لەکاتێکدا ئەزموونی دیموکراسییە شلۆقەکەی “توونس” ڕووبەڕووی پڕمەترسیترین تاقیکردنەوەی لە ماوەی نزیکەی دەیەیەكدا دەبێتەوە، پێویستە “واشنتۆن” دژی هەر ناوەندیی (مەرکەزییەت)ـێکی نادەستووریی دەسەڵات ببێتەوە و داوایشی لە “سەعید”ی سەرۆککۆمار کردووە نەخشەڕێگەی تایبەتی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانەکە بخاتە ڕوو و هاوکاریی زیاتری ئابووری و پزیشکی پێشکەش بکات. لە 25ـی تەمموزدا و دوای ڕۆژێك لە خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکومەت لە سەرانسەری توونس، “قەیس سەعید”ی سەرۆکی توونس بە خەڵکەکەی ڕاگەیاند کە ‘هیشام مەشیشی’ـی لە پۆستی سەرۆکوەزیران دوور دەخاتەوە و، بۆ ماوەی سێ ڕۆژ ئەنجومەنی نوێنەران (پەرلەمان) سڕ دەکات پارێزبەندیی یاسایی سەر سەرجەم ئەندامانی پەرلەمان هەڵدەگرێت، خۆیشی بە هاوکاریی ئەو سەرۆکوەزیرانەی خۆی دەستنیشانی دەکات، دەسەڵاتی جێبەجێکاری دەگرێتە دەست. هەر بەپێی سەعید؛ بەهۆی دۆخی ناڕوون و لێڵی وڵاتەکەوە ئەو ڕێوشوێنە نائاسایییانە پێویست بوون بە تەواویش بەپێی دەستوورن. ڕۆژی دواتر، سووپای “توونس” دەرگای ئەنجومەنی نوێنەرانی داخست. لە بەرانبەردا، “ڕاشد غەنووشی” کە ڕابەرایەتیی گەورەترین پارتی ئیسلامی، پارتی هەڵسانەوە “النهچه” دەکات، لە دەرەوەی باڵەخانەی ئەنجومەنی نوێنەران لەڕێی ڤیدیۆوە لەگەڵ پەرلەمانتارەکاندا کۆ بووەوە. دوای کۆبوونەوەکە، دژایەتیی بێچەندوچوونی خۆیان بۆ ئەو ڕێوشوێنانە ڕاگەیاند کە سەعیدی سەرۆککۆمار گرتبوویە بەر.
پێدەچێت لە ئێستادا سەرۆکی توونس گرنگی بەوە نەدات، چونکە وەزیرەکانی ناوخۆ، داد و بەرگری لەسەر کار دوورخستەوە و بڕیارێکی دەرکرد بۆ کاروەستاندن لە تەواوی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان جگە لە سووپا و دەزگا ئەمنی و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و قوتابخانەکان. ئەو پێشهاتە کتوپڕانە سیستەمی دیموکراسیی توونس دەخەنە ژێر گوشارێکی تووندەوە و، بە ئەگەری زۆرەوە ڕۆژانی داهاتوو ئەوە دیاریی دەکەن ئاخۆ ئەو وڵاتە بە ئاڕاستەی گۆڕانکارییەکی کاتی لەو پڕۆسەیە ڕاگواستنە دیموکراسییەی بەخۆیەوەی دەبینێت هەنگاو دەنێت، یان بە ئاڕاستەی پتەوکردنێکی زیاتری دەسەڵات، یانیش توندوتیژی.
