو که له‌م حه‌وت هه‌شت ساڵه‌ی پێش ده‌سپێکردنی شه‌ڕ و پاش یورۆ-گۆڕه‌پان، ده‌سکه‌وته ڕاسته‌قینه‌کان له بواری ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ گه‌نده‌ڵی و چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی مه‌ترسی بۆ ئۆلیگارشییه‌کان تا ڕاده‌یه‌کی زۆر نه‌دیو و نادیار بوو. ئه‌گه‌ر چاوێک بخشێنین به پێڕستی فوربێس له ده‌وڵه‌مه‌ندترین که‌سانی ئۆکراینا به‌شێوه‌یه‌کی سه‌رسووڕهێنه‌ر ئه‌م پێڕسته به بێ گۆڕان و وه‌کوو خۆی ماوه‌ته‌وه. ته‌نها پرۆشێنکۆ بوو که ته‌قریبه‌ن توانی بێته سه‌ره‌وه‌ی که‌سانی ناو ئه‌م پێڕسته.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر چاوێک بخشێنن به‌م پێڕسته له ساڵی 2014دا و ئه‌گه‌ر له ساڵی 2021یشدا سه‌رنجی بده‌ن له‌بنه‌مادا هه‌ر ئه‌و که‌سانه ده‌بیننه‌وه. و ئه‌م دۆخه له حاڵێکدایه که هه‌شت ساڵ چاکسازی دژی گه‌نده‌ڵی ئه‌نجام دراوه و پاره‌یه‌کی زۆریش له‌م ماوه‌یه‌دا خه‌رجی په‌ره‌پێدان و گه‌شه‌پێدانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نیی ئۆکراینیا کراوه. ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی ئۆکراینا نه‌توانن ئه‌نجامگه‌لێکی دیار ببینن و ته‌نها قسه و باسی چاکسازیی ببیستن و یاساگه‌لێک پراکتیزه و جێبه‌جێ بکرێت که له ژیانی واقیعی ئه‌واندا هیچ کاریگه‌رییه‌کی ئه‌رێنی نه‌بێت که‌واته ئاساییه که له‌باره‌ی ئاراسته‌یه‌ک که وڵات گرتوویه‌ته به‌ر ڕه‌شبین بن.
هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه یه‌کێک له‌و هۆکارانه بوو که زیلینسکی توانی به مه‌ودا و جیاوازییه‌کی زۆره‌وه له هه‌مبه‌ر پیتۆ پورۆشێنکۆ سه‌رکه‌وێت، که ئه‌مه‌ش خۆی یه‌کێک له ژانه دیاره به‌رجه‌سته‌کانی قه‌یرانی نوێنه‌رایه‌تیی سیاسییه له ئۆکراینا. زیلینسکی که‌سێکی به ئه‌زموونی سیاسییه سیفره‌وه-ته‌نانه‌ت که‌متر له ئه‌زموونی سیاسیی تره‌مپیش- توانی له هه‌مبه‌ر دایناسۆرێکی سیاسی له ئۆکراینادا سه‌رکه‌وێت. پێترۆ پورۆشێنکۆ له ده‌یه‌ی 1990 هاته ناو گۆڕه‌پانی سیاسه‌ته‌وه. جێگه‌ی سه‌رنجه که بزانین ئه‌و سه‌ره‌تا له هه‌مان حیزب‌دا بوو که به حیزبی سه‌ره‌کیی ڤیکتۆر یانۆکۆڤیچ داده‌نرا، واته هه‌مان که‌س که له شۆڕشی یورۆ-گۆڕه‌پاندا سه‌ره‌ونگوون کرا؛ حیزبێک له‌ژێر ناوی(حیزبی ناوچه‌کان). ئه‌م ڕاستییه‌ش شتگه‌لێکی زۆر له‌باره‌ی سیاسه‌تی ئولیگارشییانهی ئۆکراینا به ئێمه ده‌ڵێت، سیاسه‌تێک که زیاتر له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندییه کردهخوازانه قازانجتهوهرهکانه نه‌ک له‌سه‌ر بنه‌مای هیچ ئایدۆلۆژیایه‌ک. تا پێش ده‌سپێکردنی شه‌ڕ، پورشێنکۆ هه‌م ڕێبه‌ری ئۆپۆزیسیۆنی ناسیۆنالیست بوو و هه‌م له هه‌مان کاتدا ڕووسزمانێک بوو که له‌گه‌ڵ منداڵه‌کانی به زمانی ڕووسی قسه‌ی ده‌کرد، و بۆ ماوه‌یه‌کی دوورودرێژ ئه‌گه‌رچی شه‌ڕ له دونباس به‌رده‌وام بوو به‌ڵام ئه‌و کارگه‌که‌ی خۆی له ڕووسییا پاراستبوو و به‌و شێوه‌یه‌ش که دوایی ده‌رخرا و ئاشکرا بوو ده‌زانین که به شێوه‌ی تایبه‌تی و تاکه‌که‌سی ستایش و مه‌دحی پووتینیشی کردبوو. هه‌ر بۆیه بۆ ئه‌و ناسیۆنالیزم ته‌نها ئامرازێکه، ئامرازێک که له سه‌رده‌می سه‌رۆککۆماریدا یارمه‌تیی دا تاکوو له‌سه‌ر کورسی ده‌سه‌ڵات بمێنیته‌وه.
