جیهان بەئاسانی ناتوانێت لەقەبارەی ئەو گۆڕانكارییە تێبگات كە كۆرۆنا لەمێژووی مرۆڤایەتیدا دروستی دەكات. مەگەر ئەو كاتەی كە ئامارێكی ورد و تەواوی هەموو قوربانییەكان بكرێت و، ئەو كاتەش دیاری بكرێت كە پەتاكە دەتوانێت ڕەوڕەوەی بەرهەمهێنان لە وڵاتە گەورەكانی پیشەسازیدا بوەستێنێت.
بەمانایەكی تر: تاكو لەوڵاتانی گەورەی پیشەسازیدا ماوەی بەرەوڕووبوونەوەی كۆرۆنا درێژتربێت، قەبارەی ئەو گۆڕانكارییە گەورەتر دەبێت كە كۆرۆنا لەمێژوودا دروستی دەكات.
لەچاوەڕوانی ئەوەشدا، دەبێت لەئیستاوە هەندێ سەرەداو ببینین كە ڕوون بوونەتەوە. بەر لەكۆرۆنا چیرۆكی پەتا كوشندەكان تەنها لەنێو كتێبەكانی مێژوودا، هەروەها لەنێو فیلمەكانی هۆلیۆد دا مابووەوە.
هەروەها چیرۆكی پەتا كوشندەكان لەنێو كتێبەكانی لێكۆڵێنەوەی پزیشكیشدا هەبوو، لەپێناوی توێژینەوەی زانستی و تێگەیشتن لەخێرایی پێشكەوتنی ڤایرۆسەكان، تاكو تێبگەین لەوەی ڤایرۆسەكان بەچ شێوازێك بەرەنگاری ڤاكسینەكان دەبنەوە. بەڵام هیچكام لەو تیۆرانەی هەبوون، سنورەكانی توێژینەوەی زانستییان تێنەدەپەڕاند بەرەو چوارچێوەی فراوانی ئاسایشی نەتەوەیی.
سەرباری ئەوەی كە جیهان لەكۆندا ڕووبەڕووی چەندین جۆری پەتا و تاعون بووەتەوە، كەچی هێزە گەورەكان بەردەوام خۆیان ئامادە دەكرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێزە بەرچاوەكان، ئەوەش وەك جێبەجێكردنی تیۆرەكانی “زاڵبوون” بەهیچ شێوەیەك هەنگاویان نەنا بۆ تەرخانكردنی بودجەی زەبەلاح بۆ قەڵاچۆكردنی دوژمنی نەبینراوی وەك ڤایرۆسەكان.
تاكو ئێستا، وادیارە ئەو پەتایانەی پێشتر لەناو مرۆڤدا بڵاوبوونەتەوە لە كۆڤید-19 مەترسیدارتربوون. وەك ئەنفلوەنزای ئیسپانی كە پتر لە 50 ملیۆن كەسی لە دەیەی دووەمی سەدەی بیستەمدا كوشتووە. دیارە ئەو ژمارەیەش زۆر زیاترە لەژمارەی ئەو كوژراوانەی كەلە جەنگی جیهانی یەكەم كەوتەوە، هەروەها لەژمارەكانی قوربانیانی تاعون لە (1855-1959) كەلە دوانزە ملیۆن كەس تێپەڕی.
سەرباری ئەوەی لەوانەیە قوربانییەكانی كۆڤید -19 لەو بەڵایانەی پێشووتر كەمتر بێت، بەڵام وا دەردەكەوێت ئاسەوارە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكانی ئەم پەتایەی ئیستا، بەهەمان قەبارەی كاریگەرییەكانی پەتاكانی پێشوو، تەنانەت زیاتریش دەبێت، لەبەر چەندین هۆكار، بەتایبەتی هەلومەرجەكانی جیهانگیری كە ئیستا لەجیهاندا بەركارن.
ئەگەرچیزووە بتوانین بەزمانی ژمارە قسە بكەین، بەڵام لەئیستاوە بانگەوازی گرنگ هەیە بۆ ئەوەی “ئاسایشی تەندروستی” بخرێتە سەری سەرەوەی لیستی “ئاسایشی نەتەوەیی” وڵاتانی زلهێزەوە بەهەمان ئاستی تەكنەلۆژیا و ئاسایشی بەرەڤانی.
سیستەمی تەندروستی وڵاتانی پێشكەوتوو سەلماندی كەبەرگەی بڵاوبوونەوەی پەتا ناگرێت.
لەڕاپۆرتێكی “ناوەندی توێژینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی”دا، كەلە مانگی 11/2019 بڵاوكراوەتەوە، باس لەهێنانە پێشەوەی چەمكی “ئاسایشی تەندروستی” دەكرێت. هەروەها داوا كراوە لە ئیدارەی ئەمریكا، تاكو نزیكبوونەوەیەكی نوێ لەقەیرانەكان بەكاربهێنێت، كە سیاسەتی خۆپارێزی لەپەتاكان و خۆڕاگری و نەرمی لەئاقاری پەتاكاندا لەخۆ بگرێت. چونكە تەواوی جوڵەی وڵاتان بەرانبەر كۆرۆنا، تەنها كاردانەوەیە نەك هیچ پلانێكی خۆپارێزی بەهێز.
كۆرۆنا دەتوانێت زۆر شت بگۆڕێت. مێژوو باسی ئەوەمان بۆ دەكات كە پەتاو تاعونەكان توانیویانە زۆر گۆڕانكاری ڕیشەیی لەكۆمەڵگەكاندا بهێننە كایەوە.