“ناوەڕۆکی قەیرانەکە”
قەیرانی هەنووکە بەرهەمی سێ خاڵی سەرەکیی هاوبەشە؛ یەکەمیان، خاوەن ڕەهەندێکی ئابوورییە کە لەدوای لەسەرکارلاچوونی ‘زەین العابدین بن عەلی’ـیەوە کاریگەرییەکانی سەری هەڵداوە. زنجیرەیەك هێرشی تیرۆرستی لەماوەی ساڵانی دواتردا بوونە هۆی داڕماندنی کەرتی گەشتیاری، کە ئەو کەرتە ڕێژەی نزیکەی 10%ـی “تێکڕای بەرهەمی ناوخۆیی”ـی وڵاتەکەی پێكدەهێنا. لە هەمان کاتدا، کەموکوڕیی دەیان ساڵەی بنچینەیی بۆتە هۆی پڕکردنی کەرتی گشتی و، کاتێکیش بەرپرسان پێشنیاری بچووککردنەوەی کەرتی گشتییان کرد بۆ دەستخستنی پارە تا لە خەرجییەکانی دیکە بەکاری بهێنن، یەکێتییەکی بەهێزی کرێکاران ڕێگری لە کەمکردنەوەی زۆری خەرجییەکان کرد. سەرەڕای ئەو گووشارە زۆرەی سەر کەرتی گشتی، تێکڕای گشتیی بێکاری، بە تایبەت لە نێو گەنجاندا، بۆ ئاستێکی بەرز هەڵکشابوو. هاوکات دۆخەکەش ڕوو لە خراپی بوو بەهۆی گەشەی خاوی ئابووریی ئەوروپاوە (کە ڕێژەی نزیکەی 70%ـی هەناردەی توونسی بۆ دەچێت) و پەتای کۆرۆناوە. لە کۆتایییەکانی ساڵی 2020 ـیشدا، بە فەرمی تێکڕای بێکاری گەشتە 17% (36% لەنێو گەنجاندا) و بەپێی خەمڵاندنی خۆیشی، حکومەت تەنیا بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی چاوەڕوانکراوی ساڵی 2021 پێویستی 6.9 ملیار دۆلار قەرز هەیە. لە وەڵامیشدا بۆ ئەو کێشە هەڵکشاوانە، لە ماوەی ساڵانی دواییدا بەردەوام خۆپێشاندان سەری هەڵداوە، ئەوەیش وەك ڕەنگدانەوەی بێزاریی بەرفراوان لە ئابووریی وێران و بێتواناییی ئاشکرای حکومەت لە وەستاندنی خوێنبەربوونەکە.
خاڵی دووەم، خاوەن ڕەهەندێکی سیاسییە کە لەگەڵ جەنگی سیاسیی سەختی نێوان ئیسلامییەکان و سیکۆلارەکان (عەلمانییەکان) لە ماوەی 2011-2013ـدا دەستی پێکرد. چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییە پێویستی بە سازشی قورسە کە دواتر لە ساڵی 2014ـدا لە دەستووری گشتیدا جێگیر کرا، کە تا ڕادەیەکی زۆر بە پێشکەوتووترین دەستوور دادەنرێت لە جیهانی عەرەبیدا لەڕووی ئازادییە تاکەکەسییەکان و بنچینە سەرەکییەکانی دیموکراسی. لەگەڵ ئەوەیشدا، تەنانەت کاتێك دەستوور دەسەڵاتی فراوانی بەخشیە ئەنجومەنی نوێنەرانی هەڵبژێردراو، بەڵام بەرپرسیارێتییە سەرەکییەکانیشی کردە بەشی سەرۆکایەتی، کە لە ڕابردوودا تاکە دامەزراوەی فەرمانڕەوا بوو. سەرەنجام، ئەو سیستەمە هایبرید (دووڕەگی)ـیە سەری کێشا بۆ ڕوودانی گرژیی نیمچە هەمیشەیی لەنێوان سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرەکان.
