لە ساڵی 2005، ئەمریکا بەپەلە دەستووری نوێی ئێراقی داڕشت، بەڵام ئەمە “دیموکراسی”ی بۆ ئێراق نەهێنایە کایەوە، بەڵکو سیستەمێکی پشتبەستووی بە بەرژەوەندییە تایەفییە جیاوازەکان دروستکرد. پێویستە لە خۆمان بپرسین کەی و لە کوێ دیموکراسی گونجاوە لە بەرامبەر کۆمەڵگا دابەشبووە قووڵەکان. دوای ساڵێک لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێراق لە ساڵی 2021، دواجار پەرلەمانی ئێراق توانی سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێرێت، ئەوەش بە مەبەستی هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانێک و پەسەندکردنی کابینەیەکی حکومەت. ئەمە گرنگ بوو، چونکە وڵاتەکە لە لایەن حکومەتێکی کاربەڕێکەر بەڕێوەدەبرا و ڕووبەڕووی کێشەی جددی ببووەوە، لەوانە پرۆسەی شکستخواردووی بونیادنانەوەی ئابووری و زیادبوونی ناڕەزایی بەشێکی بەرچاو لە دانیشتووان. بەڵام ئەمە سەرکەوتنێکی پڕ زەحمەت بوو.
“ئەزموونی ئێراق ئەوەمان بۆ دەردەخات کە هەوڵەکان بۆ بەرەوپێشبردنی دیموکراسی ڕەنگە لێکەوتەی نەرێنیی بەرچاو دروستبکات، دابەشبوونەکان قووڵتر بکاتەوە و وابکات وڵاتەکە لەڕووی کردەییەوە ئیدارە نەدرێت“
دواکەوتنی درێژخایەنی پێکهێنانی حکومەتی نوێ و نادڵنیایی لە توانای حوکمڕانییەکەی، وایکردووە زۆر پێویست بێت کە نەک تەنها بیر لە داھاتووی ئێراق بکەینەوە، بەڵکو بیر لە مانای دیموکراسی و کارپێکردنی بۆ کۆمەڵگە قووڵە دابەشبووەکان بکەینەوە. هەروەها پێویستە پرسیار لە حیکمەتی سەپاندنی سیستەمەکە بکەین بەسەر ئەو وڵاتانەی کە بارودۆخی سیاسییان بە تەواوی نەگونجاو دەردەکەوێت. ئەزموونی ئێراق ئەوەمان بۆ دەردەخات کە هەوڵەکان بۆ بەرەوپێشبردنی دیموکراسی ڕەنگە لێکەوتەی نەرێنیی بەرچاو دروستبکات، دابەشبوونەکان قووڵتر بکاتەوە و وابکات وڵاتەکە لەڕووی کردەییەوە ئیدارە نەدرێت.
“دیموکراسی لە ئێراق”
سیستەمی سیاسی ئێستا لە ئێراق لە دەستووردا چەسپاوە کە بە پەلە لە ساڵی ٢٠٠٥ لە ژێر داگیرکاری ئەمریکا و بە بەشدارییەکی بەهێزی پسپۆڕانی دابینکراو لە لایەن ئەمریکاوە دەرچووە. دەستوور بانگەشەی سیستەمێکی پەرلەمانی دەکات. دەنگدەران پەرلەمان هەڵدەبژێرن، کە لە بەرامبەردا لە نێو پەرلەمان سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمان هەڵدەبژێرێت و سەرۆکوەزیران بۆ پێکهێنانی حکومەت ڕادەسپێردرێت.
هەرچەندە لە دەستووردا نەنووسراوە، بەڵام لەڕووی کردەیی سیاسییەوە مەرجە کە سەرۆککۆمار کورد، سەرۆکی پەرلەمان سوننە و سەرۆکوەزیران شیعە بێت. جگە لەوەش لەلایەن هەمووانەوە زانراوە کە دەبێت پۆستەکانی حکومەت بەسەر هەموو گروپەکاندا دابەشبکرێن کە ڕەنگدانەوەی قورسایی سیاسییان بێت و هاوسەنگییەک دروست بکات کە لایەنە سەرەکییەکان قبووڵیان بێت. بەو پێیەی هەموو پێکهاتە ئیتنیکی و تایەفییەکان بە قووڵی دابەش بوون بەسەر کۆمەڵێک کوتلە کە لەلایەن کۆمەڵێک حزبی سیاسییەوە نوێنەرایەتی دەکرێن، پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرکردایەتییەکان لە دوای هەڵبژاردن هەمیشە هەمیشە پڕۆسەیەکی قورس و درێژخایەنە.
