ژینا، زارا، زه‌ینه‌ب و موژگان: یادداشتێک له‌باره‌ی سنووردارێتییه‌کانی ڕزگاریبهخشیی فیمینیزمی فارسخواز
ئه‌شکه‌نجه و قه‌تڵی ده‌وڵه‌تیی ژینا(مه‌هسا) ئه‌مینی، کچه کوردی 22 ساله‌ی خه‌ڵکی سه‌قز، به ده‌ستی هێزه‌کانی ڕژێمی ئێران له 16 سێپته‌مبه‌ری 2022 له تاران به خاڵێکی وه‌رچه‌رخان له بزووتنه‌وه‌ی ژنانی ئێران و خه‌باتی گشتگیرتر بۆ یه‌کسانی و ئازادی له سه‌رانسه‌ری وڵات هه‌ژمار ده‌کرێت. ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییانه به ته‌وه‌ری دروشمی کوردیی(ژن، ژیان، ئازادی/زن، زندگی، آزادی) گشتگیرترین و له هه‌مان کاتدا به‌رده‌وامترین شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تییه‌کان له ئێران له سه‌رده‌می شۆڕشی 1357ه تاکوو ئێستا بووه. به‌م حاڵه‌ش و سه‌ره‌ڕای ڕه‌خسانی ده‌رفه‌تێک بۆ ئیتنیک سڕینه‌وه، قه‌ڵه‌مڕه و سڕینه‌وه و ناوه‌ندسڕینه‌وه بۆ فیمینیسمی ناوه‌ندخواز-فارسخواز، ژنانی چالاکی فارس نه‌ک ته‌نها کورده‌کان و فیمینیسمی کوردیان نه‌دیو گرت، به‌ڵکوو هه‌نگاوێک زیاتریش هاتنه پێش و هه‌وڵیان دا تاکوو له‌ڕێگه‌ی به‌کارهێنانی قه‌تڵی ده‌وڵه‌تیی ژینا بڕه‌ند و مۆرکی خۆیان له فیمینیسم له ژێر ناوی (فیمینیسمی ئێرانی) بخه‌نه ڕوو. ژنانی کورد سه‌ره‌ڕای پاڵپشتیی چڕ‌وپڕ له ناڕه‌زایه‌تییه‌کان، له داگیرکردن و ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی قه‌تڵی “ژینا” له لایه‌ن گوتاری ژنانی ناوه‌ند و گونجاندنی له‌هه‌ناوی چهمکبهندی (ژنانی ئێرانی) زۆر نیگه‌ران بوون. ناوی کوردیی مه‌هسا، (ژینا) کڵاوڕۆژنه‌یه‌ک بۆ تێگه‌یشتن له ململانێکان له‌باره‌ی چۆنێتی ده‌ستبه‌سه‌رکردن و مه‌رگی ئه‌و به ڕووماندا ده‌کاته‌وه.
تێڕوانینه کۆلۆنیال سڕینه‌وه‌کان پێمان ده‌ڵێن: که ناوه‌کان و گۆڕینی ناوه‌کان، ستراتیژێکی پێشوه‌خته و به‌ئه‌نقه‌ستن که له لایه‌ن په‌نابه‌ره کۆلۆنیالیسته‌کان بۆ ڕه‌تکردنه‌وه و سڕینه‌وه‌ی نه‌ته‌وه خۆجێییه‌کان، له‌وانه‌ش تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی وه‌کوو زمان، کو‌لتوور، و پێکهاته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانیان گه‌ڵاله کراوه و به کار ده‌برێن. ڕه‌وتی گۆڕینی ناو بۆ په‌نابه‌ره کۆلۆنیالیسته‌کان ڕیزێک له ماناکان به بیر دێنیته‌وه که یه‌که‌مینیان به‌تاڵکردنی کۆلۆنی و داگیرکراو له بیره‌وه‌ری و مێژوو و (نۆ)ژهنکردنهوهی چیرۆکه کۆلۆنیالیستییهکانه له‌باره‌ی کو‌لتوور، سه‌رزه‌مین و دانیشتووانی. هه‌ر بۆیه ناونان، ئامرازێکی به‌هێزه بۆ (دووباره)گێڕانه‌وه‌ی مێژوو و وێناکردنی به‌رجه‌وه‌نه کولتووری و سرووشتییه‌کان له‌ڕێگه‌ی مانا و یادکردنه‌وه دڵخواز و خوازراوه‌کانی کۆلۆنیالیسته‌وه. نه‌ته‌وه خۆجێییه‌کان/کۆلۆنی له‌ڕێگه‌ی به‌راوه‌ژووکردنه‌وه‌ی ناوه سه‌پێنراوه‌کان به مه‌به‌ستی سنووربه‌ندیی نێوان ماڵی خۆی و دونیای بێگانه‌کان/کۆلۆنیالیسته‌کان، له هه‌مبه‌ر ئاوه‌ها ڕۆنراوانێکی کۆلۆنیالیستییانهدا خۆڕاگرییان کردووه. ئه‌گه‌رچی ده‌وڵه‌تی “ئێران” به‌کارهێنانی ناوه کوردییه‌کانی به ته‌واوه‌تی قه‌ده‌غه نه‌کرد، به‌ڵام کۆمه‌ڵێک که‌ند و کۆسپ و مه‌رجی بوروکراتیکی جۆراوجۆری له به‌رده‌م به‌کارهێنانی ناوه کوردییه‌کان وه‌کوو ڕێکارێک بۆ یه‌کده‌ستکردنه‌وه‌ی کولتووری(ئاسیمیلاسیۆن)ی کۆمه‌ڵگا نا-زاڵه‌کان دیاری کردووه. بۆ نموونه له کوردستان، ڕێکخراوی تۆمارکردنی ناوه‌کان (سازمان ثبت احوال) پێڕستێک له‌و ناوانه‌ی که جێگه‌ی په‌سندی ده‌وڵه‌ته ده‌یخاته به‌رده‌ست و که‌سه‌که ده‌بێت له نێو ئه‌و ناوانه‌دا ناو هه‌ڵبژێرێت. ناوی دووهه‌می مه‌هسا (ناوه کوردییه‌که‌ی) شایه‌تیی له‌سه‌ر ئه‌م ڕاستییه‌یه، ئاوه‌ها کرده‌وه‌گه‌لێکی یهکدهستکهرانه و سه‌رکوتکارانه، هیچ کات ڕۆشنبیرانی فارس، چالاکانی ژن و به‌شێوه‌ی گشتیی کۆمه‌ڵگای زاڵی ڕانهچڵهکاندووه.