ڕایان گریم:- من حه‌ز ده‌که‌م بزانم که به‌ڕای ئێوه هێرشه‌که‌ی پووتین له چ خاڵێکدا حه‌تمی و نه‌گه‌ڕاوه ده‌رکه‌وت؟ بۆ نموونه چه‌نێک پێش ئێستا؟ ئایا وا بیر ده‌که‌نه‌وه که له چرکه‌ساتێکی دیاریکراودا بوو که کار له کار ترازا؟ یان وا بیر ده‌که‌نه‌وه که ئه‌م بڕیاره بڕیارێکی کۆتایی بووه بۆ نموونه له ماوه‌ی چه‌ند حه‌وته‌ی ڕابردوو؟ یان وا بیر ده‌که‌نه‌وه که گۆڕانکارییه‌کانی ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی ئه‌م کرده‌وه‌یه‌ی ئه‌وی به‌ره‌و پراکتیک و حه‌تمییه‌ت ئاراسته کردبوو؟
ڤیلادیمه‌ر ئیشچێنکۆ:- ئمم…هه‌ڵبه‌ته ئه‌م پرسیاره پرسیارێکی سه‌خته. و من ئێسته خه‌می ئه‌وه‌م هه‌یه که ڕیشه‌کانی ئه‌م هێرشکردنه گرێ بدرێت به ڕابردووه‌وه و زۆرێک له خه‌ڵکان ڕووداوه‌که به‌م شێوه‌یه ببینن که ڕووسییا ته‌قریبه‌ن هه‌میشه خه‌ریک بووه خۆی ئاماده بکات بۆ هێرشکردنه سه‌ر ئۆکراینا و هه‌موو ئاماژه‌یه‌ک وه‌ها بووه که ده‌بێت ئه‌م هێرشکردنه بێته ئه‌نجامدانه‌وه و ئێستاش درێژه‌ی هه‌یه و باسکردن له‌باره‌ی هه‌ر گێڕانه‌وه‌یه‌کی جێگره‌وه له ئێستادا زۆر سه‌خت و دژواره.
بڕیاری کۆتای به وردی له چ ساتوکاتێکدا ده‌رکرا؟ من ستراتیژی پووتینم وه‌کوو جۆرێک له دیپلۆماسیی زۆره‌ملانه و ملهوڕانه لێکدایه‌وه: جووڵه‌یه‌کی هه‌ڕه‌شه‌ئامێز ئه‌نجام ده‌دات، به‌م چاوه‌ڕوانییه له لایه‌نی به‌رامبه‌ر که پاشه‌کشێ بکات له ئاستیدا و هه‌ندێ نیشانه و ئاماژه ده‌رکه‌وێت بۆ گونجان و هه‌ڵگردن له‌گه‌ڵیدا؛ له لایه‌ن ئۆکراینا، له لایه‌ن ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانه‌وه، له لایه‌ن یه‌کێتی ئه‌ورووپاوه، له‌باره‌ی پرسی ئه‌ندامێتی ئۆکراینا له ناتۆدا، یان له‌باره‌ی جێبه‌جێکردنی ڕێکه‌وتنی مینسک. و ئه‌گه‌ر به‌گوێی نه‌که‌ن جووڵه‌یه‌کی مه‌ترسیدارتر و هه‌ڕه‌شه‌ئامێز ده‌کات و دواتر جووڵه‌یه‌کی دیکه و دواتر جووڵه‌یه‌کی تر و جووڵه‌یه‌کی تر. له ڕاستیدا من به هۆکارگه‌لێکی زۆره‌وه وام بیر نه‌ده‌کرده‌وه که ئه‌و ده‌ست بداته هێرشێکی هه‌مه‌لایه‌نه،-هه‌مان ئه‌و هۆکاره زۆروزه‌به‌ندانه‌ی که به‌هۆیانه‌وه زانستمه‌ندانی زانسته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی ڕووسییا‌ی پاش یه‌کێتی سۆڤییه‌ت باوه‌ڕیان به‌م هێرشکردنه نه‌بوو و به هه‌مان هۆکار که ده‌وڵه‌تی ئۆکراینا به‌ڕاستی هه‌ڕه‌شه‌که‌ی جیدیی وه‌رنه‌گرت، به هه‌مان شێوه‌ش که له ده‌ربڕینه‌کانی زیلینسکی و به‌رپرسه باڵاکانی دیکه‌ی ئۆکراینادا تێگه‌یشتن به هه‌مان هۆکارگه‌ل که ڕێکخراوی زانیاریی ئۆکراینا ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌ی به جیددی وه‌رنه‌گرت و هه‌ر به هه‌مان هۆکارانیش زۆربه‌ی ئۆکرایناییه‌کان باوه‌ڕیان به‌م هێرشه نه‌کردبوو.
