ئەو کاتەی کە دەنگی ئۆپۆزیسیۆن کپ دەبێت، دەنگی گولە بەرز دەبێتەوە.
“ئابراهام لینکۆلن”
“پێشەکی”
ناڕەزایەتی بەرامبەر بە هەندێ لە ڕەفتار و کردارەکان، یەکێکە لەو خەسڵەتانەی کە لە ناخی مرۆڤەکاندا هەیە و، لە هەموو کۆمەڵگەکانیشدا لە چوارچێوەی خێزان، شار و وڵاتدا بەدیدەکرێت، بۆ نموونە ناڕەزایەتی ئەندامی خێزانێک بەرامبەر بە گوشارە خێزانییەکان یا خود ناڕەزایی توێژێکی کۆمەڵایەتی بەرامبەر بە باڵادەستی توێژێکی کۆمەڵایەتی تر یا ڕەفتارێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و هتد. بە گەشەکردنی کۆمەڵگەکان و دروستبوونی دەوڵەتە نوێیەکان، ئەوا ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی وەک شێوازیک لە شێوازەکانی چالاکی سیاسی لە ناو دەوڵەتەکاندا سەریهەڵدا. ئەمەیش بە واتای ناڕەزایەتی دێت بەرامبەر بە ویست و ئیرادەی دەسەڵاتی سیاسی یا دژایەتیکردنی ئەو بیرۆکە یاساییەی کە دەسەڵاتی سیاسی پشتی پێ دەبەستێ، بە وتەیەکی تر دژایەتیکردنی ئەو فەلسەفە سیاسییەی کە دەسەڵاتی سیاسی لەسەر بنیاتنراوە. لە ڕاستیدا، ناتوانین لە جیهاندا هیچ سیستەمێکی سیاسی بە بێ بوونی ئۆپۆزیسیۆن وێنا بکەین، چونکە لە هەر شوێنێکی جیهان دەسەڵاتی سیاسی هەبێ، ئەوا ململانێ لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکاندا دروست دەبێت بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات و بەڕێوەبردنی وڵات. هەربۆیە؛ ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی بەشێکی گرنگ و بنچینەییە لە هەر سیستەمێکی سیاسی کە بەپێی سرووشتی ئەو سیستەمە لە نێوان بەرتەسککردنەوە و فراوانبووندا چالاکی دەکات. سیسستەمە دیموکراتییەکان دان بە بوونی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیدا دەنێن و ئەو دەرفەتەی بۆ دەرەخسێنن کە بە ئازادی تەواو کار بکات، ئەمەیش وا دەکات گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن زۆر جار لە ڕێگەی سندووقەکانی دەنگدان و بە شیوازی ئاشتییانە بگەنە دەسەڵات. لە سیستەمە دیکتاتۆرییەکان، هەوڵی دوورخستنەوە و پەراوێزخستن و تەنانەت سڕینەوەی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی دەدرێت و ڕێگە بە بوون و چالاکییان نادرێت. باسکردن لە چوارچیوە و بنەما یاساییەکانی کاری ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی یەکێکە لەو بابەتە گرنگانەی کەمتر باسی لێوەکراوە، هەربۆیە لەم بابەتە، ئاماژە بە چوارچێوی یاسایی ڕێکخستنی کاری ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی دەکەین و پاشان ئاماژە بە سەرهەڵدان و دۆخی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی دەکەین لە هەرێمی کوردستان و لایەنە جۆراجۆرەکانی ئەم پرسە دەخەینە بەرباس.
“چەمک و پێناسەی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی”
چەمک و واتای ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی یەکێکە لەو بابەتانەی پێناسە و واتای جۆراجۆری بۆ کراوە. زاراوەی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی زاراوەیەکی نوێ و هاوچەرخە، بەڵام لە ڕووی کردارییەوە بەپێی ئەو پانتاییەی ئازادی ڕادەربڕین لە کۆمەڵگەکاندا بوونی هەبووە، پەیڕەو کراوە. یەکەم ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی لە سەدەی هەژدە لە “بەریتانیا”لە نێوان هەر دوو حزبی (ویگ و تۆری) سەریهەڵدا، کە جیاوازییەکی ئەوتۆیان نەبوو، زۆر جاریش هاودەنگ بوون، بەڵام هەمیشە شەڕی زۆرینە و کەمینە و جێگۆڕکێی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن لە نێوانیاندا بەردەوامبووە.