له ڕوانگه‌ی کورده‌کانه‌وه، ئه‌و دروشمانه‌ی که له شاره فارسنشینه‌کاندا ده‌درێن، وه‌کوو (له کوردستان تا تاران، سته‌م له دژی ژنان) و (ده‌کوژم، ده‌کوژم، هه‌ر که‌سێ وا خوشکمی کوشت)، نیشانه‌ی (دووباره) داگیرکردنی ئه‌زموونی ژنانی کورده له لایه‌ن خوشکانی ئیتنیکی زاڵه‌وه به مه‌به‌ستی هه‌وڵدان بۆ دروستکردن و شکڵدان به شوناسێکی ڕه‌گه‌زییانه‌ی ئێرانیکراوی هه‌ڵخێزراو له ئه‌زموونی”هاوبه‌ش”ی ژنان که له هه‌ناوی سه‌رکوتکردنه‌وه هه‌ڵقولاوه. بۆ زۆرێک له کورده‌کان ڕۆنانی ئه‌م ئه‌زموونه به‌ڕواڵه‌ت هاوبه‌شه، له ڕاستیدا، له پرۆژه‌ی یه‌کده‌ستکردنه‌وه‌ی کو‌لتووریی ئیتنیکی زاڵ به ئامانجی سڕینه‌وه‌ی پارامێتره ئیتنیکییه‌کانی ژنانی کورد یان ژنێتی غه‌یری فارس کارساز بووه.
کورده‌کان وه‌کوو کو‌لتوور-نه‌ته‌وه‌یه‌ک له دێرزه‌مانه‌وه وه‌کوو هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی وجوودی بۆ سه‌ر وه‌ک ده‌ڵێن: یه‌کپارچه‌یی نه‌ته‌وه‌یی و خاکی ئێران مۆرکیان لێدراوه. له ڕاستیدا ئیتنیکی زاڵ هه‌وڵی داوه به گشتاندنی مه‌رگی “ژینا” وه‌کوو چاره‌نووسی هاوبه‌شی هه‌موو ژنانی ئێرانی، به‌ده‌ر له پێشینه نه‌ته‌وه‌یی، ئایینی، زمانی و جوگرافییاییهکهی، قهڵهمڕهوسڕینهوه و دهقسڕینهوه له (دانسقه‌بوونی) ئه‌زموونه‌کانی ژنانی کورد بکات و ئه‌م ئایدیایه جێگیر بکات که مافه‌کانی ژنان له ئێران‌دا ته‌نها له‌ڕێگه‌ی چاکسازییه سیاسییه‌کان و مافه مه‌ده‌نییه‌کان له ژێر تیشکی ئازادیی تاکه‌که‌سی و سیکولاریسم دێته ئاراوه و ده‌پۆڕێت. له حاڵێکدا ئاوه‌ها ههڵگۆستهیهک له ئازادی هه‌رگیز بۆ هه‌ناوی ئاخافتن و فێربوون به زمانی دایکی و به‌ڕێوه‌بردنی ڕێوڕه‌سمه کولتوورییه‌کانی غه‌یره فارسه‌کان شۆڕ نه‌بووه‌ته‌وه و په‌لی نه‌هاوێشتووه. له‌باره‌ی ژیناوه، چالاکانی ئینتیکی زاڵی فارس، خه‌بات دژی سته‌می ڕه‌گه‌زییان به مه‌به‌ستی پووچه‌ڵکردنه‌وه و هاوئاستکردنی خه‌باتی مێژوویی کورده‌کان بۆ مافه نه‌ته‌وه‌یی، ئایینی و زمانییه‌کانیان به‌کار هێنا. به‌هه‌ر حاڵ هاوده‌نگیی ئه‌وان ته‌نها لایه‌نی تاکتیکی و سیاسیی هه‌یه و له مه‌رگی “ژینا” بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و شته‌ی که گوتاری زاڵ ماوه‌یه‌کی زۆره له هه‌وڵی کۆنترۆڵکردنهوهیدا بووه، که‌ڵکی وه‌رگرت-یانی کۆنترۆڵی کۆمه‌ڵگا به‌که‌مینه‌کراوه غه‌یری فارسه‌کان و کو‌لتوور، بیره‌وه‌ری و مێژووه‌کانیان. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه له حاڵێکدا که ئیلیت و ده‌سته‌بژێرانی زاڵ، ده‌رفه‌تێکیان بۆ ئاهه‌نگگێڕان بۆ (یه‌کێتی و هاوده‌نگی نه‌ته‌وه‌یی) له هه‌موو ئێران له‌میانه‌ی تووندوتیژی و سه‌رکوتکردنی ده‌وڵه‌تدا دیتبووه‌وه، کورده‌کان له‌باره‌ی هاوڕێیه‌تی یان مه‌وداگرتن له گێڕانه‌وه‌ی زاڵ به پارێزه‌وه جووڵاونه‌ته‌وه، چون ڕوخسار و تێڕوانینی ڕاسته‌قینه‌ی (ئێرانی‌بوون) ی نومایش ده‌کرد.