هەرچەندە دوای هەڵبژاردنی 2021 دواکەوتن زۆری خایاند، بەڵام ئاساییە پڕۆسەی پێکهێنانی حکومەت پێنج یان شەش مانگ بخایەنێت. لە ئەنجامدا پەیوەندی نێوان هەڵبژێردراوانی دەنگدەران و حکومەت جیاوازییەکی زۆری هەبوو. لە ئەمریکا پەیوەندی نێوان دەنگدان و دەرئەنجام لەلایەن دەستەی هەڵبژاردنەکانەوە فلتەر دەکرێت، بەڵام لە ئێراقدا بە چەند مانگێک لە ململانێ و موزایەدەی نێوان فراکسیۆنە سیاسییەکان و لایەنگرانی دەرەکییان فلتەر دەکرێت. تا ئەو کاتەی حکومەت پێکدەهێنرێت، دواکەوتنەکە هاوسەنگی هێز لە نێوان لایەنەکاندا دەگۆڕێت.
“مەترسی دواکەوتن”
لە ڕوانگەیەکی تەکنیکی تووندەوە، سیستەمی دیموکراسی فەرمی ئێراق لە ساڵی 2005ـەوە تاڕادەیەکی باش سەرکەوتوو بوو، وڵاتەکە هەڵبژاردنی بۆ پەرلەمانی ئینتقالی ئەنجامدا بە مەبەستی نووسینەوەی دەستوور لە مانگی یەکی ساڵی 2005، پاشان هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە کانوونی دووەمی 2005، ئازاری 2010، نیسانی 2014، ئایاری 2018 و ئۆکتۆبەری 2021، (کە ئەمەی دوایی پێشبینیکراو بوو بەهۆی ئەو نائارامییەی کە وڵاتەکەی گرتبووەوە).
لە ڕووی سیاسییەوە ڕاپەڕاندنی سیستەمی دیموکراسی پڕ کێشەتر بوو. لە سەرجەم هەڵبژاردەکاندا کۆمەڵێک لایەن بەشدارییان دەکرد، ئەوەش وای دەکرد هیچ کامیان نەتوانن زۆرینە بەدەست بهێنن، بەڵکو دەنگەکان، سەرەتا بە درێژایی لایەنە تایەفی و پێکهاتەکان، پاشان بە درێژایی ڕکابەرییە سیاسییەکانی ناو هەر گروپێکیان، دابەش دەبوون. ئەمەش پێویستی بە پێکهێنانی هاوپەیمانی هەبوو کە نوێنەرایەتی پێکهاتە سەرەکییەکان بکات و هەر گروپێک داوای پۆستی وەزاریی دیاریکراو بکات. پێکهێنانی حکومەت دوای هەڵبژاردنی کانوونی دووەمی 2005 پێویستی بە نزیکەی 6 مانگ و، دوای هەڵبژاردنی ئازاری 2010ـش پێویستی بە زیاتر لە 9 مانگ بوو. لە ساڵی 2014 و 2018ـشدا نزیکەی پێنج مانگ ماوەی نێوان هەڵبژاردن و دەستنیشانکردنی سەرۆکوەزیران بوو.
پێکهێنانی حکومەتی ئێستا قورسترین و ناکارامەترین پڕۆسە بووە؛ دانوستانەکانی نێوان لایەنەکان نزیکەی ساڵێک درێژەی کێشا تا مانگی تشرینی یەکەمی 2022 و ئەو پەرلەمانەی کە دواجار دەنگی بە سەرۆکوەزیران دا، ئەو پەرلەمانە نەبوو کە ساڵێک پێشتر هەڵبژێردرابوو. تا ئەو کاتە، ڕەوتی سەدری کە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021 زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو، سەرجەم نوێنەرانی خۆی لە پەرلەمان کشاندبووەوە. موقتەدا سەدر ڕایگەیاند کە لە سیاسەت دەکشێتەوە و ئەو پۆستە بەتاڵانەی کە سەدرییە دژە ئێرانییەکان بەجێیان هێشتبوو، لەلایەن ئەندامانی هاوپەیمانییەکی شیعەی لایەنگری “ئێران” بە ناوی چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە پڕکرانەوە.بە واتایەکی دیکە، ئەو پەرلەمانەی کە کابینەی نوێی پەسەند کرد، تەواو جیاواز بوو لەو پەرلەمانەی کە ساڵێک پێشتر هەڵبژێردرا.