ئیتر با واز له خودی ڕووسییه‌کان بهێنین. له ناو ڕووسییادا به‌پێی ڕاپرسییه‌کی سی ئێن ئێن که ڕاسته‌وڕاست پێش ده‌سپێکردنی شه‌ڕه‌که بڵاو بوویه‌وه، نێزیکه‌ی 15 له سه‌دی ڕووسه‌کان باوه‌ڕیان وابوو که ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانی ئه‌م هێرشه هه‌یه. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵه‌ی ده‌ره‌وه‌ی ڕووسییه‌کان، زۆرێک له ڕۆژنامه‌نووسه ڕووسیاییه‌کان ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ش به ڕوونی وه‌کوو ئۆپۆزیسیۆنی پووتین هه‌ژمار ده‌کران، باوه‌ڕیان به هاتنه‌ئارای ئه‌م هێرشکردنه نه‌بوو. ئه‌وان له‌هه‌مبه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته به‌ڕاستی سه‌یروسه‌مه‌رانه‌ی که له شه‌ڕێکی میدیاییدا له‌باره‌ی هێرشی ئانوساتی ڕووسییا بۆ سه‌ر ئۆکراینا له میدیاکانی ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کان و بهریتانییا بڵاو ده‌کرایه‌وه، په‌رچه‌کرداریان هه‌بوو. بۆ نموونه میدیاکان ده‌یانگوت تانکه ڕووسییه‌کان سه‌د له سه‌د پێویستیان به زه‌وینی سه‌هۆڵبه‌ستوو له ئۆکراینادا هه‌یه و ده‌یانگوت زه‌وی تاکوو کۆتایی مانگی مارس له ئۆکراینادا به سههۆڵبهستوویی ده‌مێنێته‌وه، وه‌کوو بڵێین ئۆکراینا له سنووری سیبریا یان شوێنێکی ئاوادایه. و ئه‌م بانگه‌شانه‌ش له میدیا دیار و ناوداره‌کانی ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کان به پشتبه‌ستن به هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ی فه‌رمی باس ده‌کرا. من وابیر ده‌که‌مه‌وه که ئه‌مه بوو به‌هۆی ئه‌وه‌ی که…وا بیر ده‌که‌مه‌وه که به‌ڕاستی یارمه‌تیی پووتینی دا که له ته‌کتیکی “حه‌په‌ساندن” سوود وه‌رگرێت، ئه‌وه‌ش له حاڵێکدا که زۆربه‌ی سیاسییه‌کانی ئه‌ورووپاش به ڕاستی له‌و باوه‌ڕه‌دا نه‌بوون که ئه‌م هێرشکردنه به‌ڕاستی ڕوو بدات و هه‌روه‌ها که ده‌زانین، ئه‌وان به نیسبه‌ت پێشبینییه‌کانی ڕێکخراوه زانیارییه‌کانی ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کان و به‌ریتانیا به‌گومان بوون. و ڕه‌نگه یه‌کێک له هۆکاره‌کانی په‌رچه‌کرداری زۆر تووڕه‌یان له ئیستادا ئه‌مه بیت.
