هاوئاهەنگیی سەربازی-تەکنیکیی نێوان هەردوو وڵاتی “ڕووسیا و ئێران” گەیشتووەتە ئاستێک کە لە پێشوودا وێنەی نەبووە، بەڵام ڕەنگە تەمەنێکی کورت مەودای هەبێت. هێرشی “ڕووسیا” بۆ سەر “ئۆکرانیا” بووەتە هاوئاهەنگییە سەربازی-تەکنیکییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیای گەیاندووەتە ئاستێک کە لە پێشوودا وێنەی نەبووە. بەڵام ئەم هاوکارییە تا چ ئەندازەیەک بەرفراوانە و پێدەچێت لە داهاتوویەکی نزیکدا تا چەند بەردەوام بێت؟ بەکارهێنانی درۆنی شاهید-136ـی ئێرانی لە لایەن ڕووسیاوە، کە درۆنێکی خۆتەقێنەرەوەیە و بۆ پێکانی ئامانجە جێگیرەکان بەکاردەهێنرێت، لە دژی ژێرخانی کارەبای ئۆکرانیا، دیارترین و سەرنجڕاکێشترین نموونەی هاوکاری سەربازیی نێوان ئەو دوو وڵاتە بووە تا ئێستا. “مۆسکۆ” داوای هەزار درۆنی دیکەی شاهید-136ـی کردووە و باس لەوەش دەکرێت لەگەڵ “تاران” گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ دروستکردنی کارگەیەکی درۆنی ئێرانی لە ڕووسیا. هەروەها مۆسکۆ بەدوای مووشەکی بالیستی کورت مەودای ئێرانی فاتح-110 و زۆڵفەغار (SRBM)دا دەگەڕێت، ئەوەش وادەکات خستنەخوارەوەی درۆنی شاهید لە لایەن هێزەکانی بەرگریی ئۆکرانیاوە زۆر زەحمەتتر بێت.
هەرچی ئێرانیشە، باس لەوە دەکرێت لە ساڵی 2023ـدا فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتووی Su-35ـی ڕووسیای پێدەگات، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەوەی کە کۆشکی سپی بە “ئاستێکی بێ پێشینەی هاوئاهەنگیی سەربازی و تەکنیکی” ناوی دەبات، کە پەیوەندییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دەگۆڕێت بۆ هاوبەشییەکی بەرگریی تەواو. بەڵام ئاماژەکان ئەوەن کە ئەم هاوبەشییە گەشەسەندووە پێشتر ڕووبەڕووی کورتهێنانی بەرچاو بووەتەوە. بۆ نموونە، یەکێک لەو هۆکارانەی کە وایکردووە “ڕووسیا” بەدوای چەکی ئێرانیدا بگەڕێت، بەدەر لەو جێگرەوە زۆر سنووردارانەی کە لە دوای 24ـی شوباتەوە هەیبوو، ئەزموونی گوماناویی “ئێران” بوو کە بە سەرکەوتوویی پەرەی بە درۆن و سیستەمەکانی دیکە داوە لە بەرامبەر سزاکانی ڕۆژئاوادا. بەڵام زۆرێک لە پێکهاتە ئەلیکترۆنییە پێشکەوتووەکان و سێمی کۆندەکتەرەکانی ناو ئەم درۆنانە لەلایەن کۆمپانیا ڕۆژئاواییەکانەوە دروستکراون و لە بنچینەدا لەلایەن تارانەوە پەرەیان پێنەدراوە.
لە نێوان ناوەڕاستی مانگی تشرینی دووەم و 10ـی کانوونی دووەمدا، ڕووسیا هیچ جۆرە درۆنێکی شاهید-136ـی دژی ئۆکرانیا بەکار نەهێناوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە لە ماوەیەکی کورتخایەن دا؛ یەکەم کاروانی درۆنەکەی بە تەواوی بەکار هیناوە، کە نزیکەی 400 درۆن بوون و لە مانگی ئابدا ڕادەستی کرابوو.
لە سەرووی ئەمەشەوە، ههندێ ئاماژە هەن کە ڕەنگە “ئێران” بەم زووانە SRBM نەگەیەنێتە “ڕووسیا”. دەگوترێت “تاران” پلانی هەیە قەبارەی هەناردەکردنی هەر جۆرە SRBMـێک کەم بکاتەوە، بۆ ئەوەی خۆی لە پێشێلکردنی بڕیارنامەی 2231ـی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەدوور بگرێت.
بڕیارێکی زۆرەملێ بۆ ڕووسیا
ئەنتۆن مەرداسۆڤ، شرۆڤەکاری سەربەخۆی ڕووسی و لێکۆڵەر لە پرۆگرامی سوریای ئینستیتیوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەستکەوتنی درۆنی ئێرانی لەلایەن ڕووسیا بە “بڕیارێکی زۆرەملێ” وەسف دەکات، چونکە “ڕووسیا” لە سەرەتادا پلانی بۆ هێرشکردنە سەر ژێرخانی ئۆکرانیا نەبوو. ناوبراو دەڵێت، “ئەم درۆنانە لە وەرزی پاییزدا چالاکانە وەک جێگرەوەیەک بۆ چەکی پێشکەوتوو لە دژی ئەو ئامانجە جێگیرانەی کە پێویستیان بە سیخوڕی پێشوەختە نەبووە بەکارهێنراون”. لە کاتێکدا “ڕووسیا” درۆنی تایبەتی خۆی لە “ئۆکرانیا” جێگیر کردووە، بەڵام ئەمانە بەس نین بۆ ململانێیەکی وەها گەورە و بە شێوەیەکی بەرچاو لە هاوتا ئێرانییەکانیان گرانترن. مارداسۆڤ باس لەوە دەکات، “بە گشتی، ئەم هاوئاهەنگییە هەنگاوێکی زۆرە ملێیە بۆ لایەنی ڕووسی، کە بەم شێوەیە وابەستەی “ئێران” بووە و بێگومان نابێت چاوەڕوانی ئەوە بکات کە ئەنجامی ئەو جۆرە هاوئاهەنگییە بەرهەمێک بێت کە لە بازاڕدا دەربکەوێت”. مارسدۆڤ وتیشی:- شەڕی سوریا کارەسات بوو بۆ هاوئاهەنگی، چونکە دەرفەتی بە ڕووسەکان بەخشی بۆ ئاشنابوون بە درۆنەکانی ئێران.
چی تێدایە بۆ ئێران؟
تا ئێستا بە تەواوی ڕوون نییە کە تاران لە بەرامبەر دابینکردنی چەک بۆ مۆسکۆ چی بەدەست دەهێنێت. بەپێی زانیارییەکان، ئێران فڕۆکەی جەنگیی Su-35ـی ڕووسیا بۆ مۆدێرنیتەکردنی هێزی ئاسمانیی خۆی بەکار بهێنێت کە خەریکە بە خێرایی باویان نامێنێت. لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمدا، سکای نیوز لە زاری سەرچاوەیەکەوە ڕایگەیاند، ڕووسیا بە نهێنی بارێکی دەستبەسەرکراوی چەکی ئەمریکی و بەریتانی لەگەڵ 140 ملیۆن یۆرۆ (نزیکەی 145 ملیۆن دۆلار) بە شێوەی کاش گواستووەتەوە بۆ ئێران، میژووی ئەمەش بۆ مانگی ئاب دەگەڕێتەوە.
نووسین: پاوڵ ئیدۆن، ڕۆژنامەنووس و نووسەر لە بواری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مێژوو و سیاسەت
وەرگێڕان: دڵپاک شەعبان