ده‌وڵه‌تی ئێران له مێژه مافی مرۆڤی له کوردستان پێشێل کردووه. ده‌بێ ئه‌مه‌مان له‌به‌رچاو بێت که “ژینا” تاقه ژنێک نییه که بووبێت به قوربانیی سیاسه‌ته‌کانی کۆماری ئیسلامیی ئێران؛ هه‌روه‌ها ئه‌و تاقه ڕه‌مزی بزووتنه‌وه‌ی فیمینیستیی کورد له ڕۆژهه‌ڵات/کوردستانی ئێران‌دا نییه. به هه‌مان شێوه که که‌یسی ژینا پیشانی دا، چه‌مکی (ژنی ئێرانی) که له لایه‌ن ژنانی چالاکی ئیتنیکی زاڵی فارس ڕۆنرا و ساخته کرا وه‌کوو (نموونه‌ی ئایدیال)ی ماکس ڤیبیری ده‌که‌وێته گه‌ڕ، که تایبه‌تمه‌ندییه ڕۆشنبیرانهکانی له لایه‌ن ژنانی کۆمه‌ڵگای زاڵ به شێوه‌ی بژارده‌کارانه دیاری و پراکتیزه ده‌کرێ، و ته‌نها له‌خۆگری ئه‌و ده‌سته‌یه له ژنان، ئه‌زموونه‌کانیان و ئه‌و شێوهیانهیه که له‌گه‌ڵ گوتاری فارسخوازدا گونجاو ده‌بن. بۆ نموونه سێ ژنه چالاکی دیکه‌ی کورد، زارا محه‌مه‌دی؛ مامۆستای به‌ندکراوی زمانی کوردی، موژگان کاووسی؛ مامۆستای زمانی کوردی، و زه‌ینه‌ب جه‌لالییان؛ چالاکی سیاسیی که سزای زیندانی هه‌تاهه‌تایی به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه، هه‌رگیز له لایه‌ن ژنانی چالاکی ڕه‌وتی سه‌ره‌کی، پشتیگیرییان لێ نه‌کرا و به فه‌رمی نه‌ناسران. هه‌ڵسووکه‌وتی ڕژێم له‌گه‌ڵ ئه‌م سێ که‌سایه‌تییه ژنه چالاکه‌ی کورد نه سه‌رنجی کۆمه‌ڵگای زاڵی ڕاکێشا و نه له لایه‌ن خوشکانی فارسه‌وه شه‌رمه‌زار کرا. زارا، یه‌کێک له ئه‌ندامانی به‌ڕێوه‌به‌ری ڕێکخراوی ناده‌وڵه‌تیی نۆژین و مامۆستایه‌کی خۆبه‌خشی کورد بوو، له لایه‌ن سازمانی ئیتلاعاتی ئێران، ده‌ستبه‌سه‌ر کرا و له 8ی ژانوییه‌ی 2022 به سزای پێنج ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا سه‌پێنرا. هه‌ڵسووکه‌وت و جووڵانه‌وه له‌گه‌ڵ زارا دژوازییه بنه‌ماییه شاردراوه‌کان له ڕۆحی یاسای بنه‌ڕه‌تیی کۆماری ئیسلامی ئاشکرا ده‌کات. له ماده‌ی 19 یاسای بنه‌ڕه‌تیدا هاتووه: (خه‌ڵکی ئێران سه‌ر به هه‌ر ئیتنیک و خێڵێک بن مافی یه‌کسانیان هه‌یه و ڕه‌نگ، نه‌ژاد، زمان و ئه‌م بابه‌تانه نابنه هۆی سه‌رێتی و ئیمتیاز).
له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، ماده‌ی 15، فارسی وه‌کوو (زمان و خه‌تی فه‌رمی و هاوبه‌شی خه‌ڵکی ئێران) ڕاگه‌یاندووه. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که کرۆکی ماده‌ی 19 ڕاشکاو و دیاره، ڕاهێنان و فێرکاریی به زمانی کوردی قبووڵ ناکرێت و پێیان قووت ناچێت. ڕژێم و کۆمه‌ڵگای زال و سه‌رده‌ست، سه‌رێتی زمان و کولتووری فارسی پاساو ده‌داته‌وه و پێگه‌که‌ی به‌رز ده‌کاته‌وه و ئه‌ویدییه غه‌یری فارسه‌کان له ژێر ناوی ئیتنیکی، خۆجێیی و خۆماڵی پێناسه ده‌کات. ده‌رکه‌وتن و دره‌وشانه‌وه کولتووری و زمانییه‌کانی غه‌یری فارسه‌کان، ئیتنیکخوزانه یان جوادیی(ته‌جزیه)خوازنه ده‌خوێنرێته‌وه. شه‌رمه‌زارکردنی ده‌ستبه‌سه‌رکردن و زیندانیکردنی زارا له ناو سنووره‌کانی کوردستاندا مایه‌وه. ته‌نانه‌ت یه‌ک هه‌وڵی هاودهنگانهش له ده‌ره‌وه‌ی کوردستان بۆ ئه‌و ڕێکنه‌خرا. هه‌ر به‌م شێوه‌یه، دادگایه‌ک له ئێران له ساڵی 2008 به تۆمه‌تی (موحاریبه) سزای له‌سێداره‌دانی به‌سه‌ر زه‌ینه‌ب جه‌لالیان له دادگاییکردنێکی ڕوواڵه‌تی و سه‌حراییدا که ته‌نها چه‌ند خوله‌کی خایاندووه، سه‌پاند. دواتر