بنچینەی ئەم زاراوەیە دەگەڕێتەوە بۆ وشەی (oppositio)ی لاتینی کە بە واتای ڕووبەڕووبوونەوە و بەرامبەریەک وەستان یان ڕای پێچەوانەوە دێت و سەرەتا لە زانستی ئەستێرەناسیدا بە کارهاتووە، بەڵام پاشان هاتە ناو بوارەکانی دیکە و بە تایبەت سیاسەت. ئەم زاراوەیە، لە زمانی فەرەنسییەوە هاتۆتە ناو زمانەکانی دیکە و واتای دژایەتیکردن یا بەرهەڵستکاری دەبەخشێت و لە واتا بەربڵاوەکەی بریتییە لە هەوڵ و کۆششی سەندیکا و حزب و دەستە و گرووپ و کەسەکان بۆ گەیشتن بە هەندێ ئامانجی دژ بە ویست و ئامانجی دەسەڵاتدارانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی بە کەڵکوەرگرتن لە شێوازی کاری پەرلەمانی یا هەر شێوازێکی تر. لە واتا بەرتەسکەکەیدا، ئۆپۆزیسیۆن ناوێکە بۆ ئەو گرووپانەی لە سیستەمە پەرلەمانییەکاندا بەپێی دەستووری وڵات کارکردنیان فەرمییە و لە پەرلەماندا گرووپێکی پەرلەمانی پێکدەهێنن کە سەر بە حکومەت نین و پاڵپشتی لێ ناکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا پابەندن بە دەستووری وڵات. لە زمانی ئینگلیزیش؛ زاراوەی (opposition)لە ڕیشەی (oppose) وەرگیراوە کە بە واتای بەرهەڵستبوونەوە، بەرەنگاربوونەوە، هەڵسەنگاندن و دژایەتیکردن دێت و، هەروا وشەی (opposite) بە واتای دژ یا ناکۆک یا ڕووبەڕووبوونەوە لەم ڕیشەیە وەرگیراوە. لە زمانی عەرەبیش، زاراوەی (معارچه) بەکار دێت، کە وەرگێڕانێکی وشەییە و بە کەموکورتییەوە وەرگێڕاوە و ماناکەی شێواندووە و واتای چەمکەکەی لە دژایەتیکردنی دەسەڵات کورت کردووەتەوە. لە زمانی فارسیش، زاراوەی (اپوزیسیون)، (مخالفین) یا (معارچین) بە کاردێت. لە ئەدەبیاتی سیاسی کوردیش بە زۆری زاراوەی ئۆپۆزیسیۆن یا بەرهەڵستکاری بە کاردێت. پێدەچێت کە زاراوەی بەرهەڵستکارییش وەرگێڕانی هەمان زاراوەی (معارچه)ی عەرەبی بێت کە ئەمەیش ڕەنگدانەوەی دۆخی سیاسی و خەباتی بەرهەڵستکارانەی کورد بووە بە درێژایی مێژووی هاوچەرخ.
چەمکی ئۆپۆزیسیۆن لە لای زانایانی سیاسی و یاسای دەستووری دوو واتای ئۆرگانی (ڕواڵەتی) و بابەتی (ماددی) هەیە. ئۆپۆزیسیۆن بە واتا ڕواڵەتییەکی؛ بریتییە لەو هێز و دەستە و لایەنانەی کە چاودێریی کاری حکومەت و پلانەکانی دەکەن و یەکێک لە ئامانجەکانیان ئەوەیە، کە جێگای بگرنەوە جا بە سەرکەوتن لە هەڵبژاردن بێت یا بە هەر شێوازێکی تر. بەڵام ئۆپۆزیسیۆن بە واتا بابەتییەکەی؛ بریتییە لەو چالاکی و هەوڵانەی کە لەو ڕێگەیەوە ڕەخنە لە حکومەت دەگرن و چاودێریی چالاکی و پلانەکانی حکومەت دەکەن. ئەمەیش لە لایەن ئەو هێز و دەستانەوە دەبێت کە ئۆپۆزیسیۆنی ئۆرگانیی دەسەڵاتن، یا خود لە لایەن ئەو توێژ و کەسایەتیانەوە دەبێت کە لە ناو حکومەتدان، بە تایبەت ئەگەر حکومەتەکە هاوپەیمانی بێت. بەو حاڵەیش، لە بواری پراکتیکی مەرج نیە ئۆپۆزیسیۆنی ئۆرگانی هەموو کات هاوجووتی ئۆپۆزیسیۆنی بابەتی بێت، چونکە هەندێ جار ئۆپۆزیسیۆنبوون وەک چالاکییەکی ناڕێکخراو و نادامەزراوەیی سەرهەڵدەدات و، پاشان هەول دەدات خۆی لە چوارچێوەی دەزگەیەکی سیاسی بۆ نموونە حزب ڕێکبخات.