ده‌ی ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی، ئه‌گه‌ر هه‌ر له مانگی ئۆکتۆبه‌ره‌وه چاوه‌ڕوانی ئه‌م هێرشه‌تان ده‌کرد بۆچی پێشتان پێنه‌گرت؟ بۆچی هه‌وڵی زیاترتان بۆ پێشگری لێی ئه‌نجام نه‌دا؟ بۆچی زه‌ختتان نه‌خسته سه‌ر ئۆکراینا تاکوو له هه‌ندێ بابه‌ت و خاڵدا پاشه‌کشێ بکات، به تایبه‌تی له پرس و بابه‌تی ڕێکه‌وتنه‌کانی مینسک و ئه‌ندامێتی ناتۆ؟
پێش له هێرشکردنه‌که -وابیر ده‌که‌مه‌وه- چه‌ند حه‌وته پێش له‌وه وتارێکم بۆ ئه‌لجه‌زیره نووسی و ڕوونم کرده‌وه که ئه‌گه‌ر ئۆکراینا سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆی له‌م ململانێ له بابه‌تی ناتۆ و هه‌روه‌ها له بابه‌تی ململانێ له‌گه‌ڵ ڕووسییا له‌باره‌ی دونباس نه‌گرێته به‌ر، له ئه‌نجامدا چاره‌نووسی له لایه‌ن زلهێزه‌کانه‌وه یه‌کلا ده‌کرێته‌وه. ئێستاکه به‌ته‌واوه‌تی ده‌پۆڕێت که چاره‌نووسی ئۆکراینا ته‌نها و ته‌نها له لایه‌ن زلهێزێکه‌وه یان لانیکه‌م وڵاتێکه‌وه که حه‌ز ده‌کات زلهێز بێت یانی ڕووسییا ده‌خرێت به لایه‌کدا و هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ری ئه‌مه‌ش هه‌یه که بگه‌ن به جۆره ڕێکه‌وتن و پێکهوهگونجانێک.
به‌ڵام-ته‌نانه‌ت وتنیشی پڕ له سوێیه،-ئاخر ئه‌گه‌ر ئه‌وان له کۆتاییه‌کانی ئۆکتۆبه‌ردا ده‌یاندیت که پووتین مه‌به‌ستێتی هێرش بکات، و ده‌یانبینی که ئه‌و به ڕاستی خه‌ریکی ئاماده‌کردنی ئه‌رته‌شێکه که ده‌توانێت ئه‌م هێرشه ئه‌نجام بدات، بۆچی ئه‌وه‌نده که‌مته‌رخه‌مییان کرد و سووک و ئاسان بواریان دا بقه‌ومێت؟ بۆچی ته‌نها بۆ ڕاگه‌یاندنی مه‌ترسی و ده‌ربڕینه میدیاییه‌کان که‌ڵکیان لێوه‌رگرت و ئیسته بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌که‌ن که خه‌ریکی ئاشکراکردنی پلانه‌کانی ڕووسییا بوون تاکوو پێشی پێ بگرن. به‌ڵام پێشیان پێ نه‌گرت و ئێستا خه‌ڵکی ئۆکراینا خه‌ریکن ده‌مرن و ده‌کوژرێن.
ئه‌م قسه‌یه هه‌ڵبه‌ت به‌و مانایه نییه که تاوانباری سه‌ره‌کی ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکایه. بێگومان ئه‌و که‌سه‌ی که ده‌ستی نا به دوگمه‌که‌دا ڤیلادیمه‌ر پووتین بوو و ئه‌و به‌رپرسی ئه‌م هه‌موو وێرانییه و کوشتنی هه‌زاران خه‌ڵکی ئۆکراینایه و هه‌ڵبه‌ت هه‌زاران رووس، سه‌ربازی ڕووسی. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌یانزانی بۆچی له‌م باره‌یه‌وه ئه‌وه‌نده که‌مته‌رخه‌مییان کرد؟
ڕایان گریم:- وای بۆ ده‌چم که ئه‌م پرسیاره بۆ ئێمه‌یه‌ک که له ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانین، پرسیارێکی باشتره به‌ڵام حه‌ز ده‌که‌م بزانم که ئایا ئێوه ئه‌م پرسیاره‌تان له خۆتان کردووه، وه‌ڵامێکتان بۆ دۆزیوه‌ته‌وه؟ که بۆچی…بۆچی ئه‌مریکا شتێکی زیاتری له‌وه نه‌کرد؟