سزای له‌سێداره‌دانه‌که‌ی له ساڵی 2011ه‌وه بۆ زیندانی هه‌تاهه‌تایی گۆڕا. زه‌ینه‌ب له ساڵی 2000دا یارمه‌تی ژنانی له به‌شانێک له پارچه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات و باشوور ده‌دا. زه‌ینه‌ب جه‌لالیان له‌گه‌ڵ تووشبوونی به نه‌خۆشیی جۆراوجۆر، له درێژه‌ی چوارده ساڵی ته‌مه‌ن که له زینداندا به‌سه‌ری بردووه له مافی پزیشکی و چاره‌سه‌ری وه‌رگرتن بێبه‌ش کراوه و ته‌نانه‌ت یه‌ک ڕۆژیش ئیزنی چوونه ده‌ره‌وه‌ی پێ نه‌دراوه. جه‌لالییان تۆمه‌تبار بوو به کرده‌وه‌ی چه‌کدارانه دژی (نیزامی پیرۆزی ئیسلامی). هه‌رگیز ئاوڕێک له ده‌عیه و بانگه‌شه‌ی جه‌نگ له هه‌مبه‌ر ده‌وڵه‌ت (موحاره‌به) له دژی زه‌ینه‌ب، له لایه‌ن ژنانی ده‌سته‌بژێری فارسه‌وه نه‌درایه‌وه و ئه‌و وه‌کوو (ژنی ئێرانی) خه‌باتگێڕ که له‌دژی حکوومه‌تی دینیی خه‌باتی کردووه، ناوی نه‌هات. پێویسته ئه‌مه‌ش بگوترێت که له ئێستادا (دوور و درێژترین قۆناغی زیندانی له نێو هه‌موو زیندانییه سیاسییه‌کانی ژن له ئێران)دا به‌سه‌ر ده‌بات. ده‌ستبه‌سه‌رکردن و زیندانیکردنی موژگان کاووسی په‌رده‌یه‌کی دیکه له‌سه‌ر ڕوخساری حکوومه‌تی تئو-ئیتنوکراتیکی ئێرانی هه‌ڵده‌داته‌وه و پیشان ده‌دات که له گوتاری سیاسی و ڕۆشنبیریی ئاوه‌ها سیسته‌مێک نه‌ک تاوانی سیاسی و ئایینی به یه‌کسان داده‌نرێت، به‌ڵکوو وه‌کوو کۆڵه‌که ئایینییه‌کانیش چاو له زمانی نه‌ته‌وه‌یی (فارسی) ده‌کرێت. هه‌ر به‌م پێیه فێرکاریی زمانه غه‌یره فارسییه‌کان ده‌کرێت وه‌کوو بیدعه‌ت و لادانێکی ئایینی و کرده‌وه‌یه‌کی ته‌کفیری و ئیلحادیانه بخوێنرێته‌وه. موژگان کاووسی به بیانووی فێرکاریی زمانی کوردی له پله‌ی یه‌که‌مدا تۆمه‌تی موحاره‌به‌ی خرایه پاڵ، واته خه‌بات دژی خودا و نیزامی پیرۆزی هه‌ڵخێزراو له بنه‌ما و ئامۆژگارییه ئاینییه‌کان. به‌ده‌ر له پێداچوونه‌وه و ده‌ستێوه‌ردانی دواتری بڕیاره‌که، ئه‌م بڕیاره ده‌رخه‌ری بهیهکسانگرتنی زمان و ئایینه له ئێران؛ له‌وه‌ش گرینگتر، بێده‌نگیی کوشنده و ماناداری کۆمه‌ڵگه‌ی زاڵ و سه‌رده‌ست، له‌وانه‌ش ژنانی چالاکی فارس ده‌ربڕی داکۆکیکردنی ژێره‌وانکێ و هاوده‌نگیی نهرمونۆڵانهیانه له‌گه‌ڵ گوتاری دژهئهویدیی زاڵ و سه‌رده‌ست.
ئه‌م نموونانه پیشانی ده‌دات که چۆناوچۆن وێنا و تێگه‌یشتنی ده‌وڵه‌تخواز، ناوه‌ندخواز و نه‌ته‌وه‌خواز له شوناسی ڕه‌گه‌زی، مه‌رجی په‌یوه‌ستن بوون به ڕیزه‌کانی خوشکانی فارس ده‌به‌ستێته‌وه به باوه‌ڕداربوون به نه‌ته‌وه‌یه‌کی تاقانه‌وه. تا کاتێک کۆمه‌ڵگا ناسهردهست و نازاڵهکان (به‌ده‌ر له بازنه‌ی ڕه‌گه‌ز، چینایه‌تی و گرێدراوێتییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی دیکه) شوناسی خۆیان ده‌خه‌نه ڕوو، ده‌وڵه‌ت و ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگای زاڵ له‌گه‌ڵیان وه‌کوو ئه‌ویدییه‌ک ده‌جووڵێنه‌وه. به‌سه‌رهاتی زه‌ینه‌ب پیشان ده‌دات که بزووتنه‌وه‌ی ئێستاکه‌ی ژنان له ئێران ئه‌وه‌نده‌ش که دێته به‌رچاو ڕادیکاڵ، گۆڕانخواز (به نیسبه‌ت نۆرم و نه‌زمی نایه‌کسانی هه‌بوو) و ڕووخێنه‌رانه نییه. به‌ڵکوو هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات که گوتاری ناسیۆنالیزمی ئێرانیی فارسته‌وه‌ر وه‌کوو خۆی بمێنێته‌وه.