ئەو تاعونەی كەبووبەهۆی لەناوبردنی سێیەكی دانیشتوانی ئەورووپا، لەبەرانبەردا بووبەهۆی پێشكەوتنی سێكتەری كشتوكاڵ و هێنانە پێشەوەی ئافرەت بۆ كاركردن، چونكە دەستی كار كەمی كردبوو. هاوكات بوو بەهۆی بەكارهێنانی فراوانی خەڵوزی بەرد وەك سەرچاوەیەكی وزە. ئەوەش دواتر شۆڕشی پیشەسازی لێكەوتەوە.
لەپرسی كۆرۆناشدا، یەكەم ئاستەنگێك كە دێتە بەردەم حكومەتەكان، كاركردنە بۆ ئەوەی پەتاكە دووبارە نەبێتەوە!. بۆیە بەدڵنیاییەوە ئەم كێشەیە دەچێتە نێو ئەجێندای زۆرینەی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن لەجیهاندا. بۆیە حیزبە سیاسییەكان و حكومەتەكان، بەتایبەت لەنێو دیموكراسیەتی ڕۆژئاوادا، وەڵام دەنگدەران بدەنەوە، كەئایا چی دەكەن بۆ دووبارە نەبوونەوەی كۆرۆنا. بۆ بەدەمەوە چوونی ئەو ئاستەنگەش، وڵاتانی دنیا ناچار دەبن ئاڵوگۆڕی گەورە لە پەیكەری بودجەدا بكەن.
وەك چۆن ئەمریكا سودی وەرگرت لە جەنگی جیهانی دووە، تاكو هێزو توانای خۆی پتەو بكات و لەنیوەی دووەمی سەدەی بیستەمدا وەك زلهێزی جیهان دەربكەوێت. ئەو ئامانجەیشی بەدەستهێنا بەهۆی ئەوەی جەنگەكە ڕاستەوخۆ لەسەر خاكی ئەو نەبوو. لەشەڕی دژ بەكۆرۆناشدا هەر دەوڵەتێك یەكەمجار پەتاكە تێپەڕێنێت، دەبێتە زلهێز بۆ زاڵبوون بەسەر جیهاندا.
ئەگەر ئەو هەواڵانەی لە وڵاتی “چین” ەوە دێن، ڕاست ودروست بن، كەواتە ئەو وڵاتە پاڵێوراوە بۆ ئەوەی ببێتە زلهێز و هاوكێشە و هاوپەیمانێتییەكان بگۆڕێت، نەخاسمە ئەگەر شەپۆلی دووەمی پەتاكە نەیگرێتەوە. چین خاوەنی توانای زۆر گەورەو بێ شوماری بەرهەمهێنانە. دەتوانێت فریای ئەو وڵاتانە بكەوێتە كەپێویستییان بەهاوكارییە. هەر ئەوەش وادەكات زۆرینەی هاوپەیمانێتییەكان بگۆڕێن و گروپگەلی ئابووری و سیاسی نوێ بێنە كایەوە.
ئەزمونی مێژوو ئەوەی سەلماندووە كە پەتا گەورەكان توانیویانە زۆرێك لە فیكر و فەلسەفە و ئاین بگۆڕن. چونكە لەڕووی ئاینییەوە زۆرجار وا لێكدراوەتەوە كەپەتاكان سزای خوایین لەدژی خراپەی مرۆڤ. ئەم دیدگایەش “لانی كەم لەڕۆژئاواد” دوو ڕەوتی لێوە پەیدابووە.
ئەو دیدگایە زۆر بەجیدی تاوتوێ كرا، ئاینی خستە بەردەم چەندین قوتابخانەی ڕاڤەكاری كە دواجار شۆڕشی پیشەسازیش پشتیوانی لێكرد.
لەبەرانبەردا ڕەوتێكی تریش پەیدابوون كەتا ئەوپەڕی توندڕەوبوون و پرسیاری جیدی و بێزاركەریان كرد لە ماناكانی “دادپەروەری خودایی”.
بۆیە چاوەڕوان دەكرێت كۆرۆناش، بیرۆكەو ئایدۆلۆژیای نوێ سەبارەت بەئاین و مرۆڤ سەنتەریی و هاریكاری مرۆیی. دیارە ئەوەش پشت ئەستوردەبێت بە كۆمەڵێك باكگراوندی بنەڕەتی كەپێشتر هەبوون، وەك كێشەكانی كەشوهەوا، قەڵاچۆكردنی هەژاریی، نەبوونی خۆراك، كارەساتە سروشتییەكان.
بەهەمان شێوە، پەتا گەورەكان جێپەنجەی خۆیان بەسەر كەلتور و ڕۆشنبیری نەتەوەكانەوە داناوە، لەسەر دەقە ئەدەبییەكان و هونەر و پەیكەر و تابلۆكان خۆیان بەدیار خستوە.
ئەو تاعونەی كەلە سەدەی چواردەدا لەئەورووپا بڵاوبووەتەو، جێپەنجەی خۆی بەڕوونی لەسەر هونەر و ڕۆشنبیری داناوە. مێژوونوسەكان بڕوایان وایە، سەردەمی ڕینیسانس كاردانەوەی ڕأستەوخۆی سەردەمەكانی تاریكییە. ئەمڕۆش، لێكەوتەی ڕاستەوخۆی ئەم پەتایە، لەئیستاوە لەنێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەركەوتووە، لەشێوەی: تەنز، گرافیك، ڤیدیۆی كورت، نوسینی كورت و بیروڕای سیاسی جیاواز… ئەمەش سەرەتای گۆڕانكارییەكەیە.
ژێدەر: ئیلاف.