“دواکەوتنی بەم ڕادەیە نەک تەنها وڵاتی لە دۆخێکی نادیاردا هێشتەوە، بەڵکوو هەڵبژاردنی دەنگدەران و هەڵبژێردراوانیشی شکاند“
دواکەوتنی بەم بەم ڕادەیە نەک تەنها وڵاتی لە دۆخێکی نادیاردا هێشتەوە، بەڵکوو هەڵبژاردنی دەنگدەران و هەڵبژێردراوانیشی شکاند. ئەمەش تەنیا بێمتمانەیی زۆرێک لە ئێراقییەکان بەرامبەر بە حکومەتەکەی خۆیان قووڵتر دەکاتەوە، کە لە تشرینی یەکەمی 2019ـەوە لە شەپۆلەکانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیدا دەرکەوتبوو.
“شکستهێنان لە جێبەجێکردن”
ئەو پڕۆسە سیاسییەی لەسەر بنەمای هەڵبژاردن کە ئەمریکا دوای داگیرکاری بەسەر ئێراقدا سەپاندی، ئەنجامەکەی دیموکراسی نەبووە،هەروەها حکومەتێک نەبووە کە ڕەنگدانەوەی ئەو هەڵبژاردنانە بێت کە لە لایەن دەنگدەرانەوە هەڵبژێردرابێت. هاوکات نەبووەتە هۆی پێکهێنانی حکومەتێکیش کە تەنانەت بتوانێت بەرەنگاری ئەو کێشانە ببێتەوە کە وڵاتەکە ڕووبەڕووی دەبێتەوە. لێرەدا مەبەست لەو کێشە بەڕاستی ترسناک چارەسەرنەکراوانە نییە کە بریتییە لە بوونیادنانی هەستی شوناس و ئامانجی هاوبەش لەو وڵاتە دابەشبووەدا، بەڵکوو مەبەستەکە شتێکی زۆر بێ بایەخترە، وەک گەڕاندنەوەی کارەبا لە وڵاتێکی دەوڵەمەند بە سەرچاوەی وزە و داهاتی خێرا کە هەناردەکردنی نەوتەکەیدا زیاد دەکات. سیستەمەکە زۆر گیرۆدەی سیاسەتی هاوسەنگکردنی فراکسیۆنەکانە، بەڕادەیەک کە ناتوانێت ئەو سیاسەتانە پەیڕەو بکات کە دۆخی ژیانی ئێراقییەکان باشتر بکات.
بەناو دیموکراسی لە ھێنانەدی ئاشتی کۆمەڵایەتی یان چارەسەری کێشە کۆنکرێتی و ناسیاسیەکان شکستی ھێناوە. دانیشتووان ناڕازین و حکومەتی تازە پێکهێنراویش لاوازە. تەنانەت هەندێک داوای هەڵبژاردنی پێشوەختەیان کردووە بەو هیوایەی کابینەیەکی نوێ نوێنەرایەتی زیاتری خەڵکی تێدا ڕەنگ بداتەوە- کە ئەوەش بیرۆکەیەکی خراپە و ڕەنگە ببێتە هۆی چەقبەستوویی چەند مانگێکی زیاتر.
”ئەمریکا دیموکراسییەتی بە میرات بۆ عێراق جێنەهێشتووە، بەڵکوو سیستەمێکی نوێنەرایەتی ئیتنیکی و ئایینی بۆ بەجێهێشتووە کە ئێراق لە هیچ سەردەمێکدا نەیبووە”
ئەمریکا دیموکراسییەتی بە میرات بۆ عێراق جێنەهێشتووە، بەڵکوو سیستەمێکی نوێنەرایەتی ئیتنیکی و ئایینی بۆ بەجێهێشتووە کە ئێراق لە هیچ سەردەمێکدا نەیبووە. بێگومان من بانگەشەی ئەوە ناکەم کە پێش هێرشەکەی ئەمریکا گرژییە ئیتنیکی و تایەفییەکان لە ئێراقدا بوونیان نەبووە، جگە لە هەندێ حاڵەتی تایبەت لە نێو حزبە چەپەکان، ڕێکخراوە سیاسییەکان خۆیان لەگەڵ مەزهەبێک یان نەتەوەیەکم بهڵام ئەوەی ئەمریکا کردی ئەوە بوو ناسنامەی ئیتنیکی و تایەفی کرده بڕبڕەی پشتی سیستەمی سیاسی، هاوشێوەی کۆمەڵگه قووڵه دابەشکراوەکانی دیکەدا که دەستی لەو بابەتەدا هەبوو.