“به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی دانسقه‌یی ئه‌زموون”
ئه‌زموون و ده‌نگه‌کانی ژنانی غه‌یری فارس که هه‌میشه گرێدارو بووه له‌گه‌ڵ داخوازه ئیتنیکییه زمانییه‌کان، به شێوه‌یه‌کی بژارده‌که‌رانه له لایه‌ن ژنانی چالاکی فارسه‌وه سه‌رنجی ده‌درێتێ. نموونه‌ی ئه‌م هه‌ڵسووکه‌وته بژاردهکهرانهیه، ڕووبه‌رووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌کی زۆری خۆکوژیی ژنان له ناوچه گه‌شه‌نه‌سه‌ندووه‌کانی ئیلامه که به‌زۆریی دخرێته پاڵ پێکهاتی پیاوسالارانه‌ی ئه‌م ناوچه‌یه. ئه‌گه‌رچی باوکسالاری ڕۆڵێکی گرینگی له سته‌می ڕه‌گه‌زیدا هه‌یه، به‌ڵام ڕۆڵی بنه‌مایی ده‌وڵه‌ت له هه‌ژارکردنی ناوچه‌که به‌شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام پشتگوێ ده‌خرێت. ناوچه‌کانی کوردستان (له پاڵ به‌لووچستان و خووزستان) به‌رزترین ڕێژه‌ی بێکارییان هه‌یه و ده‌ستیان به سه‌ره‌تاییترین خزمه‌تگوزاریی گشتی ناگات و بێبه‌شن لێی. زۆربه‌ی ژنانی ئیلیت و پیتۆڵی ئیتنیکی زاڵ ئه‌مه‌یان سه‌لماندووه که ئاره‌زوویه‌کیان بۆ ڕه‌خنه‌کردن و وردبوونه‌وه له سیاسه‌ته‌کانی ده‌وڵه‌ت له‌م بواره‌دا نییه. وه‌کوو نموونه‌یه‌کی دیکه ڕه‌وتی سه‌ره‌کیی فیمینیسم له ئێران، ڕه‌نج و ئازاری ژنانی کۆڵبه‌ر نه‌دیو ده‌گرێت و پشتگوێی ده‌خات. ژنانی کۆڵبه‌ری کورد (له پاڵ ده‌یان هه‌زار پیاوی کۆڵبه‌ری کورد) کۆڵ و باره قورسه‌کان له‌سه‌ر پشتیان ده‌نێن و له نێوان سنووری (ئێران و ئێراق)دا ده‌یگوازنه‌وه. زۆرێک له‌م ژنانه له ئه‌نجامی قه‌یرانی ڕو له زیادبوونی دۆخی ئابووری له کوردستاندا ناچار بوون مل بده‌ن به ئاوه‌ها کارێکی زۆر مه‌ترسیدار و تاقه‌تپڕووکێن؛ هاوسه‌ر و منداڵانی زۆرێک له‌م ژنانه له کاتی کۆڵبه‌ریدا کوژراون، بریندار بوون یان په‌کیان که‌وتووه و به‌که‌ڵکی ئیش و کار نه‌ماون؛ ژنانی چالاک نه‌ک ته‌نها چاویان به‌سه‌ر ئه‌م تراژیدییه پێکهاتهییانهدا داخستووه به‌ڵکوو هاوڕێ له‌گه‌ڵ پیاوان و پێکهاتی باوکسالاری زاڵ، به هه‌موو هێزیانه‌وه له پشتی وه‌همێک به‌ناوی یه‌کپارچه‌یی خاکی ئێران و یه‌کپارچه‌یی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ستاون و هه‌ر جۆره داخوازییه‌کی کولتووری، زمانی و سیاسیی ژنانی کورد له ژیر ناوی (فیمینیسمی جودایی‌خواز) شه‌رمه‌زار ده‌که‌ن و ده‌یخه‌نه په‌راوێزه‌وه.
ئیتنیکی زاڵ به‌سه‌ر ئێران (سیسته‌م و نیزامێکی نه‌ژادیی سوڵته)ی بونیات ناوه که وه‌کوو ئامرازێکی سه‌رکوتکردن له کۆنترۆڵی دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و خۆشگوزه‌رانیی ئابووری، که‌ڵک وه‌رده‌گرێت. ده‌توانین ئه‌مه له ناوچه هه‌ژار و گهشهنهسهندووه غه‌یری فارسه‌کانی وه‌کوو کوردستان، به‌لووچستان و خووزستاندا ببینین که چه‌ندین ده‌یه‌یه به ده‌ستی په‌راوێزخستن و لهگهشهخستنی سیسته‌می و سیسته‌ماتیکی ئابوورییه‌وه گیریان خواردووه. بۆ نموونه له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا هه‌شت کچه منداڵی به‌لووچ له کاتی ههڵگۆستنی ئاو له هووتک(چاڵێک که ئاو تییدا کۆ ده‌بێته‌وه و ئاژه‌ڵ و مرۆڤ به هاوبه‌شی كهڵکی لێ وه‌رده‌گرن) بۆ به‌کارهێنانی ڕۆژانه خنکاون. مه‌رگی خه‌مناکی ئه‌وان نه له لایه‌ن ناوه‌ند و نه له لایه‌ن ژنانی چالاکی فارسه‌وه هیچ سه‌رنجێکی نه‌درایه. ده‌وڵه‌ت له ڕێگه‌ی گۆڕینی پرسی ئیتنیکه‌کان بۆ بابه‌ت و ته‌وه‌ره ئه‌منییه‌کان و ناوزه‌دکردنی ناوچه‌کانیان به ناوچه‌ی ئه‌منی، ئه‌م بێبه‌شی و گهشهنهسهندووییهی قووڵتر کردووه‌ته‌وه. ئه‌م ناهاوسانییه یاسایی و قووڵه ڕهگئاژۆکراوه، له ڕێگه‌ی سه‌پاندنی سه‌رێتی و بهرێتییه کولتوورییه‌کانی کۆمه‌ڵگای سه‌رده‌ست و زاڵ به‌سه‌ر ئه‌وانی دی به‌رده‌وام بووه. ئه‌م ناهاوسانییه پێکهاته‌ییه که له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه به‌سه‌ر غه‌یری فارسه‌کاندا سه‌پاوه به‌ده‌گمه‌ن -ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین هه‌رگیز-له ناڕه‌زایه‌تییه مه‌ده‌نییه‌کانی ناوه‌ند، له‌وانه‌ش ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییانه‌ی که فیمینیسته‌کان سه‌رپه‌رشتیی ده‌که‌ن، سه‌رنجی دراوه‌تێ و لایه‌کی لێ کراوه‌ته‌وه.