ڤیلادیمه‌ر ئیشچێنکۆ:- من ته‌نها ده‌توانم هه‌ندێک بۆچوون ده‌رببڕم و هه‌ڵبه‌ته ده‌بێ ببینم ڕووداوه‌کان چۆن ده‌چنه پێشه‌وه. ئایا یارمه‌تی ده‌ده‌ن که ئۆکراینا و ڕووسییا بگه‌نه ڕێکه‌وتنێکی ئاشتی؟ یه‌کێک له ڕێگا شیاوه‌کان لانیکه‌م ئه‌و شته‌ی که من له باس و خواسه جۆراوجۆره‌کان تێی ده‌گه‌م له‌باره‌ی سوودی وتووێژی نێوان ئۆکراینا و ڕووسییا ئه‌مه‌یه که ده‌کرێت جۆرێک دانوستان بێت؛ که ئۆکراینا ده‌توانێت ئه‌ندامێتی یه‌کێتیی ئه‌ورووپا وه‌رگرێت یان لانیکه‌م ئاسۆیه‌کی زۆر ڕوون بۆ ئه‌ندامێتی له یه‌کێتی ئه‌ورووپا وه‌ربگرێت. ئه‌م ڕووداوه له ڕاستیدا هه‌مان شته که زۆرێک له خه‌ڵکی ئۆکراینا له ماوه‌ی شۆڕشی یۆرۆ-گۆڕه‌پاندا بۆ ده‌ستگه‌یشتن پێی خۆپیشاندانیان کرد و ئێستا به تایبه‌تی دوای ده‌سپێکردنی شه‌ڕ، له نێو ئۆکرایناییهکاندا پاڵپشتییه‌کی زۆری ده‌بێت و ئه‌م ڕووداوه ڕێکخراوه ئۆکرایناییهکانیش دهبووژێنیتهوه.
و له لایه‌کی دیکه‌وه ڕووسییا پابه‌ندبوونی ئۆکراینییا بۆ بێلایه‌نی وه‌ربگرێت. به‌م شێوه‌یه ئۆکراینا هاوشێوه‌ی نه‌مسا یان فه‌نلاند ده‌بێته-ئه‌ندامی یه‌کێتی ئه‌ورووپا نه‌ک ناتۆ. و ئه‌ندامێتی له یه‌کێتی ئه‌ورووپاشدا به‌شێوه‌یه‌ک جۆرێک گهرهنتیکردنێکی ئه‌منیی ده‌بێت بۆ ئۆکراینا. هێرشی دووباره بۆ سه‌ر وڵاتێکی ئه‌ندامی یه‌کێتی ئه‌ورووپا بۆ پووتین زۆر مه‌ترسیدار ده‌بێت و له‌باره‌ی بارودۆخی که‌ریمه و دونباسیش جۆرێک سازش و گونجان دروست ببێت.
له‌باره‌ی ئه‌و شته‌ش که پووتین به‌شیوه‌یه‌کی زۆر لێل به “نازیسڕینهوه” ناوی ده‌بات، ده‌بێت بگوترێت که ئه‌م بابه‌ته بۆ پووتین فه‌زا و ڕووبه‌رێکی زۆر بۆ بانگه‌شه و ده‌عیه‌ی سه‌رکه‌وتن له‌م بابه‌ت و پرسه زۆر لێله ده‌هێڵێته‌وه؛ چونکه هه‌مووان ده‌زانن و-له ناو ده‌وڵه‌تی ڕووسییاش به ڕوونی درک ده‌کرێت-که له ده‌وڵه‌تی ئۆکراینادا به‌ڕاستی هیچ که‌س نازی نییه و دۆخ و پێگه و کاریگه‌ری ڕاستی ڕادیکاڵ له ئۆکراینادا چیرۆکێکی زۆر ئاڵۆزتری هه‌یه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئاوه‌ها ئامانجێکی لێڵ دیاری بکه‌ن ئه‌وجار ده‌سکه‌وتێکی زۆر ڕوونتان ده‌بێت و ئه‌وه‌ش ئه‌مه‌یه که ده‌توانن بۆ هه‌ر ڕووداوێک که دێته ئاراوه بانگه‌شه‌ی سه‌رکه‌وتن بکه‌ن؛ وا نییه؟
بۆ نموونه ئه‌گه‌ر ناوی هه‌ندێک له شه‌قامه‌کان له ئۆکراینا که به ناوی ئیستیپان باندرا؛ سه‌رۆکی ناسیۆنالیسته‌کانی ئۆکراینا پێش شه‌ڕی دووهه‌می جیهانیی و له ماوه‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌دایه بگۆڕن، یان بۆ نموونه ئه‌گه‌ر یاسای زمانیی وڵات که زمانی ڕووسی له پانتا و ڕووبه‌ری گشتی ئۆکراینا ده‌خاته ده‌ره‌وه پێداچوونه‌وه‌ی بۆ بکرێت، ئه‌و ئه‌مه ناو بنێت نازیسڕینهوه! ده‌کرێت هه‌ر شتێک له‌ژێر ناوی نازیسڕینهوه بناسێنین. به‌ڵام له زه‌قترین حاڵه‌تیدا ئه‌م ده‌ربڕینه ده‌توانێت به‌واتای گۆڕانی ته‌واوه‌تی ڕژێم له ئۆکراینا و هاتنه سه‌ر کاری ده‌وڵه‌تێکی داره‌ده‌ست بێت له ئۆکراینا که هه‌ڵبه‌ت زۆر لاواز و په‌شێو ده‌بێت و به ته‌نها له سه‌ر بنه‌مای زۆر و تۆپزی ده‌توانێت حوکمڕانی بکات.