لە سەرەتادا، تیشك و سەرنجی قۆناغی دوای شۆڕش لەسەر ڕێککەوتنی سیاسی و سازان، ڕۆڵی هەبوو لە پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ئاسانکردنی پڕۆسەی ڕاگواستن دوور لە ڕژێمی دیکتاتۆری. لێ لە ساڵانی دواتردا، ڕێککەوتن بوویە هێزێکی پەککەوتوو، کە ئەوەیش بوویە هۆی ئەوەی زۆرینەی پارتە سیاسییەکان لاواز ببن، تاڕادەیەکی زۆر ببنە پاشکۆی تاکەکەس و بێتوانا بن لە دانی بڕیاری بوێرانەی سیاسی. تەنانەت جووڵانەوەی “النهچه”، بەهێزترین پارتی دامەزراوەیی لە وڵاتەکە، لەم ماوەی دواییدا تێکهەڵچوونی ناوخۆیی بەخۆیەوە بینی، ئەوەیش کاتێك کەسانێك غەنووشییان تۆمەتبار کرد بەوەی ڕێگە بە ڕەخساندنی هەلومەرج نادات لەبەردەم سەرکردایەتییەکی نوێ لەڕێی خۆبەربژێرکردنیشی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، سنوورەکانی دەبەزێنێت.
ئاسەوارە خراپەکانی ئەو پاشەکشەیە ڕوون بوون؛ جەمسەرگیریی تووند لەنێو ناوەندەکانی هەڵبژاردن و چینی سیاسی؛ نیمچە بنبەستێکی تەواو لە ئەنجومەنی نوێنەرانی؛ بێهیوایییەکی بەرفراوانی خەڵکی لە پارتە سیاسییەکان؛ ناکۆکیی زۆر لەنێوان سەعید و غەنووشیدا. هەروەها بێتواناییی یاسادانەران لە حوکم بوویە هۆی دواکەوتنی دامەزراندنی دامەزراوە سەرەکییەکان، دیارترینیشیبان دادگەی دەستووری. ماددەی 80ـی دەستووریش دەسەڵاتی گرتنەبەری ڕێوشوێنی نائاسایی دەداتە سەرۆککۆمار لە حاڵەتی هاتنەئارای هەڕەشەیەکی تووندی ئەمنی یان “مەترسییەك… کە کۆسپ بخاتە بەردەم بەڕێوەچوونی کارەکانی دامودەزگاکانی دەوڵەت بەشێوەیەکی ئاسایی”، بەڵام بەو مەرجەی سەرۆککۆماری لەنێوان دەسەڵاتەکانی دیکەدا، سەرۆکی دادگەی دەستووری ئاگادار بکاتەوە لە ڕێوشوێنەکان. جگە لەوەیش، ئەو ماددەیە ڕێگری لە سەرۆککۆمار دەکات چالاکییەکانی پەرلەمان بوەستێنێت لەماوەی ئەو قەیرانەدا و، دەبێت دوای تێپەڕبوونی 30 ڕۆژیش دادگە لێکۆڵینەوە بکات بۆ بڕیاردان لە بارەی یاساییبوون یان یاسایینەبوونی بەردەوامیی باری لەناکاو.بەهۆی ئەوەی لە ڕابردوودا مامۆستای یاسای دەستووری بووە، “سەعید” بەتەواوی شارەزای وردەکاریییەکانی ماددەی 80ـیە. لەگەڵ ئەوەشدا سەربەخۆیە و خاوەن تایبەتمەندیی بەهێزی کەسانی ئاسایییە و ئەزموونی سیاسیی ڕابردووی نییە، لەوانەیشە بەو هۆیەوە بێت کە “سەعید” گرەو لەسەر ئەوە دەکات کە خواستی دژە دامەزراوەکانی دەوڵەت لای جەماوەرەکەی و ڕقیان بەرانبەر بە لایەنە سیاسییەکان دەیپارێزن لە لێکدانەوەی ناڕوون بۆ یاسا.