هه‌ڵاتنی خۆری (بزووتنه‌وه‌ی ژینا) نه‌ک ته‌نها ئاماژه‌یه به خاڵێکی وه‌رچه‌رخانی نوێ له خه‌باتی کورد بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی مافه بنه‌ڕه‌تییه‌کانی، به‌ڵکوو تیشک و دهرکهوتهیهکیش له به‌رخۆدانی خه‌ڵکی غه‌یری فارسیش ده‌دا به ناوچاواندا که تێیدا لێکدان و تێکه‌ڵکردنی ناسیونالیسمه ژێرده‌ست(ه‌کان)، فیمینیسم(ه‌کان) و پرۆسێسه کۆلۆنیالسڕێنهر(ه‌کان) به ڕوونی تێیدا هه‌ست پێ ده‌کرێ. ئه‌گه‌رچی ژنان ئه‌م ڕه‌وته کۆمه‌ڵایه‌تی-سیاسییه بێوێنه‌یه‌یان ده‌ست پێ‌کرد و به‌زۆریش ژنان ڕێبه‌رایه‌تیی ده‌که‌ن، به‌ڵام ئالنگارییه‌کی بوونناسانه و مه‌عریفیی بۆ فیمینیسمی ناوه‌ند دروست کردووه که ده‌کرێت له ژیر تیشکی ئه‌م ڕاستییه‌دا ڕوونی بکه‌یه‌نه‌وه که بۆ ئیتنیک/نه‌ته‌وه په‌راوێزخراو و بهکهمینهکراوهکان له ئێران، سته‌می ڕه‌گه‌زی هه‌میشه له‌گه‌ڵ جۆره‌کانی سته‌می ئیتنیکی-ئایینی و زمانی‌دا یه‌کانگیر و هاوته‌ریب بووه.
سترانی (بۆ)ی شیروینی حاجی پوور؛ سترانبێژی فارس، ده‌ربڕ و ده‌مڕاستی ئه‌م دیارده‌یه‌یه. حاجی پوور به ئیلهاموه‌رگرتن له‌و تویتانه‌ی که له باره‌ی مه‌رگی ژیناوه کرابوون، سترانێکی دروست کرد که فارسه‌کان وه‌کوو سروودی نه‌ته‌وه‌یی ناڕه‌زایه‌تییه‌کان ده‌یناسن. سترانی (بۆ) به “بۆ سه‌ما کردن له ناو کۆڵان، بۆ تۆقین له ژوانی ماچان” ده‌ست پێ ده‌کات و به “بۆ خوشکم، خوشکت، خوشکه‌کانمان” درێژه‌ی ده‌درێتێ. بۆ گۆڕینی ئه‌و مێشکانه‌ی پووکاون؛ بۆ شه‌رمه‌زاری، بۆ بێپاره‌یی؛ بۆ (منداڵی زبڵگه‌ڕ و ئاواته‌کانی). ئه‌م سترانه درێژه‌ی ده‌درێتی: (بۆ ئه‌م هه‌وا پیس و پیرۆزه)، بێچووه پڵنگی ئێرانی له‌به‌رده‌م مه‌ترسیی له‌ناوچوون، (بۆ سه‌گه بێگوناحه قه‌ده‌غه‌کراوه‌کان)، (بۆ منداڵانی ئه‌فغان) و (بۆ به‌ڵێنه بۆشه‌کانی ده‌وڵه‌ت). حاجی پوور له هیچ شوێنیکی سترانهکهیدا نیشانه‌یه‌ک له سته‌می ئیتنیکی و زمانیی ناخه‌ته ڕوو.
چیا مه‌ده‌نی؛ ژه‌نیار و سترانبێژی کورد، له ڕێگه‌ی سترانێک ده‌قاوده‌ق هاوتای (بۆ)، وه‌ڵامی حاجی پووری دایه‌وه. ئه‌و به دهسخۆشیکردن له حاجی پوور به‌بۆنه‌ی (وشه جوان و ناسکه‌کانی)یه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات و دواتر بیری ده‌خاته‌وه که (زامی من له زامی تۆ کۆنتر و قووڵتره، هه‌زاران بۆ له دڵی مندایه)، سترانهکهی چیا ئاماژه به ناوی (ژینا) ده‌دات، ناوێک که له لایه‌ن کۆماری ئیسلامییه‌وه قه‌ده‌غه کرا و بنه‌ماڵه‌ی پێملی هه‌ڵبژرادنی ناوی فارسیی (مه‌هسا) کرد. چیا له‌وه‌ی که ژینا نه‌یتوانی ناوی خۆی چ له سه‌رده‌می ژیانیدا و چ پاش مردنی، خۆی هه‌ڵبژێرێت، داخداره. سترانه‌که درێژه‌ی ده‌بێت (بۆ) ڕه‌نجی خه‌ڵکی هه‌ژاری په‌راوێز، (بۆ) مامۆستا ده‌سبه‌سه‌رکراو و له‌سێداره‌دراوه‌کانی زمانی کوردی و (بۆ) ئه‌و باوکانه‌ی که ده‌بێت پاره‌ی ئه‌و فیشه‌کانه‌ی ده‌نرێت به ڕۆڵه‌کانیانه‌وه بده‌نه ده‌وڵه‌ت.
هه‌روه‌ها به ئیلهاموه‌رگرتن له سترانهکهی حاجی پوور، فه‌تانه فراهانی؛ چالاکی فارس، وتارێکی له ژیر ناوی 70 هۆی فیمینیستیی بۆ ناڕه‌زایه‌تیی ژنان له ئێرانی ئه‌مڕۆدا بڵاو کرده‌وه. هه‌ر هۆیه‌ک به (بۆ)یه‌ک ده‌ست پێ ده‌کات که له نێویاندا ده‌یان چالاکی فارس وه‌کوو (بۆ یه‌که‌مین فیمینیستی ئێرانی؛ تاهیره قوڕه‌تولعه‌ین)، (بۆ نه‌سرینی ستووده، نه‌رگسی محه‌مه‌دی، شیوا نه‌زه‌ر ئاهاری، سپێده قولیان و مههوهشی سابت) تێدایه. ئه‌گه‌رچی له وتاره‌که‌دا دوو جار وشه‌ی کورد دووپات ده‌بێته‌وه-جارێک وه‌کوو گرووپێکی ئیتنیکی له‌پاڵ عه‌ره‌ب و به‌لووچ و جارێکیش له ئاماژه و گه‌ڕانه‌وه بۆ چالاکی کوردی کوئیر. له لیسته‌که‌ی فهراهانیدا ناوی له زارامحهمهدی و زه‌ینه‌بی جه‌لالیان نه‌هاتووه.