ڕایان گریم:- ئه‌مه‌ی که ئه‌ورووپاییه‌ک به‌شێوه‌یه‌کی ئاوه‌ها نائاسایی هه‌ڵسوکه‌وتێکی هێرشبه‌رانه‌ی له هه‌مبه‌ر ئه‌م شه‌ڕه‌دا هه‌بێت چه‌نده مایه‌ی نیگه‌رانی ئێوه‌یه؟ سه‌یره که ده‌بینین ئه‌مه ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانه که ده‌ڵێت: ڕاوه‌ستن باکوو بگه‌ینه بگار و وادێته به‌رچاو ئه‌ورووپییه‌کان خه‌ریکن ته‌نانه‌ت له ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانیش تهمێکارانهتر په‌رچه‌کردار ده‌نوێنن. ئایا وا بیر ده‌که‌نه‌وه له‌م قۆناغه‌دا دۆخه‌که که‌وتۆته ناو بازنه‌یه‌کی مه‌ترسیداره‌وه؟ یان بڕێکیش گه‌شبینن که ئه‌م پرسه بتوانێت به جۆرێک ڕێکه‌وتن به‌م مایه و ماهییه‌ته‌ی که ئێوه خستانه ڕوو، چاره‌سه‌ر بکرێت و بخرێت به لایه‌کدا.
ڤیلادیمه‌ر ئیشچێنکۆ:- نازانم. پرسیارێکی باشه. ده‌بێ شی بکه‌یه‌نه‌وه. من ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کی دهروونناسانهم هه‌یه و هه‌مانه که تۆزێک پێش ئێستا وتم. ئه‌مه‌ی که ئه‌ورووپییه‌کان له ڕاستیدا ئه‌وه‌نده له‌و باوه‌ڕه‌دا نه‌بوون که هێرشکه ئه‌نجام بدرێت و ئێستا زۆر به توندی به‌رپه‌رچ ده‌ده‌نه‌وه.
هه‌وروه‌ها ڕه‌نگه بگه‌ڕێته‌وه بۆ گۆڕانکارییه‌کانی ڕای گشتیی ئه‌ورووپا؛ هه‌ستی هاودڵیییهک که له لای زۆرێک له ئه‌ورووپییه‌کان و به‌تایبه‌ت له پۆڵندا ئێسته به نیسبه‌ت خه‌ڵکی ئۆکراینا هه‌یه. له ڕاستیدا نازانم. به‌ڵام خاڵی جێگه‌ی سه‌رنج ئه‌مه‌یه ده‌بێ ببینین که هه‌وڵ و کاره‌کانی یه‌کێتی ئه‌ورووپا و ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کان چه‌نده بۆ گه‌یشتن به ڕێگه‌چاره‌یه‌کی ئاشتییانه بۆ ئه‌م شه‌ڕه یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت. ده‌بێ بزانین ئایا ئه‌وان به‌ڕاستی له‌باره‌ی ئاسۆیه‌کی ڕوون بۆ ئه‌ندامێتی ئۆکراینا له یه‌کێتی ئه‌ورووپادا بڕیارێک ده‌رده‌که‌ن یان نا و یان باشتر له‌وه: بڕیارێک له‌باره‌ی به‌رنامه‌ی هه‌نگاو به هه‌نگاوی ئه‌ندامێتی ئۆکراینا، به‌رنامه‌یه‌ک بۆ جێبه‌جێکردنی هه‌ر شتێک که بۆ ئه‌ندامێتی ئۆکراینا له یه‌کێتی ئه‌ورووپا پێویسته؛ به هه‌موو تێچووهکانییهوه. هه‌ڵبه‌ت ئه‌م کاره تێچووی زۆری ده‌بێت به‌ڵام ده‌بێ له‌مه‌ش تێبگه‌ین ئه‌وان قهرازارباری ئۆکراینان. ئه‌وان له ساڵی 2008 بڕیاریان دا که ئۆکراینا له داهاتوودا ببێت به ئه‌ندامی ناتۆ، له‌حاڵێکدا هه‌رگیزاوهه‌رگیز مه‌به‌ستیان نه‌بوو بۆ ئۆکراینا بێنه ناو جه‌نگه‌وه. ئێسته‌ش به ڕاشکاوییه‌وه ئه‌مه ده‌ڵێن: له زمانی بایدێنه‌وه و له زمانی جانسۆنه‌وه. بۆ نموونه ده‌ڵێن قه‌ت ئاماده نین ناوچه‌ی دژه‌فڕین دروست بکه‌ن و ده‌ست بکه‌ن به خستنه‌خواره‌وه‌ی ئه‌و فڕۆکه ڕووسییانه‌ی که به‌سه‌ر ئۆکراینادا ده‌فڕن و شاره‌کانی ئۆکراینا بۆردومان ده‌که‌ن. ئه‌گه‌ر به هیچ شێوه‌یه‌ک ئاماده نین به‌هۆی ئۆکرایناوه بێنه ناو جه‌نگه‌وه که‌واته باسی ئه‌ندامێتی ئۆکراینا له ناتۆ چ بوو که به‌پێی ئه‌وه ده‌بێت ئێوه پشتگیری و به‌رگری له ئۆکراینا بکه‌ن؟!