چونکە جەوهەری بەرهەڵستکاریی بە گشتی بریتییە لە ڕووبەڕووبوونەوە، بەربەرەکانێ یا ململانێ، کە واتە ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی بەو مانایە دێت کە لایەنێک مومارەسەی دەسەلاتی سیاسی دەکات و بڕیار دەردەکات و یاسا دادەنێت. لە بەرامبەردا، لایەنێکی دیکە هەیە بەرەنگاری کاری دەسەڵات و بەڕێوەبردنی دەبێتەوە بە مەبەستی ئەوەی کاریگەریی لەسەر دابنێت و ئاراستەکەی بگۆڕێت، یا ناچاری بکات کە سیاسەتێکی دیاریکراو بگرێتەبەر یا هەوڵ بدات بۆ دەرکردنی یاسایەکی دیاریکراو کە لە لایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە پێشنیارکراوە. بەم پێیە، ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی؛ بریتییە لە هەر چالاکی یا کردارێکی دژ بە ڕێباز یا سیاسەتی حکومەت لە لایەن هێزێک یا زیاتر لە ناو کۆمەڵگەیەکی سیاسی. مەرج نیە کاری ئۆپۆزیسیۆن تەنیا لایەنی سیاسی بگرێتەوە، بەڵکوو لایەنی ئابووریی، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری و هەموو بوارەکانی تری ژیانیش دەگرێتەوە بە گوێرەی سروشتی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن. پێناسەی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی دەربڕی جۆرێکە لە ململانێ و جەختکردنەوەیە لەسەر سیفەتی ئاشتییانەی ئۆپۆزیسیۆن بەو جۆرەی لە سیستەمە دیموکراتییەکاندا پەسند دەکرێت، کە بەردەوامیی ئەمەیش پشت بە لانیکەمی قبووڵکردنی یەکتر و متمانەی بەرامبەر دەبەستێ. بەم پێیە، ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی ڕەتکەرەوەی ڕەهای دەسەڵاتی سیاسی نییە، بەڵکوو ناڕازییە بەرامبەر بە هەندێ لە سیاسەتەکان و بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی و بوونی دەسەڵات قبووڵ دەکات. هەربۆیە دەکرێ لە ڕووی یاساییەوە لە ڕێگەی دەرکردنی یاسا، دەسەڵات دان بە ئۆپۆزیسیۆنی سیاسیدا بنێت، بەو پێیەی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی بەربەست یا کۆسپە لەبەردەم دەسەڵاتی سیاسی لە ڕێگەی ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات و ڕەخنەگرتن لە چۆنێتی مومارەسەکردنی و، جگە لەوەیش جێگرەوەیەکی ئامادەیە بۆ دەسەڵات.
داننانی یاسایی بە ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی سیستەمە دیموکراتی و نیمچە دیموکراتییەکان. لە ڕوانگەی دەستوریی و یاساییەوە ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی وەک چالاکییەک یا دامەزراوەیەک بە مافێکی هاووڵاتیان دادەنرێ و بەشێکە لەو ئازادییە گشتتیانەی کە دەستوور و یاساکان دانی پێدا دەنێن. هەربۆیە، دەتوانین بڵێین؛ کە ئۆپۆزیسیۆنی (سیاسی – یاسایی) بریتییە لە چالاکییەکی سیاسی دامەزراوەیی ئاشکرا و ئاشتییانە لە لایەن گرووپێکی سیاسی کەمینە (حزبی یا فراکسیۆنێکی پەرلەمانی) بە شێوازی پەرلەمانی یا حزبی بە مەبەستی گوشار خستنەسەر دەسەڵات یا گەیشتن بە دەسەڵات یا پێکهێنانی حکومەت بە پشتبەستن بە دەستوور و یاسا. ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی بریتییە لەو گرووپانەی ئامانجی سیاسییان هەیە و خاوەن چوارچێوەیەکی یاسایی هەمیشەیین و مافی ئەوەیان هەیە، بۆچوونی خۆیان و هەڵویستی پێچەوانەی هەڵوێستی حکومەت بخەنەڕوو و، لە ڕێگەی کاری سیاسییەوە بۆچوونی کرداریی خۆیان دەرببڕن. ئۆپۆزیسیۆنی یاسایی؛ لە ڕووی سیاسییەوە سەربەخۆیە و وابەستەیی سیاسی بە هێز و لایەنە بیانییەکان نییە و، پابەندە بە یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکەی و لە چوارچێوەیەکی یاساییدا چالاکی دەکات، بەڵام لە ڕووی پەسندکردنی سیستەمی سیاسی و دەسەڵاتداران ڕا و بۆچوونی جیاوازی هەیە.