زۆر و زه‌به‌ندی و گونجاوێتی هه‌ڵوێسته دژه غه‌یری فارسه‌کانی چالاکانی سه‌رده‌ست پیشان ده‌دات که ئامانجی فیمینیسمی فارس دروستکردنی گۆڕانی بنه‌مایی له گوتاری سیاسی و (ڕژێمی حه‌قیقه‌ت)دا نییه، به‌ڵکوو یان به شوێن سه‌رکه‌وتن له ناو ئه چوارچێوه‌یه‌دایه یان جێگۆڕکێ له گه‌ڵ سیسته‌مێکه که تێیدا ته‌نها له ئازادییه مه‌ده‌نییه‌کان پارێزگاریی ده‌کرێت. ئاوه‌ها گۆڕانکاریی یان جێگۆڕکێیه‌ک له دیدی فیمینیسمهکانی په‌راوێزدا حه‌تمه‌ن به‌ره‌و هه‌واری نموونه‌یه‌کی حوکمڕانیی یه‌کسانیخواز و دیموکراتیکی ئینتکی-ئایینی و زمانی ناڕوات و ناجوێت. فیمینیسمی په‌راوێز له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌یه که ده‌بێ له چوار به‌ره به شێوه‌ی هاوکات خه‌بات بکرێت: یه‌که‌م، خه‌بات دژی باوکسالاری؛ دووهه‌م، خه‌بات دژی حکومه‌تی ئایینی؛ سێهه‌م، خه‌بات دژی فیمینیسمی ئیتنیکی زاڵ و چواره‌م، خه‌بات دژی سته‌می ئیتنیکی-نه‌ته‌وه‌یی. فیمینیسته غه‌یری فارسه‌کان، فیمینیسمی ناوه‌ند له‌سۆنگه‌ی به‌هره‌مه‌ندیی زۆر و زه‌به‌ندیان له هه‌ڵاواردنی ئه‌رێنیی هه‌ڵخێزراو له سه‌رێتی و ئیمتیازی فارسبوونیان بۆ تاپۆکردن و داگیرکردنی پله و پۆسته سیاسیییه‌کان، جمووجووڵی کۆمه‌ڵایه‌تی-ئابووری، پێشکه‌وتنی خوێنده‌واریی، نواندنه‌وه‌ی کولتووری وهتد…تووشی گیروگرفت و ئالنگاریی ده‌که‌ن. ئه‌وان(فیمینیسته‌کانی ناوه‌ند)گوتاری ناسیونالیستیی فارس به بێ سه‌رنجدان به هه‌ڵسووکه‌وتی ڕهتکهرهوانه و سه‌رکوتکارانه‌یان له هه‌مبه‌ر ئیتنیکه‌کانی دیکه قبووڵ ده‌که‌ن. ژنانی فارس، فه‌زا و که‌شی فیمینیستیی ته‌نها به هه‌ڵوێسته‌کردن و فۆکۆس له‌سه‌ر ڕه‌گه‌ز قبووڵ ده‌که‌ن و کاریگه‌ریی فارسبوون، شوناس، کو‌لتوور و ڕۆڵی سه‌رده‌ستییه ئیتنیکییهکهی له به‌رده‌م دروستبوونی یه‌کسانیی ڕه‌گه‌زی به‌ئاسانی پشتگوێ ده‌خه‌ن. فیمینیسمی ناوه‌ند بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌کات که بۆ یه‌کسانیی ڕه‌گه‌زیی که‌واسووری به‌ر له‌شکره به بێ ئه‌وه‌ی بیه‌وێت لایه‌ن و ده‌رکه‌وته لێکده‌ر و چه‌ند ڕه‌هه‌ندییه‌کی قبووڵبکات. ته‌نها له‌ڕێگه‌ی خستنه‌ڕووی ڕه‌خنه‌ی نه‌رێنی له سه‌رێتی و ئیمتیازی فارسبوون و قازانجه هاوپێچهکانێتی که ده‌کرێت شێوه‌یه‌کی نوێ له تێگه‌یشتن بهێنینه ئاراوه تاکوو به‌ره‌و کاریگه‌رییه‌کی ڕزگاریکه‌ری له ناوه‌وه هه‌ڵقوڵاو، بمانبات.
په‌یوه‌ندیی فیمینیسمی ناوه‌ند له‌گه‌ڵ فیمینیسمه(کانی)په‌راوێز(به مانا ئیتنیکی، ئایینی و زمانییه‌که‌ی) له په‌یوه‌ندیی فیمینیسمی سپی له گه‌ڵ هاوتا ڕه‌شه‌که‌ی خۆی له وڵاتانێکی وه‌کوو ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کان ده‌چێت. ئیدوارد بوولینا سیلوا (2006) کۆمه‌ڵناس، ده‌سته‌واژه‌ی (ڕه‌نگ-کوێر)ی بۆ ڕه‌خنه‌کردنی فیمینیسمی سپی گووری و گه‌شه‌ی پێدا و به (ئامرازێک بۆ به‌رده‌وامبوونی نایه‌کسانیی نه‌ژادیی به بێ ئه‌وه‌ی نه‌ژادپه‌ره‌ستانه بێته به‌رچاو) پێناسه ده‌کات. ده‌توانین ئه‌م چه‌مکه به شێوه‌ی جۆراوجۆر بگشتێنین که تێیدا ئیتنیکی زاڵ له ئێران‌دا به نیسبه‌ت غه‌یری فارسه‌کانه‌وه(ئه‌ویدی-کوێره). گوتاری ئه‌ویدی-کوێر، ئێران وه‌کوو یه‌ک نه‌ته‌وه‌ی که‌ونارا و یه‌کپارچه به یه‌ک مێژوو، یه‌ک کو‌لتوور و یه‌ک زمانی تاقانه وێنا ده‌کات و شێوه‌ی ده‌کێشێت که له لایه‌ن ئیتنیکی فارسه‌وه نوێنه‌رایه‌تیی ده‌کرێت و تێیدا به‌رجه‌سته بووه‌ته‌وه(چاو بکه‌ن له کیا، 1998). ئاوه‌ها وێنه‌یه‌ک له (نه‌ته‌وه) به ده‌ربڕینی بیرمه‌ندی ئێرانی؛ میهرداد کیا، ته‌نها (له ڕێگه‌ی ڕه‌تکردنه‌وه‌ی شوناسه غه‌یره فارسه‌کانه‌وه) پۆڕاوه و هاتووه‌ته ئاراوه. ئه‌م زه‌ینییه‌ته هه‌موو غه‌یری فارسه‌کان له ڕووی مرۆڤناسییه‌وه له کڵاوڕۆژنه‌ی پارادایمی مێژووخوازی و کولتوورخوازیی ڕۆمانسییه‌وه پێناسه ده‌کات که له سه‌ر بنه‌مای ئوستووره‌ی تاقانه‌بوون بونیات نراوه.(ر.ک. احمد.2023) ئه‌م تێڕوانینه، دونیای غه‌یری فارسی ناوه‌وه‌ی ئێران به شێوه‌یه‌کی زاتی به پیاوانه، خۆماڵی، خێڵه‌کی، فولکلوریک و له ڕووی که‌لتوورییه‌وه دواکه‌وتوو ده‌زانێت.