ئه‌م سیاسه‌ته زۆر نابه‌رپرسانه بوو و ئێستاکه ئه‌وان قه‌رزارباری ئۆکراینان و ده‌بێ ئه‌مه‌ی بۆ قه‌ره‌بوو که‌نه‌وه. و هه‌ڵبه‌ت ئه‌ندامێتی له یه‌کێتی ئه‌ورووپادا پێویستی به‌مه هه‌یه که بۆ نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت، نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی شاره‌کانی ئۆکراینا و یارمه‌تیدان به ئابووریی ئۆکراینا پاره‌یه‌کی زۆر تایبه‌ت بدرێت به ئۆکراینا. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وان ته‌نها درێژه به ناردنی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی بۆ ئۆکراینا بده‌ن و گه‌مارۆکانی سه‌ر ڕووسییا توندتر بکه‌ن…(ڕاده‌مێنیت) هه‌ڵبه‌ت بردنه‌سه‌ره‌وه و زیادکردنی ئاستی گه‌مارۆکان تا شوێنێک ده‌لوێ و ده‌پۆڕێت و له‌و به‌و لاوه ڕه‌نگه پووتین ده‌ست بداته کرده‌وه‌گه‌لی توندئاژۆیانه‌تر له په‌رچه‌کرداری ئابووری دژی یه‌کێتی ئه‌ورووپا و بیری لێ بکاته‌وه. تا ئێستاش ئه‌و به شێوه‌یه‌کی ڕوون له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری به‌کارهێنانی چه‌که ناوکییه‌کان هۆشداری داوه.
ڕووسییا هه‌ر له ساڵی 2014وه خۆی بۆ گه‌مارۆکان ئاماده ده‌کات. هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی که ئێستا خه‌ریکن جێبه‌جێی ده‌که‌ن و به‌سه‌ریدا دهیسهپینن بۆ نموونه پچڕاندن له سوویفت، هه‌موو ئه‌وانه له ساڵی 2014دا باسی لێ کراوه و ڕووسییا له‌م ماوه‌یه‌دا ڕێگهچارگهلێکی بینوه‌ته‌وه که بتوانێت له کاتی گه‌مارۆداندا خۆی به‌پێوه ڕابگرێت. خاڵێکی دیکه ئه‌مه‌یه که وڵاتی چین به ڕاشکاوی پشتگیریی له ڕووسییا ده‌کات و به بێ پشتگیریی چینییه‌کان ڕووسییا هه‌رگیز جه‌نگێکی له ئۆکراینا ده‌ست پێ نه‌ده‌کرد.هه‌ر بۆیه ئه‌گه‌ر سیاسه‌تی یه‌کێتی ئه‌ورووپا ته‌نها ناردنی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی و گه‌مارۆدانی ڕووسییا بێت و یارمه‌تی نه‌دات بۆ گه‌یشتن به ڕێگه‌چاره‌یه‌کی ئاشتییانه، به‌م مانایه‌یه که ئه‌وان ده‌یانه‌وێت له ڕاستیدا جه‌نگ زیاتر له ئۆکراینادا به‌رده‌وام بێت و زیانه مرۆییه‌کان، خه‌ساره‌کانی سوپای ئۆکراینا و ڕووخانی شاره‌کان و ئابووری ئۆکراینا نه‌دیو بگرن و پشتگوێی خه‌ن. ئه‌مه ئه‌و شته‌یه ئه‌وان پێویستیانه. ئه‌وان پێویستیان به جۆرێک شه‌ڕی ئه‌به‌دی له‌گه‌ڵ ڕووسیاییه له ئۆکراینادا که ئه‌سته‌مه ڕووسییا بتوانێت به‌رگه‌ی بگرێت.