“خەسڵەتە یاساییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی”
مەبەست لە خەسڵەتە یاساییەکان ئەو سیفەتانەیە ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی پێ دەناسرێتەوە، دەتوانین ئەم خەسڵەتانە بەم جۆرەی خوارەوە بخەینە ڕوو؛
١) خەسڵەتی سیاسیبوونی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی؛ بەکارهێنانی جۆریی زاراوەی سیاسەت بە سرووشتی خۆی دەبێتە هۆی جیاکردنەوەی نێوان گۆڕەپانی سیاسی و گۆڕەپانی ناسیاسی کۆمەڵایەتی. بەم پێیە، سیفەتی سیاسیبوون لەسەر هەموو دیاردەکان پیادە ناکرێت، بەڵکوو لەسەر هەموو ئەو شتانە پیادە دەکرێت کە لە گۆڕەپانی سیاسیدا جێیان دەبێتەوە. “د.بورهان غلیون” بۆ جەختکردنەوە لەسەر خەسڵەتی سیاسیبوونی ئۆپۆزیسیۆن دەڵێ کە پەیوەندی ئۆپۆزیسیۆن لەگەڵ سیاسەت پەیوەندی بوونە، واتە ناکرێت وێنای ئۆپۆزیسیۆن بە بێ سیاسەت بکرێت، چونکە “ئۆپۆزیسیۆن” بریتییە لە دەربڕینێکی سادە لە بوونی سیاسەت و هیچ سیاسەتێک نییە بە بێ بوونی ئۆپۆزیسیۆن. هەربۆیە، دەربارەی خەسلەتی سیاسیبوونی ئۆپۆزیسیۆن دەتوانین بڵێین، کە هەر هەوڵ و چالاکییەک کە ئامانجی گەیشتن بە دەسەڵات نەبێت یا خود نەچێتە ناو گۆڕەپانی سیاسییەوە، ئەوا بە ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی دانانرێت.
٢) خەسڵەتی ئاشتیانەی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی؛ خەسڵەتی ئاشتییانەی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی واتە پەیڕەوکردنی ئامرازە ناتووندوتیژەکان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات یا دەربڕینی بە شێوازێکی دەستووریی و یاسایی. شێوازی ئاشتیانە لە سرووشتی ئەو ژینگە سیاسییەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئۆپۆزیسیۆن تێیدا دەژێت، کە ئامرازەکان دەتوانێ بە گوێرەی جیاوازیی ئەو سیستەمە سیاسییەی کە لە وڵاتدا حوکمڕانی دەکات جیاواز بێت، هەروا پشتئەستوورە بە دانپێدانانی یاسایی بە بوونی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی و قبووڵکردنی چالاکییەکانی و پەیڕەوکردنی جۆری ئامرازەکان. پەیڕەوکردنی ئامرازی ئاشتیاینە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات لە لایەن ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی ئامرازێکی شارستانییە بۆ دەربڕینی ویست و ئیرادەی سیاسی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی، کە لە لایەن کۆمەڵگەوە قبووڵکراوە و دەرگە دەکاتەوە بۆ ئەوەی بەشداریی لە پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات یا چاودێرییکردنی بکات. شێوازەکانی ئاشتییانەی بە دەستەوەگرتنی دەسەڵات لە لایەن ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی دەتوانی بەم سێ جۆرە بێت؛ دەستبەسەرداگرتنی تەواوی دەسەڵات، دابەشکردنی دەسەڵات لەنێوان ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی و بژاردەی دەسەڵاتدار و بەشدارییکردن لە دەسەڵات.