هەرچی خاڵی سێهەمیشە خۆی لە تراژیدیای تەندروستیی گشتی دەبینێتەوە. ڤایرۆسی کۆرۆنا تاڕادەیەک بوویە هۆی داڕمانی سیستەمی چاودێریی تەندروستی لە وڵاتی “توونس” نەخۆشخانەکانی وڵاتەکە ڕایانگەیاندووە کە ئۆکسجینیان نەماوە، تێکڕای گیانلەدەستدانیش بەهۆی کۆرۆناوە دووەم بەرزترینە لەسەر ئاستی جیهاندا و، تەنها 6%ـیش لە کۆی دانیشتووانی وڵاتەکە، کە دەگاتە 11 ملیۆن کەس، ڤاکسینی کۆرۆنایان پێدراوە. لە ماوەی دواییشدا و لە سەروبەندی خراپتربوونی قەیرانی تەندروستیدا، مەشیشی وەزیری تەندروستی لەسەر کار لادا، بەڵام دوای بڵاوبوونەوەی وێنەی خوودی سەرۆکوەزیران و ژمارەیەك لە ئەندامانی دیکەی ئەنجومەنی وەزیران لە سەروبەندی مۆڵەتیاندا لە هاوینەهەوارێکی گەشتیاری لەبری کۆبوونەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا (ڕایانگەیاندبوو ناتوانن کۆ ببنەوە وەك ئەوەی پلانی بۆ دانراوە بەهۆی ڕێکارەکانی پەیوەست بە کۆرۆنا. لەوکاتەشدا، “سەعید” بە ئاشکرا ڕێی لەبەردەم ڕاگەیەندراوەکەی 25ـی تەمموز خۆش کرد کە تێیدا فەرمانی بە سوپا کرد ئەرکی بەڕێوبردنی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە ئەستۆ بگرن.
سوپای توونس، کە نزیکەی 50 هەزار سەرباز لەخۆ دەگرێت، بە دامەزراوەیەکی بچووك، بەڵام پیشەیی لە قەڵەم دەدرێت کە بەگشتی خۆی تێوەگلان لە چالاکییە سیاسییەکان بواردووە. لێ لە ئێستادا وا دەردەکەوێت کە فەرمانەکانی “سەعید”ی سەرۆککۆمار جێبەجێ بکات، وەك ئەوەی ئاشکرایە لەو ئاڵۆزییەی ڕۆژی 26ـی تەمموز لە دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەران ڕوویدا. لەگەڵ ئەوەشدا، بەهۆی ئەوەی سووپا تیشکی خستۆتە سەر ڕێکخستنی سنوورەکان و کردە دژە تیرۆرستییەکان، بۆیە ئامادە نابێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تێکهەڵچوونە مەترسیدارە ناوخۆیییەکان. بۆیشی هەیە ئ ئەو ئەرکە بکەوێتە سەر ئەستۆی وەزارەتی ناوخۆ، کە دەسەڵاتی بەسەر زنجیرەیەکی زۆر زیاتر لە یەکەکانی پۆلیس و هێزە ئەمنییە ناوخۆیییەکانی دیکەدا هەیە. ئەوەی دەمێنێتەوە بینینین ئەوەیە ئاخۆ ئەو دامەزراوانە بەردەوام دەبن لە گوێڕایەڵیی سەعید یاخود نا.