به‌ڵام ئه‌وان هه‌روه‌ها ده‌زانن که پووتین ته‌قریبه‌ن هه‌موو شتێکی خستۆته قوماری ئه‌م جه‌نگه‌وه. ئه‌گه‌ر بڕیار بێت له‌م جه‌نگه‌دا شکست بخوات به ئه‌گه‌ری زۆر ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی – و ڕه‌نگه گیانی خۆشی- له ڕووسییا له کیس بدات. چونکه پشتگیریی له شه‌ڕ له ڕووسییادا ئه‌وه‌نده به‌هێز نییه و جۆش و خرۆشێکی ئه‌وتۆ بۆ شه‌ڕ له‌ئارادا نییه. خواسته‌کانی دژه شه‌ڕ جێی سه‌رنجن ئه‌گه‌رچی خه‌ڵکێکی زۆر ناڕژێنه سه‌ر شه‌قامه‌کانه‌وه چونکه به‌ڕاستی ڕژانه سه‌ر شه‌قام مه‌ترسیداره. هه‌زاران ڕووسی به‌هۆی به‌شداریی له خۆپیشاندانی دژه جه‌نگ له ڕووسییا ده‌ستبه‌سه‌ر کراون.
به‌م حاڵه‌وه هه‌رچه‌نده جه‌نگ زیاتر درێژه‌ی پێ بدرێت و هه‌ر چه‌نده خه‌ساره‌کانی سوپای ڕووسییا زیاتر بێت، خواسته‌کانی دژه جه‌نگ زیاتر به‌هێز ده‌بێت. و ڕه‌نگه ئاڕاسته‌که بۆ ڕووسییا وه‌کوو جه‌نگی یه‌که‌می جیهانی بشکێته‌وه، جه‌نگێک که کاتێک گه‌یشته ساڵی 1917، ڕووسییا له حاڵی شکستخواردندا بوو. و ڕه‌نگه سه‌رده‌مێک بگات که ده‌وڵه‌ت(پووتین) به شۆڕشێکی توندئاژۆ یان له‌ڕیگه‌ی کووده‌تای چینی نوخبه که له گه‌مارۆکان و کاریگه‌رییه‌کان له سه‌ر ژیان و کوالێتی ژیانی خۆیان ماندوو بوون، بگاته کۆتایی. هه‌ر بۆیه له کاتی ئێستادا بۆ پووتین گه‌یشتن به سه‌رکه‌وتنێکی خێرا زۆر پێویسته. به‌ڵام ئه‌گه‌ر سیاسه‌ته‌کانی یه‌کێتی ئه‌ورووپا و ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کان ته‌نها گه‌مارۆدانی ڕووسییا و ناردنی چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی بۆ ئۆکراینا بێت به‌م مانایه دێت که به ئه‌گه‌ری زۆره‌وه ئه‌وان ئاره‌زوویه‌کیان بۆ کۆتاییپێهێنان به‌م جه‌نگه نییه…و ئه‌مه ده‌بینین.
ئه‌م ده‌قه وه‌رگێڕانێکه له نوسخه‌ی پۆدکه‌ستی ئینگلیزی که له وێبسایتی بڵاڤۆکی ئهنتهرسێپتدا هاتووه و ئه‌وه‌ش ئه‌درێسه‌که‌یه‌تی:-https://theintercept.com/2022/03/05/deconstructed-ukraine-history-identity-russia-invasion/
وه‌رگێڕان: حه‌بیب ساڵحی