٣) خەسلەتی ڕێکخراوبوون یا دامەزراوەیی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی؛ مەبەست لە ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی ڕێکخراو یا دامەزراو ئەوەیە، ئۆپۆزیسیۆن خاوەن ڕێسا و بنەماگەلێک بێت کە بەو پێیە بەڕێوە بچێت و چوارچێوەیەکی کەسی نەبێت. هەربۆیە، دەبێ ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی خاوەن ڕەفتارێکی ڕێکخراو و ڕێکوپێک بێت کە لە ڕێگەی کۆمەڵێک ڕێکاری تەواوکەر جێبەجێ بکرێت. هەروا مەبەست لە ڕێسا دامەزراوەییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی ئەوەیە؛ کۆمەڵێک ڕێسا هەبێت هەتا ئۆپۆزیسیۆن بۆ دروستکردنی بڕیارەکانی پێوەی پابەند بێت، کە دەکرێ ئەم ڕێسایانە نووسراو بێت (وەک پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکان) یا خود نووسراو نەبێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە کە ئەم ڕێسایانە لە کاتی دەرکردنی بڕیارەکان پەیڕەو بکرێن و بەشێک بن لە پەیکەری ڕێکخستن. بەدامەزراوبوونی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی وا دەکات ببێتە بەشێکی زیندوو لە سیستەمی سیاسی و ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە سەقامگیریی سیاسی و دوورکەوتنەوە لە دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی و گرژیی کوێرانە یا هەڵچوونی کاتی. بەدامەزراوبوونی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی دەبێتە هۆی جیاکردنەوەی لە حاڵەتەکانی ئاژاوە و گێرەشێوێنی.
٤) خەسڵەتی ئاشکرابوونی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی؛ مەبەست لە ئاشکرابوونی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی، ئاشکرابوونی قەوارەی سیاسی و ئاشکرابوونی چالاکییەکانێتی، ئەمەیش پەیوەستە بە هەندێ چەمکی وەک دیموکراسی و ئازادی و یاسا. دیموکراسی بە گشتی دەرفەتێکی ئازادانە دەڕەخسێنێ بۆ بوونی قەوارەیەکی ئۆپۆزیسیۆن (چ مەدەنی بێت یا سیاسی) لەسەر بنەمای قبووڵکردنی فرەیی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات. دیموکراسی دەبێتە هۆی ئاشکرابوونی ململانی سیاسییەکان بە بێ ئەوەی بە شاراوەیی بمێنێتەوە و واتایەکی ڕاستەقینە بە ململانێی سیاسی دەدات. لە سیستەمێکی نادیموکراتی کە ڕێگە بە بوونی ئۆپۆزیسیۆن نادرێت، ئەوا ململانێکان شێوازی نهێنی بە خۆیانەوە دەگرن.
دەربارەی پەیوەندیی نێوان ئاشکرابوون و ئازادی، ئەوا لە گەوهەری ئازادییەوە سەرچاوە دەگرێت و ئازادی لە بنەڕەتدا پەیوەستە بە ئیرادەی مرۆڤی ئازادەوە لە ڕووی هەلبژاردن یا هەڵنەبژاردنی کردارەکان. بەڵام ئەم ئازادییە سنووردارە بە ڕێسا و چوارچێوە کۆمەڵایەتی و یاساییەکان. سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان ئاشکرابوون و یاسا، هەر وەک دەزانین “یاسا” بریتییە لە کۆمەڵێک ڕێسای ڕەفتاریی کە ژیانی تاکەکانی ناو کۆمەڵگە ڕێکدەخات و ئەم ڕێسایانەیش گشتی و مولزەم و پەتین. جگە لەمەیش، هەندێ لە زانایانی یاسایی لەو باوەڕەدان، یاسا گرنگی بە خواست و پاڵنەرە شاراوەکان نادات، بەڵکوو گرنگی بە کردارە دەرەکییەکان دەدات، هەربۆیە یاسا ئەوە دەسەپینێ کە ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی ئاشکرا بێت و، ئەنجامی ئەم تێڕوانینەش ئەوەیە کە هەر شتێک لە دەرەوەی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی ئاشکرا بێت وەک خەباتی نهێنی بە تایبەت لە سیستەمە دیکتاتۆرییەکان، ئەوا لەژێر ناوی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی پۆلێن ناکرێت.
“جۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی”
سەبارەت بە جۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی، بەسەر دوو جۆری فەرمی و نافەرمی دابەش دەبێت، لە خوارەوە باسیان لێوە دەکەین؛
١) ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی فەرمی؛ مەبەست ئەو ئۆپۆزیسیۆنەیە، یاسا دان بە کار و چالاکییەکانیدا دەنێت، هەربۆیە دەبێتە کەسێکی یاسایی ئیعتباریی کە خاوەن ماف و پابەندییە. ئەم یاسایەیش دەتوانێت یاسای ناوخۆیی یا دەستوور بێت. یاسا لێرەدا مەرجەعی سەرەکییە بۆ پێدانی سیفەتی ڕەوایی بە ئۆپۆزیسیۆن و چالاکییەکانی، بە جۆرێک کە دەبێ هەموو کردارەکانی لەگەڵ یاسادا بگونجێت. ڕێکخستنی یاسایی ئۆپۆزیسیۆن واتە ڕێکخستنی ئۆپۆزیسیۆن وەک دیاردەیەکی سیاسی و پێدانی کەسایەتی یاسایی و گواستنەوەی لە جیهانی سیاسەتەوە بۆ جیهانی یاسا. داننانی فەرمی بە ئۆپۆزیسیۆن یەکێکە لە پێداویستییەکانی هەر کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی، کە تێیدا ڕێز لە مافی مرۆڤ و ئازادییەکانی دەگیرێت.
٢) ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی نافەرمی؛ ئەمەشیان بریتییە لە دیاردەیەکی سیاسی دژ بە دەسەڵات و لە دەرەوەی ڕێکخستنی یاسای ناوخۆییە، هەربۆیە بوونی ئەم دیاردەیە سیاسییە نەک یاسایی، واتە یاسای ناوخۆیی دانی پێدانانێت وەک ئەوەی لە ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی فەرمیدا دەبینرێت. داننەنان بە ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی لەم حاڵەتە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی هیچ دەقێکی دەستووریی یا یاسایەک کە مافی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی ڕێکبخات، یا خود لەوانەیە یاسا یا دەقی دەستووری هەبێت، بەڵام بەو جۆرە ڕێکنەخراوە کە واتای داننان بێت بە ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی یاخود سرووشتی مافی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی لەگەڵ ئەم یاسا یا دەقەدا ناگونجێت. جیاوازی سەرەکی لە نێوان ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی فەرمی یا نافەرمی بریتییە لە ڕێکخستن یا ڕێکنەخستنی لە یاسای ناوخۆیی وڵاتد.
“شێوازەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی لە سیستەمە دیموکراتییەکان”
شێوازەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی لە سیستەمە دیموکراتییەکان بۆ سەر دوو جۆر دابەش دەبێت، بریتین لە ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی پەرلەمانی و ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی حزبی.
١) ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی پەرلەمانی؛ یەکیکە لە جۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی کە ئامانجی پێکهێنانی حکومەت یا حکومەتی سێبەر یا حکومەتی چاوەڕوانییە. ئەم زاراوەیە لە یاسای دەستووری و زانستە سیاسییەکان بە کار دێت و مەبەست ئەو حزب و گرووپە سیاسیانەیە هەوڵی گەیشتنە دەسەڵات دەدەن و لە چوارچێوەی یاسا و دامەزراوە دەستوورییەکاندا کار دەکەن. لە بهریتانیا، یاساکاریی (تشریع) فەرمی لە دەوڵەت ڕێگە دەدات کە ئۆپۆزیسیۆن بە ئازادیی تەواو چالاکی بکات. هەروا لە بەندی (١٦/ئا) لە دەستووری هەرێمی باڤاریای “ئاڵمانیا” بەمجۆرە ئاماژە بەم جۆرە لە ئۆپۆزیسیۆن دەکات، “ئۆپۆزیسیۆنی پەرلەمانی بەشێکی سەرەکییە لە دیموکراسی پەرلەمانی”. لە ڕاستیدا پەرلەمان ڕۆڵ بە هەموو هێزە سیاسییە ڕکابەرەکان دەدات لە چالاکییە سیاسی و یاساییەکانیدا چ لە حوکمدا بن و چ ئۆپۆزیسیۆن بن، ئەمەیش لە ڕیگەی دیاریکردنی پەیوەندیی لە نێوان زۆرینە وکەمینە کە یەکەمیان لە دەسەڵاتە و ئەویتریان مافی بە ئۆپۆزیسیۆنبوونی هەیە.