وه‌کوو فیمینیسمی ڕه‌ش له ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کان، ڕه‌خنه‌ی فیمینیستیی کوردیش له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌یه که فیمینیسمی سه‌ره‌کیی له یه‌کلابوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕاستییه‌دا که نموونه و نوسخه‌ی ئه‌وان له فیمینیسم، سه‌رێتی و سه‌روه‌ریی نه‌ژادیی له‌خۆیدا هه‌ڵگرتووه، شکستی خواردووه. ئه‌م تێڕوانینه ناوه‌ندخواز و دهوڵهتخوازیه بۆ فیمینیسم، دۆخی هه‌بوو وئاماده به شتێکی ئاسایی و سرووشتی ده‌زانێت. کاتێک چاو له ئاوه‌ها شێوازێکی به‌ڕواڵه‌ت غه‌یری ڕۆژئاوایی و ئازادیبه‌خشی فیمینیسم ده‌که‌ین، به‌زۆریی له‌سه‌ر ئه‌زموونی ژنانی فارس وه‌کوو (ئه‌زموونێکی نۆرماڵ) و دۆخێکی بههاتهوهر له‌نگه‌ر ده‌گیرێت و ناتوانێت کێشه و ئازاره‌کانی ژنانی کورد، به‌لووچ، عه‌ره‌ب، ئازه‌ریی، لوڕ، گیله‌ک و تورکمه‌ن و هتد له‌خۆ بگرێت یان به فه‌رمی بیناسێت. ئه‌م جۆره له فیمینیسم له ڕێگه‌ی سڕینه‌وه‌ی ژنانی غه‌یری فارس، به‌شێوه‌یه‌کی ڕاسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ، سڕینه‌وه و نه‌هێشتنی ئه‌زموونه تاکه‌که‌سییه‌کانیان قووڵتر و چڕتر ده‌کاته‌وه. هه‌ر بۆیه فیمینیسمی فارس وه‌کوو جیهانبینییه‌ک، باس له کۆمه‌ڵێک گریمانه و کرده‌وه‌ی ڕیشه‌دار ده‌کات که فارسبوون ده‌خاته ناوه‌ند و چه‌قه‌وه و شوناس و پێکهاته‌ی به‌هاکانی فارس به سه‌رتر و به‌رزتر ده‌زانێت. ئه‌م گشتیکردنهوهیهی فیمینیسمی فارس له ئاستی جیهانیشدا خراوه‌ته ڕوو و به‌دواداهاته‌کانی به‌تایبه‌تی بۆ ژنانی نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌کان له ئێران کاولکه‌ر و وێرانکه‌ر بووه.
ئه‌م وتاره بانگهێشتێکه بۆ دووباره هه‌ڵسه‌نگاندنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی فیمینیسمی فارس له ڕێگه‌ی ئه‌و شته‌ی که (ئیدل شوولاک) پێی ده‌ڵێ (میتۆدۆلۆژیی بژارده‌کان). هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته تێڕوانینێکی چه‌ند نه‌ته‌وه‌یی و چه‌ند که‌لتووریی بۆ فیمینیسم پێشنیاز ده‌کرێت که فیمینیسته فارسه‌کان هان ده‌دات تاکوو فارسبوون و ئیمتیاز و سهرێتییهکانی تووشی گیروگرفت و ئالنگاری بکه‌ن. بۆ به ئاکامگه‌یشتنی ئه‌م تێڕوانینه ڕه‌خنه‌گرانه‌یه، ده‌بێت ڕوانگه‌یه‌کی گشتگر و گۆڕانساز بگیرێته به‌ر که به هه‌مان ڕاده وا نیزام و سیسته‌می کۆمه‌ڵایه‌تیی پیاوته‌وه‌ر به‌گیروگرفت ده‌کات و ئالنگاریی بۆ دێنێته پێشێ، له‌گه‌ڵ ڕوانگه‌ی نه‌ژادپه‌ره‌ستانه‌ی فیمینیسمی فارس له ئێران، نه‌ژادپه‌ره‌ستیی ئاشکرا و نهێنیی ڕهگئاژبوو تێیدا، و هه‌روه‌ها هه‌یمه‌نه و زاوته‌ی گوتارییانهشی زۆرانبازی بکات. ته‌نها له ڕێگه‌ی ئاوه‌ها چوارچێوه‌یه‌کی گشتگیره ده‌کرێت هاوده‌نگیی و هه‌ره‌وه‌زیی ڕاسته‌قینه‌ی فیمینیستیی له پانتای سیاسه‌تدا ده‌ربکه‌وێت و زه‌مینه‌ی بۆ له‌بار بکرێت.
نووسین: د. ئه‌حمه‌د محه‌مه‌دپوور
وه‌رگێڕان: ئاراس ڕۆژهه‌ڵاتی