دەستێوەردانی ئەمریکا لە شەڕەکانی دوای هەڵوەشاندنەوەی یوگۆسلاڤیا لە ساڵانی نەوەدەکاندا بووە هۆی دروستبوونی سیستەمیکی سیاسی کە ئایین و نەتەوەی وەک هۆکارێکی یەکلاییکەرەوە چەسپاند. ڕێککەوتنی دەیتۆن بە ناوبژیوانی باڵیۆز ڕیچارد هۆڵبروک بەناوی ئەمریکاوە بووە هۆی دروستکردنی دۆخێکی بەڕواڵەت زیرەک، بەڵام لە ڕاستیدا شێواو لە بۆسنە کە سیستەمێکی فیدراڵی لەخۆدەگرێت، کە یەکێکە لە پێکهاتەکانی فیدراڵییەت و سەرۆکایەتییەکی بەکۆمەڵ کە پێویستی بە چاودێری بەردەوامی نێودەوڵەتی هەیە بۆ ئەوەی ئەگەر تاڕادەیەکیش بێت، لە ئەرکەکانی بەردەوام بێت.
“سیستەمێکی شکستخواردوو”
تراژیدیای سیستەمە بوونیادنراوەکان لەسەر بنەمای نوێنەرایەتی ئیتنیکی و تایەفی ئەوەیە کە چارەسەرێکی کورتخایەن بۆ وڵاتێکی قەیراناوی پێشکەش دەکەن، بەڵام بە تێچوویەکی زۆر درێژخایەن. ئەم جۆرە سیستەمانە دابەشبوونە کۆمەڵایەتییەکان بەردەوام دەکەن و قووڵتریان دەکەنەوە، لە ئەنجامدا ناسەقامگیرییەکی بەردەوام دروست دەبێت. لوبنان کە لە ساڵانی چلەکانی سەدەی ڕابردووەوە سیستەمێکی تایەفیی هەیە، وەک هەمیشە دابەش بووە و پڕە لە ململانێ و لە بنەڕەتدا وەکو وڵات بەڕێوەناچێت. هەموو خولێکی هەڵبژاردن بەڵێنی نوێی چاکسازی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، بەڵام شرۆڤەکاران ڕایدەگەیەنن کە نەوەی گەنج پشتی لە تایەفەگەری کردووە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە هیچ شتێک ناگۆڕێت. ئەسیوپیا لە ساڵی 1992 توانی لە ڕێگەی دامەزراندنی سیستەمێکی فیدراڵیزمی ئیتنیکیەوە خۆی لە لە هەرەسهێنان بپارێزێت، بەڵام ئێستا گەڕاوەتەوە شەڕ لەگەڵ خۆیدا و ناسنامەی ئیتنیکی لە جاران بەهێزترە.
هیچ وڵاتێک نییە کە حکومەتە ئیتنیکی و تایەفییەکان ئاشتییان تێدا بەرقەرار کردبێت. بەپێی زانیاری و بەدواداچوونەکانیش، هەرکاتێک سیستەمێکی لەم چەشنە لە وڵاتێکدا چەسپابێت، هیچ حکومەتێک نەیتوانیوە خۆی لێ دەربازبکات. ئەمریکاش بە ناوی برەوپێدانی دیموکراسییەوە، ئێراقی خستووەتە نێو خەباتێکی درێژخایەنی دامەزراوەیی لەم چەشنە.
نووسین: مارینا ئۆتاوای، تووێژەری باڵای پێشوو و سەرۆکی پڕۆگرامی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و سەرۆکی خەڵاتی کارنێگ بۆ ئاشتی
وەرگێڕان: دڵپاک شەعبان