لە هەرێمی کوردستانیش هەرچەندە هەتا ئێستا دەستوورمان نییە، بەڵام لە لە ماددەی (١٠١)ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان ساڵی ٢٠١٨ ئاماژە بە بە ئۆپۆزیسیۆنی پەرلەمانی کراوە و دەڵێت، “ئەو فراکسیۆنە پەرلەمانییانە دەگرێتەوە، کە بەشداری پێکهێنانی کابینەی حکومەتیان نەکردووە، یان لێی دەکشێنەوە و ئازادیی کاری پەرلەمانی و ئۆپۆزیسیۆنییان بۆ دەستەبەر دەکرێت”. هەرچەندە سەبارەت بە پێناسەی ئۆپۆزیسیۆنی پەرلەمانی پێناسەی زۆر خراوەتەڕوو، بەڵام دەتوانین لە سادەترین پێناسەدا بڵێین؛ بریتییە لە چالاکییەکی سیاسی دامەزراوەیی ئاشتیانەی ئاشکرا کە مومارەسە دەکرێت لە لایەن گرووپە سیاسییەکان (حزبەکان و فراکسیۆنەکان) لە ناو پەرلەمان بە مەبەستی گوشار خستنەسەر دەسەڵات بۆ هەڵسەنگاندنی ئەرک و کارەکانیان، بە پشتبەستن بە دەستوور و یاسا پەیوەندیدارەکان. ئۆپۆزیسیۆنی پەرلەمانی لە کۆمەڵگە دیموکراتییەکاندا مافێکی دەستووریی و سیاسییان هەیە بۆ کارکردنیان وەک ئۆپۆزیسیۆن و ئەم مافە بە گەرەنتییە دەستوورییەکان پاڵپشتی دەکرێت. (د.ماجد راغب الحلو) لەم بارەیەوە دەڵێت، “پەیوەندی نێوان زۆرینە و ئۆپۆزیسیۆن پێویستە لەسەر بنەمایەکی ڕاست و دروست بێت، کە مەبەستی بەدیهێنانی بەرژەوەندی گشتی لە دەوڵەت و ئاسایش و ئاشتی بێت. حزبی دەسەڵاتدار هەوڵی دوورخستنەوە یا لەباربردنی ئۆپۆزیسیۆن نادات و ئۆپۆزیسیۆنیش ملکەچە بۆ ئیرادەی ڕاگەیەندراوی زۆرینەی دەسەڵاتدار وەک ڕەنگدانەوەی ئیرادەی گەل سەرەڕای جیاوازیی لە بیر و بۆچوونەکانیان”.
٢) ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی حزبی؛ لە ڕووی مێژووییەوە، حزبە سیاسییەکان مێژوویەکی دوورودرێژیان هەیە کە بۆ یۆنانی کۆن دەگەڕێتەوە، بە جۆرێک کە ئەرستۆ باسی لە کۆمەڵە سیاسییەکان کردووە. بەڵام حزبە سیاسییەکان نەیانتوانی شێوازێکی ڕاستەقینە بە خۆیانەوە بگرن هەتا سەرهەڵدانی پەرلەمانەکان و هەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات. هەربۆیە، پەیوەندییەکی تووندوتۆڵ هەیە لەنێوان حزبی سیاسی و دەسەڵاتی سیاسی و ئەم پەیوەندییەیش لە دوو ئاستدایە، یەکەم گەیشتنی حزب بە دەسەڵاتی سیاسی واتە مومارەسەکردنی دەسەڵاتی سیاسی لە لایەن حزبەوە و، دووەم مانەوەی حزبە لە دەرەوەی دەسەڵاتی سیاسی و دامەزراوەکانی وەک ئۆپۆزیسیۆنی سیاسی. لەسەر ئەم بنەمایە ناتوانین وێنای هیچ سیستەمێکی سیاسی دیموکراتی بکەین بە بێ بوونی حزبە سیاسییە جۆراوجۆرەکان، واتە فرە حزبی یەکێکە لە خەسڵەتە سەرەکییەکانی هەر سیستەمێکی دیموکراتی، هەربۆیە حزبە سیاسییەکان کۆمەڵێک ئەرکی گرنگیان هەیە لە ناوەوە و لە دەرەوی دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتدا. لێرەدایە ڕۆڵ و ئەرکی حزبە سیاسییەکان بەسەر دوو جۆردا دابەش دەبێت لە ناو دامەزراوە سیاسییە گشتییەکاندا وەک پەرلەمان و حکومەت و لە دەرەوەی ئەم دامەزراوانە وەک ئۆپۆزیسیۆن.