“دەبێت واشنتۆن چۆن وەڵام بداتەوە؟”
لە پشتەوەی هێماگەرییە تراژیدیاکەی داڕووخانی تاکە سیستەمی دیموکراسیی ناوچەکە، ناسەقامگیرییەکی تووند لە “توونس” دێتە ئاراوە کە دەبێتە بەخشیش بۆ لایەنە چالاکە نیازخراپەکان لە لیبیا و جەزائیر و وڵاتانی دیکە کە تامەزرۆن بۆ هێرشکردنە سەر “توونس” و دواتر مەترسی خستنەسەر هاوپەیمانەکانی ئەمریکا، نەك تەنیا گەلی توونس، بەڵکوو هاوبەشەکانی ڕێی دەریای سپیی ناوەڕاست لە ئەوروپا. بۆیە لە بەرژەوەندیی واشنتۆنە هاوکاریی “توونس” بکات لە زامنکردنی سەقامگیریی ئەزموونە دیموکراسییەکەی. هاوکات ئیدارەی “بایدن” و کۆنگرێس بەیاننامەی ڕوونیان دەرکردووە کە داوا لە بەرپرسانی “توونس” دەکەن ڕێزی دەستوور بگرن و ئەو دەستکەوتە دیموکراسییانە بپارێزن کە وڵاتەکە دەستی خستووە. ئێستایش، پێویستە تیمی “بایدن” گوشار بخاتە سەر “سەعید”ی سەرۆککۆمار بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو نەخشەڕێگەیەی دایڕشتووە تا بەخێرایی کۆتایی بە قەیرانەکە بهێنێت. لەم ڕووەشەوە دەبێت دەستنیشانکردنی وەزیرە نوێکان یەکەمین هەنگاو بنێت.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخە ئابووری و تەندروستییەیش کە بەنزینی بەسەر ئاگری قەیرانەکەدا کردووە، پێویستە واشنتۆن بیر لە گرتنی ڕێکارگەلێکیش بکاتەوە کە ئامانج لێیان پتەوکردنی تواناکانی “توونس” بێت لە هەڵساندنەوەی ئەو دوو کەرتە. بەر لە دەستلەکارکێشانەوەیشی، “مەشیشی” لە سەروبەندی ئەنجامدانی دانوستاندا بوو لەگەڵ “سندووقی نێودەوڵەتیی دراو”ـدا لەبارەی پاکێجێکی قەرز بە بڕی 4 ملیار دۆلار و، دەستکەوتنی ئەو قەرزە؛ هاوشان لەگەڵ سەرجەم ئەو چاکسازییە هاوشانانەی دەیکاتە مەرج، کارێکی زۆر گرنگە بۆ زامنکردنی ئەوەی وڵاتەکە دووچاری دابەزینێکی دیکە نابێتەوە لە پۆلێنی دراوەکەی. بەپێی ئەوەیش، پێویستە “واشنتۆن” ئاسانکاری بکات بۆ پەسەندکردنی قەرزەکە و لە کۆبوونەوە تایبەتەکاندا بەشێوەیەکی ئاشکرا “سەعید” ئاگادار بکاتەوە بەوەی خەرجکردنی پارەکە دەکەوێتە سەر ئەوەی ناوبراو نەخشەڕێگەیەکی دیموکراسی دابڕێژێت. لەڕووی تەندروستییشەوە، لە مانگی ئاداری ساڵی 2020ـەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا 36 ملیۆن دۆلاری وەك هاوکاریی پەیوەست بە “کۆڤید-19” بە توونس بەخشیوە، هاوشان لەگەڵ 500 هەزار ڤاکسین لەمیانەی پڕۆگرامی “کۆڤاکس” و زیاتر لە ملیۆنێك لیتر ئۆکسجین بۆ وەزارەتی تەندروستی. وێڕای ئەوەیش پێویستە “بایدن” بەردەوام بێت لە گەڕان بە دوای ناردنی هاوکاریی زیاتری پزیشکی بۆ ئەو وڵاتە کە بەدەست ئەو ئاستەنگییانەوە دەناڵێنێت. لە چوارچێوەی سەرجەم ئەو هەوڵانەشدا، پێویستە “واشنتۆن” هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەو هاوپەیمانە ئەوروپییانەدا بکات کە بەرژەوەندیی زۆریان هەیە لە سەرکەوتنی پرۆسەی دیموکراسی لە توونس.
نووسین: سارا فۆیەر، پسپۆڕی بواری سیاسەت و ئایین لە باکووری ئەفریقا
وەرگێڕان: محەمەد ڕەحمان فەیزوڵڵا