سەیرە و جێی داخیشە كە دەبینین هەندێک لە پیاوانی دینی و خەڵکانێکی زۆری بە حساب ئیماندار هەمیشە ڕوداوە سرووشتییەكان دەبەستنەوە بە بابەتی دینی و توڕەیی و غەزەبی خوداوە لە مرۆڤەكان و بۆ ئەمەش هەمیشە دەگەڕێنەوە بۆ وتەی هەندێك لە كەسایەتییە ئاینییەكان یاخود دەگەڕێن تا ئایەتێكی قورئان یاخود حەدیسێكی پێغەمبەر (د.خ) بدۆزنەوە و ئینجا دەكەونە دادگایی كردنی قوربانییەكان و دەڵێن ئەمەی ڕویداوە غەزەبی خودایە، بەبێ ئەوەی بزانن كە ئاخۆ ئەو ئایەتە شمولی وەها ڕوداوێك ئەكات یاخود ئایا ئەو حەدیسە سەحیحە یان نا، لایان گرنگ نیە ئەوەی لای ئەوان گرنگە هەمیشە گوناهبار كردن و دادگایی كردنی قوربانیەكانە.
تازە ترین تاوانباركردن و دادگاییكردنیش كە ئەم جۆرە پیاوانەی ئاین و ئەم تایپە لە ئیمانداران كردیان دەڵێن ئەمەی ڕویداوە لەباکورو رۆژئاوای کوردستان غەزەبی خوایە، چونکە خەڵكەکەی گوناه و تاوانیان زۆرە، مرۆڤ نازانێت خەفەت بۆ ئەو جۆرە تێگەیشتنە سەقەتەی ئەوان بخوات کە بۆ خودا هەیانە یان خەفەت بۆ قوربانییە بێ تاوانەکانی بومەلەرزەکە بخوات، باشە ئەگەر ئەوە غەزەبی خودا بێت و خەڵکی ئەو ناوچانە گوناهبارن ئەی بۆچی ئەو غەزەبە بەر ئەستەنبوڵ و شارەکانی سەر دەریا نەکەوت، خۆ ئەگەر گوناه هۆکار بێت هەمو باکوری کوردستان و رۆژئاوای کوردستان هێندەی چوار شەقامی ئەستەنبوڵ و ئیزمیر گوناهی تێداناکرێت، (هەڵبەتە گوناه بە تێگەیشتنی ئەوان )ئەی بۆ بومەلەرزە لە یونان و ئیتالیا و فەرەنسا و مەغریب و روسیاو فلیپین و میسر و دەیان وڵات و شاری دیکە نادات کە رۆژانە ملیۆنەها گوناهی تێدادەکرێت.
بۆیە دەبێت بڵێین ئەوە بۆچونێکی بێ ماناو گوناهێکی گەورەیە بەرانبەر خوداو بەرانبەر ئەو خەڵکە دەکرێت کە بومەلەرزەکە شەهیدی کردن و ماڵوێرانی کردن… من دەڵێم خودا بێ بەریە لەم کارەساتە، بەڵکو ئەمە ڕوداوی سروشتییە و ڕویداوە نەک خودا بەمەبەست ئاراستەی ئەو ناوچانەی کردبێت، خودا لەوە گەورەتر و میهرەبانتر و لێبوردەترە غەزەبی خۆی بەسەر خەڵکی بێ دەسەڵات و ژن و منداڵ و پیردا ببارێنێت، بینینی دیمەنی ئەو منداڵانە ئەو راستیەمان پێ دەڵێت کە هەرگیز خودا ئەوەندە دڵرەق و نامیهرەبان نیە ئەو مندالانە ئاوا لێبکات.
سەدان ناوەندی زانستی و هەزاران زاناو شارەزا بەدرێژایی دەیان ساڵ خەریكی توێژینەوەی زانستی و بەدواداچونی هۆكارە جیولۆجیەكانی بومە لەرزەن و بە ڕێگای زانستی ئەوەیان ئاشكراكردوە كە بومە لەرزە دەرئەنجامی جوڵەی پلێتەكانی زەویە، ئەم جوڵەیەش ساڵانە لە چەندین شوێنی جیاواز و لەسەر ئەو هێڵانە بەگوڕی جیاواز ڕودەدات كە جیۆلۆجی و شارەزایانی ئەو بوارە دیاریان كردوە، ئەوەشیان سەلماندوە كە ئەم جۆرە ڕوداوانە نەك هیچ بە پەیوەندی بە هەڵسوکەوت و رەفتاری ئاینی و ئەخلاقی مرۆڤەكانەوە نیە بەڵكو قسەكردن لەوبارەیەشەوە بە گاڵتەكردن بە عەقڵی مرۆڤ دەزانن كەچی لەم سەردەمی زانست و تەكنەلۆجیاو پێشكەوتن و هۆشیاربونەوەی مرۆڤەدا هێشتاش كۆمەڵێك پیاوی ئاینی و خەلكانی زۆری شوێن كەوتوی قسەی ئەوان بەمەبەست بێت یان نەزانانە ئەم ڕوداوە دەبەستنەوە بەغەزەبی خودا و هۆكاری سەرو سروشتییەوە، بۆیە پێویستە لەئاست ئەم جۆرە تێگەیشتن وقسەكردنەدا هۆشیار و بەهەڵوێست بین و بەتوندی ڕەتی بكەینەوە …